Skip to Content

تێگەی نامۆبوونی منداڵ لە دایک و باوک …مەحمود چاوش

تێگەی نامۆبوونی منداڵ لە دایک و باوک …مەحمود چاوش

Closed
by September 22, 2020 General, Opinion


کاتێک منداڵ دایک یان باوکی لێ نامۆ دەبێت، گرژترین و ئاڵۆزترین گرێ (کۆمپلێکس)ی لە ژیاندا بۆ پێکدێت. ئەم دیاردەیە بە سیندرۆم (لێسەرهەڵدانی نیشانەکانی نەخۆشییەک) ی نامۆبوونی منداڵ لە دایک و باوک، کە بۆ یەکەمین جار لە لایەن دکتۆرێکی دەروونناسی ئەمەریکییەوە بەناوی ڕیچارد ئێلن گاردنەر (1) ئاماژەی پێدراوە. بیروڕا و نوسراوەکانی ئەم دەروونناسە گیروگرفتێکی زۆری هێنایە مەیدانی کارکردن لەگەڵ منداڵ و توێژینەوەی نامۆبوونی منداڵ لە دایک و باوک. گاردنەر لەو باوەڕەدایە، کە ئەشکەنجەدان و بەدکرداری و لاقەکردنی منداڵ دیاردەیەکی نوێ و مۆرکی کۆمەڵگەی مۆدێرن نییە، بەڵکو ئەم کردارە قێزەوەنانە لە سەرجەم مێژوودا ئەنجام دراون. گاردنەر لە ساڵانی 1980 بەدواوە بایەخێکی زۆری بە لاقەکردنی منداڵ دا و توێژینەوەی زۆری لەسەر کرد. ئەو پێیوابوو، کە لاقەکردنی منداڵ لەلایەن گەورەکانەوە زۆر لەوە بەربڵاوترە کە باسی لێوەدەکرێت، لە بنەڕەتدا نەک تەنیا بەدکاری و چەوساندنەوەی منداڵان داب و نەریتیکی کۆنە و هەر بەردەوامیشە، بەڵکو لاقەکردنیش لە هەموو کولتوورەکاندا کردەیەکی لاوەکی نییە. ڕێگە و مێتۆدەکانی گاردنەر بۆ پاراستنی منداڵ لەم بەدکارییە بەرەنگاری گەلێک گیروگرفتی تیۆری و پراکتیک لەم مەیدانەدا بۆوە.

لە ڕاستیدا منداڵ بە درێژایی مێژوو قوربانیی گەورەکان بووە. کاتێک دایکان و باوکان دەخزێنە تەنگژەی هاوسەرێتییەوە و ناتوانن درێژە بە ژیانی پێکەوەیی بدەن، ئەوجا بەرەو ڕووی جیابوونەوە دەبن، ئیدی منداڵەکانیان دەبن بە قوربانیی ئەو بڕیارەی ئەوان. لەم بارەدا یەکێک لە دایک و باوک یان هەردووکیان لە منداڵەکانیان نامۆ دەبن، لەم کێشەیەشدا زۆر جار نامۆبوونەکە لایەنی باوک دەگرێتەوە، چونکە منداڵی کەمتەمەن بەزۆری لای دایک دەمێنێتەوە. ئەمە بە سەرەتای نامۆبوونی منداڵ لە باوانی ناوزەد دەکرێت. ئەم دۆخە / هەڵکەوتە خێزانییە (Familien-Konstellation) منداڵ پەرتەوازە دەکات و بە شێوەیەکی شاقوڵی / ستوونی دەیکات بە دوو بەشەوە، ئاخر منداڵ لە ڕووی دەروونی دەبێت بە دوو بەشەوە و ناتوانێت بڕیار بدات لای کام بەشەیان (دایک یان باوک) بمێنێتەوە. منداڵ لێرەدا دەبێت بە قوربانی دوو کەس، کە نەیانتوانیوە چارەسەرێکی ناوازانە بۆ گیروگرفتەکانی هاوسەرێتیان بدۆزنەوە، بەڵکو ئەویان لە ئەنجامی جیابوونەوەی خۆیان سەرگەردان کردووە. کاتێک منداڵ خۆی لەم نابەرانبەرییە خێزانیەدا دەبینێتەوە، دایکی یان باوکی لێ نامۆ دەبێت و هەستی ئەوەی لا نامێنێت، کە ئەو خۆی بەشێکی دانەبڕاوە لەوان. گەر وردتر لەم تێگەیە بڕوانین، دەگەین بەو دەرئەنجامە، کە نامۆبوونی منداڵ تەنیا لە دایک و باوکانی لێکجیابۆوە نییە، ئاخر لە خێزانی پێکەوەیشدا ئەم دیاردەی نامۆبوونە هەیە، هۆکانیشی دەگەڕێنەوە بۆ شەڕ و ناکۆکی بەردەوامی دایک و باوک و بەدکرداری بەرانبەر منداڵ. ڕەنگە ئەم بابەتە لە سنوری ئەم نوسینە دەربچێت و توێژینەوەی تایبەتی گەرەک بێت، لێرەدا دەتوانین ئەوەندە ئاماژەی بۆ بدەین، کە لە پرۆسەی نامۆبووندا و لە هەر بارێکیاندا (جیابوونەوە یان پێکەوەییەکی پڕ ئاستەنگ و ئاژەوە) منداڵ گرنگترین کەسی پەیوەندیدار بە خۆیەوە لەدەستدەدات، جا ئەوە بە شێوەی فیزیکی یان دەروونی (physisch / psychisch) بێت.

