Skip to Content

نامەیەک بۆ هاوڕێی شاعیرم ( سەباح ڕەنجدەر ) … ناڵە حەسەن

نامەیەک بۆ هاوڕێی شاعیرم ( سەباح ڕەنجدەر ) … ناڵە حەسەن

Closed
by ئه‌یلول 13, 2020 General, Literature


سڵاو هاورێی ئازیز بە هیوام ئاسوودە و تەندروست بیت .
بەسەلیقەیەکی پڕ هەستەوە زێتر لەجارێک ، قەسیدەی ( تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین ) م خوێندەوە ، چێژی زۆری پێبەخشیم ، بە بڕوای من یەکێکە لە قەسیدە نایابەکانی تۆ ، دەقەکە زێتر فۆرمێکی درامی هەیە ، دەقێکی درێژ لەنێویدا کۆمەڵێک دەقیتری جودای لەخۆ گرتبێت ، وەک ئەوەی ڕۆمانێک چەند کاراکتەرێکی سەرەکی هەبێت و هەریەک لەو کاراکتەرانەش بە کۆمەڵێک ڕووداو دەورەدرابن .. لەم شێوە دەق و فۆرمانەدا کە زمان بە چڕی ئیشی لەسەر کرابێ و وشە و ڕستەکان لە پەیوەندییەکی توندوتۆڵدا بن ، کردنەوەی کۆد و هێماکان بۆ بەرجەستەبوونی خوێندنەوەیەک و دیاریکردنی ناوەڕۆکێک ڕەنگە کارێکی سانا نەبێت ، من نامەوێت لێرەدا باس لە پەیوەندی فۆرم و ناوەڕۆک بکەم بەڵام ، هەر ئەوەندە دەڵێم / لە هەموو دەقێکی شیعری ( ناوەڕۆک ) بوونێکی نادیاری هەیە ، لەڕێگای خوێندنەوە ئەو بوونە دەردەکەوێت ، دەرکەوتنەکانیش لە خوێنەرێکەوە بۆ خوێنەرێکیتر دەگۆڕێت ، لە دەقی ( تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین ) خوێنەر لە ڕێگەی هەندێک لە وشە و ڕستە و دەستەواژە شیعرییەکانەوە ، دوای ڕامان و قووڵبوونەوە دەتوانێ بڕێک لە کۆد و هێماکان بکاتەوە و ( ڕەنگە ) بە ناوەڕۆک و خویندنەوەیەک بگات . من بەشبەحاڵی خۆم / لەم دەقەدا زۆرێک لە ڕستە و دەستەواژەی شیعری جوانم خوێندەوە ، کە هەم چێژبەخش بوون هەم وەک و میتافۆر و هێما و وێنەی شیعری لە پشتیانەوە هەڵگری کۆمەڵێک گوتن و کێشمەکێش بوون ، بە تایبەت کێشمەکێشی نێوان ( ژیان و مردن ) . من لێرەدا ( هەندێک ) لەم ڕستە و دەستەواژە شیعرییانە دەنووسمەوە دواتر هێندەی بۆم بکرێت قسەیان لەسەر دەکەم .
_ لە شیعری ( ڕوخسار و شوێن )
دیکتاتۆر بەسەر خوانماندا پژمی
هیچ نیشانەیەکی خواردن نەما
گەڕاینەوە بەرسێبەری درەختی گۆڕستانەکان
_ مرۆڤ شاراوەو نهێنی درۆی ژیرە
نانی کردە تاشەبەرد
_ گۆڕیان بەتاڵکردین و ئێسکیان کردە قۆپچە
_ لە شیعری ( جێناوەکان ) :-
با بگەڕێینەوە دواوە هێز تووڕەیە لە سێوی کەوتوو
با بگەڕێینەوە دواوە باران خوێواوی لێدەچۆڕێ و
دەیکاتە هەڵم و دەبێتە تانەی چاوە
لە شیعری ( گەشەی ڕەنگ )
_ شۆڕش شەپڕە لێی داوە
ناتوانێ مەلە بکا
_ دیکتاتۆر ڕۆنی لەبن پێی شۆڕشگێڕدا
هەڵخلیسکاند بەرەو ڕووناکییەکی چرووک
_ لە شیعری ( ئاوازی چاوپێکەوتن )
سەرزەمین تەواو ماندووە
پێویستی بە چاوپێکەوتنی دەنووک و باڵە
_ لە شیعری ( بلیتی ژمارە بیست و هەشت )
هەناسە سواریت باڵندەیەکی هێڵکە شکاوی هەڵکورماوە
گوتم لە شاری شیعر دەژیم و هەناسەم نەرم و خۆشە
بە ئارەزووی خۆم لە بەهەشت ناچمە دەرە
_ لە شیعری ( بێڕەنگ )
ئەو ڕۆژەی مرۆڤ دروست بوو
بێڕەنگ هەموو رەنگەکانی دابووە دنیا
_ لە شیعری ( کاتی تایبەتی ڕووبار )
کلیل لە دەستی دیکتاتۆر بڕفێنن
بیخەینە گەنجینەی منداڵێک …!
زۆرنین ئەو دەقانەی کە / بەچەند دێرێکی شیعری دەتوانن تەعبیر لە تراژیدیایەکی گەورە یان ژیانێکی پڕ لە ئازار و مەرگەسات بکەن .. یان ڕەسمکردنی ئەو زەمەنەی مرۆڤەکان لەنێو شەوەزەنگێکی تاریک و لە گۆڕستانێکی گەورەدا هەناسە دەدەن . یان هەموو خەونە گەورەکان دەبن بە تۆزوغوباری دەم ڕەشەبا …! شاعیر لەو دەقەدا ڕۆحێکی تووڕە و ماندووە ، بێزار لە هەلومەرجێک کە دەتوانین بە بە هەلومەرجی مردنی خەونە جوانەکان ناوی ببەین ، ڕۆژگارێکە کە دیکتاتۆر خاوەن هەموو دەسەڵات و هێزێکی گەورە و ڕەهایە ، لەڕیگەی ئەم هێزەی دیکتاتۆرەوە هەموو پەیوەندییەکان و یاسا و ڕێساکان ناڕێک و ناتەندروست دەبن و جووڵە و ئاراستەکانی ژیان دەشێوێندرێ …! ، کە هیچ بەهاو حوڕمەتێک بۆ ئەویتر و مرۆڤ و بەها مرۆییەکان نامینێتەوە ، نیشتیمان دەبێتە گۆڕستانێکی گەورە ، شاعیر لە شیعری ( ڕوخسار و شوێن ) دا ، وێنەی ئەم نەهامەتیانەمان لە وێنەیەکی شیعری جوان و سەرکەوتوودا بۆ دەکێشێ و دەڵێ ، ( دیکتاتۆر بەسەر خوانماندا پژمی / هیچ نیشانەیەکی خواردن نەما / گەڕاینەوە بەرسێبەری درەختی گۆڕستانەکان ) ، دیکتاتۆر بێرەحمانە بەسەر خوانەکان دەپژمێ و دەڕشێتەوە ، خوانەکان پیس و ژەهراوی دەکات ، دواتر هیچ نیشانەیەکی خواردن نامێنێ و سفرەکان بەتاڵ و خاڵی دەبن ، مرۆڤەکانیش بە سکی برسییەوە لەبەر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان ڕۆژەکانی تەمەنییان دەژمێرن ، چونکە نان بۆتە ( تاشە بەردێکی گەورە …! ) . شاعیر لە دێرێکی تردا وێنەیەکی گەورەترمان بۆ دەکێشێ و دەڵێ ، ( گۆڕیان بە تاڵ کردین و ئێسکیان کردە قۆپچە .. ) ، ئەمە دێرە شیعرێکی تا بڵێی جوان و شیعرییە ، پڕ لە جووڵە و پڕ لە قسەیە ، واتە دیکتاتۆر لە ڕێگەی ئەو هێز و دەسەڵاتە ڕەهایەی کە هەیەتی ، وەک بازرگانێکی بێڕەحم نەک بەروبوومەکانی سەرزەوی بەڵکو چاوی بڕیوەتە ئەوانەی ژێر زەویش ، ئەوەتا گۆڕەکان بەتاڵ دەکەن و ئێسکەکان دەکەنە قۆپچە ، شاعیر لەم وەزعە ناڕازی و نائارامە ، چونکە لە خەیاڵی ئەو ، گۆرستان شایستە بە مرۆڤ نییە ، لە خەیاڵی ئەو ( پەپوولەکان دەمدەخەنە نێو دەمی یەکتری و کەمانجەژەنەکانیش سەمفۆنیای گوڵ و نان دەژەنن …! ) ، ئەو هەمیشە لە نێو خەیاڵە شیعرییەکانیدا ، خەون بە دنیایەکی جوانتر و باشتر دەبینێ ، لە نێو بیرکردنەوەکانی ئەودا ، مرۆڤ پیرۆزترین بوونەوەرە و شایستە بە هەموو خۆشییەک و سەروەرییەکە . ئەوەتا ڕوون و ئاشکرا لە شیعری ( بێڕەنگ ) دا ، پێمان دەڵێ / ( ئەو ڕۆژەی مرۆڤ دروست بوو / بێرەنگ هەموو ڕەنگەکانی دابووە دنیا ..! ) ، دەکرێت ( بێرەنگ ) هێما بێت بۆ خالقێک بەڵام ، خالقێکی نادیار ، لێرەدا سەروەری و بەهای مرۆڤمان بۆ ڕەسم دەکات ، شاعیر دەخوازێ ئەم ژیانە بگۆڕێت سەرزەمین و بەرسیبەر و ماڵەکان نەبنە گۆڕستان ، ( چونکە لای ئەو سەرزەمین تەواو ماندووە ، پێویستییان بە چاوپێکەوتنی دەنووک و باڵە ) ، ( دەنووک و باڵ ) هێمایە بۆ فڕین ، واتە جێهێشتنی ئەو سەرزەمینەی کە ماندووە و بۆتە گۆڕستانێکی گەورە ، واتە دەخوازێ ژیان بگەڕێتەوە باری ئاسایی و بەها و ڕێز و سەروەری بۆ مرۆڤەکان بگەڕیتەوە ، بەڵام گۆڕان بەچی دەکرێت ؟ ئەوە ئاشکرایە کە / هەموو گۆڕانێک چ ڕۆشنبیری بێت یان سیاسی یا کۆمەڵایەتی بێگومان بە ڕاسان و شۆڕش دەکرێت ، بەڵام هەیهات لێرەدا ( شۆڕش شەپڕە لێی داوە / ناتوانێ مەلە بکات …! ) ، چونکە ( دیکتاتۆر ڕۆنی لەبن پێی شۆڕشگێڕدا / هەڵخلیسکاند بەرەو ڕووناکییەکی چرووک …! ) واتە دیکتاتۆر ڕۆنی لەژێر پێی شۆڕشگێرەکان ڕۆکردووە و هەموویان خلیسکاون و کەوتوون ، بەمانای هەموویان / یان ئەوەتا لە خشتەبراون یان ئەوەتا دەستەمۆبوون ، ئێستا لەنێو نائومێدییەکی گەورە و لەنێو ڕووناکییەکی چرووک ڕاکشاون ..! ) ، ئیتر گۆڕان چۆن ڕوودەدات ..!؟ بۆیە شاعیر کە دڵنیا دەبێ لەوەی بەم هەموو کەوتن و نائومێدییە گەورانەوە تروسکایی هیچ گۆرانکارییەک نابیندرێ و بەم زووانە هیچ گۆرانێک ڕوونادات ، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ناتوانێ بێدەنگ بێت چونکە ئەو شاعیرە و ( شیعریش فۆرمێکی بێدەنگ نییە …! ) بۆیە دەخوازێ ، ( کلیل لە دەستی دیکتاتۆر بڕفێنن / بیخەنە گەنجینەی منداڵێک …! ) ، ( گەنجینەی منداڵ ) لێرەدا هێمایە بۆ دەستێکی پاک و ئەمین ، شاعیر دەخوازێ گەنجینەکە بگوازرێتەوە بۆ دەستێکی ئەمین ، تا چیتر مرۆڤەکان سفرەیان خاڵی نەبێت و لەژێر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان ڕانەکشێن ..! بەڵام شاعیر لەوەش نائومێد دەبێت ، واتە بە وەزعێکی ئیفلیج و تا چابڕکات هەر تاریکییی بێ …! بۆیە هەر لەنێو نائومێدییەکانی خۆی دەمێنێتەوە و دەڵێ ( با بگەڕیینەوە دواوە باران خوێواوی لێدەچۆڕێ / دەیکاتە هەڵم و دەبێتە تانەی چاو …! ) ، ئیتر تەواو ، کە باران خوێوای لێچۆڕا ، درەخت و گیا و سەوزاییش دمرن ، وردە وردە مرۆڤەکانیش ، بەمانای / ئیتر ( تەواو دواجار هەموومان لێرەوە دەڕۆین …! ) ، گوتمان شاعیر لەنێو نائومیدییەکی گەورەدایە ، یاخی و بێزار و ماندوو و توورەیە ، بە گومانێکی تۆخ و بە چاوی ڕەخنەوە لە هەموو گۆشەیەک دەڕوانێت ، لەهیچ شوێنێک ئارام ناگرێ و ناحەسێتەوە ، لەگەڵ ئەوەی هەموو یاساکان و هەموو دۆخەکان ناڕێک و شێوێندراون ، ژیان هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە ، شاعیر لەم گۆڕستان و لەم ژیانە مەرگەساتییە تەنها شوێنێک شک دەبات کە بتوانێ تیایدا هەناسە بدات و ئارام بێتەوە ئەویش ( شاری شیعرە ( وەک ماڵێکی ئارام ) ..! ) ئەوەتا خۆی لە شیعری ( بلیتی ژمارە بیست و هەشت ) دا دەڵێ ، ( گوتم / لە شاری شیعر دەژیم و هەناسەم نەرم و خۆشە / ئەها شیعرم لێدیارە و وەک کاتژمێری چوونە ژوان ڕێکی خستووم ،،! ) ، ئەو دەڵێ ( شاری شیعر ) بەڵام شاریش هەر شوێنی ژیانە بۆیە من دەڵێم ماڵ ، واتە لەنێو ئەم هەموو نەهامەتی و نائومێدییە گەورانەدا شیعر تاکە هیوایە کە بۆی دەژی و لەنێو ئەم هەموو ناڕێکیانەدا / ( ماڵی شیعر ) ژیانێکی ئارامی پێبەخشیوە وەک کاتژمێر جەستە و دەروونی ڕێکخستووە . هەر ئەوەندەش نا ، دەڵێ ( بە ئارەزووی خۆم لە بەهەشت ناچمە دەرەوە …! ) ، ئەو شاعیرێکی نوێخواز و داهێنەرە ، لەنێو ڕووبەری شیعر و داهێنان شوناسی شاعیربوونی بەدەستهێناوە ، ئیتر کەسە داهێنەرەکانیش دەبن بە موڵکی مێژوو و مرۆڤایەتی بۆتاهەتا لەنێو ئەبەدییەتدا دەمێننەوە ، لێرە بەهەشت هێمایە بۆ مانەوە لەنێو ئەبەدییەتدا ..!
تا ئێرە بەشی یەکەمی نامەکەم بوو / لە بەشی دووەمدا ، دەمەوێت لە دەرگای بابەتێکی گرینگ بدەم ئەویش لە ڕێگەی دێرە شیعرێکی نێو ئەم دەقە ، لە شیعری ( جێناوەکان ) دا دەڵێت ، ( با بگەڕێینەوە دواوە هێز تووڕەیە لە سێوی کەوتوو ..! ) ، لەم دێرە شیعرەدا جوانییەکی بێوێنە بەرهەم هاتووە لە هەمان کات ، بارگاوییە بە خەیاڵی زانستی و فەلسەفی ، لە سەرەتا ئەو پرسیارە لەلای خوێنەر دروست دەبێ / بۆ هێز تووڕەیە لە سێوی کەوتوو …؟! لەنێو قووڵایی بیرکردنەوەدا ڕاستەوخۆ بیرمان بۆلای ( نیوتن و هاوکێشەی کێشی زەوی ) دەچێت ، دواتر تێکەڵ بە ململانێی نێوان هێزەکانی مردن و ژیان دەبینەوە .. لەم وێنەیەدا / دیکتاتۆر زەوی کردۆتە گۆڕستانێکی گەورە ، زەوی هێمایە بۆ مردن ، ئاسمان لە سەرووی سێوەکەوە ، ڕووناکی و خۆرەتاو و ئەستێرەکان و بەپێی بیرکردنەوە ئایینەکان خوداوەندەکانیش لەوێن ، خوداوەندیش خاوەن هەموو دەسەڵات و هێزێکە ، ئاسمان هێمایە بۆ ژیان ، لەنێوان ململانێی ( هێزی زەوی و هێزی ئاسمان ) سێوەکە ململانێ و ئەنجامەکان یەکلایی دەکاتەوە ، دەکرێ سێوەکەش هێما بێت بۆ ( مرۆڤەکان و نیشتیمان و هەموو شتە جوانەکان ..! ) ، دواجار / سێوەکە دەکەوێت ..! ، هێزی مردن واتە ( هێزی زەوی ) زاڵ دەبێت بەسەر ( هێزی ئاسمان ) واتە هێزی ژیان ، بێگومان لەباروزروفێکی وا کە / شۆڕش شەپڕە لێی دابێ و شۆڕشگێڕەکان هەڵبخلیسکێن و بکەون ، هەروەها چاویان پڕبێر لە ڕووناکییەکی چرووک ، تروسکایی