Skip to Content

پەیمانم بە شیعر داوە تاکو تۆ هەبیت پرچی تەڕترین هۆنراوەت بۆ دابهێنم-11 – ستیڤان شەمزینی

پەیمانم بە شیعر داوە تاکو تۆ هەبیت پرچی تەڕترین هۆنراوەت بۆ دابهێنم-11 – ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئه‌یلول 27, 2020 General, Literature

بەشی یانزە…

خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

لیزا: ئەوەی لە تۆدا وەک ئەڵماس دەدرەوشێتەوە، ئەوەیە هیچ کات لە بەرامبەر بە پارە و ساماندا لاواز نیت!.
ستیڤان: زۆرجار بیر دەکەمەوە، جیاوازیی حەوجۆش و پارەی کانزایی چییە؟ جیاوازیی کاغەزی گوڵەبەڕۆژە و دۆلار چییە؟ تەنیا ئەوە نەبێت وەهمەکانی مرۆڤ بەهای بەوەی دووەمیان داوە.
لیزا: ئەمە هەمان پێناسەی منە تەنانەت بۆ خودی جوانیش!. پێموانییە هیچ شتێک جوان بێت، بێ ئەو بەهایانەی لە ناویدا دەردەکەون، خۆشەویستی جوانە، چوونکە هەڵگری بەهای یەکترویستن و توانەوەی گیان و جەستەیە لە یەکتردا، بۆ نموونەی توانەی منە لە تۆدا!. ماچێک یان باوەشێک هێمایەکی فیزیکیی ئەو توانەوەیە، بەڵام توانەوەی هەست و سۆز بێ ئامادەگیی فیزیکیش لە ئارادایە!. کەواتە من دەمەوێ پرۆسەکە بگەیەنمە کەماڵ، زۆر دەمێکە شەپۆلەکانی هەستم تێکەڵی کەناراوەکانی سۆزت کردووە، دەبا ئیتر مەلی جەستەم لەناو جەستەی تۆدا هێلانەیەک چێ بکات.
ستیڤان: تۆ بابەتەکەت بەلایەکی تردا راکێشا، لە باسی پارەوە بازتدا بۆ سەر پرسی خۆشەویستی!.
لیزا: من دوور نەکەوتوومەتەوە لە ناوەڕۆکی قسە، تەنها روونکردنەوەم دا لەسەر بەهای شتەکانی ناو ژیانمان، پارە کاغەزێکی بێ بەهایە و لە بازاڕ و ئابووریدا بەهای پێدراوە، ئەگەرنا ئەو خودایە نییە وەک ئەوەی ئێستا دەپەرسترێت!.
ستیڤان: لە راستیدا پارەپەرستی بتپەرستییە، بیر بکەوە مرۆڤی پێشان لە بەرد و قسڵ خودایان دەئافراند و دەکەوتنە پەرستنی، مرۆڤیش خۆی پارەی ئافراندووە و کەوتۆتە پەرستنی. بە پێچەوانەی ئەو بتانەی لە دوورگەی عەرەبیدا لە خورما دادەتاشران و لە کاتی تەنگانەدا دەکەوتنە خواردنی.!
لیزا: کەواتە تۆش لەناو هەمان پێناسەکەی مندا نموونەت هێناوە، بەڵام زۆرینە خودایان پارەیە، عەشق و ژیان لە خوار پارەوە دەبینن. ئێمە چۆن دەکرێت ئەو پێناسانە راست بکەینەوە؟.
ستیڤان: کاری من و تۆ نییە پێناسەکان دابڕێژینەوە، گرنگ ئەوەیە نەکەوینە دوای ئەو زۆرینەیە ئاینیان دۆلارێکە و قیبلەشیان بازاڕی رەش!.
لیزا: دوژمنایەتیکردنی زۆرینە بە جۆرێک لە جۆرەکان، ترسناکە. لە کاتێکدا زۆرینە بوونەتە مێگەلێک بۆ پارە شوانە دڵڕەقەکانیان رێی سەختترین کێوەکانیان پێ تەی دەکات.
ستیڤان: هەر لەبەرئەوەشە من کەسێکی خۆشەویست و قبوڵکراو نیم لای زۆرینە، چوونکە دەبینن لە مێگەلەکە یاخی بووم، بەڵام ئەوان چێژ لە مێگەلبوونی خۆیان وەردەگرن، وەک ئەو جۆرە بولبولەی پاش راهاتن لەگەڵ ژیانی ناو قەفەز، هەزار جاریش دەرگای قەفەزی بۆ بکەیتەوە، ئارەزووی فڕین ناکات!.
لیزا: کەواتە ئەمەش خاڵی ناوکۆیی من و تۆیە، لەبەرئەوەی هەوڵدەدەم دواى قوڵبوونەوە و خەمڵاندن و رامانێکى زۆر قەناعەتەکانم چەندیش ترسناک بن مانیفێست بکەم. لەوە نەترساوم لە پاشەوە گوللە لەسەرم دەدرێ یان بەشێوەى گەلە گورکێک شاڵاوم بۆ دێنن.
ستیڤان: جیاوازییەکەشمان ئەوەیە، من رەخنەی توند بە زمانێکی سۆفت و هێمن دەنووسم و حەزدەکەم بابەتی و عەقڵانیی بم لە شرۆڤەکردندا، نەک هەمان ئەو کەسەی لە شیعر و عەشقدا بوونم هەیە کە کەسێتییەکی عاتیفی و هەستەکیم، ئەم باڵانس راگرتنە کارەکەمی سەختتر کردووە.
لیزا: تەنیا ئەوەندە دەزانم مێشکم بورکانی وشەیە و دڵیشم کانگای عەشق، کاتێک تۆ دەبینم گڕکانی وشە بە زاخاوی دڵم دەبێتە شیعر!. کاتێکیش دەخوێنمەوە لە نێو هەموو رستەیەکدا بۆنی هەناسەت دەکەم!!.
ستیڤان: منیش دوو شت دەکەم لەگەڵ خوێندنەوەدا: بیردەکەمەوە و جڵەو شل دەکەم بۆ خەیاڵەکانم و بەربەستیان ناکەم، دەتوانم بڵێم زۆر کۆنتر و لە کۆڵانە دێرینەکانی خەیاڵدا تۆم لە زۆر بۆنە و جێگەدا دیوە!.
لیزا: من بێ هۆ خۆشم دەوێی، ناشزانم بۆچی خۆشم دەوێی! تەنها ئەوەندە دەزانم رۆحت هەزاران ساڵە لەگەڵ رۆحم ئاوێتە بووە و وەک دوو کۆتر بە ئاسمانی عەشقدا بە تەنیشت یەکەوە دەفڕن، لەوانەی ئەو دوو رۆحە جەستەمان لە یەکتر نزیک بکەنەوە، بەڵام هیچ کات جەستەمان لە یەکتر نزیک نابێتەوە رۆحمان لە یەکدی جیا ببنەوە و رێی ئاسمانەکانیان جودا بکەنەوە، رۆح لێرەدا ئەو مانا ئاینییەی نییە وەک هێزێکی نادیار پێناسەی دەکرێت، بەڵکو مەبەست لەو شەپۆلانەی هەست و سۆزە وەک تەزووی کارەبا پێماندەگەن.
ستیڤان: بیر لەوە دەکەمەوە دەبێت پێناسەکردنمان بۆ مەرگیش بگۆڕین، مەرگ خاڵی کۆتایی عەشقم نییە بۆ تۆ، بەڵکو سەرەتایەکی ترە!، من ون دەبم و تۆش لەناو دڵی خۆتدا دووبارە دەمدۆزیتەوە، بڕوام بە دۆنادۆن هەیە و ئێواران سەیری ئاسمان بکە وەک باڵندەیەکی غەمگین بەسەر تۆدا دەفڕم، تەنێ ئەوەیە بە مردنم لە زەوییەوە بەرەو ئاسمان دەڕۆم، بەڵام خۆ هەر لە گەردوونی تۆدام!.
لیزا: تۆ نامریت کە من ئێستا داستانی عەشقمان بە شیعر دەنووسمەوە. دڵم دەگری و دەستم دەلەرزێ و ئارەقێکی بۆنخۆش دەکەمەوە ئەو ساتەی دەستدەکەم بە نووسینەوەی تۆ لە شیعرێکدا!. ساتەوەختی تەواوبوون دەڵێم وای لە من چی جوانیم بیر چووە و چی هەستم ماوە بیکەمە دێڕەکانەوە لە پەسنی خۆشەویستیدا. بەم جۆرە دووبارە لەناو هەمان تەقسدا شیعرێکی تر دەنووسم، شیعرەکان هێدی هێدی دەبنە دیوانێک و دوو دیوان و چەندان دیوان، هێشتاش دڵم تێرئاو نەبووە لەو شیعرانەی لە سرووتێکی دێوانانەدا بۆ تۆ دەیاننووسم و کاتێک ئاوڕ دەدەمەوە بوومەتە داپیرەیەکی پشت چەماوە و لە کونجی تەنهاییدا لەگەڵ ئەو شیعرانەدا دەژیم باسی تۆم بۆ دەکەن، من ئەم سووڕە ناودەنێم سووڕی راستەقینەی ژیان!.
ستیڤان: ئای خودایە لەو هەموو هەستە جوانە. چەند بەختەوەرم کەسێک بەم شێوەیە هۆگری ژیانم بووە، لە کاتێکدا وەک پاشەڕۆکێک فڕێدرابوومە ناو زبڵدانی کۆمەڵگەوە!!.
لیزا: نەخێر تۆ ئەڵماسیت و دەگمەنیت. ئەگەر دیقەت بدەین خۆڵ و خاشاک لەهەموو شوێنێک دەبینین، لانیکەم لەسەر شەقامەکان دەبینین چەندان تەنەکەی گەورە گەورە بۆ پاشماوە و خاشاکە بێ ئەرزشەکان دانراون، بەڵام کێ دەتوانێت گەنجی ئاڵتون و گەوهەر لەسەر جادەکان بدۆزێتەوە؟ ئەمە پێناسەی تۆیە لە روئیای مندا. دەبێت قووڵایی دەریای شیعر و گەنجینە دوورە دەستەکانی خەیاڵت بۆ بگەڕێین، نەمدەویست بەم روونییە دانپێدانانی خۆمت بۆ بدرکێنم، بەڵام ناچارت کردم.
ستیڤان: من هەموو شەوێک دێمە خەونت، تۆ لە خەونی هەموو شەوەکانمدایت، بێ ئەوەی دووبارەی بکەمەوە دەڵێم دڵم زێیەکە لە شیعر و ئەوین، بە بەرچاوی هەموو سروشتەوە دەڕژێتە رووباری چارەنووستەوە.
لیزا: من بێ ماندووبوون هەموو رۆژێک نامەت بۆ دەنووسم، نامەکان هەموو دەگەنەوە بەیەک شت، دێڕەکان هەموو دەگەنەوە بە یەک شت، پیتەکان هەموو دەگەنەوە بە یەک شت، ئەو شتە من و تۆین! من و تۆ گووڵدانێکی سوورین لەبەر پەنجەرەی عەشقدا دانراوین. ئیدی وا نەزانی کانگای شیعرم لە هەڵقوڵان دەوەستێت، چوونکە پەیمانم بە شیعر داوە تاکو تۆ هەبیت پرچی تەڕترین هۆنراوەت بۆ دابهێنم.
——————————————————
تێبینی:
ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون

Previous
Next
Kurdish