ڕوویەکی ترسناکی ئەم دیاردەیە کێشە دەروونیەکانی دایکان یان باوکانی لێکجیابۆوەن، کە منداڵیش دەخەنە نێو باری دەروونیی سەختەوە و پێوەیان دەناڵێنێت. هەندێجار باری دەروونی منداڵ بەرەو ئاستەنگێکی ئەوتۆ دەبات، کە بە نەخۆشییە دەروونیەکانی تراوما و غەمۆکی کۆتاییان دێت. یەکێک لە هۆکانی ئەم بارە سەختە ئەوەیە، کە دایکان و باوکان کە لای منداڵەکانیان بە شێوەیەکی نێگەتیڤ باسی یەکتر دەکەن، ئەو ڕەفتارەیان کۆمپلێکسی/گرێی دەروونی لای منداڵ بەئەنجامدێنێت. ئەمەش نەک لە سوودی منداڵدا نیە، بەڵکو زیانێکی زۆری لێدەدات. هەڵئاوسانی گرفتەکان لای منداڵ لەوەدا بەرجەستە دەبێت، کاتێک منداڵ ناچار بێت لە نێوان دایک و باوکدا وەفاداری و مەیل بۆ یەکێکیان دەرببڕێت و پەیوەندی بەرانبەر یەکێکیان نەرێنی بکات (بە شێوەیەکی نێگەتیڤ بڕوانێتە یەکێک لە دایک یان باوکی، ئەم بارەش بەزۆریی بەسەر باوکاندا دەشکێتەوە). ئەمەش جۆرێک لە تاوانبارکردن لای منداڵ بەرانبەر باوانی دروستدەکات، چونکە منداڵ پێیوایە کە باوک بووە بە هۆکاری کێشە و ئاستەنگە هاوسەرییەکانی (نێوان دایک و باوکی / نێو خانەوادەکەیان). لەم ڕەوشەدا دایک و باوک منداڵەکانیان بۆ مەبەستی تایبەتی و کەسی خۆیان بەکاردەهێنن، ئەمەش بە جۆرێک لە بەپڕۆگرامکردنی نامۆبوون لای منداڵ دادەنرێت. دایک و باوک خۆیان وێنەیەکی نێگەتیڤی ئەوتۆ بە منداڵ دەگەیەنن، کە ئەویش بڕیاری ئاڕاستەدانی پێکەوەژیان بۆ یەکێکیان بدات. ئەم پنتە سەرەتای نەمۆبوونی منداڵە لە باوانی و نیشانەی (Symptom) ی نەخۆشیە دەروونیەکانیش لای منداڵ بەڕوونی سەرهەڵدەدەن. ڕێچکەی نیشانەکانی نەخۆشیە دەروونیەکان بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەسەختی دیاردەکەون. ئەمەش بە پڕۆسەیەکی گەلەک هێواش و پڕئازاردا دەگوزەرێت، بە تایبەتی لای مناڵان. لە هەمووی سەمەرەتر ئەوەیە، کە دایکان و باوکان هەست بەوە ناکەن، کە ئەمان خۆیان بوون بە هۆکاری ئەم ئاستەنگە خێزانییە. هەندێجار دایکان و باوکان خۆیان بە قوربانیی ئەم باروجۆخە دەزانن و یەکتری بە شێوەیەکی ئاشکرا و نەویست نەفرین / ڕەفز دەکەن.

گەلێک لە پسپۆڕان و دکتۆر و چارەسازانی دەروونی (Therapeut)، کە لەم پڕۆسەیەدا بەشدار و پەیوەندیدارن، لە دیاریکردنی (دەستنیشانکردنی) نەخۆشیەکاندا بەرەنگاری سەختی و ئاڵۆزیی نەخۆشییە دەروونیەکانی دایکان و باوکان یان منداڵان دەبنەوە، ئاخر لە سەرەتادا ئەم نەخۆشیانە زۆر دژوار و نادیارن، تەنانەت دایکان و باوکانیش نازانن، کە دوچاری خۆشی دەروونی بوون. لەم بارەدا نەک هەر منداڵ، بەڵکو دایک و باوکانیش دەبێت چارەسەری دەروونی بکرێن (3).

نیشانەکانی کۆمپلێکسی نامۆبوون لە منداڵدا

لە سەرەتادا دەبێت ئەوە بوترێت، کە منداڵ پێیخۆشە بە خۆشەویستی دایک و باوک و لە باوەشی ئەواندا پەروەردە و گەورە بکرێت. لێ کاتێک دایک و باوک بەبێ پرس و ڕای منداڵ لە یەکتر جیادەبنەوە، ئەویش دەبێت بێئارەزوومەندانەی خۆی بەلای یەکێکیاندا بچەمێتەوە، واتە دەبێت بەناچاری بڕیار بۆ لایەنێکیان بدات). منداڵ چ لە ڕووی جەستەیی (physisch) و بە چ دەروونییەوە (psychisch) دەکرێت بە دوو بەشەوە بەبێ ئەوەی خۆی لە هۆکارەکانی تێبگات. ئاخر منداڵ ناتوانێت لەو تەمەنەدا بڕیارەکانی بە شێوەیەکی ناوازە بدات، بۆیە دەکەوێتە نێوەندێکی قەدەرئاساوە و سەرگەردان دەبێت. تا تەمەنی هەرزەکاری و گەنجێتی ئەم بارە دەروونییە دەبێت بە بەشێکی نەپچڕاوی ژیانی ڕۆژانەی ئەو و پێوەیان دەناڵێنێت، لێ منداڵ هاوکات نزیکترین و گرنگترین کەسە پەیوەندیدارەکانی ژیانی لێ نامۆ بوون. نیشانەکانی ئەمەش لە هەڵسوکەوتی منداڵەکەدا، جا لە فێرگەدا بێت یان لە کۆمەڵگەدا، دەردەکەون. زۆرجار ئەم منداڵە دوورەپەرێز دەبێت و ناخوازێت پەیوەندیی بە کەسانی دەووروبەریەوە هەبێت. هەندێک منداڵ ئەم بارە دەروونییە بە شەڕانگێزی و جۆرێک لە ئەگرەسیڤێتی (هەڵمەتبەری) دەردەبڕن.

کاتێک هەندێک کولتوور بەتایبەتی یان هاوکات چارەسەری نەریتی، بۆ نموونە سوڵحی خانەوادەیی و عەشایەری، لە کێشەی یان ئەگەری جیابوونەوەی دایک و باوکدا بەگەڕدەخەن تا ڕێ لە گۆڕانکاریی نالەبار بۆ خێزان و منداڵان بگرن، ئەوا زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی وڵاتانی خۆرئاوا، جیابوونەوەی فەرمی هاوسەرایەتی بە پڕۆسەی یاسایی، واتە لە دادگاکانی باری کەسی و خێزانیدا و بە هاوتەکی پسپۆڕانی تایبەتی خیزان بەئەنجام دەگەیەنن. ئەم پسپۆڕانە ڕاپۆرت و شیکاری تایبەتی لەسەر بارودۆخی خێزانی و لایەنە دەروونییەکانی منداڵانی نامۆبوو بە دایک و باوکانیان ئاڕاستەی دادگاو دادوەران دەکەن و لەسەر بنەمای ئەم ڕاپۆرتانە بڕیار و دوائەنجامی دادگایی لەسەریان دەدەن. لە دادگای مۆدێرندا پرس بەمنداڵ و و بیروڕای ئەویش وەردەگیرێت، لەڕابردوودا ئەمە پراکسیس نەکراوە. دادوەر لەپاش ئەوەی بەرودۆخی خێزانی هەڵدەسەنگێنێت، دوابڕیاری خۆی بەتاکی یان بەکۆ لەگەڵ دادوەرانی تردا بەشێوەی فەرمی لەسەر دابەشکردنی بەرپرسیارێتی و سەرپەرشتی منداڵ بۆ دایک و باوکان ئاشکرا دەکات پسپۆڕانی ئەم بوارە (تایبەتیی بۆ کاروباری خێزان) سورن لەسەر ئەوەی، کە بیروڕای منداڵیش لەم پڕۆسەیەدا (لە پرۆسە دادوەرییەکانی جیابوونەوەی دایکان و باوکاندا) وەربگیرێت و سەنگێکی زۆریشی بۆ دابنێت، ئاخر زۆر منداڵ لە لایەن یەکێک لە دایکان و باوانیانەوە بە شێوەیەکی نێگەتیڤ چەواشە دەکرێت و بەلایەنی یەکێکیاندا ڕووکێش دەکرێت. تەنانەت لە زۆرینەی دادگەکاندا دایک و باوکان دەکەونە درۆکردن و ڕاستییەکان لە دادگە یان دادوەر دەشارنەوە. لەم بارەدا بڕیاردانی دادگە و دادوەران و سەرپەرشتی بۆ منداڵانیش دەکەوێتە گێژاوێکی سەختتر، ئاخر لە سەرئەنجامی ئاڵۆزی ئەم بڕیاردانەدا دادگەکان دایکان و باوکانی جیابۆوە دەنێرنە لای پسپۆڕانی دەروونی بۆ چارەسەری دەروونی (Therapie). ئەم لایەنی چارەسەرکردنە ناودەنرێت پسیخۆتێڕاپی (Psychotherapie)، واتا چارەسەی ژیانی ناخەکی / دەروونی. پسپۆڕانی ئەم بوارە لەسەر ئەوە کۆکن، کە هەردوو لایەن (دایکان و باوکان) چارەسەری دەروونی بکرێن، بە منداڵەکانیشیانەوە، ئاخر هەموو لایەنە بەشدارەکانی ئەم پڕۆسەیە لەژێر بارێکی دەروونی سەختدا دەژین و پێویستیان بە چارەسەری دەروونی و کۆمەڵایەتی هەیە. منداڵی نامۆبووش دەبێت بە زووترین کات لە لایەن پسپۆڕانی ئەم بوارەوە چارەسەر بکرێت، لێ کاریگەری زۆری لە تەواوی ژیانیدا دەبێت و جێماوەی دەروونی ساڵانێکی زۆر دوای جیابوونەوە بە کاراکتەر و هەڵسوکەوتیەوە دەبینرێت (لە سەرەتادا باس لە نەخۆشیەکانی تراوما و شیزۆفرێنی کراوە).

منداڵانی کەمتەمەن دەبێت ڕاستەوخۆ لە دوای جیابوونەوەی باوانیانەوە تێڕاپی دەروونی بکرێن، ئاخر ئەوان بە نەبوونی ئەم چارەسەرە لە تەواوی ژیانیاندا بە ئازاری سەختی ئەم دیاردەیەوە دەناڵێنن. ڕەنگە هەندێک وا بیربکەنەوە، کە بە گەورەبوونی منداڵ و پڕۆسەی ژیانی ئەم تراومایە کەم ببێتەوە و تەنانەت نەمێنێت، لێ ئەم بیرکردنەوەیە نەئاوێزانە و خەیاڵێکە. ڕەنگە ئەم نامۆبوونە لە هەندێک منداڵدا بەو شێوە سەختییە ڕوونەدات و بارە دەروونیەکانیشی هێورتر بن لە منداڵێکی تر، بەڵام ڕاوێژ و چارەسەر دەبێت لە هەموو بارەکاندا بەئەنجام بگەیەنرێت. یەکێک لە پنتی کێشەکانی نێوان کەسانی یاسایی و پسپۆڕانی دەروونناسی ئەوەیە، کە ئایا منداڵی لێکجیابۆوە و نامۆبوو لە باوانی سەردانی هەردوولا بە یەکسانی بکات یان تەنانەت لە لای هەردوولا بەیەکسانی بژی. ئەم پرسیارە تاکو ئەمڕۆ پنتی ناکۆکی و دەمەقاڵێیە.

دەبێت ئەوەش بوترێت، کە لە پڕۆسەی جیابوونەوە و تەنگژە هاوسەرییەکاندا هەندێک دایک و باوک گۆڕانێکی خۆویست یان خۆنەویستی ئەوتۆ بەسەر باری دەروونییاندا دێت، کە لە کۆتایدا، بە زمانی میتۆلۆژی ببێژین، دەبن بە جۆرێک لە دێو و درنج (Monster)ی ئەوتۆ، کە هەندێک جار کاردانەوەی دڕندانە و تۆقێنەر بەرانبەر یەکتر، تەنانەت بەرانبەر منداڵیش، دەنوێنن. گەرچێ دەشێت دایک و باوک بەزۆری لە کۆتایی ناکۆکییەکانیاندا جیابوونەوە قبووڵ بکەن، تەنانەت لەو لایەنەشدا کۆک بن کە بۆ نموونە باوک بەپێی کاتی خۆی منداڵەکانی ببینێت، سەرەڕای ئەوە دەشێت ڕووبدات کە باوکی جیابۆوە ژنی خۆی لەناوببات تەنانەت هەندێک جار دەستی بچێتە منداڵەکانییەوە. یان ڕوودەدات کە دایکان لەو بارە سەختە دەروونییەدا منداڵی خۆیان دەکوژن و هەندێک جار کێشەکە بە لەناوبردنی خۆشیان کۆتایی دێت. ئەم دیاردانە لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا ڕوودەدەن. دیارە هۆکارەکانی جیابوونەوەی هاوسەری ژن و مێرد زۆرن و لە بازنەی ئەم نووسینە دەردەچن. ئەوەی بەڕوونی دیارە، کۆمپلێکسە کۆمەڵایەتییەکان، ئاڵۆزی ژیانی مۆدێرن، ئیندیڤیدوالیزم (تاکگەرایەتی) و نەبوونی تۆلێرانس (چاولێپۆشتن و بەخشندەیی بەرانبەر کەسانی تر، بەتایبەتی لە هاوسەرایەتیدا) هەندێکن لە هۆکارەکانی جیابوونەوەی دوو مرۆڤ، کە لە سەرەتای هاوسەرێتیاندا بڕیاری پێکەوەژیان و پێکەوەنانی خێزانێکی بەختەوەریان خواستووە. لە ڕاستیدا کۆمەڵگەی مۆدێرن گەلێک ئاستەنگ و گرفتی کۆمەڵایەتی لە هەناوی خۆیدا بەرهەمدێنێت، کە یەکێک لە دیاردە هەرە دیارەکانی سنوری ئەم ئاستەنگە داپچڕانی پەیوەندییە خێزانیەکانە (جیابونەوەی هاوسەرێتی) و لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و گەلێک گرفتی تری ئەم کۆمەڵگانەن. ئێمە دەتوانین کۆمپلێکسی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و بە ئیندیڤیدوالیستبوونی مرۆڤەکان و نەبوونی تۆلێرانس بە هۆکارەکانی جیابونەوەی هاوسەرێتی ناوزەدبکەین. خۆپەرستی و خۆپەسەندی و نارسیسزم (Narzissmus) پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان سنوردار دەکەن و دابڕان و گەلەک ئاستەنگ و گرفتی کۆمەڵایەتی بەرامبار کۆمەڵگە دەخەنەوە. لە کۆتایدا پێم باشە چەند ئامۆژگاریەکی ئینگرید یۆپە (2) لە کتێبی (منداڵانی بە کارەکتەر)دا لە ئەڵمانیەوە وەرگێڕمە سەر زمانی کوردی و وەک سیتان وەربگرم. یۆپ دەنووسێت: “منداڵان خاوەنی هەستیاریەکی گەلەک بەهێزن و پێوستیشیان بەم هەستیارییە هەیە، بۆ ئەوەی بە کارەکتەرێکی بەتوانا و بەهێزەوە ببن بە کەسێکی گەورەی / کامڵی بەختەوەر”. لە پرۆسەی جیابوونەوەی دایکان و باوکاندا منداڵان ئەو هەستیارییە سروشتییەی خۆی لەدەستدەدەن و لە زۆرینەی کاتەکاندا دەبن بە کەسێکی گەورە / کامڵ بە کارەکتەرێکی لاواز و پڕگومانەوە.

—————————–
پەراوێز
1) ڕیچارد ئێلن گاردنەر Richard Alan Gardner لە 28.04.1931دا لە نیویۆرک-سیتی لەدایکبووە و لە 25.05.2003 دا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. ناوبراو کۆلێژی پزیشکی و دەروونناسیی خوێندووە و لە دوا ساڵانی 1963 وە پڕۆفیسۆری دەروونناسی بووە لە خەستەخانەی دەروونیی کۆڵۆمبیا. کۆنترۆفێرس / ناتەبایی و گفتوگۆیەکی پڕ گیروگرفتی زۆر هەیە لەسەر تێز و تیۆرییەکانی ئەو لەمەڕ کێشەکانی منداڵ دوای جیابوونەوەی دایک و باوک. تاکو ئێستاش ئامۆژگارییەکانی لە بڕیاردانی یاسایی لەمەڕ منداڵی نامۆبوو بەرانبەر دایک یان باوک سەنگێکی یاسایی نەشیاوی لێدەستبەرنەدراون unverzichtbar لە زۆربەی دادگەکانی باری کەسی و خێزانیدا.
نووسینەکانی گاردنەر بەزۆری لەسەر تەنگژەی جیابوونەوەی هاوسەری دایک و باوکان بووە، لە کاتێکدا کە لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئەم دیاردەیە بە شێوەیەکی زۆر ڕوویانداوە. ناوبانگی گاردنەر بە پێناساندنی مۆدێلی PAS (parental Alienation Syndrom)، واتە سیندرۆمی نامۆبوونی مندال لە دایک و باوک دەستیپێکرد، کە لە ساڵی 1985 دا بە شێوەی فەرمی بڵاویکردەوە. پاش ناساندنی ئەم مۆدێلە زانکۆی کۆلۆمبیا گاردنەری لە زانکۆ دوورخستەوە و پاشان لە زانکۆی نیویۆرک وەک و مامۆستایەک و پسپۆڕێک دەستی بە کار کرد. 40 کتێب و زیاتر لە 250 وتار و بابەتی جیاوازی لەم بارەیەوە نووسیوە. لە ساڵەکەنی 1980 بەدواوە گاردنەر تەرکیزی کردۆتە سەر بابەتی لاقەکردنی منداڵ لە لایەن دایک و باوکانیانەوە، کە بە لەدایکبوونی هیستریایەکی نەتەوەیی ناوزەدی کرد. گاردنەر لەو باوەڕەدابوو کە لاقەکردنی منداڵ لە لایەن گەورەکانەوە بە شێوەیەکی زۆر بەربڵاوە، بەتایبەتی لە ناو خێزان خۆیدا و بە دیاردەیەکی پێدۆفیلی Pädophilie یان جووتبوون لەگەڵ خزم و کەسدا Inzest ناوزەد دەکرێت.
لە کتێبی بەرەنگاربوونەوەی کچان و کوڕان بەرامبەر جیابوونەوە Boys and Girls Book About Divorce، کە لە ساڵی 1970دا بڵاوی کردەوە، ئامۆژگاری و ڕاوێژی منداڵان دەکات، کە بە کام شێوە مامەڵە لەگەڵ سترێس (شەکەیتی دەروونی / ناڕەحەتی دەروونی) و هەڵسوکەوت لەگەڵ باوانیاندا بکەن.
2) Ingrid Jope: Charakter-Kinder, so fördern Sie die emotionale Entwicklung Ihres Kindes, Brunnen Verlag Giessen.Basel, 2011.
3) دیارە ئامانجی ئەم نووسینە توێژینەوەی لایەنی چارەسەرە دەروونیەکانی منداڵ و دایک و باوکان بەئەنجام ناگەیەنێت، زیاتر لەڕوانگەی سۆسیۆلۆژیەوە پەی بە هەندێک لایەنی ئاستەنگی کەسی (ئیندئڤیدوێل) و گەلەکی (کۆلێکتیڤ)ی ئەم دیاردەیە دەستنیشان دەکات).

Previous
Next