هیچ گۆڕانکاریەک نەبیندرێ و مرۆڤەکان بە سفرەی خالییەوە لە ژێر سێبەری درەختی گۆڕستانەکان پاڵکەوتبن بێگومان جووڵەکان بە ئاراستەی مردن دەڕۆن …! بۆیە شاعیر لەنێو ئەو نائومێدیە گەورەیەدا دەڵێت ( تەواو بۆدواجار لێرەوە دەڕۆین …! ) ، ئەم دێرە شیعرە ڕەهەند و ماناکانی ، بۆ من جگە لە ئیستاتیکا و چێژ گرینگی و مانایەکی گەورەتری هەبوو ، من مانیفێستێکم نووسیوە کە لە ( سێ بەش ) پێکهاتووە ، گۆشە نیگا و تێڕوانین و بیرکردنەوەکانی ئەزموونی خۆمم بۆ شیعر لەم مانیسفێستە چڕ کردۆتەوە ، کە بەشی یەکەمی بە ناوی ( شیعر فۆڕمێکی بێدەنگ نییە ) ، ( بەشی دووەم / شیعر عەشقێکی گەورەیە ..! ) لەم بەشەدا واتە لە بەشی دووەم دەڵێم / ( شیعر ئەو عەشقەیە / پڕاوپڕە لە خەون و ئومێد و جووڵە ، فۆرمێکی پڕ لە قسەیە و هاوتەریبە لەگەڵ ژیان و بەها مرۆییەکان ، شاعیر بیرمەند نییە بەڵام ، لە ڕێگەی بیرکردنەوەکانی دەتوانێ پرسیاری بیرمەندانە بەرهەمبهێنێ ، شاعیر فەیلەسوف نییە بەڵام لەریگەی پاشخانە مەعریفییەکەیەوە دەتوانێ پرسیاری فەلسەفی بوروژێنێ ، شاعیر گەریدەیەکی جوانناسە بۆ دۆزینەوەی جوانییەکان هەموو گەردوون لەبەردەمی دایە ، ئاسمان و کیشوەرەکان و ئۆقیانووسەکان و تەنانەت وردە ئەستێرە دوور دوورەکانیش ، دواجار / شیعر عەشقێکی گەورەیە ، ئەشقیش میلۆدییە بەردەوامەکەی ژیانە و ژیانیش دەقێکی شیعری ناوازەی پڕ لە جوانی و چێژە …! ) . ئەم دەقە ئەوەی پێشانداین کە شیعر ( فۆرمێکی بێدەنگ نییە ) و شاعیر دەتوانێ دەنگ و هاوارەکانی خۆی بەسەر هەموو ئەو هێز و هۆکارانە بەرز بکاتەوە کە ، دەیانەوێت ژیان ناشیرین بکەن و خەونە جوانەکانی مرۆڤ لەبارببەن ، هەروەها شیعر لەتوانایدا هەیە ، بارگاوی بێت بە خەیاڵی زانستی و فەلسەفی و لەنێو مەعریفەیەکی فرەڕەهەند ئیش بکات ، دواجار پرسیاری زانستی و فەلسەفیش بوڕوژێنێ ، بۆیە دڵخۆش بووم بە خوێندنەوەی ئەم دەقە بۆ من وەک ئەوە وابوو بە قەڵەمی جوانی نووسرابێتەوە ،
ئیتر هاورێ گیان / دووبارە هیوای خۆشبەختی و بەختەوەریت بۆ دەخوازم ، بە ئومێدم لەنیو ڕووبەری شیعر و رووبەری داهێنان ، قەڵەمەکەت هەر بە بڕشت بێ و سڵاو لە شیعر …!

 ناڵە حەسەن / کەنەدا 
    ١٢/ /٩ ٢٠٢٠ 

تێبینی / قەسیدەی ( تەواو بۆ دواجار لێرەوە دەڕۆین ) لە دە شیعریتر پێکهاتووە بەم ناوانە ( ڕوخسار و شوێن / جێناوەکان / ڕێگاکانی دەوروبەر / گەشەی ڕەنگ / ئاوازی چاوپێکەوتن / بلیتی ژمارە بیست و هەشت / ئەمڕۆ گۆرانییەک دەگوترێ / بێڕەنگ / کاتی تایبەتی ڕووبار / ستایشێک بۆ جوودی ) .

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish