Skip to Content

ئیخوان موسلیمین یان دایکی تیرۆریزمی ئیسلامیی؟ … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

ئیخوان موسلیمین یان دایکی تیرۆریزمی ئیسلامیی؟ … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by October 10, 2020 General, Opinion

سەرەنجام ئەنجوومەنی وەزیرانی میسر، بڕیاری کۆتایی لە بارەی “ئیخوان موسلیمین”ەوە دا، بڕیارەکەش بە زیانی ئەو حزبە ئیسلامییە کۆتایی هات، چوونکە بە پێی ئەو بڕیارەی حکوومەتی میسریی، ئەو رێکخراوە خرایە لیستی تیرۆرەوە، بە پێی ماددەی 86ی یاسای سزادانی ئەو وڵاتەش، هەر ئەندامێکی ئیخوان ئەستۆپاکی خۆی لەلای لایەنە پەیوەندیدارەکان تۆمار نەکات، وەک تیرۆرست مامەڵە لەگەڵ دەکرێت. لەلایەکی ترەوە ئەم بڕیارەی حکوومەتی میسر، بە ستراوەتە بە رێککەوتننامەی وڵاتانی عەرەبی لە هەمبەر تیرۆر، بەم پێیە بێت، لە 14 دەوڵەتی عەرەبی، ئیخوان وەک رێکخراوێکی تیرۆرستی مامەڵەی لە تەکدا دەکرێت. لێ ئەم بڕیارەی حکوومەتی میسر کاردانەوەی جیا جیای بە دوای خۆیدا هێناوە و رەنگبێ فەرتەنەی ئێستای میسر گەورەتر بکات، بەڵام ئەم بڕیارە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت کە هیچ حکوومەتێکی دیکەی عەرەبی نەیوێراوە توخنی بکەوێت.
لە دیدی ئێمەوە، ئەم بڕیارەی حکوومەتی میسر، ئەگەرچی قورس و سەختە و بەر هەڵچوونی زۆری لایەنگرانی ئیخوان دەکەوێت، بەڵام بڕیارێکی مێژوویی و راتسیۆناڵەیە، کردنەوەی دەلاقەیەکیشە بۆ وڵاتانی تری ناوچەکە، بە پێی یاسای دژە تیرۆر، مامەڵە لەگەڵ ئەو رێکخراوە ئیسلامییانە بکەن، هەرا و زەنای جیهاد و دامەزراندنی حکوومەتی خەلافەتیان گوێی هەموو لایەکی کپ و کاس کردووە. پێویستە ئەم هەنگاوەی میسر لەلایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی لێبکرێت، مامەداکی ئیخوان لە ماوەی یەک ساڵی دەسەڵاتی خۆیدا، لاسایی رژێمی تاڵیبان و ئێرانی کردەوە، هەقوایە بەرەی ئازادیخوازیی ناپاکيی لەگەڵ دروشمەکانی خۆیان نەکەن، ببنە فاکتۆرێکی بەهێز لە وزە بەخشین بە حکومەتی نوێی میسر لە پێنگاڤی بە تیرۆرست ناساندنی ئیخوان، هەرچەندە کاتیش زۆر درەنگ بوو بۆ ئەو بڕیارە.

