Skip to Content

خوێندنەوەیەك بۆ رۆمانی “بەڕێگاوە” ی دڵشاد كاوانی … نووسینی: د. مستەفا ساڵح*

خوێندنەوەیەك بۆ رۆمانی “بەڕێگاوە” ی دڵشاد كاوانی … نووسینی: د. مستەفا ساڵح*

Closed
by ئه‌یلول 24, 2020 General, Literature


منیش (نارسیسم)، رۆمانی بەڕێگاوەم خوێندەوە، نووسەر (ئەوی نارسیس) لە رێگەی تواناكانییەوە كەمەندكێشی كردمە ناو جیهانێكی تایبەت، جیهانێك نزیك لەوەی (جێمس جۆیس) لە رۆمانی (وێنەی هونەرمەند لەتافی لاویدا)، جیهانی خەیاڵ و فەنتازیا و گەمەكانی رۆح، گەمەی خود لەگەڵ جەستە، خۆشەویستی و رقبوونەوە، خودپەسەندی و دژەخودی، مەرگ و زیندەگی و بێداری و شەونخوونی… هەڵكشان و داكشانی ئەمانە و چەندان لایەنی تری پەیوەست بە هەست و خولیا و ئازار و چێژەكانی مرۆڤەوەوە. لەمانەش گرنگتر گەمەی زمان و تەكنیك و شێوەی نووسین، كە مایەی تێڕامان و شایەنی هەڵوەستە لەسەركردنن. بۆیە هەوڵمدا هەندێ‌ وردە سەرنجی كورت لەم بارەیەوە بخەمە روو، چونكە بە دیاركردن و كردنەوەی كۆدەكانی نووسین و گێڕانەوە، خوێنەر ئاسانتر لە خوێندنەوەی دەقەكە دەگات و هەرسەرنج و تێبینییەكیش لەم رووەوە یارمەتیدەرێكی باش دەبێت بۆ نووسەر.
ئەوەی ئێمە لێرەدا دەمانەوێت باسی بكەین ، هەندێ هۆكار و ئامراز و تەكنیكی بواری گێڕانەوەن، نووسەر كەم تا زۆر لە گێڕانەوەی رووداوەكاندا سوودی لێوەرگرتوون، گێڕانەوەكەی خۆی پێ تۆكمە و بەهێزكردووە.
 لەرووی گێڕانەوەوە رۆمانەكە بەسەر چەند پاژێك دابەشكراوە، گێڕەرەوەی هەمانشتزانی بەشدار لە رووداوەكان، پاژەكانی (1 – 4 ) مان بۆ دەگێڕتەوە، هەر لە پاژی یەكەم و لە وشەی یەكەمەوە خۆیمان بۆ ئاشكرا دەكات و دەڵێت: ” من نارسیسم… من دوای تەواو كردنی ئەم رۆمانە دەستبەجێ‌، ….” رۆماننووس لە رێگەی درووستكردنی گێرەرەوەی هەمانشتزان، (بارت) گووتەنی:”لەكاغەز درووستكراو”ەوە سەرجەم رووداوەكانی ئەو پاژانەمان ، سەركەوتووانە بە نەفەسێكی درێژی گێڕانەوە، بۆ دەگێڕێتەوە، پاژەكانی (5 – 8) لە رێگەی گێڕەرەوەی هەمووشتزانی چاودێر بەسەر رووداوەكان، دەگێڕێتەوە،(فلۆبیر) لەبارەی ئەو جۆرەی گێڕەرەوە پێی وایە كۆنترین دەقەكانی گێڕانەوەی پێ گێڕدراونەتەوە و خاوەن دەستەڵاتێكی رەهایە و زانیاریی لەسەر ورد و درشتی رووداوەكان هەیە، نووسەر زۆر هەستیارانە و دووربینانە توانیویەتی لەسەرجەم رۆمانەكەدا بەگوێرەی پێویستی رۆڵەكە بەسەر هەردوو جۆری گێڕەرەوەكە دابەش بكات، لە هیچ جێگایەكی گێڕانەوەكەیدا دركمان بەوە نەكردووە، لە بێتوانایی و تەنگەنەفەسی دەرگای گێڕانەوەكەی داخستبێت، زۆربەی جاران داشی گێڕانەوەكەی بەسواری جێهێشتووە، ئەگەرچی لە هەندی شوێندا، بەتایبەتی كە گێڕەرەوەی هەمووشتزان رووداوەكانمان بۆ دەگێڕێتەوە، تارمایی نووسەر لە پەنا هەندێك لە بیروڕاكانەوە دیارە، بەتایبەتی كاتێك دەیەوێت هەندێك باسی فەلسەفی و فیكری لەسەر زاری كەسایەتییەك دەرببڕێت ، كە لە ئاستی بیركردنەوەی ئەو كەسایەتییە نین، وەك ئەوەی لە لاپەڕە (120) لەسەر زاری (شێمراز) ی كاركەرو پشتشۆری حەمامەوە ، كردوویەتی، چونكە تا ئێرە (شێمراز) ئەو دەرفەتەی بۆ نەرەخساوە كە بخوێنێت و ببێتە عاریفێكی گەورە، وەك دواتر پێی دەگات.
هەر سەبارەت بە گێڕانەوەوە نووسەر لە زۆر شوێندا، بە گوێرەی پێویستی سوودی لە تەكنیكەكانی كات (پێشخستن و پاشخستن) وەرگرتووە.
 (خۆدواندن) رێگایەكی ترە لەرێگا پەیڕەوكراوەكانی گێڕەرەوە، بەو پێودانگەی كە زۆربەی رووداوەكانی رۆمانەكە بەلای سایكۆلۆژیاوە دەچن، بۆیە بە بڕوای ئێمە پەیڕەوكردنی ئەو رێگایە زۆر پێویست بووە، رەنگە لە نەبوونیدا كێماسیێك لە شێوازی گێڕانەوەكەدا درووستببا ، بە دیوێكی دیدا دەتوانین بڵێین نووسەر لەبەر ئەو هۆیەی باسمانكرد، بەناچاری پەنای بۆ ئەم هۆكارە بردووە، ئەویش بریتییە لە قسەكردنی كەسایەتییەك لەگەڵ خودی خۆیدا، بەمەش هەر مەبەستێك بیەوێت، گێڕەرەوە دەتوانێت بەم هۆكار و رێگایە دەری ببرَێت، بۆ ئەم مەبەستەش سوودی لە چەندان وشەی وەك (وامزانی ، رەنگە ، دەشێ ، لەوانەیە ….) وەرگرتووە.
 قسەی ئەوانیدی (كلام الغیر) ، ئەمەشیان هۆكارێكی تری بەردەستی گێڕەرەوەیە بۆ دەولەمەندكردنی گێڕانەوەكەی بەكاری دەهێنێت، كە تێیدا گێڕەرەوە قسەی كەسایەتییەكانی تر وەردەگرێت و بە گوێرەی پێویستی خۆی دایاندەڕێژێتەوە، لەم رۆمانەدا هەردوو جۆری وەرگرتنەكە بەكار هێنراون، جۆری یەكەمییان قسەی كەسایەتییەكە وەك خۆی وەرگیراوە و لەنێوان جووت كەوانە دانراوە و وشەی (گووتی) و جووت خاڵی لەپێش دانراوە، جۆری دووەمیشییان قسە وەرگیراوەكەی لە سیاقی وتەكانی خۆی داڕشتۆتەوە. بەمەش توانای نووسەر بەسەر زمانی گێڕانەوە بە ئاشكرا دیارە.
 بۆگێڕدراو: ئاشكرایە كە هەر بابەتێكی گێڕدراوە بۆ كەسێك، یان چەند كەسێكە، جا ئەو كەسەی دەقەكەی بۆ دەگێڕدرێتەوە پێی دەگوترێت بۆگێڕدراو، ئەمیش لەلای خۆیەوە دوو جۆرە، جۆرێكیان بۆگێڕدراوی گشتییە، واتە ئەو كەسەیە كە نووسەر بەشێوەیەكی گشتی دەقەكەی بۆ دەگێڕێتەوە، لە دەقە نووسراوەكانیشدا خوێنەری دەق رۆڵی بۆگێڕدراو دەبینێت، كە ئەمەیان پێویستییەكی دەقی گێڕدراوەیە و یەكێكە لە سێ كۆڵەكە سەرەكییەكەی گێڕانەوە ( گێڕەرەوە ، گێڕدراوە ، بۆگێڕدراو) بوونی لەناو دەقدا شتێكی نۆڕمالە، بەڵام جۆری دووەمی بۆگێڕدراو، ئەوەیە كە نووسەری دەقەكە لەناو دەقەكە درووستی دەكات و گەلێك جاران رووی دەمی گێڕانەوەكەی تێدەكات، واتە جۆری دووەمی بۆگێڕدراو، بۆگێڕدراوێكی مەزەندەكراوە، وەك گێڕەرەوە لە كاغەز درووستكراوە، لە رۆمانی (بەڕێگاوە) لەچەند شوێنێك نووسەر بۆ جوانكاری گێڕانەوە هانای بۆ بۆگێڕدراوی مەزەندەكراو بردووە و رووی گێڕانەوەكەی تێكردووە، ” جیقن بزانم زیرەكی هەڵیبێنی، دەزانی ئەوجارە میوانەكانم كێبوون؟”ل 37. لەم پرسیارەدا گێڕەرەوە رۆڵی بۆگێڕدراو دەداتە بۆگێڕدراوی مەزەندەكراو، چونكە پێشتر لە تەواوی ئەو پاژەی گێڕانەوەكەدا، رووی دەمی لە بۆگێڕدراوی ئاساییە، بەڵام لێرەدا كەسێك یان بڵێن خوێنەر لەرێگەی وشەی (جیقن) بانگ دەكات و دەیكاتە بۆگێڕدراوێكی ناسراو لای خۆی. لە لاپەڕە (220)یشدا دیسان ئەم كردارە دووبارە دەكاتەوە، شایانی باسكردنیشە، لەهەر شوێنێك گێڕەرەوە پەنای بۆ ئەو جۆرەی بۆگێڕدراو بردبێت، ئەوا لەشێوەی پرسیارێكی كوورت بووە، واتە رۆڵەكە بۆ مەسافەیەكی كورت و كەم بووە.
 زمان: لە بەكارهێنانی زماندا نووسەر هەتا راددیەكی باش سەركەوتوو بووە، سەرەڕای پابەندبوونی بە زمانی نووسینی پەیڕەوكراو، هەتا بۆی لوابێ، تێكەڵەیەكی لە زار و بنزارەكانی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بەكارهێناوە، دەیان وشەی كەم بەكارهێنراوی خستۆتە ناو دەقەكەوە و خوێنەری پێ ئاشنا كردووە، وەك وشەكانی (قەلاقوپ ، زلحۆرت ، حینگ ، زێچەن ، حالۆری ، لەهیكەوە ، زۆرگێ‌ …..) بە مەبەستی ئاسانكاریش فەرهەنگۆكێكی بۆ وشەكان لە كۆتایی رۆمانەكە نووسیوەتەوە.
 وەسف: وەسف لە رۆماندا پانتاییەكی فراوانی بەردەكەوێت، زمان و گێڕانەوە لە وەسفدا بەرجەستە دەبن، هەركاتێ‌ پشوودرێژی لە وەسفدا هەبوو ئەوا نیشانەی دەوڵەمەندی هزر و فەرهەنگە، لەم رۆمانەدا وەسف هەتا راددەیەكی باش گرنگی پێدراوە، نووسەر دركی بە گرنگییەكەی وەسف كردووە، بۆیە لە هەر كەلێنێك بۆی گونجابێت لە وەسفی كەس و شوێن و رووداوەكان درێغی نەكردووە.
 ئاشكرایە كە هیچ دەقێك بە بێ كەم و كوڕی نابێت، رەنگە هەر كەسێك لە خوێندنەوەی هەر دەقێكدا بتوانێت لە چەند لایەنێكەوە سەرنجی ورد و تێبینی تایبەتی هەبێت، ئەوەی جێگای سەرنجی ئێمە بوو، بەكارهێنانی چەند وشە و دەستەواژەیەك بوو، بە بڕوای ئێمە شێوەی بەكار هێنان یان شوێنی بەكارهێنانییان نەگونجاوە، ئەمەش شتێكی ئاساییە و لە رۆمانێكی قەبارە گەورەی وەهادا، بۆ ئاسانكاری خوێنەر و نووسەر چەند وشە و دەستەواژەیەك بە نموونە دەهێنینەوە:
(قەڵەپراو = قەرەپڵاو)ل49
(لاكە = كەلاك) ل52
(بارگین = بارگیر) ل113
(دەست دەنێت بە روویانەوە)ل116، ئەم دەستەواژەیە بۆ رەتكردنەوەیە نەك بۆ میوانداری، وەك لە دەقەكەدا هاتووە.
(وەحشییەتناك = ؟) ل200
(قەدبڕ) لە زۆر شوێندا لە شوێنی وشەی (یەكسەر و راستەوخۆ) بەكارهێنراوە.
(یەك ئەلفاز = یەك لەفز) چونكە ئەلفاز كۆیە ناكری لەدوای یەكەوە بێت.
(قریشاندم = هاوارمكرد)ل51
(قرماند = خوارد)ل52
… ئەمانە و گەلێك وشە و دەستەواژەی دی.

 لە كۆتاییدا دەكرێ بڵێین رۆمانی بەڕیِگاوە سەرەڕای ناوەرۆكە دەوڵەمەندەكەی بە گێڕانەوەی كۆمەڵێك رووداو ، بە پشت بەستن بە چەند لایەن و پاژێكی تیۆرە سایكۆلۆژییەكانەوە، لەرووی تەكنیكی گێڕانەوەش رۆمانێكی تۆكمە و بەهێزە، شایانی خوێندنەوە و دەكرێ لەچەند لایەنێكەوە خوێندنەوەی بۆ بكرێت.

*دکتۆرا لە بەشی ئەدبیاتی زمانی کوردی زانکۆی سۆران.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish