Skip to Content

سەباح ڕەنجدەر، شاعیری تێڕامانەکان … ئارام سدیق

سەباح ڕەنجدەر، شاعیری تێڕامانەکان … ئارام سدیق

Closed
by ئاب 16, 2020 General, Literature

مانگی پێشوو نوێترین کتێبی یەکێک لە ڕۆشنبیر و چالاکوانەکانم خوێندنەوە، کە باسی لە “جیاوازبوون و ناوازەیی خۆی دەکرد لەنێو عادییەکاندا”. لە دواتردا باسی یاخیبوون و سەرکەشییەکانی خۆی دەکرد و دەیان شتی دیکەش کە بە شان و باڵی خۆیدا هەڵی دەدا، بەڵام هیچ کام لەو شتانەی ئەو باسی دەکرد لە خۆیدا مەوجود نەبوو. من ئەو ڕۆشنبیر و چالاکوانە زیاتر لە بیست ساڵە دەناسم و لانی کەم دە کتێبیم خوێندووەتەوە. ئەوەی ئەو باسی دەکرد هیچی لەودا بەدی ناکرێت (هەڵبەت بەداخەوە). بەئەزموون ئەوە سەلماوە هەر کەسێک بەشانوباڵی خۆیدا هەڵیدا ئەوە حەتمەن کێشەیەک هەیە و خۆی دڵنیایە، کە وا نییە بۆیە مەدحی خۆی و کارەکانی دەکات. نووسەران و داهێنەران و ڕۆشنبیرانی ڕاستەقینە هەرگیز باسی جیاوازبوون و ناوازەیی و یاخیبوونەکانیان ناکەن. زۆرجار شەرم دەکەن، کە ئەم گوزارشتانەیان ڕووبەڕوو دەکرێتەوە. چونکە ئەوان کە یاخین بە بڕواوە یاخین، نەک بۆ نمایش.
نووسەرانی لە چەشنی ” فیۆدۆ دۆستۆیڤسکی، ئارسەر ڕامبۆ، چارلز بۆدلێر، ئەلبێرت کامۆ، جان پۆڵ سارتەر، مارکیز دی ساد، ئەلین گیزنبێرگ، چالز بۆکۆفسکی، ئۆرهان پامووک…” و چەندانی دیکە لە چەشنی ئەو نووسەرە داهێنەر و ناوازانەن کە هەرگیز بە شان و باڵی خۆیانیان هەڵنەداوە.

ناوازەیی هەمیشە باجی هەیە، جیاوازنووسین و خۆجیاکردنەوە لەو لێشاوەی بەناوی شیعر و نووسینەوە دەنووسرێن کارێکی ئاسان نییە، یاخیبوون لە دیدی باو، قوربانی دەوێت و ئەم قوربانییەش بە هەموو کەس نادرێ. یەکێک لەو شاعیرانەی کە بە هێمنی دوور لە بانگەشە دەیەوێت ناوازە بێت و جیاواز بنووسێت، “سەباح ڕەنجدەر”ە ئەم شاعیرە زیاتر لە 30 ساڵە بە پشوودرێژییەکی زۆرەوە دەنووسێت و هەوڵی جیاکاری و جیاوازنووسی و جیاکردنەوەی هێڵی کارکردنی خۆی لەنێو پانتایی شیعریی کوردییدا داوە. ئەو وەکو ڕۆشنبیر و چالاکوانەکەی سەرەوە بانگەشەی ناوازەیی ناکات، بەڵام کاتێک خوێنەر بەر تێکستەکانی دەکەوێت، هەست بەو ناوازەیی جیاوازنووسینە دەکات.
ئەزموونی سەباح ڕەنجدەر لەو ئەزموونە شیعریانەیە، کە تا هەنووکەش خوێنەرگەلێکی کەم هەم تێی دەگەن و هەم چێژی دەکەن. ئەمەش پەیوەندی بە تایبەتمەندی دونیاکەی ڕەنجدەرەوە هەیە. دونیایەک کە زیاتر لە 30 ساڵە ئەم شاعیرە کاری تێدا دەکات. بەڵام لە هەر کارکردنێکدا بە وشیارییەوە هەنگاوەکانی ناوە. هۆکاری تێنەگەیشتن و چێژنەکردنی دونیای ئەم شاعیرە لای بەشێک لە خوێنەران پەیوەستە بەوەی کە تێگەیشتن لە شیعری ئەم شاعیرە پێویستی بە باکگراوندێکی ڕۆشنبیریی گشتی هەیە، بەتایبەت شیعری ئەم شاعیرە خوێنەرگەلێک دەخوازێت کە نهێنیدۆز و کەشفکەر بێت. شیعرەکانی ئەم شاعیرە خوێنەری چالاکی دەوێت، نەک خوێنەرگەلێک کە خولیای شیعریی ڕۆژانەیی بن، چونکە شیعریی ئەم شاعیرە دژی ڕۆژانەییبوونە.

سەرەتا وشە بوو، نوێترین دیوانە شیعری ئەم شاعیرەیە، دیوانێک هەر لە ناونیشانەکەیەوە کۆدێک بە خوێنەر دەدات، ئەگەر لەو کۆدە تێنەگەیت ڕەنگە نەگەیتە قووڵایی تێکستەکە، یان بەر زۆرێک لە پەنهانییەکانی ئەم تێکستانەی لەم کتێبەدا نەکەویت. “سەرەتا وشە بوو” جیا لەو ڕیشە میتۆلۆژییەی ئەم گوزارەیە هەیەتى لەم کتێبەدا مانایەکی دیکە وەردەگرێت، ئەویش وشەسەنتەرییە. من لە بەشێکی زۆری ئەم دەقانەدا هەستم بە وشەسەنتەری کرد، بە جۆرێک وشە بەهایەکی زۆری هەیە و هیچ وشەیەک زیادە نییە لەنێو هیچ کام لەم تێکستانەدا، بە دیوێکی دیکەدا وشەیەک و هاوسێکانی پێکەوە وێنەیەک، یان مانایەک، فیکرەیەک دەگەیەننە خوێنەر. ئەگەرچی لە هەندێک جێگەدا وشە تەنها کۆدە، بەڵام لە زۆرجێگەی ئەم کتێبەدا وشەیەک لەگەڵ هاوسێکانیدا لە پەیوەندییەکی زۆرجار ژێرەوانکێدایە و هەندێکجاریش ئاشکرادایە.

ڕۆحی شیعریی ئەم شاعیرە، پڕە لە ناوازەیی و جیاوازبوون و یاخیگەریی، یاخیبوون لە نێو خودی ژیاندا و هەڵهاتن لە کۆت و بەندی فاریزە و نوقتە و هەموو سنوورێکی دیکەی ڕێزمانی. هەر خودی ئەم ناوازەبوونەشە بووەتە هۆی ئەوەی تا هەنووکە وەکو پێویست ئەزموونەکەی نەخوێنراوەتەوە، بەشی هەرە زۆری ئەوەشی لەسەر ئەزموونی ئەم شاعیرە نووسراوە، کەمتر کەشفکاریی و قووڵبوونەوە بووە بەنێو ئەزموونەکەدا، زۆرجار سووڕانەوە بووە بەدەوری ئەزموونەکەدا، نەک کەشفکردنی ئەو دونیایەی ڕەنجدەر بونیادی دەنێت. ڕەنگە زیادەڕەوی نەبێت، کە بە ڕەنجدەر بڵێین شاعیری وردبوونەوە و قووڵبوونەوە لە ژیان، بەڵام ئەو بەشەی ژیان کە هەموان چاوی بینینیان نییە بۆی. ڕەنجدەر بە دیوێکی دیکەدا شاعیریی تێڕامانەکانە لە چەمکەکانی جوانی، مردن، بوون، خەون و دەیان چەمکی دیکە. سنووری کار و تێڕامان و بیرکردنەوەی ئەم شاعیرە لەو جێگایانەدایە کە ئەوانی دیکە توانای بینین و هەستپێکردنیان نییە. ئەم کتێبە نوێیەش “سەرەتا وشە بوو” نموونەیەکی نوێی ئەزموونی ئەم شاعیرەیە، کە بە دیار وشەوە دەسووتێت و وەکو قەقنەس لە خۆڵەمێشی شیعرەوە جارێکی دیکە لە دایکدەبێتەوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish