Skip to Content

چەمکە شیعرییەکان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین … بەشی دووەم :- ناڵە حەسەن

چەمکە شیعرییەکان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین … بەشی دووەم :- ناڵە حەسەن

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 6, 2020 General, Literature

( )

  • شیعر و ( یاخیبوون )
  • شیعر لە نێوان ( فۆرم و ناوەڕۆک ) دا
  • شیعر و ( یاخیبوون )

ئەگەر بمانەوێت بە کورتی قسە لەسەر یاخیبوون یان ( یاخیبوون و شیعر ) دا بەکەین ، دەتوانین بڵێین ، زۆربەی زۆری یاخیبوونەکان چ لە نێو ڕووبەری شیعر یان لەنێو ڕووبەرەکانیتری ژیان ، هەست و کردەیەکە لە هۆشمەندییەوە یان لە پاشخانێکی مەعریفییەوە سەرچاوە دەگرێت . چونکە دواجار / یاخیبوون هەوڵێکە بۆ گوتنی ( نا )یەک بە ڕووی ئێستا و بەڕووی هەموو ئەو هێز و دەسەڵاتانەی کە دەیانەوێت ژیان ناشیرین بکەن و بوون و بەهای مرۆڤبوون بخەنە ژێر پرسیارەوە …! ، هەروەها ژیان ئەوە دەخوازێ کە مرۆڤەکان هەمیشە بوونێکی یاخی بن ، چونکە لە یاخیبووندا / مرۆڤ دژی هەموو هێزێکی دەرەکی ڕادەوەستێت ، نایەوێت بوونی داگیربکرێت و بوون و ڕۆڵی مێژووی خۆی لەدەست بدات و ببێتە کۆیلەیەکی ناکارا. بۆ بەردەوامبوونی ژیان و بوون یان بۆ ئەوەی مرۆڤ ناوەڕۆکێک بە ژیان و بوونی خۆی ببەخشێ پێویستی بە هەوڵدان و داهێنانە ، چونکە داهێنان جەخت لەسەر ڕۆڵی سەرەکی بوونی مرۆڤ دەکاتەوە لەنێو ڕووبەر و ڕەوتی مێژوودا . واتە مرۆڤ بەبێ داهێنان ناتوانێ ناوەڕۆکێک بۆخۆی پەیدا بکات و شوناسێک بەدەستبهێنێ و ببێت بەوەی کە خۆی دەیخوازێت ، تا ئێرە مانایەک بوو بۆ یاخیبوون بە شێوەیەکی گشتی ، بەڵام لە پەیوەند بە شیعر و یاخیبوون / دەتوانین بڵێین ، شاعیری داهێنەر هەمیشە جەخت لە ناڕازیبوون دەکاتەوە و ( نەویستی هەبوو ) دەستنیشان دەکات ، مەبەستییەتی لە نەبوونەوە فۆرم و بوونێکی نوێ بهێنێتە بوون ، دەتوانین بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستەکەمان ( فەرید زامداری ) شاعیر بەنموونە بهێنینەوە ، کە لە کتێبی ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) بەدوورودرێژی باسمان لە یاخیبوونەکەیی و ئەزموونە جوودا و نوێخوازییەکەیان کردووە ، ( فەرید زامدار ) لە سەرەتای شیعرێکی بە ناوی ( دان پیانان ) دا دەڵێت ،( ژیان هەمیشە وتوویەتی ” نا ” …! ) ، یان لەسەرەتای کتێبێکی بەناوی ( ئەنیما مۆندی ) لە وتارێکدا دەڵێ ، ( من بەوەی کە هەیە ڕازینیم و بەدوای لەدەرەوەی ئەوەی ” کە هەیە ” دەگەڕێم …! ) ، واتە بەڕۆشنی ( نەویستنی هەبوو ) ی مەبەستە ، واتە ( ڕەتکردنەوەی هەبوو ) یان ( ئەوەی کە هەیە …! ) ، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی فۆرم و دەقێکی نوێ ، جیاواز لەوەی کە هەیە …! ئەو دوو دەربڕینەی ( فەرید زامدار ) ، کڕۆکی یاخیبوون و نوێخوازیمان پێشان دەدات . چونکە هەموو شاعیرێکی نوێخواز و جودا لەهەمانکات شاعیر و بوونێکی یاخین ، چونکە گەر ناڕازی نەبن بەوەی کە هەیە ، ناتوانن جیاواز بنووسن و ناتوانن لەنەبوونەوە بوونێکی تر بەرهەمبێنن ، چونکە گەر بەردەوام بن لەسەر ئەوەی کە هەیە ، بە هەمان زمان و فۆرمەوە ، ئیتر بەشیوەیەک لە شێوەکان دەبێتە ( لاساییکردنەوە نەک داهێنان …! ) ، لاساییکرنەوەش / مانای ئەوەیە کە تاکەکان دەسەڵات و توانا و بەهرەی خۆیان خەفە دەکەن و لە چاو و دیدگای کەسانیترەوە دەڕوانن و دەبینن …! ونکردنی توانا و بڕستی خود بەمانای خۆشڵکردنە یان ڕێگەدانە بەوەی کەسانیتر بوونی کۆنترۆل بکەن ، ئەمەش نامۆبوونە و لە بەشی ( شیعر و نامۆبوون ) دا قسەمان لەبارەیەوە کردووە . چونکە لەم باروزروفانەدا مرۆڤ ئازادی و سەربەستی خۆی لەدەست دەدات . وە ئەوەش ڕوونە کە تاکو مرۆڤ ئازاد و سەربەست نەبێت ، توانای زاڵبوونی بەسەر حەز و خەون و ئارەزووەکانیدا نابێت . دەمەوێت پێ لەسەرئەوە دابگرم کە ڕەتکردنەوەی هەبوو ، ئەگەر لاسایکردنەوەش نەبێت ، ( دووبارەکردنەوەی خودە ) ، واتە بەردەوامبوون لەسەر یەک فۆرم و شێوە زمان و یەک شیواز . تەنانەت ئەگەر داهێنانیش لە دەقەکاندا هەبێت بەڵام ، ناچێتە ڕووبەری نوێخوازییەوە ، چونکە دەتوانین بڵێین ( هەموو نوێخوازییەک داهێنانە بەڵام هەموو داهێنانێک مەرچ نییە نوێ بێت ..! ) لەسەر ئاستی ئەدەبی جیهانیش زۆرن ئەوکەسانەی کە جێ پەنجەیان دیارە لە مێژووی شیعر و ئەدەب دا و ڕۆڵیان هەبووە لە بنیاتنان و بەرهەمهێنانی بیرکردنەوە و قۆناغێکی نوێ ، ئەوانەش وەک کەسانی یاخی و ناڕازی و نەویستی هەبوو ، لەوانە ( بۆدلێر ، مالارمێ ، ڕامبۆ ، ئازرا پاوەند ، ئەدۆنیس و زۆرانیتر ..) بۆ نموونە ( ستیڤان مالارمێ ) لە نێو هەوڵ و داهێنانەکانیدا ، ئامانجی ئەوەبوو کە شیعر لە کۆتوبەندی هەموو ئەو ستایل و دەربڕینە تەقلیدییانەی کە شاعیرانە نین ئازاد بکات ، یان گوێی بە فۆڕمی شیعری ئاسایی نەدەدا ..! ئەو زێتر گرینگی بە وشە دەدا ، هەوڵی دەدا وشەی نوێ و ئەفسونئامێز بەکار بهێنێ و جیاواز بنووسێت ، یان ئەدۆنیس ، هەمیشە لەنێو نووسین و دیمانە و داهێنانەکانیدا لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە ڕەخنە لە ( هەبوو ) بگرێت و ئاسۆکانی بیرکردنەوە بۆ شیعر و نووسین و داهێنان بگۆڕێت ..! لێرەدا ئەوە دەبینین کە لەنێو ڕووبەری شیعر و داهێناندا ڕەتکردنەوە و ناڕازیبوون بەوەی کە هەیە واتە ( یاخیبوون ) / پێشمەرجی نوێخوازی و داهێنانە ..!

  • شیعر لە نێوان ( فۆرم و ناوەڕۆک ) دا
    هەموو دەقیکی شیعری وەک هەر هەبوویەکیتر لە فۆرم و ناوەڕۆک پێک دێت ، ئەگەر لەڕووی بوونگەرییەوە سەیری بکەین دەتوانین بڵێین / فۆرم بوونێکی دیاری هەیە و ناوەڕۆکیش بوونێکی نادیار ، ناوەڕۆک ئەو بوونە نادیارەیە لە ئەنجامی خوێندنەوە دەردەکەوێت . دەرکەوتنەکەش ( زۆربەیکات ) لە خوێنەرێکەوە بۆ خوێنەرێکی تر جیاواز دەبێ . یان ڕەنگە لای هەندێک خوێنەر هەر دەرنەکەوێت و بە نادیاری بمێنێتەوە . چونکە لە بنەڕەتدا دەقی شیعری لەنێو ڕووبەرێکی نادیار و تاریک دێتە بوون ، شاعیری نوێگەر ( بۆ ڕووناککردنەوەی ئەو تاریکییە ، دێت هەموو تاریکییەکە دەگوازێتەوە بۆ نێو دەقەکەی ..! ) ، ئەوە خوێنەرە لە ڕێگای مەعریفە و تواناکانی خۆیەوە ، لەڕێگای خوێندنەوە و قووڵبوونەوە تیشک دەخاتە سەر ئەو رووبەرە تاریکە و هەوڵی دەرکەوتنی دەدات . چونکە شاعیر / لەنێو ئەم ڕووبەرە نادیار و تاریکە زمان دەخاتە گەڕ بۆ گواستنەوەی مەعریفە و گوتنەکانی نێو ئەو تاریکییە بۆنێو دەق ، خوێنەریش لەسەریەتی مەعریفە و تواناکانی خوی بخاتە گەڕ بۆ ڕوونککردنەوەی ئەو ڕووبەرە ، چونکە شیعر جووڵەیەکی بەردەوامە لەنێو پڕۆسەیەکی ئیستاتیکایی ، بۆیە / ناتوانێ ناوەڕۆکێکی دیار و نەگۆڕی هەبێت . دەکرێ لای هەندێک خوێنەر ناوەڕۆک هەر بە نادیاری و تاریکی بمێنێتەوە ، چونکە هیچ دەقێک وەک بوونێکی سەربەخۆ ، هەڵگری ناوەڕۆکێکی دیار و پێشوەختە نییە ، ئەگەر ژیان وەک دەقێکی شیعری وەربگرین ، لە بنەڕەتەوە ( خاڵییە لە مانا ) و ناوەڕۆک ، ئەوە مرۆڤەکانن لە ڕێگەی بیرکردنەوە و داهێنانەکانییان ، ماناو ناوەڕۆکێک بە ژیان دەبەخشن دیارە بۆ ( جیهان و گەردوونیش ) بە هەمانشێوە ، نەک هەر ئەوەندە / شاعیر بۆ بەرهەمهێنانی دەقێک هەموو وشە و چەمک و دەستەواژە و هێماکان خاڵی دەکاتەوە لە مانا پێشوەختەکان و لە مانا فەرهەنگییەکان . لە پڕۆسەیەکی داهێنەرانە چەمک و وشەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و دووبارە بنیادییان دەنێتەوە لە پەیوەندییەکی نوێ و بە ناوەڕۆکێکی نوێوە ، بۆیە دەڵێین / لەوانەیە بەسانایی ناوەڕۆکی دەقەکان دەرنەکەون ، کۆد و هێماکان بە سانایی نەکرێنەوە ، یان دەرکەوتن و ناوەڕۆکەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جودا دەردەکەوێ ، تەنانەت / جیاواز لە گەڵ دەرکەوتن لەلای خودی نووسەری دەقەکەش ، چونکە نووسەری دەق لە کاتی نووسینی دەقەکە ( ئەوی شاعیرە ) ، لە چرکەی دوای تەواوبوونی دەقەکە دەبێتە ( ئەوی خوێنەر ) ، وەک هەر خوێنەرێکی دی هەوڵ دەدات ناوەڕۆکی دەقەکە بەدیار بخات و خوێندنەوەیەکی بۆ دەقەکە هەبێت ..! پەیوەندی فۆرم و ناوەڕۆک پەیوەندییەکی هاوتەریب و دانەبڕاوە ، هەروەک لای فۆرمالیستەکان ( ئەم دووانەیان واتە ” شێوە و ناوەڕۆک ” یان لە بەرزترین ئاستدا ڕاگرتووە ، بە بڕوای ئەوان ( ناوەڕۆک بە تەواوی بزوێنەری شێوەیە …! ) ، بەبڕوای من دەیانەوێت بڵێن / هەموو ئەو فۆڕمانەی ئاستێکی بەرزی جوانییان بەرجەستە کردووە ، ناوەڕۆکێکی جوانیش بەرجەستە