Skip to Content

چەمکە شیعرییەکان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین …بەشی یەکەم :- ناڵە حەسەن

چەمکە شیعرییەکان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین …بەشی یەکەم :- ناڵە حەسەن

Closed
by ئه‌یلول 17, 2020 General, Literature

  • ڕووبەری شیعر و ( شاعیر و شیعرنووس )
  • شیعر لە نێوان ( نائومێدی و ڕەشبینی ) دا
  • شیعر و ( نامۆبوون )

_ ڕووبەری شیعر و ( شاعیر و شیعرنووس )
ڕووبەری ڕاستەقینەی شیعر ئەو شوێنەیە کە / هەموو شیعرێک ناتونێ بیگاتێ و لە نێویدا بمێنێتەوە تەنها ئەو شیعرانە نەبێ کە ، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی جوانی نووسراون ، لەوێدا شیعر دەبێتە جووڵەیەکی بەردەوامی ئیستاتیکی و لە ئاستێکی بەرزی داهێناندا دەبێ ، چ لەڕووی زمانەوە یان لە ڕووی فۆرمەوە .. بە مانای ، شیعر وەکو ژیان دەبێتە پڕۆژەیەکی بەردەوام و تەواو نەبوو . لەنێو ئەم رووبەرە / شاعیر لەنێو بیرکردنەوە شیعرییەکانی لەژێر هیچ کاریگەرییەکی دەرەکی و کاریگەرە کەلتووری ئایدیۆلۆژییەکاندا نابێت ، هەر خوێندنەوەیەک بۆ شیعرەکە دەبێتە کرانەوەیەک بە ڕووی ژیان و گەردووندا ، کەواتە شیعرەکانی نێو ( ڕووبەری شیعر ) داهێنانەکانییان لە ئاستێکدایە و دەبنە بەشێک ، ( لە پڕۆسەیەکی بەردەوامی لە نەبوونەوە بەرەو بوون ، لەپێناو خۆ تەواوکردنەوە دەکەونە گەڕ …) بە مانایەکیتر / هاوتەریب دەبن لەگەڵ ژیان و بەها مرۆییەکان و چەمک و پێکهاتە گەردوونییەکان . ئازادی بوون توخمێکی سەرەکی نێو ڕووبەری شیعرە ، شاعیر دەبێ تەواو بیرکردنەوە و بوونێکی ئازاد بێت ، پڕ بێت لە خەون و جووڵە و نیگەرانی ، لەنێو رووبەری شیعر پەیوەندییەکان خۆڕسک و توندوتۆڵن ، تەنانەت پەیوەندی نێوان ( سیاسەت و شیعر )یش ، پەیوەندییەکی نزیک و لێکدانەبڕاوە چونکە ، شیعر لەنێو ڕووبەری زمان دەتوانێ قسە لەسەر هەموو شتێک بکات ، مەبەستمە بڵێم / لەنێو پانتایی جوانی ( شیعر و سیاسەت ) تەبا دێنەوە بەڵام ، بە دیوەکەی تر هاودژ و پێچەوانەن ( مەبەستمان ئەو دیوەیە کە سیاسەت و گوتاری سیاسی لە جوانی دوور دەکەونەوە ..! ) ، هەروەها زۆرێک لە قسەکانی نیو شیعر وەک قسەکردن لە خەون ، عەشق ، بوون ، .. بەشێکی دانەبراون لە سیاسەت ، بە مەبەستی بیناکردن و داهێنان یان گۆڕینی ئاسۆکانی نووسین بەڵام ، لەو شوێنەی شیعر دەبێتە هۆکار لەپێناو سیاسەت و ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو لەوێدا ، شیعر ئامانجە سەرەکییەکەی خۆی لەدەست دەدات و دەچێتە دەرەوەی ڕووبەری شیعر . چونکە لە دواجاردا / زۆرێک لە شیعرە ئایدیۆلۆژی و سیاسییەکان لە دەرەوەی ڕووبەری شیعر وەک ، ( مەلەف و بەڵگەنامەیەکی سیاسی و مێژوویی ) دەمێننەوە . دەقە زیندووەکانی نێو ڕووبەری شعر شێلگیرانە و بەردەوام لە هەوڵی بەرهەمهێنانی پرسیاری نوێدا دەبن ، ئیش لەسەر سڕینەوەی مانا پێشوەختەکان دەکەن . کەواتە شیعر گەڕانێکی بەردەوامە لەنێو پانتایی مانادا .. ئەو شیعرانەی لەئاستێکی بەرزی داهێناندان بە تۆخی ئیش لەسەر زمان و پێکهاتە شیعرییەکانی وەک ، ( هێما و میتافۆر و وێنە و پارادۆکس و جێگۆڕکی و دووبارەبوونەوە و گومان و پرسیار و گەمە کردن بە وشە ) دەکەن .. چونکە لەم ڕووبەرە شیعرییە باوەڕمان بەوە دەبێ کە / هەموو دەقێکی گەورە ڕوئیایەکی فەلسەفی گەورە و گومان و پرسیارێکی گەورە لەگەڵدا دەبێت .. چونکە قووڵایی بەهرە و توانا مەعریفییەکانی مرۆڤ لە وەڵامدانەوە نییە بەڵکو ، لە پرسیارکردن دایە ، ئەوە ئایین و ئایدیۆلۆژییەکانن کە هەمیشە وەڵامێکی جێگیر و نەگۆڕییان پێیە ، هەر لێرەوەیە شیعر ڕەنگ و ڕووبەر و سیمای خۆی لە ئایین و ئیدیۆلۆژیاکان جیا دەکاتەوە . لێرەدا دەمانەوێت ، ( شاعیر لە شیعرنووس ) جیابکەینەوە . واتە هەموو ئەو شیعرانەی لە ئاستێکی بەرزی داهێناندان و لەنێو ڕووبەری شیعر دەمیننەوە ، ئەوانە نووسەرەکانییان ( شاعیرن ) ، ئەو شیعرە سادانەی دەرەوەی ڕووبەری شیعریش نووسەرەکانییان شاعیر نین بەڵکو تەنها ( شیعرنووسن ) ، چونکە ( شاعیربوون ) جێگاکەی لە هەورازێکە هەموو شیعرنووسێک ناتوانێ بیگاتێ …! مەبەستمانە خۆمان لە هەندێ دەستەواژەی نائەدەبی ڕزگاربکەین وەک ( شیعری دەرەجە یەک و دوو و دەرەجە سێ و هتد ، یان شیعری باش و خراپ ، یان ئەو دەربڕینە نائەدەبییەی کە دەڵێن ( میللەتی کورد هەمووی شاعیرن ..! ) ، ئەو ڕوانگە و بیرکردنەوانە ، ڕوانگەی ئەو کەسانەن کە خاوەن ئەو مەعریفە شیعرییە نین کە هێزی ئەوەیان پێ بێت ،( شیعری نێو ڕووبەری شیعر و شیعرەکانی دەرەوەی ڕووبەری شیعر ) لە یەکتری جیابکەنەوە ، یان ناتوانن ئاستەکانی جوانی و هونەری لەنێو دەقەکان ببینن . یان بە دیوێکی تر ، هەموو وشە ڕیزکردنێک بە شیعر دەزانن ، بۆیە تاکو ئێستا ( شاعیر و شیعرنووسیش ) لە یەکتری جیانەکراونەتەوە .
تێبینی / ئەم کورتە وتارە لە کتێبی ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) وەرگیراوە کە ئێستا لەژێر چاپدایە ، کەمێک بە دەستکارییەوە .

  • شیعر لە نێوان ( نائومێدی و رەشبینی ) دا
    من ئێستا لە گەڕەکی نائومێدیدا دەژیم
    بە کەلوپەلەکانی عەشق ماڵێکم پێکهێناوە
    لە ژوورێکدا تابلۆی دۆڕانەکانی خۆمم هەڵواسیوە
    لە ژوورێکیتر / تابلۆی ترس و نیگەرانییەکانم
    لە ژوورێکیتر / تابلۆکانی مردنم
    لەژوورێکیتر / تابلۆکانی تەنیاییم
    لە دواهەمین ژووریش وا خەریکم
    هێدی هێدی /
    تابلۆکانی خۆکوشتنم هەڵدەواسم …!
    لەو شیعرەی سەرەوەو لە شیعری تریش کاتێک ، نائومێدییەکانی خۆمم دەربڕیوە و لە شیعرێکدا بەرجەستەم کردوون ، جاریوابووە ، پرسیاری ئەوەم لێکراوە کەوا ، بۆچی لەم شیعرەم هێندە ڕەشبینم ؟ ، منیش لە وەڵامدا گتومە / من نائومێدم نەک ڕەشبین ..! کەواتە بەپێی ئەو وەڵامەم دەبێ ( نائومێدی و ڕەشبینی ) ، دوو چەمکی جیاواز بن ، ڕەنگە لە هەندێ ڕووەوە نزیکایەتییان هەبێت بەڵام ، دوو وشەی تەواو جیاوازن .. هەوڵدەدەین لەم نووسینە زۆر بە کورتی ماناکان و جیاوازییەکانییان بخەینە ڕوو .. بە بروای من زۆر ئاساییە شاعیرێک یان نووسەرێک لەنێو شیعر و نووسینەکانییان ڕاستگۆیانە ( نائومێدییەکانی ) خۆیان دەرببڕن ، ئەوە هیچ بەمانای ئەوە نایە ، ئەو شاعیر و نووسەرانە کەسی ڕەشبینن ، یان ( نائومێدی ) چەمکێک و بارێکی نێگەتیڤ نییە ، کە دەڵێین نێگەتیڤ نییە ، مانای ئەوە نییە بڵێین پۆزەتیڤە ، بەڵکو دەتوانین بڵێین بارێکی ئاساییە ، کاتێک شاعیرێک نائومێدی دەردەبڕێت ئەوە مانای ئەوەیە ، ئەوکەسە ئومێد و خەونی گەورەی هەیە بەڵام لە ئێستادا پێی نەگەیشتوون ، واتە لەو چرکەساتەی شیعرەکەی نووسیوە کەسێکی نائومێدە و راستگۆیانەش ئەم نائومیدییەی خۆی دەربڕیوە ، بۆ یە دەڵێین / بارێکی نێگەتیڤ نییە ، چونکە هێشتا لە لەگەڵ خەونە و ئومێدەکانیی دەژی بە ئومێدی ئەوەیە یان لە هەوڵی ئەوەیە ڕۆژێکدا بێت پێی بگات . بەمانای ئەگەرچی بە ئومێدەکانیی نەگەیشتووە و لە ئێستادا کەسێکی نائومێدە بەڵام ، دەستی لە خەون و ئومیدەکانیی بەرنەداوە یان هەڵنەگرتووە . بەڵام / ( ڕەشبینی ) چەمک و بارێکی نێگەتیڤە . کەسی ڕەشبین هیچ ئومێدێکی بەژیان نەماوە ، ( بوون و نەبوونی ) خۆی لە نیو ژیاندا وەکیەک چاولێدەکات ، ژیان هیچ بەهایەکی تیا نەماوە تا بۆی بژی ، پڕبووە لە هەستەکانی پووچی ، بەمانای بەو پۆینتە گەیشتووە کە ژیان ئەوە ناهێنێ کە بۆی بژی ، زۆرێک لەو کەسانە پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن . ئەوکەسانە لەهەمانکاتیش لەبارێکی دەروونی ناهەمواردا دەژین تووشی نەخۆشی خەمۆکی و زۆرێک لە نەخۆشیتری دەروونی دەبن . لە لێکۆڵینەوەکمان لەبارەی ( شیعر و خۆکوشتن ) ئەوەمان خستبووەڕوو کە زۆربەی ئەو شاعیر و نووسەرانەی پەنایان بۆ خۆکوشتن بردووە ، ئەو کەسانە بوون کە دەرگیری نەخۆشی خەمکی ببوون و ئەوکەسە ( ڕەشبینانە )بوون کە هیچ باوەڕ و ئومێدێکیان بە ژیان نەمابوو ، حەز دەکەم دواقسەم لەمبارەوە ئەوە بێت کە / ڕاستە من لە هەندێک لە شیعرەکانم نائومێدی یان نائومێدییەکی گەورەشم بەرجەستە کردووە بەڵام / بۆ یەک چرکەش لە ژیانم ڕەشبین نەبووم .
  • شیعر و ( نامۆبوون )
    نامۆبوون چەمکێکی فرەمانا و فرە ڕەهەندە ، چ لەلای خەڵکی ئاسایی و چ لەلای نووسەر و بیرمەند و فەیلەسوفەکانەوە ، مانا و خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆکراوە ، ئێمە لەو کورتە نووسینەمان هەوڵدەدەین هەندێک لە خوێندنەوە و مانا جیاوازەکان بخەینە ڕوو ، وە هەروەها هەڵوێستە لەسەر ئەو خوێندنەوەیە بکەین کە / پەیوەندی بە شیعر و داهێنانەوە هەیە
    _ نامۆبوون لەلای ( هیگل ) / پەیوەندی بە ( دابڕان )ەوە هەیە ، یان هەر بەمانای ( دابڕان ) دێت ، وەکچۆن لە کاتی لەدایکبوون منداڵ لە دایک دادەبڕێ و دێتە نێو ڕووبەرو دنیایەکی نوێوە و تووشی حاڵەتی نامۆبوون دەبێت ، هەروەک لە کتێبی ( بوون و داهێنان )ی د. محەمەد کەمال دا هاتووە / لەلای هیگل پڕۆسەی داهێنانیش بە نامۆبوون دادەنرێت چونکە ، لە ڕێگەی داهێنانەوە
    بیرۆکەکان لە نووسەرەکان دادەبڕێن

