Skip to Content

تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

Closed
by ئاب 28, 2020 General, Poems

ڕوخسار و شوێن

هه‌تاوی نیوه‌ ئاوابووم دەڕژێنمە ناو هەواڵێک
دیکتاتۆر بەسەر خوانماندا پژمی
هیچ نیشانەیەکی خواردن نەما
گەڕاینەوە بەر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان
تەم هات و هەنگاو گران بوو
لە ئاهه‌نگی یادەوەرییمان ده‌ركراین
لە شوێنی جیا جیا زەوی دەستی لە ڕێبوار بەرز کردووەتەوە
مرۆڤ یەکەم جار پەنجەی بە پێڵووی خۆیدا هێنا
نەرمی کرد بۆ بینین و جیاکردنەوە
نەرمایی پەنجەی دڕ بوو
نەیتوانی خەڵکی تر بکاتە تاسە
دەنگە دوورەکان بناسێتەوە
مرۆڤ شاراوە و نهێنی درۆی ژیرە
نانی کردە تاشەبەرد
گۆڕیان به‌تاڵ كردین و ئێسكیان كرده‌ قۆپچه‌
بەهەشت نەخرۆشا
کەڵەبابی شەڕ هاتە سەر زەنگی دەرگا
وزە ئەفسانەییەکە مەشقی بە ئەسپەکەی کرد
نەچووە ڕاو
نەچووە جەنگ
ڕەگی مەچەکی خۆشی نەبڕی
لە تەنیایی نەترسا و نه‌چووه‌ ناو ڕووناكییه‌كی نائاشنا
بە ناوچەوانی پاک و بێگەردی چیا و چۆمێکی
ئەوبەر و ئەمبەری بە درەختی بەبەر پڕ
به‌ده‌م هه‌وای خۆشه‌وه‌ سه‌ركه‌وت
توانی گوێ لە خۆی بگرێ و دەنگە دوورەکانی ناسییەوە
خۆر لەسەری بەرز بووەوە و گومبه‌ت ده‌ركه‌وت
قۆزاخە خەمڵی و باڵی تێدا نواند
تێکەڵ بە تەم نابێ و ئارەزووی بەدی دێنێ

جێناوەکان

زەوی منەی خودی دەکا و خۆی بە به‌رزبوونه‌وه‌ی باڵی باڵنده‌ شووشت
چاویشی کورتبین نییە
ئا بەم شێوەیە من شتەکان ڕوون دەکاتەوە
خۆمم بۆ تۆ گوتەوە
با بگەڕێینەوە دواوە تیر وژەی دێ
خۆمم بۆ ئەو گوتەوە
با بگەڕێینەوە دواوە هێز تووڕەیە لە سێوی كه‌وتوو
خۆمم بۆ ئەوان گێڕایەوە
با بگەڕێینەوە دواوە ڕێگای بەپەلەبەردڕێژکراو ئەسپ پشووسوار دەکات
خۆمم بۆ ئێمە گوتەوە
با بگەڕێینەوە دواوە باران خوێواوی لێ دەچۆڕێ و ده‌یكاته‌ هه‌ڵم و ده‌بێته‌ تانه‌ی چاو
خۆمم بۆ ئێوە گوتەوە
با بگەڕێینەوە دواوە دەمامک بە دەورمان دەخولێتەوە
سەیری خاڵی پێوه‌ری ناوچەوانی مێژوو بکەن
چەند سادە پرسیارمان لێ دەکات
ڕەشیش لێمان دەڕوانێ
هەتاو سارد بووەوە و بە ترسەوە نەنووست
چاوەڕوانی وەڵامی نەکرد و بە هێزێکی زۆرەوە خۆی سڕییەوە
تۆوی ئەستێرەی لە کێڵگەی جێناوەکان وەشاند
جۆگە بە نەرمایی زەوی پیاسە دەکات
پێغه‌مبه‌رانی چاوه‌ڕوانی ڕازی ڕووناك دێنه‌ سه‌ری و ده‌یخۆنه‌وه‌

