Skip to Content

دووبارە پێناسەکردنەوەی کوردبوون ئاوڕدانەوە لە دوێنێ.. هەنگاوێک بۆ سبەی … ستیڤان شەمزینی

دووبارە پێناسەکردنەوەی کوردبوون ئاوڕدانەوە لە دوێنێ.. هەنگاوێک بۆ سبەی … ستیڤان شەمزینی

Closed
by September 15, 2020 General, Opinion

دەست لە شەرحی دەردی کورد هەڵبگرە حەمدی چاترە
نەک بکا نەقلت هەتا رۆژی حەشر جەڕی مەقال
حەمدی ساحێبقڕان

یەکێک لە کێشە هەرە ریشەییەکانی کورد تاکو بە ئەمڕۆش دەگات ئەوەیە، نەیتوانیوە پێناسەیەک بۆ ئایدێنتیتی خۆی بکات، لە ئیتنۆلۆژیای خۆی بکۆڵێتەوە بە شێوەیەکی فرە رەهەند. ئەگەرچی لە دوای رووخانی ئیمارەتە ناوچەییەکانی کوردەوە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا “ئەم ساتەوەختەش زەمینەی رسکانی و گەشەکردنی دەوڵەت نەتەوەیە لە خۆرئاوا” سەردەمێکی تازە لە “شۆڕش”ی کورد دەستپێدەکات کە بە باڵای مێژووی نزیکی کورددا هەڵگەڕاوە، گەر ئێمە “شۆڕش”ەکەی شێخی نەهری بە خاڵی وەرچەرخان دەستنیشان بکەین لە ساڵی 1880، هەر لەم راچەنینەوە تاکو بە ئەم چرکەساتە دەگات، ئەوەی لەناو بزووتنەوەی کوردییدا ونە، پێناسەیە. زۆرێک لە شۆڕشەکانی ئێمە بە پێی کۆنتێکستەکانیان، شەقڵی خێڵەکیانە و تەریقەتگەریی و سوونیگەرایی و ناوچەگەرییان هەبووە، ئەمەش رێگەی لە سەردەرهێنانی شوناسێک گرتووە، بەناوی شوناسی کوردبوونەوە، بە واتایەکی تر بە درێژایی 140 ساڵی رابردوو کۆی شۆڕش و راپەڕین و راچەنینەکانی کورد، نەیانتوانیوە کوردبوون بکەنە سەنتەری سیاسیی و فیکریی خۆیان، یان بەشێوەیەکی زۆر پریمتیڤ و کلاسیکیانە بەم ئەرکە هەڵساون، ئەمە بۆچی وابووە؟ رەنگە زۆر فاکتۆری جۆراوجۆری هەبێت، بەڵام ئەوەی لای من لە هەموویان گرنگترە، نەبوونی فیکرێکی پوخت بووە.
مەبەستی ئێمە لە “بیری پوخت” هزرێکە لە ناو مێژوو و کولتوور و زەمینەی سیاسیی و فەرهەنگیی کورد خۆیەوە رسکا بێت و گەشەی کردبێت، هەمیشە کوردبوون بارگاویی بووە بە بیری مەزهەبگەرایی و ئاینیی و ئایدۆلۆژیا هاوردەکراوەکانی دنیای خۆرئاوا، بۆیەکا ئەوەی سەرکردایەتی بزووتنەوەی کوردیی کردووە یان خاوەن ئۆتۆریتەیەکی ئاینیی و تەریقەتی بووە، یاخۆ لە باشترین حاڵدا چەپێکی لۆکاڵی بووە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کوردبوون بە میتۆدێکی زانستی لەلایەن نوخبەوە فۆرمۆڵەبەندیی نەکراوە. کوردبوون پێش ئەوەی بزووتنەوەیەکی سیاسیی بێت، پێدراوێکی ئۆنتۆلۆژییانەیە، وەها پێویستی دەکرد و دەکات، لە پێشنۆرەدا ئەم پێدراوە لەلایەن رۆشنبیرانەوە پێناسە و ئەنالیز بکرێت. هەروەک ئەوەی زۆرێک لە نەتەوەکانی تر، بەم جۆرە بیری نیشتمانی خۆیان پێشخستووە. هەڵبەتە لێرەدا قسە لەسەر ئەوەیە، کوردبوون دەبێت پێش سیاسەت و پراکتیس، فیکر و تیۆر بێت. لەسەر مەبنای ئەو تیۆرە بزووتنەوەی سیاسیی بە هەنگاوی کرداریی پێ بخاتە ناو گۆڕەپانەوە. ئەگەرچی هاشا لەوە ناکرێت لە پێشتردا ئەم تیۆرسازییە بەشێوەیەکی سەرەتایی کاری بۆ کراوە، بەڵام لە درێژەدا ئەوە دەخەینە بەر باس ئەم هەنگاوانە لە کوێدا کورتیان هێناوە و بۆچی نەیانتوانیوە، کوردبوون وەک ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت گەلاڵە بکەن.

دنیای نوێ .. دنیای بۆشایی
دنیای نوێ بە تایبەت پاش کۆڤید نۆزدە، دنیایەکە هیچ رووخسارێکی هاوبەشی لەگەڵ دنیای پێشوودا نەماوە، وەک فاکتێکیشی لێهاتووە کە هەمیشە دوای پەتا گەورەکان، دنیا خۆی نوێ دەکاتەوە و کۆمەڵێک نۆرم و سیستم و فەرهەنگ جێدەهێڵێت لە پێشووتردا بە پیرۆز دادەنران. ئەمە لە دیمەنی پەتا گەورەکەی سەدەی چواردەدا بە روونی دەبینرێت، لەدوای ئەم پەتایە دەسەڵاتی کەنیسە لاواز دەبێت، چەرخێکی تازە دەستپێدەکات لە بری ئاین رۆڵ دەداتە زانست، ئەم رەوتە مرۆڤایەتی دەگەیەنێتە مودێرنێتە، ناوەڕۆکی مودێرنێتە وەرچەرخانی کۆمەڵگە بوو بەرەو زانستگەرایی، پەڕینەوەی مرۆڤ بوو لە رابردووخوازییەوە بەرەو ئایندەخوازیی، هەموو بەها کۆنەکانی وەک ئاین و ترادیسیۆن و بیرکردنەوەی خورافی تێکشکاند و کۆمەڵێک بەهای نوێی هێنایە ئارا، کە ئازادیی یەکێک لە بەها سەرەکییەکانی بوو. لە مودێرنەدا هەموو شتەکان بە خێرایی سیستماتیک کران، تەنانەت زمان و زانست و ئەدەبیش سیستمی تایبەتی خۆیان بۆ دانرا، هەر لێرەدا ناسیۆنالیزم وەک سیستمێکی سیاسیی لەسەر بنەما میتۆلۆژییەکان بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەتان لە دایکبوو، بەڵام پۆست مودێرنێتە “لیوتار لە کۆتایی هەفتاکاندا، دەورانی پاش جەنگی دووەمی جیهانی ناونا پۆست مودێرنێتە” بە پێچەوانەوە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەگەرایی، بە مانایەکی تر پۆست مودێرنێتە هەموو ئەو حکایاتە پانوپۆڕانە پووچەڵ دەکاتەوە و هەڵیاندەوەشێنێتەوە لە هەناوی مودێرنەوە هاتبوونە دەر، لەم نێوەندەدا فەیلەسووفێکی وەک “ژاک درێدا” زیاتر لە هەر فەیلەسووفێکی تر جەخت لەسەر هەڵوەشاندنەوە دەکات و تەنانەت بە فەیلەسووفی هەڵوەشاندنەوەگەرایی ناوزەد دەکرێت.
ئەمێستا دنیا گەیشتۆتە میتا پۆست مودێرنەش، لەنێو ئەم جیهانە تازەیەدا ئەوەی روونە بۆشاییە. بە واتای بۆشایی ئایدۆلۆژیی و پوکانەوەی سیستمەکان. هەموو ئایدۆلۆژیا یونیڤرساڵەکان پووکانەوە و بوونە بەشێک لە دیرۆک. نیو لیبرالیزم و دیموکراسی و پلورالیزم و سۆسیالیزم، بەجۆرێک لە جۆرەکان رۆژگاری خۆیان گوزەراند، هەنووکە جیهان لە بۆشاییەکی سەرسوڕهێنەردا دەخولێتەوە، بەشێکی ئەو تێزەی قۆناغی ئەمڕۆ بە سەردەمی بێ بەهایی دادەنێت، نهێنییەکەی لەم بۆشاییە فیکریی و ئایدۆلۆژییەدا خۆی دەدۆزێتەوە. زۆرێک لە بیریار و فەیلەسوفانی دنیا مەترسی نیشان دەدەن لە بەهێزبوونەوەی ئەنگێزەی راسیستی و درەوشانەوەی ئەستێرەی بەختی رەوتە پۆپۆلیستییەکان، ئەمە تابلۆیەکە رۆژانە روونتر لەپێش چاوی هەمووان خۆی دەنوێنێت. ئەمە جگە لەو هەوڵە چڕ و جەهەنمییانەی لە ئارادایە بۆ گۆڕینی مرۆڤ بۆ ئامێرێکی بێ هەست و گیان لە رێگەی هۆشمەندیی دەستکرد و شۆڕشی ئای تییەوە، ئێمە سەرنجی خوێنەر رادەکێشین بۆ خوێندنەوەی تێزەکانی “یوڤاڵ نوح هەراری” لەم رەهەندەوە.

رەوشی ئێستای جیهان، بەرەو ئاقارێک مل دەنێت وەک ئەوەی بیریاری سۆفت پاوەری ئەمەریکی “جۆزیف نای” لە کتێبی “ئایندەی هێز”دا پێش دەیەیەک پێشبینی کردبوو، کە هیچ دەوڵەتێکی سوپەر پاوەر لە جیهاندا نامێنێت!!. ئەو روونی دەکاتەوە تەکنۆلۆژیا ئاڕاستەی هێز لە رۆژئاواوە بەرەو رۆژهەڵات دەچەرخێنێت، بەو پێیەی سوودمەندی یەکەم لە بەرکاربردنی تەکنۆلۆژیا رێکخراوە رادیکاڵ و توندئاژۆکانن، بەڵام بەڕێز نای، ئەوە لە بیر دەکات، فاکتۆری سەرەکی لەم نێوەندەدا گەنبوون و کرمێبوونی ئەو سیستمە سیاسییانەیە دنیایان پێوە بەڕێوە دەبرێت و زلهێزەکان وەک ئایدلۆژیای فەرمی قبوڵیان کردوون. لە روانگەی منەوە هەرچی ئایدۆلۆژیا هەن هەرەسیان هێناوە، ناتوانن وەڵامدەرەوەی دنیای نوێ بن، دیموکراسی وەک ئەو مۆدیلەی فۆکۆیامای شاگەشکە کردبوو تا ئەو ئەندازەیەی جاڕی کۆتایی مێژوو بدات، نەک هەر پیر بووە، بەڵکو لاشەیەکی مردووە و توانای یەک تاکە هەناسەشی نەماوە، بەدەربڕینی محەمەد بەرادعی هەنووکە “دیموکراسی بووەتە نێچیری پۆپۆلیزم”. تەنانەت دۆخەکە گەیشتۆتە ئەوەی باسی پۆست پارتی “دوای حزب” بووەتە ناوەڕۆکێکی گرنگی دەزگاکانی توێژینەوە، بەوەی قۆناغی ژێر سایەی زیرەکی دەستکرد و هەرەسی چینی ناوەند و کۆنترۆڵکردنی مرۆڤ لەلایەن سیستمی کۆمپیوتەرییەوە، چیدی لەم چاخەدا حزبایەتی مۆدیلی نامێنێت! ئەمەش بەهەموو شێوەیەک واتای کۆتایی سیاسەت دەگەیەنێت.
بە کورتییەکەی جیهان بەرەو دابڕان لە یەکتر دەڕوات، هیچ سیستمێکی سیاسیی ناتوانێت ببێتە سیستمێک بۆ تەواوی جیهان. جیهانگیریش لەم قۆناغەدا توێ توێ بووە و هیچ کات مومکین نییە بچێتەوە سەروەختی پێش کۆرۆنا، لە باری واقیعیشەوە تا ئەمڕۆ هیچ سیستمێک دروست نەبووە فەرمانڕەوایی هەموو جیهانی پێ بکرێت، تەنانەت ئەو دیموکراسییە لیبرالییەی بانگەشەیەکی چەواشەکارانەی زۆری بۆ دەکرا، توانای فەرمانڕەوایکردنی هەبوو بەسەر کەمتر لە سێیەکی رووبەر و دانیشتوانی جیهانەوە، بەدەر لەوەی لەژێر سەرکردایەتی ئەمەریکادا زۆرێک لە دەوڵەتە ئۆتۆکراسی و تیۆکراسییەکان بە هاوپەیمانی سەرەکی ئەو سیستمە گەوار کرابوون. کەواتە چار چییە؟ پێش وەڵامدانەوە بەم پرسیارە، دەمەوێت سەرنجتان رابکێشم بۆ دوو تێزی ئایدیالیستانەی چوونیەک، یەکەمیان ئەو دیدگایەی پێیوایە شکستەکانی دیموکراسی لیبرالی و جیهانگیریی، حەوجێیی چەپ و کۆمۆنیزم دەهێنێتە پێشەوە، ئەمە لە زمانی “سلاڤۆی ژیژەک” بەم دەربڕینە گوزارشتی لێکراوە “یان کۆمۆنیزم یان بەربەریزم” بەهەمان شێوە لای میشێل ئۆنڤرێ بە دامەزراندنی گۆڤاری “بەرەی خەڵک” و جەختکردنەوە لە تێکشکاندنی دیدی کلاسیکی و فراوانکردنی بەرەی چەپ، هەمان روانگە لایەنگریی لێ دەکرێت. دووەمیان ئەو دیسکۆرسە سەید قوتبیەیە باس لە داڕمانی شارستانی سکۆلار و نائاینیی دەکات و ئیسلام بەو فۆرمە رادیکاڵ و توندئاژۆیەی خۆیان گەڵاڵەیان کردووە بە دوا ئەڵتەرناتیڤ بۆ مرۆڤایەتی لە قەڵەم دەدات. هەردوو روانگەکە لەمەدا بە هەڵەداچوون، تەنانەت سەردەمەکە هیچ ئایدۆلۆژیایەکی تۆتال و گەورە هەڵناگرێت لەگەڵ خۆیدا.

دنیای ئەمڕۆ، زیاتر مرۆڤی تاک و تەنهاتر کردووە، نەتەوەکانی هێنایە سەر ئەو بڕوایەی هەر کەس دەبێت، بیر لە حاڵی خۆی بکاتەوە. ئەو هەراوزەنایەی باسی لە هاوبەندیی جیهانی و هاووڵاتی یونیڤرساڵ دەکرد، کۆڤید نۆزدە بەدرۆی خستەوە و عەبا رەشەکەی لەسەر ئەو زامە قووڵانە لابرد مرۆڤایەتی بەدەستییانەوە دەناڵێنێت. قۆناغەکە ئەوە دەڵێت هەر کەس پێویستە بیر لە ماڵی خۆی بکاتەوە. لەم نێوەندەدا دەبێت کوردیش کە لە هیچ ئاڵوگۆڕێکی گەورەدا ئامادە نەبووە، خۆی ئامادە بکات، وەک کورد بڕواتە ناو ئایندەوە، ئایندەیەک روون نییە، لە سایەی شۆڕشی زیرەکی دەستکرد و ئالگۆریتمەکانیدا چۆن دیزاین دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی روونە و کۆرۆنا وەک وانەیەک پێی وتین دەبێت خۆمان پێناسە بکەینەوە، هەمان ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە هانتینگتۆن لە کتێبی “ئێمە کێین؟”دا سەبارەت بە ئایدینتێتی ئەمەریکاییەکان وروژاندی.
رۆشنبیرانی جێماو و تیۆریزەی گەمژەیی
رۆشنبیری هاوچەرخی کورد، زۆرترین مەودا لە فەرهەنگ و کەلەپووری رۆشنبیریی رەسەنی کوردەواریی دوور کەوتووەتەوە. مانای نوێگەریی لای ئەم تیپە لە رووناکبیر دژ وەستانەوەیە بە فەرهەنگی نیشتمانی و خۆماڵی، لە بەرامبەریشدا هانابردن و خۆ رادەستکردنە بە کولتوور و رۆشنبیریی بێگانە. لێرەدا دەمەوێت ئەوە روون بکەمەوە، مەبەست لە کارلێک و ئینتگراسۆن و ئاوێتەبوونی رۆشنبیریی نێوان گەلان نییە، بەڵکو رووی رەخنەم لەو دەستەبژێرەیە وازیان لە رۆشنبیریی کوردیی هێناوە و کەوتوونەتە ژێر هەژموونی رۆشنبیریی فارسی و عەرەبی، کە رۆشنبیرییەکی خواستراو و خراپ کۆپیکراوی رۆشنبیریی رۆژئاواییە. نوخبەی نوێی کورد لە دەستی دووەم و سێهەمە بەر رووناکبیریی خۆرئاوایی دەکەوێت و دەیخوێنێتەوە. وەک خۆم لایەنگری تێگەیشتن و خوێندنەوەی رووناکبیریی هەر کۆمەڵگە و ژیارێکم، بەڵام تۆ دەبێت هەمیشە وەک کوردێک بچیتە ناو ئەو پرۆسێسەوە، بە پێچەوانەوە دەبیتە لاسایکەرەوەیەکی بەکاربەری ماندووکاری دەست و پێ سپی، وەک حاڵی حازر دەبینین رۆشنبیریی کوردیی تەنیا ژاوەژاوێکی چەمکسازییە، لەوە بەولاوە هیچی تری بەرهەم نەهێناوە هارمۆنی بێت لەگەڵ رۆحی کوردەوارییدا. ئەمە بەدەر لەو فەزا دەقپەرستی و مشەخۆرییەی بەسەر رۆشنبیریی ئێمەدا سەپێنراوە، کە دواجار ماکینەیەکی دڵڕەقە بۆ لە کوردخستنی کورد. ئەم ئافاتەش سەرئەنجام داوەشان و داتەپینی کۆمەڵگەی ئێمەی لێ کەوتووەتەوە لە هەموو رەهەندە جۆر بەجۆرەکانەوە.

