Skip to Content

سەرهەڵدانی بیرۆکەی ئایین لە دیدی سەلامە موساوە … ئەردەڵان عەبدوڵڵا

سەرهەڵدانی بیرۆکەی ئایین لە دیدی سەلامە موساوە … ئەردەڵان عەبدوڵڵا

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 2, 2020 General, Literature

میسر لە سەدەی نۆزدە و بیستدا، بووبوە مەڵبەندێکی گەورەی رۆشنگەری عەرەبیی و ئیسلامیش، دیارە ئەمەش بەهۆی بوونی کۆمەڵێک بیرمەند و رووناکبیری گەورەوە بوو، کە رۆڵی سەرەکیان گێڕا لە بووژانەوەو پێشخستنی فکری پێشکەوتخوازی لە گێتی عەرەبی و ئیسلامیدا، یەکێکیش لەو رووناکبیرە گەورانە « سەلامە موسا» بوو.

سەلامە موسا لە ساڵی 1887 لەدایک بووەو لە ساڵی 1958 کۆچی دواییکردووە. ئەو رۆژنامەنووس، چالاکوانی مەدەنی، جگە لەوەش رووناکبیرو نووسەرێکی مەزنیش بوو، بەتایبەتی لە بواری پێشخستن و بڵاوکردنەوەی فکری پێشکەوتخوازیی و سۆسیالیزمدا، قەڵەمێکی بەتوانا و پڕ بەرهەم بوو.

سەلامە موسا لە ژیانیدا کۆمەڵێک کتێبی لە بواری فکری چەپ و پێشکەوتنخوازیدا هەبووە، یەکێکیش لەو کتێبانەی « سەرهەڵدانی بیرۆکەی خودا « یە ، ئەم کتێبە لە لایەن کاک سەرهەنگ سەرکەوت کراوەتە کوردیی و لە لایەن ناوەندی رەهەندەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیانەیە لە بارەی چۆنێتی دروستبوونی ئایینەکان لە جیهاندا و کاریگەری ئەفسانەکان بەسەریانەوە، لە کۆتایشدا باسی چۆنێتی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوە گەشەسەندنی ئاینی مەسیحی دەکات لە جیهاندا.

ئایین
کرۆکی سەرەکی ئەم کتێبە شرۆڤەکردن و لێکۆڵینەوەیە لە بارەی ئایینەوە، نووسەر هەوڵیداوە بەدوای رەگوریشە و هۆکاری دروستبوونی ئایینەکان لە جیهاندا بگەڕێت، بۆ ئەمەش پشتی بەسەرچاوە مێژووییەکان و کارە زانستییەکان بەتایبەتی لە بواری ئەنترۆپۆلۆژیدا بەستووە.

نووسەر لە سەرەتای کتێبەکەیدا پێناسەیەکی تایبەت بۆ ئایین دەکات و دەڵێت:
ئایین بریتییە لە هێزێکی لەڕادەبەری – میتافیزیکی – دەرەوەی یاساکانی سروشت، کە مرۆڤ ڕێزی گرتووەو پەرستوویەتی.. ل21

ئایینەکان و ئەفسانە

زۆرێک لە مێژوونوس و سۆسیۆلۆژی و نووسەرانی بواری میتۆلۆژی» ئایینزانی» لەو باوەڕەدان کە ئایینەکان سەرچاوەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەفسانە کۆنەکان، لێ سەلامە مووسا دژی ئەم بۆچوونە دەوەستێتەوە و خاوەنی تێزی خۆیەتی.

لەمبارەیەوە دەڵێت:

_وتراوە ئایینەکان لە ئەفسانەکانەوە سەریان هەڵداوە،بەڵام ئەمە هەڵەیە، چونکە ئەفسانەکان تەنیا کۆمەڵە چیرۆکێکن، زیادەڕۆییان تێداکراوەو کۆمەڵێک گێڕانەوەن، لەبارەی ئەو کەسانەی کە مردوون و گیانیان پەرستراوە . ئەفسانە هیچ ڕیشەیەکی لەناو ئاییندا نییە. ل 22

ئەو بە پێچەوانەوە پێی وایە ئایینەکان لە پەرستنی گیانی مردووەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.

ئایین و پەرستنی گیانی مردووەکان

نووسەر پێی وایە سەرچاوەی ئایینەکان لە پەرستنی گیانی مردووەکانەوە بووە، لەوانەبێت مردووەکان کەسێکی ناودار یان دەستڕۆیشتوی ناو خێڵکان بوو بێت، لێرەشەوە بیری قووربانی و پاشانیش ئایین سەرچاوەی گرتووە.

لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت:

_سادەترین شێوەی ئایینەکانی ئێستا لای وەحشییەکانن، کە لە هەندێک نەریت زیاتر نییە و مەبەستیان لێی رێزگرتنی کەسانی مردووە. ئەوان جیاوازی لە نێوان گیانی مردوو و خودایەکی دروستکەردا ناکەن. هەندێك لە خێڵەکانی کۆمبامە لە ئەفریقا، لە شوێنێکدا گیانی مردوو دەپەرستن، کە خاوەن گیانەکە لە پێش مردنیدا تێیدا نیشتەجێ بووە، ئەگەر مردووەکە کەسێکی گەورە بوو بێت، بیروباوەڕیان وابووە گیانەکە لە شاخێک یان لە پەڵە هەورێکدا نیشتەجێ بووە، بە چەشنێک ئەگەر بەلایاندا رۆیشتبان، دەیانپەرست و داوای بارانیان لێ دەکردن. بە قووربانیکردن و نوێژکردن لەسەر گۆڕەکەی،گیانی کەسە مردووەکەیان لە خۆیان ڕازیکردووە، لێرەشەوە لە قووربانیکردن و نویژکردن تێدەگەیت. ل 21

نووسەر دواتر دەڵێت:

_پەرستنی گیانی پێشینان پێش پەرستنی خوداوەندەکان بووە. ل62

بت پەرستی

نووسەر پێی وایە کە فکرەی بت پەرستیش لە پەرستنی گیانی مردووەکانەوە سەریهەڵداوە. سێ بەڵگەش دەهێنێتەوە بۆئەوەی کە ئایینەکان لە پەرستنی گیانی مردووەکانەوە پەیدابوون، لەمبارەوە دەڵێت:

1 /ئەو پەرستگایانەی لە بنەڕەتدا گۆڕ بوون و شوێنی پێشكەشكردنی خواردن بوون.
2/ ئەو بتانەی لە بنەڕەتدا، خودی مردووە مۆمیاکراوەکە بوون، کاتێک مۆمیاکردنی هەموو جەستە قوورس بووە، هەناوی مرۆڤیان دەرهێناوەو بە کۆمەڵێک شتی بێگیان کە بۆگەن ناکەن، پڕیان کردوەتەوە بۆئەوەی شێوەی روخساریشی بپارێزن، وەکو موورو بەردیان لە شوێنی چاوی داناوە، دواتر کە زانیویانە بە تەواوی جەستە ناپارێزرێت، کەوتنە کێشانی وێنەی مردووەکە لەسەر قاپی تابووت، یان بتێکیان لەسەر شێوەی مردووەکە دادەتاشی. لەوەش ئاسانتر نییە، بتە تایبەتییەکە ببێت بە بتێکی گشتی.

3/پیاوی ئایینی لە بنەڕەتدا خودی سەرخێڵ بوون، سەرخێڵیش کوڕی گیانی خوداوەند و کۆی خزمەتکارەکانیشن ئەوانە بوون، کە لای گۆڕەکەوە واتە پەرستگەگە قوربانیان پێشکەش بە گیانی دەکرد. ل42

نووسەر لەرێگەی ئەم سێ بەڵگەیەوە، دەیەوێت بڵێت کە فکرەی ئایینەکان سەرچاوەیان لە فکرەی پەرستنی گیانی مردووەکانەوە بووە.

زیندووبونەوەی رۆحەکان

نووسەر باسی لایەنێکی گرنگی تری فکرەی ئایین دەکات، ئەوەش پەیوەندی بە فکرەی زیندووبوونەوەی رۆح یان ژیانی ئەو دونیا دەکات، نووسەر لەمبارەیەوە پێی وایە:

-مرۆڤی سەرەتایی مردنی راستی و بوورانەوەی کاتیی لێک جیا نەکردۆتەوە، ئەگەر یەکێکیان لە هۆش چووبایە، هەناسەی بۆ نەدرایە، بە نووشتە و نزاکان، گیانیان رازی کردووە، کە کەسە بووراوەکە هاتۆتەوە هۆش خۆی، لەوەوە تێبینی ئەوەیان کردووە کە گیان و جەستە دوو شتی جیان. ل 35

پاشان دەڵێت:

-مرۆڤی سەرەتایی وا گومانی بردووە، چۆن لە کاتی بوورانەوەدا مرۆڤ هەناسەی دەبڕێت و پاشان لە کاتی هۆشهاتنەوەشدا هەناسەی بۆ دەگەڕێتەوە، ئاواش دوای مردنی ، گیان بۆ جەستەی دەگەڕێتەوە، ل 36

پاشان نووسەر باسی سووتاندنی مردووەکان دەکات، پێی وایە مرۆڤ لە ترسی زیندووبونەوەی مردووەکان جەستەی مردووەکانین سووتاندوە، لێرەشەوە ژیانی ئەو دونیا پەیدا بووە. لەمبارەیەوە دەڵێت:

-نەریتی سووتاندنی مردووان، بووەتە مایەی باوەڕهێنان بە جیابوونەوەی جەستە لە گیان بە تەواوەتی، لە خەیاڵگەی مرۆڤدا ئەوەی کە ناوی لێنراوە دووەم ( دونیا) گیانە خەیاڵییەکە ، دروست بوو، ل 39

بەرد پەرستن

پاشان نووسەر باسی قۆناغێكی تری مێژوویی ئایینەکان دەکات کە ئەویش چۆنێتی پەیدابوونی بەرپەرستنی بەردە پیرۆزەکانە.

نووسەر پێی وایە: سەرەتا مرۆڤ مردووەکانی پەرستووە، پاشان کاتێک مرۆڤ گەشەی زیاتر دەکات، فێری ناشتنی مردووەکان بووە، ئەمەش لە شارستانی بابلییەوە پەیدا بووە، مرۆڤ ترسی لە زیندووبونەوەی ئەو مرۆڤانە بووە کە پێشتر لێیان ترساوە، هەربۆیە بەشێک لە جەستەی مردوووەکەی بڕیوە یان بەردێکی گەورەیان خستۆتە سەر گۆڕەکەی بۆ ئەوەی نەتوانێت لە گۆڕەکە بێتە دەرەوە، لەمەشەوە بەرد خستنە سەر گۆڕی مردووەکان لای ئایینەکان پەیدا بووە.

سەلامە موسا دەڵێت:

– بتەکان لە مۆمیاکردنی کەسی مردوو، یان وێنەکێشانەوە پەیدا بوون، بە پیرۆز راگرتنی بەردەکانیش، دەشێت لە بەردی سەر گۆڕەکانەوە بێتە ئاراوە، ئەوەی خواردنی پێشکەش بە بەرد کردووە، وای زانیووە سروشتی جەستەی هەیە و دەمی هەیە، خواردنەکەی دەخوات.

پاشان دەڵێت:

لەلای یۆناییە کۆنەکان لەسەرەتای مێژوویانەوە کۆمەڵێک بەردی شێوێنراویان پەرستووە، لەناو عەرەبیشدا «مەنات و لاتیان» پەرستووە، ڤینیقییەکانیش بەردی «بەعل» یان پەرستووە، بەردی کەعبەش لە پێشوودا زۆر لای عەرەبەکان پیرۆز بووە، تەنانەت پێغەمبەری رابەری یەکتاپەرستیش ناچار بوو بەردی کەعبە بخاتە ناو ئاینەکەیەوە.ل52

کشتوکاڵ و خوداپەرستی

خاڵێکی سەرنجراکێشی تر بەلای منەوە سەلامە موسا پێی وایە کە فکرەی کشتوکاڵ کردن، سەرەتا فکرەیەکی ئایینی بووە، چونکە مرۆڤی سەرەتایی کاتێک خواردنی بردۆتە سەر گۆڕەکان بۆ نموونە گەنمی بردووە، پاش ماوەیەکی تر لەسەر گۆڕەکە گەنمەکە سەوز بووە، لێرەشەوە مرۆڤ فێری کشتوکاڵ کردن بووە. ل87/88

وەحشیەکان کۆمەڵێک خواردنی وەک گۆشت و دانەوێڵە و بەربوومیان لەگەڵ مردوودا کە لە ژیانیدا خواردوویەتی، خستوەتە گۆڕەکەیەوە، ناشتنی مردووش پێویستی بەهەڵکەندنی گۆڕە، زەوییەکەیان هەڵدریوەو دواتریش زەوییە هەڵدراوەکە، بۆ چاندنی تۆوەکان ئامادە بوون، چەند رۆژێک بەسەر ئەو رۆژەی مردوووەکەیان تێدا ناشتووە تێپەڕیوە، پاشان بینیویانە تۆوە چێنراوەکان سەوز بووە، ئەمەش وا لێکرداوەتە، کە گیانی مردووەکە بەهۆی ئەوانەی کە پێشکەشیان کردووە، لێیان رازییە. ل 88.87.

مرۆڤ وەکو قوربانی

پاشان نووسەر باسی قۆناغێکی تری مێژووی مرۆڤایەتی دەکات، کە لە زۆر شوێندا بەتایبەتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زۆرجار مرۆڤەکان لەکاتی جەنگدا یان لە کاتی کشتوکاڵکردندا، وەکو قووربانی پێشكەش بە زەوی کراون، بۆئەوەی خێرو بەرەکەت بەسەر ئەو زەویەدا ببارێت، لە کاتی جەنگەکانیشدا مرۆڤێکیان کوشتووە، تاوەکو شانسی گەورەیان هەبێت لەسەرکەوتن بەسەر دوژمنەکانیاندا.

پاشان نووسەر هاتووە باس لە پیرۆز راگرتنی خوێن دەکات و چۆن دواتر خوێن وەکو شەراب وابووە، هەربۆیە لای مەسیحییەکانیش شەراب پیرۆز بوو، کە لای ئەوان وەکو خوێنی مەسیحی دادەنێن.

کاریگەری ئەفسانەی یۆنانی کۆن بەسەر ئایینی مەسیحیەوە

نووسەر لە لێکۆڵینەوەکەیدا باسی کاریگەری گەورەی ئەفسانەکانی یۆنان دەکات بەسەر ئاینی مەسیحییەوە، لە مەشدا پشت بە چەند بەڵگەیەک دەبەستێت، کە نزیکییەکی زۆر لە نێوان مەسیحی و ئەو ئەفسانەدا هەیە.

دەرئەنجام

لە کۆتاییدا سەلامە موسا دەگاتە دوا خاڵ و دەڵێت: بە کورتی دەڵێم، لەو باوەڕەدام پەرستنی جەستەکان، ڕیشەی هەموو پەرستنەکانی ئێستان، باوەڕیشم بەوەیە، گیانەکان ڕیشەی خوداوەنددەکانی ئێستان، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر دروستی دەرئەنجامەکانی سوور نیم، دەشێت لە داهاتوودا توێژینەوەی پێچەوانەی لێ بێتە ئاراوە، ل125

چەند سەرنجێک

دیارە راستە سەلامە موسا یەکێکە لە رووناکبیرە گەورەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین و ئەم کتێبەشی یەکێکە لە کتێبە باشەکانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من چەند سەرنجێکم لا دروست بوو، پێمخۆشە لێرەدا بە کورتی باسیان لێوە بکەم.

1/ نووسەر لە سەرەتادا دەڵێت، ئایینەکان هیچ پەیوەندییەکیان بە ئەفسانەکانەوە نییە و ئایین شتێکە و ئەفسانەش شتێکی ترە، کەچی لە دواییدا دەڵێت، ئایینی مەسیحی لە ئەفسانەی یۆناییەوە هاتووە یان نزیکە .

2/کاریگەری گەورەی کتێبەکەی « بنەچەی خێزان»ی فریدریک ئەنجلسی بەسەرەوەیە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە فکرەی قوورباییەوە هەیە.

دوا قسە

بەدڵنیاییەوە ئەم کتێبە تیشێکی باشی خستۆتە سەر مێژووی ئایینەکان و بەرچاو روونییەک دەداتە خوێنەری کوردی، لەبارەی ئەو نیقاشانەی کە ساڵانێکی زۆرە لەناو فکر و فەلسفەی جیهاندا لەبارەی ئەم مەسەلە گرنگەوە کراوە. لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە دەستخۆشی لە کاک سەرهەنگ سەرکەوت بکەین، بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە و هیوای کاری باشتری بۆ دەخوازین.

———————————–
سەرچاوە:
سەلامە موسا. سەرهەڵدانی بیرۆکەی خودا. وەرگێرانی سەرهەنگ سەرکەوت. چاپی یەکەم، ناوەندی رۆشنبیری رەهەند . سلێمانی . 2019

Previous
Next
Kurdish