Skip to Content

فەرهاد فەرەج کۆمۆنیستێکی شۆڕشگێڕ و نووسەرێکی تیرۆرکراو … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

فەرهاد فەرەج کۆمۆنیستێکی شۆڕشگێڕ و نووسەرێکی تیرۆرکراو … نووسینی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by October 17, 2020 General, Opinion

ئیسلامییەکان و یەکێتی هاوپەیمان بوون لە تیرۆرکردنیدا

زەبری تیرۆر لە پاش راپەڕینەوە بە پلەی یەکەم بەر چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان کەوتووە تا بە ئێستاش دەگات ئەم رەوتە هەر بەردەوامیی هەیە. ساڵی 1999 و 2000 دوو ساڵی زۆر تاریک و رەش بوو بۆ ئازادیخوازان و چەپ و کۆمۆنیستەکان، ئەوەش بە داخستنی گۆڤاری فیکریی “نڤار” دەستی پێکرد و گەیشتە تیرۆری فەرهاد فەرەج و بریندارکردنی هاوژین مەلا ئەمین و چەندان هەڵسوڕاوی چەپ تا لە تیرۆری کۆمۆنیستەکانی سلێمانی لە هاوینی 2000دا ئەم شەپۆلە سەرکوت و تیرۆرە گەیشتە دوا پلەی خۆی.
لە رۆژی 17-10-1999 هەڵسوڕاوی جەماوەریی و کرێکاریی و نووسەری کۆمۆنیست “فەرهاد فەرەج” لە ماڵەکەی خۆیدا لەگەڕەکی تووی مەلیکی شاری سلێمانی لەلایەن دوو تیرۆریستی سەر بە باڵی ئیسلاحی مەلا کرێکارەوە بە دەمانچەی بێدەنگ تیرۆر کرا. ئەمەش پاش ئەوە بوو دوو جار پێشتر هەڕەشەی تیرۆرکردنی لێکرابوو، دووەمیان نزیکەی دە رۆژ پێش تیرۆرکردنی بوو. ئێمە گروپێک گەنجی چەپ و کۆمۆنیست بووین، هەموو ئێواران لە بەردەرکی سەرا، بەرامبەر کتێبفرۆشەکان رادەوەستاین و کۆدەبووینەوە، هەمیشە گفتوگۆمان هەبوو لەسەر بابەتە سیاسیی و فیکرییەکان، هاوڕێ فەرهاد هەمیشە لەوێ ئامادە بوو، ئەو رۆژانەشی رۆژنامەکەی دەردەچوو، هەموو رۆژنامەکەیمان دەکڕی و دەخوێندەوە و گفتوگۆمان لەسەر دەکرد، لەو رۆژەوەی دووەم جار هەڕەشەی لێکرابوو، هەموو رۆژێک لەگەڵیدا دەرۆشتینەوە تاکو دەگەیشتەوە ماڵەوە، من دوو رۆژ پێش تیرۆرکردنی لەلایەن گروپێکی ئیسلامییەوە هەڕەشەی کوشتنم لێکرابوو، ناچاربووم کەمتر خۆم دەربخەم، بەڵام لە کۆتاییدا لە گەڕەکی شێخ محێدین هەوڵی تیرۆرکردنم درا و بەچەقۆ هێرشیان کردە سەرم. بۆیە دوو رۆژی کۆتایی ئاگام لە هاوڕی فەرهاد نەما، ئەوەبوو لە رۆژی 17ی ئۆکتۆبەر تیرۆرکرا و بۆ هەمیشە ئەو مرۆڤە ئازادیخواز و ماندوونەناسم نەبینییەوە.

بۆچی فەرهاد فەرەج؟

فەرهاد فەرەج ئەمین لە ساڵی 1966 لە سلێمانی لە دایکبووە، لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە تێکەڵی بزاوت و رێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستییەکانی ئەو رۆژگارە دەبێت. هەر لە رێگەی ئەو گروپە چەپانەوە خەباتی دژی رژێمی بەعس پەرەپێدەدات بەتایبەت لە دوای دامەزراندنی گروپی “یەکێتی کرێکارانی کۆمۆنیست”. لە راپەڕینی بەهاری 1991دا ئەندامی کۆمیتەکانی راپەڕین بووە و لە بزووتنەوەی شوراییدا رۆڵێکی بەرچاو و ئەکتیڤی گێڕاوە، لە ساڵی 1992 لەگەڵ دروستبوونی “یەکێتی بێکاران” یەکێک بووە لە هەڵسوڕاوە دیارەکانی ئەو یەکێتییە و تا دواجار دەبێتە بەرپرسی سلێمانی ئەو رێکخراوە جەماوەرییە زۆر کارایەی لە سەرەتای نەوەدەکانەوە رۆڵێکی بەرچاوی گێڕا لە داهێنانی نەریتی خۆپیشاندان و ناڕەزایی جەماوەریی و خەباتی راستەوخۆی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە. هاوکات لەگەڵ ئەمەدا لە بواری نووسیندا وەک رۆژنامەنووس و نووسەرێکی کۆمۆنیست جێگەیەکی دیاری هەبوو بەدرێژایی ساڵانی نەوەدەکان، لە کۆتایی نەوەدەکانەوە یەکێک بوو لە دامەزرێنەران و رابەرانی رێکخراوێکی چەپی شۆڕشگێڕ بەناوی “کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کۆمۆنیست” هاوکات سەرنووسەری رۆژنامەی “پەیرەوی نوێ”ی زمانحالی رێکخراوەکە بوو. کە ئەو رۆژنامەیە ببووە سەرچاوەیەکی رۆشنبیریی چەپ و کۆمۆنیستی بۆ گەنجانی وەک ئێمەومانان ئەگەرچی ئێمە لە حزبێکی تری کۆمۆنیستیدا هەڵسوڕانمان دەکرد.
فەرهاد لە کۆتایی نەوەدەکاندا بە خوێندنەوە نوێیەکانی بۆ چەپ و مارکسیزم، بە بەشداریی نووسین لە زۆرێک لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەوێ رۆژێدا، ببووە ناوێکی درەوشاوە و نووسەرێکی ناسراوی چەپباوەڕ. لەگەڵ ئەوەشدا بە چەندان ناوی خواستراو لەسەر چەندان پرسی جیاواز بەتایبەت لە بارەی ئاین و ئیسلامییەکانەوە دەینووسی. کۆمەڵەکەشی نزیکایەتی زۆری هەبوو لەگەڵ “کۆمەڵە”ی ئێران کە ئەوسا دابەش نەببوو، سەید برایم عەلیزادە سکرتێری بوو. کارکردن و هزر رۆشنی فەرهاد هەر سێ لایەنی یەکێتی و ئێران و ئیسلامییەکانی تووشی ترس و سڵەمینەوە کردبوو، هەربۆیە بە پلانی هەر سێ لا لە ئێوارەیەکی پایزییدا دەستی تاوانیان چووە ژیانی فەرهاد.
هۆکارەکەشی وەک وتم بۆ ئەوە دەگەڕایەوە ستایلێکی نوێی نووسینی کۆمۆنیستی و کاری رێکخراوەیی داهێنابوو بە هەموو شێوەیەک دوژمنانی ئازادیی و ژیانی لە کوردستان هێنابووە لەرز. ئەوەی بیرم دێتەوە یەکێک لەو لێکۆڵینەوانەی بوو لە گۆڤاری “هزر” لە بارەی مارکسیزمی هاوچەرخ نوسیبووی، کە من تا ئەو دەمە لێکۆڵینەوەی وا تێروتەسەل و نوێگەرم بەرچاو نەکەوتبوو. ئەمەش وای کرد نەک یەکێتی و ئیسلامییەکان، لەلایەن ئێرانیشەوە بخرێتە ژێر چاودێڕیی و لەلایەن ئیتلاعات و بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی پیلانی تیرۆرکردنی دابڕێژرێت، هەڵبەتە بە چاوپۆشیی یەکێتی لەو کردەوە تیرۆریستییە، هەروەک چۆن پارتی چاوپۆشیی کرد لە تیرۆری هەردوو رابەری کۆمۆنیست “شاپور و قابیل” کە ساڵێک پێشتر لە هەولێر تیرۆر کرابوون، هەرچەند ئەم تیرۆرە کەسانێک ئەنجامیان دا ئێستا لەناو کۆمەڵی ئیسلامی عەلی باپیردان، بەڵام لەسەر فەتوای ئەو مەلا بەشیرە تیرۆریستە بوو ئێستاکە پارتی وەک نوێنەری خۆی کردوویەتی بە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

فۆرمی تیرۆرکردنی فەرهاد فەرەج

بە گوێرەی زانیارییەکانم باڵی “ئیسلاح”ی بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی، کە باڵی مەلا کرێکار بوو لەناو ئەو بزووتنەوەیەدا، لەسەر داخوازیی کۆماری ئیسلامی ئێران، دوو تیرۆریستی مەشقێکراوی خۆیان لە هەورامانەوە رادەسپێرن بۆ ئەنجامدانی کردەی تیرۆری فەرهاد فەرەج. کە یەکێک لەو تیرۆریستانە ناوی فەرهەنگ ئەحمەد ناسراو بە “نامۆ” بوو. نامۆ جاسوسێکی دووسەرە بوو، پێشتر مفەوەزی ئاسایشی یەکێتی بووە و دواتر چووەتە ناو بزووتنەوەی ئیسلامی، دواتر بووەتە ئەندامی باڵی ئیسلاحی مەلا کرێکار و پاشتریش جوندولئیسلام و ئەنسارولئیسلام، لە ساڵی 2003 لە دوای رووداوی تیرۆرکردنی “حەمەحسێن” جێگری بەرێوەبەری ئاسایشی سلێمانی لەو کاتەدا، لەبەردەم ماڵی نامۆدا، دەستگیر دەکرێت و تائێستا چارەنووسی نەزانراوە.
بە پێی زانیارییەکانم، ئەو دوو تیرۆریستە لەناو سلێمانی لەلایەن چەند کەسێکی سەر بە مەلا کرێکارەوە رێنمایی کراون، بەتایبەت دوای ئەوەی دەمێک بوو کەوتبوونە چاودێریی هاوڕێی گیانبەختکردوو فەرهاد فەرەج. ئێوارەی رۆژی 17ی ئۆکتۆبەری 1999 ئەو دوو تیرۆریستە دەچنە بەردەم ماڵی هاوڕێ فەرهاد، لە دەرگاکەیان دەدەن، منداڵێکی خاوەن ماڵەکەیان کە هاوڕێ فەرهاد کرێچیان بووە دەرگا دەکاتەوە و وا رادەگەیەنن کە دوو هاوڕێی کۆمۆنیستی ئەون، بۆیە کە هاوڕێ فەرهاد دەچێتە دەرەوە دەیانبیێت خێرا تێدەگات، هەوڵ دەدات دەمانچەکەیان لێ بسەنێت بەتایبەت ئەوان دەیانەوێت فیشەک بنێن بەسەریەوە، بەڵام تیرۆریستی دووەم دوو فیشەکی پێوە دەنێت، یەکەمیان بەر بن باڵی دەکەوێت و ئەویتریان لە لا کەلەکەی کە گورچیلەشی دەگرێت. هەردوو تیرۆریستەکە بە ئاسانی بۆی هەڵدێن و بە بەرچاوی دەزگا ئەمنییەکانەوە دەگەڕێنەوە گوندی گوڵپ لە هەورامان.
ئەمە خۆی یەکێکە لەو بەڵگانەی یەکێتی ئاگادار بووە لە پیلانەکە ئەگەرنا چۆن ئەو دوو تیرۆریستە توانیان بەناو ئەو هەموو زاڵگە و بازگەیەی ئاسایشدا هەمان شەو بگەنەوە گوڵپ؟ یەکێکی تر لە بەڵگەکان ئەوەی یەکێتی بەشداربووە لەو کردەیەدا، کاتێک هاوڕێ فەرهاد بە برینداریی دەگەیەننە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی، هیچ دکتۆرێک لەوێ نەبووە و تەنانەت هیچ پشکنینێکی بۆ ناکەن، دوای نزیکەی دوو سەعات هاوڕێ فەرهاد گیان لە دەست دەدات، ئەوەش روون بوو کە بە فەرمانێک نەخۆشخانەکە لە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی چۆڵ کرابوو. بەڵگەیەکی تری بەشداریی یەکێتی لەو کردەیەدا، نامۆی تیرۆریست لە دوای روخانی سەدام و هەڵتەکاندنی ئەنسار لە هەورامان، لەناو سلێمانی بە دەمانچەوە هاتوچۆی دەکرد و بەردەوام هاتوچۆی ئاسایشی کردووە بەناوی ئیمزای هەفتانەوە، بەڵام ئایا کەسێک ئیمزای ئامادەبوونی هەبێت دەتوانێت دەمانچەی پێ بێت؟ تا ئەوەی لە پرسگەی ئاسایش دەمانچە دانراوەکەی بەدەستی کارمەندێکەوە فیشەکێکی لێ دەربچێت چوونکە هەمیشە لەسەر پێ بووە!! ئایا دوای ئەو رووداوە چۆن نامۆ لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکرا. بەڵام دواتر ئاسایش دەچنە سەری لە ماڵی باوکیدا، نامۆ تەقە لە ئاسایش دەکات و لە رووداوێکی تەمومژاویی “حەمەحسێن” دەکوژرێت و نامۆ دەستگیر دەکرێت و شوێن بزر دەکرێت. بەڵگەیەکی تریش لەسەر تێوەگلانی یەکێتی لەو کارە ئەوەیە هەموو کەیسی تیرۆری فەرهاد فەرەج لە پۆلیسی سلێمانی غەرق دەکرێت و بێ هیچ ئەنجامێک دادەخرێت.

بیرەوەریی ئەو رۆژانە لە دەفتەری یادداشتەکانی مندا

لە رۆژی 24-10-1999 دوای هەفتەیەک لە تیرۆری هاوڕێ فەرهاد فەرەج، لەسەر دەفتەری یاداشتی رۆژانەی خۆم ئەم دێڕانەم نووسیوە کە دواتر لە کتێبی “فلاشباک” لە لاپەڕە 67-71 بڵاوکراوەتەوە:
ئێستا کاتژمێر چواری عەسرە، دوێنێ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی دەرچووم، پاش ئەوەی سێ رۆژ لەوێ مابوومەوە، بەهۆی ئەوەی لەلایەن گروپێک لە ئیسلامییەکانەوە بە سەرپەرشتی “فەرهەنگ نامۆ” لە نزیک گۆڕستانی شێخ محێدین “پشت مۆزەخانەی سلێمانی” بە چەقۆ هێرشم کرایە سەر، لە دوو لاوە برینداریان کردم، ئەمە زنجیرەیەک رووداوی بەرنامە بۆ داڕێژراوە دژی کۆمۆنیستەکان. سێ رۆژ بەر لەو رووداوەی من، هاوڕێی کۆمۆنیستمان “فەرهاد فەرەج”ی نووسەر و سەرنووسەری رۆژنامەی “پەیڕەو” لە شەوی 17-10 ماڵەکەی خۆیدا بە دەمانچەی بێدەنگ تیرۆر کرا. تیرۆری کۆمۆنیستەکان لەهەشت ساڵی دوای راپەڕینەوە بۆتە دیاردەیە. چوونکە هەردوو لایەنی ئیسلامی و ناسیۆنالیزم، ئەجیندای چەپ بە هەڕەشە لەسەر ئایندەی سیاسیی خۆیان ئەبینن.
پێشتریش لەلایەن “فەرهەنگ نامۆ”ەوە هەڕەشەی کوشتنم لێکرابوو، کە چەندان گەنجم لە گەڕەکەکەی ئەو و ناو مزگەوتەکانەوە هێنایە دەرەوە و بە بیری چەپ و کۆمۆنیزم هزرم رۆشن کردنەوە. زیاتر لە پەنجا گەنجم تەنیا لە گەڕەکی سەهۆڵەکە و شێخمحێدین لە دەوری حەلقەکەی خۆمان کۆکردۆتەوە کە هەندێکیان زۆر چالاکن لە نموونەی هاوڕێیان “سۆزدار، خالید ئەژی، دۆستی کەمال، بەهادینە سوور، نەوشیروان، نەوزاد مام حەسەن”. ئەمانە بەشێکیان پێشتر هاتۆچۆی مزگەوتیان ئەکرد، بەڵام ئێستا لە چالاکترین کۆمۆنیستەکانن، چالاکترین خوێنەرەکانن، ئەوان سەرەتا بەهۆی منەوە بوون بە کۆمۆنیست، بەڵام هەنووکە لە خۆم چالاکتر فەعالیەتی سیاسیی و رۆشنگەریی ئەکەن. ئەوەش بووە هۆی تەقینەوەی تووڕەیی ئیسلامییەکان لە بەرامبەرم.
هۆکارێکی تریش ئەوەیە، سەرەتای ئەمساڵ کاتێ ئەندامێکی سەرکردایەتی بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی کە وا بزانم جێگری وەزیری ئەوقافیشە لە بڵندگۆی مزگەوتی “عوسمانی کوڕی عەفان” لە گەڕەکی شێخمحێدین، وتاری ئاگرینی ئەخوێندەوە بۆ سەدان هەرزەکار و تێیدا فەتوای کوشتنی کۆمۆنیستەکانی ئەدا، سەدان گەنجی بەنجکراو بە تریاکی ئاین حەماس گرتبوونی،. تیمەکەی ئێمەش بڕیارماندا بچینە ناو مزگەوتەکە و دەمکوتی بکەین، تیمەکەش پێکهاتبووین لە”عەباس، خالید ئەژی، هەڵکەوت کۆنفۆ، سۆزدار، خۆم”. بەهۆی ئەوەی کارەبا نەبوو بە پاتری ئۆتۆمبیلیش بڵندگۆکەیان خستبووە کار، دوو لۆکز هۆڵی مزگەوتەکەی رووناک ئەکردەوە، عەباس چووە ژێر دانەیەکیان، سۆزداریش چووە ژێر ئەویتر. خالید و هەڵکەوت کۆنفۆ و من چووینە نزیکی مەلاکە، کە دە دوانزە چەکداریش پاسەوانیان ئەکرد. کۆدی ئێمە ئەوەبوو کە کەوتنە هاوار هاواری تەکبیر، سۆزدار و عەباس لۆکزەکان بکوژێننەوە و ئێمەش پەلاماری مەلا بدەین.
هەر بەو جۆرە بوو کاتی مەلا وتی “ئەبێ رەگی ئەو کۆمۆنیستە مەلعونانە لە ریشەوە دەربکەین، بۆ ئەوەی بزانن ئوممەتی ئیسلام و کوردی موسڵمان قبوڵیان ناکا”. عەباس و سۆزدار خێرا پڕیان دایە لۆکزەکان و کوژاندیانەوە ئێمەش بە مشتەکۆڵە و شەق کەوتینە سەر دەموچاوی مەلا، لە هەر چوار لاوە بووە بە تێکڕژان و میلی چەک راکێشان، بەڵام بە خێرایی کارەکەمان ئەنجامدا و بەرەو دەرگای سەرەکی مزگەوتەکە هەڵاتین. کە هاتینە دەرەوە “سمکۆی تەهای سەید عەلی” کە هاوڕێمان بوو بەڵام کۆمۆنیست نەبوو، ئێمەی بینی و بەهۆی ئەوەی باوکی ئەفسەرێکی باڵا بوو، هەمیشە چەکی پێبوو، کڵاشینکۆفێکی مزەلی پێبوو کە مەخزەنی هەفتا و پێنجی لەسەر بوو، میلی راکێشا رووەو مزگەوتەکە تا ئێمە دوور کەوتینەوە، ئیتر بەو جۆرە دەرباز بووین، دواتر هەواڵمان بۆ هات کە مەلاکەمان باش وێران کردووە.
لە تۆڵەی ئەمەدا ویستیان بە چەقۆ لەناوم ببەن، “فەرهەنگ نامۆ” کە ناسیاویشمان هەیە، باشترین تیرۆریست بوو ئەو کارەیان پێ سپاردبوو، چوونکە بیرمە پێش چەند ساڵ چەندین پەیکەر و کاری تەشکیلی “شیلان”ی خوشکی شکاندبوو بە بیانووی ئەوەی حەرامە، ئەو سڵ لە هیچ توندوتیژییەک ناکاتەوە. لای کەسێکیش وتبووی گوایە من زانیاریی لە دژی ئیسلامییەکان لە رۆژنامەی “رۆژنامەنووس” لەسەر شێوەی چالاکی و شانە و رێکخستنە ئیسلامییە چەکدار و بێ چەکەکان بڵاو ئەکەمەوە. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە دوور و نزیک پەیوەندییم بەو رۆژنامەوە نییە، تەنیا ئەوە نەبێ سەرنووسەری ئەو رۆژنامەیە هاوڕێیەکی ئاساییمە. سەیرە خانەوادەی ئێمە ئەزموونێکی تاڵمان هەیە لەگەڵ ماڵی “نامۆ”! چوونکە پێش چەند ساڵیش “حەمەسوور”ی برای کە مفەوەزی ئاسایشی یەکێتییە هاتە سەر ماڵمان لەگەڵ ئەو تیمەی ماڵەکەیان پشکنین کە نیازیان وابوو خانووەکەمان لێ داگیر بکەن.!.بیرم لە شتی ناخۆش ناکەمەوە، دڵنیام رۆژێک ئێمە سەرئەکەوین، ئەوانیش وەک تیرۆریست ناویان ئەچێتە ناو چیرۆکەکانی مێژووەوە. دڵنیام کە خۆری ئێمە هەڵهات، ئەوان شەمشەکوێرەئاسا ئەچنەوە ناو تاریکایی.

دێڕە شیعرێکم هەیە ئێستا:
خۆر وەک خەنجەرێکی زێڕ جەرگی تاریکی هەڵدەڕێ
ئاسمان دوای هەورە رەشەکان روون روون ئەبێتەوە
زەوی دوای لافاو دڵی وەک خامێکی سپی پاک ئەبێتەوە
مرۆڤیش پێویستی بە خەنجەری تیژی بیرێکی رووناک و
راماڵینی هەوری رەشی کینە و لافاوی شۆڕشێکە

نووسینی: ستیڤان شەمزینی

24-10-1999

Previous
Next