پاشخانی فیکریی و مێژوویی

رێکخراوی “ئیخوان موسلمین” لە مارتی ساڵی 1928 لەلایەن “حەسەن بەننا” لە شاری “ئیسماعیلیە”ی میسر دروستکرا. ئەم رێکخراوە هەرچەند وەک گروپێکی ریفۆرمخواز خۆی نیشان دەدا، بەڵام بەشێوەیەکی پراگماتیکی مامەڵەیان لەگەڵ بەستێنە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان دەکرد، ئامانجیان دروستکردنەوەی حکوومەتی خەلافەت و گەڕانەوە بوو بۆ سەرەتاکانی ئیسلام. ئەم گروپە لەسەر بنەمایەکی بۆش دروست نەببوو، بەڵکو پەرەپێدەری ئەو تێزە ئاینییانە بوو، دەمێک بوو لەلایەن “محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب” و “ئیبن تەیمیە” فۆرمۆڵە کرابوو. لە مێژووی نزیکیشدا شێخ “محەمەد رەشید رەزا” کە قوتابییەکی هەڵگەڕاوەی “محەمەد عەبدە” بوو، لە 1911 بەدواوە زۆر تەرح و فۆرمۆڵەبەندیی لە رێگەی گۆڤاری “مەنار”ەوە پێشکەش کرد، کە یارمەتیدەری گرنگی پێکهاتن و گەڵاڵەبوونی رێکخراوێکی وەک “ئیخوان” بوو، یان بە مانایەکی تر بۆچوونەکانی ئەوان کاریگەریی زۆریان هەبوو لە گەشەکردنی بنەما فیکریی و ئاینییەکانی ئەو رێکخراوە ئاینییە سیاسییە.
حەسەن بەننا، نموونەی ئیسلامخوازێکی تەقلیدیی بوو، هیچ شارەزاییەکی قووڵی لە هەمبەر فیکری هاوچەرخی ئەو کاتەی مرۆڤایەتی نەبوو، تەنیا لە بابەتە ئاینییەکانی ئیسلام شارەزایی هەبوو، کە هەندێک جار لە کۆڕی دەروێشاندا زیکری کردووە، کە ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە پەرۆشیی “بەننا” بۆ ئیسلام لەسەر بنەمای فیکرێکی قووڵ نەبووە. “د.ماهر شەریف” دەڵێت “بەننا لە ئاوایی لەسەر دەستی مەلایەکی ئەزهەریی، ئاشنایەتی لەگەڵ ئاین پەیدا کرد، پاش چوونی بۆ خوێندنگەی سەرەتایی لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا، کۆمەڵەی –نەهی لە مونکەر-ی پێکهێنا و بەناوى ئەو گروپەوە نامەی هەڕەشەئامێز و پڕگەڤ و چاوسوورکردنەوەی بۆ ئەو کەسانە دەنووسی کە گوێیان بە باوەڕەکانی ئاین نەدەدا”.
د.ماهر شەریف، زیاتر کەسێتی “بەننا” روون دەکاتەوە و دەڵێت “حەسەن بەننا وەک رووناکبیرێکی دینداری کلاسیکی دەرکەوت، هەمیشە بێئاگا بوو لە کەلەپووری عەقڵانییەتی عەرەبی ئیسلامی و ئەندێشە و بیر و بۆچوونەکانی رۆشنفکریی ئەوروپایی. بانگەشەکەی حەسەن بەننا، کە پشت ئەستوور بوو بە ئەندێشەی ساکار و وەعزی ئەخلاقی، لە سەردەمێکدا دەستیپێکرد، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتاندا قەیرانێکی ئابووری مەترسیدار تەقییەوە و نازی و فاشیزمی تێدا دەرکەوت، لەسەر ئاستی ناوخۆشدا گیروگرفتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی وڵات دژوار ببوون و ئەزموونە پەرلەمانییەکەی میسری تێدا تووشی سەرەنگرێ ببوو”.
ئیخوان، سوودی لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی دنیا و ناوچەکە وەرگرت، توانی پەل و پۆ بهاوێژێت بۆ وڵاتانی دیکە، لە ماوەیەکی پێوانەییدا گەیشتە ئاستی رێکخراوی تۆکمە و خاوەن ناوبانگ. لێ ئیخوان هەمیشە هێزێکی ئۆپۆرتۆنیست بووە و ویستوویەتی ئامانجە راستەقینەکانی وەک تەڵیسم و بە نهێنی بهێڵێتەوە، بەڵام ئەوە لە کەس شاراوە نییە، ئیخوان لە سەرەتاوە تا ئێستا، ئامانجی گەڕانەوەیە بۆ ئاکاری ئیسلامی پێشین و دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەت. “مەجید مورادی رۆدپشتی” بەشێوەیەکی گشتیی بنەما ئایدۆلۆجییەکانی ئیخوان لەم چوار خاڵەدا کورت دەکاتەوە:
یەکەم: سەرتاپاگیریی ئیسلام و گرتنەخۆی ئاین و دنیا و بایەخی جیانەکردنەوەی نێوان ئاین و دنیا. چوونکە ئیسلام، کۆی عیبادەت و حوکمڕانی، ئاین و دەوڵەت، مەعنەوییەت و کار، نوێژ و جیهاد و قورئان و شمشێرە.

دووەم: گەڕانەوە بۆ پرەنسیپە سەرەتاییەکانی ئیسلام.

سێیەم: یەکێتی جیهانی ئیسلام چوونکە موسڵمانان، میللەتێکی یەکگرتوون، نیشتمانی ئیسلام یەک نیشتمانە.
چوارەم: حکوومەتی ئیسلامی، یەکەم و دوا ئامانجی ئیخوانە. پاشان پەرەپێدانی پرەنسیپ و بنەماکانێتی.
توندوتیژیی ئاینیی لای ئیخوان
ئیخوان یەکەم رێکخراوی ئیسلامی سیاسییە لە دیرۆکدا، پێش “حەسەن بەننا” هیچ کەس نەبووە، بەو فۆرمە کاریگەرە ئاین و سیاسەت تێکەڵاو بکات، یان بە دیوێکی تردا، “بەننا” بە دروستکردنی ئیخوان یەکەم کەس بوو، ئیسلام و کاری حزبایەتی و سیاسەتی پێکەوە گرێدا. لەم سۆنگەوە ئیخوان بە دایکی کۆی رێکخراوە ئیسلامییەکانی دیکە دادەنرێت و هەموویان لە رەحمی ئەم حزبەوە هاتوونەتە دەر. لێ هەوڵی زۆر دەدرێت ئیخوان وەک هێزێکی میانڕۆ بناسێنرێت، بەوەی بڕوای بە “جیهاد” نییە، بەڵام یەکەمین سەرەتاکانی توندوتیژیی لای ئیسلامی سیاسیی هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی ئیخوان.
حەسەن بەننا، تێکۆشانی زۆری کرد، ئەو حەدیسەی پێغەمبەر محەمەد، بە لاواز پێناسە بکات کە باس لەوە دەکات، بەرزترین پلەی جیهاد، جیهاد و رووبەڕووبوونەوەی نەفسە. بەڵکو بە پێچەوانەوە ماندووبوونی زۆری بینیوە بۆ ئەوەی پشتڕاستی بکاتەوە، بەرزترین پلەی جیهاد، بریتییە لە خەباتی چەکدارانە و شمشێر هەڵگرتن.ئەوە بۆ خۆی جێی تێڕامانە کە ساڵی 1938 ئیخوانەکان ناوی “النذير”یان بۆ گۆڤاری هەفتانەی خۆیان هەڵبژارد ناوێک کە لە ناوەڕۆکدا زۆر مانای لە خۆگرتووە، لەوانە کە سامناکترینیانە ئەوەیە، ئەم ناوە لە قورئاندا گوزارشتێکە لە پەیامی خواوەند بۆ وازهێنان لە بت پەرستی و بڕیاردان لەسەر خواپەرستی.ئەوەی ئەم بۆچوونە دەسەلمێنێ ئەوەیە، بەننا لە یەکێ لە وتارەکانیدا، تێکۆشانی حزبەکەی، لەگەڵ تێکۆشانی حەزرەتی پێغەمبەر محەمەددا بەراوورد کردووە و وای بۆچووە کە بانگەوازەکەی حەزرەتی پێغەمبەر محەمەد لە سەدەی حەوتەمی زاینیدا بۆ ئافەرۆزکردنی بتپەرستی “چاخی یەکەم” پێکدێنێ، تێکۆشانی ئیخوانیش “چاخی دووەم”ی ئەو بانگەوازەیە. *
ئیخوان و حەسەن بەننا، نەک بڕوایان بە دیتن و روانگەی ئاینی و سیاسیی جیاواز نەبوو، بەڵکو میتۆدێکی توند و تاکڕەوانەیان هەبوو لە هەمبەر هەر هێزێکی دیکە. بەننا، تەنانەت لە یەکێک لە نووسراوەکانیدا جاڕی قەلاچۆ و تەفروتوناکردنی هەموو حزبە سیاسییەکانی ئەوکاتی میسر دەدات و دەنووسێت “یەکدەنگییەک هەیە کە حزبە میسرییەکان گوناهی گەورەی ئەم نیشتمانە و بنچینەی ئەو گەندەڵییەن کە ئەمڕۆ بە ئاگرەکەی دەسووتێین. شتێکی بەڵگە نەویستە مانەوەی حزبەکان لەسەر ئەم رەوتەدا، وڵات بەسەر گروپ و تاقم و حزبی جیاجیادا دابەش دەکات و تەفرەقە دەخاتە نێو خەڵکەوە. ئیتر لێرەوە چار نییە و هەر دەبێ هەموو ئەم حزبانە لەبەریەک هەڵوەشێنرێنەوە و هێزەکانی گەل لەیەک تاکە حزبدا کۆ بکرێتەوە”. بەننا پێیوایە فرە حزبیی نیشانەیەکە بۆ بڵاوبوونەوەی تەفرەقە و ناکۆکیی لە ناو وڵاتدا، لە جێگەی دیکەش وتوویەتی “هەرچی تەفرەقە دەنێتەوە، هەرچییەک بێت، بە شمشێر لێی بدەن”.
لە بواری توندوتیژیی بەرجەستەشدا، ئیخوان لە سەرەتای چلەکانی سەدەی رابردووەوە، دەستی کرد بە چالاکی چەکدارانە، ئەمەش وا لە “مەحمود فەهمی نەقراشی پاشا”ی سەرۆک وەزیرانی ئەوسای میسر کرد لە 8-12-1948، چالاکی ئیخوان قەدەغە بکات و فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێکخراوە دەربکات. بەتایبەت کە لەو ساڵەدا ئەندامانی ئیخوان وەک چەکدار بەشدارییان کرد لە جەنگ دژی جوولەکە. هەر لەو ساڵانە ئیخوان یەکەیەکی چەکداریی تایبەتی بۆ تیرۆر و توندوتیژیی لە ژێر ناوى “تنطيم السري” یان “تنظیم الخاص” دروستکرد و لە مانگی یەکی 1948یشدا پۆلیسی قاهیرە دەستگیرکردنی کۆمەڵێک لاوی راگەیاند کە بەنهێنی مەشقیان کردووە لەسەر چەک و تەقەمەنی لە ناوچەکانی “جبل المقطم” و هاوکات 165 بۆمبی جۆراوجۆریان لەو جێگە دەستبەسەرا گرتووە و ئاشکراش بووە سەرکردەی ئەو گروپە کەسێکە بەناوی “سەید فایز”.
لە 22-3-1948 دوو ئەندامی ئەو گروپە دادوەر “ئەحمەد بەگ خەزنەدار” تیرۆر دەکەن، لەبەرئەوەی حوکمی قورسی بەسەر ئەندامانی ئەو گروپەدا داوە، پاش دەستگیرکردنی ئەنجامدەران، پۆلیس پەیوەندیی نێوان بکوژانی “خەزنەدار” و کۆمەڵەی “جبل المقطم” و دەزگای نهێنی ئیخوانی بۆ ئاشکرا دەبێت. لە 20-6-1948 هەندێک ماڵی جولەکە لە قاهیرە ئاگری تێبەردەدرێت، لە 19-7-1948 چەند فرۆشگەیەک دەتەقێنرێتەوە کە خاوەنەکانی جوو بوون. لە 15-11-1948 پۆلیس دەستدەگرێت بەسەر ئۆتۆمبیلێکی جۆری “جێب” و بەهۆی بەڵگەنامەکانی ناو ئەو ئۆتۆمبیلەوە 32 کادری گرنگی رێکخستنی نهێنی ئیخوان و لەگەڵ چەندین پیلانی تر بۆ کاری تیرۆریستی ئاشکرا دەبن، لەو کاتەدا “حەسەن بەننا” لە حەج دەبێت، بۆیە لەگەڵ گەڕانەوەی پۆلیس دەستگیری دەکات بەهۆی تێوەگلانی لەو کارە تیرۆرستیانەوە.
لە 28-12-1948 و لە هۆڵی وەزارەتی ناوخۆی میسر، ئەندامێکی ئیخوان بە بەرگی ساختەی ئەفسەرییەوە، تەقە لە “نەقراشی پاشا”ی سەرۆکوەزیری میسر دەکات و لە ئەنجامدا دەکوژرێت. لە 13-1-1949 ئەندامێکی ئیخوان بەناوی “شەفیق ئەنەس” لەرێی جانتایەکی بۆمبڕێژکراوەوە هەوڵی تەقاندنەوەی دادگای دەستپێکردنەوە دەدات، بەڵام سەرکەوتوو نابێت، دواتر تۆمەتبار دان بەوەدا دەنێت ئەندامی ئیخوانە و هەوڵیداوە دادگاگە بسووتێنێ بە ئامانجی سووتاندنی ئەو بەڵگەنامانەی کە لەسەر ئەندامانی ئیخوان لە دادگا بەرز کرابووونەوە.** ئیخوان بەم شێوەیە بەردەوام بوو لە توندوتیژیی، تەنانەت لە ساڵی 1954 لە شاری “ئەسکەندەریە” لە هەوڵێکی شکستخواردوودا ویستیان “جەمال عەبدولناسر” سەرۆک کۆماری میسر تیرۆر بکەن.
لە قۆناغی دواتر و لە ناوەڕاستی پەنجاکاندا “سەید قوتب” وەک یەکێک لە سەرکردەکانی ئیخوان، پرسی جیهاد و تەکفیر و تیرۆری ئاینیی دەباتە قۆناغێکی باڵاترەوە، تا ئەو ئەندازەیەی “قوتب” بە باوکی رۆحی تەواوی رێکخراوە ئیسلامییە جیهادیی و تەکفیرییەکانی دنیا دادەنرێت. بەم شێوەیە و لەسەردەستی “سەید قوتب” ئیخوان بووە منداڵدانی دەیان رێکخراوی تیرۆرستی کە تا ئێستاش هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی جیهان. خۆ ئەگەر ئاوڕێکیش لە مێژوو بدەینەوە، ئەوە هەمیشە ئیخوان کاتێک بێدەسەڵات بووە، باسی لە تولەرانس و پێکەوەیی کردووە، بەڵام لەگەڵ پەیداکردنی کەمترین دەسەڵات لە بچووکترین رووبەردا هەوڵی پاکتاویی ئاینیی و مەزهەبیی داوە و توندوتیژییان بەرانبەر بە خەڵکانی دەرەوەی ئیسلام “بەپێی پێناسەی خۆیان” پیادە کردووە.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەر ئەزموونی حوکمی یەک ساڵەی مورسی لە 2012-2013 سەرەتاکانی ئەم توندڕەویی و توندوتیژییە ئاینییە لە هەر لایەکی میسرەوە دەرکەوت بەتایبەت بەرانبەر قیبتییەکان. “د.نەجیب جبرائیل” راوێژکاری یاسایی کەنیسەی قیبتی، لە سەردەمی حوکمی “مورسی” بەمشێوەیە گوزارشتی لە چەوساندنەوەی قیبتییەکان کرد “قیبتییەکان لە سەردەمی مبارەک بە خراپترین شێوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کراوە، بەڵام لە سەردەمی ئێستادا، خەڵتانی خوێن کراون. لە زەمانی رۆمانییەکانەوە تا ئێستا قیبیتییەکان رووبەڕووی کارەساتی وا نەبوونەتەوە وەک ئەوەی ئێستا رووبەڕووی دەبنەوە”. بە کورتی بیۆگرافی ئیخوان لە ماوەی 85 ساڵی رابردوو، ئەوەی سەلماندووە هەر کات ئەم هێزە ئاینییە دەسەڵاتی هەبووبێ، هیچ کات نەسڵەمیوەتەوە لە بەکارهێنانی زەبروزەنگ و پیادەکردنی تیرۆری مەعنەویی و بەرجەستە لە بەرانبەر نەیارەکانی.

کۆتایی ئیسلامی سیاسیی

ئیسلامی سیاسیی، وەک چەند دەیەی پێشوو ئەڵتەرناتیڤی رژێمە سیاسییەکانی دنیای ئیسلامی نییە. خۆ ئەگەر قسە لەسەر هەڵبژاردنی میسر و تونس بێت بە دوای بەهاری عەرەبیدا، ئەوە بارودۆخەکە جیاوازە و ئیسلامییەکان توانیوە لە هەڵبژاردنێک سەرکەوتن بەدەستبهێنن کە لە نیوە کەمتری خەڵک بەشداریی تێدا کردووە، لە باشترین حاڵەتدا هێز و جەماوەری ئیسلامی سیاسیی لەو وڵاتانەش کەمترە لە 20%. ئەمە بێ لەوەی لە رووی فیکرییەوە هەرەسیان هێناوە، بەو پێیەی ناوبانگی ئیسلامی سیاسیی لە دەسەڵاتدا زڕاوە و ناتوانن شتێک لەوە باشتر پێشکەشی کۆمەڵگە بکەن کە تاڵیبان و ئاخوندەکانی ئێران پێشکەشیان کردووە.
هاشم ساڵح، لە خوێندنەوەی کتێبی “جیهاد”ی “جێڵ کێبڵ”دا ئاماژە بۆ ئەوە دەکا: فێندەمێنتالیزم شکستێکی گەورەی هێنا لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵدا، لەبەر ئەم هۆیەش ئێمە لە ئێستادا چووینەتە قۆناغی پاش فێندەمێنتالیزمەوە.. تێزی سەرەکی لە کتێبەکەی جێڵ کێبڵ بەمجۆرەیە: ئەو بزووتنەوە ئسوڵیانەی لە ماوەی چارەکە سەدەی رابردوودا لە کۆمەڵگە عەرەبی و ئیسلامییەکاندا شوێنپێی خۆیان قایمکرد و سەرکەوتنی جەماوەریی گەورەیان بەدەستهێنا، لە ئێستادا ئەستێرەی بەختیان لە ئاوابووندایە و بەرەو دواوە دەچنەوە. بەڵام ئاخۆ هۆکاری ئەمە چی بێت؟.
هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو هاوپەیمانییەی لە نێوان ئەم توێژە کۆمەڵایەتییانەدا هەبووە: بۆرژوازییەتێکی ئیماندار لە شارەکان، لەگەڵ ئەو گەنجانەی بە دەست هەژاریی و نەبوونییەوە دەیانناڵاند. هەروەها ئەو توێژەش کە لە گەڕەکە میللی و دوورە دەستەکانی شارە گەورەکانی وەکو قاهیرە و جەزائیر و دار بەیزادا دەژیان، ئەمە سەرەڕای خوێندکارانی زانکۆکان کە لە رۆشنبیرانی بزاوتە ئیسلامییە فێندەمینتالیستەکان بوون.
ئیسلامی سیاسیی وەک رەوتێکی کۆنەخواز کە هیچ شەوقێکی تیا نییە بۆ مرۆڤایەتی نهۆ، ناتوانێت وەڵامی داخوازیی و ویستی مرۆڤی هاوچەرخ بداتەوە، بەڵکو بە هەموو شێوەیەک دوژمنایەتی لەگەڵ دەکات، نموونەشمان یەک ساڵ ئەزموونی حوکمڕانیی ئیخوان بوو لە میسر. ئەو ساڵە لە حکومڕانیی ئیخوان نەک هیچ پێشکەوتنێکی بۆ میسرییەکان دەستەبەر نەکرد، بەڵکو دۆخێکی هێنایە ئارا، هاووڵاتییانی میسریی تەمەنای رژێمێکی تۆتالیتاریی وەک ئەوەی مبارەک بکەنەوە.
ئەوەی لە ئەزموونی یەک ساڵەی حکومی ئیخواندا بینیمان، شکستی پڕۆژەی ئیسلامی بوو لە دەوڵەتداریدا. تەنانەت وتەزاکەی “میشیل کیلۆ”ی بیر هێناینەوە “سیستمە کراوەکان، واتە سیستمەکانی هەڵەی شایستەی چاککردن، چاکی شایستەی هەڵەکردن، ئەمانە دەژین. سیستمە داخراوەکان واتە هەڵە تیایاندا چاک ناکرێ و چاکیش تیایاندا هەڵە ناکات. ئەمانە دەمرن. بۆیە سەیر نییە سیستمەکانی یەکەم وێڕای گیاندانی زۆر دەژین، بەڵام ئەوانەی دووەم لەکاتێکدا دەمرن کە لەوپەڕی لەشساغیدا خۆیان دەنوێنن”.

وتەیەک لە کۆتایدا

بمانەوێ و نەمانەوێ، ئیخوان منداڵدانی کۆی گروپە ئیسلامییە تیرۆرستییەکانە. ئیخوان هێزێکە لەو ساتەی دەسەڵاتی نەبێ میانڕەوە، بەڵام لە دەسەڵاتدا لە ئەلقاعیدە دەچێت. جیاوازیی نێوان ئەلقاعیدە و ئیخوان هێندەی جیاوازییەکی تاکتیکییە نیو هێندە ستراتیجی نییە. بۆیە بڕیاری بە تیرۆرست ناساندنی ئیخوان بڕیارێک نییە وەک هەندێک دەڵێن سوپرایزە و نامۆیە بە کولتووری دیموکراسیی!! لە کاتێکدا پرسیار ئەوەیە ئایا دیموکراتی شوێنی گروپی توندئاژۆ و داینەمۆی تیرۆری تێدا دەبێتەوە؟.
رەنگە خەتای ئیخوان لەوەدا نەبێ دواجار هێزێکە توندوتیژ، چوونکە هەر کات دین کرایە بزووتنەوەیەکی سیاسیی هەر ئەوەی لێدەردەچێت. “د.عەبدولڕەحمان شاکر” دەڵێت “هیچ ئاینێک نییە قسە لەسەر پاوانکردنی هەقیقەت نەکات و ئاینەکانی تر بە هەڵە یان لە خۆی بە کەمتر نەزانێ. هیچ ئاینێک نییە لە دنیادا دیموکراتخواز بێت و رێزی جیاوازیی و یەکسانی و ئازادیی هەمووان وەک یەک بگرێت. هیچ ئاینێک نییە، جیهان رادەستی پیاوانی ئاینی نەکات یان گروهێک بەرهەم نەهێنێت کە خۆیان بە نوێنەری خواوەند نەزانن و لەسەر بنەمای ئەم نوێنەرایەتییە گریمانکراوەش حوکم بەسەر ئازادیی و ژیان و بوونی کەسانی تردا نەدەن”. لەم سۆنگەوە دەتوانم بڵێم، ئیخوان ناتوانێت پەرجوو بخوڵقێنێت و لەلایەک داوای حکوومەتی خەلافەت بکات و لەلاکەی تر بتوانێ رێز لە مافی هەمووان بە یەکسانی بگرێ. ئەو دوو شتە هەرگیز پێکەوە کۆناکرێنەوە.

*فەرید ئەسەسەرد “سەید قوتب و تیۆری تەکفیری کۆمەڵ و دەوڵەت”. چاپی سێیەم، سلێمانی 2002.
**نەبەز تاڵیب “مێشکە بە مینچێنراوەکان”. چاپی یەکەم، سلێمانی 2008. لاپەڕە 403-404.

فەڕەنسا – مارسیلیا

تێبینی: ئەم وتارە چاپتەری دووەمە لە کتێبی “داعش لوتکەی تیرۆریزمی ئیسلامی” کە لە مانگی ئایاری 2015 بە چاپی کاغەز کەوتووەتە بەر دیدی خوێنەران

1-1-2014

Previous
Next