Skip to Content

فەلسەفەكاری كۆنت–سپۆنڤیل لەنێوان دانایی و پزیشكی دا بەشی 17 … ئازاد حەمە

فەلسەفەكاری كۆنت–سپۆنڤیل لەنێوان دانایی و پزیشكی دا بەشی 17 … ئازاد حەمە

Closed
by September 5, 2020 General, Opinion, Slider

“” قوتابخانەی فەیلەسوف عیادە (كلینیك) ی پزیشكە””
ئێپیكتێتۆس Epictetus

سەرەتا: چاندنی فەلسەفە لە كۆمەڵگە هەڵكردنی ‌ڕوناكییە. دەركەوتنی ئەم ڕوناكییەش لەڕێگای نووسینی فەلسەفییەوە، كە تەقەلایەكە بۆ پایانهێنان بە گرفتەكانی مرۆڤ، پێویستی تاك و كۆمەڵگەیە. هەردەم فەلسەفە بەدوای هەلێكدا دەگەڕێت تا قسەی خۆی لەمەڕ ئەو گرفتانە بهێنێتەگۆڕێ كە ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبنەوە. گرفتەكان بۆچوونەكانمان پەرتدەكەن، پرسی نوێ دەخوڵقێنن و مشتومڕی تازەش دروستدەكەن. هەر لەم ڕوەوە پەیبەوە دەبەین كە فەلسەفە بیركردنەوەیە، پەتای كۆرۆناش واتە هەمووان. كەواتە لە هەنووكەدا فەلسەفە کە لە پەتای ناوبراو قسەدەكات لە هەمووان بیردەكاتەوە. لێرەوە پزیشكی دەبێتە باسی هەمووان. لەبەرئەوە هەر لەم دەستپێكەوە دەپرسین: لە كوێی پزیشكیدا بەدوای دانایی (‌‌حیکمەت) Wisdomدا بگەڕێین؟ وەكیتر، پزیشكی پێویستی بە فەلسەفە هەیە؟ قەرزاریی فەلسەفیی پزیشك لە قازانجی كێیە؟ نەخۆش یان پزیشك؟ بۆ زۆرێكمان ڕوونە كە فەلسەفە و دانایی لە پێكەوەبوونیان لەتەك یەكدا مانا بەیەك دەدەن. دانایی کە ئامانجە سەرووی فەلسەفەیە. ئەگەرچی كۆڤید-19 تاقانە پەتا نییە، بەڵام زۆرێك تێڕامان و بیركردنەوەی جۆراوجۆر، لێكدانەوەی ئاوارتە و خێرای لە فۆڕمی پرسیار خستەوە. چەند بایۆلۆژیست و پزیشك قسەیانتیاكرد ئەوەندەش فەیلەسوفەكان لەو بارەوە قسەكەربوون. ئەوەی فەلسەفە قسەی تیاكرد جیابوو: پرسیار لەسەر مەرگ، لێكەوتە بووناوییەكانی كەرەنتین، جەستە، دابڕان و ..هتد كەوتنە ناواخنی قسەكانەوە.
جێگای سەرنجە لەژێرسایەی ئەم ناونیشانە “”كۆنت–سپۆنڤیل Comte-Sponville: فەلسەفەكاری لەنێوان دانایی و پزیشكی دا”” بە چەشنێكی تر ناواخن بەم بەشە نووسینەمان دەدەین كە بە هزری كۆنت–سپۆنڤیل سەبارەت بە كۆڤید-19 تایبەتە. لێرە ئەوە دەخەینە ڕوو، بەپێی بیركردنەوەی فەلسەفیی بیرمەندی فەرەنسی كۆنت–سپۆنڤیل قوربانیدان بە ئازادی لەپێناو تەندروستی هەڵەیە، كەرەنتین ناشێت كۆیلایەتی بێنێت:”لە نەخۆشی ناترسم لە كۆیلایەتی دەترسم”. مەترسیدارە بایەخدان بە پزیشكی كاتێك لەسەر حسێبی ئازادی، بەختەوەری و دادپەروەری بێت.
كەوابێت چیمان لە هەگبەی ئەم باشە داناوە؟ بۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل بۆ دانایی دەكەین بە بناغە لەم بەشە تا ئەوە بخەینەڕوو كە دانایی دەروازەی بەختەوەرییە. بۆ گەیشتنیش بە بەختەوەری ،لەسەر دەستی ئەم بیرمەندە، بە تونێلی داناییا تێدەپەڕین. ئەمەش فەلسەفەی كۆنی یۆنانمان بیردەخاتەوە (ئێپیكۆریەكان)، كە لەوێندەرێ دانایی پێوەری ڕاستەقینەی بەختەوەرییە. بۆ بەختەوەری؟ لەبەرئەوەی بەختەوەری شەڕی ڕاڕای و غەممان بۆدەكات. بۆچوونەكانی ئەم بیرمەندە لەو بارەیەوە واشمانلێدەكات لە هەندێك شوێن، لەڕێگای قسەكردن لەسەر دانایی، قسە لە چێژ، ئازادی، ڕەوشت، مەرگ بكەین (ئەوەیان لەبەشی 18 دێینەوەسەری). بەبۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل فەلسەفە مەیلی بۆ دانایی هەیە، واتە مەیل بەرەو ژیانێكی زۆرتر ڕوون، پتر ژیر، ئازاد و بەختەوەر. فەلسەفە پەیوەندی بە بیركردنەوەی باشتر و باشتركردنی ژیانەوە هەیە. بۆیە دەپرسین دانایی چییە؟ دانایی بریتییە لە ئەوپەڕی بەختەوەریی لە ئەوپەڕی ڕوونیدا. غەمێكی ڕاستەقینە باشترە لە خۆشیەكی درۆ. هیچ شتێكیش لە خۆشیەكی ڕاستەقینە خۆشتر نییە. هەر ئەوەشە ڕاستی خۆشەویستی(سپینوزا) و خۆشەویستی ڕاستەقینە. هاوکات کە دانایی ناشێت لە تەندروستی دا پووختبكرێتەوە پزیشكی دێتەگۆڕێ، موخابن گشت پزیشكیش لە تەندروستیدا چڕناكرێتەوە. لەكوێی پزیشكیدا بەدوای دانایی دا بگەڕێین؟ مەگەر ئێپیكتێتۆسEpictetus وتەنی”” قوتابخانەی فەیلەسوف عیادە (کلینیک) ی پزیشك””نییە! لە دانایی پزیشك و دانایی فەیلەسوف چی بەرهەمدێت؟ دانا پێویستی بە فەلسەفەكردن نییە، ئەمە بەپێی كۆنت-سپۆنڤیل، ئەی پزیشك ئەو پێویستییەی نییە؟

پەیكەربەندی ناو دانایی

پێش ئەوەی بێینەسەر باسی”پزیشكی پێویستی بە فەلسەفە هەیە؟” بەپێویستی دەزانین جیاوازی لەنێوان دانایی (‌حیکمەت) Wisdom و فەلسەفە دا بكەین. تێگەیشتن لە دانایی لە ڕوانگەی فەلسەفی ئاندرێ كۆنت–سپۆنڤیلەوە وامانلێدەكات لە ڕەچەڵەكی وشەی فەلسەفە بەئاگابین. دانایی كە بابەتێكی گەرمی فەلسەفییە و مشتومڕی قووڵی فەلسەفیشی لە مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا لەبارەوەكراوە لە پەرتووكی””خستنەڕووی فەلسەفە””ی ئەم بیرمەندە فەرەنسییە شیاوی بۆ پەردە هەڵماڵین لەسەر ئەو جۆرە پرسیارە هزرییانە دەدۆزرێتەوە كە فەیلەسوفە هاوسەردەمەكانی كاریان لەسەر نەكردووە. وشەی فەلسەفە philosophia لە لێكسیكۆنی یۆنانی پێكهاتەیەكی دیاریكراوی خۆی هەیە كە بەمانای خۆشەویستی بۆ دانایی دێت. ئەدی دانایی چییە؟ مەبەستلێی زانینە؟ جا بێت و بابەتەكە بەم شێوەیە بێت دانایی ئەوەیە كە لە یۆنانی بە Sophia و لە لاتین بە sapientia دێت. ئەمەش زۆربەی فەیلەسوفە مەزنەكان لە هێراكلێتسەوە بەو جۆرە ناوزەدیانكردووە. دانایی بۆ ئەفلاتون، سپینوزا ،ستۆیستەكان، دێكارت، كانت، ئێپیكۆر، هەمیشە بە هزر، ژیری و زانینەوە لكاوە. بەشێوازێكی تر، دانایی هەردەم بە جۆرێك لە زانینەوە گرێدراوبووە كە هیچ زانستێك ناتوانێت ڕاستەقینەییەكەی بسەڵمێنێت یان هیچ ئەزموونگایەك ناكارێت تێستیبكات. ئەمەش لەبەرئەوەی كە دانایی جۆرە زانینێكی پراكتیكییە نەك تێۆری، بە ژیانەوە پابەندە نەك بە زانستەوە. زۆرجاریش یۆنانیە كۆنەكان دانایی تێۆری یان تێڕامانیان Sophia لەگەڵ دانایی پراكتیكیدا phronesis هاوشانی یەكدیكردووە، لەكاتێكا كە تێڕامانی ڕاستەقینە(خودی دانایی) بریتییە لە كۆكردنەوەی هەردوو لایەنەكە.
لەو گفتووگۆیەی كۆنت–سپۆنڤیل تایبەت بە چییەتی دانایی وەگەڕیدەخات بە پاڵپشتی بۆچوونێكی ئەریستۆ پێداگیری لەو بینینە دەكات كە دانایی نە زانستە و نە تەكنیك. شتێكیشە كەمتر پشت بە ڕاستەقینەیی دەبەستێت و زۆرتر بریتییە لەو شتەی كە باشە بۆ خودی خۆ و بۆ ئەویتریش. كەوابێت دەشێت بوترێت: دانایی زانینە؟ گومانیناوێت كە دانایی، بە قسەی كۆنت–سپۆنڤیل، زانینە. ئەڵبەتە زانینی ئەوەی كە چۆن بژیین. ئەمەشە كە دانایی لە فەلسەفە جیادەكاتەوە، بەزۆریش بە مانای چۆنیەتی بیركردنەوە دێت، بەڵام فەلسەفە هیچ مانایەكی نییە تا لە دانایی نزیكنەبێتەوە. بەنزیکبوونەوەی فەلسەفە لە دانایی مانا بۆخۆی پەیدادەکات. ئەمەش پەیوەندی بەوەوەیە كە باش بیرکردنەوە باش ژیان دەگەێنێت. ئەمەش وادەكات فەلسەفەبكەین. مۆنتاین Michel de Montaigne وتەنی فەلسەفە ئەو زانینەیە كە بۆ ژیان ئامادەمان دەكات. هەر ئەمەشە كە بیرمانچۆتەوە. لەبەر ئەوەش كە دانا نیین زۆرترین پێویستیمان بە فەلسەفەكردن هەیە. بەبۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل دانا پێویستی بە فەلسەفەکردن نییە. دانایی ئامانجە و فەلسەفەش ئەو ڕێگایەیە كە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە دەگیرێتەبەر. بۆئەوەی فێربین چۆن بژیین دەبێت فریای ئەو ژیان تێژیانە بكەوین. لێرەوە قسەكانی مۆنتاین زۆرتر كاریگەر دەبن و ،كۆنت–سپۆنڤیل ئەو فریاكەوتنە بەوە ڕووندەكاتەوە كە پێوستمان بە فێربوونی ژیانە پێش ئەوەی دواكەوین. فێربوونی مردنیش لە تەك فێربوونی ژیان دادەنێت. چ ژیان و چ مردن ، بەپێی مۆنتاین، پێویستی بە فێربوونە. مانادارە لێرە ئەو قسەیەی مۆنتاین بە نموونە بهێنینەوە كە دەڵێت: تۆ نامریت لەبەرئەوەی نەخۆشیت، لەبەرئەوەی كە دەژیت. بۆیە فەلسەفە لەم حاڵەتەدا پەناگایە. كۆنت–سپۆنڤیل بە پێچەوانەی مۆنتاین پێیوایە فەلسەفە بەبێ جیاوازی بۆ گشت تەمەنێك پێویستە. بەلاشیەوە سەیرە ئەوانەی دەیانەوێت فێری ماتماتیك، فیزیا، مێژوو و ئاوازی موزیكی بن یان ئەوانەی دەبنە پزیشك و ئەندازیار، لە فێربوونی فەلسەفە دووردەخرێنەوە و فەلسەفەش ناخرێتە پرۆگرامی خوێندنیانەوە. قسەكانی كۆنت–سپۆنڤیل بۆپەرەپێدانە بەو تێگەیشتنە مۆنتاینیەی كە پێویستە فەلسەفەبكەین پێش درەنگكەوتنمان. كەوابێت فەلسەفەكردن كاتی خۆی هەیە و مەرجە ئەو كاتە بدۆزینەوە و فریای فەلسەفەكردنەكەمان بكەوین. فەلسەفەكردنەكەمان مایەی بەختەوەربوونیشمانە. لێرە ئەم فەیلەسوفە فەرەنسییە فەلسەفەكردن بە ژیانژیانێكی ئازاد و بەختەوەرەوە گرێدەداتەوە. كۆنت–سپۆنڤیل لەڕێگای سپینوزا و مۆنتاین و بیریارە گەورەكانی ڕۆشنگەریشەوە هانماندەدات لە بەدەستهێنانی دانایی بوێربین، پێویستیشناكات زیادلەپێویست چاوەڕوانبین تا بە بەختەوەری بگەین. با زوو پێیبگەین. هەمیشە كات بۆ فەلسەفەكردن شیاوە (ئێپیكۆر).
لەوەی لایسەرەوە ئەوە حاڵیدەبین، گەیشتن بە دانایی ناشێت دواخەین. كۆنت–سپۆنڤیل دەپرسێت ئەوە كامە داناییە كە مەبەستە زوو پێیبگەین؟ ئایا دانایی چێژە، ئەوەی ئپێیكۆر Epicurus باسیدەكرد؟ یان دانایی ویستە ،ئەوەی ستۆیکستەكان(مەبەست فەلسەفەی Stoicismە) قسەیان تیاكردووە؟ یاخود دانایی گومانە،كە گومانخوازەكان جەختیانلێكردووە؟ یان دانایی زانین و خۆشەویستیە، ئەوەی سپینوزا باسیكردووە؟ یاخود دانایی ئەرك و هیوایە، هەروەك كانت گرنگیداوەتێ؟ ئەم لایەنانە جیاوازی بینینی فەلسەفە بۆ گەیشتن بە دانایی نیشاندەدەن. دانایی هەر چۆنێك بێت زۆربەی فەیلەسوفانی والێكردووە لەسەر ئەوە كۆكبن كە دانایی پەیوەندی بە جۆرێك لە بەختەوەری، دڵنیایی یان ئاشتیەكی ناوەكییەوە هەیە. دانایی جیایە لە غەم، دەبەنگی و ئازار كە مرۆڤ پێویستی پێیان نییە. لێرەوە دەشێت ئەوە بوترێت كە فەلسەفەكردن فریادڕەسە و هەنگاویشە بۆ دوركەوتنەوە لە غەم، دەبەنگی و ئازار، كە هەرهەموو ئەوانە هێرشنبەرن بۆسەر خۆشی و دڵنیایی مرۆڤ. ئەوەی كە لەگەڵ داناییدا یەكناگرێتەوە و خۆی وەك كۆسپێك لەبەردەم داناییا نیشاندەدات گەوجییە (دەبەنگیی). باشە ژیانی مرۆڤ چ پێویستیەكی بە داناییە كە تەمەن كورت بێت و كات زۆر بەدەستەوە نەبێت؟ شەڕی نێوان ژیری و دەبەنگی بە قازانجی كام لا لە ژیانی مرۆڤا تەواودەبێت؟ كۆنت–سپۆنڤیل فەلسەفەكردن دەكاتە هیوایەك بۆ دەربازبوون لە دژواری و نادڵنیاییەكانی ژیان، عەقڵگەرایش بێ بەهادەكات گەر نەكارێت ژیانمان ڕوناکبكات و لە دەبەنگی بەدورمانخات. عەقڵ قورسای خۆی هەیە، بێعەقڵییەكی زۆریش لە ژیانی زانایان و فەیلەسوفان بەدیدەكرێت. بۆیە بیركردنەوە باشترین چارەسەرە، بیركردنەوە لەوەی كە خراپ و لانەواز نەژیین. لەم ڕێیەوە كۆنت–سپۆنڤیل پەی بۆ ئەوە دەبات چ دانایی و چ فەلسەفە شتگەلێكی تایبەتن و پەیوەندیان بە خودی، تایبەتمەندی، كەسەكەوە هەیە. نە دانایی بە خاوێنسازی دەزانێت و نەش فەلسەفە بە ئاین و بە ڕەوشت دەزانێت. ئەوەی زێدە گرنگە ئەوەیە کە مرۆڤ دەستبەرداری ئازادی، ئاگای و بەختەوەری خۆی نەبێت.
پرسیارە گرنگەكە لێرە ئەمەیە: چۆن ئەم ژیانە بژێین؟ ئەمە ئەو پرسیارەشە كە هەمیشە ڕووبەڕووی فەلسەفە بووەتەوە. پێدەچێت وەڵامەكە دانایی بێت، بەڵام داناییەكی بەرجەستە، ژیاندۆست و پراكتیكی. دانایی داوامانلێدەكات پتر پراكتیكی بین. لێرە كۆنت–سپۆنڤیل بۆ وتنێكی كامۆ (چاترە بوترێت کامی) Albert Camus و كاڤایێس Jean Cavaillès دەگەڕێتەوە: بۆئەوەی واقیع بگۆڕین پێویستمان بەوەیە مامەڵە لەتەك ئەو واقیعە دا بكەین كە دەیكۆڕین. دانایی بەمجۆرە بێت یۆتۆپیا نییە. خەونی دانایی نزیكبوونەوەیە لە ڕاستی و پراكتیك. واتە دانایی داوامانلێدەكات وڕێناوی نەبین و زۆرتر كار بۆ گۆڕین بكەین.
كەمبایەخ نییە ئەوەش بڵێین كە كۆنت–سپۆنڤیل لە ڕێگای پرسیاری دانایی چییە؟ گرینگی ئەم بابەتە لەناو فەلسەفە بەئەندازەیەك دەخاتەڕوو، كە ناشێت بە چەمكگەلێكی وەك بەختەوەری، ژیری، ئازادی و خۆشەویستیەوە نەبەستێتەوە. دانایی دەكات بە ژیانێكی بەختەوەر لەناو ژیانێكی ڕوونا. تەنانەت فەلسەفەكردنیش كۆششێكە بۆ چاكتركردنی ئەو ژیانە بەختەوەرە. فەلسەفەكردن چەنەبازی و شەڕە زاراوە نییە، گەڕانە بەدوای خۆشی ژیانا. خودی دانایش ئامانجە، ئامانج بۆ ژیانێكی بەختەوەر. چۆنیەتی بیركردنەوە و چۆنیەتی خۆشەویستیكردن داوامانلێدەكات لە فێربوون بگەین. بۆئەوەی بەختەوەربین پێویستە فێربین بیربكەینەوە و فێربین خۆشەویستیبكەین. ئەمەشە فەلسەفەكردن كە هەنگاوە بۆ ئامانجە گەورەكە كە داناییە. لێرەوە ڕێگای تەندروستی دەگرینەبەر. تەندروستی لەخۆیەوە دروستنابێت. تەندروستی باش پێویستی بە تێژیانی باش، بەختەوەری ڕاستەقینە هەیە. نكوڵیناوێت كە پێگەی تەندروستی لە ژیانی بەختەوەریدا ونناكرێت و تامی لە ژیانا دەمێنێتەوە.

پزیشكی پێویستی بە فەلسەفە هەیە؟

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا بابەتی پزیشكی هاتە نێو گفتوگۆكان و پزیشك وەك زۆرترین قسەكەر ڕۆژانە دەركەوت. لایسەرەوە لە ڕوانگەی ئاندرێ كۆنت–سپۆنڤیلەوە ئەوە ڕاڤەكرا كە دانایی چییە و لە چ پەیوەندیەكیشدایە لەتەك فەلسەفە و دواتر لەتەك تامی ژیان و بەختەوەریدا. لێرەوە ئاقاری وتنەكانمان بە شێوازێكی دی دیزایندەكەین. گفتوگۆی بابەتی پزیشكی و فەلسەفە، پزیشك و فەیلەسوف بەجۆرێك دەجوڵێنین كە ئاسۆ لەبەردەم ئەو جۆرە پرسیارە هزریانەدا بكەنەوە كە تاكی ئێمە لە ئێستادا پێویستیەتی. گفتوگۆی ئەوەی كە پزیشكی پێویستی بە فەلسەفەیە، ئەم باسە لە كۆنت–سپۆنڤیلەوە دەستپێناكات و گفتوگۆیەكی دێرینی فەلسەفی لەو بارەوە لەئارادیە. دەستپێكە یۆنانییەكەی بۆ هیپۆكراتێس Hippocrates دەگەڕێتەوە كە بە باوكی پزیشكی دێتەناساندن. بەپێی ئەوەی لێرە قسەمان لە ئاندرێ كۆنت–سپۆنڤیلە، كە لە هەنووكەدا بەشێكە لە فۆڕمی بیركردنەوەكانی فەلسەفەی هاوچەرخی فەرەنسی یان یەكێكە لە بەرهەمهێنەرانی فۆرمی بیركردنەوە لەناو فەلسەفەی هاوچەرخی فەرەنسی، بەپێویستی دەزانین لەو بارەیەوە وتنەكانی بخەینە بەرباسی فەلسەفییەوە. ئەمە وادەكات بڵێین فەلسەفەكردن بۆ ئەم فەیلەسوفە فەرەنسیە بژاردەیە لەبەردەم ئازادی ژیان و گوزارەكردن لە بۆچوونی خۆی. لە لێدوانێك كە ژێرار ئۆستێرمانGérard Ostermann، پرۆفیسۆر لە سیكۆتێراپی (چارەسەرسازیدەروونی Psychotherapy ) ، لەتەك كۆنت–سپۆنڤیل لە “گۆڤاری سایكۆمیدیا” ئەنجامیداوە دەبینین كۆنت–سپۆنڤیل ئاماژە بەوە دەكات كە، فەیلەسوف توانای عەقڵی خۆی بۆ گەیشتن بە جۆرێك لە دانایی بەكاردەهێنێت. هەر ئەو داناییەشە كە ژیانێكی ئازاد و بەختەوەر بۆ فەیلەسوف دابیندەكات. بەمە فەیلەسوفبوون تەقەلایەكە بۆ بیركردنەوە لە ژیانی خۆت و لە بیری خۆت. ئەم بیركردنەوەیە لە ژیانی خۆت، بۆ كۆنت–سپۆنڤیل، بە مانای نقووبوون لە جیهان، لە كۆمەڵگە و لە مێژوو دێت. ئەمەش خۆشی و شادیهێنەرە. ئەم خۆشی و شادییە ئەو داناییە دەیهێنێت كە فەیلەسوف لەڕێگای بیركردنەوەوە پێیدەگات. هیچ شتێكی تر ( نە مادەیهۆشبەر نە كڕینی فیلایەك) جگەلە دانایی ناكارێت ئەم بەختەوەرییە دابینبكات.
نیچە پێماندەڵێت گشت فەیلەسوفێك شتێكی لە پزیشكی تێدایە و پێچەوانەكەشی هەر ڕاستە. فەیلەسوف پزیشکی شارستانییە (نیچە). كۆنت–سپۆنڤیل وایبۆدەچێت كە گشت یۆنانییە كۆنەكان باوەڕیان بەمە هەبووە. یەك لەو فەیلەسوفانەش كە داكۆكی لەمە كردووە ئێپیكۆری ئازیزە. بەپێی ئێپیكۆر””لاوێك هەروەك پیرێك دەتوانێت دەست بە فەلسەفە بكات. بۆهیچ یەكێكیان درەنگ نییە رۆحی خۆی تەندروستبكات””. بەواتایەكیتر، هەرگیز زوو یان درەنگ نییە بۆ فەلسەفەكردن، لەبەرئەوە هیچكات زوو یاخود درەنگ نییە بۆ خۆتیماركردن. تەمەن مانای بۆ پزیشكی نییە، ئەوەش پزیشكی مناڵان (Pediatrics) و پیرناسەكان (Gerontology) چاك دەیزانن. لەبەر هەمان هۆكار تەمەن بۆ فەلسەفەش بوونی نییە. كۆنت–سپۆنڤیل لەمڕوەوە جەخت لەوە دەكات كە تەمەن نە بۆ پزیشكی و نە بۆ فەلسەفە مانای نییە. بەڵێ ئەمە تاڕادەیەك ڕاستە كە تەمەن بۆ سوودوەرگرتن لە فەلسەفە یان پزیشكی مانای نییە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیێنێت كە مرۆڤ هەچكات ویستی دەبێتە پزیشك. مرۆڤ دەكرێت لە هەچ تەمەنێكدا بێت نەخۆشبكەوێت و فەلسەفەش بكات. كۆنت–سپۆنڤیل وتەنی ڕاستییەك لێرە هەیە كە دەبێت بوترێت: ئەم هاوشێوەكردنەی نێوان فەلسەفە و پزیشكی هەڵەیەكی تیایە. بۆ یۆنانیە كۆنەكان فەلسەفە پزیشكیی بووە، بۆ ئێمەی سەردەم پزیشکی پتر لەوە خۆی دەردەخات. ئەڵبەتە لەبەر سێ هۆكار: هۆكاری یەکەم ئەوەیە كە ماوەیەکی زۆر، بەتایبەت لە سەدەی 19 (لە فەرەنسا لەسەر دەستی François Magendie و Claude Bernard) دواتر لە سەدەی 20 دەبینین کە پزیشكی بووەتە زانست، یان هەروەك كۆنگویلێم Canguilhem دەڵێت بووە تەكنیك، یان هونەری یەكگرتنەوەی زانستە جیاكان. پزیشكی لەبەر جەوهەرەكەی بووە زانست هەرچی فەلسەفەیە ناتوانێت ببێت بەوە. ئەمەش وادەكات ئەو ئایدیایە پەسەندنەكرێت کە فەلسەفە دەکاتە پزیشكی. تەنانەت نابێتە پزیشكی ڕۆحیش. هۆكاری دووەم كە وادەكات لە ئەمڕۆدا بیر لەوە نەكەینەوە فەلسەفە دەرمانی ڕۆحە ئەوەیە كە تەندروستی ڕۆح، لەگەڵ كاتدا، چارەسەركەر (thérapeute- therapist ) ێكی بۆخۆی دۆزیوەتەوە كە فەیلسوف نییە، بەڵكو پزیشكیدەروونی و سایكۆتێراپیۆت (چارەسەركەریدەروونی ((psycotherapist- psychothérapeute) ە. هەر لەبەرئەوەی پزیشك هەیە ناتوانین تەندروستی ڕۆحی بكەینە ئامانجی فەلسەفە. دوا هۆكار ئەوەیە کە ناتوانین ئەو ئایدیایە پەسەندبكەین كە فەلسەفە پزیشكی ڕۆحە. بەپێی تێگەیشتنی كۆنت–سپۆنڤیل ئێمە بەلانی كەمەوە لەم خاڵەدا(بەهۆی گەشەی پزیشكی، دەروونناسی و پزیشكی دەروونیەوە) لە یۆنانییە كۆنەكان ڕوونترین: ئێمە دەزانین كە دانایی ناشێت لە تەندروستی دا پووختبكرێتەوە. لێرەوە كۆنت–سپۆنڤیل دەپرسێت: دانایی چییە؟ دانایی هونەری ژیانە بە بەختەوەرییەوە یان بەختەوەری و هێمنییە لە ڕاستییدا. ئەم بەختەوەرییە لە تەندروستیدا پووختناكرێتەوە. واتە دانایی توانای ژیانە بەجۆرێكی كاریگەر لە جیهانێكی ڕاستەقینەدا. بۆ فەیلەسوف، بەبۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل، بیركردنەوە لە ساناكردنی ژیان و لە زیاد لەپێویست خۆشگوزەرانكردن ئامانج نییە، ئامانج بیركردنەوەیە لەوەی کە ڕاستە. لە دیدی عەقڵ و فەلسەفەوە ئەو ڕاستییەی دەمانكوژێت لە درۆیەك باشترە كە ژیان دروستدەكات. ئەو ڕاستیەی ئازار دەهێنێت چاترە لەو وڕێنەیەی باشە دەهێنێت. ڕەنگە ئێوە پێتانوابێت ئەمە بۆ پزیشك بەو جۆرە نییە (لێرە قسەكەی كۆنت–سپۆنڤیل ئاڕاستەی ژێرار ئۆستێرمان دەكرێت كە لە چارەسەرسازیدەروونی دا پرۆفیسۆرە). كۆنت–سپۆنڤیل بەم پسپۆرە دەڵێت: تۆ لە هەقیقەتی نەخۆشەكانت بەرپرسیار نیت، لە تەندروستی نەخۆشەكانت بەرپرسیاریت. گەر باوەڕیشمان بە ئازادی عەقڵ هەبێت ئەوا بیر لەوە ناكەینەوە باش چییە، بیردەكەینەوە بەپێی پێوانە بۆ ئەو ئایدیای ڕاستییەی دەدرێت (سپینوزا) یان شیاوە (مۆنتاین).
لەسەر بنەمای وتنەكانی كۆنت–سپۆنڤیل زۆربەی فەیلەسوفە هاوسەردەمەكانی خۆی باوەڕیان بەوەیە فەلسەفە دەرمان نییە، بەڵام پێشیانوایە پزیشكی دەتوانێت فەلسەفەیەكی نایاب دروستبكات. فەلسەفە شتە پێویستەكەیە کەچی ئامانجی سەرەكی فەلسەفە داناییە، واتە بەختەوەری و ئارامی. ئەوەتا نەخۆش بە دكتۆر دەڵێت: “دكتۆر من غەمبار، ماندوو و ڕاڕام: دەتوانن شتێكمبدەنێ تا پێیچاكببمەوە؟” كۆنت–سپۆنڤیل لەوە تێدەگات كە خەمۆكی جارجارە بكوژە، چونكە دایكی بەوە مردووە، وەكیتریش چارەسەری خەمۆكی لەئێستادا ڕوو لە باشییە. ئەم بیرمەندە گومانناكات كە ڕاڕایی، غەم و ماندوبوون هەن. لەوەش حاڵییە بەدبەختی، غەم، بێزاری و ڕاڕایی نەخۆشی نیین. ئاساییە جارجارە ڕاڕا و ماندوو و عەمباربین. گشت ئەمانەش بەشێكن لە مرۆییبوونمان. بەپێی ئەوەی مرۆڤایەتی ناساغی نییە ئیدی ناچێتە سایەی پزیشكییەوە. بۆ كۆنت–سپۆنڤیل كێشەكە لەوەدایە ئێمە پزیشكی دەسەپێنین بەسەر ژیانمان و بگرە بەسەر گشت كۆمەڵگەكەشمان. گازندەی شارستانی نوێش دەكات کە بایەخێکی زۆر بە تەندروستی دەدات و پزیشكیش گەورە دەکات. ئەم شارستانیە دەیەوێت بەختەوەری بكاتە دوا ئامانجی تەندروستی لەكاتێكا پێشتر بەختەوەری باڵاترین بەها بووە. هەموو ئەمانە لەژێرسایەی پان- پزیشكیگەرایی pan-médicalisme دا ڕوودەدات، كە هەموو شتێك بریتییە لە پزیشكی و تەندروستیش دوا ئامانجە. كۆنت–سپۆنڤیل پیشەی پزیشكی بە بەرپەسیار دەزانێت لە سەرهەڵدانی دیاردەی پان-پزیشكیگەرایی. لەم ڕوەوە دەگەڕێتەوە بۆ پێناسەی تەندروستی بەپێی تێگەیشتنی”ڕێكخراوی جیهانی تەندروستی”: تەندروستی نەبوونی نەخۆشی یان لاوازی نییە، تەندروستی بوونی حاڵەتێكە لە باشگوزەرانی جەستەیی، عەقڵیی و كۆمەڵایەتی. جاگەر وابێت سێ میلیۆنێك هاوڵاتی بێكار و مەحروم هەن كە پێویستیان بە دەرمانە. ئەم چەند میلیۆنە لە باشگوزەرانی جەستەیی، عەقڵیی و كۆمەڵایەتیدان، بەڵام بێكار و فەرامۆشكراون. بۆیە كۆنت–سپۆنڤیل لەم پێناسەیەی”ڕێكخراوی جیهانی تەندروستی”ناكۆكییەك بەدیدەكات. بۆیە دەبێت بپرسین پاتۆلۆژی Pathology چییە؟ ئەمە شتێكە ،كۆنت–سپۆنڤیل وتەنی، مرۆڤ واهەستدەكات حاڵی باش نییە یان ناتوانێت بە كارەكانی هەستێت. لەسەر بناغەی تێگەیشتنەکانی ژۆرژ كۆنگویلێم Georges Canguilhem نەخۆش ناكارێت ژیانی ئاسای خۆی بژیت و كارەكانیشی پەكدەكەون. جیاوازی نۆرماڵ و نانۆرماڵیش ئەوەیە كە نۆرماڵ هەستدەكات باشە و ئێشی لە هیچ شوێنێك نییە. هەرچی پاتۆلۆژییە واتە بوونی ئێش لە شوێنێك دا. كەسەكە هەست بە ناساغی و پەككەوتووی دەكات. ئەمە بەو مانایەش دێت كە پاتۆلۆژی ناوەكەی بەخۆیەوەیەتی. لە یۆنانیدا بە پاتۆس (سۆز) دێت ،بە واتای ئەوەی دەیچێژین و پیایتێدەپەڕین، جا ئەوە بەدبەختی بێت یان ناخۆشی. لێرەوە ڕەنج بەباچوون دەبێتە ئێش و بەدبەختیش خۆی وەك نەخۆشی نیشاندەدات. لە پزیشكیشا نۆرمالبوون Normality بە واتای ئاسایبوون دێت، شتێك كە لادان بەم لا و بەولا ناناسێت و ڕیشەی وشەكەش لە وشەی “نۆرم” ی لاتینیە ەوە دێت. هەرچی نانۆرماڵبوون Abnormalityە بەمانای نائاسایبوون دێت، بۆ ڕیشەی وشەی omalos ی یۆنانی دەگەڕێتەوە كە بەمانای یەكسان، یەكانگیر و نەرم دێت. كەچی (an omalos شاز، نانۆرماڵ)- مانای وشەكە بۆ ناڕێك، نایەكانگیر و زبر ( كۆنگویلێم) دەگۆڕێت. لێرە كۆنت–سپۆنڤیل بە پشتبەستن بە بۆچوونە پاتۆلۆژییەكانی كۆنگویلێم قسەلە قەڵەوی دەکات کە ماوەیەك لە ئەمەریكا ،لەناو هەژار و ڕەشپێستەكانا، شازێكی ئاماری نەبووە. لە دیدی پزیشكییەوە ئەمە نۆرماڵنەكراوە. بەپێی پێوانە ئامارییەكان بێت كاتێك هەموو تووشی قەڵەوی دەبن(ئەمڕۆ زەعیفی شازێكی ئامارییە) شتەكە ئاسای بووەتەوە لەكاتێكا قەڵەوی حاڵەتێكی ناساغییە(پاتۆلۆژییە). نۆرماڵ واتایەكی ئاماری و ئاشتیئامێز نییە، واتایەكی دینامیكی و وروژێنەرە. لەبەرئەوەی ژیان دینامیكییە ئەمە وادەكات هەموو دەرمانێك وروژێنەر(پۆلیمیك ،جەنگ، پێكدادان) بێت، ئەمە بەتایبەت كە دەرمان لەتەك نەخۆشیا دەجەنگێت. هەر ئەمەش شتێكمان لەسەر پیشەی پزیشكەكان پێدەڵێت، بە پزیشكەدەروونیەكانیشەوە، كە لەگەڵ حاڵەتە ناساغەكانا مامەڵەدەكەن نەك ئەو حاڵەتانەی دەگمەنێكی ئامارییە یان شۆكێكی كۆمەڵایەتین! لەبەرئەوە پزیشكی بۆ ئەوە هەیە کە چارەسەر بدات. كۆنگویلێم وتەنی نەخۆشی ئاستێكی ژیانە. شتێكی ئاساییە. لەبەرامبەر ئەوە تەندروستی شتێكی كاتییە. مەترسی نەخۆشیش یەكێكە لە ناواخنەكانی تەندروستی. بۆیە كۆنت–سپۆنڤیل سەبارەت بەم لایەنە بۆ گوزارە دەگمەنەکەی مۆنتاین دەگەڕێتەوە: “”تۆ نامریت لەبەرئەوەی نەخۆشیت، دەمریت لەبەرئەوەی لە ژیاندایت””.
بەبۆچوونی كۆنت–سپۆنڤیل فەلسەفە پێش هەموو شتێك دیسپلینێكی ئەكادێمی نییە، حاڵەتێكی مرۆییە. بۆیە پزیشكەكان وەك هەموو مرۆڤێك پێویستیان بە فەلسەفەكردنە. پزیشكەكان لە دیدی ڕەوشتییەوە پێویستیان بە فەلسەفەكردنە، ئەمە بەسەر هەموو پیشەیەكدا پەیڕەوناكرێت. پزیشكەكان بەپێی پسپۆرییان ڕوبەڕووی زۆرترین سەختی دەبنەوە: ناخۆشی، نەخۆشی، مەرگ، ئەمەش واتە پزیشكی پیشەیەكی تراژیدییە. سەختییەكانیش هەر ئەوانە نیین. پزیشكەكان لەگەڵ ئەویتر ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە. بۆ؟ لەبەرئەوەی خود بابەتی پزیشكییە، هاوکات پیشەی پزیشكی ڕەوشتییە. پزیشکەکان لەگەڵ خۆشیانا ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە. باشە بۆ؟ لەبەرئەوەی پزیشکەکان پیشەیەكی گۆشەگیرئامێزیان هەیە. سەرئەنجام، كۆنت–سپۆنڤیل پێیوایە لەنێوان ئەمی فەیلەسوف و ئەویتری پزیشكدا، ئەمی فەیلەسوف پێویستی بەوە نییە ببێتە پزیشك، هەرچی ئەویتری پزیشكە پێویستی بەوەیە ببێتە فەیلەسوف، هیچ نەبێت لەبەر خاتری نەخۆشەكانی. تەنانەت كۆنت-سپۆنڤیل لە لێدوانێكی تردا باوەڕی وایە پزیشكی تەنیا بریتی نییە لە تەندروستی. پزیشكی شتێكی ئاڵۆز و دژوارە. واتە لە تەندروستی گەرورەترە. هەرچی داناییە ئەوە دەكەوێتە پاش تەندروستییەوە.

لە خەمۆكییەوە بۆ فەلسەفە

گومانی ناوێت كۆڤید-19 بەپێی قەبارەی خۆی خەمۆكی لەتەك خۆیڕا بۆهێناین و ئەوەش كرۆك و سیمای ژیانمانی گۆڕی. فەلسەفە كار لەسەر هاتنەدەرەوە لەم خەمۆكییە دەكات. فەلسەفە، كە هەڵوێستەكردنە بەرامبەر بە خودی خۆ و جیهانی دەرەوەی ئەم خودە، سازێنەر و بێداركەرەوەی ئەو پرسیارانەشە مانا بە ژیانمان دەدەن. چی مانا بە ژیانمان دەدات؟ ئازادی؟خۆشەویستی؟بەختەوەری؟ هەموو ئەمانە باشەن و فریادڕەسیشن. لەم سۆنگەیەوە بەوە دەگەین كە هاتنەدەرەوەمان لە خەمۆكی ئیشی فەلسەفەیە. ئیشی فەلسەفە كاركردن لەسەر ڕۆحمان و دەربازبوونمان لە دۆخە چەقبەستووەكان. ئاشنابوونیش بە فەلسەفەی ئێپیكۆر Epicurus سەرەتای دابڕانمانە لە خەمۆكی. ئەمەش بەجۆرێك لە جۆرەكان كۆنت-سپۆنڤیل تامیكردووە. تامی فەلسەفەی ئێپیكۆر تایبەتمەندی خۆی هەیە. ئەم تامە شیفایە، شیفا دەرمانە. فەلسەفە دەرمانی هاتنەدەرەوەیە لە ناساغی. ئپێیكۆر بۆ زۆرێك لە بیریارانی ڕۆژئاوا پەناگای بەختەوەرییە، كانیاوی چێژ و خۆشییە. ساردی خەمۆكی فەیلەسوف لەناو گەرمایی فەلسەفەی ئپێیكۆر دەتوێتەوە. هزری ئێپیكۆر دەرمانی ڕاڕایی و پەشێوی ڕۆحە.
ئەو قسانەی لایسەرەوە لەسەر ئەو بناغەیە پەسەنددەكەین كە كۆنت-سپۆنڤیل ئەو فەیلەسوفە فەرەنسییەیە لە خەمۆكی ژیانەوە، لە خەمۆكی ناو خێزانەوە (مردنی دایكی بە خەمۆكی) بەرەو فەلسەفە هاتووە. بەمە كۆنت-سپۆنڤیل كاری بۆئەوە كردووە لەناو فەلسەفەدا هێزی بیركردنەوەی خۆی بخاتە خزمەتی لاوازییەكانیەوە، ئەو لاوازییانەی لە ژیانیا هەیبووە. لەكۆتایشا خۆشەویستی بۆ ژیانی گۆڕیوە بۆ كردەیەك لە فەلسەفەكردن كە ئەوەش لەگەڵ زەبری ژیانا ڕووبەڕوویکردۆتەوە. ئەمە وادەکات ئەم فەیلەسوفە بڵێت: لەئێستادا لە ڕۆژئاوا گەڕانەوەیەك بۆ فەلسەفە لە ئارادایە كە هۆیەكەی بۆ زۆر شت دەگەڕێتەوە لەوانە: فەلسەفەكردن واتە خوڵقاندنی وەڵام بۆ پرسیارە بێ وەڵامەكان، پاشەكشەی ئێدیۆلۆژیا و ئاینەكان، حەماسی خەڵك بۆ فەلسەفە، كە ئەوەش لەم دواییە وەك شێوازێك لە نەشونمای كەسێتی خۆی دەردەخات. باشە فەلسەفە بەچی دەکارێت ئەوە بکات؟ كۆنت-سپۆنڤیل لە وەڵامی ئەم پرسیارە، كە پێشتریش لەگەڵ پزیشكێكی دەروونی (كریستۆف ئەندرێی) باسیكردووە، پێیباشترە مرۆڤ غەمبار بێت تا بە درۆ بەختەوەر بێت. هەرچی پزیشكە دەروونیەكەیە ،كۆنت-سپۆنڤیل وتەنی، كاری ئەوەیە وا لە نەخۆشەكانی بكات باش بن تەنانەت ئەگەر توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستیشیان نەبێت. ئەم لایەنە، واتە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستی ، بەپێی بۆچوونی كۆنت-سپۆنڤیل، بۆ فەیلەسوف گرنگی خۆی هەیە. فەیلەسوف ،بۆ كۆنت-سپۆنڤیل، كەسێك نییە خەریكی كاری باشە بێت، كاری دروستكردنی بیركردنەوەیە بەجۆرێكی زێدەباش. لەنێوان ڕاستی و بەختەوەرییشدا فەیلەسوفێكی وەك كۆنت-سپۆنڤیل ڕاستی هەڵدەبژێرێت، هەرچی پزیشكە دەروونیەكەیە، بە قسەی ئەم بیرمەندە، تەندروستی هەڵدەبژێرێت . لەم بارەیەوە ئەوەشمان بۆ دەگێڕێتەوە كە جارێكیان لە كۆتای ساڵی خوێندن خوێندكارێك پێیوتووە: پێش كۆرسەكەی تۆ بەختەوەرتربووم. ئەم قسەیە بۆ كۆنت-سپۆنڤیل كاریگەری خۆی هەبووە و ئەوەشی گەیاندووە كە فەلسەفە بەرچاوڕوونی بە مرۆڤەكان دەدات و ئاشناشیان دەكات بە ڕاستی بەس بەختەوەریانناكات. ئەمە دەشێت بەو مانایەش ڕاڤەبكرێت كە گەیشتن بە ڕاستی دەكرێت بۆ بەختەوەری بگۆڕدرێت. واتە ئەو ڕاستەیەی بەهۆی فەلسەفەوە پێیدەگەین بەختەوەری بەخشە.

————————————–
ژێردەر:
لە بەشی 18دا ئاماژە بە تێكڕای پەراوێز و سەرچاوەكان دەكەین.

————————————————-
بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تر، کلیکی ئێرەبکەن …….

Previous
Next