Skip to Content

١٦ی ئۆکتۆبەر، لە نێوان خیانەت و دیانەتدا… کامیار سابیر

١٦ی ئۆکتۆبەر، لە نێوان خیانەت و دیانەتدا… کامیار سابیر

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 15, 2020 General, Opinion, Slider


چەمکی خیانەت( treason ) چەمکێکی ئاڵۆز و پڕ ئارێشەیە لە رووی مێژوویی، سیاسیی، فەرهەنگیی، کولتووریی و مەعریفییەوە. هەر وڵات و دەسگا و ئۆرگانێک، هەر ناوەند و حیزب و کەسایەتییەک، بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، تەشریح و تەئویلی دەکەن. لێرەدا، قسەمان لەسەر ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەیە کە لە دوای ریفراندۆمە راسپێردراوەکەی دەسگای میتی تورکیاوە، خانەقین بۆ کەرکوک، تەسلیم بە هێزەکانی دەوڵەتی عێراق کرانەوە و پێشمەرگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پاشەکشەیان کرد. لە کەرکوکیشەوە بۆ شەنگال و موصڵ، پارتیی پاشەکشەی کرد. لەبەرامبەریشدا، پارتیی و ئۆردووی نەتەوەیی و نەژادیی و طائیفییەکانی کورد، هاوکات، تەواوی ئەوانەی دیانەتی کوردایەتییان، وەکو عەقیدەیەکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیایەکی ئایینیی وەرگرتووە، لێکدا لێکدا، ١٦ی ئۆکتۆبەر بە خیانەت لە قەڵەم دەدەن. بە واتایەکی تر، هەموو ئەوانەی دیانەت و مەغزی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییان، کوردایەتییە، چەند خۆ بە نەیاری پارتیی و یەکێتیی و دەسەڵاتی چەتەگەریی هەرێمیش بزانن، بە ئیرادیی و بە لائیرادیی، هەر دەکەونەوە، بەرەکەی ( پارتیی) و ئەجێندا پانتورکییەکانی ئەردۆغانەوە؟

کەمێک گەڕانەوە بۆ دواوە، باشتر یارمەتییمان دەدات تا لە ئەدەبییاتی بەتاڵی کوردایەتیی و تەواوی ئەو عەمالەتە ئیقلیمییانەی بە ناوی شۆڕشەوە کراون، حاڵیی ببین و لە جەوهەری ئەم بێ فیکریی و ئەم عەقیدە گەڕوگولە، بگەین. لە باری فیکریی و کولتوورییەوە کە تەخویین لە ناو کورددا بە گشتیی و کوردستانی عێراق بە تایبەتیی، برەوی هەیە، هۆکارەکەی ئەوەیە لە رووی فیکریی، مەعریفییە و ئەخلاقییەوە (لێرەدا مەبەست لە مۆڕەڵ= Moral ە)، رۆشنبییران، سیاسییە وردەکارەکان و نوخبە ئینتێڵێجێنسیاکانی کورد، جورئەتی سیاسیی و فیکرییان نەکردووە کە خۆیان لە قەرەی ئەم چەمکانە بدەن و سەروگوێلاکی بکوتنەوە. ئەم گرووپانە، بە درێژایی صەد ساڵی رابردووی حەرەکەی قەومیی کوردیی، هەمیشە لە تەخویین ترساون، یان تێرۆرایز کراون بۆ ئەوەی لەسەر ئەم ئەدەبییاتە رەشۆکییە، قسەیەکی جدیی، نەکەن.
هاوکات، لە باری مۆڕاڵییشەوە( لێرەدا مەبەست لە مۆڕاڵ= Morale ە)، دەکرێ بگوترێ لە کوردستانی عێراقدا، هیچ کەسێ بەلای ئەوەدا نەچووە کە پێچەوانەی ماشێنی ئەعلامیی تەخویین، بووەستێتەوە! جەخت لەوە بکرێتەوە کە مۆڕاڵ، بە ئای درێژ، مەبەست لە باوەڕبوون بە خۆ، دیسپلینی فیکریی، سیاسیی و مەعریفیی،حەماسی عەقڵانییبوون، نەهجی واقیعییبوون، رۆحییەتی تێگەیشتن، ثەقافەت و گەشبیینیی سیاسیی، دەگەیەنێت. لە کاتێکدا، مۆڕەڵ ( بە ئەی خڕ)، فەضیڵەتی ئەو بییروباوەڕەیە کە چاکە و خراپەی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی…تاد، نیشان دەدات. لە کۆنتێکستی سیاسیی و فیکرییدا، لە کوردستانی عێراقدا کە پارتیی و ماڵی بارزانیی، رابەرایەتیی حەرەکەی سیاسیی “کورد” کەوتووەتە دەستیان و ئەم بیزنسەیان قۆرغ کردووە، بە دەرەجەی یەکەم ئەم فیاسکۆ مێژووییە، بۆ فەشەلی هەمزە عەبدوڵا، ئیبراهیم ئەحمەد، تاڵەبانیی، کۆمەڵە و ئارام، نەوشیروان موصطەفا، چەپەکان و ئیسلامییەکان، دەگەڕێتەوە کە بە هەموویان، بەڵێ هەموویان بەسەریەکەوە، نەیانتوانیوە، مەشروعێکی سیاسیی و فیکریی جیاوازتر لە چەتەگەریی و عەمالەتی ئیقلیمیی-کوردایەتیی، تەبەنیی بکەن، بگرە تا ئێستایش، شەڕی ئەوە دەکەن کە کوردایەتیی ئۆریجناڵ و رەسەن، تەبەنیی بکەن! هاوکات ریفراندۆمەکەیش، سەنگی مەحەکە کە ئیسلامییەکان و چەپەکان، چۆن سەروقون، لە زێرابەکانی ناسیۆنالیزمی نەوت و سەربەخۆییە قوبرصییە ئەفسوناوییەکەدا، باسکی ئایدیۆلۆژییان، لێدەدا؟

کەرکوکمان دۆڕاند و داگییرکرایەوە! ٪٥١ی خاکی کوردستانمان لە دەست دا( کە درۆیەکی گەورەی جیۆگرافیی و سیاسییە)! ئەمانە خورافاتی ئەو مێنتاڵیتییە نەخۆش و مۆڕاڵە زەلیلەیە کە زۆربەی هەرە زۆری لایەنگرانی ناسیۆنالیزمی نەژادیی کوردیی، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، دەرخیان کردووە و دەیڵێن و دەینووسن و هەزار بارەی دەکەنەوە. مەگەر کەرکوک و شەنگال و خانەقین، بەپێی دەستوری عێراق، بە رەزامەندیی حیزبە کوردیی و سیاسییە کوردەکان، ناوچەی جێناکۆک نیین؟ بە هۆی هەلومەرجێکی عەسکەریی و هاتنی داعشەوە، هێزی پێشمەرگەی یەکێتیی و پارتیی، کۆنترۆڵیان نەکرد، دوای داعش، دەبووایە بکشێنەوە، کە بەهۆی تیجاڕەتی نەوت و بیزنسنی گەورەوە، نەکشانەوە، بە زەبری هێز، دەبێت هێزە عێراقییەکانی دەوڵەتی فیدراڵ، بە یارمەرتیی ئەمێریکا، کۆنترۆڵی بکەنەوە، وەکو کردیان. کشانەوەی هێزەکانی یەکێتیی، خراپییەکەی لەوەدا بوو، تەنسیقێکی ژێربەژێریان لەگەڵ رایەڵەکانی حکومەتی عێراق و حەشدی شەعبیی کردبوو، جورئەتیان تێدا نەبوو بە ئاشکرا، داکۆکیی لە ئیتیفاقییەی کشانەوەکە بکەن، هاوکات، جورئەتیان تێدا نەبوو، روو بە رای گشتیی و تەنانەت روو بە هێزەکانی خۆیشیان بیکەن، کشانەوەیەک بە قونە شەڕی لێرە و لەوێ، زیاتر لە سیناریۆی تێکشان دەچوو، تا بە کشانەوە دەگات و دەیان پێشمەرگەی هەژار و بێ پارەیشان، کرد بە قوربانیی، بۆ ئەوەی سیناریۆکەیان، تەمریر بکەن.

بەدەر لەوەی قیادەی پارتیی لە ژێر فشاری عێراق و ئێران و ئەمێریکادا بوو، خۆی رەزامەندیی نیشاندابوو لە کەرکوک بکشێتەوە، خۆیشی لە شەنگال کشایەوە، کەچیی دوو طەڵقە تەنوورەی پردێیان کردووە بە داستانێکی ئەفسانەیی پڕ لە فشەی عەسکەریی، گوایە ئەوان موقاوەمەتیان کردووە و یەکێتیی لە کەرکوک قوچاندوویەتی و خیانەتیان لە ریفراندۆم و دەستکەوتەکانی گەلی کورد کورد، کردووە؟ بەدەر لەوەی ریفراندۆم، خۆی لە خۆیدا، گەورەتریین خیانەتی سیاسیی و مێژوویی بوو، بە پلانی موخابەراتی ئیقلیمیی( بە تایبەتیی تورکیا)، بەڕێوەچوو، بۆ ئەوەی ئەگەر سەری گرت، کۆنترۆڵی کەرکوک لە دەست حەلیف و رەدیفەکەکانی تورکیادا بێت( پارتیی، بەرەی تورکمانیی و داعش)، ئەگەر سەریشی نەگرت، ئەوە کۆنترۆڵی کەرکوک لە ژێر دەستی یەکێتیی دەردەهێنرێت و تەسلیمی هێزە عێراقییەکان، دەکرێتەوە و باڵانسی هێز، لە هەرێم هەر لای پارتیی دەمێنێتەوە!

جەبانیی و بێ روئییەیی قیادییە کۆن و نوێکانی یەکێتیی، لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، تا ئەم ساتەیش دوو ( کادیر، نووسەر، رانتخۆر و سیاسیی) ئەم حیزبە، جورئەتیان نەکردووە، تەنانەت، وتارێک بنووسن، سێمینارێک بکەن و کۆڕێکی جەماوەریی و مێدیایی بکەن، بۆ رییزەکانی خۆیان و خەڵکی کوردستانی باس بکەن کە ١٦ ی ئۆکتۆبەر نەک هەر خیانەت نییە، بەڵکو کارێکی عەقڵانیی زۆر باش بوو کە شاری کەرکوکی لە وێرانبوون، پاراست. هاوکات، هەموو هێزی سیاسیی ئەم قیادییە نوێیانەش، بۆ ئەوەی لەو کونانە بێنە دەرەوە کە تەخویینەکانی کوردایەتییەکەی پارتیی، تێی پەستوون، ئەوەیە جوێن بە پارێزگاری کەرکوک دەدەن و قۆندەرەی منداڵە شەهید، بە حەماسی سەر مایکرۆفەوە، لە دەمی دەپەستن! هەموو ئەمانەیش، نیشانەی ئەوەیە، نە یەکێتیی، نە گۆڕان و نە هەموو نەتەوەییەکانی تری کورد، لە باری فیکریی، ئایدیۆلۆژیی و مۆڕاڵییەوە، نەک هەر جیاوازییان نییە، بەڵكو هەمان مۆڕەڵ و مۆڕاڵی پارتییان هەیە و هەمان مەکیینەی کوردایەتییان، لێ بەستراوە. بەڕاستییش، جیاوازیی یەکێتیی و پارتیی، تەنیا ئەوەیە کە وەکو دوو باندی مافیایی، کامیان زۆرتر دەدزن، کامیان باشتر عەمالەتی ئیقلیمیی دەکەن و کامیان زۆرتریین سەرمایەگوزاریی و بیزنس، لەسەر ئاییندە، گیرفان، قوت و تەندروستیی خەڵکی کوردستان، دەکەن؟

حکومەتی فیدراڵ و هێزە عێراقییەکان، مافێکی قانونیی و دەستوریی و سەروەرییە کە کۆنترۆڵی کەرکوک بکەنەوە، بە تایبەتییش پاش قەشمەرییاتی ریفراندۆمەکەی میتی تورکیا، بەڵام ئەوەی کە زۆر جێگەی ناسۆریی فیکریی و مەعریفییە، ئەوەیە کە زامەکانی ئەم جەهلە کولتووریی و سیاسییە، بەردەوام بە خوێواکی دیانەتی کوردایەتیی، زاخاو دەدرێتەوە. تەواوی مۆبە نەتەوەیی و نەژادییەکان، پێیانوایە ئەگەر کەرکوک لە ژێر دەستی دزەکانی پارتیی و یەکێتییدا بووایە، ئەگەر لە ژێر دەستی کۆمپانیاکانی پارتیی و یەكێتییدا بووایە و نەوتی کەرکوک بۆ ئەجێنداکانی تورکیا و مافیاکانی کوردایەتیی، بەگەڕ بخرایە، ئەوە شتێکی زۆر باش و موقەدەس بوو! چونکە بە دەست کوردەوەوە! بوو. بەدەست کوردی مورتەزیقەی سەر بە تورکیاوە بێت، قەیدی نییە، بەس نابێت بە دەست حکومەتێکی رەسمیی و دەستورییەوە بێت کە ناوی دەوڵەتی عێراقە و کورد خۆیشی تێیدا، بەشدارە. بەڕاستیی ئەم مەهزەلە عەقڵیی و فیکرییە بەس لە ناو ئیستیحـماری نوخبەکانی کوردایەتییدا، توانای خۆگەوزاندنی هەیە و لە هیچ کۆنتێکستێکی تردا بە زمانە بیانییەکان، جێگەی نابێتەوە کە بڵێی حکومەتی فیدراڵ، کۆنترۆڵی شارێکی کردووە، ئەوە خیانەتە، یان بگوترێ حکومەتی فیدراڵی عێراق، شاری کەرکوکی داگییر کردووە!

ئەوەی حکومەتەکەی پارتیی و ماڵی بارزانیی لەم چەند رۆژەی رابردوویشدا کردیان، بەوەی کە شەنگال، تەسلیمی هێزە عێراقییەکان دەکەنەوە و جەختیش لەوە کراوەتەوە کە لایەنگرانی پەکەکە دەبێ دەربکرێن، رێک ڤێرژنێکی نوێیە لە عەمالەتی ئیقلیمیی کە پارتیی بۆ تورکیای دەکات، بەڵام حەماقەتی سیاسیی یەکێتیی و گۆڕان و هێزەکانی تر لەوەدایە، ناتوانن بە یەک پارەگرافیش، چوار رستەی موفیدی سیاسیی و فیکریی، لەسەر ئەم رادەستکردنەوەیە بڵێن، چونکە هیچیان پێ نییە و خۆیشیان مەکیینەی کەراندنی کوردایەتییان، لێ بەستراوە.
زۆریینەی خەڵکی کەرکوک، بە کوردیشەوە، وێڕای ئەوەی پارێزگارێکی شۆڤینیی عەرەب( کە دۆستی پارتیی و تورکیایە) دەسەڵاتی هەیە، ئێستایان پێ باشترە لە سەردەمی تەقیینەوە، تێرۆرکردن و باندە مافیاییەکانی داعش، پارتیی و یەکێتیی کە لە کەرکوکدا بوون. ئەمە لە کاتێکدایە، ئەم دوو حیزب و دوو بنەماڵەیە، زۆربەی هەرە زۆری خاکی هەرێمی کوردستانیان بە ژێرخان و سەرخانەوە لەسەر کۆمپانیاکانی نزیک خۆیان، قۆرغکردووە و بە هەموو مێژووی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، ئەوەندەی دە ساڵی پارتیی و یەكێتیی، داگییرکارییان لە خاکی کوردستانی عێراقدا نەکردووە. بێ چاووڕوویی ئەمانە، بێ مۆرەڵیی و بێ مۆڕاڵیی ئەمانە، گەیشتووەتە ئاستێک، کوردستانی عێراق بە گشتیی و هەولێر و دهۆک بە تایبەتیی، بوونە بە موستەعمەرەیەکی تورکیی و لە رووی ئابووریی و عەسکەریی و ئەمنییەوە، داگییرکراون، کەچیی، هۆرەی نەتەوەییبوون، بۆ کەرکوک دەچڕن و بۆی دەکڕوزێنەوە و گاڕانێکی گەورەی ئەکادیمیی و نوخبەی هەزیلی کوردییش، لێکدا لێکدا دەڵێن ١٦ی ئۆکتۆبەر، خیانەت بوو!

سەرەنجام، ئەگەر شتێک هەبێ ناوی خیانەت بێت، ئەوە دیانەتی ئەم کوردایەتییە و تەواوی ئەو حیزبانەیە کە لەو فەلەکەدا دەسوڕێنەوە، بە درێژایی ٧٠ بۆ ٨٠ ساڵە، وێڕای ئەوەی خیانەت لە قەضییەی سیاسیی کورد دەکەن، وێڕای ئەوەی گەورەتریین بێحورمەتییان بە کەرامەتی ئینسانی کورد و قەضییەکەی کردووە، بەڵكو بیزنسی سیاسیی و ئابوورییشی پێوە دەکەن. زۆربەیان بوون بە میلیاردێر و رائیدەکانی کوردایەتییش، بە باش و خراپیانەوە، بە درێژایی چەندیین دەیەیە، عەمیل و مورتەزیقەی وڵاتە ئیقلیمییەکانن، بۆ قیادەی نوێی یەکێتییش، واقیع ئەوەیە کە خیانەت لە خەڵکیی کوردستانیش دەکەن، لە کاتێکدا خۆیان شەریکی گەورەی ئەم هەموو دزیی و تاڵانییەی حکومەتەکەی پارتیین، شەریکی فاشیلتریین و گەندەڵتریین حکومەتن لە مێژووی بەشەرییدا، وێڕای ئەوەی پارتیی بەردەوام، تەخویینیان دەکات، زۆر بە زەلیلیی و سەرکزییشەوە، نەک هەر برابچووکییان بۆ دەکەن، بەڵکو تەجسیدی بە کەڵەگاییکردن و بە سیمبۆڵکردنی ماڵی بارزانیی و پارتیی، دەکەن.

Previous
Next
Kurdish