Skip to Content

ستراتیژی ناونیشان و پاش نەتەوەگەری لە ئەدەبیاتی سەباح ڕەنجدەردا … دیار لەتیف

ستراتیژی ناونیشان و پاش نەتەوەگەری لە ئەدەبیاتی سەباح ڕەنجدەردا … دیار لەتیف

Closed
by ئه‌یلول 24, 2020 General, Literature

دەق تەوەریی:

زمان كەرەستەی گەورەی فاشیزمە، با جیاوازی بكەین لە نێوان زمانی پیس و ڕەخنە و تەنزگەرایی. جۆرە ڕەخنەگرانێك هەن، كە زمانی سووكایەتی بە ڕەخنەسازی تێگەشتوون، لەكاتێكدا نەك بەلای شیكاری دەقدا ناچن، بەڵكوو كەسایەتی نووسەر دەكەنە ئامانج. ئەمە بۆخۆی ڕەنگێكیترە لە بەرهەمهێنانەوەی فاشییەت. دیاردەی گەندەڵی وەك شارچێتی و حیزبایەتی و پێرچییەتی لە ڕووخسارە بەرچاوەكانی كایەی ئەدەبیاتی ڕەخنەی كوردییە.
ئەوەی ئەدەبیاتمان لە دەرەوە ئاوها هەژارانە پێشوازی لێدەكرێت، هۆكەی لە خاڵێك زیاترە، بەڵام زەقترین خاڵی دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی و كەمایەتی و نەداریی بواری ڕەخنەیی. ڕەخنە بۆ دۆزینەوە و ئاشكراكردنی هێما نادیارەكان و شیتاڵكردنە، نەك گورز وەشاندن لە كەسایەتی و كەسایەتی بە ئامانج گرتن. هاوكات ڕوونكاری هەقیقەتە ئاڵۆزەكانە و گەیەنەری پەیامێكی دژوارە. پەردە هەڵماڵینە لەسەر سەختی ئاماژە پەنهانەكانی ناو دەق، ڕەوینەوەی تەمی سەر دەقە، هەڵوەشاندنەوەی پانتاییە نادیار و ناڕۆشنەكانە. گرنگی ڕەخنە لەوەدایە بێلایەنی خۆی بپارێزێت و نەچێتە هیچ بەرەیەكەوە.
هەرە گرنگترین بنەمایەك لە بنەماكانی ڕەخنە، خۆ دوورگرتنێتی لە سۆز. هەموو دەقێك بۆ ئەوەی گەشە بكات، پێویستی بە ڕەخنەیە، بەو ڕووناكییەیە، كە تاریكی دەق دەڕەوێنێتەوە. سەباح ڕەنجدەر ئەو شاعیرەیە، كە خاوەن مۆركی خۆبوونی خۆیەتی، بە فەرامۆشكردن و پەراوێزخستنی ئەزموون و ئەدەبیاتی، كایەی ڕەخنە ڕووبەڕووی كەموكورتی زانستی دەبێتەوە. ڕەنجدەر وێستگەیەكی ڕۆشنە لەناو ئەدەبی كوردیدا. لای ئەم هۆزانڤانە، شیعر پەڕینەوەیە بۆ ناوخۆ، خوودایەتی، بۆ خانەی بێگەردی. هەندێجار هێندە دەستگرتووە، تەنانەت بازدەداتە ناو پەڕناسییەتەوە و ئەم خۆتەرخانكردنە بەرەو هەنگاونان بۆ جوانی پەتی دەبات. ڕەنجدەر شاعیری ڕێزگرتووە لە وشە و لە زمان و لە جوانی لە هونەركاریی شیعریی.

ڕاڤەخوازیی شیعر:
ئایا ئەگەر دەسەڵاتی زمان لە شیعر دابڕین، ئەوكات هێزی ئەفراندن لەناو پێگەی دەق چی بەسەردا دێت؟
زمان كەرەستەییەكی شیعرییە، بەهۆی زمانەوە دەتوانین دەق بەرەو ئاستەكانی (خراپ، باش، باڵا) ببەین. زمان لە شیعردا جگە لەوەی هۆكارە، ئامانجیشە. شاعیر هەوڵدەدات توانا و لێهاتوویی خۆی لە جوانكاری وشەكان و یاریكردن بە وشەكان و بەكارهێنانی زمانێكی تایبەت بە خۆی، هەروەها پڕ وشە و خەیاڵی فراوان و هێما و وێنەی شیعریی و ئیدیۆم نیشان بدات، كە دەبێتە ئامانجی شاعیر. بەهۆی كارامەیی و شارەزابوون بەزمانی ڕەسەنی نەتەوە و ئاگاداربوون لە ئیدیۆم و فۆلكلۆر و هەبوونی ئەندێشەیەكی بەرینی شیعریی و پاشخانێكی ئەدەبی و فیكری، دەتوانین زمان لە ئاستی بەراییەوە بۆ ئاستێكی بەرزی شیعریی ببەین. دەبێت بەئاگابین لەوەی هەندێك چەمك و وشە و زاراوەی ناو یەكەكانی زمان، ناتوانن ببنە كەرەستەی شیعریی، ئەمەش بەوپێیە نییە، كە فەرهەنگێكی سنووردار بۆ شیعر دروست بكەین.

