Skip to Content

تێڕوانینی ئیبن روشد لەبارەی پەیوەندی نێوان ئایینی ئیسلام و فەلسەفە … ئەردەڵان عەبدوڵڵا

تێڕوانینی ئیبن روشد لەبارەی پەیوەندی نێوان ئایینی ئیسلام و فەلسەفە … ئەردەڵان عەبدوڵڵا

Closed
by ئاب 20, 2020 General, Opinion, Slider


هەمیشە لە نێوان ئایین و فەلسەفەدا جۆرێک لە ناکۆکی و دژ بە یەکییەک هەبووە، لەوەتی فەلسەفەش دروستبووە، نیقاشێکی گەورە لە نێوان فەیلەسووفان و زانایانی ئایینی بەرپا بووە. ئایا هەق بەلای فەلسەفەوەیە یان بە لای ئایینەوە هەیە. مەسەلەی تێگەیشتنی راستی و هەقیقەت و کێ لەسەر هەقە، هەتاوەکو ئێستاش بەردەوامە. هەرچەندە ئەم نیقاشە لە سەرەتادا لە نێوان فەیلەسووفان و ئاینەکانی جولەکە و مەسیحی بەرپا بوو، دواتریش بە بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام، ئەم نیقاشە رۆژهەڵاتیشێ گرتەوە.
لە ماوەی پێشوودا چاوم بە کتێبی ” فەسلول مەقال” فەیلەسووفی ئیسلامی ئیبن روشد کەوت، کە لەلایەن کاک مەریوان عەبدول کراوەتە کوردی. ئەم کتێبە یەکێکە لە کتێبە باشەکانی ئیبن روشد. ئەم کتێبە باسی بۆچوونی ئیبن روشد و کۆمەڵێک فەیلەسووفی ئیسلامی تر دەکات لەبارەی ئەم مەسەلەیەوە.
لە هەمانکاتیشدا بەشێکی زۆری کتێبەکە خۆی بۆ ئەم پرسە تەرخانکردووەو وەڵامدانەوەی ئەوانەی کە دژی فەلسەفە دەوەستنەوە لە پێش هەمووشیانەوە ئیمام غەزالی. لەهەمانکاتیشدا باس لە گرنگی فەلسەفەشمان بۆ دەکات.

پەیوەندی ئایین و فەلسەفە
وەکو پێشتریش ئاماژەم پێکردوو لەگەڵ سەرهەڵدانی ئایینە ئاسمانییەکان، کێشە دەکەوێتە نێوان فەیلەسووفان و زانایانی ئایینەوە. بەڵام دواتر هەندێک فەیلەسووفی ئایینی جولەکە ومەسیحی هەوڵ دەدەن، ئەم جەنگە خاوبکەنەوە.
وەکو کاک مەریوان عەبدولیش دەڵێت: هەرکات فەلسەفە هەبووبێت و بیرکردنەوەی فەلسەفیش لەناو خەڵکیدا جێگەی بایەخ بووبێت، ئەم پرسە هاتۆتە ئاراوە،چونکە هەریەک لە لایەنگرانی فەلسەفەو ئایین پێیان وایە ئەوی تریان دژیەتی، یان هەوڵی گونجاندنیان داوە لە نێوانیاندا و پێیان وابووە کە دوو رێگان بە شێوازی جیاواز بۆ گەیشتن بە هەقیقەت ،ل17

“فیلونی ئەسکنەدەرانی ، کە لە ساڵی 50 زایینی کۆچی دواییکردووە” ئەم فەیلەسووفە جولەکەیە هەوڵیداوە شەریعەتی موسا بە شێوازێکی عەقڵی تەئویل بکات. پاش ئەمیش کۆمەڵێک فەیلەسووفی مەسیحی هەوڵیانداوە کە ئایینی مەسیحی و فەلەسەفە پێکەوە گرێ بددەن لەوانە “کلیمینتس و ئۆگستین ” کە پێشەنگی فەیلەسووفانی مەسیحی بوون، دەیانویست مەسیحیەت و فەلسەفە بە یەکەوە گرێ بددەن. لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەشدا لە رۆما، کۆمەڵێک قەشەی مەسیحی هەوڵیان دەدا پەیوەندی فەلسەفە و مەسیحی کاتۆلیکی باشبکەن و بەتەواوکەری یەکتریان دادەنا، هەرچەندە لەم هەوڵەیان سەرکەوتوو نەبوون.
هەرچەندە فەیلەسووفە ماتریالیستەکان زۆر دژی ئەوە بوون کە ئایین و فەلسەفە تەواوکەری یەکتر بن، بەڵکە بە دوژمنی یەکتریان دادەنا. لەمەدا وتە بەناوبانگەکەی مارکس کە دەڵێت” ئایین تلیاکی گەلانە”، لووتکەی دژایەتی فەلسەفە و ئایین رادەگەیەنێت.

ئایینی ئیسلام و فەلسەفە
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلامیش، مەسەلەی پەیوەندی نێوان ئایین و فەلسەفە هاتە ئاراوە، هەندێک زانا و بیرمەندی ئیسلامی هەڵوێستی زۆر توند و خراپیان بەرامبە بە فەلسەفە هەبووە لەوانە ” غەزالی” کە زۆر دژی فەلسەفە بووە، لە بەرامبەر ئەم بۆچوونە توندەی غەزالی کۆمەڵێک فەیلەسوفی ئیسلامی پەیدا بوون، کە پێیان وابووە ئایینی ئیسلام و فەلسفە تەواوکەری یەکترین و دوژمنی یەکتری نین لەوانە” کیندی، فارابی، سجستانی،ئیبن نوفڵ، ئیبن روشد”

بۆچوونی فەیلەسووفانی ئیسلام
یەکەمین فەیلەسووفی ئیسلامی کیندی بووە کە باسی ئەم بابەتەی کردووەو کتێبێکی بەناوی ” لە بارەی فەلسەفەی یەکەمینەوە” نووسیوەو پاشانیش ناردوویەتی بۆ خەلیقە ” موعتەسەم بالله” کیندی لەم کتێبەیدا بەڵگە دەهێنێتەوە بۆ ڕەوایەتی کاری فەلسەفاندن و بە کارێکی راست و تەباو گونجاوی دادەنێت لەگەڵ ئاییندا. لەمبارەیەوە دەڵێت: مەبەستی فەیلەسووف لە زانستەکەیدا پێکانی هەقە، لە کارکردنیشیدا کارکردنە بە “هەق”. کیندی پێشی وایە کە کە فەلسەفە لەگەڵ ئەوەی پێغەمبەران هێناویانە هیچ جیاوازییەکی نییە.
هەروەها فەیلەسووفێکی تری ئیسلامی فارابییە، کە ئەویش هەوڵیداوە گونجاندنێک لە نێوان ئیسلام و فەلسەفەدا بکات، ئەو لە کتێبی ” کتاب الملة” هەوڵیداوە کە گونجاندن و نزیکی نێوان فەلسەفە و ئایین بددات. لەمبارەیەوە دەڵێت : ئایین و فەلسەفە لەیەک دەچن و شەریعەتە چاکەکان لەلایەن فەلسەفەوە پشتگیری دەکرێن و بەڵگەیان بۆ دەهێنرێتەوە.
ئیبن نوفلیش لە کتێبی ” حی بن یقظان” کە چیرۆکێکی فەلسەفەییە، دەیەوێت ئەوەمان پێ بڵێت کە هیج لێکدژیی و جیاوازیی لە نێوان ئایینی ئیسلام و فەلسەفەدا نییە و بگرە ئەو پێی وایە کە ئایین و فەلسەفە هەردووکیان رێگەی بەرەو هەقیقەت چوونن. واتە دژی یەکتر نین.

غەزالیی و فەلسەفە
یەکێک لە زانا و بیرمەندە ناسراوەکانی ئایینی ئیسلام ئیمام ئەبو حامیدی غەزالییە ، کە زۆر دژی فەلسەفە بووە، ئەمەش لە کتێبی ” تهافت الفلاسفة” بە جوانی دەریخستووە. غەزالی پێی وابووە فەلسەفە و ئایین نەک لەگەڵ یەکتری ناگونجێن بگرە دژی یەکتریشن و فەلسەفەی بە دوژمنی ئایین داناوە. هەر لەناوی کتێبەکەشیەوە دیارە، چەندە ڕقی لە فەلسەفە بووە. جێگەی ئاماژەیە ئەم بۆچوونەی غەزالیش، هەتاوەکو ئەمڕۆ لەناو ئیسلامییە توندڕەوەکاندا زۆر باوە.
ئیبن روشد و فەلسەفە
لە ماوەی پێشوودا لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی ” العربیة” موراد وەهبە فەیلەسووف و بیرەمەندی ناسراوی میسری وتی : ئیبن روشد کاریگەری گەورەی بەسەر فکری ئەوروپاوە هەبووە، بەتایبەتی لە رووی فکری جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت و ئازادی تاکە کەسیەوە. ئەم قسەیەش بەلای منەوە سەیر بوو، بەڵام کاتێک سەیری بەرهەمەکانی ئەم کەڵە فەیلەسووفە دەکەین، ئەوجا لە گرنگی فکری تێدەگەیەن.
ئیبن روشد یەکێکە لە فەیلەسووفە ناودارو گرنگەکانی جیهانی ئیسلامی، لە ساڵی 520 کۆچی لە شاری قوورتوبە لە باشووری ئیسپانیا لە دایک بووەو لە ساڵی 575 کۆچیی دوایی کردووە. ئەو جگە لەوەی زانایایەکی ئایینی بووە خۆشی بە فکرو فەلسەفەی یۆنان و زانستی فەلەکناسیی و پزیشکیشەوە خەریک کردووە. هەروەها لە پاش خۆی کۆمەڵێک کتێبی گرنگی فکریی و زانستی بەجێهێشتووە گرنگترینیان : ( فصل المقال، تهافت التهافت، الکشف عن مناهج الادلة) هەروەها کتیبی ” الکلیات” لە بواری زانستی پزیشکیدا، کە یەکێکە لە کتێبە گرنگەکانی بواری پزیشیکی.
یەکێکیش لە کتێبە بەناوبانگەکانی ” فصل المقال” ، کە تێیدا پرسی پەیوەندی فەلسەفە و ئایین و وەڵامدانەوەی ئیمام غەزالییە. ئەم کتێبە لە رووی فکریی و فەلسەفییەوە گرنگی زۆری هەیە. خۆشبەختانە لەلایەن وەرگێڕای هێژامان کاک مەریوان عەبدول کراوەتە کوردیی. لەم کتێبەدا ئیبن روشد هەوڵیداوە وەڵامی ئەو پرسیارە گرنگە بداتەوە کە ئایا فەلسەفە و ئایین دژ بە یەکن یان تەواوکەرتی یەکترین؟ هەروەها وەڵامی بۆچوونەکانی ئیمام غەزالی داوەتەوە، کە دژی فەلسەفە بووە، دیارە ئەمەش بە پشتبەستن بە ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز و وتەکانی پێغەمبەر.
هەموو پێغەمبەرێک فەیلەسووفە، بەڵام هەموو فەیلەسووفێک پێغەمبەر نییە
یەکێک لە وتە بەناوبانگەکانی ئیبن روشد ئەمەی سەرەوەیە، ئەو پێی وایە کە فەلسفە و ئایین پەیوەندییەکی ئێجگار مەتین و بەهێزیان هەیە. ئیبن روشد پێی وایە کە هەموو شەریعەتێک بە سروشە ” وحی” بەڵام عەقڵ تێکەڵی دەبێت و فەلسەفە دەبێتە یارمەتدەری ئایین، خۆ ئەگەر ئاینێک دوور لە سروش و تەنها بە فەلسەفە دابمەزرێت ئەوا کەموکورت دەبێت. ل 23

ئایا فەلسەفە دژی ئایینە؟
ئیبن روشد لە تەواوی ئەم کتێبە و کتێبەکانی تریشیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ کاتێک فەلسەفە دژی ئایین نییە، زۆرجار ئەو کەسانەی کە خەریکی فەلسەفەن بە کەسانی کافرو مولحید تاوانبار دەکرێن، بەڵام ئین روشد پێی وایە ئەوە فەلسەفە نییە ئەو کەسانەی لە رێگە لاداوە ، بەڵکو هۆکاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ خودی ئەو کەسانە خۆیان، جا بەهۆی بیرتەسکی خۆیانەوە بێت یان خراپ تێگەیشتنیان لێی بەهۆی نەبوونی مامۆستاوە.
دواتریش دەڵێت: شتێک کە لە خودی خۆیدا سوودبەخش بێت، نابێت وازی لێبهێنرێت لەبەر زیانێک کە بەهۆیەکی دەرەکی لێیکەوتووە..ل 27
پاشتر دەڵێت:
ئەو کەسەی کە رێگری دەکات لە تێڕوانین لە کتێبەکانی فەلسەفە لەو کەسانەی کە شایەنی ئەوەن، وەکو ئەو کەسەیە کە رێگری دەکات لە کەسێکی تینوو لە خواردنەوەی ئاوی ساردی سازگار تا دەمرێت لە تینوێتیدا، ئەمەش لەبەرئەوەی خەڵکانێک پێی خنکاون یان مردوون، لە راستیدا مردن بە ئاو شتێکی لاوەکییە، بەڵام مردن لە تینوێتیدا شتێکی خودیی و زەروورییە. ل 44

سێ جۆر خەڵک
ئیبن روشد پێی وایە خەڵکی لە بەرامبەر ئاییندا یەک جۆر نین و ئایینی ئیسلامیش کە ئاینێکی خوداییە ئاڕاستەی هەموو جۆرە خەڵکێک کراوەو هەریەکەیان بەپێی ئاستی تێگەیشتنی خۆی لە ئاین تێدەگات. دواتریش دەڵێت خەڵکی لە سێ ئاستدان : 1. گوتارییەکان. 2. مشتومڕییەکان. 3 بورهانییەکان.
1/گووتارییەکان ئەوانەن تەنها بە ڕیگەی گوتار و ئامۆژگاری باوەڕ دەهێنن، ئەمانەش خەڵکی گشتیی و ئاسایین.
2/ مشتومڕییەکان، ئەمانە ئاستیان بەرزترە لە خەڵکی ئاسایی و گشتیی و گوتارییەکان، ئەمانیش بە مشتومڕ باوەڕ دەهێنن.
3/ بەڵام بورهانییەکان ئەو کەسانەنە کە بە فەلسەفە و بەڵگەی عەقڵیی و تێڕوانینی حەقڵی و بورهان باوەڕ دەهێنن. ل28
ئیبن روشد بۆ ئەم بۆچوونەشی پشت بە ئایەتێکی قورئان دەبەستێت کە دەڵێت: ادع الی سبیل ربک بالحکمة و الموعظة الحسنة و جادلهم بالتي هي احسن، سورەتی النحل. ئایەتی 125 ” ئیبن روشد ئەم ئایەتە دەکاتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ بۆچوونەکانیی و بەکارهێنانی فەلسەفە بەتایبەتی دوایین وتەی خودا کە دەڵێت” موجادەلەیان بکە بە باشترین شێوە، و جادلهم بالتي هي احسن”
شەریعەت و فەلسەفە
بەشێکی تری کتێبەکەی ئیبن روشد تەرخانکراوە بۆ پەیوەندی نێوان شەریعەتی ئیسلام و فەلسەفە. ئەو دەڵێت: ئەگەر ئەم شەریعەت هەق بێت و بانگخوازبێت بۆ تێڕوانین بۆ ناسینی هەق، ئەوا ئێمە گروهی موسڵمانان بە تەواوەتی ئەوە دەزانین کە فەلسەفە نابێتە هۆی سەرپێچی ئەوەی لە شەرعدا هاتووە. لە راستیدا هەق لێکدژ نییە لەگەڵ هەقدا، بەڵکو تەبایە لەگەڵیدا و شایەتی بۆ دەدات..ل 45

ئامانجی شەریعەت
ئیبن روشد وەک زانایەکی ئایینی کە لەناو زانستی ئاییندا قووڵ بۆتەوە بەتایبەتی شەریعەتی ئیسلامی، باسی ئامانجی شەریعەتمان بۆ دەکات و دەڵێت:
پێویستە بزانین مەبەستی شەریعەت بریتییە لە فێرکردنی زانستی هەق و کارکردن بە هەق ، زانستی هەقیش بریتییە لە ناسینی خودای بەرز و باڵا و سەرجەم هەبووەکان بەو شێوەیەی کە هەیە، بەتایبەتی ناسینی بەختەوەریی دوارۆژو بەدبەختی دواڕۆژ. ل 75
پەیوەندی زانست و ئایین
لە مێژوودا زۆرجار بەشێکی زۆری زانایانی ئایینی دژی زانست و پێشكەوتنی زانستی وەستاونەتەوەو هەندێکیشیان بۆچوونی توندڕەوانەیان لە دژی زانا و زانست دەربڕیوەو فەتوای کوشتنیان دەرکردووە. لێ ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئیبن روشد دژی هەموو ئەو بۆچوونە توندڕەوانە دەوەستێتەوە کە پێیان وایە زانست و ئایین دژی یەکن بەڵکە بەپێچەوانەوە ئەو وەکو تەواوکەری یەکتری دادەنێت. لەمبارەیەوە ئیبن روشد لە کتێبەکەیدا وتارێکی بەناوی “چۆنێتی گونجاندن لە نێوان حیکمەت و شەریعەتدا” نووسیوە. لەم وتارەیدا بە ووردی باسی ئەو پەیوەندییە قووڵەی نێوان ئایین و زانست یان وەکو خۆی دەڵێت حیکمەت دەکات و دەڵێت:
حیکمەت هاورێی شەریعەت و خوشکی شیرینییەتی. هەردووکیان ” حیکمەت و ئایین” بە مرۆک هاورێی یەکترن و بە کرۆک و رەمەک ” غەریزە” یەکتریان خۆش دەوێت. ل ٩٢

قووربانی دەستی توندڕەویی ئایینی
هەمیشە کەسە رووناکبیرەکانی لە جیهاندا بوونەتە قووربانی دەستی کەسانی دەبەنگ و توندڕەو، ئەو کەسانەی کە زیرەک و بە توانان هەمیشە کۆمەڵێک دوژمنی زۆری بۆ پەیدا دەبێت، بەتایبەتی کەسانی دەبەنگ ، ئەوانە ڕقی شەخسیان لە کەسە زیرەکەکان، دەبێتە ئاگرێکی گەورە لە ناخیاندا و دەبێتە هاندەرێکی باش تاوەکو بە بیانووی پارێزگاریکردن لە ئایین یان نیشتمان، پەلاماری خەڵکی زیرەک وبەتوانا بددەن.
ئیبن روشد کە یەکێکە لە فەیلەسووفە مەزنەکانی رۆژهەڵات و تەواوی رۆژئاوا پێی سەرسامە، کەچی ئەم زانا مەزنە دەبێتە نێچیرێکی باش بۆ دەبەنگە توندڕەوەکان و هەموو کتێب و داهێنانەکانی بە لادان لە ئایین دادەنێن. کاتێک لە مەراکیش دەگەڕێتەوە بۆ قوورتوبە زێدی خۆی، بۆچوونەکانی لە بارەی فەلسەفەوە بڵاوکردەوە، ئەوەندەی پێ ناچێت بە هەرتەقە و دەستدرێژیکەر بۆ سەر ئایین دادەنرێت و فەتوای کافری و لادان لە ئایینی بۆ دەردەچێت. ئەویش ناچار دەبێت کە قوورتوبە بەجێبهێڵێت و ماوەیەک خۆی لە شاری فاس بشارێتەوە، بەڵام دواتر ئاشكرا دەکرێت و لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دەستگیر دەکرێت و زیندانی دەکرێت. بەوەش ناوەستن، دەچن لەناو بازاڕدا خەڵکی کۆدەکەنەوەو هەرچی کتێبییەتی بەدیار خەڵکییەوە دەیسووتێنن . بەڵام خۆشبەختانە چەند پیاوچاکێک دەچن لای دەسەڵاتدارن شەفاعەتی بۆ دەکەن و بەرگری لێدەکەن و دەڵێن کابرا کافر نییە. پاشتر بە هەوڵی پیاوچاکان ئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە بۆ مەراکیش . بەڵام ئازاری زیندانیکردن و پەلاماردان و لە هەمووشی خراپتر سووتاندنی کتێبەکانی، دەبێتە ئازارێکی گەورە لەدڵیدا و پاش ساڵێک لە 595 کۆچییدا کۆچی دوایی دەکات.


دوا قسە
بەداخەوە هەتاوەکو ئیستاش ئەو نیقاشە هەر بەردەوامە، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە فکری توندڕەوی ئایینی لە بەهێزیدایە، دووبارە هەندێک بە ناوی پارێزگاریکردن لە ئایین، دەیانەوێت هەموو جوانییەکانی فکرو فەلسەفە لەناوبەرن، هەرچەندە ئەمەش مێژووییەکی ناشیرینی لە هەموو ئاینەکاندا هەیە.
بەدڵنییایەوە ئیبن روشد یەکێکە لە فەیلەسووف و زانا بەتواناکانی مێژوویی ئیسلامی، بەداخەوە ئەویش لەکۆتایی ژیانیدا دەبێتە قووربانی دەستی فکری توندڕەویی ئایینی. هەرچەندە بۆچوون و کتێبەکانی، کاریگەری گەورەیان بەسەر رۆژهەڵات و رۆژئاوادا هەبووە.
لەکۆتاییدا دەستخۆشی لە کاک مەریوان عەبدول دەکەم، بۆ وەرگێرانی ئەم کتێبە جوان و باشەی ئیبن روشد، هیوای کاری باشتری بۆ دەخوازم

———————————————————–

سەرچاوە:
ئیبن روشد. کتێبی فەسلول مەقال. سەبارەت بە سەلماندنی پەیوەندی نێوان فەلسەفە و شەریعەت. وەرگێڕانی: مەریوان عەبدول. پێداچوونەوەی ڕێبوار ئەحمەد و عادل عەبدوڵڵا. چاپی دووەم. ناوەندی رەهەند. سلێمانی. 2019

Previous
Next
Kurdish