رۆشنبیر کۆمەڵگە بەرهەم دەهێنێت. ئەوەی پێویستە بۆ بیناکردنی ژیان گەڵاڵەی دەکات. دەستی هەیە لە بەرینکردنی مەودای ئازادیی و فراوانکردنی دیدی مرۆڤ بۆ دنیا، خەیاڵی خورافی مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ ئەندێشە و دیدی ریالێتیی و زانستیی. بە هەموو شێوەیەک کار لە ژێرخانی کۆمەڵگەدا دەکات، پاشتر سیاسەتمەدار و تەکنۆکرات و توێژاڵەکانی تر و چینە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئەم ژێرخانە چالاکی بۆ دروستکردنی ژیان و وڵات و دەوڵەت ئەنجام دەدەن. لە ئەزموونی هەموو جیهانەوە ئەوە سەلماوە، رۆڵی رۆشنبیر لەسەر کۆمەڵگە لە رۆڵی سیاسییەکان کاریگەتر و زۆرتر و فراوانترە. تەنانەت هەندێک هەوڵی رووناکبیریی تخوبی سەدەکان دەبڕن و نەمریی بەدەست دەهێنن، لە کاتێکدا سیاسەتمەدار کوڕی ساتەوەختێکی دیاریکراوە و زۆر دەگمەنن ئەو سیاسییانەی دەتوانن مێژوو بگۆڕن، وەلێ ئەوانیش بە پاڵپشتی تێزە رووناکبیرییەکان ئەم کارەیان راپەڕاندووە.
بەهەمەحاڵ رۆشنبیری کورد، هەم شکۆ و شانازیی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە لەناو کایەی رووناکبیرییەک بیر بکاتەوە و بوروژێت پەیوەندیی بە کۆمەڵگەی خۆیەوە نییە، هەم تووشی سەندرۆمی خۆ بەبچووک زانین بووە.
ئەگەر لای “ئادلەر” گرێی خۆ بەبچووک زانین هەوێنی داهێنان بێت، ئەوا لە دۆخی رۆشنبیری کورددا ئەم گرێیە بە خۆهەڵواسین بە رۆشنبیریی گەلانی تر کۆتایی هاتووە. بە پێچەوانەی رۆشنبیرانی سەرەتای سەدەی بیست و بگرە پێشتریش، ئەم نوخبەیە نەک هەر بەشدار نییە لە نیشتمانسازیی و گرێدانەوەی مرۆڤی کورد بە مێژوو و شارستانی دێرینی خۆی و ئامادەکردنی لە جەرگی واقیعی تازەدا، بەڵکو هەر لە بنەماوە رقی لە نیشتمانە و ئەو تێزە تۆختر دەکاتەوە کە لە پەراسووی رۆشنبیریی بێگانەوە خواستراوە “تەنیا پێڵاوەکانم بە نیشتمانەکەمەوە دەمبەستێتەوە”. لە کاتێکدا وەک “پیتەر سلۆتەردایک” روونی دەکاتەوە “زمانی ئەڵمانی تایبەتمەندییەکی سیمپاتیانە، بگرە سەختی هەیە لەوەدا کاتێک قسە لەسەر شوێنی لێوە هاتن دەکات Ort der Herkunf وشەیەکی پڕ دەنگمان بەناوی نیشتمان “Heimat”ەوە پێشکەش دەکات، لەبەرئەوەش پڕ دەنگە چونکە ئەو وشەیە وای کردووە، لێوەهاتن و حەزی گەڕانەوە بۆی و خەون بینین بە رابردووەوە هەموو پێکەوە بخاتە نێو یەک دەستەواژەوە: نیشتمان”. هەر بۆیە کاتێک بە کەناری رووباری رایندا پیاسە دەکەم، بەخۆم دەڵێم ئەم بیرکردنەوەیە ئەو ئەڵمانیا گەشەکردوو و ئاوەدان و دەوڵەمەندەی نووکەی دروستکردووە، ئاخر بەپێی دیدە “دی سوسێر”ییەکە مرۆڤ لە رێگەی زمانییەوە بیر دەکاتەوە.
کاتێک بیر لە رۆشنبیری کورد دەکەمەوە، نەک هەر خوو و رەوشتی نەوەی تازەی تێکداوە، بەڵکو جۆرێک لە بیرکردنەوەی زاڵ کردووە، نەفرەتکردن لە نیشتمان و شوناسی خۆت، هاوواتای مودێرنبوون و شارستانیبوون و پێشکەوتنخوازیی بگەیەنێت “لای من وشەی پێشکەوتنخوازیی شتێکی پووچە”. لەوە پتریش ئەم رۆشنبیرە تا دوا سنووری خۆی بووەتە کارگەی بەرهەمهێنانی رق و کینە لە دژی نیشتمان و کوردبوون. بۆ نموونە گروپی رەهەند لەبری هەر کارێکی تر پانتاییەکی فیکرییان کردەوە بۆ تەشەنەپێکردنی دیدی فەیلەسوفە چەپەکانی ئەوروپا لە فوکۆ و لیوتاردەوە بیگرە تاکو بادیۆ و ژیژەک، کاتێک رۆشنبیرێکی تر لە گۆشەیەکی بچووکەوە باسی ئایدێنتیتی کوردیی و نیشتمان بکات، یەک لێشاو ئینشانووس شاڵاوی بۆ دەهێنن و گێچەڵی پێ دەکەن، دواجاریش لە رووی فیکرییەوە تیرۆری دەکەن.
ئەم ئاوێنەیە شتی زۆرمان پێدەڵێت، بەو پێیەی ئەم رۆشنبیرییە زاڵە نیشتماندۆستی و کوردبوون، بە شۆڤێنیزم و رەگەزپەرستی ناوزەد دەکات، توانجی “قەومەچی” و “فاشیزمی کوردایەتی!!!” دوو توانجن لە عەقڵییەتی نەتەوە سەردەستەکانەوە، هاتووەتە ناو کایەی رۆشنبیریی ئێمەوە، رۆشنبیرگەلێکیش کاوێژی دەکەنەوە و سەر دەکەن بەسەر ماڵی هەر رۆشنبیرییەکی تردا کە ئارگۆمێنتی دژە نیشتمانی تێدا بدۆزنەوە، یان تێزەکانی “هانا ئارێنت” دێنن بۆ خوێندنەوەی بیری نیشتماندۆستی کوردیی کە لەوەتی هەیە جینۆساید دەکرێت، یان بە فەلسەفە فۆکۆییەکە دەسەڵاتی کوردیی دەخوێننەوە، لە بری هێرش بکەنە سەر دەسەڵات، نیشتمان سووک و ریسوا دەکەن، لەوە دوورتر تیرەکان دەهاوێژن، جوڵانەوەی کوردیی بە ناسیۆنالیزم تاوانبار دەکەن، ئەوەی سەیرە ناسیۆنالیزمی کورد بێ ئەوەی وجودی هەبێت لە قەفەزی تاواندا دانراوە، ئەمانەی ئەم گەمژەییە تیۆریزە دەکەن رۆشنبیرانی خیانەتکارن، ئەمانە کە هەنووکە ئایکۆن و نموونەی سوپەرن لە کایەی رووناکبیریی ئێمەدا بەرهەمهێنی فیگۆری جاش و خیانەتکاری فیکریین لە دژی شوناسی خۆیان و دۆزی گەلێکی بەشمەینەت لە پێناوی ئازادییدا.

ئارگۆمێنتێکی سواوی ئەم تایپە رۆشنبیرەی نهۆ، سەلماندنی ئەوەیە کورد لە مێژوودا هیچ نەبووە و بەشێوەی فیدراسیۆنێکی خێڵەکیی لە مێژوویەکی نزیکدا جێگەی گرتووە و تەنانەت ناوی “کوردستان” دەبەستنەوە بەوەی ئوستانێک بووە لە سەردەمی قاجاریدا. لەوە زۆرتریش دەڕۆن و نکۆڵی لە هەبوونی شارستانی و ئەدەب و رۆشنبیریی کوردیی دەکەن لە دیرۆکدا، تەنانەت تازە بە تازە ئەو قەوانە سواوە لێدەدەنەوە زمانی کوردیی رەسەنایەتی نییە و لە پەراسووە گێڕەکەی زمانی فارسییەوە دەرهاتووە. ئەمە ئەگەرچی چەواشەکردنی مێژووە، بەڵام ئەگەر گریمان کورد چەند هۆزێکی کێوییش بێت، ئایا داگیرکەرانی خاکی کورد ئەو مافەیان هەیە ئەم هۆزانە بچەوسێننەوە؟!. ئەم رۆشنبیرە بە حیساب پۆست مودێرن و ستراکچەراڵیستانە تەنانەت ئاگایان لە مرۆڤناسی گەورە “کلۆد لیڤی شتراوس” نییە پاش مانەوەی چەند ساڵی لەناو خێڵەکانی ئەمازۆندا و لە رێگەی تێزە ئەنترۆپۆلۆژییەکانەوە نەک ئۆرۆ سێنترالیزم و پاساوە پووچەکانی ئیمپریالیزمی هەڵوەشاندنەوە و کردنی بە سەفسەتەیەکی رووت، لە هەمان کاتدا بە لێکدانەوەی زانستی ئەوەشی بۆ سەلماندین شارستانێتی تەنیا لە یەک جێگەدا چڕ نەبووەتەوە و کولتووری هیچ گەلێک لەویتر نەویتر نییە، بەڵکو هەر کۆمەڵگەیەک فۆرمێکی کولتووریی خۆی هەیە، کە بنەما شارستانییەکانی هەر کۆمەڵگەیەک پێکدەهێنێت.
دەمەوێت قسەکانم لە بارەی رۆشنبیری کوردەوە، لەمەدا چڕ بکەمەوە: بوونەوەرێکە بە ئاگا و بێ ئاگا رادەستی ئەجیندای نەتەوە سەردەستەکان بووە و بە شێوەیەک کەوتووەتە بن هەژموونی فەرهەنگییان وەک ئەوەی رۆڵی ریکۆردەر بگێڕێت. لە دیتنی مندا ئەم دەستەیە لە رۆشنبیری کورد تیۆریزەی گەمژەیی دەکەن و جاشێتی فیکریی رەواج پێدەدەن. هەروەک هەمیشەش شانی خۆیان لە بەرپرسیارێتی خاڵی دەکەنەوە و دەستی چەوری خۆیان بە سیاسییەکاندا دەسڕن، ئەم روانگەیە سەفسەتەیەک بوو، چیتر بڕ ناکات، تەنانەت لە دروست نەبوونی کۆمەڵگەیەکی دامەزراو و دەوڵەت و ئیدارەیەکی سەرکەوتوو، رۆشنبیری کورد هێندەی سیاسییەکان تاوانبارە.
شۆڕشەکانی کورد یان یاخیبوونی بێ فیکر؟
لە پێشدەستیدا دەبێت جیاوازیی نێوان شۆڕش و یاخیبوون بخەینە بەرچاوی خوێنەر. لە سۆنگەی ئەوەی شۆڕشRevolution پرۆسەی گۆڕانێکی ریشەیی و قووڵە، سەرلەبەری دنیای کۆن دەگۆڕێت و لە جێگەیدا دنیایەکی نوێ چێ دەکات، شۆڕشیش یەک رەهەند و رووخساری نییە و تەنیا ئەو ئەکشنە چەکداریی و پڕ هەرا و هوریایەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات نییە، بەڵکو فیکر و کردەیەکە کار لەسەر گواستنەوەی کۆمەڵگە دەکات بۆ دۆخێکی تازەتر کە هیچ سیمایەکی لە بارودۆخی پێش خۆی ناچێت، بە مانایەکی تر شۆڕش دیاردەیەکی هەمەلایەن و فرە رەهەندە کە دەستکاریی دنیای کۆن دەکات. بە پێی لێکدانەوەی کارل مارکس شۆڕش شتێکی جیاترە لە ئاڵوگۆڕی سیاسیی، کارێک نییە رۆژانە پیادە بکرێت، چوونکە لە بناغەوە جیهان و سیستم دەگۆڕێت، ئەمەش پێچەوانەی راپەڕین و ئاڵوگۆڕی سیاسییە، بەو پێیەی ئەو دووەی کۆتایی هەموو ساتەوەختێک ئیمکانی ئەنجامدانی هەیە.
شۆڕش بە پێچەوانەی راپەڕین و یاخیبوونەوە، کردەیەکە لەسەر بنەمای تیۆر و فیکرێکی نوێ راوەستاوە، کار لەسەر سڕینەوەی تەواوی ئەو ترادیسیۆنانە دەکات پێشتر لە ئارادا بوون، بۆیە کۆمەڵێک نۆرم و رێورەسمی نوێ دەهێنێتە ئارا کە توانای گۆڕینی خەیاڵدانی تاک و گشتیان هەیە لە روانینیان بۆ دیاردە و شتەکان، فۆرمێک لە جیاوازیی بەرپا دەکات لە نێوان هەردوو ساتەوەختی پێش و پاش شۆڕش. خولاسەی قسە ئەوەیە: شۆڕش مێژوو شەق دەکات و بەپێی نەخشەی گۆڕانێکی رادیکاڵانە دنیای کۆن لە بەین دەبات و جیهانێکی تازە لەسەر داروپەردووی جیهانی داڕووخاوی دێرین بینا دەکات. سەرلەبەر بیرکردنەوە و تێگەیشتن و روانینی کۆمەڵگە لەگەڵ خۆیدا بەرەو وێستگەیەکی تر دەگوازێتەوە. لە هەموو شتێکیش گرنگتر ئەوەیە شۆڕش رۆدەچێتە ناو پنت بە پنتی ژیانەوە، بەو هۆکارەی بیری لە کۆی شتەکان کردووەتەوە و پلاتفۆرم و ئەڵتەرناتیڤی پێیە بۆ تێکڕای بابەتە ژیانی و ژیارییەکان.
هەرچی راپەڕین و یاخیبوونە، ئامانجیان بچووکترە لە شۆڕش. دەست نابەن بۆ ئاڵوگۆڕی تەواوەتی لە سیستمدا بەڵکو بەشێک لە سیستم یان روونتر بڵێم بارودۆخێک دەگۆڕن بەبێ ئەوەی پایەکانی سیستم بڕوخێنن. زۆجاریش ئارەزووی راپەڕین و یاخیبوون لە رووخاندن و لەناوبردنی قوچەکی سیاسیی و فەرمانڕەوایەتیدا دەگاتە حاڵی ئۆرگازم. لە روانگەی ئەم بەراووردەوە دەڕوانینە ئەو یاخیبوون و راپەڕینانەی کورد لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئێمەدا، وەک “شۆڕش” ناویان لێنراوە. گەرچی بەشێک لەو یاخیبوونانە ناوچەیی و مەزهەبی بوون، یان جۆرێک داکۆکیکردن بووە لە بەرژەوەندیی خاوەن زەوی و زار و خاوەن ئۆتۆریتە کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئاینییەکان، بەڵام هەندێکی تریان ئامانجی رزگارکردنی کورد بووە لە پەستان و فشاری داگیرکەرانی کوردستان. ئەگەر لە مێژووی ئیمارەتەکانی کوردستان لە ژێر قەڵەمڕەوی عوسمانلی و سەفەوییدا بڕوانین، تێکڕا بنەمای خێڵەکیانە و ناوچەگەرییان هەبووە و گووتاری نیشتمانی تیایاندا غایب بووە، بەهەمان شێوە راپەڕین و یاخیبوونەکانی کورد کە لە چارەگی کۆتایی سەدەی نۆزدەوە دەستی پێکردووە، بەو ئەندازە بەرینە فیکرێکی نیشتمانی پوخت تیایاندا کاری نەکردووە، تاکو سروشتی یاخیبوون و راپەڕین بگۆڕێت بۆ شۆڕشی هەمەلایەنەی چەکداریی و کولتووریی.
راپەڕین و یاخیبوونەکانی کورد، هەمیشە بەرپەرچدانەوە و خۆ رزگارکردن بوون لە پاڵەپەستۆی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانەی کوردستانیان بەسەر خۆیاندا دابەش کردبوو. وەک دەبینین لە قۆناغی یەکەمدا عوسمانلی و سەفەوی بوون، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا سایکس- بیکۆ کوردستانی لە دوو پارچەی ژێر قەڵەمڕەوی فارس و تورکەوە کردە چوار. چارەگی یەکەمی دوای سایکس بیکۆش بە سەردەمی خامۆشی دادەنرێت، ئەگەر جار جاریش لێرە و لەوێ وردە راپەڕین و یاخیبوون روویدا بێت نەیتوانیوە بگاتە ئاستی شۆڕش. تەنانەت “شۆڕشی ئەیلول” و “شۆڕشی نوێ” تەنیا و تەنیا لە رووی ناولێنانەوە شۆڕش بوون، ئەگەرنا لە راپەڕین و یاخیبوونێکی فراوان و بەردەوام شتێکی پتر نەبوون. ئەمە مانای بێ بایەخکردنی مێژووی جوڵانەوەی کوردیی نییە، بەڵکو دەرخستنی ئەو فاکتەیە، کورد هەمیشە یاخی بووە و راپەڕیوە لەدژی ئەو ررژێمە دیسپۆتیسمیانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە. “تۆماس پین” وتەنی “ئەوەی پێشتر بە شۆڕش ناومان دەبرد هیچی تر نەبوو جگە لە ئاڵوگۆڕی هەلومەرجی نێوخۆیی”. لە راپەڕین و یاخیبوونیشدا فیکر بەو ئەندازەیە پێویست نییە، چوونکە بەرەنگاریی دیاردەیەکی خۆڕسکە، تەنانەت ئاژەڵانیش ئەم رۆحییەتەی بەرەنگاربوونەوەیان هەیە کاتێک لەلایەن ئاژەڵێکی دڕندەترەوە پەلامار دەدرێن.
کاتێک ئێمە دەتوانین بزاڤی کوردیی ناوبنێین شۆڕش، ئامانجە باڵاکانی پشت ئەستوور بێت بە بیرێکی پوخت لە دەرەوەی بازنە و کاریگەریی ئاینی و تەریقەتی و چەپڕەویی، ئەو بیرەش جەخت لەسەر دامەزراندنی شارستانی و دەوڵەت و هێنانە ئارای مۆدیلێکی حوکمڕانی تایبەت بە کورد بکاتەوە. بەو مانایەی کوردبوون وەک تیۆرێک و کڵێشەیەکی فیکریی بنەما ئیدۆلۆژییەکانی جوڵانەوەکە پێکبهێنێت. ئەگەرچی لە نەبوونی ئەمەدا پاشکەوتوویی کۆمەڵگە و وابەستەبوونی کورد بە ئاین و ئەنگێزەی خێڵ تاوانبارە، بەڵام نەبوونی ئایدۆلۆگ یان چەند منەوەر و تیۆریسیۆنێک فاکتۆرێکی هەمیشەیی بووە تاکو کورد نەتوانێت شۆڕشێکی هەمەلایەنە بەرپابکات، کە کوردبوون ئامانجی هەرە باڵای بێت. دووبارەش جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە شۆڕش تەنیا کردەوەی زەبروزەنگ ئاسای گۆڕینی رژێم نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی هەمەلایەنەی سەرتاپاگیرە بۆ هێنانەدی دنیایەکی جیاواز و شایستەتر. پوختەی مەبەستم لەوەدا مانیفێست دەکەم، شۆڕش چەمک و پرۆسەیەکی گەورەتر و فراوانترە لەو یاخیبوون و راپەڕینانەی کورد لە پێناوی سەربەستی خۆیدا پێیان هەڵستاوە. ئەمەش وەک نەنگیی ناڵێم بەڵکو خوێندنەوەی میتۆدیی ئەوەمان پێدەڵێت. تاکە نەنگییەک لە ئارادا هەبێت لەو شوێنەدا دەیبینم گەلێک لە دوو هەزار ساڵ پێش زایینەوە تا ساڵی 2020ی زاینی خاوەنی شۆڕشێکی سەرتاپاگیر و “بە دەربڕینی مارکس” کۆمەڵایەتی نەبێت.
کوردبوون لە دیسکۆرسی پارتەکاندا
نامەوێت مێژوو و پەیڕەو و پرۆگرام و پلاتفۆرمی پارتییە سیاسییەکانی کورد یەک بە یەک بەسەر بکەمەوە و خوێنەر راپێچی ئەو رێگا پێچاوپێچانەی ناو دیرۆک بکەم، دەخوازم ناوکۆیی نێوان گووتاری حزبە کوردییەکان ئاشکرا بکەم. ئەگەر چاوێک بخشێنین بە مێژووی کورددا لە پاش غەزەواتی ئیسلامیی، کورد هەمیشە لە دۆخی یاخیبوون و راپەڕیندا بووە لە دژی دەسەڵاتی خەلافەت، لە هەر رووبەرێکدا بۆی لوا بێت هەوڵیداوە قەوارەی خۆبەڕێوەبەریی دروست بکات، لێ دەزانین ئەم قەوارە بنەچەیەکی خێڵەکیانە و هۆزگەراییانە هەبووە، شوناسی ئاینیی زاڵتر بووە وەک لە شوناسی نیشتمانیی و نەتەوەیی، بەڵام ئەم ئاریشەیە تایبەت نەبووە بە کورد، کۆنتێکستە زەمەنییەکە ئەوەی کردبووە دیفاکتۆ بەسەر هەموو گەلانی ناوچەکەدا. لە باری دیرۆکیشەوە ئەم قۆناغە کەوتووەتە بەر لە لەدایکبوونی ناسیۆنالیزم لە دنیادا. لەگەڵ ئەمەشدا بە ئاوڕدانەوە و لاکردنەوەیەکی خێرا نەشونمای چەندین نیمچە دەوڵەت و هەرێمی کۆنفیدراڵی کوردیی لە کۆتایی هەزارەی یەکەمدا دەبینین.