وێنە بڕبڕەی پشتی شیعرە، واتە بۆ ئەوەی ڕێكردن و سەركەوتنێكی تەندرووستانە لە شیعردا هەنگاو بنێین، دەبێت بایەخێكی فرە بەوێنەی شیعریی بدەین. لەبەر گرنگی وێنە جاحز لە كتێبی (الحیوان)دا دەربارەی ئەم ڕەگەزە دەنووسێت: (شیعر داڕشتنێكی تایبەتییە و جۆرێكە لە وێنەكێشان.) بەهۆی گەڕان و بینینی شوێن و ئاخێزگەی جیاواز و كولتوور و شارستانی جودا و فیلم و تابلۆوە ئەمە بە دیدێت. شیعر داگیرساندنەوەی ڕۆشنایی پرسیار و جوانییە، بە گەڕان و وردبوونەوە، خەیاڵاندن، خوێندنەوە، لایەنە ژیربێژی و ڕەوانبێژییەكان گەشە دەكات. شیعر كاركردنێكی ڕاستەقینەیە لەناو بوون، گەمە و ژیانكردنە لەگەڵ زمان. ئەگەر بێت و شیعر بناسێنین، ئەوە دەكرێت بنووسین: زیندووكردنەوەی بەهای مرۆڤانەیە.
شیعر ناتوانێت هەموو بابەتێك باس بكات، چونكە زمانی شیعر مەجازە، مەجازیش وادەكات شیعر نەتوانێت بە ئازادانە قسەی خۆی بۆ هەموو شتێك هەبێت. مەبەستم نییە موڵكی مەجاز لە شیعر وەربگرمەوە، ئەگەر كارێكی وامانكرد ئەوا كۆڵكەیەكی بڕبڕەییمان لە شیعر هێناوەتە خوارەوە. بەڵكوو دەمەوێت ڕایببگەیەنم، كە مەجاز نەبرێتە سەرەوەی هونەرەكانی تری شیعر و هاوسەنگییەك لە نێوانیاندا چێبكرێت.
شیعر بە بەراورد بە ڕۆمان و چیرۆك، مەودایەكی ئازادانە و بەرینتری بۆ وتن پێ نییە.
هەرچۆن بێت شیعر ناتوانێت پەنا بباتە بەر گێڕانەوەیەكی پەخشانیی نا شیعرییەت، ئەمە بۆ چیرۆك و ڕۆمان دەست دەدات، بەڵام بۆ شیعر ناشێت و هاوكێشەكە لە شیعردا پێچەوانە دەبێتەوە. ئەمەش هۆكارەكەی لەوەدایە شیعر زادەی كورت و چڕییە، چ لەڕووی وشە و چ لە ڕووی ڕستە و چ لە درێژەی داڕشتندا. دەقی شیعریی هەر چەندە هزر بەرهەمهێنەر بێت، هێشتا ناتوانێت پێبخاتە سنووری پەتییبوونەوە. شیعرییەتی ڕستە وادەكات شیعر بهزرێت، پاش شیعرییەتی ڕستە ئەوەی دێت فۆرمە، كەوا دەكات دەقی شیعریی هەناسە بدات، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو فۆرمێك ڕیتمێكی تێدایە، ئەوەش وشە دەیئافرێنێت.

شیعر پێش هەر شتێك لە بنەڕەتدا دەستبردنە بۆ حەرامەكان و گۆڕین و سڕینەوەی بنەمای حەرامكراو و حەڵاڵكراوە. شكاندنی سنووری پیرۆزییەكان و پیرۆزكراوەكانە، شۆڕشە بەسەر خود و كۆمەڵگەدا، گەڕانە بەدووی پرسیار و بەبێ بایەخدان بە وەڵامە ئامادەكان، سەرچڵییە بەناو زمان و زەماندا، هێڵنجدانە بەرامبەر بە شتەكان و مەلەكردنە بە ئاڕاستەی شوناسدا. شیعر نەپێشكەوتنە و نە دواكەوتووی، لەهەمانكاتدا هیچیان نییە.
شیعری باش ئەو دەقەیە، كە لە بەردەم خۆیدا ڕاماندەگرێت، دڵەكرمێمان دەكات و تووشی گێژاوی تێهزرین و ڕاوەستانمان لەژێر دووشی چێژدا دەكات. هەموو شیعرێك چنراوێكی زمانەوانییە و خزمەت بە ڕستەسازی زمان دەگەیەنێت. بەرانبەركێی شیعری تازە ئەوەیە لە خودی خۆیەوە دەست پێدەكات، نەك دەوروبەر. هەر دەقێك خاوەنی بیركردنەوە و ڕێڕەوی شێوازی خۆی نەبوو، ئەوە دەقێكی نەخۆشە. شیعر پێش هەر شتێك نیگارێكی هونەریی دەنگدارە و دەستلەملانی ڕەنگە، وەكچۆن وشەش. شیعر لەیەككاتدا هەم مانابەخشینە بە ژیان و هەمیش بێماناكردنی ژیانی باوە. شیعر چی شیعری كۆن یان تازە، خاوەنی دووجۆر فۆرمە، فۆرمی ناوەكی و فۆرمی دەرەكی.
فۆرمی ناوەكی لەو جۆرەیە، تاوەكوو لێنزی نەخرێتەسەر بە ئاسانی نابینرێت، ئەمجۆرە فۆرمە لە قوڵایی بونیادی دەقەكەدایە. كەرەستەی دروستبوونی ئەم فۆرمە، لە لادانی زمانەوانی و یاریكردن بە وشە و وازیكردن بە ڕستە لەناو پێكهاتەی ڕستەسازی شیعریدا و هەروەها هاوئاهەنگی ناو دێڕەكان و شیعرییەت و وێنە و چنین، لە خاسییەتەكانی چێبوونی فۆرمی ناوەكین. فۆرمی ناوەكی شاخوێنبەری دەماری دڵی دەقە، هەم دەق و هەمیش فۆرمی دەرەكی لە بەخشندەیی فۆرمی ناوەكییەوە سەرهەڵدەدەن. ئەمجۆرە لە فۆرم ڕۆحی دەقە و ڕۆڵی لە بوژاندنەوەی زمانی شیعریشدا هەیە.

ئەوەی وادەكات شێوازێك لە شێوازێكی تر دڵخوازترمان بێت، دواجار سیستمی داڕشتنەوەی زمانە لە دەقدا، هەر ئەوەیە شێوازێك دڵگیر دەكات و شێوازێكی تر نەخوازراو. فۆرمی ناوخۆیی دەقی شیعریی، خەسڵەتێكی ناباوی زمانە لە ئاماژە ڕەوانبێژیی و زمانەوانییەكانەوە وزە وەردەگرێت و زمان لەقاڵبی باوی ڕۆژانە لادەدات و فۆرمێكی تر و قۆناغێكی تر لە زمان دەستپێدەكات، كە بە زمانی دەق ناوزەند دەكرێت.
پاراستنی پێكهاتەی شیعر لە بارووتی وشەی زیادە بەكارهاتوو و ڕستەی ناپێویست و ئامڕازە ڕێزمانییەكان دەق پاراوتر دەكات، ئەو ئامڕازانەی ئەگەر خواستی دەقیان تێدانەبێت، ئەوا جگە لە قەیران و پەڵە و كەمكردنەوەی بەهای جوانی و ڕێكی و پۆشتەیی دەق، هیچیتر بەرهەم ناهێنێت. ئەوەی ڕێگە نوێنە بۆ ئەوەی شێوازی شاعیرێك لە شاعیرێكی دیكە جودا بكەینەوە، هەر فۆرمی ناوەكییە. گرانی و سركی فۆرمی دەق، دەگەڕێتەوە بۆچۆنییەتی بەكارهێنانی ئامڕازە شیعرییەكان، هەمیشە ئەو فۆرمانە دڵخوازن لە ناوەندان و زمان و وێنەو چێژ ئەبستراكت ناكەن.

ڕوونی زمانی شیعر هیچكات نیشانەی لاوازبوون ناگەیەنێت، ڕوونی زمانی دەق ئەوەیە گرێ و ئاڵۆزكاندنی تێدانەبێت، هەرئەمەیە دەق جوان دەكات و بێزاركەر نەبێت.
بەشێك لە قەیرانی شیعری كوردی لەدوای هەفتاكانەوە، بۆ خۆ دووبارەكردنەوەی ناوەڕۆكی زمان دەگەڕێتەوە. زمانی شیعریی قۆناغی پێش هاتنی شاعیرانی هەفتاكان، لە دەربڕیندا زمانێكی كۆنكرێتی بووە. نەوەی دەیەی حەفتاكانیش بەهەمان شێوە زمانێكی هونەری تا ئاستێك ڕوونیان بەكارهێناوە. وردتر بڕوانین شیعری كوردی لە قۆناغی دەیەی هەشتاكان –نەوەدەكان، بە دیاریكراوی نەوەدەكان، تا مەودایەكی بەرچاو توشی زمانێكی ئەبستراكت و شەتەحاتیانە لە دەربڕیندا دەبێتەوە، زمانی شیعریی بازنەیەكی خولاوەی هەندێكجار بێزاركەر وێنەدەكات. شیعری قۆناغی دەیەی هەشتاكان و دوای ڕاپەڕین، فۆرمی زمان تازە دەكەنەوە، ئەوەی مافی خۆی پێنادرێت ناوەڕۆكی زمانە، كەمتازۆر بەشێكی دیاری شیعری ئەو نەوه‌يه‌ وەكو دیاردەیەك لەڕووی ناوەڕۆكی زمانەوە لێكدەچن. جیاوازی زۆر لەنێوان فۆرمی زمان و ناوەڕۆكی زماندا هەیە، ناوەڕۆكی زمان لە كەرەستەی بەكارهاتووی بەرەو باوچوون و هەناسەی میتافیزیكانە و باسكردن و دەستبردن بۆ بابەتە واتایی و ناواتاییە بەرهەستەكان و وێنەسازی دەرەهەست پێكدێت.
گرفتی بەشێك لەشیعری كوردی بۆ دوولایەن دەگەڕێتەوە، هەم لەگەڵ كەرەستە بە شیعریكراوەكان ناژی و هەمیش زمان لەدەقدا یان لێڵە و مەیلی بولێڵی هەیە، یان پوخت و خاو نەكراوەتەوە.

لە نێوان چەمكی شیعری نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا:

شیعری كوردی كەمتەرخەم نەبووە لە خزمەت بە بەها نەتەوەیەكەی. ڕۆژگارێكی زۆر، لەڕیزی پێشەوەی بەرگری بووە، تەنانەت ئەمجۆرە لە بەرگری، زیانی خۆی بۆ سەر شیعرییەت و بەها مرۆیەكە هەبووە، بەڵام دۆخەكە ئەوەی ویستووە. شكستە سیاسی و سەربازییەكان پاڵنەری شیعر بوونە بۆ دانانی سەنگەر و بەرگری نەتەوەیانە. دوو دەیە بە دیاریكراوی (شەستەكان و هەفتاكان)ی سەدەی بیستی ئەدەبی كوردی، كارگەی بەرهەمهێنانەوەی قۆناغی شیعری ناسیۆنالیستی بوون. زمانی ئەدەبیات لەو دوو دەیەیە، قەڵغانی ڕووبەڕووبوونەوە بووە. شاعیر لە شاخەوە وەك پێشمەرگەیەكی ئەدیب، پاسەوانی وشە سوورەكانی بەرگری بوونە. پاشان دەیەی هەشتاكان دەبێتە سەرەتایەكی تازە بۆ گۆڕانكاری شێوە و ناوەڕۆكی شیعر و ئەدەیباتی كوردی. چیدی ئەدیب كۆتەكان ڕەچاو ناكات و پابەندێتی دەشكێنێت و ئاسۆی وێژەی پابەندگەرا ڕوو لە كزی دەكات. شیعر بۆ هاوكێشەی خوودی و بوونخوازی دەگەڕێتەوە، لەبری بەرگری، بەرەو جوانكاری و زمان و هونەركاری هەنگاو دەنێت. بە قوربانیكردنی ئەم ژانرەی ناوی شیعرە لە پێناو بەها ناسیۆنالیستەكە نامێنێت. هەشتاكان بەتەواوی دەبێتە وەچەرخان، هاوكات ئاڵەنگاری سەپاندنی قۆناغەكەش. ئەمە بێ‌ گرفت ناچێتە سەر، تووشی توانجی بێشومار دەبنەوە لە لایەن ناسیۆنالیست و ئەدیبانی كۆنەخوازەوە. بوژانەوەی قۆناغی ئەدەبی هەشتاكان، خەتكوژێنەرەوەی دوو دەیەی پێشووی خۆی بوو. شیعری ناسیۆنالیست بەرگریكردنە لە شوناس، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە پێڕەوی ڕەهەندەكانی جوانیناسی تێدا بكرێت.

لە دەیەی هەشتاكان گرووپی پێشڕەو دێتە سەرهەڵدان، لە دیارترینی شاعیرەكانی (سەباح ڕەنجدەر)ە. ڕەنجدەر جوایەز لە دەیەی پێش خۆی، قاچی شیعری كوردی لە نەتەوەییبوونەوە بەرەو نێونەتەوەیی وەردەسوڕێنێت. كەشوهەوای ئەدەبیاتی ئەو هاوچوون نابێت و نییە لەگەڵ هاوسەردەمەكەی. دەستكاریی ڕووخسار و ناوەڕۆكی شیعر دەكات، چەشەیەكی دیكە لە شیعر بەرهەم دەهێنێت. بەڕێگای شاعیرانی پێشوودا ناچێت، دەبێتە خاوەن دەنگ و ڕەنگ و مۆركی خۆبوون تۆماردەكات. زمان پاكێتی و نا بارگاویبوونی خۆی لە ئایدۆلۆژیا ڕادەگەیەنێت، پەنا دەباتە بەر بێگەردێتی و پاقژی لەپێناو شیعر ویستی. شیعری ڕەنجدەر جەماوەریی نییە، بە هۆكاری ئەوەی لە سادەیی و سادەگۆیی و هەرزە بیریدا ناژی، بەڵكو ڕایەڵە بەقووڵ ڕوانین و دوور مەودا نووسین و گرنگیدان بە ئەدەبێتی شیعر.
یەكێك لە گرفتەكان لە شیعری ڕەنجدەردا ئەوەیە، بێ‌ پێڕەوی خاڵبەندییە و هەندێكجار پۆلێن و بوونیادی ڕێكخستنی دێڕ و كۆپڵە لەبۆتەی خۆیدا نییە، كە ئەمە دەبێتە تێكدانی ڕەوڕەوەی خوێندنەوەی خوێنەر و بە جۆرێك لە جۆرەكان، ئەركی بەستنەوە و جۆشكاری و گرێدانەوەی نێوان دێڕەكان زەحمەتییەك درووست دەكات.
شیعری ڕەنجدەر نەك بە تەنیا خاوەن زمان، بەڵكو تێگەشتنێكی ئەبستراكتانەیە، پێرفۆرمانس نییە و درامی و ئیپیكییە. شیعری شاعیر لە نزمییەوە بۆ بەرزی دەفڕێت، نەك لە بڵندییەوە بۆ زەوین، هەرچەندە گرنگە شیعر پێی لە قوڕ و لیتەی زەوی دانەبڕێت و پەیام ئاڵۆز نەبێت. بوونیادی شیعری ڕەنجدەر لەژێر هەژموونی فیكر و ڕیتم و جوانكاری و عیرفانێكی دەرە ئاینیدایە، مكوڕە لەسەر گەڕانەوەی شكۆ بۆ شیعر و كاریگەرە بەخەونی خوڵقاندن لە شیعردا.

ڕەگەزی ناونیشان:

ناونیشان و دەق دوانەیەكی لێكدانەبڕاون، هەردوولا یەكتر تەواودەكەن. دەق بە بێ ناونیشان تەواوكۆ نابێت، هەروەها چەپەوانەكەشی. ناونیشان پوختكردنەوەی دەقە بۆ وشە یان گرێ‌ یان ڕستەیەك، كەواتە ناونیشان دەقێكیترە و لكاو بە ناولێنراوەوە.
ناونیشان لە پایە گرنگەكانی ژیانە، بازاڕ و دامودەزگاكان سوودمەندی سەرەكین لە تابلۆ ناونیشانییەكان. ئەو تابلۆ ناونیشانانە، ڕۆڵی ناساندن دەگێڕن و تەنانەت ناونیشانە ئاماژەییەكانی بواری هاتوچۆش. تابلۆ ئاماژەیەكانی هاتوچۆ زمانی نیشانە و ناساندن و بەرچاو ڕۆشنییە. ئەمە دەبێتە كارئاسانی بۆ لێخوڕەر و گەشتیاران، بۆ ڕاپەڕاندنی كارەكانیان. بیربكەوە لەوەی ناونیشانەكان نەبن، شار دەكەوێتە چی تەنگەژە و دژوارییەكەوە. چاوی شارەكان، تابلۆ ناونیشانەكانن بە هەموو جۆرەكانییەوە.
ناونیشان ڕەگەز و پاژێكی پێویستی ئەدەبی و زانستییە، وەك جومگەیەك لەگەڵ دەق جمك دەبێتەوە. خەسڵەتمەندی خۆی هەیە و بایەخدارترینی بۆ جیاكردنەوەی دەقە لە ونبوون و تێكەڵ نەبوون. دواتریان سودێكە بۆ برەوپێدان و هەوڵێكی بالگاشانەیە(ڕیكلام) بۆ دەق. ناونیشان یانی لە تاریكییەوە بۆ ڕۆشنایی، ئەمە گرنگترین ئەركێتی لە دەقدا.
ناونیشان لە شیعردا ڕۆڵێكی گرنگی هەیە، ڕەگەزێكی بنچینەییە و بە فەرامۆشكردنی ناتەواوی دەخاتە پێكهاتەی بۆتەی دەقەكەوە. بایەخی ناونیشان لای گۆڵدمان، وەكو چراخانی دەقە و پاشان ناونیشان چڕكراوی واتای دەقە، ئەوەی دەق هەندێجار ماناكانی خۆیمان لێ دەشارێتەوە، دەكرێت لە ناونیشاندا بەدوایدا بگەڕێین. وەك وتمان ڕێكدەكەوێت ناونیشان ئاماژە شاراوەكانی پشتەوەی دەقمان بۆ ڕۆشنبكاتەوە و كۆدەكانی بیشكێنێت.

ناونیشان پێشباسی دەقە، یەكەمین دەروازەیە بۆ چوونەژوورەوە بەرەو دەق. جۆرە ناونیشانێك هەن ڕستەیین و ماناگەیەنەرنین، ئەمە پتر لە شیعری هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەبینرێت. ئەم جۆرە لە ناونیشان، لاوازییەكەی لە دەستنەگرۆیی ئابووری وشە و ئەویتریش نەك لە تێكشكاندنی باوێتی زمان، بەڵكو لە پێنەدانی تەزووی واتایە بە وەرگر. ئەم شێوە ناونیشانە بارگرانیی دەقن، نەبوونیان شتێكی وا زیان لە دەق نادەن. نابێت ناونیشان پارسەنگیی جوانیسازی و زمانەوانی و ڕستەسازییەكەی نا هاوتابێت. ناونیشانی كرداریی كەمتر لە یادگەدا دەمێنێتەوە و مەزغزا ئاشكراكەرە. هاتنی فه‌رمان واتا( ناونیشانی فه‌رمانیی و داخوازى) بۆ ناو ناونیشان، دووركەوتنەوەیە لە چڕی و سفتی زمانەوانی، زمان كە خوڵقێنەری جوانیسازی و ژیربێژی و ڕەوانبێژییە.
شلوخاوێتی كردەی زمان، ڕەتاندنی خوێنەرە لە دەق، ناونیشانیش بەشێكە لە پێكهاتەی سازاندنی دەق. ناونیشانە ڕستەیەكان لەكاتێكدا سەركەوتوو دەبن، كە مۆسیقیبن و تەبایی و هاوماناییەك لە نێوان وشەكاندا هەبێت. ئەو جیاوازییەی دەكەوێتە نێوان ناوی كرداریی و ناوی تاك وشەیی، دەگەڕێتەوە بۆ خاڵگەلێك لەوانە چێژ و مانا و جوانسازی و سەرنجبەریی. خوێنەر زێدەتر بەلای ناونیشانە كردارییە پرسخوازەكاندا دەچێت وەك لە تاك وشەیی. سەركەوتوویی ناونیشانی تاك وشەیی لەكاتێكدایە كە بیژۆكانە بێت، ئەوەش بەو واتایەی دەگمەن و دانسقە و پشتەكییەكی چیرۆكئامێزانەی هەبێت. ناونیشانی تاك وشەیی ئەو كاتە ناگاتە یادگە و هەست و زەوقی خوێنەر، كە وشەی ناونیشانەكە سواو و باو بووبێت. گەر بڕوانین دەبینین قورئان بەشی زۆرینەی ناونیشانەكانی تاك وشەیین، بەڵام لەبیرمانبێت زۆربەی ناونیشانەكان، ئاماژەیە بۆ پاژێكی چیرۆكی ناو دەقەكە. ناونیشان لە قورئاندا پشت بە گێڕانەوە دەبەستێت، گێڕانەوە دەكاتە خاڵی دەستپێك.

لەگەڵ ئەوەشدا قورئان داهێنەری ناونیشانی پیتییە. ئەركی ناونیشان لە قورئاندا ئەوەیە هەڵتداتە ناو پانتایی دەقەوە، پەلكێشی خوێدنەوەت بكات، بەجۆرێك وەك تەلیسم لە وەرگر. ناونیشانی تاك وشەیی لە سادەترین پێناسەیدا دەتوانین بڵێین: دالێكی ناپەسنیی مەدلوول گشتێنراوی كۆخوازە، وەك ئەوەی لە ناونیشانی گرێیدا ئامادەیی هەیە.
لە قورئاندا (114) ناونیشان هاتوون، هەر ناونیشانێك لەگەڵ دابەزینی ئایەت و تەواوبوونی سورەتەكە، فەرمانی دانان و دەستنیشانكردنی ناونیشانەكەی دەركراوە. لەو سەد و چواردە ناونیشانە سەربەخۆیانە، سەد و سیازدەیان تاك وشەیین، تەنیا ناونیشانێك بە گرێ هاتووە، ئەویش ناونیشانی (ال عمران)ە، كە دەكاتە (خانەوادەی عیمران). لە قورئاندا ناونیشانەكان بەپێی ناوەڕۆك دیاریكراوە و هەڵبژێردراوە.
ناوەڕۆك باسی لەهەر ڕووداو یان چیرۆك یان شوێن یان كەسایەتییەك كردبێت، ئەوا ناونیشانەكەش ڕەنگدانەوەی كڕۆكی باس لێكراوبووە. نموونەمان بۆ ئەم سەرنجە ئەم ناونیشانانەیە( الانفال، النمل، نوح، الكهف، العنكبوت، النحل، الشعرا ْ).
جگە لەمانە ناونیشانەكانی( طه، ق، ص، یس)، جۆرەكانیان بە ناونیشانی پیتی ناوزەند دەكرێت. ئەمجۆرە ناونیشانانە ئاڵۆزن، ئاماژە بە هیچ ڕووداو یان چیرۆكێك نادەن. ناڕوونن و خزمەتێكی جوانكاری بە ناوەڕۆكی سورەتەكە نابەخشن، ئاسانكاری بۆ خوێنەر ناكەن و شیكاری ناوەڕۆك ناخەنە بەرباس، تەنیا ئەوەیە بەرەو ڕامان و پرس و وردبوونەوەت دەبەن. وەك ئەوەی كۆدەنگییەك هەیە لەسەر ئەوەی ئەم پیتانە بۆ بەرانبەركێ و بەزاندنی لاسایكەرانە، ئەمەش وەك ئایەت، ئایەتێكی سەربەخۆ، نەك ناونیشان. هاتنی ئەم پیتانە وەك سەردێڕ و مانشێتی سورەتەكان، ئەوەمان بیر دەهێنێتەوە، كە هەموو وشەیەك لە پیت درووستبووە، پیتەكان دایكی وشەن، وشە كاتی گەردانكردنی دەچێتەوە سەر بنچینەكەی، كە پیتە. بۆیە دەكرێت پەندی هاتنی ئەم پیتانە و هەڵبژاردنی وەك ناونیشان، ئاماژەبێت بۆئەوەی هیچ شتێك نییە بەدەر بێت لە بنەڕەت.
ناونیشانە تاك وشەییەكانی قورئان، دوورن لە كەمایەتی، ئەمەش بە هۆكاری ئەوەی ڕاتدەكێشن و دەتجوڵێنن بەرەو دەق، ناباون، چیرۆكین، سەرنجبەر و ڕامانخوازن. ئەم هۆكارنەن وادەكەن بە ناونیشانی سەركەوتوو ناوزەندی بكەین.
لێرەوە دەگەڕێینەوە سەر ناونیشان لای سەباح ڕەنجدەر و سەرجەم ناونیشانی كتێب و دەقەكان دەخەینە بەرباسی شیكار و ڕاڤە، لە دوو بەرگ، كە دەكاتە دە كتێبی شیعری و لێی دەكۆڵینەوە.
(زێوان)، ناونیشانی كتێبە شیعرییەكەیە، دەقەكان بە ژمارە هاتوون، كۆمەڵە شیعرییەكەی ناو (زێوان)، چامەیەكی دابەشكراوە بەسەر ژمارەدا. (زێوان) ناونیشانێكی تاك وشەییە و لە جۆری گڕە دەنگەكانە و وشەیەكی كەم بەكارهاتووە. زێوان بەمانای پاسەوانی گۆڕستان دێت و ئەم ناونیشانە كیمیای وشەسازی كرابا، هونەریتر دەبوو، وەك لەوەی تاك وشەیی بێت. لەڕووی سازان لەگەڵ ناوەڕۆك، پڕاوپڕ تەبا و خۆگونجێنە، لەناو چامەكەدا ڕاستەوخۆ خۆی بەیان ناكات، ئەم ناونیشانە دەكرێت بە هۆكاری نامۆبوونی وشەكە و هاوڕایەڵی لەگەڵ ناواخنی دەق، كەمتر خاڵی لاوازی خۆیمان پێ پێشان بدات، بەڵام هونەری نییە و ئارەزووبەر نییە.
(ڕووەكەكانی خواوەند)، ئەمە ناونیشانی كتێبەكەیە و یەك لەو ناونیشانە نوێگەر و مەیلخوازانەیە، بە زوویی بەردەنگ ڕادەكێشێت و ڕامان چڕدەكاتەوە بۆ چوونە ژووری دەق. ناونیشانێكی ورد و قووڵ و فانتازییە، جگە لە ڕەهەندە ئەفسانەگەرییەكەی، هاوئاستیش پڕە لە وزەی هونەری. ڕاڤەی ناونیشانەكە بە ئاماژەیەك لە ئاماژەكان، دەمانباتەوە سەر ڕووەكە خوڵقێنراوەكانی پێش هەبوون، هەبوونی مرۆڤ لە دەرە كات.

گەڕانەوەیە بۆ ڕووەكێك، كە سرووشت لەگەڵ زادەی مرۆڤ چاندی و بووە هۆكاری بەردەوامی ژیان. ناونیشانی دەقەكان واهاتووە (سزای هەمیشەیی، جەنگی پرسیار، مەرگی ئاوێنە، ڕێزمانی كۆڵانەكان، خەونی خودایی). هەریەك لەو ناونیشانانە گرێین و پابەندی پێوەرە دڵخوازەكانی ڕەگەزی ناونیشانن. جگەلەوەی هەردوو ناونیشانی (ڕێزمانی كۆڵانەكان، خەونی خودایی)، تەكنیكێكی بەرزی تێدا بەكارهێنراوە. ناونیشانی (ڕێزمانی كۆڵانەكان)، كە ناونیشانی سەرەكیی دەقەكەیە، لە ژێر سێ‌ ناونیشانی دیكەدا لەگەڵ دەقەكان هاتوون وەك (كۆڵانەكانی زەوی، كۆڵانەكانی ئاسمان، كۆڵانەكانی ئاو). ناونیشانی (خەونی خودایی)یش، بەهەمانشێوە خاوەن سێ‌ ناونیشانە، نموونەی (خەونی سرووشت، خەونی زیندووان، خەونی مردووان). ئەمە تازەگەری و ئافراندنە، جیاوازكارییە، جوانی بەخشە و هاوكات لەزەتبەخشن. هەریەك لەو ناونیشانانە دەچنەوە تەوەری ناونیشانە سەرەكییەكە و مۆسیقیشن.
(خەون وا خۆی گێڕایەوە)، كە دەكاتە ناونیشانی ڕووبەرگ، كاری ڕابردووە، پەیوەندی خەونە لەگەڵ خۆ بەیانكردن. ناونیشانی دەقەكان (سرووش، بلیمەت، پێغەمبەر)، تەنیا دەقی(سرووش) تاك وشەییە، ئەوانیتر وەك (بلیمەت، پێغەمبەر)، هەریەكە و بە چەند ناونیشانێك دەقەكەیان تەواوكردووە، نموونەی ئەوەش ناونیشانی (بلیمەت) خاوەن دوو ناونیشانی دیكەیە بەناوەكانی ( ئاوێنەی یەكەمی سرووش، ئاوێنەی دووەمی سرووش)، هاوكات هەریەكەیان دووجار دووپات بووەتەوە. بۆ ناونیشانی (پێغەمبەر)، تازەگەری نا، بەڵكو نا باوییەكەی لەوەدایە، لە جۆری پیت هاتووە، ئەمە وایكردووە جیاواز خۆ بنوێنێت، بەڵام ڕیشەی بۆ كلاسیك دەگەڕێتەوە و بەشێوەیەك لە دەستكاری و داڕشتنەوە، بە هاتنی ناونیشانی سەرەكی و شا ناونیشان، ڕەنگێكیتر بێت له شێوەی ناونیشان.
(شەڕی چل ساڵە)، ئەمە ناونیشانی كتێبەكەیە، بەجۆرێك لە جۆرەكان پەنهانییەكی تێدایە، بە هۆكاری ژمارە هاتووەكە. ڕەنگە ئەو شەڕە جەنگێكی كەتواریی بێت، هەمانكات خەیاڵییش. دەكرێت ئەو شەڕە بەشێوەیەكی دەروونی و جەنگی سارد بێت، یان ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی. بەڵام دەشكرێت ئەزموونی چل ساڵ كاركردنی شاعیریش مەبەست هاتبێت. ناونیشانی دەقەكانی كتێبی (شەڕی چل ساڵە)، لەڕووی شێوەناسییەوە تازەخوازە، بەڵام مەرج نییە ئاستە وێژەییەكەی بڵندبێت، هاوسات هەندێجار زیانە بۆ پەیام و مانا!
ناونیشانی دەقەكان( ئەلف و بێ، مانگەكان، كەلووەكان، ئاسمانییەكان، هەفتە، قۆناغەكان، …)، ناونیشانی دیكە هاوشانی دەقەكان هاتوون. لە ناونیشانی ( ئەلف و بێ‌)، بایەخی زۆرتر بەشێواز دراوە، لەگەڵ ئەوەی لاواز دەردەكەون. لە ناونیشانی (مانگەكان)، هەم هونەرییە و هەمیش نادیارییەك لە خۆدا حەشاردەدات، وەك (شوبات لەگەڵ نەزانین) بەمشێوەیە هاتووە و ناونیشانەكانی دیكەشی بەمجۆرەیە. بە هەمانشێوە بۆ ناونیشانەكانی (كەلووەكان) هاوشێوەی (مانگەكان)، پەیڕەوی لە تازەگەری و شێواز و هونەریبوون كردووە و سەركەوتووانەیە. ناونیشانی (ئاسمانییەكان)یش، هەمان تەكنیكە و ناونیشانی (هەفتە)ش، سەرجەم ڕۆژەكان تێیدا تۆماركراوە و دڵخوازانەیە. سەرجەم ناونیشانەكانی دیكەش ئاوها هاتوون، ئەمكارە لە ناو ئەدەبی كوردیدا نەكراوە و ڕەنجدەر بە داهێنەری ئەم ستایڵە دەناسێنین.
(مردوویەك ئاگای لە هەمووانە)، ناسنامەی كتێبە شیعرییەكەیە، ئەم ناونیشانە دوو ئاماژەی مانایی لە خۆ دەگرێت. یەكەم ئاماژەی واتایی (مردوویەك)، كە لێرەدا دەستنیشانی تاكە كەسێكە و ناساندوویەتی، دەكرێت مەبەست لە مردووی مرۆڤێك هاتبێت.

ئەوەی لە كەلەپووری ئیسلامیدا باوە و هەیە، كە مرۆڤ مرد ڕۆح بەرزدەبێتە سەرەوە و جەستە دەپوكێتەوە، دواتر ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرم و بەڕێكردنییەتی بەرەو گۆڕستان.
بەڵام ڕوانگە زیندەوەرزانییەكە پێماندەڵێت: پاش لە دەستدانی ئاگایی و ڕۆح، لەش دەچێتە سوڕی لەناوچوون و خانەكانی لەش دەفەوتێن و وزە كارەباییەكەی لەش دەوەستێت و شتێك نامێنێت بەناوی ئاگامەندی مێشك و جوڵە. ئەم ناونیشانە هاوكات سوودمەندبووە لە چیرۆكە ئاینییەكە و لە ڕووی ئەدەبییەوە جوانی و سەرنجبەری و ئەدایەكی مۆسیقی تێدایە. شاعیر توانیویەتی چیرۆكەكە بەشێوەیەكی ئەرێیانە دابڕێژێتەوە. دووەم ئاماژەی واتایی (مردوویەك)، مەبەست لە چاخی تازە و شارستانییەتی نوێ و پۆست مۆدێرنەی ژیانی گۆڕاو بە ئامێر بێت. ئەگەر هەیە ئەم ناونیشانە سوودی لەو دەستەواژەی نیتشە وەرگرتبێت، كە دەلێت:(خودا مرد)!
خودا چوێنراوبێ‌ بە مردوو، بەڵام هێشتا لە زەوی و ئاسمانەكان و گەردوون و ئەوەشی، كە لەنێویدایە هەبێت، كەچی دەسەڵاتی لێ وەرگیرابێتەوە یانژی دوور لە بەكارهێنانی هەر دەسەڵاتێكی بڕیاردان. تازەگەری بانگەشەی دەركردنی دەسەڵاتی ئایینە لە دەر‌فەتەكانی ژیان. ئەم دوو ئاماژە، ڕاڤەیەكی نزیكراون لە مەبەستی شاعیرەوە. ناونیشانی دەقەكان وەك (تاج سەر گران دەكات- زمان و دڵی مانگ- ڕێوڕەسمی كردنەوەی پەیكەرێك- ڕژانی مورووی بەخت- كووپە لە مێوانداریی ماسیدا- سوڕی پاراوبوونی بۆن- ئاهەنگی ناولێنانی درەختێك).
هەریەك لەم ناونیشانانە،‌ هەست بە پۆلێنكاری و وردەكاری و كارسازی تێدا دەكرێت، وەك ئەوەی بە بەرنامەیەكی تۆكمەوە ئیشی لەسەر كرابێت، هەموو ناونیشانەكان سێ وشەیین. ئاوازدارن و چێژبەخش، كار دەكاتە سەر وەرگر بۆ خوێندنەوەی و دەبێتە دەروازەی پێشوازیكردن لە دەقەكان، جگە لەوەی پاراون و هونەرین، دەتوانین بە ئاسانی ڕایەڵەكانی داهێنان لە ڕەگەزی ناولێنانی دەق ببینین. ناونیشانەكان گوزارشتكەر و پردی پەڕینەوەن.
(سەد و یەكشەوە) ناونیشانی كتێبەكەیە و لە سەد و یەك ناونیشان و دەق پێكهاتووە. چوار ناونیشانی تاك وشەیی نین و ئەوانیتر هەموو تاك وشەیین.
(گوڵی فریو- قەتماغە ناگرتن- پاك كردنەوە- كێڵگەی بەهرە)، دوو لە چوار ناونیشانە( گوڵی فریو- كێڵگەی بەهرە) ناونیشانی گرێین، دووانەكەی دیكەیان (قەتماغە نەگرتن- پاك كردنەوە) ناونیشانی كرداریین و بكەریان نادیارە. ناونیشانی (سەد و یەكشەوە)، لەسەرەتاوە بەڕوونی دەردەكەوێت لەژێر كاریگەری ناونیشانی حیكایەتی (هەزار و یەكشەوە)دایە و لەو ئاراستەوە ئەم ناونیشانە درووستبووە.
دەكرێت بڵێین (سەد و یەكشەوە)، ناونیشانێكە خوێنەر دەباتەوە لای بیركردنەوە لە ناونیشانی (هەزار و یەكشەوە)، ئەم پاتەكردنەوە لە چێژ و داهێنان دەهێنێتەخوار.
سەرجەم ناونیشانی دەقەكان جگە‌ لەو چوار ناونیشانە، تاك وشەیین. لەهەمانكاتدا ناونیشان لەناو دەقەكەدا ئاماژەی پێدراوە. ئەمە لەو ڕووەوه گرفتسازە، ئەم پەیڕەوە لە قورئاندا بەو شێوە هاتووە و سورەتەكان ئاماژە پێدەری ناونیشانەكەن لەساتی گێڕانەوەدا. بۆ سەردەمی قورئان جۆرێك لە داهێنان دەكەوێتەوە، بەڵام بۆ بابەتی ناونیشانی زۆرینەی دەقەكانی (سەد و یەكشەوە)، كە ئاماژە پێدانی ناونیشان لە ناوەڕۆكدا، دەبێتە لاسایكردنەوەی هێڵی ناونیشان لە قورئاندا و هاوكات خۆ دووبارەكردنەوەش.

سەرجەم ناونیشانەكان جگە لە ناونیشانەكانی( گریان- ژماردن- مەلەوانی- گەردوون- خۆكوشتن- قەقنەس- بەرزبوونەوە- واقوڕمان- حەسانەوە- مۆتەكە- ویست)، خۆیان لە ناوەڕۆكی دەقدا دووبارە نەكردووەتەوە و نەهاتوون، ئەگینا تەواوی ناونیشانەكانیتری كتێبی (سەد و یەكشەوە)، لە ناو دەقەكەدا هاتوون و ئاماژەیان پێدراون. ئەمەش بووەتە خاڵی لاوازی ناونیشانەكان و سەركەوتووش نین لە ڕووەكانی وشەناسی و ئاوازداری و هێماسازی و خەیاڵ و وێنەكارییەوە، لەگەڵ ئەوەی كپن و خوێنەر ڕاناكێشن.
(ساڵی سفر)، ناونیشانی كتێبەكەیە و جۆرەكەی گرێییه و سەرتاپای دەقەكان لەبری ناونیشان بەژمارە هاتوون. ئەم دانان و هەڵبژاردنی ژمارە بۆ دەق، هەبووە، تەنانەت ڕەگەكەی بۆ ناو شیعری كلاسیك دەگەڕێتەوە، لە شیعری كلاسیكدا لەبری ژمارە، پیتی ئەبجەدی بەكارهاتووە لە نموونەی ( ئەلف، با، دال ..).
ناونیشانی كتێبەكە(ساڵی سفر)، بونیاد و ڕستەسازییەكەی وەرگیراوە لەو قسە باوەی سەرزاری خەڵك، كە دەوترێ:( دەقەی سفر – سەعاتی سفر).
باشی ئەمجۆرە لە وەرگرتن و كاریگەرییە لەوەدایە، كە ناونیشانەكە بە نوسراو نییە و نەبووەتە ناونیشانی كتێبێكی دیاریكراو، بەڵكو بەشێوەی زارەكی و میللی لەناو خەڵكدا بەكاردەهێنرێت. (ساڵی سفر)، ناونیشانێكی جوانپەروەرە و تەرزێك لە پەنهانی لە هەناویدایە. هەم وێكدێتەوە لەگەڵ ناواخن، هەمتریش لە یادگەی خوێنەر هەرس دەبێت و دەمێنێتەوە.

(سروودی زەوی)، ناونیشانی ڕووبەرگی كتێبەكە و یەكێكە لە ئەدەبیترین و جوانكار و پڕ ماناترین ناونیشانەكان. بەهێزی و وزەیەكی سەرسامكەرانەی كۆكردووەتەوە.
ناونیشانی دەقەكانی كتێبی (سروودی زەوی) ئەمانەن (لە كتێبخانەی تایبەتی بابا تاهیری هەمەدانیدا – هەڵاتن لە گۆرانی – دیداری خوداوەندە ناكامەكان – كەوانەیەك بۆ ناوی لەبیركراوەكان – ژیانی دووبارەی ئادەم – بەئارەزووی زەوی ناو لە درەختەكان نرا).
بەشێك لە درێژبڕی ناونیشانەكان، هیچكات نەبووەتە زیان بۆ سەر جوانی و چێژ، ئەوانیتریش تا ئاستێكی زۆر خاوەن چێژ و سەرنجەری و پەلكێشكردنن.
(حەزدەكەم ئەوەندە بژیم)، ناونیشانی ڕووبەرگە و جۆرێك لە نادیاری لە خۆدا هەڵگرتووە، توانای جوڵاندنی خوێنەری هەیە و پڕ وزەیە. داوا خواستنە بۆ دیاریكردنی تەمەن، جوانكارانەیە و هونەركارییەكی سەركەوتووانەی تێدا كراوە. بۆ ناونیشانی دەقەكانیش، ڕادەیەكی بەرزی ئەدەبییانەیە و دڵبزوێنن. لەم كتێبەدا ناونیشانی تاك وشەیی نەهاتووە و ئەو ناونیشانانەن، كە دڵخوازی مەرجی نایابی ڕەگەزی ناونیشانە، لە هەمانكاتدا كەمترین ناونیشانی ڕستەیی و درێژبڕی تێدایە. هەم ناونیشانی سەرەكی كتێبەكە لە ئاستێكی سەركەوتوودایە و هەمتر ناونیشانی دەقەكان. لە هەندێكی كەمدا، دووبارەبوونەوەیەكی ناونیشانەكان لەناو دەقەكاندا هەیە و بە زیان شكاوەتەوە و لەنگییەكە بۆ جوانیناسی ناونیشان، بەڵام نكۆڵی لە ئاست بەرزیان ناكرێت. نموونە(بانگەواز بۆ گۆڕ هەڵكەن – دڵی خڕۆشاوی پیاڵە – ئاوێنەی دەستی گورگ – فەرموو وەرە ناو ژیانەوە – درەختی دەنگخۆش – ڕووناكی گەنجبوونەوە – ئادەم لەسێ ئاوێنەدا).

گرنگە ئەوەش بەرباسبدەم، كە شاعیر لەچەند ناونیشانێكی دیاریكراودا، ئاوڕی لە وێنەسازی و مەجازیبوونی ناونیشان نەداوەتەوە و تەنیا وێنە واقیعییەكەی گواستووەتەوە.
ئەمەش نموونەیەتی (دووبارەبوونەوەی پیت – ناسینی هێز – هەواڵپرسین – باوك و دایكم – گەرمایی ناوچەوان – ئاوڕشێنی دەموچاو – شەڕی ناوەخۆ).
لە دەرەنجامدا ئەوەی لە ئەزموونی شیعریی سەباح ڕەنجدەر بۆمان یەكانگیر دەبێتەوە، ئەوەیە بایەخێكی باشی بە ڕەگەزی ناونیشان داوە و مامەڵەی بازاڕگەری لەگەڵ ناونیشاندا نەكردووە. ناونیشان لای ئەم شاعیرە بەپێی قەبارەی دەقە و زیادەڕەوی و فریودان نابینرێت. ناونیشانە فریودەرەكان دەبنە هۆكاری پەرتی لە نێوان خوێنەر و نوسەردا و متمانە كەم دەكاتەوە. زۆرینەی ناونیشان و دەقەكانی شاعیر، خوێنەر كەمەندكێش دەكەن بۆ كێوماڵكردن و بەدواداچوون. چەواشەكەرنین و هەڵقوڵاوی پاژ یان پوختەی ناوەڕۆكن.
ڕەنجدەری شاعیر، هەرێمی ناونیشان و دەق خاوەن مۆركی خۆیەتی و كارسازی تێداكراوە و ڕژدانە ڕووبەڕووی ناونیشان هەڵبژاردنی دەق بووەتەوە و چووەتە بنكۆڵ، لە هەمانكاتیشدا بێبەری نەبووە لە خاڵی لاواز و ناونیشانی نا هونەری.

——————————–

‌سەرچاوە:
1-القرأن, الكریم، دار طیبە، الطبعە الاولی 1986.
2-سەباح ڕەنجدەر، دیوانی سەباح ڕەنجدەر بەرگی یەك و بەرگی دووەم، چاپخانەی تاران، ساڵی 2018.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish