Skip to Content

ئەندرێ كۆنت–سپۆنڤیل: جیهانبینی فەیلەسوفێكی بەختەوەری بۆ پەتا بەشی 16 …ئازاد حەمە

ئەندرێ كۆنت–سپۆنڤیل: جیهانبینی فەیلەسوفێكی بەختەوەری بۆ پەتا بەشی 16 …ئازاد حەمە

Closed
by August 23, 2020 General, Opinion, Slider

“”هەموو گوناهەكان تەقەلان بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەكان””
سیمۆن ڤێی Simone Weil

ئاماژە: فەلسەفە لە هیچەوە دەستپێناكات، لە جێگایەكەوە دەستپێدەكات کە منداڵدانی پێكدادانەكانی ناو بیركردنەوەی مرۆڤە. فەلسەفەش كە بەم شێوەیە دەردەكەوێت سرەوت ناناسێت. وەكیتر، فەلسەفە كە ناسرەوێت، دۆشدامانەكانیشی كۆڵەكەی ئەو پانتاییانە پێكدێنن دەبنە مەحەكی دادوەرییەكانمان. سەنگی دادوەرییە فەلسەفییەكان بیركردنەوەكانمان لە لێڵییەوە بەرەو ڕوونی دەبەن و بڕەو بە تێگەیشتنەكانمان دەدەن. وێجا قەڵەمرەویی شیكردنەوەی فەلسەفیی دێتەكایەوە و ئەوەش درز دەخاتە ناو بینینی مرۆڤەكانەوە و كێڵگەی تێڕامان بەپیتتردەكات. داخۆ قەتیسكردنی قەڵەمرەویی فەلسەفە نابێتە هۆكاری كپكردنی پرسیارەكانمان كە خودی فەلسەفە بەهۆی ئەوەوە (پرسیارەوە) هەیە؟ بێگومان هەژاری فەلسەفی بەشێك دەبێت لە لێكەوتەكانی ئەو قەتیسكردنە كە دواتر كۆششەكانمان تاریك دەكەن و ڕووبەری تێگەیشتن بە چەشنێك تەسك و بچووكدەكەنەوە كە خۆشگوزەرانی هزری نەیەتەدی. بەم جۆرە بێت بەسەرهاتی ئەم بەشەمان (بەشی دواتریشمان) هەنگاونانە بەرەو هێنانەگۆی كرۆكی سەیركردنە فەلسەفییەكانی بیرمەندی فەرەنسی ئەندرێ كۆنت–سپۆنڤیل (André Comte-Sponville ) لەبارەی كۆڤید- 19وە.
جیهانبینی فەیلەسوفێكی بەختەوەری، وەك كۆنت–سپۆنڤیل، بۆ پەتا ناونیشانی هەنگاونانەكەمان دەبێت تا بەهۆیەوە لە دوو مەودا دا، لەم بەشە و بەشی دواتر، ئیش لەسەر فەلسەفەی ئەم فەیلەسوفە بكەین. مەودایەك ئەو تێگەیشتنە فەلسەفییانە لە تێكستەكانییەوە دەردێنین كە لە پەیوەندیدان بە واتەگەلێكی وەك: نەخۆشی، تەندروستی و بەختەوەری ….هتد. مەودای دووەم كاردانەوەی تێكستەكانیەتی لە ساتەوەختی قسەكردنەكانی لەسەر كۆڤید- 19. ڕاستە جیهانبینیەكانی كۆنت–سپۆنڤیل بۆ ڕاڤەكردنی كۆڤید- 19 جیهانبینیگەلێكی فەلسەفی وروژێنەر و گفتوگۆئامێزن، بەڵام ئاڕاستەی سیاسی، ئابووری و پزیشكیشیان هەیە. ئەوەش دەڵێین كە بەشێكی زۆر لە جیهانبینیەكانی ئەم بیریارە لە میدیای فەرەنسی لێكدانەوەی هەڵەی بۆكرا وەك: بێباكبوونی ئەم فەیلەسوفە بەرامبەر بە مەرگی بەساڵاچووان، گرنگیدانی بە ئابووری لەبڕی تەندروستی، ئەوەش كە بەختەوەری تەندروستی دروستناكات و كەرەنتین ئازادی كوژە و زۆرێك بۆچوونی تریش.
سەرئەنجام لەم بەشە (بەشی دواتریش ) جەخت لەوە دەكەین كە لەگەڵ هەڵكشانی نووسین لە میدیاكانا لەسەر كۆڤید- 19 ترسێكی زۆر دروستبوو، سەرەتای ترسەكەش ئەوە بوو، تەندروستی بەهایەكی باڵای بۆخۆی گێڕاوەتەوە، ئەوەش ترسێكی دروستكرد كە هەموو شتێك لەپێناوی تەندروستیدایە. بایەخدانیش بە تەندروستی پێگەی پزیشكی بەهێزكرد. لێرەوە پزیشكی كارگێڕی ژیانمانیکرد و لە كەرەنتینكردنیشمان بڕیاربەدەستبوو. كەرەنتین بووە هۆكاری بێبەریكردنمان لە ئازادی، ئەمەش تووڕەبوونێكی تیا دروستكردین، بابەتەكە دژی كەرەنتینبوون نەبوو بەقەد ئەوەی شێوازەكانی كەرەنتین شایانی خستنەژێرپرسیار بوون. كۆنت–سپۆنڤیل وتەنی، زۆرجار پزیشكەكان كە دێنەسەر شاشەكان باس لە بەردەوامی كەرەنتیندەكەن بەمە ئێمە دووچاری خەمۆكی دەكەن، لەكاتێكا ڕێژەی مردووان بە كۆڤید- 19 كەمترە لە مردن بە شێرپەنجە یان بە ئەلزهایمەر. بۆیە لێرەوە دێینە سەر ئەندرێ كۆنت–سپۆنڤیل، سەر جیهانبینی فەلسەفەی فەیلەسوفێك كە كار لەسەر بەختەوەری دەكات بۆ لێدانی ترس لە پەتای كۆرۆنا.

بنەمای تێگەیشتنی فەلسەفیی ئەندرێ كۆنت–سپۆنڤیل

لە دووتۆیی ئەم باسە دەرفەت بۆ گفتوگۆیەكی بەرتەسكی بنەمای تێگەیشتنی فەلسەفیی ئەندرێ كۆنت–سپۆنڤیل دەدۆزینەوە. توێژینەوە فەلسەفییەكانی ئەندرێ كۆنت–سپۆنڤیل لە چوارچێوەی ئێپیكۆر (Epicurus)، سپینوزا (Spinoza) و مۆنتاین (Montaigne) دا دەخولێنەوە. هەریەك لەم فەیلەسوفانە ،كە دەنگی فەلسەفیی سەدەی خۆیان بوونە، وایان لە كۆنت–سپۆنڤیل كردوە پردێك لەنێوان فەلسەفە و ژیان دا دروستبكات، خۆشەویستی بۆ ژیان بكاتە بناغە بۆ فەلسەفەكردن، بوون بە ژیانەوە گرێداتەوە و ئەمەش ببێتە هۆكاری دروستكردنی بەختەوەری. بەختەوەری هەر لەسەر دەستی ئەم هزرەڤانە نییە کە گرنگی پێدەدرێت، بگرە دەمێك وەختە فەلسەفە بەخێویدەکات. مەرجە ئەوەش بەهەند وەربگیردرێت كە كاردانەوەی تێگەیشتنی ماتریالیستی ئێپیكۆر و عەقڵگەرایی سپینوزا دەروازەیەكی فەلسەفی جیاوازیان بۆ ئەم فەیلەسوفە فەرەنسییە دروستكردووە. مۆنتاینیش بە فەلسەفە هۆمانییەكەیەوە دووریەكی تری فەلسەفیی بە تێگەیشتنە فەلسەفییەكانی كۆنت–سپۆنڤیل بەخشیوە. ئەو سێ فەیلەسوفە (ئێپیكۆر، سپینوزا، مۆنتاین) بناغەیەكی ئەوتۆیان بۆ كۆنت–سپۆنڤیل داناوە كە لێهاتوانە هزری خۆی لەناو وتاری فەلسەفەی هاوچەرخی فەرەنسی داڕێژێت و بۆچوونە فەلسەفییەكانی لەسەر مرۆڤبوون و ڕۆحانییەكی بێ ئیمانانە(مولحید)، فەلسەفەیەكی ماتریالیستی، پەرەپێبدات. ڕوونتر بێژین كۆنت–سپۆنڤیل نوێنەری بەڕۆحانیكردنی بێئیمانی(spiritualisation of atheism) یە لە فەلسەفەی هاوچەرخی فەرەنسیدا. ئەڵبەتە لە ڕێگای ئێپیكۆر و سپینوزاوە بەو ڕۆحانیەتە دەگات کە دواتر ناوی دەنێت ڕۆحانی بێئیمانی، ڕۆحانیەك كە یەزدان تیایدا ئامادە نییە، لەوێدا مرۆڤ چەقی بوونە، پەیوەندی بە بوونیشەوە لە دەرەوەی هێزی ترانسندێنسە (باڵا). تێكەڵكردنی ئیمانیش بە زانین بە كارێكی دەبەنگانە دەزانێت. لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیشدا باس لەوە دەكات كە لەكاتی بزووتنەوەی ئایاری 68 لە پاریس تەمەنی 16 ساڵان بووە. سەرەتا چەپ بووە و دواتر بۆماوەی پانزە ڕۆژێك ئەنارشیست بووە و لەكۆتایشا سێ هەفتە ترۆتسكی بووە. لەو دەمەدا خولیایەكی زۆری شۆڕش بووە و پەیوەندی بە یەزدانیشەوە پچڕاندووە. ئەم فەیلەسوفە سەرچڵی بێئیمانی لە ئاست سەرچڵی ئیمانداری دادەنێت و بەمە هەردوو پێكەوە كار بۆ دروستكردنی سەرچڵی ئاینی و نا- ئاینی دەكەن. ئەمەش لەبەرئەوەی ،بەبۆچوونی ئەم بیرمەندە، مرۆڤایەتی خەریكە دەكەوێتە ناو ماتریالیستیەكی بێئیمانییەوە. ئەم لایەنەش بە بۆچوونی”ئەو” بە ڕۆحانیكردنی بێئیمانی چارەسەردەكرێت. بەمەش دەمارگیری ئاینی لاوازدەبێت. لەناو ئەو ڕۆحانیەی باسیدەكات شوێنێك بۆ پەیوەندیكردن بە نەمری، ناپایان و ڕەها بوونی هەیە.
كۆنت–سپۆنڤیل یەكێكیش بووە لەو فەیلەسوفە فەرەنسیانەی بەشداری لە نووسینی پەرتووكێك كردووە بەناوی””بۆ ئێمە نیچەخواز Nietzscheen نیین””. لە هەڤپەیڤینێكیشدا لەگەڵ گۆڤاری لۆفیگارۆ Le Figaro ئاماژە بەوە دەكات كە زۆر شت لەگەڵ نیچە كۆیدەكاتەوە: دژایەتیكردنی ئایدیالیزم، هیچگەرایی، ئاشكراكردنی وڕێنەكانی تاك و….. هەروەك نیچەش دژە (ڤاگنەر، ئەفلاتون، دێكارت و كانت) ە. كۆنت–سپۆنڤیل پێشیوایە ئەوە نیچە بوو فێریكردین لێكدانەوە قۆرخی زانین دەكات و ماناش ڕاستی دروستدەكات. بەپێی كۆنت–سپۆنڤیل، نیچە نەك هەر ئەنتی سێمیت (anti-Semite دژەجوولەكە ) بووە دژە نازیش بووە، بەڵام مۆركی نیچە بە نازیەكانەوە دیارە. لە كوێوە؟ لە زۆر شوێنەوە. بۆنموونە لە ویست بۆ هێزەوە تا ڕق لە ژن و كۆیلە و لاواز و…بەپێی تێگەیشتنی كۆنت–سپۆنڤیلیش بێت مەجبوور نییە نیچەخوازبێت، بەڵام ئەستەمیشە فەلسەفەكردن بێ ڕووبەڕووبونەوەی هزری نیچە. بە قسەی ئەم بیرمەندە پاریسییە نیچە بەرچاوترین سۆفیست Sophist ە كە سەردەمی نوێ بەخۆیەوە بینیویەتی. نیچە بەوە لەقەڵەم دەدات كە پرۆتاگۆراس Protagoras ی سەردەمی ئێستامانە. كۆنت–سپۆنڤیل لەم بارەیەوە چاكی بۆدەچێت كە دەڵێت: فەلسەفە هەموو سەردەمێك پێویستی بە سۆفیستەكان دەبێت تا تێستی خۆی بكات.

بەختەوەری لە فەلسەفەی ئەندرێ كۆنت–سپۆنڤیل

واتای بەختەوەری Bonheur / Happiness ،هەر لە كۆنەوە، لە یۆنانەوە، بەشێك بووە لە بایەخی فەیلەسوفەكان و بێداركەرەوەی پرسیارە فەلسەفییە ڕەوشتی و سیاسییەكانیش (باشە، نایەكسانی، ئازادی) بووە. نەك هەر ئەوە ئەم واتایە هەوێنی گفتوگۆی ئەو دوانەییانەش بووە لە منداڵدانی بەختەوەرییەوە هاتوونەتە دەرێ: بەختەوەری / نابەختەوەری، بەختەوەری / بێهیوای، بەختەوەری/ خەمۆكی.
لە تێكڕای فەلسەفەی ئەندرێ كۆنت–سپۆنڤیل تێناگەین گەر تێگەیشتن لەسەر جیهانبینییە فەلسەفییەكانی ئەم فەیلەسوفە تایبەت بە واتاگەلێكی وەك: بەختەوەری، مەرگ، دانایی، چێژ، ئازادی، خۆشەویستی و ڕەوشت لای خۆمان گەڵاڵەنەكەین. بۆیە لێرە، و لە دووتۆیی ئەم بەشە نووسینە، لەسەر واتای بەختەوەری بەجۆرێک دەوەستین کە بکارین وێنەیەكی كرۆكدار لەسەر تێگەیشتنی ئەم فەیلەسوفە بۆ پەتا و تەندروستی دروستبكەین. لەم سۆنگەیەوە پێویستمان بەوەیە بەختەوەری وەك دژە جەمسەری خەمۆكی بخەینەڕوو كە لە تێكستەكانیدا خۆی بەو شێوەیە دەردەخات. ئەمەش بەپێی ئەو تێگەیشتنە دەکەین کە ئەم بیریارە بۆ بەختەوەری/ خەمۆكی هەیەتی لە پەیوەندی بە ڕووبەڕوبوونەوەی ترس لە مەرگ.
وێرای ئەوە، كۆنت–سپۆنڤیل بۆ داڕشتنی تێگەیشتنێكی فەلسەفییانە بۆ بەختەوەری دانایی بە بناغە دەزانێت. دانایی بنەما بۆ بەختەوەری دادەنێت و سەنگی هزریشی بۆ دادەڕێژێت. ئەم سەنگە ئەو لایەنە عەقڵییەیە كە بەختەوەری تیابەرجەستەدەكرێت. واتە بەختەوەری لەتەك عەقڵ دا یەكدەگرێتەوە. گومانیشی ناوێت ،كۆنت–سپۆنڤیل وتەنی، ئاینەكان گفتێكی زۆرمان سەبارەت بە بەختەوەری پێدەدەن و هیچیشی لێسەوزنابێت. مۆدێرنەش، لەڕێگای تێكنەلۆژیاوە پەیمانی بەختەوەریمان دەداتێ و كەچی ناشمانگەیێنێتە دوا مەنزڵگای بەختەوەری. باشە بەختەوەری دوا مەنزڵی هەیە؟ ئایا بەختەوەری هەمیشەی دێتە دی؟ دەبینین كۆنت–سپۆنڤیل لە لێدوانێكدا باس لەوە دەكات، بەختەوەری شتێكی تاكییە نەك دەستەجەمعی (كۆلێكتیڤ). واتە بەختەوەری شتێكی خۆیییە. بەختەوەری بەختەوەری تۆیە نەك گشت كۆمەڵگا. ناشێت لە چاوەڕوانی ئەوەدا بین كۆمەڵگە هەموو پێكەوە بەختەوەربن. ئەمەو جگەلەوەی بەختەوەری كۆتای نایەت. بۆ كەسێك تەندروستی بەختەوەرییە و بۆ ئەوی تر سەرمایە یان جوانی.
سەرباری ئەوە، كۆنت–سپۆنڤیل لە توێژینەوە و هەڤپەیڤینەكانیدا پردێك لەنێوان بەختەوەری و دانایدا دروستدەكات. جەختدەكات كە بەختەوەری ئامانجی فەلسەفەیە یان بەختەوەری لەناو ئامانجی فەلسەفەدایە، بەڵام ڕاستی لە بەختەوەری گرنگترە. دیاریكراوتر، ئامانجی فەلسەفە داناییە، دواتر بەختەوەری دێت. فەلسەفە كە دەمانخاتە سەر ڕێی بەختەوەری، ئەوە ئەو شتەیە یۆنانیەكان ناویناوە دانایی. لە نەریتی یۆنانیشا بەم جۆرە هاتووە كە دانایی دان بە بەختەوەریدا دێنێت، یان جۆرێك لە بەختەوەری. داناش كە بەختەوەر دەبێت چونکە بەختەوەری دانایی تیایە. دانا ،ئەم بیریارە وتەنی، لەپێناوی باشە دەژیت لەبڕی ئەوەی لەپێناو هیوا دا بژیت. دانایی بەختەوەریەكی بێهیوایە. دانا لە ئێمە بەختەوەرتر نییە لەبەرئەوەی ژیانی خۆشتردەوێت. لەبەرئەوەیە كە ژیانی خۆشتردەوێت پتر لەوەی كە بەختەوەرە. كۆنت–سپۆنڤیل هیوای باش ژیان ڕەتدەكاتەوە، چونكە ژیان دەكات بەوەی دەبێت لەپێناوی باشە دا بێت. بەختەوەریش پێویستە بەختەوەریەكی ڕاستەقینە بێت نەك بەختەوەریەكی بێ هیوا. بەختەوەری ڕاستەقینە بەهۆی شتی سەرپێی و لاوەكیەوە نایەتەدی. ئەم فەیلەسوفە بەختەوەری لەوە بەدوور دەگرێت كە بكەوینە تەڵەی هیواوە.
لەسەر ڕەوتی بیركردنەوەی مۆنتاین فێری ئەوەشمان دەكات كە فێربین بژین و دواتر فەلسەفەبكەین نەبا درەنگ بکەوین. پێویستمان بە بەختەوەرییە، بەختەوەریش پێویستی خۆی هەیە. لێكدانەوە لە ئارەزووەوە دەستپێدەكات، سپینوزا وتەنی، كە جەوهەری مرۆڤە. بۆئەوەی بەختەوەر بیت پێویستە ئەوەی دەتەوێت هەتبێت، بەڵام نەك هەموو ئەوەی دەتەوێت. چونكە هەرگیز بەختەوەر نابیت! واتە بەدەستهێنانی هەموو، گشت، بەختەوەری ناهێنێت.

پان- پزیشكیگەرایی
تەندروستی بەختەوەری هێنەرە؟

پان- پزیشكیگەرایی Pan­médicalisme ئاڕاستەیەكی پزیشكی گشتییە، خۆی وەك ئێدیۆلۆژیایەك نیشاندەدات كە هەموو هێزێك بە پزیشكی دەبەخشێت. ئەم تێگەیشتنەی كۆنت–سپۆنڤیل لە كاتی شیكردنەوەی كۆڤید- 19 لە سۆسیال میدیای فەرەنسی كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆی هێنا. هاوكات لەم تێگەیشتنە پێكدادانێک بەدیدەكرێت لە نێوان تەندروستی و بەختەوەری. لەو بارەیەوە دێڕێكی ڤۆلتێرمان بەنموونە بۆدێنێتەوە كە دەڵێت: بڕیارمداوە بەختەوەر بم لەبەرئەوەی باشە بۆ تەندروستی. ئەم وتنەی ڤۆلتێر، بەختەوەری بۆ تەندروستی باشە، بەوە شیدەكاتەوە كە بەختەوەری وا بۆ 25 سەدەیە مانای بۆ تەندروستیبوون هەیە. ڕەخنەش لە شارستانی ئێستا دەگرێت كە دەیەوێت تەندروستی بكاتە ئامراز بۆ بەختەوەری لەكاتێكا ئەوە بەختەوەرییە كە ئامرازی تەندروستییە. ئەڵبەتە ئازادی، خۆشەویستی و یەكسانیش ئامرازی بەختەوەریین، كەچی هەموو ئەوانە لە فەرەنسا وەلاوەنراون و تەندروستی خراوەتە جێیان. تەنانەت سیاسیەكانیش وازیان لە گشت بابەتەكان هێناوە و تەنیا باس لە تەندروستی هاوڵاتیان دەكەن. بەقەولی كۆنت –سپۆنڤیل لەگەڵ بڵاوبوونەوەی تەنگژەی پەتای كۆرۆنا زانست شاشەی تەلەفزیۆنی بۆخۆی برد و گشت زانستیش بریتیبوو لە پزیشكی. پزیشكیش تەندروستی كردە باسی بنەڕەتی خۆی و یەكسانیشیكرد بە بەختەوەری مرۆڤەكان.

ئەم بیرمەندە ئەو لایەنەی لایسەرەوە باسكرا، دیاردەی بایەخدانی زۆر بە تەندروستی، وەك كێشە دەبینێت. تەندروستی وەك دروستكەری بەختەوەریش بۆ پزیشكی دەگەڕێنێتەوە و ناویشیدەنێت پان-پزیشكیگەرایی. شارستانی ئێستای ئەوروپا، بە پێی بۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل، دەخوازێت لەڕێگای تەندروستیەوە یان پزیشكییەوە، بە جیهان و بە خۆمان و بە ئەویتریشەوە گرێماندات. ئەوەشمان پێدەڵێت كە وشەی پان (pan) لە زمانی یۆنانی گشت (هەموو) دەگەیێنێت. واتە چاوەڕوانی زۆری مرۆڤ لە پزیشكی. پان پزیشكی هەموو شتێكی لە پزیشكی دەوێت، نەك هەر تەنیا تەندروستیمان بگرە بەختەوەریش! تەندروستی لەم حاڵەتە خۆی بە دروستكەری بەختەوەری دەزانێت. ئەمەشە ئێدیۆلۆژیا نوێكەی پزیشكی لە ڕۆژئاوای ئێستا. سەرباری ئەوەی وترا، پێویستە ئەوەش بزانین ئایا تەندروستی ئێدیۆلۆژیایەكی نوێیە یان بەرژەوەندیەكی گشتییە؟ بەپێی كۆنت-سپۆنڤیل تەنگژەكە ئاراستەی سەرەكی چاخەكەمانی ئاشكراكرد، ئەمەش ناودەنێت پان- پزیشكیگەرایی. ئەم پان- پزیشكیگەراییە ئەو ئێدیۆلۆژیایەیە کە تەندروستی دەخاتە سەروی هەموو شتەكانی ترەوە. بەواتەیەكیتر، ئەم پان-پزیشكیگەراییە لەڕێگای پزیكشییەوە تەندروستی لە سەروی گشت بەهاكانی تر دەبینێت: بەختەوەری، ئازادی، خۆشەویستی، دادپەروەری. ئەم ئاڕاستەیە وادەكات هەموو شتێك ،نەك هەر چارەسەری نەخۆشی كە شتێكی ئاساییە تەنانەت كارگێڕی ژیانی كەسی و كۆمەڵایەتیش، بكەوێتە ژێركاریگەری پزیشكییەوە. ئەمەش شتێكی ڕاڕائامێزە. كۆنت-سپۆنڤیل دەڵێت: “نامەوێت مەجبووركرێم بۆ بایەخدان بە خۆم. ڕێزم بۆ ئەوانە هەیە لە ماڵی بەساڵاچوان كاردەكەن. پێمباشترە بە كۆڤید- 19 بمرم وەك لەوەی لە ماڵی بەساڵاچوان یان لە هەر شوێنێكی تر پێنج یان دە ساڵێك بمێنمەوە. ئەگەرچی دڵنیام خەڵكانێك حەز بەم قسانەناكەن”. تەنانەت گازندەی ئەم سێستەمە تەندروستیە تازەیەش لە فەرەنسا دەكات كە ڕێگری لەوە دەکات قسەی خۆمان بكەین. بۆیە دەبێت بە هەستیارییەوە مامەڵە لەتەك ئەم سێستەمە تەندروستییەدا بكەین.
ئەوەتا بە دكتۆر دەوترێت: دكتۆر غەمبارم، ماندووم، ڕاڕام : ناتوانن شتێكم بدەنێ تا چاكبمەوە؟ بەپێی كۆنت–سپۆنڤیل، غەمباری، ماندووی، ڕاڕای بەشێكە لە مرۆڤ، لێ مرۆیبوون بریتی نییە لە نەخۆشی. چۆن پزیشكی چارەسەرماندەكات؟ ئەمەش بۆ خۆی پرسیارە و ڕووبەڕووی پزیشكی دەبێتەوە. هەر تایبەت بەم لایەنە كۆنت-سپۆنڤیل لە لێدوانێك لەگەڵ Le Télégramme نموونەمان لەسەر ئەو وێنەیەی Sempé بۆدێنێتەوە كە ساڵانێك لەمەوبەر لە یەكێك لە گۆڤارەكانا بینیویەتی. وێنەكە كڵیسەیەكە كە لە ڕووی دەرەوەی بە شێوازێكی جوان كێشراوە و لە ناوەوەش ڕووگومەزێكی بەتاڵی هەیە تەنیا ئەوە نەبێت كە لەبەردەم میحرابەكەدا خانمێكی بچووكی میهرەبان وەستاوە و نوێژدەكات و دەڵێت:”” خواگیان، خواگیان من متمانەیەکی زۆرم پێتە تا ئەو ڕادەیەی كە دەمەوێت بە دوختۆرەكەم بانگتبكەم””.

كۆنت–سپۆنڤیل لە میانەی لێدوان و گفتوگۆكانی گومانناكات پزیشكی باشترین شتە و ڕەنگە چاكترین بەختیش بێت لەبەردەم سەردەمەكەمانا، بەڵام داوامان لە پزیشكی ئەوە نییە كە جێگای سیاسەت، ڕەوشت و ڕۆحانیەت بگرێتەوە. لەبەر ڕۆشنای بۆچوونەكانی خۆی ئەم فەیلەسوفە فەرەنسییە بۆ چارەسەركردنی نەخۆشیەكانی كۆمەڵگەی ئێستای فەرەنسی دەڵێت: پتر پشت بە سیاسەت دەبەستم تا پزیشكی. بۆ ئاڕاستەكردنی ژیانیشم زۆرتر پشت بە خۆم دەبەستم وەك لە پزیشكەكەم. تەندروستی بێ سامان باشترە لە سامانی بێ تەندروستی، ئەم قسەیە جارجار دەوترێت و زۆر لایەنی ڕاستیشی تیایە، بەڵام پزیشكی گرانە و لەگەڵ كاتیشا گرانتریش دەكەوێت. لەم بارەیەوە، تایبەت بە تەندروستی، ئابووری ناتوانێت بە تەنیا قسە بكات، چونكە پزیشكیش قسەی خۆی هەیە. ئابووری پێویستی بە بودجێتە و ئەویش پێویستی بە بژاردەیە. لەكۆتایشا كێشەكە پەیوەندی بە هەمووانەوە هەیە و پێكەوەش دەبێت چارەسەریبكەین. هەر ئەوەشە كە پێیدەڵێن دێمۆكراسیەت. بۆیە ئەم بیرمەندە فەرەنسییە لە دەمووەختی كەرەنتینەكە دژی دیكتاتۆریەتی پزیشكەكان وەستایەوە. ئەو دۆزەی كەرەنتین لە فەرەنسا دروستیكرد سێستەمی ڕەوشتی و سێستەمی تەندروستی ڕووبەڕووی یەك كردەوە. ئەمەش پاڵنەری بەشێك لە گفتوگۆكانی ئەم فەیلەسوفە بوو. دۆزێك هاتەئارا گشت شتێك بە تەندروستیەوە گرێدرا. تەندروستی و بەختەوەری یەكیانگرتەوە و پێكەوە ئەوەیان سازان كە پێش تەنگژەی كۆڤید -19 نەبوو. هاوكات لەم تەنگژەیە زانایان و تەندروستی كەوتنە بەری پێشەوەی گشت گفتوگۆكانیتر. ئەم تەندروستیە ئێستا بەهایەكی باڵای بۆدادەنرێت و ئەستەمە هێرشكردنەسەری.
ئایا تەندروستی ئەوەنە گرنگە كە ئێمە خۆمان تەسلیمی پزیشكەكان بكەین؟ نەخێر سیاسەت بڕیاردەدات. سیاسیەكان دەبایە گوێ لە پزیشكەكان دواتر ئابووریناسانیش بگرن. شتێك هەموو پێكەوە بیكەن و پێكەوە بڕیاریتیابدەن، ئەوەشە كۆمەڵگەی دێمۆكراسی. نەك وەك ئەوەی بینرا كە پزیشكەكان، کارمەندی تەندروستی، لە رادیۆ و تەلەفزیۆنەكان واقسەیان دەكرد وەك بڵێیت هەموو شتێك لە دەستی ئەواندایە و سیاسەت بڕیاریتیانادات. ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی پەتاكە تەندروستی خستە پێشیپێشەوە و پزیشكیشی لەبەر ڕۆشنای دانا. سۆسیال میدیای فەرەنسیش خۆی زۆر پێوەسارقاڵكرد.

لە جیهانا شتی زۆر لە كۆڤید- 19 سەرەكیتر هەیە

كۆنت-سپۆنڤیل لە لێدوانێك لەگەڵ Le Télégramme ئاماژە بەوە دەكات كە كۆڤید- 19 لە فەرەنسا 20000 كەسی كوشتوە( ئێستا گەیشتۆتە 30 هەزار و 451 كەس) و زۆربەشیان لە بەساڵاچووەكانن. ئەم ژمارەیە زۆرە و غەمبارئامێزیشە، بەڵام خراپ نییە ئەوە بزانین كە ساڵانە 600000 كەس لە فەرەنسا دەمرێت، 150000 كەسیش بە نەخۆشی شێرپەنجە دەمرێت، ئەی بۆ ئەم مردانانە باسناكرێت. بۆ ئەم بەزیهاتنەوەیە بە كۆڤید- 19 نەك 600000 مردووەكە؟ ئەمە جگەلەو چەند میلیۆن مناڵانەی لە جیهانا ساڵانە بە بەدخۆراكی دەمرن كە ژمارەیان 9 میلیۆنێك تێدەپەڕێنێت. جگەلەو هەزارانەش ساڵانە بە نەخۆشی ئەلزهایمەر دەمرن.
كۆنت-سپۆنڤیل گومانناكات، ئەم پەتایە ترسناكە و ڕەنگە ژیانی میلیۆنەهاش بخاتە مەترسیەوە بەس ئایا شتی ترمان نییە جگەلەم پەتایە بۆ باسكردن؟ كێشەی تریشمان هەیە با فەرامۆشینەكەین (كێشەی كۆچبەران، كێشەی تێكچوونی ژینگە و…). بۆیە ئەم پەتایە ترسناكە بەس كۆتای جیهان نییە. کەوابێت پێویستناكات ژورنالیستەكان هێندە گەورەیكەن. سەبارەت بە سۆزداریشمان بۆ قوربانیانی كۆڤید- 19 ناكرێت لە سۆزداریمان بۆ كێشەی كۆچبەرەكان زۆرتر بێت یان ئەوانەی دووچاری شێرپەنجە بوونە، كە لە ئێستادا ژمارەیان لە فەرەنسا و لە جیهانا لە زیادبووندایە.
كۆنت- سپۆنڤیل لە لێدوانێك لەتەك لێكۆ lecho باس لەوە دەكات كە لەكاتی خۆیدا پەتای “هۆن كۆنگ” لە ساڵی 1968 بووە هۆكاری كوشتنی میلیۆنەها كەس و ئەو هەڵایەشی بۆنەكرا وەك ئەوەی ئێستا بۆ كۆڤید- 19 دەكرێت. پێشتریش پەتای “ئاسیاوی” لە 1957-1958 بە هەمان شێوە خەڵكێكی زۆری كوشت و بیریشچوەوە. پێدەچێت، بەبۆچوونی كۆنت-سپۆنڤیل، سێ هۆكار هەبێت كە شێوەی مامەڵەی لەگەڵ كۆڤید- 19، لەچاو پەتاكانی پێشوو، گۆڕیوە. هۆی یەكەم جیهانگیرییە ،ئەڵبەتە بەدیوە میدیایەكەی. ئەم لایەنە هۆكارە كە ئێمە زوو زوو لەناو ڕووداوەكانی ئەم پەتایە بین و بەووردیش لە ڕێژەی مردنەكان لە وڵاتان بەئاگابهێنرێین. لێرە با ئەوەمان بیرنەچێت كە بۆ ئەم بیریارە جیهانگیری دروستكەری ڤایرۆسەكان نییە. تاعونی ڕەش لە سەدەی 14 نیوەی ئەوروپای كوشت و ئەو دەمە جیهانگیریش بوونی نەبوو. هەرچی هۆی دووەمە خێراییە لە بەدەستهێنانی زانیاریی. سەرئەنجام كەناركردنی مەرگ لەم ڕوەوە دوا هۆیە. ئەم پەتایە ئەم كەناركردنەی مەرگ پەسەندناكات. پەتاكە مەرگی بیرخستینەوە و هێناشیەوە نێو باسەكانمان. بەمجۆرە دەشێت بڵێین كە مەرگ پێش كۆڤید- 19 لەبیركرابوو. هەر بەگشتیش مەرگ كە باسدەكرێت یان بیریلێدەكرێتەوە دواتر وردە وردە وندەبێت و ئەو دەمەش كە نزیكدەبێتەوە ترس لە مەرگ دەستپێدەكاتەوە.

تەندروستی تاك یان ئابوورییەكەی؟

تەندروستی سەرووی ئابووری نییە. ئابووری خراپ دۆزی كۆمەڵایەتی و تەندروستی خراپ دروستدەكات. هەژاریش ترسناكە و لە كۆڤید- 19 زیانبەخشترە. لەم تەنگژەیە ئابووریناسان زۆر قسەیانكرد ،تەنانەت پتر لە پزیشكەكانیش، بەڵام قسەكان چی بوون؟ چ ئاقارێكیان وەرگرت؟ لەم بارەیەوە ئەوەی پەیوەندی بە كۆڤید-19 وە هەبێت ئەوەیە كە، بڵاوبوونەوەی پەتاكە بووە هۆكاری تێكچوونی شیرازەی ئابووری وڵاتان. كاردانەوەكەی لە وڵاتانی هەژار زۆرتربوو. پەتاكە نابێت ببێتە هۆكاری بایەخدان تەنیا بە تەندروستی. واتە ناكرێت بودجە هەمووی بە تەندروستییەوە تایبەتبكرێت، چونكە ئابووری بەرگەی ناگرێت و دادەڕمێت. بۆیە كۆنت-سپۆنڤیل لە لێدوانێك لەگەڵ ماڵپەڕی كات (Le Temps) لەسەرێكەوە گومانناكات هەموو دەمرین، لەسەرێكی ترەوە گوماندەكات هەموو بە كۆڤید- 19 بمرین. هاوكات ئەوەش دەڵێت: لەگەڵ ئەوەشدا كە ڕاڕام كەچی ناترسم بەم ڤایرۆسە بمرم. ترسی من زۆرتر لە نەخۆشی ئەلزهایمەرە. تووشی ئەم ڤایرۆسەش ببم پێموایە تێیدەپەڕێنم. جا بۆ دەبێت بترسم؟ ئەوەی ڕاڕایكردوم تەندروستیم نییە دۆزی لاوانە. بەهۆی ئەو داڕمانە ئابووریەی كەرەننتینەكە هێنای لاوان باجە زۆرەكەی دەدەن ئەوەش لەڕێگای بێكاری و كەوتنەژێرباری قەرزەوە. قوربانیدان بە لاوان لەپێناوی تەندروستی بەساڵاچووان كارێكی نابەجێیە. ئەوەی باوە ئەوەیە كە بەساڵاچووان لەپێناو مناڵەكانیان قوربانیان بە ژیانی خۆیانداوە كەچی بەهۆی كۆرۆناڤایرۆسەوە شتەكە پێچەوانەبووەوە. ئەمە وادەكات بوترێت كە سێستەمی پزیشكی پێویستی بە بودجێتە و ئەوەش كاتێك دەبێت كە ئابووری لە بوژانەوەدا بێت. ئەمەش لەو سەرەوە دەمانخاتە بەردەم قەرزێكی زۆرەوە كە دەبێت مناڵەكانمان بیدەنەوە.

