Skip to Content

ئەگەر بیرەوەرییەکانم بنووسمەوە جەنگی جیهانی سێیەم بەرپا دەبێت/ بەشی نۆیەم .. خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

ئەگەر بیرەوەرییەکانم بنووسمەوە جەنگی جیهانی سێیەم بەرپا دەبێت/ بەشی نۆیەم .. خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئه‌یلول 13, 2020 General, Literature

لیزا: عەشق پێویستی بە پاڵەوانە. ئاخر کاتێک عاشق بووم زانیم گەمە بە ئاگر دەکەم، ئاگرێک شەیدام بە تینی بسووتێم!. عەشق چیترە جگە لە توانەوە لە مەعشووقدا؟ ئێستا چرکە بە چرکە هەست بە توانەوەی خۆم دەکەم لە رۆحی تۆدا، هەست دەکەم پێویستە لە تۆدا بتوێمەوە و لە دڵتا چرۆ بکەم و سەر لەنوێ سەوز ببمەوە. ئیدی عەشق ئاوایە دەبێت خۆت لە مەعشووقدا ون بکەیت، هیچ پێناسەیەک بۆ خۆت نەهێڵیتەوە و جارێکی تر لە مەعشووقدا خۆت شوناس بکەیتەوە. عەشق وایە ئازارێکی شیرین و شیرێنێکی پڕ ئازارە!!، عەشق قومارێکی سەختە، دەبێت خۆت بۆ دۆڕانی ژیانت ئامادە بکەیت، لێ دۆڕان و بردنەوە لە عەشقدا هەر یەک شتن، بەڵام دەبێت بزانیت لە عەشقدا رووبەڕووی شەپۆلە سەرشێتەکان دەبیتەوە کە رەنگە پەلوپۆت بشکێنن و بۆ هەمیشە نغرۆ بیت، عەشق پرۆسەیەکی سەختە و پاڵەوانی دەوێت. عەشق پێویستی بە پاڵەوانە! عەشق زۆرانبازییەکە هەزارەها پاڵەوانی بە شکستەوە هەڵداوەتەوە دەرەوەی گۆڕەپانەکە، بۆیە ئەگەر رۆحێکی سەرکەش و پاڵەوانانەت نییە هەرگیز بیر لە عەشق مەکەرەوە.!.
ستیڤان: ئای چەندە خۆشم دەوێی و لەوە دەچێت رەنگی تۆم گرتبێت،! ئێستا هیچ لە پێشووی خۆم ناچم و پێموایە رەنگی ئەوینی تۆم گرتووە!. من و تۆ حکایەتی عەشقێک دەنووسینەوە لەوەتی دنیا هەیە بەخۆیەوە نەبینیوە، تۆ شانۆگەریی “رۆمیۆ و جولێت”ی شکسپیر بخوێنەوە لەوێدا بە روونی خۆمان دەبینیتەوە! من ئەمشەو کەوتمە ناو هەمان بارودۆخ کە “رۆمیۆ”ی تێدا بوو، ئەی “جولێت”ەکەم دڵنیام تۆش هەروا. بیر لەوە دەکەمەوە کاتێک دانتی “کۆمیدیای خواوەندی” نووسی “بیاتریس”ی خۆشەویستی خستە ناو دۆزەخەوە، بیرۆکەکەیم پێ سەیرە، هەرگیز ناتوانم کارێکی وەهات لەگەڵ بکەم، چوون هەموو شتێک لێرە پێچەوانەیە و ئەوی دەسووتێت لە دۆزەخی عەشقدا منم، ئای چەند خۆشم دەوێی دۆزەخی من!!. مەعشووقە شیرینەکەم ئەگەر بمەوێ ئەو عەشقەی خۆم بە وشە گوزارشت لێ بکەم لە گەورەییەکەی کەم دەکەمەوە، لەبەرئەوەی لە کەشێکی وەها عاشقانەدا دەژیم، هەرگیز وشە و زمان ناتوانن گوزارشتی لێ بکەن..ناتوانن هەرگیز.. ناتوانن هەرگیز.
ستیڤان: ژیانم هەمووی پێچاوپێچ و تاریکە رێگایە، هەمووی کۆدی سەیر و سەمەرەیە. من خۆیشم نازانم چی دەکەم و چیم دەوێ لە ژیاندا، ئەوەی ئەمڕۆ داوای دەکەم و بڕوام پێیەتی سبەی لێی پاشگەز دەبمەوە!! ئەوەی خۆشی دەوێم لەسەر ئەم بزێویی و دەروونە پڕ کەفوکوڵەم دەبێتە سەرسەختترین نەیاری رۆ ژەکانی دواترم. ئەمە شتێکە هەمیشە و زۆرترین جار دووبارە بۆتەوە لە چیرۆکی ژیانی مندا.
لیزا: من لێت تێدەگەم، تۆ خۆت دەتەوێت وا ئاڵۆز بیت و خەڵک ماندوو بکەیت بە دیار تەڵیسمەکانتەوە!!.
ستیڤان: من هێشتا لە خۆم تێناگەم، کێ دەتوانێت لافی ئەوە لێبدات لێم تێدەگات؟!. باپیرە گەورەی ئیبلیسیش نازانێت چ جۆرە هەوڵێکم لەگەڵ بدات!! دەروونێکی هێندە مەحزوون و ئاڵۆزم جێگەی شۆکە بۆ هەموو زاناکانی دەروونناسی.
لیزا: پێویست ناکات خۆت ئاڵۆزتر بکەیت لەبەردەمم، من لەوە تێگەیشتووم کەسێکی لە خۆباییت!!.
ستیڤان: لێرە بەدحاڵیبوونێک هەیە، سەیرە بە کەسێکی لە خۆبایی ناوم دەبەیت!!، گومان لە ناسکیی هەست و ویژدانم دەکەیت!! منیش ناچارم ئۆباڵەکەی بخەمە پاڵ رۆحە بۆرجوازییەکەم!!، دەزانم تۆ پێدەکەنیت و هیچ ناڵێیت، ئەمە وێرانم دەکات و سەری شوشە با دەدەم!!. سەیرە وەختێک دەبینم درۆکانم بە راستی و راستییەکانیشم بە درۆ وەردەگریت!!. چارە رەشی لەوە زیاتر چی؟؟!!.
لیزا: تۆ کەسێکی ونیت، ئەمەش تاوانێک نییە بیدەمە پاڵت، خۆت نازانیت کێیت، دەبێت پێش هەموو شت خۆت بناسیت. ئەمە هەمان قسە کۆنەکەی سوکراتیشە!.
ستیڤان: پێشتر پێموابوو “زۆربا”ی یۆنانیم، دواتر خۆم وەک “دۆنکیشۆت” دەهاتە بەرچاو. هاوڕێیەکی کچم وتی: نا، تۆ “کازانۆڤا”یت!! برادەرە نزیکەکەشم دەیەویست خاڵە هاوبەشەکانی من و “ئاکلی شەقاوە”ی پاڵەوانی “سادق هیدایەت” بدۆزێتەوە!! کەچی ئەمشەو زانیم من “مۆرسۆ”ی کارەکتەری ناو رۆمانی “نامۆ”ی “ئەلبێرت کامۆ”م. هیوادارم لەمەش تێنەگەیت!.
لیزا: ئۆوو، باسی دۆنکیشۆتت کرد، دەزانیت هەر کاتێک دۆنکیشۆت دەخوێنمەوە بەدەست خۆم نییە ئەو نوخبە گاڵتەجاڕەم بیر دێتەوە ناویان رووناکبیران و سیاسەتمەدارانە؟ یان ئەو پاڵەوانە کارتۆنییانەی شمشێرەکانیان لە مقەبایە!!.
ستیڤان: هەر لە راستیشدا وایە، ناوەندیی رووناکبیریی وەک بازاڕی عوکازی لێهاتووە، تەنیا گوێت لە ژاوەژاو و هوتافکێشانە. ئەمەش پیشەی پیاوە بچووکەکانە، ئەوانەی قسەی گەورە و درۆی گەورە و ناپاکیی زۆر گەورە دەکەن.
لیزا: با بگەڕێمەوە سەر بابەتی سەرەکیی، تۆ کە مرۆڤێکی ون بیت دیارە هیچ ئامانجێکیشت نییە بۆی تێبکۆشیت. راستە وایە؟.
ستیڤان: هەموو مرۆڤەکان بە دوای شتێکی ونبوودا دەگەڕێن پێش ئەوەی بیدۆزنەوە دەمرن، جیاوازیی من ئەوەیە دەزانم بە دوای چیدا دەگەڕێم، بەڵام زۆرینەی خەڵک نایزانن من بە دوای گەوهەرێکی ونبوودا دەگەڕێم.
لیزا: کەواتە ئەو گەوهەرە ونبووە چییە؟.
ستیڤان: ئەوە ئەو کۆدەیە نابێت بکرێتەوە، ئەمە وەک ئەوەیە بتەوێت سەیری فیلمێک بکەیت لە کۆتا گرتەیدا!!.
لیزا: ژیانت پڕ لوغزە، مەگەر ئەو کاتە بتوانین لێی تێبگەین بیۆگرافیای خۆت بنووسیتەوە و بڵاوی بکەیتەوە!.
ستیڤان: ئەگەر بیرەوەرییەکانم بنووسمەوە جەنگی جیهانی سێیەم بەرپا دەبێت، تەنیا ئەوەندە و بەس.
لیزا: من تێناگەم، تۆ بە زمانی هێما و کۆد قسەکانت دەدرکێنێت، وەک ئەوەیە داوام لێ بکەیت نووسراوێکت بۆ بخوێنمەوە بە خەتی هێرۆگلیفی پێش هەزاران ساڵ نووسرابێت.
ستیڤان: دیارە گێلەکان زمانێکی تایبەت بە خۆیان هەیە، کە هۆشمەندەکان ناتوانن لێی تێبگەن!.
لیزا: ئێستا دەمەوێت ئەو پرسیارەت لێ بکەم، پڕۆژەی داهاتووت چییە و دەتەوێ چی بکەیت؟.
ستیڤان: پڕۆژەی داهاتووم بیرکردنەوەیە لە خودی خۆم. لە کاتێکدا پڕۆژەی زۆرینە بریتییە لە گردکردنەوەی زۆرترین پارە، ئاخر سامان بۆ من زۆر گرنگ نییە، ببمە گەورەترین سەرمایەدار، نازانم چۆن بەکاریبهێنم و رێگای بەختەوەریی پێ نادۆزمەوە. سامان دەتوانێت ماوەیەک غافڵم بکات، بەڵام ناتوانێت باوەڕم پێ بکات خۆشبەختم. سامانم نییە و بێ سەروەتیی دەستی بۆ ئابڕووم نەبردووە، لە کاتێکدا زۆر کەس سەریان بە دەغیلە دەزانن و خستوویانەتە ژێر پێی جەلادێکەوە.
لیزا: ئەی پڕۆژەت نییە بۆ باشترکردنی ژیانت؟. راستە ژیان زۆر بەرز نییە، بەڵام تاکە سەرمایەشمانە!.
ستیڤان: تۆ خۆت ژیان هەڵنابژێریت، تەنانەت رەگەز و بنەماڵە و شوێن و کاتی خۆت و لە دایکبوونت هەڵنابژێریت. کەواتە ژیان چوارچێوەیە، تەنانەت لە چوارچێوەیەشدا بەربەست و تەلبەندی تر دێتە رێگەت و زۆرجاریش لە حەسرەتی گەمارۆکانی ناو ئەو چوارچێوەیە سەر دەنێینەوە.
لیزا: راستە ئێمە لە ناو خودی ژیانەوە بۆ ژیان دەڕوانین، رەنگە ئەگەر لە دەرەوەڕا سەیری بکەین، تێبگەین ژیان چەندە بێمانا و بێهودەیە. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت عەقڵانیانە پلانێرەی رۆژانی تەمەنمان بکەین.
ستیڤان: مرۆڤ بوونەوەرێکی عەقڵانی ئەبستراکت نییە، لەگەڵیدا غەریزە کار دەکا. بەڵام هەمیشە عەقڵ بەڵایەکی گەورە بووە و رێی لە رەمەک و هەستەکانت گرتووە و تەلبەندی کردوون.
لیزا: تۆ زۆر مەرگدۆستیت، رقت لە ژیانە و پڕیت لە کینە بەرامبەر بە ژیان؟ ئاخۆ مردن چیی هەیە بۆ بەخشین؟.
ستیڤان: مرۆڤی عەقڵانی هەمیشە وا هەست دەکات لە پێناوی کۆتاییدا دەژی کە مردنە. خەڵک مردن بە سەرەتای قۆناغێک دەزانن، لە کاتێکدا لای من کۆتایی هەموو قۆناغەکانە. تەنانەت هەر یەک قۆناغ دەبینم، مرۆڤ دەژی لە پێناوی مردندا.
لیزا: تۆ تەنهایی کاری زۆر کردۆتە سەر روانگەکانت، پێویستە ببیتەوە بە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی.
ستیڤان: من لە دەرەوەی کۆمەڵ دەژیم، ئەمە تەفسیرێکی جوگرافیی نییە، بەو مانایەش نییە ژیانم لە ناو ئەشکەوتدایە، بەڵکو لە نێو حەشاماتی خەڵکدا هەست بە تەنیایی خۆم دەکەم.
لیزا: کەواتە ژیان لای تۆ چییە؟.
ستیڤان: کەس نەیتوانیوە وەڵامی ئەو پرسیارە ناماقووڵە بداتەوە، ئایا ژیان خەونە، یان خەون ژیانە؟.
——————————————————
تێبینی:
ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون

Previous
Next
Kurdish