ئەگەرچی سروشتی نیمچە دەوڵەت و میرنشینە کوردییەکانی ئەوێ رۆژێ ناوچەیی بوون نەک سەرتاسەری، بەڵام ئەوە فاکتێکە نیشانی دەدات کورد مکوڕ بووە لەسەر پاراستنی شوناسی کولتووریی و زمانەوانیی و ئاکاریی و ترادیسیۆناڵی خۆی، ئەگەر چەند نموونەیەک وەربگرین هەر یەک لە دەوڵەتی “حەسنەوی” لە ساڵی 959ی زاینی دامەزراوە و ماوەی 56 ساڵ بەردەوام بووە، دەوڵەتی “هەزبانی” لە ساڵی 907ی زاینیی دامەزراوە، دەوڵەتی “دۆستەکی” لە ساڵی 982ی زاینی دامەزراوە و 104 ساڵ فەرمانڕەوایی کردووە، دەوڵەتی “شەدادی” لە ساڵی 951ی زاینی دامەزراوە و 213 ساڵ بەردەوام بووە، لەگەڵ چەندین نیمچە دەوڵەت و کانتۆی تر کە لەلایەن کورد خۆیانەوە دروستکراون و بەڕێوەبران، هەموو ئەمانە لە ساتەوەختی خەلافەتی عەبباسییەکاندا نەشونمایان کردووە و دواتر بەهۆی گێچەڵ و پەلاماردانی دەوڵەتی خەلافەت و ناکۆکیی ناوخۆییەوە لەنێو چوون. لێ ئەم دەوڵەتە بچووک و ناوچەییانە لەلایەن کوردەوە دروستکراون و بەڕێوەبران، بەڵام ناکرێت بە تەرازووی ئەم ساتەوەختە بیانکێشین و لەسەر بیرێکی نیشتمانی دادگاییان بکەین کە لە هیچ شوێنێکی دنیادا بوونی نەبووە، چوون ئەم بیرە نیشتمانییە بەم ناواخنەی ئێستاوە چەندین سەدە لە دوای دیارنەمانی ئەو دەوڵەتانە لە مێژوودا سەری دەرهێناوە.

لە پاش ئەم مێژووە لە سەدەی سیانزەوە، سەردەمێکی تازە لە مێژووی سیاسیی و حوکمڕانێتی کورد دەست پێدەکات، بە دامەزراندنی میرنشینە کوردییەکان، لە چەشنی ئیمارەتی “ئەردەڵان” کە لە ناوەڕاستی سەدەی دوانزەوە لەلایەن “بابا ئەردەڵان”ەوە دامەزراوە و ماوەی حەوت سەدە و تا ساڵی 1867 لە بەشێکی فراوانی رۆژهەڵاتی کوردستانی ئێستا تا نزیک قەڵەمڕەوی بابانەکان فەرمانڕەواێتی کردووە. میرنشینی بادینان لە ساڵی 1262 لەلایەن شێخ بەهادین شێخ شەهابەدین شەمزینییەوە دامەزرێنراوە، میرنشینی سۆران لە لایەن “کەڵۆس بەگ”ەوە دامەزرێنرا، میرنشینی “بابان” لەلایەن فەقێ ئەحمەدی دارەشمانەوە لە سەدەی حەڤدەدا دامەزرێنرا، میرنشینی “بۆتان” لەلایەن میر “عەبدولعەزیز”ەوە لە ساڵی 1286 دامەزرێنرا و شەش سەدە بەردەوام بوو، میرنشینی “هەکاری” لە سەدەی سیانزەهەمە لە هەرێمی جولەمێرگ دەرکەوتووە و سنووری قەڵەمڕەوەکەی گەیشتووەتە دەریاچەی وان. وەک ژێدەرە مێژووییەکان رووناکی دەخەنە سەر سەرباز و لەشکری ئەم ئیمارەتە خۆی لە چل هەزار سەرباز داوە. جگە لەوەی ئەم میرنشینانە هەمیشە دژ و ناکۆک بوون لەگەڵ یەکتر، لەگەڵ ئەوەشدا قەڵەمڕەوەکەیان کەمتر لە پارچەیەک لە دوو پارچەکەی ئەوسای کوردستانی گرتبووە، هەمیشەش لە ژێر کاریگەریی و هەژموونی ئیمپراتۆریای عوسمانلی و سەفەوییەکاندا بوون، هیچشیان توانایان نەبوو بگەنە سەدەی بیستەم. هەموو لە ناوەڕاست و کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە داڕزان و لێک هەڵوەشانەوە. وەنەبێ مێژووی ئەم ئیماراتانە لایەنی پرشنگداری تیا نەبێت، هیچ نەبێت نالی و سالم و کوردی و مەلای جەزیری و ئەحمەدی خانی و فەقی تەیران و عەلی بەردەشانی و زۆرێک لە شاعیر و منەوەرەکانی ئەو سەردەمە لەژێر سێبەری ئەو میرنیشینانەدا توانای ئەدەبی و رووناکبیریی خۆیان خستووەتە گەڕ.

لەگەڵ کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی میرنشینە کوردییەکان و سەپاندنی حوکمی زۆردارانەی عوسمانلی و سەفەوی، کە هێدی هێدی بیری نەتەوەیی و شۆڤێنستی لە کن ئەو دوو دەوڵەتە تەشەنەی دەکرد، سەردەمێکی جیاواز لە مێژووی کورددا دێتە پێشەوە، ئەویش بەرپاکردنی راپەڕین و یاخیبوونە لە دژی دەسەڵاتی عوسمانلی و قاجاری. رەنگە پێش راچەنینی شێخ عوبەیدوڵای شەمزینی “نەهری” لێرە و لەوێ چەند یاخیبوونێکی بچووک و لۆکاڵی روویاندا بێت، بەڵام “شۆڕشی” شێخ عوبەیدوڵا خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی سیاسیی کورددا، لە سۆنگەی ئەوەی ئەمە یەکەمین راچەنین و هەستانەوەی کوردە بە شێوەی راپەڕینێکی کوردستانی سەرتاسەریی لە یەک کاتدا دژی هەردوو داگیرکەری قاجاری و عوسمانلی، هەروەک دەبینین پێش راپەڕینەکە، کۆنگرەیەکی پریمتیڤی نەتەوەیی لە گوندی نێری “نەهری” بە سەرپەرشتی شێخ عوبەیدوڵا بۆ پیاوانی خاوەن ئۆتۆریتە لە شێخ و سەرۆک عێڵەکان هاتبووە گرێدان. ئەم شۆڕشە رۆڵێکی گرنگی گێڕا لە راستای هۆشیاریی نیشتمانی و بەشدارییەکی سەرەکی هەبوو لە داڕشتنی زیهنییەتی کوردبوون و ئازادیی لای تاکی ئەو سەردەمەی کورد.

لەپاش تێکشکاندن و پووکاندنەوەی ئەو راپەڕینە و خانەبەدەرکردنی شێخ عوبەیدوڵا بۆ حیجاز، راپەڕینەکان فۆرمێکی تر وەردەگرن و بەشێکی فراوان لە منەوەر و رووناکبیران بە خۆیان و پڕۆژە نەتەوەییەکانیانەوە “ئەگەرچی لە سادەترین شێوەشدا بووبێت” دەبنە کۆڵەکەیەکی بایەخداری هەموو بزاڤ و جوڵانەوەکانی کورد. لەو دەمانەدا بارودۆخی شارێکی وەک “ئەستەمبۆڵ” کە مەڵبەندی سەرەکیی بڵاوبوونەوەی بیری نەتەوەیی تورک بوو، یارمەتیدەرێکی باش بوو بۆ گەشەکردنی بیری نەتەوەیی کوردیش. ئەو نوخبە رۆشنبیر و سیاسییەی ئەو دەمانە لە ئەستەمبۆڵ دەژیان، وەک نزیکترین شار لە ئەوروپاوە، ئەگەرچی هەستێکی ئادۆمیدیانەیان سەبارەت بە خۆیان هەبوو، بەڵام بیریان لەوە کردەوە دەبێت کورد ئیدی ببێتە خاوەن ماڵ، هەوڵیاندا نەریتێکی کوردیی بهێننە ئارا، دابڕان بێت لەو مێژووەی نەتەوە سەردەستەکان وەک دوا حکایەت سکێجیان کردبوو، هەوڵیاندا ئەو وێنە گەورانە تێکبشکێنن داگیرکەران لە زەینی کۆمەڵگەیەکی پاشکەوتووی وەک کۆمەڵی کورددا کە سترۆکتۆرە سەرەکییەکەی لە وەرزێران پێکهاتبوو، دروستیان کردبوو لە ناو پرۆسێسێکی مێژووییدا. لێ عوسمانلییەکان نەتەوەپەرست نەبوون، بەڵام هاشا لە بندەستی گەلانی تر ناکرێت لە ژێر حوکمی ئالی عوسماندا.

کورد یەکەم نەتەوەیە لە عوسمانییەکان یاخی دەبێت، لە کاتێکدا عوسمانییەکان حوکمی دەیەها گەلی تریشیان دەکرد. زوو بە زوو رێکخراوە سیاسییەکانی کورد لە گەشەکردندا بوون، هەروەک چۆن گەنجە تورکەکان “جۆن تورک” بەخێرایی بە بیروراِیەکی تورکچێتییەوە لە گەشەکردندا بوون. لە ساڵی 1908 کۆمەڵەی “تەعاون و تەرەقی کورد” بە سەرۆکایەتی “شێخ عەبدولقادری شەمزینی” لە ئەستەمبۆڵ پێکهات، ئەم کۆمەڵەیە لە رووی سیاسیی و کاری رۆشنگەرانەوە بە پێشەنگ دادەنرێت، لەگەڵ دامەزراندیدا رۆژنامەیەکیش بە ناوی “کرد تعاون ترقی غزتسی” بە سەرنووسەرێتی حاجی تۆفیق “پیرەمێرد” دەردەکات. لە ساڵی 1910 کۆمەڵەی “تەلەبەیێ کورد” و کۆمەڵەی “هێڤی” لە ساڵی 1911دا، وەک دوو رێکخراوی خوێندکاریی و سیاسیی و نیمچە حزب لە کوردستانی بندەستی عوسمانیدا هاتنە مەیدان، ئەمەش رێگەخۆشکەر بوو بۆ دامەزراندنی “جەمعییەتی موحیبانی کوردستان” لەلایەن مەلا حەیدەرەوە لە ساڵی 1912 و کۆمەڵەی “ئیرشاد و تەرەقی کورد” لە هەمان ساڵدا بە سەرۆکایەتی خەیری بەرازی. ئامانجی ئەم رێکخراو و کۆمەڵانەش بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و خوێندەواریی و پێشخستنی کولتوور و زمانی کوردیی بوو، لە پەنا داکۆکیکردن لە یاخیبوونە کوردییەکان و داوای مافە ئیتنیکی و سەرەتاییەکانی کورددا.

لە کوردستانی بندەستی ئێراندا، میر “عەبدولڕەزاق بەدرخان” لە کۆتاییەکانی 1912دا کۆمەڵەی گیهاندن یان جیهاندانی دامەزراند. سەرچاوە مێژووییەکان ئەوەمان بۆ دەگەڕێننەوە بۆ یەکەمین جار قوتابخانە لە دەرەوەی حوجرە ئاینییەکان بە دەستپێشخەریی ئەم رێکخراوە لە شاری ورمێ کراوەتەوە. ئەمە جگە لەوەی کۆمەڵەکە زمانحاڵێکیشی هەبووە لە شێوەی گۆڤارێکدا بە ناوی “کوردستان”. ئەم گۆڤارەش رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە هاندان و وریاکردنەوەی گەنجانی کورد. پاشتریش لە ساڵی 1914دا سەید تەهای شەمزینی و عەبدوڵا شەمزینی “سەید عەبدوڵا ئەفەندی” بە هاوکاریی سمکۆی شکاک کۆمەڵەی “ئیستخلاسی کوردستان” لە شاری ورمێ دادەمەزرێنن، هەروەک مێژوونووسان هێمای بۆ دەکەن ئامانجی ئەم رێکخراوە جیا لە خوێندەوارکردنی کۆمەڵگە بە پلەی یەکەم سەربەخۆیی کوردستان بوو. ئەم کۆمەڵەیە پەلی هاویشتبوو بۆ تەواوی کوردستان، تەنانەت شێخ عەبدولسەلام بارزانی پەیوەندییەکی بەتینی لەگەڵ ئەم کۆمەڵەیە هەبووە. هەر لەم ئانوساتانەدا هەردوو راپەڕینی “مەلا سەلیم بتلیسی” لە بەشی باکوور و “شێخ عەبدولسەلام بارزانی” لە بەشی خوارووی کوردستانی بندەستی عوسمانلی چەخماخە دەدەن، سەرئەنجامی هەردوو راپەڕینەکە دامرکاندمەوە و خامۆشکردن بوو بە زەبری ئاگر و ئاسن، چارەنووسی هەردوو سەرکردەی راپەڕیوانیش سزای لە سێدارەدان بوو.
بەم شێوەیە بارودۆخەکە درێژەی کێشا، تاکو بڕانەوەی جەنگی یەکەمی جیهانیی. لە پاش جەنگ نەخشەی ناوچەکەش گۆڕا. گەرچی “سیڤەر” مافی دا بە پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد، بەڵام زۆر زوو پەیمانی “لۆزان” ئەم هیوا بچووکەی زیندەبەچاڵ کرد، ئەو نەخشەیە چەسپێنرا “مارک سایکس” و “جۆرج بیکۆ” وەک کابووسێک بەسەر قەدەری ئەم ناوچەیەدا سەپاندیان. کوردستانی بندەستی عوسمانلی لە یەک پارچەوە کرایە سێ بەش، کوردستانی بندەستی ئێران وەک خۆی لە ژێر حوکمی ئێرانی بە فارسکراودا مایەوە. کورد بەرەنگاریی ئەم سیاسەتە داسەپاوەی زلهێزەکانی لە خۆی نیشاندا، لە باشوور راپەڕینەکانی شێخ مەحمود و چەندین راپەڕینی تر تەقینەوە، لە باکووریش شۆڕشە بەردەوامەکان دەستیان پێکرد هەر لە بەرخۆدانی شێخ سەعیدی پیرانەوە تاکو دەگاتە راپەڕینی دێرسیم بەسەرکردایەتی سەید رەزا، راپەڕینی ئارارات و ئاگری داخ.

هەموو ئەم راپەڕین و شۆڕشانە “شۆڕش بە مانا باوەکەی” بە خێراییەکی ئەفسوونگەرانە سەرکوتکران. ئیدی بارودۆخەکە جۆرێک لە بێ هیوایی لەگەڵ خۆیدا هێنا، هەلومەرجی تازەی کوردستان کە بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەشکرابوو، پێویستی ئەوەی هێنایە ئارا، فۆرمێک لە بەرەنگاریی نیشان بدات، هارمۆنی بێت لەگەڵ رۆحی قۆناغەکە، هاوکات هەموو تەقەلاکان بۆ ئەوە کەوتنە گەڕ لە سایەی ئەم دەوڵەتە نەتەوەییانەدا شوناسی کوردیی نەسڕدرێتەوە، گووتاری کوردیی لێرەوە گۆڕا بۆ گووتارێک داکۆکی لە مانەوە و نەتوانەوەی خۆی بکات. لە منداڵدانی ئەم کەشە ناهەموارەدا، حزب و رێکخراوە سیاسییەکان بەشێوەیەکی پێشکەوتووتر لە جاران، چرۆیان کرد و رسکان. ئەگەر لە بەشی باشوورەوە سەیر بکەین، کۆمەڵێک رێکخراو سەرهەڵدەدەن، لە چەشنی حزبی برایەتی، ئەم حزبە لە ساڵی 1937 لەلایەن “شێخ لەتیفی حەفید” کوڕی “شێخ مەحمودی حەفید”ەوە دروستکرا، ئەویش پاش هاتنە ئارای جوڵانەوەی یەکەمی بارزان لە ساڵی 1932-1936 و دامرکانەوەی بزاڤی سەربەخۆیخوازیی شێخ مەحمود، دواتر لە ساڵی 1941دا، حزبێکی گرنگ و بایەخداری وەک “حزبی هیوا” بە سەرۆکایەتی رەفیق حیلمی پێدەنێتە نێو گۆڕەپانی سیاسییەوە. ئەگەرچی دوو ئاڕاستەی دژ بەیەک لەم حزبەدا کۆببوونەوە، یەکێکیان لایەنگریی ئەوەی دەکرد کورد پشت بە ئینگلیز ببەستێت!، لەم ئاڕاستەیەدا لەسەری سەرەوە رەفیق حیلمی سەرۆکی حزبەکە وەستابوو، بەڵام ئاڕاستەکەی تر دڵی بە ستالینیزم و شورەوی خۆش کردبوو، بەڵام هاشا لە رۆڵی گرنگی ئەم حزبە ناکرێت.
لە سوێندخواردنی ئەندامانی حزبی هیوادا بە “قورئان و ئاڵای کوردستان و خەنجەر و گوڵە گەنم” راستییەک خۆی نیشان دەدات، ئەم حزبە لە هەوڵی ئەوەدایە کورد لە دەوری یەک گووتاری کوردستانی کۆبکاتەوە لە رێی بەکارهێنانی ئەو سیمبولە کوردییانەوە. سیمایەکی تری ئەم حزبە لەوەدا بوو بەشداریی ژن تێیدا کارا بوو، چەندان ژنی وەک “زەکیە بابان، ناهیدە شێخ سەلام، حەلاوە شێخ محەمەد، لوتفییە سدیق” لە سیما هەرە دیار و بەرجەستەکانی هیوا بوون. تەمەنی ئەم حزبە کورتتر بوو لەوەی ئامانجەکانی وەدیبهێنێت، بە تایبەت بەهۆی جیابوونەوەی باڵی چەپی حزبەکە و راگەیاندنی حزبێکی نوێ بە ناوی “پارتی رزگاریی کورد” لە شوباتی 1945دا، گەرچی ئەم حزبە بەخێرایی گەشەی کرد و لە چەند مانگێکدا ژمارەی ئەندامانی گەیشتە سەرو پێنج هەزار، بەڵام لە ئابی 1946 خۆی هەڵوەشاندەوە و لەناو پارتیدا توانەوە، بە هەمان چەشن پارتی شۆڕش “حزبی کۆمۆنیست لە کوردستانی عێراق” کە پابەند نەبوونی خۆی بە پارتی کۆمۆنیستی عێراقەوە راگەیاندبوو، هەمان چارەنووسی رزگاری هەڵبژارد و خۆی لە پارتیدا حەل کرد. لەگەڵ دروستبوونی پارتیدا، لە 16ی ئابی 1946 مەودایەکی بەرینتر کرایەوە بۆ پێشکەوتنی جوڵانەوەی کوردیی، هەر لە سەرەتا و لە رۆژی 2ی سێپتامبەری 1946 پارتی دەستیکرد بە وەشاندنی رۆژنامەی “رزگاری” بە زمانی عەرەبی. “لە دەرفەتێکی تردا دێمەوە سەر بایەخی ئەو رۆژنامەیە”.
ئەگەرچی پارتی لە سەرەتاوە پڕ بوو لە ناکۆکی، بەڵام ناکۆکییەکان بنەمای فیکریی و ئایدۆلۆژییان نەبوو، زیاتر ناکۆکی کەسیی بوون و پاساوی فیکرییان بۆ دادەتاشرا. بۆ نموونە لە سەرەتای پەنجاکاندا ناکۆکی پارتی پەرە دەسەنێت و وەک جەلال تاڵەبانی جارێک باسی کرد جگە لە خەتی فەرمی، دوو باڵی تر هەبوون بە هەمزەیی و ساڵحی دەناسران “لایەنگرانی خەتی هەمزە عەبدوڵا و خەتی ساڵح روشدی”، ئەمەش وایکرد هەمزە عەبدوڵا لە ساڵانی 1951-1956 بە ناوی “پارتی دیموکراتی کورد – عێراق بەرەی پێشکەوتوو” باڵەکەی درێژە پێبدات. هەروەک دەبینین لە ساڵی 1964 هەمان سیناریۆ بە جیابوونەوەی جەلالییەکان “باڵی مەکتەبی سیاسیی” لە باڵی مەلایی دووبارە بووەوە. هەروەک جارێک مامۆستا “مەسعود محەمەد” وتبووی “رەوایی حزبی لای باڵی جەلالی بوو، بەڵام رەوایی شۆڕش لای بارزانی بوو”. “هەڵبەتە لێرە نامانەوێت بچینە کرۆکی ئەو ناکۆکیانەوە”. پاشتر چەندین حزبی تر لە هەناو و دەرەوەی پارتی لەم بەشەی کوردستان لە دایک دەبن کە گرنگترینیان یەکێتییە.

لە بەشی باکوور هەر لە “خۆیبوون”ەوە تاکو پەکەکە چەندان حزب و رێکخراوی کوردیی سەریانهەڵداوە، کە زۆرینەیان لە ژێر هەژموونی چەپڕەویی و گیڤاریستیدا بوون، لە رۆژئاواش لە ساڵی 1957 یەکەم پارتی بە ناوی “پارتی دیموکراتی کورد” دادەمەزرێت، پاشان ژیانی حزبایەتی لەو بەشەش گەشە دەکات تا بە ئەمڕۆ دەگات، وەک دەبینین ژمارەگەلێک حزب لەو بەشە چالاکی دەکەن کە دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا بەرەی ئەنەکەسە و بەرەی ئاپۆچێتیدا. لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش بە دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان “ژێکاف” لە ساڵی 1942دا، حزبایەتی لەو بەشەی کوردستاندا پێدەنێتە قۆناغێکی سەرتر، پاشتر دەبێتە هەوێنی پێکهێنان و بزواندنی “حیزبی دیموکراتی کوردستان – ئێران”. هەروەک شاد رەوان دکتۆر کوردۆ عەلی ئاماژەی پێدەدات گۆڕینی ژێکاف بۆ حزبی دیموکرات تەنیا گۆڕینی ناو نەبوو، بەڵکو وەک ئەو بۆی چووە “وەرچەخانێک بوو بەرەو پاشەوە و سەرەتای کۆتایی و نابووتبوونی سەرمایەی فیکری و پووتکردنەوەی ناوەڕۆکی مەسەلەکە بوو”. ئاخر ئەمە یەکەمین دانپیانان بوو بەو جوگرافیا دەستکردەی داگیرکەران دیزاینیان کردبوو. پێش ئەوە هیچ کۆمەڵە و حزب و رێکخراوێک بە پاشگری ئێران و عێراقەوە نەهاتبووە ئارا.
لێرەدا و لەو پەرەگرافانەی پێشوودا پانۆرامایەکی مێژووی زۆر بەپەلەمان خستە بەر چاو لەبارەی گەشەکردن و پەرەسەندنی حزبی سیاسیی لەکوردستاندا، هەوڵدەدەین لێرە بەدواوە ئەشکالییەتی گووتاری حزبە کوردییەکان دەربخەین، بۆچی نەیانتوانی ببنە حزبگەلێک نیشتمان بنیات بنێن؟ کوردبوون لە گووتاری سیاسیی ئەم حزبانە چۆن لێکدانەوەی بۆ دەکرێت؟. ئێمە وەڵامی ئەو پرسیارانە لەم چەند خاڵەدا پوخت دەکەینەوە:
یەکەم: ئەگەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە راپەڕین و جوڵانەوە و رێکخراو و حزب و کۆمەڵەکان ئامانجیان سەربەخۆیی کوردستان و بنیاتنانی دەوڵەت بووبێ، لەدروستبوونی حزبی دیموکراتی کوردستان- رۆژهەڵاتەوە ئەم ئامانجە بچووکتر کرایەوە بۆ ئۆتۆنۆمی “خودموختاری”! ئەمەش پاشەکشەیەکی فیکریی و پراکتیکی بوو لە راستای تموحی نەتەوەیەکی بندەست.
دووەم: کوردبوون تەنیا رووکارێکی سیاسیی پێدرا لە دیتن و تێڕوانینی حزبە کوردییەکاندا. بە وتنێکی دیکە حزبی کوردیی تەنها ناسنامەی جوگرافی مرۆڤی کوردی بینیوە، بۆیە هەمیشە چاوی لە رزگارکردنی خاک بووە، لەوە بەولاوە ئیشی لە زەیندا نەکردووە، نە قوتابخانەیەکی پێداگۆگیی بووە بۆ گۆشکردنی تەنانەت ئەندامانی خۆی بە هزری نیشتمانی، نە میکانیزمێک بووە بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دامەزراوەیی، بەو پێیەی حزبی کوردیی بەرئەنجامی پاڵەپەستۆ و ستەمکێشی نەتەوە سەردەستەکان بووە، یاخیبوونێکی عەفەویی بووە، نەک لە پێداویستییە ژیاری و ژیانییەکانی کۆمەڵگەوە داکەوتبێت، چوونکە ئەمەیان دەکەوێتە دوای بوونی دەوڵەت. پێموایە کورد نەدەبوو حزب دروست بکات، بەڵکو دەبوو بزووتنەوەیەکی سەرتاسەریی جەماوەریی شۆڕشگێری هەبوایە تاکو ئەو کاتەی دەبووە دەوڵەت.
سێهەم: ئاریشەی سەرەکی رێکخراو و حزبە کوردییەکان نەبوونی ئایدۆلۆگ بووە، ئایدۆلۆگێک ئەگەر لە چەشنی عەفلەقیش بووبێت. تەنیا “ئاپۆ”مان هەیە وەک ئایدۆلۆگێک کار دەکات، ئەمیش لە زیندان و پاش ئاشنابوونی بە تێزەکانی بیرمەندی ئیکۆلۆژ ئەنارشیستی ئەمەریکی “مۆری بۆکچین” لە زینداندا و لەسەروو تەمەنی پەنجا ساڵیشدا. بۆیە هەمیشە کورد خۆی بە ئایدۆلۆژیاکانی دیکەوە هەڵواسیوە بەتایبەت زۆر زووتر لە گەلانی تر دێوانەی ماویزم و لێنینیزم بوو.
چوارەم: حزبە کوردییەکان هەمیشە لەسەر بنەمای تەریقەت و خێڵ دامەزراون. نەیانتوانیوە ئەو چوارچێوە و تەڵزگە خێڵەکی و تەریقەتییانە ببەزێنن و ببنە حزبێکی نیشتمانی و کوردستانی. لە ئەزموونی پەکەکەدا وا دەردەکەوێت ئەم ئەنگێزەیەی تێپەڕاندبێت، ئەگەریش تاراددەیەک و بەشێوەیەکی رێژەیی ئەوە وابێت، پەکەکە لە دە لای ترەوە کێشەی گەوهەریی و فیکریی هەیە، بەوەی سەرەتا مارکسی لینینی بووە، ئێستاش تیۆرییەکی ئاپۆ کوردبوون ورد و خاش دەکات “دواتر دێینە سەری”. لەبەرئەمە حزبی کوردیی، هەمیشە کوردبوونی لەناو بۆتە و بازنە بچووکەکانی خێڵ و تەریقەتدا بەند کردووە و لەو ئاوێنە تەڵخەوە سەیری کوردبوون دەکات.
پێنجەم: حزبە کوردییەکان بە ئاسانی کەوتوونەتە ژێر هەژموونی حزبە چەپەکانی نەتەوە سەردەستەکان، بۆ نموونە پارتی دیموکرات تاوەکو دەرەنگانکێش دەستی نەبرد بۆ ئەو خاڵەی پەیڕەو و پرۆگرامەکەی کە جەختی لەسەر چەپبوونی حزبەکە دەکردەوە. لە بەری رۆژهەڵات و باشوور حزبە کوردییەکان بە قووڵی کەوتنە ژێر هەژموونی پارتی گەلی ئێران “تودە”، هەر وەک دەزانین ئەم حزبە لە ئۆکتۆبەری ساڵی 1941 لە تاران دامەزرا، ئەگەرچی حزبەکە پاش ساڵانێکی کەم بەرەو چەپێکی رادیکاڵ وەرچەرخا، بەڵام بۆ هەمیشە ئەو ماکە لیبرال ریفۆرمیستییە پان ئێرانیستییەی لە دەست نەدا، وەک لەهەموو کۆنگرەکانیدا جەختی لەسەر پاراستنی یەکێتی خاکی ئێران دەکردەوە، کەچی هۆشمەندیی نەوەیەکی کوردی چ لە رۆژهەڵات چ لە باشووری خستبووە ژێر رکێفی خۆیەوە، لە رۆژئاوا و باکووریش گەشەکردن و سەرهەڵدانی حزبەکان مومکین نەبوو ئەگەر بە بەرنامە و پلاتفۆرمێکی چەپڕەوییەوە نەبوایە. لەم نێوەندەدا کوردبوون لە لیستەکەدا کەوتە دوای بەها ئایدۆلۆژییەکانی تر.

ئەم فاکتۆرە رۆڵێکی چڕی گێڕا لە زەقکردنەوەی حزبی چەپڕەوی کوردیی، ئەگەرچی جارێک دکتۆر کوردۆ عەلی نوسیبووی “لە هیچ جێگەیەکی ئەم جیهانە جگە لە فەلەستین پارتێکی کۆمۆنیستی میللەتێکی بێ دەوڵەت نابینین”. رایەکی جیاواز لەسەر ئەم دەربڕینە دەخەمە روو، وەک لە پێشەوە گووتم بوونی حزبی سیاسیی بۆ نەتەوەیەکی بندەست بە پێویستی نابینم، لە حاڵەتی ئەزعەفولئیماندا تێڕوانینی کورد خۆی بۆ دنیا و پێدراوە سیاسییەکان ئاریشەی تێدایە، ئەگەر نا چ کۆمۆنیزم یان ئیسلام و تەریقەت لە رابردوودا، دەتوانرا خزمەتی کۆمەڵگەی کوردیی پێبکرێت، ئەوان وەک ئایدۆلۆژیا تاوانبار نین، ئەو رۆحە کۆیلەیەی کورد گوناهبارە هەمیشە دەبێتە قەڵغانی ئەو ئایدۆلۆژیانە نەک بە پێچەوانەوە. دیقەت بدەن حزبی بەعس لەسەر بناغەی عروبە لەلایەن “سەلاح بەیتار” و “میشێل عەفلەق”ەوە لە ساڵی 1947دا دامەزرێنرا، بەڵام کاتێک لە ساڵی 1953 لەگەڵ حزبەکەی ئەکرەم حۆرانی “پارتی سۆسیالیستی عەرەب” یەکیگرت و ناوی حزبەکە گۆڕدرا بۆ “پارتی بەعسی عەرەبی سۆسیالیستی”، عروبە وەک بنەما ئایدۆلۆژییەکەی بەعس مایەوە، ئەو سۆسیالیزمەی یەکێک لە سێ دروشمەکەی بەعس بوو “یەکێتی. ئازادیی، سۆسیالیزم” تەنیا وەک چەند هەنگاوێکی ئابووری بچووک مایەوە، ئەگینا حزبەکە ئامانجە راستەقینەکەی یەکێتی و سەردارێتی عەرەب بوو لە “کەنداوەوە بۆ ئۆقیانووس”. ئەی سۆسیالیزم بۆ رێگر نەبوو لە ئامانجە شۆڤێنییەکانی بەعس، بەڵام رێگر بوو لە خەونی ئازادیی ئێمە؟؟!!.
شەشەم: گووتاری حزبە سیاسییەکانی کورد بریتی بووە لە کڕوزانەوە و نوزە نوز و خۆ بە قوربانی نیشاندان و چارە ڕەشی ناو مێژوو و لاواندنەوەی غەمە نەتەوەییەکان، ئەم گووتارە سواوە کە هەمیشە پەنای بردووە بۆ تاوانبارکردن و تەخوینکردنی ئەویدی، هەمیشە کاری لەسەر داتاشینی وێنای مەغدورییەتی خۆی کردووە لەلایەن جیهان و زلهێزەکانەوە. ئەم کارە دۆنکیشۆتیانەی حزبی کوردیی و تێکڕای کورد هەمیشە فلوتێک بووە تا کار بکاتە سەر هەست و سۆزی جیهانێک لەوەتی هەیە بێ هەست و سۆز بەڕێوە دەبرێت، ئەمەش وەک بڕینی شەپۆلاویترین دەریا وایە بە بەلەمێکی کاغەزییەوە. ئەم گووتاری کڕوزانەوەیە بووەتە ئایدۆلۆژیایەکی کوشندە و کوردبوونی تێدا ورد و خاش بووە، هەمیشە مرۆڤی تێکشکاوی بەرهەمهێناوە، بەردەوام لە دەستاڕی ئەم فۆرمە جیهانبینییەدا کوردبوون هاڕدراوە.
حەوتەم: کورد بە گشتیی و حزبی کوردیی بە تایبەت، لەسەر سیاسەتی رەوشتدارانە و ئایدیالیستیانە موعتاد بووە، خووەیەکە بۆی تەرک ناکرێت، کوردبوون هەمیشە مانای جەنگاوەری ئازا و بە رەوشتی گەیاندووە کە لە پێناوی تەواوی دنیادا شەڕ دەکات، ئەمەش بە پێچەوانەی روانگە نیتچەییەکە، وەک هەمووکات جەخت لەسەر بەهێزبوون دەکاتەوە نەک بە رەوشتبوون. سیاسەتی بە رەوشتانە و کۆڵەواری حزبی کوردیی کە دواجار دەسەڵات و ئیدارەی کورد بەڕێوە دەبات، ئەو ئەنجامەی لێکەوتووەتەوە لە هەموو گەمەکاندا بەدەست بەتاڵی دەربچێت و مرۆڤی کورد تا دوا سنووری خۆی شەکەت و ماندوو بکات.

جیاواز لەوەی لەم بەشەی باشوور، گەندەڵی و دابەشبوونی ئەجیندا و گووتاری کورد بەهۆی ململانێی مۆنارکی و تەسکی حزبییەوە، کوردبوون وەک جەستەیەکی هەلا هەلابووی لێ هاتووە، هیچ ئومێدێک بۆ گەڕانەوەی گیان بۆ ئەو لەشە کوت کوت بووە نەماوە، وەنەبێت حزبەکانی سێ پارچەکەی تر نموونەیەکی گەشتریان نیشان دابێت لەسەر بنەمای کوردبوون، مرۆڤ پەتی هیوای خۆی پێوە ببەستێتەوە. تەنانەت ئەوەی پێی دەوترێت بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان، تەنیا ناونیشانێکی گەورەی بێ کاکڵە بووە، هیچ کات نەبووەتە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سەکۆی تێکۆشانێکی زنجیرەیی و هاوبەشی مرۆڤی کوردستانی، بە پێچەوانەوە پایدەرلێدان بووە لە بۆشاییدا. ژبەر ئەمە کەوتوومەتە حاڵێک ئەگەر لەترسی شاڵاوی سێکتە حزبییەکان بوێرم، دەمەوێت ئەوەش بڵێم، حزبی کوردیی هێندەی زیانی لە کوردبوون و مانا بەرزەکەی مرۆڤبوونی تاکی کورد داوە، چارەگێکی ئەوە خزمەتی نەکردووە. هەنووکە دوای سەد ساڵ زیاتر لە تەمەنی ئەو حزبانە، بۆچی دۆخی کورد گەڕاوەتەوە چوارگۆشەی یەکەم؟. گەر بەشێکی پەیوەست بێت بە بەرژەوەندیی زلهێزەکانەوە وەک دەبینین کورد کەمتر لە دەوڵەتانی دراوسێی هەیە بیدات پێیان، ئەی تاکەی ئەو بەشەی پەیوەستە بە خۆمانە نابینین؟.

لە کاژیکەوە بۆ پاسۆک.. لە تیۆرەوە بۆ پراکسیس
بۆچی لەناو ئەو هەموو حزبە کوردییەدا دوو رێکخراوی سیاسییم جیاکردۆتەوە؟!، رەنگە ئەمە پەیوەندیی بەو راستییەوە بێت کاژیک تیۆری سەرەتایی کوردبوونی لە ژێر ناوی “کوردایەتی”دا فۆرمۆڵە کرد و پاسۆک ئەگەر خۆیشی دانی پێدا نەنابێ درێژکراوە و پەرەپێدانی ئەو تیۆرانە بوو کاژیک گەڵاڵەی کردبوون، لەوە زیاتریش هەوڵگەلێک بوون بۆ تاقیکردنەوەیان لە زەمینەی واقیعدا. دەتوانین هەردوو رەوتەکەش لە باری فیکرییەوە بە درێژکراوەی ژێکاف لە قەڵەم بدەین، چوونکە گۆڤاری “نیشتمان”ی ئەو حزبە و ئەدەبیاتەکەی بەشێوەیەکی سەرەتایی تیۆریزەی بیری نەتەوایەتی کوردیی دەکەن بە ئامانجی دروستکردنی دەوڵەت و سڕینەوەی سنوورە دەستکردەکان لە نێوان هەموو پارچەکانی کوردستاندا، بەتایبەت ئەوکات کوردستانی سوور “سۆڤێت” بەو شێوەیەی نهۆ دیموگرافیی نەشێوێنرابوو و کوردەکانیش بەسەر نۆ کۆماری یەکێتی شورەوی پێشوودا دابەش نەکرابوون. ژێکاف ئەگەرچی جوانەمەرگ بوو لەناو حزبێکی نوێتردا کە ئامانج و روئیاکانی بچووکتر بوون لە خۆی، بەڵام ئەدەبیاتی ئەم رێکخراوە چاوی بەشێک لە مرۆڤی کوردی بۆ سەربەستی کردەوە.

کۆمەڵەی ئازادیی و ژیانەوە و یەکێتی کورد “کاژیک” لە پاش کودەتای قاسم و گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی لە پادشاییەوە بۆ کۆماریی لە عێراقدا، لەو پەڕاوێزە تەسکەی ئازادیی لە کوردستانی بندەستی عێراقدا و لە نیسانی ساڵی 1959 راگەیەندرا. ئەگەرچی کاژیک لە رووی جەماوەرییەوە هێزێکی وەهای نەبوو، بەڵام لە رووی فیکرییەوە بۆ دوای خۆی کاریگەرییەکی زۆرتری دانا. ئەم کۆمەڵەیە بیری نەتەوەیی کوردیی لە رووی تیۆرییەوە تەکان پێدا بۆپێشەوە، بە جۆرێک ئەگەر لە رووی سانکرۆنییەوە لێی بڕوانین قەبزەیەکی فیکریی کەموێنە بوو لە تیۆریزەکردنی فۆرمێکی پریمتیڤ لە ناسیۆنالیزم. ئەدەبیاتی کاژیک بایەخێکی تایبەتی هەیە لەناو هەموو ئەدەبیاتی بزووتنەوەی کوردیدا تاکو ئەو دەمەی خۆی، هەر بۆ نموونە “کاژیکنامە” کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1961دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە، گۆڕانێکی فیکریی رادیکاڵە و بژارکردنی بیری نەتەوەییە لە بیری چەپڕەویی، وەک دەبینین مۆدیلی سیاسیی ئەو کات بوو بەهۆی نزیکی ناوچەکە لە یەکێتی سۆڤێتی پێشووەوە.
کاژیکنامە، بڵاڤۆکێکی گرنگە و تا ئێستاش بایەخی خۆی لە دەست نەداوە بۆ راڤەکاریی و تێگەیشتن. چوونکە بەدەر لە خستنەڕووی پانۆرامایەکی مێژوویی و چەردەیەک لە دیرۆکی دێرین و هاوچەرخی کورد، چەندین تێزی تێدا فۆرمۆڵە کراوە وەک سەرەتایەک بۆ لە دایکبوونی بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی، هاوکات رەخنەی توند لە بیری چەپڕەویی و کۆمۆنیستی دەگرێت بەتایبەت لەو رووەی سۆسیالستەکان بزاوتی نەتەوەیی بە بەرهەمی بۆرژوازی دەزانن. لێ لە باری واقیعییەوە بیری نەتەوەیی بەو فۆرمە پێشکەوتووەی لە بۆتەی ناسیۆنالیزمدا دەردەکەوێت بەرهەمی مودێرنێتە و گەشەکردنی فەرهەنگیی بۆرژوازی خۆرئاواییە، بەڵام نکۆڵیکردنی کاژیکنامە لەم فاکتە تەنیا بۆ خۆ لادانە لەو تیرۆرە نابەرجەستەیەی لەلایەن چەپەکانەوە بەرامبەر بە نەتەوەییەکان بەکار دەبرا، چوونکە بەپێی پێوەرەکانی ئەوێ رۆژێ هەر شتێک سەر بە فەرهەنگی بۆرژوازی بوایە، دواکەوتووانە و جێگەی نەفرەت بوو، هەر بۆیە کاژیکنامە دەیەوێت ئەو بیرە نەتەوەییەی لە ماڵی بۆرژوازییەوە هاتبووە دەرەوە، بۆ دوورتر بگەڕێنێتەوە.
کاژیکنامە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردیی “کوردایەتی” دەگەڕێنێتەوە بۆ پێشتر “هەرچەند دەوترێت گوزارەی کوردایەتی بۆ یەکەمین جار لە ناوی دیوانێکی شیعریی کامیل ژیرەوە لە پەنجاکاندا تەشەنەی کردووە و بووە بە چەمک”. بە پێی کاژیکنامە ئەم بزووتنەوەیە بەشێوەیەکی رێکخراو و ئۆرگانیزەکراو دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵەی تەعاون و تەرەقی شێخ عەبدولقادر “لە سەرەوە باسی کراوە”. بەڵام هاوکات دیدێکی رەخنەگرانەشی هەیە لە خوێندنەوەی کۆمەڵە و حزبەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم، هەروەک دەبینین حزبی هیوا بەوە تۆمەتبار دەکات بەرنامەیەکی تۆکمە و بیرێکی پوختی کوردایەتی نەبووە، بۆیە بە ئاسانی لەلایەن سیخوڕانی بەریتانییەوە خەرق کراوە و ئامانجەکانی بەلاڕێدا براوە، لەم رووەوە نموونەی کەسێکی وەک “ماجید مستەفا” دەخاتە بەرچاو. دواتر بە توندیی رەخنە لە کۆمۆنیستەکان دەگرێت، هەوڵدەدات ئەو تێڕوانینە هەڵەیە راست بکاتەوە گوایە کۆمۆنیزم و دیموکراسی تەواوکاری یەکترن، بەشێوەیەکی سادە جیاوازیی دیموکراسی لە کۆمۆنیزم مانیفێست کردووە، پاشان رووخسارە هاوبەشەکانی پارتی و شیوعییەکان دەستنیشان دەکات.

دواتر دێتە سەر پێناسەی کوردایەتی بە پێی “فەلسەفە”ی کاژیک و دەنووسێت “بەپێی بیروباوەڕی ئێمە، بزووتنەوەی کوردایەتی، لەو رۆژەوە دەست پێئەکا کە نەتەوەی کورد خۆی لەم جیهانەدا بەکورد ناسیوە… لەبەرئەوە پێمانوایە ئەوەتەی کورد هەیە بزووتنەوەی کوردایەتیش هەر هەبووە”. هەر بۆیە بەپێی کاژیکنامە کوردایەتی بزووتنەوەیەکی داهێنراوی سیاسیی نییە، کوڕی هیچ ساتەوەختێکی مێژوویی نییە، بەرئەنجامی گەشەکردنی هیچ فیکرێک نییە، لە هیچ شوێنێکەوە بۆ کورد نەهاتووە، بەڵکو شتێکی خۆڕسکە لەگەڵ هەستی خۆ بەکوردزانیندا لە دایک دەبێت، هۆشیارییەکی دەستەجەمعی گەلی کوردە “لەپێناوی مانەوە و ژیاندا”. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا هەر بیروباوەڕێکی هاوردەکراو لە دەرەوەی جوگرافیا و کولتووری کوردەواریی رەت دەکاتەوە، ئەمە شتێکی ئێجگار گرنگە، ئەگەر بۆ ئەوێ رۆژێ تا ئەندازەیەک بایەخی هەبووبێت، بۆ رۆژگاری ئەمڕۆمان پێویستییەکی هەرە لەپێش و پلە یەکە. ئەمەش مانای ئاوێزان نەبوون و سوود وەرنەگرتن لە شارستانێتی جیهانیی ناگەیەنێت کە بەرئەنجامی فیکری هەموو مرۆڤایەتییە، کوردیش بە نۆرەی خۆی بەشداربووە لە رەنگکردنی ئەو شارستانییەی هەنووکە لە ئارادایە، بگرە کوردستان سەرزەمینی شارستانییەتە هەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤە، بەڵام بە تاقیکردنەوە لە ماوەی یەک سەدەدا ئەوە سەلمێنرا هیچ بیرێک بەدەردی کورد ناخوات جگە لەوەی بە ئاوەزی کوردانەی خۆی بەرهەمی دەهێنێت.
ئامانجی کاژیک وەستانەوەیەکی فیکریی هەمەلایەنە بوو بە رووی ئەو تەوژمە سۆسیالیستییەی بیری نەتەوەیی کوردی لاواز کردبوو. لە هەمان کاتدا باوەڕی بە دامەزراندنی دەوڵەت هەبوو بۆ کوردستان. بەڵام ئەشکالییەتی سەرەکیی لە فیکری ئەم رەوتەدا، ئەو جۆرە سۆسیالیزمە کوردەوارییە بوو بانگەشەی بۆ دەکرد، جەمال نەبەز لە کتێبی “هێندێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی قوتابخانەی کوردیی سۆسیالیزم” کە بۆ یەکەم جار لە سوێد لە ساڵی 1984دا چاپ کراوە، بە چڕیی لایەنەکانی ئەم جۆرە سۆسیالیزمە دەستنیشان دەکات. هەوڵ دەدات ئارگۆمێنتی ئەوە بکات، سۆسیالیزم تەنیا بەرهەمی بیری مارکس نییە. لێ ئەمە راستە سۆسیالیزم پێش مارکس لای سان سیمۆن و فۆرییەی رێبەرانی سۆسیالیزمی یۆتۆپی لە ئارادا هەبوو، بەڵکو سۆسیالیزم وەک خەونی مرۆڤ زۆر دێرینە، بەڵام ئەوەی کڵێشەیەکی زانستی بە سۆسیالیزم بەخشیوە مارکس و ئەنگلزن. عەتا قەرەداغی لە بەرگی دووەمی کتێبی “گووتاری ناسیۆنالیزمی کورد” لەلاپەڕە “255”دا دەنووسێت “ئەگەر سەرنجی روانینەکانی دکتۆر جەمال نەبەز بدەین کە گەوهەری روانین و جیهانبینی کاژیک لەوێوە فۆرمۆڵە دەبێت، هەمان روانینی مارکسیانەیە، بەڵام بە جیاوازی ئەوەی کە یەکسانی رەها لای کاژیک دەوڵەتی گەل دروستی دەکات، بەڵام لای مارکسیزم دیکتاتۆرێتی پڕۆلیتاریا رێگا بۆ ئەوە خۆش دەکات”.
بە تێگەیشتنی من، ئەو جۆرە سۆسیالیزمەی جەمال نەبەز گەڵاڵەی کردبوو و ببووە بەشێکیش لە تێڕوانینی ئایدۆلۆژی کاژیک، کارێکی زڕ و کلۆر بوو، ئەویش بە چەند هۆیەک، یەکەم: سۆسیالیزم بەهەر جۆرێک بانگەشەی بۆ بکرێت موڵکی چەپە. دووەم: یەکسانی ئیدیۆمێکی سادە نییە بەڵکو کۆنێسپتێکی فیکریی قووڵە و سەر بە ماڵی چەپگەرایی و کۆمۆنیزمە، قوتابخانەی کوردیی سۆسیالیزمیش بانگەشەی بۆ یەکسانی دەکرد، لە کاتێکدا دادپەوەریی سەر بە ماڵی بەرەی بەرامبەرە. سێیەم: ئەو سۆسیالیزمەی کاژیک و دکتۆر نەبەز لە ژێر کاریگەریی هەژموونی سۆڤێتیدا نووسرابوو، ئەگەرنا پێویستی بەو هەڵکۆڵینەی مێژووی کورد نەدەکرد لە راستای گەڕان بە دوای مۆدیلێکی وێکچوو لەگەڵ سۆسیالیزمی باو و سۆڤێتی. بەهەمەحاڵ کاژیک سەرباری هەموو کەموکوڕییەک و پووکانەوەی لە هەڕەتی لاویدا، بەڵام سەرمایەیەکی فیکریی و سیاسیی دەوڵەمەندی بەجێهێشت، کە رەنگە هەندێک پاسۆک ئەمەیان پێناخۆش بێت، بەبێ ئەدەبیاتی کاژیک مومکین نەبوو لە پرۆسەیەکی پۆیسیسانەدا “شتێک لە نەبوونەوە بیهێنیتە بوون” لە دایک ببێت. راستتر وایە بڵێین کاژیک دەرگای مێژووی بەسەر پاسۆکدا کردەوە.
پاسۆک “پارتی سۆسیالیستی کورد” لە رۆژی 11ی سێپتامبەری 1975دا لە شاری کەرکوک لەلایەن ئازاد مستەفا، فەرهاد عەبدولقادر، مامۆستا شێرزاد لە پاش هەرەسی شۆڕشی ئەیلول دامەزرا. سەرەتا بە ناوی “پارتی سۆسیالیستی نەتەوەیی کورد” دەستی بە کارکردن کرد، بەڵام لەسەر پێشنیاریی دکتۆر جەمال نەبەز وشەی “نەتەوەیی” لە ناوی حزبەکە کرایەوە، بە هۆکاری ئەوەی ناوی پێشتری لێکچوونێکی زۆری دروست دەکرد لەگەڵ ناوی نازییەکان “پارتی سۆسیالیستی نەتەوەیی”، بەم شێوەیە ناوی پارتەکە هەر بە ناوی پارتی سۆسیالیستی کورد مایەوە. پاسۆک درێژەپێدەری کاژیک نەبوو لە رووی رێکخستنەوە بەڵام لە رووی فیکرییەوە بە درێژکراوەی کاژیک دادەنرێت. بەتایبەت دروشمی پاسۆک “کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان” بە کەمێک گۆڕانکاریی سینتاکسیی هەمان دروشمی پێشووی کاژیک بوو. یەکێک لە جیاوازییەکانی نێوان پاسۆک و کاژیک رەنگە لەوەدا بێت، کاژیک لە شۆڕشی ئەیلوولدا لە ناو پارتییەوە خەباتی شاخی دەکرد، بەڵام پاسۆک هەر دوای ساڵێک لە دامەزراندنی، بەشێوەی سەربەخۆ خەباتی چەکداریی لە شاخ دەستپێدەکات.

ئەگەر لە پەیڕەو و پرۆگرامی پاسۆک ورد بینەوە، بە شێوازێکی رادیکاڵتر لە کاژیک و ژێکاف و پارتی، تیۆریزەی کوردایەتی و بیری نەتەوەیی کوردی تێدا کراوە، هەوڵدراوە بەرنامەکە وەک رێبازێکی فەلسەفی بۆ بیری نەتەوەیی کوردی پێناسە و گەڵاڵە بکرێت. لە بەرنامەی سیاسیی و فیکریی پاسۆکدا کوردبوون لە پێش هەر شتێک و لە سەروو هەموو شتێکەوە دانرابوو، ئەو روانگەیەی لە شیعری “ئەی رەقیب”ی دڵداردا هەیە لە تێکستێکی ئەدەبییەوە وەرچەرخێنرا بوو بۆ ئایدیایەکی سەرەکی کە پاسۆک وەک هێڵێکی گشتیی کاری لەسەر دەکرد. لە نامیلکەی “پاسۆک لە چەند دێڕێکدا” کە لە ساڵی 1980 لقی ئەوروپای پاسۆک بێ ناوی هیچ نووسەرێک چاپ و بڵاوی کردووەتەوە، ناوەڕۆکی سیاسیی و فیکریی ئەو حزبەی تێدا روون کراوەتەوە. لەو نامیلکەیەدا پاش نمایشێکی مێژوویی لەسەر رەچەڵەکی کورد و کێشەی کورد، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات پاسۆک بۆ “یەکگرتنەوە و رزگاری و ئازادی کورد و کوردستان” تێدەکۆشێت. ئەمەش لە رووی مێژووییەوە کەوتۆتە پێش دروشمە دیماگۆگییەکانی پەکەکە “یەکگرتنەوەی هەر چوار پارچەی کوردستان”.
هەر لەو نامیلکەیەدا “پێموایە ئازاد مستەفا نووسیوویەتی” لە توێی 16 لاپەڕەدا زۆر بابەتی گرنگ بەتایبەت بۆ ئەو سیاقە مێژووییە تێَدا وروژێنراوە. تەنانەت بەرنامەی دوای ئازادی کوردستانی تێدا مانیفێست کراوە، لەوێ بانگەوازی گەلی کورد دەکات بەرەو بنیاتنانی کوردستانێکی ئازاد کە لە سایەی ئەو ئازادییەدا “کار بۆ کرێکار بێت. زەوی بۆ جوتیار بێت. هەر کەس بەری رەنجی خۆی بۆ خۆی بێت. ئازاد و سەربەخۆ بێت. رێز لە هەستی ئاینی و خواناسی بگیرێ. رێز لە بیروباوەڕی سیاسی بگیرێ”. ئەگەر لەم مافانە ورد بینەوە، تێکەڵەیەکە لە سۆسیالیزم و مافە دیموکراتییەکان، بۆیە ئەگەر لە رووی فیکرییەوە پاسۆک داینەمۆی بیری نەتەوەیی بووبێت، ئەوا لە رووی نیەتی ئیدارییەوە نزیکایەتی لەگەڵ ئەزموونی سۆسیال دیموکرات هەیە. لە نامیلەکەی “پاسۆک لە کڵاوڕۆژنەی دروشمەکانییەوە”، لە ساڵی 1984، “ئازاد مستەفا” پێنج پرنسیپە سەرەکییەکەی پاسۆک خاڵ بە خاڵ شی دەکاتەوە کە بریتین لە 1- کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان 2-پێش ئەوەی هەر شتێ بین، دەبێ کورد بین 3-کوردستان تەنیا موڵکی کوردە 4-مرۆڤایەتی کورد و کوردایەتی 5-جەماوەر سەرچاوەی بوون و دەسەڵاتە. لەم نامیلکەیەدا ئازاد مستەفا “ئازادی و سەربەخۆیی و رزگاری کوردستان و کوردستان و کورد” بە پێشمەرجی دۆستایەتی و ئاشتەوایی گەلانی دراوسێ و “دوور و نزیک” دادەنێت.
ئەگەرچی پاسۆک پاش راپەڕینی ساڵی 1991، بەهۆی یەکگرتنی لەگەڵ سۆسیالیست و پارتی گەل و پاشان توانەوەی لەناو پارتیدا، لە گۆڕەپانی سیاسییدا ون بوو،. بەڵام بیرۆکە و تێزە فیکریی و نیشتمانییەکانی کە لە سەرەتاوە جۆرێک لە ئایدیالیزمیان پێوە دیار بوو، لەناو کۆمەڵگەدا گەشەی کرد، بە جۆرێک ئاڵای کوردستان و ویستی سەربەخۆیخوازیی و دەوڵەتسازیی و پێکەوە بەسترانی خواستی کورد لە هەر شوێنێکی ئەم دنیایە، لە ئاستێکی بەرزدا خەونی مرۆڤی کوردە. وەلێ پاسۆک و کاژیک وەک دوو رووداوی مێژوویی ماونەتەوە و بوونەتە بەشێک لە حکایەتەکانی دوێنێ، بەڵام ئایدیای ئەو دوو رەوتە “سەرباری هەندێک ناکۆکیان” لە دنیای تازەدا بەهای خۆی وەرگرتووەتەوە، هەرچەند پێموایە دەبێت ئەو بیرۆکەیە بەشێوەیەکی فەلسەفی و هاوچەرخانە پەرەی پێ بدرێت، نەک لەبەرئەوەی لایەنگرێتی لە نۆرمێک لە ناسیۆنالیزم دەکەم، بە پێچەوانەوە لای من ناسیۆنالیزمی کورد هێشتا لە دایک نەبووە تا خەڵکی لەسەر دادگایی بکەین، بەو پێیەی ناسیۆنالیزم پەڕگیریی نەتەوەییە و ئایدۆلۆژیایەکی سەردەمی مودێرنێتەیە، هاوار و بانگەوازی کورد بۆ ئازادیی لە ژێر چەپۆکی داگیرکەران بە ناسیۆنالیزم پێناسە ناکرێت، بەڵکو هەستێکی نیشتمانیی بێ ئایدۆلۆژییە، بۆیە لە هیچ ماوەیەکی مێژوویدا بۆ دەرمانیش کوردێکی شۆڤێنی نەبینراوە. لە کۆتایی ئەم نووسینەدا بە دیقەتتر روونی دەکەمەوە بۆچی دنیای نوێ گەڕاوەتەوە بۆ بەها نیشتمانییەکان کە بەهۆی گلوبالیزمەوە وا تێگەیشتبووین ئەو بەهایانە ئەرزشێکیان نەماوە.
لە فیکری کاژیک و پاسۆکدا، کوردبوون بەشێوەیەکی سەرەتایی کرابووە رێباز و ئایدۆلۆژیایەک بۆ خەبات و رزگارکردنی کوردستان. بەرنامەی فیکریی و سیاسیی ئەو دوو رەوتە تەکاندان بوو بەو پێناسە کلاسیکییانەی کوردبوون لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەوە لەلایەن منەوەرانەوە فۆرمۆڵە کرابوو و لە میانی پرۆسەیەکی شۆڕشگێڕیشەوە بەرجەستەتر ببوو، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ئەم بیرە بە جوانەمەرگی سەری نایەوە، ئاخر دەکرا جومگە سەرەکییەکان و پوختەی ئەو بیرە دەستی پێوە بگیرابایە، کەسانێک نەبوون پەرەی پێ بدەن و بژاری بکەن و چوارچێوەی ئایدۆلۆژییەکی سەردەمییانەی پێ ببەخشن. لێ نامەوێت خۆم لە رەخنەگرتن لە فیکری ئەو دوو تەوژمە لابدەم، کەچی هێشتاش بایەخی فیکریی بەرنامەکانیان لەسەرو رەخنەکانمەوە دەبینم. هەر لەبەر ئەم فاکتۆرەش بوو ویستم بەرنامەی فیکریی ئەو دوو حزبە لەوانی تر بە جیا بخەمە بەر باس، نەک مەیلی رازاندنەوەی مێژوویانم هەبێت.

ئایدۆلۆگی کوردبوون.. ئۆجەلان یان مەسعود محەمەد؟

رەنگە بەراووردی نێوان مەسعود محەمەد و عەبدوڵا ئۆجەلان، بۆ زۆر کەس سەیر بێت و ئەو دوو کەسە قابیلی بەراووردکردن بە یەکتر نەبن. بە هۆکاری ئەوەی ئۆجەلان زیاتر لە چوار دەیەیە سەرکردایەتی بزووتنەوەیەکی سیاسیی و حزبی دەکات، هەرچی مەسعود محەمەدیشە بە هیچ شێوەیەک بەشداریی لە کاری سیاسیی و حزبی نەکردووە، بەڵکو هەموو تەمەنی تەرخان کردبوو بۆ گەڵاڵە فیکریی و نووسینە زمانەوانی و لێکۆڵینەوە تیۆرییەکانی، بەڵام ئێمە روویەکی هاوبەشی نێوان ئەو دوو کەسایەتییە دەخەینە روو، ئەویش بریتییە لە تەقەلا و هەوڵەکانیان لە راستای خستنە سەرپێی فیکر و ئایدۆلۆژیایەک، کەم و زۆر پەیوەندیی بە کورد و پێناسەکانی کوردبوونەوە هەیە. ئەگەرچی ئەو دوو مرۆڤە سەر بە یەک نەتەوەی دیاریکراون، بەڵام هەوڵەکانیان ئاڕاستەیەکی چوونیەکیان نییە. ئەگەرچی مەسعود محەمەد بە هۆکاری سیاسیی و حزبی خراوەتە پەڕاوێزەوە و کەمترین باری سەرنجی فیکریی و ئەکادیمی دەخرێتە سەر، لەگەڵ ئەوەشدا گەڵاڵەنامەکانی دەکرێت جارێکی تر ببنە مایەی ئاخاوتن، چوونکە تا بە ئێستا دەگات پەیڤین لە بارەی ئەم بیرمەندەوە سنووری رق و خۆشەویستی تێنەپەڕاندووە بۆ لێتوێژینەوەی ئەکادیمی.

هەوڵەکانی مەسعود محەمەد پارێزگارییکردن بوو لە شوناسی کورد لەبەردەم باهۆزی ئەو شەپۆلە لە چەپگەرایی و سۆسیالیزمی نەتەوە سەردەستەکان، بەشێکی هەرە زۆری بەرهەمە فیکریی و تیۆرییەکانی ناوبراو تەرخانە بۆ بەرپەرچدانەوەی دیدی سۆسیالیستی و نیشاندانی زڕیی بیری چەپڕەویی لە زەمینە و کەتواری ئەوێ رۆژێی کۆمەڵگەی کوردستان، وەک هەمیشەش جەختی دەکردەوە چینی کرێکار بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازییە، بەڵام شۆڕشێکی وەها لە کوردستان رووینەداوە، تاکو چینی پڕۆلیتاریا بەرهەم بهێنێت و ململانێی چینایەتی لە کۆمەڵگەدا ببێتە رووداوێکی راستەقینە، پێداگریی دەکرد ئەو پارەدارانەی بە سەرمایەدارانی ئەم کۆمەڵگەیە ناسراون “لەو زەمەنەدا” هەموو سەرمایەکەیان هێندە نییە بەشی کڕینی دوو کارگە یان سێ هوتێلی پێنج ئەستێرە بکات بۆ نموونە لە شارێکی وەک لاس فیگاس یان تۆرانتۆ یان هەر شارێکی تری گەشەکردووی نێو سیستمی سەرمایەداریی. لەم رەهەندەوە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکرد، شوناسی کورد تاکە مقەوەماتە بۆ مرۆڤی کورد، بۆ چوونە ناو مێژوو و جیهانی شارستانییەوە. دەکرێت ناوکۆیی زۆرینەی بەرهەمەکانی لەمەدا چڕ بکەینەوە، مەسعود محەمەد پارێزەری ئایندێنتیتی کورد بوو تاکو نەکەوێتە ژێر شەپۆلی بیرە خواستراو و دەرەکییەکانەوە، وەک ئاشکرایە بۆ هەموو لایەک لە ساتەوەختی نەشونماکردنی فیکریی ئەودا، زاڵترین تەوژم مارکسیزم و ماویزم بوو.

ئەم بیرمەندە لە کتێبی “مرۆڤ و دەوروبەردا” کە سەرەتا بە سێ بەرگ بڵاوکراوەتەوە و دوا بەرگیان لە ساڵی 1997 چاپ بووە “ئەو چاپەی لەبەردەستی مندایە هەر سێ بەرگەکەیە بە یەکەوە لە توێی 491 لاپەڕەدا”. هەوڵ دەدات رەخنە لە ئەنالیزی ماددیی “ماتریالیزم” بۆ دنیا و مێژوو بگرێت، ئارگۆمێنتسازیی زۆر دەکات تاوەکو لەنگییەکانی خوێندنەوەی ماددیی بخاتە روو. هەرچەند زۆرجار بیروڕا ئایدیالیستی و کۆنسەرڤاتیڤەکانی دەیخەنە هەڵەی میتۆدلۆژییەوە، بەڵام ئەمە هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت، ئەم کتێبە تا کۆتایی بایەخێکی لە راددە بەدەری هەیە لە کایەی رووناکبیریی تەنانەت ئەکادیمی کوردیدا. ئەم تەحەدایەی مەسعود محەمەد بەرامبەر بە تەوژمی باوی مارکسیزم و بیری سۆسیالیستی بۆ خۆی حاڵەتێکی دەگمەن بوو، ئەوی کردە رۆشنبیرێک لە دەرەوەی دەنگی باو و مێگەلئاسا کە بە لاساییکردنەوە و سۆزدارانە خۆیان لە سۆسیالیزمەوە ئاڵاندبوو، هیچ کام لەو سۆسیالیستە کوردانە هێندەی مەسعود محەمەد رامانیان نەکردبوو، لە بیرەکەیان نەکۆڵیبووەوە، کە ئەو بۆ کردەی رەخنەسازیی تێیدا قاڵ ببووە. لێرە لایەنگرێتی نیشان نادەم، دەمەوێت پەردە لەسەر دەموچاوی ئەو هەقیقەتە لا بدەم هێشتا کەسێک جەسارەتی ئەوەی نەبووە لایبدات.
وەنەبێ کاری مەسعود محەمەد، هەر ئەوە بووبێت وەک ئەنتی مارکسیست و چەپ بەرگریی لەکوردەواریی بکات، بەشێکی تری هەوڵەکانی دەچنە خانەی زمانسازیی و زمانەوانییەوە. لەبەرئەوەی زمان توخمێکی سەرەکیی هەبوونی هەر نەتەوەیەکە، رەگەزێکی جیاکاریی وەهایە توانای پاراستنی شوناسی هەر نەتەوەیەکی هەیە. تەنانەت بە پێی تێزی “دی سوسێر” مرۆڤ کائینێکە لە رێی سیستمی زمانەوە بیر دەکاتەوە “ئەم تیۆرییە زمانی و دەمارییە بۆ ستراکچرالیزم بەهایەکی بێ پایانی هەبوو”. نازانم ئایا مەسعود محەمەد چەند ئاگاداری ئەو تێزە دی سوسێریانە بووە، بەڵام لەوە دڵنیام لە دیدی ئەودا زمان هێندەی خاک بایەخی هەبووە، هەر لەم سۆنگەوە بایەخێکی زۆر و بەشێکی زۆری ژیانی بۆ زمانی کوردیی تەرخان کرد. ئەگەرچی مەسعود محەمەد بوارێکی فراوانترە بۆ قسە لەسەرکردن، بەڵام سەرنجی خوێنەر رادەکێشم بۆ دوو خاڵی گرنگ، یەکەم: مەسعود محەمەد پڕۆژەی “کوردبوون”ەکەی لە پێشگرتن بە مەدی چەپڕەویی گەڵاڵە کردووە، ئەم پڕۆژەیەش تەواو نییە و دەبێت بەردەوامی پێبدرێت و ئیزافەکاریی پتری بۆ بکرێت، چون ئەوەی ئێستا هەڕەشەیە لە شوناسی ئێمە کۆمۆنیزم نییە بەڵکو گلوبالیزمە. دووەم: پڕۆژەکەی مەسعود محەمەد و خودی خۆی محافیزکارانە بوون، لە بەرامبەر ئەو کرانەوەیەی لەگەڵ چەپ رووی کردبووە کۆمەڵگە، ئەو هەمیشە لە پەنا روانگە کۆنسەرڤاتیڤەکانەوە داکۆکی لە ناسنامەی کوردیی دەکرد. ئەمە بۆ ئەوێ رۆژێ کەموکوڕیی نەبوو، بەڵام بە حاڵی ئێستا ناخوات. بۆیە بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە پێویستمان بە درێژەپێدان و تێپەڕاندنی تێزەکانی مەسعود محەمەد هەیە، گەرچی بنەماش بن. رەنگبێ ئەم هزرینەم لەمەڕ مەسعود محەمەد هەم لایەنگرانی و هەم دژبەرەکانی بخاتە دۆخی هستریا و باری بزڕکاندنەوە، بەڵام بێباکم، چونکە ئامانجی من دامەزراندنی ئاخاوتنێکی زانستییە لەبارەی ئەو بیریارە و رزگارکردنێتی لە بەندیخانەی کتێبە تۆز لێ نیشتووەکان.

هەرچی عەبدوڵا ئۆجەلانە، لە رووی فیکرییەوە بەردەوام لە گۆڕان و پرۆسەی دۆنادۆندا بووە. ئەگەر لە قۆناغی پێش زانکۆیدا، بە خوانناسی و سەرسامبوون بە “سەعیدی نەوڕەسی” دەستپێبکات، لە دەورانی خوێندن لە زانکۆدا پشت دەکاتە ئەو رابردووە و سەوداسەری بیرۆکەی مارکسیزم – لێنینیزم دەبێت، کە مۆدیلی ئەوسای زۆرێک لە خوێندکارانی زانکۆکان نەک لە تورکیا بەڵکو لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیاش بووە. لەگەڵ ئەوەشدا ناسنامە کوردییەکەی خۆی هەرگیز فەرامۆش ناکات. ئەم پاڵنەرە دەبێتە فاکتۆری جۆشدانی گیانی شۆڕشگێڕێتی و یاخیبوون تێیدا لە دژی دەسەڵاتی تورک، ئەو لەگەڵ دوو فۆرمی دیسپۆتیزم بەرەو روو بووە، یەکێکیان چەوساندنەوەی وەک ئەندامێک لە چینی خوارەوەی کۆمەڵگە لەلایەن ئەو سیستمە سەرمایەدارییەی لە تورکیادا کەوتبووە سەرپێ، ئەویتریان وەک کوردێک کە بە پێی دنیابینی زاڵی دەوڵەت و نەتەوەپەرستانی تورک “تورکی چیایی” بوو. ئەمە رێگە خۆشکەر بوو لە رێکخراوێکی بچووکەوە دەست پێبکات تا کار گەیشتە سەر دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ساڵی 1978دا.
پارتی کرێکارانی کوردستان، ساڵانێکی زۆر بە پەرچەمێکی سوور و بە ئایدۆلۆژیایەکی چەپی رادیکاڵەوە لە نێو گۆڕەپانی سیاسیی و سەربازییدا درێژەی بە خۆی دا. لێ لەم قۆناغەدا دروشمی یەکێتی هەر چوار پارچەی کوردستان ببووە کەرەستەیەک بۆ راکێشانی نەوەیەکی تووڕە و یاخی لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا، بەڵام بۆ پارتێکی چەپی ئینتەرناسیۆنالی وەک پەکەکە ئەمە تاکتیک بوو نەک ستراتیژێکی چەسپیو. ئاخر ناکرێت لە خەونی دەوڵەتی کوردستانی گەورەوە بێیتە سەر بەڕێوەبردنی کەنتۆن و تێزی برایەتی گەلان. بەهەرحاڵ لە قۆناغی پێش دەستگیرکردنی ئاپۆدا لە ساڵی 1999، پەکەکە لە یەک کاتدا هەم حزبێکی چەپی رادیکاڵ بوو، هەمیش دروشمی یەکێتی هەر چوار پارچەی کوردستانی بەرز کردبووەوە. لەم قۆناغەدا “دەکاتە پەنجا ساڵی تەمەنی ئاپۆ”، کوردبوون لە دیدی ئەو حزبەدا وابەستەی شەڕکردن بوو لەگەڵ ئیمپریالیزم و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی. هەر لەنێو ئەم پێڤاژۆیەدا ئۆجەلان هیچ تیۆرییەکی تایبەتی نەبوو، جگە لەو رامانە مارکسییەی ببووە بنەمای پەروەردەی گەریلاکانی. لەم رووەوە کتێبی داستانی ژیانەوە “لە بنەماوە دیدارێکی رۆژنامەوانی درێژە” گەواهیدەری ئەم قسانەی سەرەوەی ئێمەن.
لە قۆناغی زیندانیکردنی ئۆجەلانەوە “بە تایبەت لە ساڵی 2001 بەملاوە” گۆڕانکارییەکی ریشەیی بەسەر بیر و دیسکۆرسی سیاسیی پەکەکەدا دێت. لەم چوارچێوەیەدا حزبەکە دەستبەرداری چەپگەرایی دەبێت و ماوەیەک ژیانی لە تەنگژەی بێ ناسنامەییدا دەگوزەرێنێت. ئەم گۆڕانە تەنیا چەپڕەویی پەکەکەی رانەماڵی، بەڵکو باسێک لە یەکێتی پارچەکانی کوردستانیش نەما، ئەگەرچی پێش دەستگیرکردنی ئاپۆ وەک “مارتین ڤان پرۆینسن” لە کتێبەکەیدا “کورد و بنیاتنانی ئوممەت” ئاماژەی پێداوە ئۆجەلان پێش گرتنیشی “داواکانی کەمڕەنگتر کردەوە بەو هیوای تەنها بگاتە رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی تورکیادا” درێژەی پێدەدا و دەڵێت “..رۆشنتر بووەوە ئەو رێگاچارەیەکی دەوێت لە چوارچێوەی کۆماری تورکیادا”. بەم شێوەیە داهێزرانێکی سیاسیی گووتاری پەکەکە و لق و باڵەکانی گرتەوە تەنانەت لە پارچەکانی تریشدا، بەڵام لە ساڵی 2004 رووداوێکی زۆر گرنگ لە ژیانی ئۆجەلاندا روو دەدات کە دەبێتە سەردەق شکاندنی قۆناغێکیش لە مێژووی رامیاریی پەکەکەدا.
ئەو رووداوەش ئاشنابوونی ئۆجەلانە لە زیندانەکەیدا لە دوورگەی ئیمراڵی، بە بیریای ژینگەدۆستی ئەمەریکی “مۆری بۆکچین”، ئەویش لە رێگەی خوێندنەوەی کتێبە هەرە بەنرخ و ناودارەکەی “بوکچین”ەوە بە ناوی “ئیکۆلۆژیای ئازادیی” کە بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو کتێبە و شۆڕشێکی فیکریی لە مێشکی ئاپۆدا هەڵدەگیرسێنێت. دواتر ئەم نزیکایەتییە فیکرییە دەگۆڕێت بۆ دۆخێکی پێشکەووتر لەگەڵ یەکتردا بە هۆی ئاڵوگۆڕی نامە لە نێوانیاندا. ئۆجەلان دوای ئاشنابوون بە مۆری، پشت دەکاتە مێژووی خۆی “چەپایەتی” هەروەک “مۆری”ش بە هەمان ئەزمووندا تێپەڕی بوو. ئەم کردەیەش لای ئاپۆ تەنیا لە دۆخی سەرسامبووندا نەمایەوە، بەڵکو ئۆجەلان چەندین کتێبی بەنامێی لە بن کارتێکردنی دیدی بۆکچیندا نووسی، گرنگترینیان کتێبە چەند بەرگییەکەیەتی بە ناوی “لە دەوڵەتی راهیبی سۆمەرەوە…”. ئەگەرچی ئاپۆ گەشتێکی مێژوویی بەناو شارستانێتییە دێرینەکانی میزۆپۆتامیادا دەکات، تا بەها و تێزێکی نوێ بۆ رۆژگارەکەی بدۆزێتەوە، بەڵام بێ رۆشنایی بیری مۆری بوکچین لە ناو رێگە حەلەزوونییەکانی ئەو مێژووەدا ون دەبوو. لەسەر مەبنای ئەم فاکتە رێ بە خۆم دەدەم بڵێم ئاپۆ داڕێژەرەوەی ئایدیاکانی مۆری بۆکچینە بە بارگاویکردنی دید و بۆچوونەکانی لەگەڵ مێژووی فرە چەشنی میزۆپۆتامیادا.
ئۆجەلان نە تەنیا لە بواری سیاسیی و مودێلی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە کەوتە ژێر بۆچوونی بۆکچینەوە بەڵکو لە بواری ئیکۆلۆژیی و فێمینیزمیشەوە هەمان کاریگەریی بەدیار کەوت. مۆری بۆکچین بەڕێوەبردنی دەسەڵات بە شێوەی ستوونی رەت دەکاتەوە، باوەڕی وایە دەبێت بڕیارەکان لەبەشەکانی هەرە خوارەوەی کۆمەڵگەوە دروست بکرێن و سەر بخرێن بۆ سەرەوە، ئەمەش دووپاتکردنەوەی روانگەی ئەنارشیستییەکانی “باکۆنین”ە، ئاپۆ بە خۆشحاڵییەوە ئەم روانگەیەی گەوار کرد، لە هەمان کاتدا بوو بە بناغەیەکی ئایدۆلۆژیی بۆ پەکەکە و تەواوی باڵەکانی لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا، ئەگەر سەیری سترۆکتۆری کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان بکەین لەوە دڵنیا دەبینەوە هەر کام لەو کانتۆنانە لەسەر ئەم فەلسەفەی بەڕێوەبردنە کە لە مۆری بۆکچینەوە داکەوتووە دروستکراوە، چون نموونەی دەوڵەت شاری ئەسینا و کۆبوونەوە دیموکراسییەکانیان بۆ دروستکردنی بڕیار، دڵخوازی ئەو بیریارە ئەمەریکییەیە. هەروەک چۆن لە بواری ژینگەپەروەریی و بایەخدان بە ژنان، ئاپۆ بە قووڵی کەوتووەتە بن کاریگەریی بۆکچین. هەرچەند فێمینیزمی پەکەکەیی زۆر جیاوازترە لە فێمینیزمە بۆکچینییەکە بەوەی لە مۆدیلی پەکەکەدا یەک ماف هەیە بۆ ژن ئەویش مافی میلیتاریزەبوون و بە رۆبۆتبوونی سیاسییە.
ئەگەرچی تیۆرەکەی ئۆجەلان یان ئاپۆچێتی لە مۆدیلی کوردایەتی کلاسیکی پێشکەووتووترە، بەو پێیەی بزافی کوردایەتی لە خۆخوێندنەوە دواکەوتووە و لەنێو حکایەتە بچووکەکاندا دەژی و رۆشنبیرییەکی پلە نزمترە بە بەراروورد بەو کولتوورە باڵایەی لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا بوونی هەیە، بەڵام ئاریشەی ئاپۆچێتی نە لە بواری بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدایە “بۆ خۆم لایەنگری ئەو مۆدیلەی بڕیار دروستکردنم” نە لەو رووخسارە نوێباوەی بایەخ بە یەکسانی جێندەریی و ژینگەپەروەریی دەدات کە ئەمەش روویەکی پۆزەتیڤی بیری ئاپۆیە ئەگەرچی ئیقتباسیشە لە دیدی بۆکچینییەکەوە. ئەوەی کێشەی سەرەکییە ئەو تێزەی برایەتیی گەلانە، کرۆکی تیۆرەکە پێکدەهێنێت، ئەگەر بۆ بیست ساڵ بەر لە ئەمڕۆ تیۆری برایی گەلان گرنگ بووبێت، ئەوا لە حاڵی حازردا دەور و دوکانی پێچراوەتەوە. چونکە سەردەمەکە گۆڕاوە، سەردەمەکە بەرەو پۆپۆلیزم و راستڕەویی نەتەوەیی لە باری وەرچەرخاندایە. بە کورتی و کرمانجی ئاپۆ ویستی نموونەی یەکێتی ئەوروپا “هەرچەند ئەویش لەسەر بنەمای راسیزم و ئۆرۆ سێنترالیزم پێکهاتووە و خەریکە کۆتایی دێت”، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دووبارە بکاتەوە، لێ تورک هیچ قووڵاییەکی مێژوویی نییە لە دیرۆکی دێرینی میزۆپۆتامیادا، با لەوەش بگەڕێین ئەم برایەتیی گەلانە هەڵچنینی دیوارێکە لە نێو خەیاڵدا. لەبری ئەمە ئاپۆ کوردبوونی پێناسە بکردایەتەوە و بیکردایە بە ئایدیایەکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە سوودی زیاتر دەبوو، جا لە بری مۆری بۆکچین ئاسایی بوو، بۆ ئەم کارە پشتی بە ئەهریمەنیش ببەستبا.
سەندرۆمی خۆ بە کەمزانینی مرۆی کورد
دەمەوێت لە چیرۆکێکی ریالیزمیی خۆمەوە دەستپێبکەم “وا بزانم ئەمە دووەم جار بیڵێمەوە”، جارێک هاوڕێیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە نامەیەکی تایبەتیدا بۆی نووسیبووم شیعرەکانت بۆنی ئەوەیان لێ نایەت، کەوتبیتە ژێر کاریگەریی ئەو ژینگەیەی لێی دەژیت. هەست بەوە ناکرێت تۆ ساڵانێکە لە دڵی ئەوروپادا دەژێی چوونکە بەرامەی هیچ قوتابخانەیەکی خۆرئاوایی بە شیعرەکانتەوە دیار نییە. ئەمە بە زمانێکی رەخنەگرانە و تەوسئامێزەوە ئاڕاستەی من کرا. هەر لەبەرئەوەش بە پێی دیدگای ئەو شیعرەکانم پێشوازییان لێ ناکرێت، چوونکە کەمترین کاریگەریی ئەدەبی بێگانە بە تایبەت فارسی لەسەرە. وێڕای ئەو نامەیە منی شاگەشکە کرد و ئەوپەڕی شادمانی پێبەخشیوم، بەهۆی ئەوەی دڵنیاییم دەستکەوت جیاوازتر لە خەڵکانی تر دەنووسم و بە پرۆسێسی بیرکردنەوەدا تێدەپەڕم، سوورتری کردم لە بەردەوامیدان لەسەر شیعرنووسین. ئەز لە بەرسڤدا گووتم من ئەگەر باسی خەمە وجودییەکانیش بکەم یاخۆ باسی ژن و خۆشەویستی بکەم، بە کوردییانە باسیان دەکەم، کانی و رووبار و کولتوور و زێد و نوستالژیاکانم تێکڕا کوردین، هەرچەند وەک تەنێکی بیۆلۆژیی لە پایتەختی رەفاهترین وڵاتی ئەوروپاییدا بژیم. بۆ من ئەوروپایەکی پیر و بێ هەست تا ئەو راددەیە جێی سەرسامیی نییە لە ناسنامەی خۆم دابمڕنێت، پێموایە دەبێت کوردانە بیر لە خۆرئاوا بکەینەوە، نەک خۆرئاواییانە لە کوردبوونی خۆمان بڕوانین.

لە هەمان کاتدا ئەو نامەیە، گەلێک مانای نادیاری بۆ بە دیار خستم، لە هەرە گرنگترینیان ئەو گرێی خۆ بە کەمزانینەی تاکی کوردە لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا. باشتر لە جاران کەسێتی تێکشکاو و گیرخواردووی ناو حکایەتە وردیلەکانی کوردم ناسی. ئاخر ئێمە شایەتین لەسەر فۆرمێکی لە مرۆڤی کورد، تێکشکاو و بێزار، دەست و پێ سپی، هەمیشە لۆمەی خۆی و مێژوو و سیاسەت دەکات، نەفرەتێکی ئەبەدیی لە ناسنامە و بوون و ئەو چارەنووسەش دەکات وەک کورد هێناویەتیە سەر شانۆی ژیان. هەست بە زەبوونی و داوەشانی کەسێتی هەنووکەیی و دیرۆکیی خۆی دەکات، وەک بەکتریایەکی زیانبەخش بۆ جیهان خۆی دەبینێت، پێیوانییە لە هیچ ماوەیەکی مێژووییدا خاوەن شارستانێتییەک بووبێت هیچی بە دنیا بەخشی بێت، گوومان لە رابردووی دێرین و ئەمڕۆی دەکات، زمانی خۆی بە لەکە و شورەیی دەزانێت و هەوڵدەدات لە ئاخاوتنە ئاساییەکانیشدا وشەگەلی نامۆ و بیانی تێکەڵ بە رستەکانی بکات تاوەکوو بوونی خۆی بسەلمێنێت. تاکو ئەو ئەندازەی پێشکەوتن و مودێرنبوون لای بەو بارۆمەترە دەپێورێت تاکێک تا چەند دوورکەوتووەتەوە لەشوناس و پەیوەندیی بە نیشتمان و کولتووری خۆیەوە، هەمیشە مرۆڤە لە قاڵبدراوەکانی ناو جلوبەرگی ئەفەندی و سفور و ئەوانەی زمانی دایکی خۆیان بە باشی نازانن جێگەی تێڕامان و پێزانینی ئەوە.

ئەم سەندرۆمە کوشندەیە و ئەم مرۆڤە بیمارە خۆ بەبچووکزانە دیاردەیەک نییە لە ئەمڕۆدا خۆی زەق کردبێتەوە یان رووداوێک نییە لە ئەمڕۆدا خوڵقابێت، بەڵکو لە نێو پرۆسەیەکی مێژوویی دوور و درێژدا نەشونمای کردووە و بە ئەمڕۆ گەشتووە، گەر لێی بگەڕێین بە باڵای ئایندەشماندا هەڵدەگەڕێت. گەر قووڵ بینەوە ئەنفال و قڕکردن و جەور و ستەمی دەسەڵاتی بێگانە نەیتوانیوە مرۆڤی کورد بخاتە دۆخی دۆشدامان و نووچدانەوە، بۆیە رژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان لە کۆتاییدا فامیان کرد، سیاسەتی سڕینەوە لە رێی هارد پاوەرەوە هەمیشە مرۆڤی کورد زیاتر پەیوەست دەکاتەوە بە شوناسی خۆیەوە، بیریان لە بەکارهێنانی نەرمە هێز “سۆفت پاوەر” کردەوە، ئەم رێگەیە سەرکەوتنی زۆرتری بۆ چنینەوە، چوونکە لە ماوەیەکی پێوانەییدا توانی مێشک و هزرینی بەشێکی بەرفرە لە مرۆڤی کورد ژینۆساید بکات، لە ماکی خۆی دایبڕنێت و رۆشنبیرییەکی ساختە و ناهارمۆنی لەگەڵ ویژدانی کوردیی بکاتە رۆشنبیرییە ئیدیاڵەکەی.

ئەم مرۆڤە لە رێگەی غەزووی کولتووریی نەتەوە سەردەستەکان و توانەوە لە ئاست گلوبالیزەیشندا، هەرچی سەروەرییە لە مێژووی خۆی سەندوویەتییەوە، هەموو شانازییەکانیشی وەک کاڵایەکی هاوردەکراو لە فەرهەنگی نەتەوەکانی ترەوە دەبینێت. بۆ وێنە ئاین و فەلسەفەی زەردەشتییەت وەک یەکێک لە سیما پێشکەوتووەکانی ناو لاپەڕەکانی دیرۆک لە خۆی دادەڕنێت و دەیکاتە موڵکی نەتەوەیەکی تر. ئاخر داڕنینی زەردەشتییەت لە کورد هەوڵێکی زۆر ناکام و مایەپووچانەیە، هەموو دنیا زەردەشتییەت وەک میراتێکی کوردیی دەبینێت کەچی کورد خۆی ناچێتە عەقڵی ئەم گەنجینە پڕ حیکمەتە رۆژێک لە رۆژان لەلایەن ئەوەوە هێنرابێتە بوون، ئێوە لەگەڵ من دیقەت بدەن، تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم و پێش هاتنی هەژموونی ئیسلامگەرایی و ئیخوانیزم کورد لە رووی کولتووریی و ترادیسۆناڵییەوە زەردەشتی بوو، تەنانەت ئەگەر لە رووی بیروباوەڕەوە موسڵمان بووبێت، بەڵام وەک کولتوور زەردەشتی بووە، هەر لەو سەرپۆشە سپییە ورد ببنەوە داپیرانمان داویانە بەسەری خۆیاندا، کە هیچ رووخسارێکی هاوبەشی نییە لەگەڵ ئەو باڵاپۆشی و لەچکە قەتران و رەشانەی بەسەر ژنانی نیوە دوورگەی عەرەبەوە بوون، پێویستیش ناکات خۆمان بخەینە ناو ئاپۆریای مێژووەوە و وێڵی سەلماندنی خاوەندارێتی کورد بین لە زەردەشتییەت، وەک جارێک مەسعود محەمەد وتبووی: ئێمە دەستمان لە هەمەدان هەڵگرت بۆ عەجەم بەڵام واز لە مافی خاوەندارێتی زەردەشتییەت بۆ عەجەم ناهێنین، چوونکە خاک دەتوانیت لە حاڵی بەهێزبووندا بیسەنیتەوە بەڵام بۆ کولتوور ئەمە مەحاڵە.

ئەم گرێیە وەهای لە مرۆڤی هاوچەرخی کورد کردووە، خۆی بە دەست بەتاڵ و هیچ نەکردە و نەدی و بەدی بێتە پێش چاو. هیچ ئارگۆمێنتێک ناتوانێت بیخاتە سەر ئەو باوەڕەی ئەوی کوردیش ئەگەر لە ئێستادا بەهۆی دابەشبوونی جوگرافی و ستەمکێشی نەتەوە سەردەستەکانەوە، دەرفەتی پێ نەدرابێت بەشداریی کارا بکات لە پێشخستنی ژیان و ژیاری مرۆڤایەتیدا، ئەوە لە کەوناراوە هێندەی بەم جیهانە بەخشیوە تا کۆتایی دنیا بە شانازیی بۆی بنووسرێتەوە. کاتێک لەم مرۆڤە ورد دەبیتەوە بەشێوەی ریزپەڕ نەبێت، هیچکامی باوەڕی بە بەهێزیی زمان و ئەدەبیات و موزیک و سەما و تێکڕای کولتووری خۆی نییە، زۆر ئەستەمە بڕوا بە کوردێکی ئەم سەردەمە بهێنیت سەمای “رۆک ئاند رۆڵ” لە شایی “فەتاح پاشایی” ناوچەی سنە و مەریوانەوە پەرەی پێدراوە و گەشەی کردووە لەسەر دەستی گۆرانیبێژ و سەماکاری ئەمەریکی “ئیلڤس پریسلی”. ئاخر کورد هەردەم بێ پڕۆژە بووە و نەیتوانیوە لە ماتریاڵە کولتوورییەکانی خۆی سوودمەند بێت و گەشەی پێبدات، بە بەردەوامیی کەوتووەتە بن هەژموونی پڕۆژەی پان ناسیۆنالیزمی کولتووریی نەتەوەکانی ترەوە. لەوێ کوردبوون ئەو پێناسە بچووکەی پێدراوە فەرهەنگی نەتەوە سەردارەکان دەستنیشانیان کردووە.

بەبڕوای من تا کوردبوون پێناسەیەکی هاوچەرخانەی بۆ نەکرێتەوە، ئەم سەندرۆمە تادێت لەگەڵ مرۆڤی کورددا زیاتر گەشە بە خۆیەوە دەبینێت و بەردەوام بەرگی جوانتر لە بەردەکات. کورد پێویستی بە رێکۆنایسانسێکی تایبەت بە خۆیەتی، لەوێدا بە دووی ئەم درمە ئەنترۆپۆلۆژییەدا بگەڕێین و هەوڵی چارەسەرکردنی بدەین. ئێمە کەمترین جار خۆمان و مێژووی خۆمان خوێندووەتەوە، بۆ ئەوەنا لە ناو داستانە ئەفسوونگەراکانی دیرۆکی خۆماندا ون بین، بەڵکو بۆ ئەوەی پێشوازیی لە ئایندە بکەین. ئێمەی کورد لە هەر نەتەوەیەکی تر زۆرتر پێویستمان بە خۆناساندنەوە هەیە لەم جیهانە پڕ بەزم و رەزم و هەرا و هوریایەدا کە دیار نییە چی بەسەر دێت، بۆ ئەم کارە ئایدۆلۆژیایەکمان پێویستە لەسەر بناغەی کوردبوون نەشونما بکات و لە رۆحی کوردەوە هەڵقوڵێت، ئاخر ئەو چەمکەی پێی دەوترێت “کوردایەتی” بە خۆی و حکایەتەکانییەوە ئاوا بووە و قاڵبێکی کلاسیکییە کە ناتوانێت وەڵامدەرەوەی ئەم دۆخە بێت و پێ بنێتە ئەو جیهانە بێسەوبەرەی ئەمڕۆوە وەک لە فیلمی “جۆکەر”دا سیما ناماقووڵ و بێهودەکانی خراوەتە روو.
دووبارە پێناسەکردنەوەی کوردبوون

ویڵ دیورانت لە کتێبە هەرە بەنامێکەیدا “چیرۆکی شارستانێتی”دا بۆمان روون دەکاتەوە، شارستانێتییەکان بە تەواوەتی نامرن، بەڵکو بەشێوەی دۆنادۆن شوێن و جوگرافی و زەمەن دەگۆڕن، ئەگەرنا وەک مێنتەلێنتی درێژ دەبنەوە بۆ ئایندەیەکی زۆر دوورتریش. ئێمەی کوردیش یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەمان بە جیا لە بەرگریی چەکدارانە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە میراتگری شارستانێتییەکی گەورە و گران بووین. کوردستان سەرزەمین و لانکەی چەندین شارستانێتی مەزن بووە لە مێژوودا، کە دەکرێت لە هەنووکەشدا لەو رێگەیەوە بچێتەوە ناو مێژوو. ئەم مەڵبەندە جوگرافییەی لە رابردوویەکی ئێجگار دوورەوە کوردی لەسەر ژیاوە و درەنگتر ناونراوە کوردستان، یەکێک لە گرنگترین لانکەکانی شۆڕشی کشتوکاڵی و دۆزینەوەی نووسین و داهێنانی حیکمەت و خوڵقاندنی شێوە سەرەتاییەکانی یاساگەلێکی زۆر و زەوەند بووە. ئەم بنەمایانە لای زۆرێک لە نەتەوەکانی تر نین، مێژووی تورک وەک چەند هۆزێکی دڕندەی ئەودیوی قەفقاس و مەنگۆلستان دەست پێدەکات، مافیان بەسەر دیرۆکی میزوپۆتامیاوە نییە، کە لە رابردوودا تەنیا لە وڵاتی نێوان دوو زێ و کەناراوەکانی نیل “میسری کۆن” سەرەتاکانی شارستانێتی دەستی پێکردووە، هەرچی عەرەبیشە وەک چەند هۆزێکی ناکۆکی غەزاوەتچی لە کەشوهەوایەکی گەرم لە نەجد و حیجازدا سەرقاڵی غەزاوەت بوون و هیچ رۆڵ و نەخشێکیان لەنێو جیهان و شارستانییە دێرینەکاندا نەبووە، بگرە هەمیشە لە دەرەوەی مێژوو بوون تا هاتنی ئیسلام.

کورد دەبێت لەسەر ئەو کەلەپوورە شارستانییە و بە گەڕانەوە بۆ مێژوو، زمان، ترادیسیۆن، کەڵچەری رەسەن و هەڵقووڵاوی ناو ویژدانی کوردەواری خۆی، ئایدیایەکی نوێ بە فۆرمێکی هاوچەرخانە دروست بکات، هەم وەک تێرمی سەرەکی بیرکردنەوە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، هەم وەک مۆدیلێکی نوێ کە دەکرێت فراوانتر بکرێت تا ئاستی ئەوەی ببێتە مۆدیلێکی گلۆبال!. بۆ نا، مەگەر ئەو دیموکراسییەت لە دەوڵەت شاری ئەسیناوە دانەکەوت لە شێوە پریمتیڤەکەیدا؟ هەر ئەم مودیلە نەبوو پەرەی پێدرا و کرایە سیستمێکی ئایدیال و جیهانی؟. مێژووی کورد تەنیا ئەو دیوە ناشرینە نییە و بریتی نییە لە ناکۆکی و شەڕی یەکتر، بەڵکو کورد خاوەنی پاشخانێکی زۆر دەوڵەمەندی کولتووری تۆلێرانس و پێکەوە ژیانە، ئەو پلورالیزمە ئاینی و نەتەوەییەی لە دێرینەوە تا نووکە لە کوردستان هەبووە، بایی ئەوەیە مۆدیلێکی لە دیموکراسی پێشکەوتووتری لەسەر بینا بکرێت. زۆر رووی تر لەم رەهەندەوە دەکرێت ورد بکرێنەوە بۆ کڵێشەسازیی ئایدیایەکی نوێ.
من کاتێک دەڵێم دەبێت کوردبوون خۆی بکرێتە ئایدۆلۆژیا، کتومت مەبەستم تێپەڕاندنی ئەو چەمکەیە ناوی “کوردایەتی”یە، لە هەمان کاتدا پڕۆژەیەکی گەورەترە لە ناسیۆنالیزمی باو، بەڵکو جیا لە بەرگریکردن و پاراستنی شوناسێک کە مرۆڤبوونی ئەو گروپە دەستنیشان دەکات لە هەزاران ساڵەوە ناوی کوردە، هاوکات وەک کەوای شانۆ ژاپۆنییەکە کە زیاتر لە رەنگێکی لە خۆ گرتووە، ئەم ئایدۆلۆژیا کوردییە هەوڵێکە بۆ پاراستنی ئەم رەنگاڵەییەی دنیا، دواجاریش پڕۆژەیەکی کراوەیە بۆ ئەو جیهانەی ئێستاکە لەوپەڕی پووچگەراییدایە لە رووی ئایدۆلۆژیی و سیاسییەوە. من دووبارە پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەمەوە ئەم پێناسەکردنەوەی کوردبوون بەرەو پێشبردن و گەشەپێدانی ئەو روانگەیەیە “جەمال نەبەز” بە فۆرمێکی سادەتر لە کتێبەکەیدا بە ناوی “بیری نەتەوەیی کوردیی، نە بیری قەومیەتی رۆژهەڵاتی و نە بیری ناسیۆنالیزمی رۆژئاواییە” فۆرمۆڵەی کردووە. ئەم ناوەڕۆکە بەهای خۆی هەیە، کاتی ئەوە هاتووە کورد لە دەرەوەی ئایدۆلۆژیا هاوردەکراوەکان، بیرێک لە حاڵی خۆی بکاتەوە، نموونەیەک گەڵاڵە بکات لە رۆحی مێژوویی خۆیەوە هەڵقوڵابێت، دەکرێت ئایندەمان لەنێو بەهاکانی رابردوودا بینا بکەین. لە مێژووی سوێددا، بیریاری بەنامێ “هانس لارشۆن” بە گەڕانەوە بۆ ژیاری گریکی و سوودوەرگرتن لە بیری نەتەوەیی سەدەی هەژدە و نۆزدە، لەو چرکەساتەی گێتی لە کورەی جەنگی یەکەمی جیهانیدا هەڵدەقرچا، توانی ناسنامەی نەتەوەیی سوێدییەکان بە فۆرمێکی باڵا کە گوزارشت بێت لە کولتوور و رۆحی سوێدیی دابڕێژێتەوە.
کاتێکیش باس لە گەڕانەوە بۆ رابردوو دەکەین، بە مانای ئەوە نییە مشکی و جەمەدانی بخەینە سەری ئێستا، بەڵکو مەبەست لە پەرەپێدانی ئەو بەهایانە لە مێژووی ئێمەوە هەڵقوڵاون، گەڕانەوەشە بۆ هەندێک بەهای رەسەن بەهۆی داگیرکاریی و غەزوی کولتوورییەوە لە دەستمان دابوون. وا بیر دەکەمەوە کەرەستەکانی دروستکردنی بیرێکی کوردیی هێندە زۆر و بوارێکی فراوانن تەنیا لە تیۆریسیۆنێکی کەمە تیۆریزەیان بکات بەشێوەیەک لەگەڵ رۆحی سەردەمەکە بگونجێت، بەتایبەت لەم پێڤاژۆیەدا ژینگە و فێمینیزم دوو تەوەری سەرەکین، هیچ بیرێک کە چاوی لە ئایندە بڕیبێت، ناتوانێت بازیان بەسەردا بدات. کولتووری ژینگەپەروەریی لە نێوان کوردەواریدا تا دوو سێ دەیە پێش ئێستا کولتوورێکی زۆر بەهێزی کۆمەڵایەتی ئێمە بووە، لە هەندێک ناوچە تێکەڵ بە بیروڕای ئاینی و تەریقەتیش بووە، هەرچی بەرگریکردنە لە مێینەیە، دیسانەوە کێشەیەکی وامان نییە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کولتووری رەسەنی خۆمان!. رەنگە ئەم قسەیەم بێمانا بێتە بەرچاو لە کاتێکدا رۆژانە ژنی کورد بە پاساوی نامووسپەرستی دەکوژرێت! منیش نکۆڵی لەوە ناکەم و هەمیشە پرۆتستۆی ئەو دیاردە ناڕەسەنەم کردووە، بەڵام لە مێژووی رەسەنی کوردەواریدا ژن نەک هەر نە کوژراوە، بەڵکو مافی یەکسانی هەبوو لە بەرامبەر پیاودا. ئەگەر چاوێک بە مێژوویەکی نزیکیشدا بخشێنینەوە، بە خوێندنەوەی گەشتنامەی گەشتیاران و یاداشتی ئەو مسیۆنێرانەی رێیان کەوتووەتە کوردستان، تۆمارەکانیان تەژیەتی لە شکۆمەندیی ژنی کورد چ لە رووی ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان چ لە رووی بەرهەمهێنانی ئابوورییەوە.
لە رووی سیاسیشەوە چیتر کورد ناتوانێت پێشکەوتن و هەنگاوە وردەکانی لە بواری دیموکراسییدا وەک نموونەی حوکمڕانێتییەکی سەرکەوتوو نیشانی دنیا بدات یان رەنگدانەوەی کولتووری نیو لیبرالیستی لە بواری سیاسیی و کۆمەڵایەتیدا بکاتە مایەی سەرنج ڕاکێشانی دنیا و شانازییکردن پێوەی. چوونکە حکایەتی دیموکراسی و نیولیبرالیزم بۆ خودی خۆرئاواییەکانیش کۆتایی پێ هاتووە و ئەوان لە حاڵی حازردا بیر لە پارادایمێکی نوێی دەوڵەتداریی و مۆدێلێکی سەرکەوتووتری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە دەکەنەوە، ئەمەش بە گەڕانەوە بۆ کەلەپووری نەتەوەیی هەر کام لە دەوڵەتە رۆژئاواییەکان، تەنانەت ئەمەریکییەکان وەک وڵاتی هەموو کەس و پەنابەران بیر لەوە دەکاتەوە لەسەر بناغەی رەگەزی ئەنگلۆ سەکسۆنی خۆی وەک نەتەوە پێناسە بکات، تەنانەت ئەم رەوتە لە پێش شاڵاوی کۆرۆنا ڤیرۆسیشەوە کەوتبووە سەر پێ، بگرە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016ی ئەمەریکادا دەستی پێکردووە، بەتایبەت کاتێک ترامپ بە دروشمی “یەکەم ئەمەریکا”ی بەرز کردەوە، بە کردەوەش لە چوار ساڵی رابردوودا نیشانیدا هەموو سیستمی گلۆبال تەنیا میکانیزمێکە بۆ خزمەتی گەلی ئەمەریکا.
لەوە زیاتر لە ئاستی جیهانیدا و لە دڵی ئەو ژیارە خۆرئاواییەی رۆشنبیرانی کوردیان بە کۆسمۆپۆلۆتیزم مەست کردووە، شەپۆلێکی تیژتێپەڕی گەڕانەوە بۆ راستڕەویی نەتەوەیی و راسیزم دەستی پێکردووە و رۆژ بە رۆژ کێرڤی ئەم بزاوت و هێزە توندە راستڕەوانە لە بەرزبوونەوەدایە. هەر لە پرۆسەی ناونانی کۆڤید نۆزدەوە بە “ڤیرۆسە چینییەکە” کە زۆرترین جار لە زاری دۆناڵد ترامپەوە جەختی لێوە دەکرێتەوە، ئەم زەقبوونەوەی راسیزم و نەتەوەپەرستییە هەست پێدەکەین، ئەمەش زیندووکردنەوەی رقێکی راسیستانەی گەلێک دێرینە وەک “لیا شنایدەر”ی نووسەری ئەڵمانی روونی دەکاتەوە، تەنانەت “هیگل”یش چینی بە دەوڵەتێک دەزانی لە دەرەوەی مێژووی جیهان. رەنگە خەڵکانێک هەبن راسیزم و نەژادپەرستی بە دەرکەوتەیەکی تازەی سەردەمی مودێرنە بزانن، بەڵام وەک “جۆرج تەرابیشی” لە یەکێک لە وتارەکانیدا روونی دەکاتەوە “ئەوە مودێرنێتەیە ناو لە راسیزم دەنێت، ئەگەرنا راسیزم وەک دیاردە بەرهەمی مودێرنێتە نییە”. ئەو نموونەی گریکییە دێرینەکان دەخاتە بەرچاو، کە تێکڕای گەلان و شارستانێتییەکانی تریان بە بەربەری لە قەڵەم دەدا.
ئەم شەپۆلە نوێیەی راسیزم وەک ئەوەی لە ئەوروپای خۆرئاوا بەڕێوەیە، نەک گەڕانەوە بۆ رەسەنایەتی نەتەوەیی لە هەگبەی خۆیدا هەڵگرتووە، بەڵکو لەسەر سڕینەوەی ئەویتر شوناسی خۆی دادەڕێژێتەوە. شتێکی سەیر نییە ئەو راسیستەی پەنابەران خەڵتانی خوێن دەکات، نرخی سەگەکەی لەسەرو ژیانی هەزاران بیانییەوە ببینێت، یان رەنگە سۆزێکی بێ سنووری هەبێت بۆ پشیلەکەی، مەگەر ئەو هیتلەرەی سەگ و پشیلەی خۆشدەویست چی بەسەر مرۆڤایەتیدا نەهێنا؟ ئەمە پاکانەکردن نییە بۆ تاکی راسیست بەقەدەر ئەوەی دەرخستنی ئەو رۆشنبیرییە مەترسیدارەیە لەمۆتیڤی کارەکتەری راسیستدا وەستاوە. ترامپ رمەکە لەوە دوورتریش دەهاوێژێت و لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە تا نهۆ بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە سیستمی لیبرالیستی ساڵی 1945 هیچ کات بە کەڵکی ئێستا ئەمەریکا نایەت. ئەم فاکتەرەش وەهای لە بیریاری بەنامێی ئەمەریکیی “یۆرام هازۆن” کرد کتێبە بەهادارەکەی بە ناوی “بەها باڵاکانی ناشنالیزم” بنووسێت، وەک خۆیشی وتوویەتی “ئەگەر ترامپ نەگەڕایەتەوە بۆ ناشنالیزم ئەم کتێبەم نەدەنووسی”.
پوختەی مەبەست ئەوەیە تێکڕای دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپا و خۆرئاوا، لەسەرو هەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە هەوڵی گەڕانەوەدان بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی، بۆ رۆحی نەتەوەگەرایی، کەچی ئەوەی سەیرە رۆشنبیری ئێمەیە هێشتاش کاوێژی ئەو موفرەدات و تێگەیشتنانە دەکات، دنیا ماڵئاوایی لێکردووە. نامەوێت دوور بکەومەوە لە کرۆکی مەخسەد، دەخوازم ئەوەش زیاد بکەم بۆ سەر قسەکانم، بەها باڵاکانی مرۆڤایەتی بۆ هەر نەتەوەیەک، ئەو بەها نەتەوەییانەن لە رۆحی ئەو نەتەوەیەوە هاتوون، بەها لیبرالییەکان چیتر نرخێکیان نەماوە، لەم سۆنگەوە دەبێت هەر گەلێک بە گەڕانەوە بۆ بەها باڵا نەتەوەییەکان، هەوڵبدات ئیدارەی خۆی بکات و مۆدیلێکی تایبەت بە حوکمداری دروست بکات. ئەمەش گرەنتی پێشبڕکێی نەتەوەکان دەکات لەسەر دۆزینەوەی باشترین شێوازی حوکمڕانی و بەڕێوەبردن، تەنانەت ئەمە پێشمەرجێکی هەرە گرنگە کە هەر کەس بە جیا و هەر نەتەوەیەک بە گەڕانەوە بۆ خۆی مۆدیلێک لە ئایدۆلۆژیا بۆ پەروەردەی کۆمەڵگەکەی و بەڕێوەبردن و سیستمی حوکمڕانی بەرهەم بهێنێت، رەنگدانەوەی بیری نیشتمانیی خۆی بێت، نەک فۆتۆکۆپی ئایدۆلۆژیا باوەکان بکات کە داستانیان لە رۆژگاری ئەمڕۆدا بەسەرچووە. وەک “جۆن شامێر”ی بیرمەندی ئەمەریکی لە کتێبی “گەورەترین وەهم، خەونی لیبرالی و واقیعی نێودەوڵەتیدا” تیشکی دەخاتە سەر “نەتەوە لە هۆز پێکدێت و ئەوە نەتەوەیە تێکڕای هۆزەکان لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە، ئیرادەی نەتەوە شێوازی حوکمڕانی هەر نەتەوەیەک دیاری دەکات”.

خولاسە دەبێت بیری نەتەوەیی کوردیی تیۆریزە بکرێت، بەرەوپێشەوە ببرێت، کوردبوون سەرەتا دەبێت بیر و پارادایمێک بۆ جیهانبینی و ژیان، ئینجا فۆرمێک بێت بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە. سروشتی فیکریش خۆی وایە نامرێت بەڵکو شێوەی دەگۆڕێت و پەرە دەسەنێت. ئەم بیرە دەتوانێت وەڵامدەرەوەی قۆناغەکە بێت چ لە رووی سیاسیی چ لە رووی کۆمەڵایەتی و ئابووری. هەر هەنگاوێک بەدەر لە پێناسەکردنەوەی کوردبوون لە فۆرمی مۆدێلێکی ئایدۆلۆژییدا، هەموو بنیاتنانێک لە هەر بوارێکدا رۆنانێکە لەسەر وەهم و خەیاڵپڵاویی. دەبێت کورد دەست لەو نەریتە بەربدات هەمیشە ئارایشتی خۆی کردووە تاکو لەلایەن ئەویدی ناکوردەوە پەسەند بکرێت، هەوڵیداوە لە خۆی دوور بکەوێتەوە لە پێناوی ئەوەی دانی پێدا بنرێ لەلایەن ئەویترەوە، تاکو نیشانی دنیای بدات کاروانەکەی بەرەو دیموکراسی کەوتووەتە رێ، لە کاتێکدا بەهەمان ئەو دیموکراسییەتە دەچەوسێنرێتەوە. لە خەیاڵگەی ئێمەی کورددا فیکر کارێکی بێ بەهایە، تەنیا مۆدیلێک لە ئایدۆلۆژیا دەناسین، لە دەرەوەڕا بۆمان هاتووە، هیچ کات بیرمان لە ئایدۆلۆژیایەک نەکردووەتەوە لەسەر بنەمای کوردبوون بینای بکەین، نەک هەر بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی کوردیی بگرە مۆدیلەکە فراوانتر بکرێت بۆ ئاستی جیهانی. رەنگە ئەمە وەک خەونێکی ئەرخەوانی ببینرێت، بەڵام کێ گووتوویەتی ئەمە کاری نەکردەیە؟.

پەیڤی بەر لە کۆتایی
مەناحیم بێگن، یەکێک لە رابەرانی ئازادیی و دەوڵەتسازیی گەلی جوو، لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا لە کتێبێکدا بەناوی “راپەڕین” دەنووسێت “ئەم کتێبەم بۆ خەڵکی ناجولەکەش نوسیوە، بەڵکو بە نابەدڵیش دەرکیان بەوە کردبێت، یاخۆ تا ماوە چاوپۆشی لەو راستییە بکەن، کەوا لە خوێن و ئاگر و فرمێسک و خۆڵەمێشدا نموونەیەکی نوێی مرۆڤایەتی لە دایک بووە، نموونەیەک تەواویی نائاشنایە بە جیهانی هەشت سەد ساڵ لەمەوبەر، ئەویش جولەکەی جەنگاوەرە. ئەو جولەکەیەی جیهان پێیوابوو مردووە و جارێکی دیکە هەڵناسێتەوە بەڵام هەڵسایەوە، چونکە لەو راستییە سادەیەی ژیان و مەرگ تێگەیشت، هەرگیزیش جارێکی دیکە نابێ دابەزێتەوە نێو چاڵ و لەسەر گۆی زەوی بسڕدرێتەوە”. لە باری واقیعیشەوە هۆلۆکۆست و جینۆسایدی بێ ویژدانانە و بزووتنەوەی رق ئەستووری ئەنتی سامیستی، نەک جیهان بەڵکو بەشی زۆرینەی جووەکانیشی گەیاندە ئەو خەیاڵەی جارێکی دیکە جوو ناتوانێت هەڵستێتەوە، لەوە زیاتریش بە بنیاتنانی دەوڵەتی ئیسرائیل دنیا بخاتە باری شۆک و حەپەسانەوە. ئەوەی جووەکان کردیان لەسەر بنەمای فیکر بوو، ئەو فیکرەی لە هەموو ئاستەکاندا رەنگدانەوەی هەبوو، دواجار جووەکانی لە وێستگەی دەوڵەتێکی بەهێز گیرساندەوە.
کورد بە هۆی ئەوەی خەونی بچووکە، بەردەوام خوازیاری ئەوەیە لە سایەی مەکرەمەی داگیرکەراندا بڕە مافێکی هەبێت، خەیاڵی دەسەڵاتدارێتی و سەردارێتی نییە، گەورەترین نەتەوەی سەر زەوییە دەوڵەتێکیشی نییە. هەرچەند بیر دەکەمەوە، کوردم وەک دەیناسۆر دێتە بەرچاو، لە رووی قەبارە فیزیکییەوە خاوەنی لەشێکی گەورە و زەبەلاح، بەڵام لە رووی عەقڵییەتی خۆ بەڕێوەبردنەوە بچووک. ئاخر زۆرێک لە پسپۆران ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن هۆ راستەقینەکەی قڕبوونی دەیناسۆرەکان لەسەر رووی هەسارەی زەوی، بۆ فاکتەری کەشوهەوا و دەرەکی ناگەڕێتەوە، بەڵکو پەیوەستە بە هۆکاری پێکهاتەی بیۆلۆژییەوە، چوونکە دەیناسۆرەکان بەو جەستە زەبەلاحەوە مێشکیان لە مێشکی مریشکەکان بچووکتر بووە. هەرچەند نامەوێت ئەم چوواندنە وەک سوکایەتییەک بە کورد لێکدانەوەی بۆ بکرێت، بەڵام ئەوەی رێگری سەرەکییە لەوەی کورد بۆ ئەبەد لەم دۆخە ناهەموارەدا بمێنێتەوە، هۆکارەکەی ناوکییە و بۆ بچووکی خەون و مێشکی خۆی دەگەڕێتەوە. ئەو مێشکەی هیچ کات بۆ بەرژەوەندیی و سەردارێتی خۆی بەکارنەهێنراوە. تاکو ئەم مێشکە بیر لە دووبارە خۆ پێناسەکردنەوە و تیۆریزەکردنی ئایدیایەک نەکاتەوە کە ببێتە هۆکارێک بۆ سەردارێتی و بەهێزبوونەوەی لە جیهاندا، هەردەم مەحکومە بە خراپتر لەم رەوشەی هەنووکە تێیدا دەژیێ.

سەرەتای مایۆ – کۆتایی ئۆگەستی 2020
خۆرئاوای زەمین – کەنار رووباری راین

Previous
Next