بەپێی ئەوەی لایسەرەوە باسكرا، بایەخدانێكی زۆر بە تەندروستی ناكرێت لەسەر حسێبی ئابووری بێت. پێویستە تەندروستی و ئابووری پێكەوە بەهەندوەرگیرێن. هەژاری لە ڤایرۆسەكان زیاتر بكوژە. ناشێت دژایەتی پزیشكی و ئابووری بكرێت. پزیشكی تێچوونی زۆرە و لەسەر ئابووری گران دەكەوێت. بۆیە پزیشكی بۆ ئەوەی تەندروستیەكی چاك دروستبكات ئابووریەكی بوژاوەی پێویستە. ئەمە وادەكات ئەم فەیلەسوفە پێیوابێت كارێكی ناڕەوشتی نییە قسەكردن لە تەندروستی شانبەشانی قسەكردن لە پارە. تەنانەت ماڵپەڕی ناوبراو ئەوەش بە كۆنت-سپۆنڤیل دەڵێن : زۆر دوور نییە بەوە تاوانباربكرێن كە بایەخ بە ئابووری دەدەن لەبڕی بایەخدان بە ڕوحی مرۆڤەكان. ئەمە لەكاتێكدایە كە كۆنت-سپۆنڤیل پێوایە پزیشكی تێچوونێكی گرانبەهای هەیە. بۆ ئەو مەبەستە پێویستمان بە ئابووریەكی بووژاوە دەبێت. كەی كەرەنتین كۆتای دێت؟ ناشێت تەنیا بایەخ بە ئامارە پزیشكییەكان بدرێت ،پێویستمان بەوەیە كە بایەخ بە ئامارە ئابووری، كۆمەڵایەتی، سیاسی و مرۆیەكانیش بدرێت. تێچوونی پزیشكی لە زیادبوونە و ئەوەش داوای ئابووریەكی بەهێزمانلێدەكات. ئەم ئابووریەش دووچاری قەرزێكی زۆرماندەكات و ئەمەش كاردانەوەی ئابووری خراپ لەسەر لاوان دادەنێت. لەم بارەیەوە كۆنت-سپۆنڤیل درێژە بە قسەكانی دەدات و دەڵێت: پیرەكان لە فەرەنسا، هێندەی حاڵیبووبێتم، زۆرتر لەبارەی ژیانی ئابووری مناڵەكانیانەوە نیگەرانن تا مردنی خۆیان بە پەتای كۆرۆنا. هەرچی خودی پیرەكانە بۆ خۆپاراستنیان لە مەرگ، بەم پەتایە، خۆكەرەنتین و گۆشەگیرییان هەڵبژاردوە. بەس ئەم هزرەڤانە ئەوەشمان وەبیردەهێنێتەوە گەر وابڕوات كەرەنتین مەترسیە بۆسەر ئابووریمان و بۆسەر ئازادیەكانیشمان. كەواتە ئایندەی مناڵەكانمان لە فەرەنسا لەژێر هەڕەشەی ئەو تەنگژە ئابوورییە دایە كە كەرەنتین دروستیدەكات. هەر لەبەر ئەوە لەگەڵ قوربانیدان نییە بە لاوان لەپێناو بەساڵاچووان یاخود بە ئازادی لە پێناو تەندروستی. تەندروستی لەم دوو شتە جیادەكاتەوە: ئابووری و ئازادی. وێرای ئەوە، پێویستە ئاماژە بەوەش بكرێت كە تەندروستی بەها نییە، باشەیەكە لە باشەكان. بەهاكان خەڵك دەیانناسنەوە: دادپەروەری، خۆشەویستی، سەخاوەت، بوێری و ئازادی. بۆیە ئەم بیرمەندە لەم لێدوانە دانبەوەدا دەهێنێت كە ئامادە نییە قوربانی بدات بە ئازادی لەپێناو تەندروستی. كۆنت-سپۆنڤیل بۆ ئەوەی ئەم لایەنە زۆرتر ڕوونبكاتەوە لە لێدوانێك لەگەڵ فرانس ئینتێر France Inter نیگەرانی خۆی لەبارەی قۆناغی پاش پەتاكە نیشاندەدات، بەڵام دژی زێدەڕۆییە لەو قۆناغە بەناوی تەندروستییەوە. شتێك لە ئێستادا بەناوی تەنگژەی تەندروستییەوە دەبینێت بەس ئەم تەنگژەیە كۆتای جیهان نییە. ئەم تەنگژەیە ناشێت ژیانمان تێكدات و ئەو بایەخە زۆرەی بە تەندروستی بەساڵاچوانیش دەدرێت پێویستی بە پارەیە و ئەوەش وادەكات قەرزێكی زۆر لەسەر دەوڵەت كۆببێتەوە. قەرزەكەش لاوان لێیزەرەرمەندن. لێرە و بۆ كۆتایهێنان بەم بەشە دەپرسین: تەندروستی یان ئابووری؟ تەندروستی یان ئازادی؟ ئەو دوو پرسیارە كە بەهۆی لێدوانەكانی ئەم بیریارەوە دروستبوون بەرەو ئەوەشمان دەبەن كە بڵێن: لێگەڕێین پزیشكەكان سیاسەتی وڵات ببەنەڕێوە یان بەپێچەوانەوە؟ لێگەڕێین لەم جۆرە كاتانەدا ئابووریناسەكان ڕێنومای سیاسییەكان بكەن یان پزیشكەكان؟ ئەم لایەنانە لە بەشی دواتر دێیینەوەسەری.

—————————————————-

سەرنج: لە بەشی دواتر ژێردەرەكان بەسەریەكەوە بەردەستدەخەین.

Previous
Next