ڕێگاکانی دەوروبەر

مردن لەبەر چاکەکەت ڕێزت لێ دەگرم
دارەبازەیەک لەسەر پشتی ئەسپێک ببەستن
ڕابەری نەمران لەژێر تەمومژێکی قاوەییدا کۆچ دەکات
ئەڵماس دەمامک نادا
لەناو ڕۆشنایی و پێشبینی و بێدەنگیدا
دەستم لە ملی سێبەری خۆم کرد
بە ڕێگاکانی دەوروبەرم ڕۆیشتم و لەرز بەریدام
گوارەم لە گوێی درەختی درەوشاوە کرد
گەیشتم بە لاپەڕە بێکۆتایییەکان
لاپەڕەکان شاعیرە بێ هەوێنەکانیان تێدا نییە
پەپوولە ڕازی پاراوە و لە مۆم لادەدا
بەرەو مرۆڤی ناو لاپەڕەکان دەچێ
هیوای زیاد دەبێ
ئۆخەی هەموو شتەکان نزیکن
ئەسپ سەیری زەنگوڵە و گوڵینگی ناکات
لە شەقام دەپەڕێتەوە و سێبەری سوارەکان دەدۆزێتەوە
دەستی دەشوا و ئاوێنەی هۆڵی وانەوتنەوە دەسڕێتەوە

گەشەی ڕەنگ

ڕەنگ لە دابڕاوی نادیار لەدایک دەبێت
گۆزەی پڕ ئاوی لەسەر پلیکانەی ڕاڕەو دانا
شەویی بوو
پەپوولە شیلەی مژی و بە هێڵی خێرا بردییە کێڵگە
دەستی لەسەر شانی ڕەگ دانا و پەیمانی بەست
لە گەشەت ورد دەبمەوە و لەناوی جێ دەمێنم
سەیرکەن
لەسەر ناوچەوانی کێڵگە
بەروبووم دەمێنێتەوە و جیهان دەگۆڕێ
لەسەر ناوچەوانی گۆزە
مێژوو دەشکێ و پارچەکانی یەک ناگرنەوە
چاوی مێژوو ژن ناترووسکێنێتەوە
جەستەی ڕووباری هاندان لە خۆی ڕەت ناکات
بە دەوری خۆی دەیسووڕێنێتەوە
شۆڕش شەپرە لێی داوە
ناتوانێ مەلە بکات
دیکتاتۆر ڕۆنی لەبن پێی شۆڕشگێڕ دا
هەڵیخلیسکاند بەرەو ڕووناکییەکی چرووک
بەڕێوەم بەرەو تابلۆی هەمیشە شتێک لە حاڵەتی ڕوودان هەیە
مۆسیقایە هاوڕێم
بە نهێنی گەشەی ڕووەک تابلۆ دروست بوو
تینێکین لە هەنگاوی ڕەنگ
ناوی ئێمە لە دەم و لێوی ڕەنگ گەورە و پاراو دەبێ
شێوەکارانیش لەناو هێڵەکانی خۆیاندا جێدەهێڵێ

ئاوازی چاوپێکەوتن

لە ماڵی خۆم
لەسەر دۆشەکێکی لە پەڕی پەلەوەر دانیشتووم
پەنجەرە شکاوەکانم بە گۆرانی دەڵێم
گۆرانییەکانم پرسیارتان لێ دەکا
گوێیەکانتان پڕ ئاوازن
دەسرازەی پساوی منداڵێک کەوتە سەر دەموچاوم
بۆئەوەی ماسیگرە تار نەبن و دەریا بناسم
لای دەدەم
لانکێکم لە کەناری ئاوێکی سروشت هێمن دانا
ماسیگرە هێلکەی خۆی لەناو پاراست
ڕاوچییەکی تۆڕ دڕاو هێلکەکانی لەبن کڵاوی نا
بردییە بازاڕی چەنەبازان
لەپێناوی سڵاوی ماسیگرەیەک
ستایشی ژیان دەکەم
ژیان نزیکی بۆ لای من بگەڕێرەوە
کازیوان بە ئاگری باڵی ماسیگرە چاوانم کەوی دەکەم
سەرزەمین تەواو ماندووە
پێویستی بە ئاوازی چاوپێکەوتنی دەنووک و باڵە
دەنووک و باڵ لە جوانی بەدی هاتوون
بە ڕێز و شکۆوە دەدوێن
چیم بوێ بێ داوا پێم دەبەخشن
هەقیقەت ڕووی بازنەییە
قه‌ل زماندرێژی كرد
خۆر به‌ پڕی سه‌رنجی دا و ده‌نووكی خسته‌ ناو جه‌نگه‌كانه‌وه‌

بلیتی ژمارە بیست و هەشت

بلیتی ژمارە بیست و هەشتی دکتۆرم وەرگرت
دوای پشکنین و کۆمەڵێک خۆشدوویی بۆ گەرمکردنەوەی دەمارە ساردەکانم
دەمی بەتاڵ بوو
فەرمووی
شەکرەت بەرزە
پەستانی خوێنت زۆرە
هەناسەسواریت باڵنده‌یه‌كی هێلكه‌شكاوی هه‌ڵكوڕماوه‌
لەرزەی دڵت چوار ناڵەیەتی
باداریت به‌ ئازای گیانت سه‌ره‌وژووریه‌تی و گه‌مارۆی داوی
بۆ مەتەڵێک پرسی چەند زمان گۆ ده‌كه‌ی
گوتم زمانی ڕووتم کوردییە و لەو زمانە ڕووته‌ش زیاتر گۆ ناكه‌م
بە ئینگلیزییەکی خاو
لەژێر لێوەوە بە کوڕەکەمی گوت
هەوڵدە باوکت لە شارێکی تردا بژی
بە دەموچاوی پڕ ئومێدەوە چوومە بەر پەنجەرە
گوتم لە شاری شیعر دەژیم و هه‌ناسه‌م نه‌رم و خۆشه‌
ئەها شیعرم لێ دیارە و وەک کاتژمێری چوونە ژوان ڕێکی خستووم
شەکرە
پەستان
هەناسەسواریی
لەرزەی دڵ
باداری
بە ئارەزووی خۆم لە بەهەشت ناچمە دەرەوە
سڵاوم لێ بکە
لە سێبەری دەستت دادەنیشم
لە نزیکەوە گەرماییت فریام کەوت و هەقیقەت دۆزیمییەوە
لەنێوان لوولەی سووربووەوه‌ی تفەنگ و نیشانەدا
کەروێشک لەسەر پاشووی بێدەنگ و مات وه‌ستاوه‌
گۆرانی منی بەبیر هاتووەتەوە کە بۆم وتبوو
ڕێبواری ماندوو نه‌رمونیان و میهرەبانانە کاری خۆی دەکا

ئه‌مڕۆ گۆرانییه‌ك ده‌گوترێت

لە ئاسمان زەوی ڕوون دیار نییە
گغەگغ و
گڕوگاڵ و
قولاب هه‌ڵدان بۆ مانگ و
هێنانی بۆ ناو ته‌شتی پارێزراو
لەسەر سندانیان دانام
کردمیانە پڵینگی سرووش
مارم له‌ گه‌رده‌نی باڵنده‌ی سه‌ر هێلكه‌ كرده‌وه‌
ئه‌و شاعیره‌ی ئه‌فسانه‌ی له‌باره‌ ده‌گێڕنه‌وه‌
ئه‌میش كات به‌ ئه‌ندێشه‌ ده‌پێوێ
به‌ناو كڵپه‌ی ناكاو ده‌خولێته‌وه‌
لە وه‌نه‌وز و ته‌ونی جاڵجاڵۆكه‌ و مێشی سه‌ر لووتی ئه‌سپ تێدەپەڕێ
جیهان له‌ژێر پێیدا نه‌رمونیان و گه‌وره‌ ده‌بێ
زەوی دەڵێت تەنیا سەیرکەری مانگ با بفەرمووێ
ڕوخسارم ماچ بکات و دنیا له‌ كڵپه‌ی ناكاودا به‌دی بكا
له ‌به‌دیكردندا جه‌نگاوه‌رێكی دێرین
گۆرانی كرانه‌وه‌ی قۆزاخه‌ی په‌مۆی گوت

بێڕەنگ

پەنجەرە چاوی ترووکا
بێڕەنگ ڕوومەتی خۆی بە پڕی پیشان دام
پەنجەرە خانەکانی جەستەی منە
بە ئارامییەکی زۆرەوە بێڕەنگ چنی
ئەو ڕۆژەی مرۆڤ دروست بوو
بێڕەنگ هەموو ڕەنگەکانی دابووە دنیا
هێواش بە ڕێگاکان دەڕۆم و لە ڕەنگ ڕەت دەبم
سوپاس بۆ بەختی باشم
بێڕەنگم لە پێوانی قووڵاییەک ناسی
دیارییەکی کۆن بوو بۆم گەڕایەوە و نازی ڕادەگرم
ڕەنگەکانی ڕژاندمە ناولەپ و چۆلەکەیەک بژاری کرد
ئاوا
بەڵێ ئاوا
نهێنییەکانی بژار کرد
هەر گیانلەبەرێک نهێنی بناسێت
ناوچەوانی لەسەر عەرد دادەنێ و نوێژی بۆ دەکات
ناسین هێزە سەر بۆ هیچ نانەوێنێ
لاولاوی بە دیوار هەڵگەڕاو لادەدا
برینی دیوار دەسڕێتەوە و خۆشحاڵ دادەنیشێ
کووپەی دەمودووی پێغەمبەرانی تێدایە
ناو و وێنەی ڕایەڵە و زایەڵەی بەرەبەیانی لاوین

کاتی تایبەتی ڕووبار

ڕووبار نەخشەی شەڕەپشیلە نییە
هێڵێکی خرۆشاوی درێژە لە پەرۆشی زەوی
ڕووگەنما کانەگەنجینەی لەسەر لێو دەڕوێ
زمان دەیزرینگێنێتەوە
لەنێوان چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێدا هه‌نگاوی ناوه‌ند دەهێڵێتەوە
ئایندە بانگمان بکە
کلیل لە دەستی دیکتاتۆر بڕفێنین
بیخەینە گەنجینەی منداڵێک
پدووی گەرمە بە هاتنی ددانی شیری
هەم وەک مەشقی کردنەوەی دەرگا
هەمیش وەک حیکمەتی شەقشەقە پەرە دەستێنێ
هاوڕێ گیانییەکانی دەبینێ و پشوو دەدا
نهێنییەکی زۆر لە ڕووگەنما جێ دە‌هێڵێ
لە مەودایەک زمان بیزرینگێنێتەوە
ڕووبار کاتی تایبەتی هەیە بۆ خەوتن
بۆنی زیندەوەرەکانی ناوی دەکات
لێشیان دەپرسێ
هیچ بێزارییەکتان لە پەروەردەکارییم هەیە
زرینگانەوەی زمان
چلباز له‌ كونی ورد داده‌به‌زێنێ و ده‌یكاته‌ كه‌تانی شۆردراو

ستایشێك بۆ جوودی

لە سۆراخی بەردی گرانبەها
ڕێگا چوونەوە ناویەک
بێ هیچ سه‌رسامییه‌ك بەناو خۆمدا سووڕاندمیانەوە
ئه‌سپی سم كولم له‌گه‌ڵدا نه‌بوو
گەیشتم بە شاری بێ ناونیشان
گوند ناترسێت له‌ بوون به‌ شار
سیمرخ باڵی بچووک بوو
لەسەری جێم نەبووەوە
لە تەنیشت تەندوورێک داینام
کوا ئەو ئاگرەی قوڕی دروستبوونمی کردە پەیکەر
گورگ کەڵبەی کلۆر نییە
له‌ له‌نگه‌ری كه‌شتی هات و نه‌هاتدا شایەدی دەدەم
دوای نیشتنەوەی هەڕەشەی ئاو
چیای جوودی خۆی پیشان دا
لەناو دەستی به‌ ڕه‌نگ و بۆنی پیرێک پشووی دەدا
تای به‌هاری لێ بوو
پێی گوتم به‌ ئاوازی چ كۆڕاڵێك و چۆن پرسیاری لێ بكه‌م
شوێنی له‌دایكبوون بۆنی چی ده‌دا
گوند بۆ ناترسێت له‌ بوون به‌ شار
ئه‌وه‌ی له‌ ناوچه‌وان نووسرابێت چاو ده‌یبینێت

ئابی 2020 هه‌ولێر

Previous
Next
Kurdish