_ نامۆبوون لەلای ( مارکس ) / پەیوەندی بەکاڵا و بەرهەمهێناوە هەیە / بەمانای کاتێک ( کرێکاران ) کاڵاکان بەرهەمدەهێنن و خۆشیان لێی بێبەشدەبن ، خێروبێری ئەوکاڵاو بەرهەمانەش دەچێتە گیرفانی سەرمایەدار و خاوەن کارەکانەوە ، لێرەدا کرێکاران بەرامبەر ئەو کاڵا و تەنانەت ئەو دنیایەش کە بەرهەمی دەست خۆیانە نامۆدەبن ، هەر لەسەر ئەو بنەمایە مارکس ڕەخنەی لە هیگل هەبوو کە داهێنانی بە پڕۆسەیەکی نامۆبوون دادەنا ، مارکس پێی وابوو ئەو جۆرە دابرانە نامۆبوون بەرهەم ناهێنن ، بەلای مارکس ئەوکاتە داهێنان نامۆبوونی لێدەکەوتەوە کاتێک بیرۆکەکان لە نووسەرەکان دادەبڕێن و لەلایەن کەسانیترەوە داگیربکرێن و خاوەنەکانی پێ بچەوسێننەوە ، وەک ئەو پەیوەندییەی لە نێوان ( کرێکاران و بەرهەمهێنانی کاڵاکان )

