Skip to Content

خورافاتی یەکڕیزیی کورد و ئیجماعی کوردیی … کامیار سابیر

خورافاتی یەکڕیزیی کورد و ئیجماعی کوردیی … کامیار سابیر

Closed
by كانونی دووه‌م 17, 2017 General, Opinion

رامان، لە خورافاتە نەژادییەکانی کورد، لە ریتۆریکەکانی(rhetoric زمانلووسیی و زۆربڵێیی ) کوردایەتیی، مرۆڤی عەقڵانیی تووشی سەراسیمە دەکات. گەلێک، پاش ئەو هەموو شکستەی ناسیۆنالیزم، لە جیهان و لە دەوروبەرەکەیدا، پاش ئەو هەموو شکستە سیاسیی، ئابووریی، عەسکەریی و کولتوورییەی بزوتنەوە ناسیۆنالیستییەکەی( کوردایەتیی) خۆی و لەسەروو هەموویشیانەوە، بێ فیکریی و بێ مەعریفەیی کوردایەتیی، کەچیی هێشتا بەشێکی زۆر لە هێزە سیاسییەکانی کوردستانی عێراق و ئێران، نوخبە سیاسیی و رۆشنبیرییەکەی لە ئاستێکی باڵادا، دەستیان پێوەگرتووە و تەقدیسی کولتوورە ( سیاسیی و زمانیی)ەکەی دەکەن!

یەکڕیزیی کورد و ئیجماعی کوردیی، چیی دەگەیەنێت؟ پێشوەخت ئەم دوو چەمکە زۆر مەطاطیین، بە حەزیای سیاسیی و بە ئیشتیهای ئایدیۆلۆژیی، دەتوانرێ رابکێشرێن و کورت، بکرێنەوە. ئەگەر تەبایی و هاودەنگیی زۆرینەی هێزە سیاسییەکانی کورد و تاکی کورد لەئاستی سەرجەم پارچەکانی کوردستاندا، ئەژمارد بکرێت، ئەوە تێڕامان لەم تەهلوکەیە ئەوەندەی تر بەرەو هەلاکی زیاتر و شۆڕبوونەوەی زیاترت دەبات کە لە دوورونزیکەوە، پێوەندیی بە واقیعی سیاسیی ناوچەکە، پارچەکانی کوردستان و پێوەندییە( ئیقلیمییەکان و نێودەوڵەتییەکان) ەوە نییە. ئەگەریش مەبەست لێی ئەوە بێت، هەموو کوردی کوردستانی عێراق، هەموویان یەکدەنگ و یەکڕەنگ، لەبەرامبەر هێزە عێراقییەکانی تر و گەلانی عێراقدا بووەستەوە، ئەوە عوذرەکەی لە قەباحەتەکەی، خراپترە. ئەمەیان، جەوێکی شاعیرانەی نەژادیی، جۆرێک لە دەردەدڵیی، خۆڕنینەوەی عاطیفییانە، حەماسییانە و و نووسینەوەی غەزەلی شاعیرێکی راسیست ونەژادپەرستە کە وەنەوزی طائیفیی و نەژادیی، دەیباتەوە.

چۆن دەکرێ بەرژەوەندیی و مەعاناتی گەنجێکی کەلاریی و ئاکرەیی کە بەتەواویی مەحرومن لەهەموو نیعمەتەکانی نەوت، جگە لە نەفرەت، شتێکی تریان بە نصیب نەبووە، لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی نێچیرڤان بارزانیی و قوباد تاڵەبانییدا کە چەندین دەیان میلیارد دۆلاریان لە نیعمەتەکانی نەوت، بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان ، قاییم کردووە، یەکبگرنەوە؟ چۆن دەکرێ پیاوێکی پیری کەرکوکیی و بەساڵاچوویەکی باڵەکایەتیی کە هەموو ژیانیان، راونان، ماڵ سوتاندن و دەربەردەریی بووە، هەموو ژیانیان، ناسۆریی و کەمدەرامەتیی بووە، لەگەڵ مافیا پیروخەڵەفاوەکانی کوردایەتیی کە لاتترینیان خاوەنی صەدان میلیۆن دۆلارن، خاوەنی دەیان مەزرەعە، ڤێلای مۆدێرنی گرانبەها و پاڵاسی جۆراجۆرن، هەروەها خاوەنی دەیان پرۆژەی زەبەلاحی میلیارد دۆلاریین لە دەرەوەو ناوەوەی کوردستان، بەراورد بکرێن؟ بەکورتییەکەی، زۆرینەی رەهای خەڵکی کوردستان، نەک هەر مەحرومن لە نیعمەتەکانی ئەم ویلایەتە نەوتییە رەیعییە پرۆکسییە، بەڵکو ئەگەر دەرووی چوونە دەرەوەیان هەبێت، کوردستان بەجێدێڵن، ئیتر ئەم شیعاراتە ئایدیۆلۆژیی و نەژادییانە( ئیجماعی کوردیی) بەدەردی دزەکانی کوردایەتیی و تیجاڕەتە پۆغڵەکەیان نەبێت، بەدەردی کەسیتر ناخوات.

دیارە ئەم بەراوردکارییانە لە جوغزە ئایدیۆلۆژییە چینایەتییە مارکسییەکەوە نییە، بەڵكو لە جوغزی لای کەمی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و دادپەروەرییەوە، مەبەستە. چۆن دەکرێ ژنانی مەحرومی هەڵەبجە، چەمچەماڵ و ناوچەکانی شەنگال، لەگەڵ ژنانی لۆردەکانی نەوت و کچانی تاجیرە میلیاردێرەکانی کوردایەتییدا، بەرژەوەندییە نەژادیی و نەتەوەییەکانیان یەکبگرێتەوە؟ لەکاتێکدا زۆرینە، نە نیشتمانی هەیە، نە مافیشی هەیە بۆ دەیان ساڵی تر هەر بیر لەوە بکاتەوە کە نەوتی کوردستان، دەبێ بۆ هەموو خەڵکی کوردستان بێت؟ سەرەنجام چۆن دەکرێ، بەرژەوەندییەکانی زۆرینەی خەڵكی سلێمانیی و هەولێر، خەڵکی کوردستانی عێراق و پارچەکانی تر، لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی بنەماڵە قاچاغفرۆشەکانی نەوت، لە دەباشان و سەری رەش، لەگەڵ موئەسەسەی پڕ لە عەمالەتی کوردایەتیی و موبایەعەچییەکانی کوردایەتیی لەناو حیزبەکانی تردا، هەمان شت بن؟

لە یەکچوونەکانی یەکڕیزیی کورد و وەحدەی عەرەبیی

ئەم دوو تێرمە سیاسییە ( یەکڕیزیی کورد یان ئیجماعی کوردیی) لەگەڵ وەحدەی عەرەبیی( یەکێتیی عەرەبیی) و وحدة الصف العربي( یەکڕیزیی عەرەبیی)، هەردووکیان لە دوو مانیفێستی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییەوە، هێز وەردەگرن کە (کوردایەتیی و عوروبە)ن. جیاوازییەکە ئەوەیە، کوردایەتیی( پێشتر الکردیة- کوردییە بووە، وردە وردە بەهۆی زمانناسیی کولتوورییەوە، بۆ کوردییەت و سەرەنجامیش، بۆ کوردایەتیی، گۆڕاوە)، لەباری زمانیی، فەرهەنگیی، کولتووریی و سیاسییشەوە، لاسایی عوروبەی کردووەتەوە و شوێنپێی ئەوی هەڵگرتووەتەوە.

وەحدەی عەرەبیی، ئەو خورافاتە نەژادییە بوو کە قەومچییەکانی عەرەب، پێیانوابوو، گەلی عەرەب، نەتەوەی ( ئوممە)عەرەب و وڵاتە عەرەبییەکان، دەبێت یەکبگرن یان لای کەم، یەک هەڵوێست بن لەهەمبەر زایۆنیزم و هێزە کۆڵۆنیالیستەکاندا. بۆ ئەم ئەجێندایەش، پەنایان بۆ شیعاری وەحدەی عەرەبیی و تەلاحومی عەرەبیی دەبرد. وێڕای جیاوازیی سەردەم و ئاڵوگۆڕەکانی دونیای سیاسەت، کەچیی هێشتا بەهەمان میثۆد، بەهەمان مەغز و مێنتاڵیتییەوە، نوخبەکانی کوردایەتیی، مونەوەرە هەزیلەکانی کوردایەتیی و ئەکادیمستە قەومچییەکانی و سیاسییە خەڵەفاوەکانی، دەیانەوێ کورد، بەهەمان رێچکەی عوروبەدا ببەن کە چۆن کارەساتیان بەسەر نەتەوەی عەرەب و وڵاتە عەرەبییەکاندا هێنا؟ سیاسیی و نوخبەکانی عوروبە، ئەوکات درۆی ئەوەیان دەکرد کە وەحدەی عەرەبیی، هەر بەتەنیا، مەبەست لێی نەژادی عەرەب نییە، بەڵکو گەلانی (کورد و ئەمازیغیی، تورکمان و ئەفریقاییەکان) یش لەگەڵیاندا دەژیەن و ئەوانیش دەگرێتەوە.

ئەو درۆ گەورە نەژادییانەی عوروبە و قەومچییەکانی پانعەرەبیی، رێک هەمان قەوانی ناسیۆنالیزمی نەژادییە کە ئێستا نوخبەکانی کوردایەتیی دەیڵێنەوە و بە ئاشکرا درۆ دەکەن و دەڵێن، یەکڕیزیی کورد و ئیجماعی کوردیی …تاد، بۆ هەموو ئەو گەل، نەتەوە و نەژادانەن کەلەسەر خاکی کوردستان دەژیەن! لە رێگەی ئەم حەماقەتە سیاسیی و فیکرییەشەوە، دەیانەوێت بە ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی، ئاڵایەکی نەژادیی، سروودێکی قەومچەویی و نەژادیی وەکو ئەی رەقیب، بە زەبری کولتووری شاعیرانەی کوردایەتیی، بەسەر تەواوی نەژاد و سێکتە جیاوازەکانی کوردستاندا، تەعمیم بکەن وتەنانەت بە کەرایەتیی کوردایەتیی، دەیانەوێ گشتگیری بکەن بەسەر چوارپارچەی کوردستاندا( لە چوار وڵاتی جیاوازدا).

ئوممەی عەرەبیی، لە مانا مەجازیی و خەیاڵییەکەیدا، نزیکەی پێنجصەد میلیۆن عەرەب دەگرێتەوە، ئەگەر لەسەردەمی عوروبییەتی ئەمەوییەکانەوە پێیدا بێیت کە مەجازییانە( دوور لە لێکدانەوەی ثیۆریی ناسیۆنالیزم، بە مەغزا مۆدێرنەکەی) ناسیۆنالیزمی دینییان پێڕۆ دەکرد، تا گەیشتن بە یاخییبوونەکەی شەریفی مەککە، حوسێن بن عەلیی و تارکردنی عوثمانییەکان و سەرەنجامیش گەیشتن بە ‘حرکة القومیین العرب’ ، بزوتنەوەی ناصریی( ناصریزم) و عوروبەی بەعثییەکان( بە هەردوو ڤێرژنە صەدامیی و ئەسەدییەکەیەوە)، چییان بەسەر گەلی عەرەب و گەلانی ناوچەکەدا نەهێناوە؟ ئایا دەکرێ جارێکیتر، نەوەی نوێی گەلی کورد، جڵەوی عەقڵ و مەغزی خۆیان بۆ حەماقەتەکان و ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی شل بکەنەوە و رێگە بدەن، کورد بەهەمان قوڕوچڵپاوەکانی عوروبەدا، راکێش راکێشی پێبکرێت؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە، هەموو ساطیع ئەلحوصرییەکانی کورد و عەبدوڕەحمان عەزامەکانی کورد، بخرێنە کونەوە و پرۆژەیەکی نیشتمانیی، لەسەر بناغەی هاووڵاتییبوون ، چەمکی پێکەوەژیان و یەکترپەژراندن، لە دژی نەتەوەپەرستیی، نەژادپەرستیی و قەومچەوییەکانی کوردایەتیی، بهێنرێتەوە ئاراوە؟

ئەوەی کە جێگەی تێڕامانە، ئەوە هاندەران و بزوێنەرانی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی، رائیدەکان و موفەکیرە نەتەوەییەکانی عەرەب نەبوون، بەڵکو فڕانس، بریتانیاو دەسگا موخابەراتییەکانیان بوون کە نوخبەکانی “عەرەب”یان، هان دەدا بۆ ئەوەی ناسیۆنالیزمی نەژادیی و وەحدەی عەرەبیی، لەهەمبەر هەژموونی عوثمانییەکاندا، بورووژێنن. بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە خەلافەتی عوثمانییەکان بەرەو بچووکبوونەوەی زیاتر بەرن. ئێستاش دەوڵەتی تورکیا و شەخصی ئەردۆغان، سپۆنسەری سەرەکیی ئەم ویلایەتە کوردییە مورتەزیقەیە و موفەکیرە بەتاڵەکانی کوردایەتیی دەکەن کە بڕیارە لە ژێر پەرچەمی ناسیۆنالیزمی نەژادییدا، یەکڕیزیی کورد و ئیجماعی کوردیی، مۆبەڵایز بکەن. بە ئیستیحمارییەکانی کوردایەتییش، نوخبەی لیوا و فەیلەقە بەیعەتچییەکان لەگەڵ ئەکادیمیستە مێشک قوفڵدراوە نەژادییەکاندا، وەکو قازە گێژ و عەلەشیشە( قەل) خرتەکان، قیڕەقیڕ و علیوەعلیوی بۆ بکەن.

ئەگەر، بە وردیی سەیری ئەدەبییاتی سیاسیی و فیکریی حیزبی بەعث و عوروبییەکان بکرێ، خاڵیی خاڵییە لە هەر تێکستێکی فیکریی و سیاسیی کە توانای ئەوەی هەبێت بۆ چەند ساڵێک بمێنێتەوە. هەموو ئەدەبییاتی بەعثییەکان، کۆمەڵێ وتاری میشیل عەفلەق و صەڵاح ئەلبەیطارن تا رادەیەکیش زەکیی ئەلئەرسوزیی کە بزوێنەری فاشیزمی عوروبیی و قەومچەوییەتی عەرەبیی بوون. وتارەکانی عەفلەق، حیزبە بەعثییە عێراقییەکە، کۆی کردوونەتەوە و بە کتێبی کردوون و بە سەرکردەی دامەزرێنەر( القائد المٶسس)، عەفلەقی ناساندووە. مەطاع صەفەدیی(مطاع صفدي) لە کتێبی” حزب البعث: مأساة المولد ومأساة النهاية”، لە شەستەکانی چەرخی رابردوودا، زۆر بە وردیی، باسی کارەساتە سیاسیی، عەسکەریی و کولتوورییەکانی دونیای عەرەب دەکات کە بەدەستی بەعثییە شەقاوەکان و موفەکیرە بەڵتەجییەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەبییەوە، چییان بەسەرهات؟

ئەو پێیوابوو حیزبی بەعث، وڵاتی سوریا و عێراقی داگیرکرد و وەکو هێزێکی داگیرکار، مامەڵەی لەگەڵ حەڵەب، دیمەشق و بەغداددا کرد( لا ٣٦-٣٧ ). هاوکات باوەڕی وابوو کە ئەم حیزبە میلیتانتە ناسیۆنالیستییە، سەرچاوەی فیکریی، سیاسیی و تەغذییەی ثیۆریی نەبوو( لا 84)، هەروەها لە سەر روئیەی سیاسیی و جیهانبینیی، بەگشتیی پێیوابوو کە بەعثییەکان لەباری کولتووریی و ثەقافییەوە، ئەوەندە کۆڵەواربوون هەر بەگشتیی ثەقافەی سیاسییان نەبوو، ئەوەی هەیان بوو، کۆمەڵێ حیکایەتی سیاسیی، نەژادیی و وەهمی سیاسیی شەفەهیی بووە کە بەسەرپێوە( ارتجالي) بۆ بەعثییە لاوەکان، خوێندراوەتەوە یان بە هوتاف و دروشمی ئایدیۆلۆژیی، حەماسیان پێی بەرزکراوەتەوە( لا ١٨٤).

حیزبی بەعث و عوروبییەکان، بەراورد بکرێن بە حیزبەکانی رێبازی کوردایەتیی، وەکو مەنجەڵ و سەرقاپی یەکتر، بۆ یەک دەبن. کوردایەتیی، بەدرێژایی مێژووی بێفیکری خۆی، خاوەنی مەدرەسەیەکی فیکریی نەبووە. لە کۆماری کوردستانەوە، لە کاژیک و پاسۆکەوە بیگرە بۆ پارتیی و یەکێتیی، بۆ دێمۆکراتییەکانی Democratic ئێران، ، بۆ کۆمەڵەی رەنجدەران و ئاش، بۆ کۆمەڵە نەژادییەکانی کوردستانی ئێران، تەنانەت بۆ ئەو ئیسلامیی و چەپانەی، لە فەلەکی کوردایەتییدا دەسوڕێنەوە، جگە لە حەماسی شاعیرانە، دەردەڵیی- نەتەوەیی و موناجاتی نەژادیی زیاتر، شتێکیتر، بوونی نەبووە. هاوکات، سەرەتای پەکەکەش، تا ئەوکاتەی ئۆجەلان تێزە سیاسیی و فیکرییەکانی لەسەر ناسیۆنالیزم داڕشت و باوەڕی بە ناسیۆنالیزم و دەوڵەتی نەتەوەیی نەما، پەکەکەش، لە تەپۆتۆزی پاشماوە کولتووریی و ئایدیۆلۆژییەکانی کوردایەتییدا، فیکری سیاسیی دیار نەبوو.

ئەگەر عوروبە و ناسیۆنالیزمی عەرەبیی وێڕای هەموو ماڵوێرانیی و کارەساتەکانیان، بەڵام بە گشتیی دەیان موفەکیر و مونەوەری باڵادەستیان لە چەشنی ساطیع ئەلحوصریی، صەڵاح ئەلبەیطار، زەکیی ئەلئەرسوزیی،قوسطەنطین رەزیق و محەمەد دروزە …تاد، هەبووبێت، ئەوە ناسیۆنالیزمی کوردیی و کوردایەتیی، هەروەها گەلی کورد، جگە لە شینوشەپۆڕی شاعیر و رەئیس عەشیرەتی نەخوێندەوار، جگە لە غوڵام و سوخرەکێشی ( عوثمانییەکان و ئێرانییەکان)، شتێکی ئەوتۆیان نەبووە. هاوکات ئەگەر عەرەب، قائیدێکی سیاسیی و عەسکەریی وەکو شەریفی مەککەیان( حوسێن عەلیی) هەبووبێ، ئەوە لە پێش سەردەمی کۆماری کوردستانەوە تا ئەم قۆناغە( تا گەیشتن بە ناسیۆنالیزمی چەتەگەریی نەوت)، یەک سیاسیی و یەک قائیدت نییە( جگە لە ئۆجەلان کە لەبەرامبەر ناسیۆنالیزمدا ساغبووەتەوە)، نەک چوار دێڕ فیکری سیاسیی لەسەر ناسیۆنالیزم هەبێت و روئیای سیاسیی رۆشنی هەبووبێت، بەڵکو باشترین سیاسیی و نوخبە رۆشنبیرییەکانی، ئەو ئیڵیتە نەژادییە راسیستانەی لە هەندەرانیش دەژیەن، هێشتا لە کۆتوبەندەکانی موناجاتە نەژادییەکانی دڵدار و شیعرەکەی( ئەی رەقیب)، دەربازیان نەبووە و هەر بەو موناجاتانەشەوە، کە لەدوورونزیکەوە، خزمەتی کێشەی سیاسیی کورد ناکات، سەر دەنێنەوە.

لە راستییدا، لە ئاستی قوطرییدا( مەبەست لە وڵاتە عەرەبییەکانە، هەر وڵاتێک بە تەنیا)، واتە لە ئاستی هیچ وڵاتێکی عەرەبییدا، وەحدەی عەرەبیی و یەکڕیزیی عەرەبیی نە بوونی هەبووە و نەبوونیشی دەبێت. لە ئێران، هەرگیز وەحدەیەکی فارسیی نەبووە، بەڵکو پانئێرانیزم هەبووە( فارس، نەتەوە و نەژادە ئێرانییەکان، هەموویان دەگرێتەوە)، لە تورکیاش، جگە لە شۆڤینیزمێکی تورکیی، شتێک نییە ناوی ئیجماعی تورکیی و یەکڕیزیی تورکیی بێت. لە ناو خودی دەوڵەتی عێراقیشدا، شتێک نە بووە و نە دەبێت بەناوی یەکڕیزی عەرەب، ئەصڵەن ئەم یەکڕیزییە نەژادیی و نەتەوەییە هەر پێچەوانەی عەقڵی سەلیم، پێچەوانەی زۆربەی هەرە زۆری توێژینەوە سۆسیۆلۆجیی و کولتوورییەکانە کە لەسەر نەژاد و نەتەوە جۆراوجۆرەکان، کراون. ئەوە لە ئاستی قەومییدا( لە ئاستی وڵاتانی عەرەبیی بەسەریەکەوە)، لە ئاستی ئەو گەل و نەتەوانەی زمانیان، عەرەبیی، فارسیی و تورک نەژادن، شتێک، بەناوی یەکڕیزیی (عەرەب، فارس و تورک)، نەبوونی هەبووە و نەبوونی دەبێت. ئەوەی هەیە تەنیا بەرژەوەندییە و هەندێجاریش دەکرێ ناوی هاودەنگیی و هاوسۆزیی لێبنرێ.

ئەی بۆچی دەبێ بەهۆی ئیستیحمارییەکانی کوردایەتییەوە، ئێمە ‌هێشتا بیر لە تێگەیشتنێکی نەژادیی، ناسیۆنالیستیی و نەتەوەپەرستانەی وەهمیی بکەینەوە؟ خێر و باشەی ئەم یەکڕیزییە وەهمییەی کورد، ئەم خورافاتی ئیجماعە کوردییە لە چییدایە، جگە لەوەی شەرعییەتی زیاتر بدرێ بە دزە گەورەکان و مافیاکانی کوردایەتیی، بۆ ئەوەی بیزنسی زیاتر و تیجاڕەتی باشتر و سەرمایەی زۆرتر، لەسەر حەماقەتی نەژادیی و نەتەوەیی ئێمە، کۆبکەنەوە؟ لەبەرامبەریشدا، ئەوان درۆی گەورەتر، خەیاڵی شاعیرانەتر و وەهمی ئەفسووناوییترمان بۆ ریز بکەن و باسی درۆی گەورەی دەوڵەتی کوردیی و سەربەخۆیی ئابووریی …تاد، بۆ عەوام بکەن.

ئیجماعە کوردییەکەی کوردایەتییە ئۆریجناڵەکە، لەسەر ئەرضی واقیع، بەکردەوە ئەوەی نیشانی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە و جیهان دا کە خەندەق لە دژی ئیرادەی سیاسیی کانتۆنەکانی کوردستانی سوریا لێبدات. ببێ بەهێزێکی “پرۆکسی” ی بە دەستی ئەردۆغان و فاشیزمی تورکییەوە، دژی خەباتی سیاسیی و عەسکەریی گەلی کورد لە هەردوو کوردستانی ( تورکیا و سوریا)دا. هەروەها ببێ بە خانەخوێیەک بۆ ئەوەی پێشمەرگەی کوردایەتیی مورتەزیقە بە پارەی نەوتی دزراوی خەڵکی کوردستان بەکرێ بگرێت و وەکو مورتەزیقە، لە خزمەتی ئەجێنداکانی میتی تورکیادا دایاننێت.
ئیجماعی کوردییش لە ئاستی ناوخۆی کوردستانی عێراقدا ئەوەیە کە بووە بەبەشێک لە ئەجێندا و هەژموونی طائیفییانەی ( تورکیا، قەطەر و سعودییە)، سەلەفیزم بەهێز دەکات و بەناوی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردەوە، گێچەڵی طائیفیی بە شیعە دەفرۆشێ و شەڕی هەژموونی ئێران بۆ حیلفی سوننیی-عەرەبیی-تورکیی دەکات. بە کردەوەش، وەکو مەئموری خەلیفە ئەردۆغان، هاوکاریی داعشی بۆ ئێثنۆسایدی ئێزیدییەکان، کرد. ئێستاش بەکردەوە، رێگریی لە سوپای عێراق دەکات کە نابێ هێلانەی داعشییەکان و بەعثییەکان لە حەویجە تێکبدرێ، بگرە مانەوەی تا ئێستای حەویجە، لەژێر دەستی داعشدا، ئەو گوتارە ئیستیحمارییەی کوردایەتیی لێی بەرپرسیارە کە دەیەوێ لە پەنای شیعاری سەربەخۆیی ئابوورییەوە، لە پەنای دراوسێیەتی دەوڵەتی ئیسلامیی داعشەوە، درێژە بەم چەتەگەرییەی ناسیۆنالیزمی نەوت بدات و ساڵانە چەندین میلیارد دۆلار زیاتر، بچێتە سەر حیساب و پرۆژە زەبەلاحەکانی عوظەماکان و ئەولیاکانی کوردایەتیی…

سەرەنجام، خەباتی سیاسیی گەلی کورد لە کوردستانی عێراقدا، پێویستی بە کەڕەنای نەژادیی و فاشیزمی کوردایەتیی نییە. لە عێراقدا، هیچ گەل و نەژادێکی تر،هیچ دەسەڵاتێک، ستەم لە کورد ناکات، جگە لە حیزبەکانی کوردایەتیی، پارتیی و یەكێتیی، بە پلەی یەکەم و دووەم، دواتریش حەپۆلیی و بێدەنگیی ئەو حیزبانەی کە نان و رانت( رێنت=کرێ) بە مەسەلەی سیاسیی کورد و ناسیۆنالیزمی نەژادییەوە دەخۆن. لە کۆتاییشدا، ناوەڕۆکی ئەم وتارە لەم چەند دێڕەدا، کورت دەکەمەوە: پاش ٢٥ ساڵ، فەشەل بەدوای فەشەلی حیزبی کوردیی و موئەسەسەی کوردایەتییدا، پاش ئەو هەموو قەرصەنە ئابوورییەی بە سامانی نیشتمانیی کوردستانەوە دەکرێ، پاش ئەو هەموو سووکایەتییەی ئەم حیزبانە و لۆردەکانی کوردایەتیی، بە گەلی کورد و خەباتەکەی کردوویانە، هەر کوردێک باوەڕی بە ئیجماعی کوردیی، بەتایبەت، بەو میثۆدە نەژادیی و حەماقەتە سیاسییانەی کوردایەتیی هەبێت، ئەوە گومانی تێدانییە، هێشتا لە ئەشکەوتەکانی ئیستیحماری کوردایەتییدا، لە خەڵوەتی نەژادییدا، یەق دەکاتەوە.

مطاع صفدي، “حزب البعث: مأساة المولد ومأساة النهاية. بيروت: دار الآداب، أكتوبر 1964

Previous
Next
Kurdish