دەکەن هەرچەندە ناوەڕۆکەکە نادیاریش بێت ، کەواتە / هیچ فۆرمێکی جوان نییە ناوەڕۆکێکی جوانیشی نەبێت …! واتە / ناوەڕۆک بە نادیاری بزواندن و کردە و کاریخۆی دەکات ، لە گریمانەیەکدا / ئەگەر دەقێک فۆرمێکی جوانی هەبوو بەڵام ، ناوەڕۆکەکەی بە توانا مەعریفیی و سەلیقە شیعرییەکەی خوێنەرێک دەرنەکەوت و بە نادیاری مایەوە ، ڕەنگە ( ئەو خوێنەرە یان هەندێک لە خوێنەرەکان بڵێن / ئەم دەقە تەمومژاییەوە و هیچ مانا و ناوەڕۆکێکی نییە …! ) ، هەروەکو گوتمان / هیچ دەقێک بێناوەڕۆک نییە بەڵام ، ناوەڕۆک بوونێکی نادیاری هەیە ، ئەگەر لای کەسێک وا دەرکەوت ئەو دەقە بێناوەڕۆک و بێمانایە ، دەکرێ (یەکێک ) لە مانا و ناوەڕۆکەکەی ئەوەبێت کە ( ئەم دەقە بێمانا و بێناوەڕۆکە …! ) ، چونکە ئەوە ( خوێندنەوەی کەسێکە ) یان خوێنەرێکە بۆ ئەو دەقە ..! دەکرێ ئەوەش یەکێک بێت لە خوێندنەوەکان …! یان یەکێک لە مانا و ناوەڕۆکەکەی ئەوە بێت ..! دەکرێ ئاسایی بێ کە نەتوانین تیشک بخەینە سەر تاریکایی دەقێک و ناوەڕۆکەکەی دەربخەین ، بەڵام ئەوە ئاسایی نییە ، کە بڵێین / ئەو دەقە دەقێکی بێمانا و بێ ناوەڕۆکە چونکە تەمومژاوییە ، یان شاعیر ڕەچاوی سیستەمی ڕیزمانی و خاڵبەندی نەکردووە ، بە بڕوای من / بەر لەهەر شتێک دەستەواژەی ( تەمومژ ) ، بۆ دەقی شیعری دەستەواژەیەکی نادروستە ، من دەمێکە لە دیمانەکان و نووسینەکانم زێتر لە جارێک ئەم دەستەواژەم ڕەتکردۆتەوە ، چونکە / هۆکارەکەش ئەوەبووە کە / هیچ دەقێک تەمومژاوەی نییە ، ئەوە ( چڕبوونەوەی زمانە ) لە ئاستێکی بەرزدا نەک تەمومژ …! ، یان ئەوە توندوتۆڵی پەیوەندییەکانی نێوان وشە و چەمک و هێماکانە نەک تەمومژ … ! واتە / داهێنەرانە هونەرکاریکردنە لە زمان ..! دەبێ ئەوەمان لەبیر بێت کە / شیعر لەبنەڕەتدا ئیشکردنە لەسەر زمان و بایەخدانە بە بنیادەکانی زمان بەڵام ، لەچوارچێوەی زمانی شیعری و ڕووبەری شیعردا . هەروەها شاعیر بۆ بەرهەمهێنانی دەقێکی نوێ یان هەردەقێک / تەواو سەربەست و ئازادە لە بەرامبەر زمان ، دەتوانێ پابەند نەبێت بە سیستەمی ڕێزمانی و خاڵبەندی و بە هیچ جۆرە سیستەمێک ، بۆئەوەی تەواو دەست ئاوەڵاو کراوە بێت .. ! وەک چۆن / شاعیر پێویستە ئازاد و سەربەست بێت لە بەرامبەر بەکارهێنانی زمان و یان بوونێکی ئازاد بێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەری هیچ دەسەڵات و هێز و بوونێکی دەرەکی ، بەهەمانشێوە / زمانیش بە هەموو وشە و چەمک و دەستەواژە شیعرییەکانەوە دەبێ ئازاد بن و ڕووتببنەوە لە هەموو مانا پێشوەختەکان و مانا فەرهەنگییەکان ، دەمەوێت ئەوە بڵێم / وەکچۆن کۆرپە لە چرکەساتی لەدایکبوون ڕووتوقووت هەڵگری هیچ ناوەڕۆک و شوناسێک نییە ، وشە و چەمکە شیعرییەکانیش لەنێو زمانی شیعریدا بەهەمانشێوە …! چونکە ( ناشێت ناوەڕۆک بە ئاسانی بچەسپێندرێ ، هەروەک ناشێت هەرگیز مانا ئامادەبوونێکی تەواوی هەبێت لە هیچ تاکە ئاماژەیەکدا بەڵکو مانا یان ناوەڕۆک زێتر جۆرێکە لە جووڵە و پڕیشکدانەوەی بەردەوامی نێوان ئامادەبوون و نائامادەبوون …! ) ، هەروەها شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە و شاعیر لە ڕێگەی زمانی شیعرییەوە دەتوانێ قسە لەسەر هەر شتێک بکات و هەر وشەیەک بەکاربهێنێ ، هەڵەیەکی گەورە دەکەین گەر وابزانین هەندێک لە وشەکان شیعری نین ، وا پێویست دەکات شاعیر خۆی لە بەکارهێنانی ئەو وشانە بە دووربگرێ ..! یان بەهۆی مانا فەرهەنگی و ناوەڕۆکە پێشوەختەکان خوێندنەوە بۆ وشە و چەمکەکان بکەین . مەبەستمە ئەوە بڵێم / کاتێک لە دەقێکدا وشەی ( حۆری ) ببینین خەیاڵمان بۆ ( بەهەشت ) و وشەی ( جەلاد )یش خەیاڵمان بۆ ( زیندان ) بڕوات …! ئێمە گوتمان / بۆ نووسینی دەقێکی نوێ دەبێت وشەکان لە ناوەڕۆکە کۆنەکان بەتاڵبکەینەوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی تازە لەنێو وشە و چەمکەکان و دەستەواژەکان دابمەزرێنین …! جا ئەگەر بێت و دەقێک ڕەتکەینەوە بە دەلیلی تەمومژاوی و نادیاری و دەرنەکەوتنی ناوەڕۆك / ئەوە دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئێمە لەبەرامبەر ڕەخنەیەکی جدی و ( لە بەرامبەر شەڕێکی فکریدا نین …! ) ، چونکە هەموو تێکستێک بریتییە لە / بونیادێکی ئیستاتیکی نێو ڕووبەر و قەوارەیەکی زمانەوانی ، هەروەک لە کتێبی ( تیۆری ئەدەبی ) تێری ئیگڵتن دا هاتووە ، ( مانای ڕستەیەک بەردەوام شتێکە لە چاوەڕوانی هاتن دایە ، واتە شتێکی دواخراو یان هێشتا چاوەڕێکراو ، ( دالێک ) واتە وشەیەک من دەداتە دەستی دالێکی تر ، ئەویش بە دالێکی ترم دەسپێرێ ، مانا پێشترەکان لەلایەن ماناکانی دواترەوە ( هەموار ) دەکرێنەوە ، سەرباری ئەوەش / کە ڕستەیەک کۆتایی دێت ، بەڵام زمان خۆی کۆتایی نایەت ، هەمیشە مانای زێتر هەیە کە مانای یەکەمی لێیەوە هاتووە…! ) ، بۆ نموونە ئەگەر بڵێین ( شادی ) مانای چییە ؟ دەکرێ بڵێین ( دڵخۆشی ) دەکرێ دڵخۆشی مانایەک بێت بۆ شادی بەڵام ، دڵخۆشیش خۆی وشەیەکە بەدوای مانایتردا دەگەڕێت ، بۆیە لەسەرەوە هاتووە ( دالێک من دەداتە دەستی دالێکی تر و ئەویش بە دالێکیترم دەسپێری …! ) ، چونکە لە بنەڕەتدا ناوەڕۆک و ماناکان کۆتاییان پێنایە ، هەروەها باکڕاوند و مەعریفەی شاعیر دەبێتە چوارچێوەیەکی تیۆریزەکراوی فیکری و فەلسەفی لەنێو ڕووبەری نادیاری دەقدا ، چونکە شاعیر لەنێو پڕۆسەیەکی داهێنان و نوێگەردا لەنێو بونیادی دەق جیهانێکی تازە و جیهانێکی تایبەت بە خۆیمان پێشکەش دەکات . دواجاریش / ئەوە خوێنەرە دەتوانێ ئەو جیهانە نوێیە و نادیارە کەشف بکات . هەروەها هەر دەقێکی شیعریش لەنێو ڕووبەرێکی نادیاردا بوونێکی کراوەو بەردەوامی هەیە .
    ——————————–

تێبینی :- بۆ نووسینی ئەم بەشەش سوودمان لەم سەرچاوانەی خوارەوە بینیوە

  • کتێبی ( بوون و داهێنان ) نووسینی / د.محەمەد کەمال
  • کتێبی ( تیۆری ئەدەبی ) نووسینی / تێری ئیگڵتن ، و / عەتا قەرەداغی
  • کتێبی ( لە دیارەوە بۆ نادیار ) نووسینی / بەختیار عەلی
  • کتێبی ( ئەفسانەی سیزیف ) نووسینی / ئەلبێر کامۆ ، و / ئازاد بەرزنجی سەرەتای ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish