Skip to Content

مردن شتێک نییە کۆتایی بە عەشق بهێنێت بەڵکو دەيپارێزێت…بەشی کۆتایی…خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

مردن شتێک نییە کۆتایی بە عەشق بهێنێت بەڵکو دەيپارێزێت…بەشی کۆتایی…خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 6, 2020 General, Literature

ستیڤان: ئایا هەمووان دەتوانن عاشق بن؟. ئایا هەمووان دەتوانن ئاڵای عەشق بە دەستەوە بگرن؟. ئاخر چۆن هەمووان ناتوانن ببنە پێغەمبەر، هەمووان ناتوانن ببنە جادووگەر و ئەستێرەناس، ئاوهاش هەمووان ناتوانن ببنە عاشق!. بۆ ئەوەی تۆ ببیتە عاشق، پێویستە رەنج و زەحمەتێکی زۆر بکێشیت و لە پێش هەر شتدا، ئازایەتی رووبەڕووبوونەوەی مەرگ و شەپۆلە سەرشێتەکانی عەشقت هەبێت!!، زۆر گرنگە رۆحێکی سەرکەش و یاخی وەهات هەبێت، سڵ لە هیچ کۆسپ و تەگەرە و تێکشکانێک نەکاتەوە و چاونەترسانە لە بەرامبەر لۆمەی کولتوور و چەقۆی بەدحاڵیان و پیلانی مەرگەوەڕەکان بوەستێتەوە.
لیزا: عەشق پێش هەر شتێک ئامادەبوونێکی رۆحییە بەرلەوەی ئامادەبوونێکی فیزیکیی بێت. رۆحی دیلکراو، رۆحی بەدگوومان، رۆحی ئاخنراو بە رک و قین، ئەگەر هەزاران ساڵیش تەمەن بگوزەرێنێت، نەک هەر نابێتە عاشق، بەڵکو لەسەر رێگەیەش چانسی بینین و چاکوچۆنییەکی لەگەڵ عەشقدا نییە. عەشق هەزاران میل و فرسەخ، هەزاران دۆڵ و نشێو، لەم رۆحانەوە دوورە و هیچ کات لە وەخت و ناوەختدا لە قاپی ئەم جۆرە رۆحانە نادات.
ستیڤان: بەختیار عەلی وتەنی “عەشق جەنگە”. ئازاترین سەرباز و بوێرترێن ژەنەراڵ دەبنە قارەمانی جەنگ، نەک ئەو ترسنۆکانەی لە پەنا و پەساردا بە دوای جێگەیەکی دڵنیادا دەگەڕێن. ئەوەی سنگی دەنێت بە گوللەوە، هەر سنگی ئەو میدالیای پێدا دەکرێت، ئەوەی لە جەنگدا هەڵدێ لە دواوە دەپێکرێت. ئەوەشی عەشق دەباتەوە ئەو عاشقەیە بێ ترس و دڵەڕاوکێ رووبەڕووی دەبێتەوە، ئەوەی عەشق دەباتەوە ئەو کەسەیە بەرگەی ئازارەکانی رێگەی گرتووە و هەزارەها جار بە گوللەی عەشق پێکراوە و بە جەستەی خەڵتانی خوێنەوە نەبەردی تۆمار کردووە.
لیزا: بەڵێ ئەگەر عەشق جەنگ بێت، رایدەگەیەنم من گەورەترین سەروان و ژەنەراڵی ئەو ئیمپراتۆریایەم، لەبەرئەوەی نەک هەر جەنگی عەشقم کردووە و سڵم لە هیچ ئازارێک نەکردۆتەوە، بەڵکو هەمیشە ئەو پرۆسە سەختەم وەک سەیران سەیر کردووە، ئەوەش لەبەرئەوەنا عەشق پرۆسەیەکی سانا و بێزەحمەتە، بەڵکو لەبەرئەوەی بە تەواوی هێز و توانامەوە هاتوومەتە ناو جەڕولحەبلەکەوە و مردنم لەو پێناوەدا سەد جار لە ژیانی بێ مەعشوق، لەلا پەسەند و خۆشەویستر بووە. ئیتر عەشق ئاوهایە، بە تاڵەموویەک بەربەستی لە نێوان ژیان و مەرگدا دروستکردووە. مردن شتێک نییە کۆتایی بە عەشق بهێنێت، مەرگ زۆرینەی جار عەشق دەپارێزێت و لە خۆی دەگرێ، چوونکە عاشق دەکاتە سونبول و پێغەمبەر بۆ عاشقانی پاشین.
ستیڤان: عەشق گەڕان و عەوداڵبوونە، گەڕانی شارە و شار، وڵاتە و وڵات، کیشوەرا و کیشوەر، بە مەبەستی دۆزینەوەی لەتەکەی تری خۆت. ئاخر خوداوەند هەموو مرۆڤێک بە ناتەواویی و نیوەیی دەئافرێنێت، فەلسەفەی ژیانیش بریتییە لە گەڕان بە دوای لەتەکەی تری خۆتدا، بۆئەوەی ببیتە کەسێکی تەواو و ساغڵەم. سەرۆکی سیخەکان جارێک وتبووی “مرۆڤ بە ئازادیی لە دایک نابێت، بەڵکو لە دایک دەبێت بۆ ئەوەی ئازادیی خۆی وەدەستبێنێت”، بەڵام بیری چووە و لەمەدا بە هەڵەدا چووە، چوونکە مرۆڤ بە ناتەوایی لە دایک دەبێت، دەژی بۆ ئەوەی خۆی تەواو بکات، لە رێگەی دۆزینەوەی لەتەکەی تری، کە ئەم گەڕانەش بە عەشق ناوزەد کراوە.
لیزا: هەر کاتێک نیوەکەی تری خۆتت دۆزییەوە، کاری تۆ لەم دونیایەدا تەواو دەبێت، چوونکە ئاسمان گرەوی لەسەر ئەوە کردووە کەس نییە بتوانێت، لەتەکەی تری بدۆزێتەوە. کە تۆ دۆزیتەوە، واتە کۆنکەنەکەت لە ئاسمان بردۆتەوە، بەمەش دەکەویتە بەر قەهر و نەفرەت، ئیتر تۆ کارت لە دونیا تەواو دەبێت، بۆیە پێویستە بمریت، بۆ ئەوەی جاڕی سەرکەوتنت بەسەر ئاسماندا رانەگەیەنیت، هەر ئەمەش نهێنی هەموو عەشقێکە کە سەرەنجام و ئاکامەکەی تەنیا مەرگ و لێکدابڕانە.
ستیڤان: لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی زۆری مرۆڤەکان “جگە لە یەک کەس لە سەدەیەکدا” دەمرن، بێ ئەوەی لەتەکەی خۆیان دۆزیبێتەوە. ئای خودایە دەبێ لەتەکەی من لە کوێ بێت؟. ئاخۆ ئێستا خەریکی وازی کردنە یان لە سووچی ژوورێکی بچووکدا بیر لە من دەکاتەوە بێ ئەوەی بتوانێت وێنەی رووخساری من بکێشێت و ببینێت؟. تۆ بڵێی ئەویش بڕیاری دابێت بە دووی مندا بگەڕێت؟.نازانم ئاگادارییەک لە رۆژنامە و تەلەفزیۆنەکاندا بڵاو بکەمەوە بۆ دۆزینەوەی لەتەکەی خۆم، کە من لە وڵاتی خوێن و گریان، لە شارێکی دڵشکاودا دەژیم، یان ئەو پێش من ئەو کارە دەکات؟. خواوەندی مەزن هەرکاتێک لەتەکەی خۆم دۆزییەوە و گرەوەکەم بردەوە، سزام مەدە، ئەوە مانای دۆڕانی تۆ نییە، بەڵکو هێمایە بۆ کۆڵنەدان و سەرکێشی و لاساریی من. ئەمە بێمنەتی نییە بەرامبەر بە زاتی پیرۆزت کە رووناکترین رووناکییت و ماڵی دڵە تاریکەکانمان ئاوەدان و رووناک دەکەیتەوە. تەنیا سەرکێشییەکە بۆ تەواوکردنی خودی خۆم.
لیزا: ئێستا بیرم لای ئەوە نییە، لەتەکەی من خوێندەوارە یان دکتۆرای هەیە، خەیاڵ ناکەم رەنگی قژی چۆنە. لام گرنگ نییە لە رۆژهەڵاتی زەمین یان لە رۆژئاوایەتی. ناتوانم وێنەی باڵا و چاو و ئەبرۆی بکێشم. هزر ناکەمەوە چاوی چ رەنگێکە. بیر لەوە ناکەمەوە ئەسمەر یان گەنم رەنگە، گەدا یان شالیارزادەیە. ئەوەی بۆ من گرنگە ببمەوە بە بەشێک لە ئەو، ئەویش ببێتە بە بەشێک لە من. ئەمەش کۆتایی هەموو رێگەکەیە و ئاوسا دەتوانم بە ئاسودەیی بمرم.
ستیڤان: نازانم خودایە، هێشتا هیچ نازانم، بەڵام من دەستمکردووە بە گەمەیەکی سەخت، تکایە ئاگاداربە من ئێستا خەریکم وەرەقەکانی خۆم بەکاردەهێنم، جۆکەر و کوپی خۆم هەڵدەدەمە ناو حەوزی ئەم کۆنکەنەوە. من گزیی ناکەم و تۆش غافڵ ناکەم. گرنگ ئەوەیە من یاریی دەکەم. ئەگەر کۆنکەنەکەم بردەوە لەتەکەی خۆم و مەرگ پێکەوە لە باوەش دەگرم، جا بۆم گرنگ نییە لەتەکەی من چۆنە و چییە، گرنگ ئەوەیە بەشێکی تری خۆمە و دەمەوێ لە دەستی هەموو قەدەرێکی دەربهێنم. خۆ ئەگەر نەمدۆزییەوە، رەنج بەخەسار و سەرگەردان بەرگەی سزاکانم دەگرم، کە ئاسمان بە مەرگی من و سزای دۆزەخی هەتاهەتایی گرەوەکە دەباتەوە، بەڵام لە بیرتان نەچێت دۆزەخی عاشقان جیایە، چوونکە تام و رەنگی هەرچی شتە لەم گەردوونە لای عاشقان جیایە، وەک ئەوە نییە کەسانی ئاسایی بە چاوێکی ئاسایی بۆی دەڕوانن.
خودایە، ئەگەر گرەوەکەم دۆڕاند، وەک ملیارەها مرۆڤی تری سەرگەردان و خەڵافاو لە لەتەکەی خۆیان، منیش دەمرم، بەڵام رێگەم بدە لەوە دونیا ئەگەر لە شیوی وەیلی دۆزەخیشدایە، بە دووی لەتەکەی تری خۆمدا بگەڕێم تا لەوێ بیدۆزمەوە، ئەمە خولیایەکە بۆ ئەبەد لە کەللەی داوم. بەوەش بەهەشت حاسڵ دەکەم، ئەگەرچی لە ئەسفەل سافلیندا مەلە دەکەم و ئاگراوی داری زەقوم دەنۆشم.
لیزا: رێبواری رێگایەکم کەسی تر پێدا ناڕوات، من بە تەنها خۆم بە رێگایەکدا دەڕۆم و هەموو خەڵکی تر بە رێگایەکی تردا، رێگەکانمان ناچنەوە سەریەک و “رۆما”یەک نییە پێکیان بگەیەنێت. خەڵک لە دوورەوە دەمبینن بە تاقی تەنها ملی رێگایەکی جیاوازم گرتووە و منیش ئەو حەشیمەتە زەرد و سوورەی خەڵک دەبینم لەسەر یەک تاکە رێگا، رەنگبێ ئەوان پێیانوابێت قەرەباڵغی رێگاکەیان نیشانەی گەیشتن بە ئامانج بێت، لێ من بۆ هیچ ئامانجێک ئەم رێگایەم هەڵنەبژاردووە تەنیا نامەوێ دوای مێگەل بکەوم. بۆی هەیە هەردوو رێگاکە بگاتە بنبەست، بەڵام بۆ من هیچ شۆکێک نییە، یان دەشێ رێگا راستەکە لە نێوان ئەم دوو رێگایەدا بێت کە ئەویش رێگا نییە یان بزنەرێیەکی ترسناکە.
ستیڤان: من بە نامۆیی هاتمە ژیانەوە، دڵنیام پێش ئەوەی تەڵیسمەکانم بشکێنن بە نامۆیش لێی دەردەچم. هیچ کەسێ نەیتوانی بەشێک لە پەناگە تاریکەکانی ناخم بخاتە ژێر رۆشنایی و کەشفی بکات. هیچ کەسێک نەیتوانی ئارکۆلۆژیستانە رەهەندەکانی جیهانبینی و دیدگای من بۆ وجود، بۆ عەشق، بۆ ژیان، بدۆزێتەوە. کەس نەبوو شان بداتە بەر توێکاریی شیعرەکانم وەک زمانی دڵ و هەستەکانم.! خۆ ئەمن پێموانییە شتێکی سەیر و گەورە بم، بەڵام هەست بە جیاوازبوونی خۆم دەکەم، ئەمن لافی رۆشنبیربوون لێنادەم بەڵام پێموایە پێچەوانەی شەپۆلە باوەکان مەلە دەکەم. بۆیەکا پێویستە لێم تێبگەن و بمخوێننەوە، ئەگەرچی تێگەیشتن لە خودی مرۆڤ کارێکی دژوارە، کەچی من ئەو مرۆڤانەم خۆش دەوێ خۆیان لە سەختترین شتەکان دەدەن و زۆرانبازیی ترسناک دەکەن بێ بیرکردنەوە لە ئەنجامەکەی. خوێنێکی سیزیفی لە منا قوڵپ دەدات و هەمیشە بەردە قورسەکەی ژیان بەرەو لوتکە سەر دەخەم و هەمیشەش لێم خلۆر دەبێتەوە، بەڵام کۆڵ نادەم. لەبەرئەوەشی ژیان ناماقووڵ و مایەپووچە شەڕی پێ دەفرۆشم، شەڕی مانەوەی تێدا دەکەم.
لیزا: ئەگەر دەخوازن من زەحمەت بکێشم و خۆمتان بۆ بخوێنمەوە زمانم تەتەڵە دەکات، بەو هۆیەی نازانم بڵێم چی!! لانیکەم لە هونەری خۆناساندن و نەرگسییەتدا کۆڵەوارم. ئەمن نازانم چۆن پێناسەی خۆم بکەم، زۆر سەختە مرۆڤ ئەوەندە رووقایم بێت پەسنی خۆی بکات، ئەمە کارێکە دەمانباتەوە بۆ خودسەرسامیی، چوون هەر ئادەمیزادێک خۆی بە چەقی هەموو شتێک دەزانێت، خۆی بە سەنتەری گەردوون و دنیا و مرۆڤایەتی دەزانێت. پرسیار ئەوەیە، کێیە ئاوێنەکە دەداتە دەستمان و دەڵێت ئەوە تۆیت خۆت ببینە؟. ئەی ئەو ئاوێنە بۆچی بۆ من نەبووە و نییە؟. بۆچی کەسێک نەهات لەبەردەم ئاوێنەیەکی روون رامبگرێ تا وێنای خۆم ببینم بەواقعی؟؟ بۆچی هەمیشە لە پەنجەرە تەڵخەکانی سیاسەتەوە حکومم لەسەر دەدەن؟. لە کاتێکدا وەک “شێخی خاڵ” هەمیشە وتوومە بە جوانیی لێم ورد ببنەوە، ئەوەی لەسەر زار و لە روومایە، هەرئەوەش لە دڵ و ناخمدایە.
ستیڤان: مێژووی من مێژووی پەشیمانبوونەوەیە لە دوێنێ، لەبەرئەوەی نامەوێ ئەمڕۆم لە دوێنێ و سبەینێم لە ئەمڕۆ بچێت. سروشتێکی بزۆز و جیوەییم هەیە، لەسەر هیچ دۆخێک چەق نابەستم، مەیین دژی رۆح و بورکانەکانی ناوەوەی منە. کۆلۆمبۆسانە سەرچڵی دۆزینەوەی نوێ دەکەم، دۆزینەوەیەک بێ هیچ تەماحێکی وەک ئەوەی کۆلۆمبۆس، تەماحم ئەوەیە رۆحم هێور بکەمەوە، هێوربوونەوەی رۆحیشم پێچەوانەی زۆرینەیە، بەو پێیەی زۆرینە جێگیریی و هێمنیی و مانگرتن لە هزرین رۆحیان هێور دەکاتەوە، هەرچی رۆحی منیشە لە شلۆقی و پەشێویی و بیرکردنەوە و یاخیبووندا هێور دەبێتەوە. ئیشم ئەوەیە لە بری وەڵام، تەنیا پرسیارە حەرامەکان بوروژێنم، لە بری یەقین، دنیا پڕ بکەم لە گوومان، لە بری دڵنیایی ژیان پڕ بکەم لە راڕایی، ئاخر وەڵام و یەقین و دڵنیایی مرۆڤ دەکوژن و ئیستی پێ دەگرن لەسەر دۆخێک، ئەمەش دڵخوازیی پیاوانی سیاسەت و ئاینە، منیش “مینی لۆپ”ئاسا رسی پیاوانی ئاینیی و سیاسیی دەکەمەوە بە خوری.

——————————————————
تێبینی:
ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون

Previous
Next
Kurdish