_ نامۆبوون لای ( مارتن هایدگەر ) / مرۆڤی دەستەمۆ کاتێک دەکەوێتە ژێرکاریگەرییە دەرەکییەکان واتە هێزە دەرەکییەکان ئاراستەی جووڵەکانییان کۆنتڕۆل دەکەن ئەوکەسانە کەسانی نامۆن . چونکە هەمووشتێکن بەس خۆیان نین . وە خاوەن بوونێکی دەستەمۆ و ناڕەسەنن . ناتوانن تەعبیر لە خواست و ئارەزووەکانی خۆیان بکەن . ئێمە لە پەیوەند بە شیعر و داهێنان هەڵوێستە لەسەر ئەو ڕایەی ( هایدگەر ) دەکەین و دەیکەینە سەرچاوەو بنەمای بیرکردنەوەکانمانە . هەروەک لە کتێبی ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) پێداگریمان لەسەر ئەم خوێندنەوەیەی هایدگەر کردبوو لە وتاری ( بوون و ئەدەب ) ، لە پەیوەند بە بوون و ئازادی نووسەرەرەوە . چونکە خودی داهێنان ( بە پێشمەرجی ئەنتۆلۆجی بوونی مرۆڤ ) دادەنرێت ، ( داهێنان و نامۆبوون )یش لەگەڵ یەکتریدا پەیوەندییەکی ناکۆکییان هەیە ، بۆیە کەسێکی نامۆ بە داهێنەر دانانرێت چونکە ( ناتوانێت خۆی بڕیار لەسەر پڕۆژەکانی بوونی خۆی بدات …! ) ، هەموو بڕیار و پڕۆژەکانی لەژێر کاریگەری دەسەڵات و هێزە دەرەکییەکان دەبێت ، بۆیە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە کەسی داهێنەر نامۆنییە و یان کەسی نامۆ ناتوانێ داهێنان بکات …!

تێبینی / بۆ نووسینی ئەم کورتە وتارەمان سوودمان لە کتێبی ( بوون و داهێنان ) ی د محەمەد کەمال وەرگرتووە .

                            _ درێژەی هەیە 

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish