Skip to Content

هەرێمی سلێمانیی، پرۆژەیەک بۆ ئینقاذی شار و ناوچەکە … کامیار سابیر

هەرێمی سلێمانیی، پرۆژەیەک بۆ ئینقاذی شار و ناوچەکە … کامیار سابیر

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 20, 2020 General, Opinion

کۆمەڵی گەنج، پرۆژەیەکیان تەبەنیی کردووە و دەستەیەکیان پێکهێناوە، بە ناوی ( پارێزگاکانی سلێمانیی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕیین)، ئەوان پێش ئەوەی پرۆژەکەیان بکەوێتە سەرپێ، کارتی تەخویین بەرەو روویان بەرزکراوەتەوە، وێڕای ئەوەی هەجوویان پێ دەکەن و بە پیاوی ئەم و ئەویان لە قەڵەم دەدەن، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری ئەو سەرنج و رەخنانەی لەسەریان هەیە، لە جوغزی ئەو کوردایەتییە چەتەگەرییەی هەرێمەوە سەرچاوە دەگرێت کە رائیدەکانی ریفراندۆم ( لە پارتیی، لە یەکێتیی، لە گۆڕان و یەکگرتوو) تەهلیلەیان بۆ دەکرد. هەروەها کەوتوونەتە بەر پرتەو بۆڵەی ئەو نوخبە نەژادیی و طائیفییەی پێیانوایە کە دەبێ سلێمانیی، سەرە رمی ئەو جیابوونەوەیە بێت کە لە عێراقی ( عەرەبیی و شیعیی)،دووربکەوینەوە.
هاوزەمان، کۆمەڵێ خەڵکی تر رەخنەی ئەوەیان لێ دەگرن، گوایە هەندێ حیزب و سیاسیی لە پشت ئەم پرۆژانەوەن( خۆیشم ئەم رایەم هەیە!)، بۆ ئەوەی دەستکەوتی شەخصیی و حیزبیی خۆیان، لە پارتیی داوا بکەن. ئەم خاڵەیان، بێ ئومێدییەکی زۆری رۆناوە، چونکە سیاسییە کاربەدەستەکانی سلێمانیی ( یەکێتیی و گۆڕان)، داوای شەراکەت و بەشی زیاتر لە دزیی و تاڵانییەکانی سامانی نیشتمانیی لە پارتیی، دەکەن. لە هەموو حاڵەتەکاندا، بەدەر لە هەندێ رەخنەی عەقڵانیی، بەشێکی بەرچاو لە مۆتیڤی ئەو کەسانەی رەخنە لە بەهەرێمبوونی سلێمانیی دەگرن، یان گێزەر و بەرژەوەندییە، یاخود عەصا سیحریی و ئافیونەکەی ناسیۆنالیزمی کوردایەییەتییە، وێڕای ئەوەی بێئومێدیی و نەمانی متمانەیش لای خەڵک، دڕدۆنگیی سیاسیی دروست کردووە. ئەهلی گێزەر، ئەوانەن کە مەصڵەحەتیان هەیە، لە دزیی و گەندەڵییەکانی هەرێم، موستەفیدن و ئەهلی جادووی ئەفیونەکەیش، ئەو نەتەوەیی و نەژادییانەن کە حەماس و شیعاراتی جەوفای ناسیۆنالیستییانە، دەیان رەتێنێت.

سلێمانیی، ئەگەر لە مێژووی نزیک بە صەد ساڵی دەوڵەتی عێراقدا، سەیری بکەین، بەراورد بە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستانی عێراق، زۆرتریین باجی سەرکێشیی، راپەڕیین و یاخییبوونەکانی داوە، بەڵام نەک هەر هیچی نەچنیوەتەوە، بەڵکو لە هەر لە بیستەکانەوە تا ئێستا و بە تایبەتییش لەسەردەمی ئاوەدانیی کۆمارییەکاندا ( لە ١٩٥٨ ەوە بۆ ناوەڕاستی هەشتاکان)، پەراوێزخراوتریین شاری کوردستانی عێراق، بووە. واقیع ئەوەیە، ئەو قوربانییانەی سلێمانیی داویەتی، لە ناعەقڵانییبوون، لە حەماسی نەتەوەیی و لە غوبنی نەژادییەوە، دراون! ئەم شارە و ناوچەکەیشی، هەمیشە بوونە بە گۆشتی بەر لوولە تۆپەکانی ئەو پرۆکسییە ئیقلیمییەی ناوی بە دڵسۆزیی! بۆ کورد، یان بۆ کوردایەتیی، لە ئەدەبی کوردییدا، رۆیشتووە. سەردەمانێک بە تایبەت لە ١٩١٨ و ١٩١٩ دا، سلێمانیی دوای تیجاڕەت و پرۆکسییبوونەکانی شێخ مەحمود کەوتبوو کە حەلیف و رەدیفی پاشماوەی عوثمانییەکان و دواتر کەمالیستەکان بوو. گەنجانی سلێمانیی و دەوروبەری دەبرد بۆ ئێران، دژی رووسەکان بجەنگێ، یان بۆ شوعەیبییە لە خوارووی عێراق، بۆ ئەوەی شەڕی ئینگلیز بکەن، هەردوو عەمالەتەکەیش بۆ تورکیای پاشماوەی عوثمانییەکان و سەرەتای ناسیۆنالیستە تورکەکانی ئیتیحاد و تەرەقیی تورکیا، بوو. بە واتایەکی تر، سلێمانیی سەردەمی شێخ، شەڕی کوفری دەکرد و نوێنەرایەتیی پاشماوەی عوثمانییەکانی دەکرد.
بە دەربڕیینێکی تر، هەموو ئەو وێرانیی و کاولبوونەی بەسەر سلێمانییدا هاتووە لە کۆتایی دەیەکان، هەروەها بیستەکان و سییەکانی صەدەی رابردوودا، باجی دەستتێکەڵکردنەکانی شێخ لەگەڵ تورکیای عوثمانیی و نوێدا، بوو. باجەکەیش، راستەوخۆ، جیۆگرافیای سلێمانیی و خەڵکی سلێمانیی، داویانە. با ورد بین، دەڵێم خەڵکی سلێمانیی، نەک هەموو کوردستانی عێراق، چونکە تەمەڕودەکەی شێخ، زۆر لۆکاڵیی و ناوچەیی بوو. بە داخەوە، تا ئەم ساتەیش هەندێ لە قەومچییەکانی کورد و ئەوانەی زۆر شانازیی بە غروری نەتەوەیی سلێمانییەوە دەکەن، ئەمەیان بە موقاوەمەتی ئینگلیزەکان و دەوڵەتی تازە دروستبووی عێراق، دەزانی. هاوکات، شانازیی بەو تەمەڕود و وێرانکارییانەوە دەکەن کە سلێمانیی، تەسلیم نەبووە! واقیع و عەقڵانییەت ئەوە بوو، تەسلیمی ئەمری واقیعی موعادەلە جیهانییەکانی دوای شەڕی جیهانیی یەکەم بووایە، زۆر زۆر شەریفانەتر بوو، لەوەی کە سلێمانیی لە لایەن تورکیای( عوثمانیی و کەمالییەوە)، بۆ ئەجێندا و هەژموونی عوثمانییەکان و کەمالیستەکانەکان، وەکو پرۆکسی، لە ئێران و لە بەصرە، دژی رووسەکان و ئینگلیزەکان، بەکاربهێنرێت.

لە چلەکان و پەنجاکانیشدا، دووبارە سلێمانیی، لە کوردستانی عێراقدا، قیبلەی نەتەوەییەکانی کورد، بوو. زۆرتریین مەغز نەژادیی و راسیستەکانی کورد بە تایبەتیی کاژیکەکان، ناووکی ئەو تەمەڕودە کوردییانە بوونە کە بۆ وڵاتانی ئیقلیمیی کراون، زۆربەی ئەم تەمەڕود، تەقوتۆق و یاخییبوونانە، کادیرەکان و نوخبەکانیان، لە سلێمانییەوە، سەرچاوەیان گرتووە. حیزبی دێمۆکراتی کوردیان( دواتر پارتی دێمۆکراتی کوردستانی-عێراق) لەناو نوخبەکانی سلێمانییەوە، دروست کرد و لەسەر صینییەکی زێڕیین، دایان بە دەستی بنەماڵەیەکی تفەنگچیی، ئاغاوات و شێخنشیینی وەکو بنەماڵەی بارزانیی کە بە قەولی نەوشیروان، هەڵاتبوو بۆ روسیا و لەوێ قەصابیی دەکرد و وازی لە کورد، هێنابوو، بەڵام نەتەوەپەرستەکانی سلێمانیی و تاڵەبانیی، چوون دەستوپێیان ماچ کرد و هێنایانەوە.
ئەم دۆخە لە شەستەکان، حەفتاکان و هەشتاکانیشدا، بە تایبەتیی نەواتی سەرەکیی کۆمەڵەی رەنجدەران لە سلێمانییەوە، سەرچاوەی گرتووە، عاقیبەتیش ئەوەی لێ دەرچووە کە پاشماوەی ئەو رێکخراو و حیزب و تەمەڕودانە، چ لە بەغداد و چ لە هەرێمی حەوشی پشتەوەی تورکیا، یەکێتیی ئێستا و( بە ئیتیفاقییەی ستراتیژیی و شەراکەتی بیزنسەوە) گۆڕانێکی گەندەڵ و موطیعی پارتیی و سەرلەقێن بۆ قائیدی ضەرورەی کوردایەتیی( م.بارزانیی) لێ کەوتووەتەوە. بەشێکی زۆری ئەم یەکێتیی و گۆڕانە، هەر ئەم نوخبە نەژادیی و ئەکادیمیستە نەتەوەییانەی سلێمانیین کە بە هەزار و یەک شێوە، پرۆژەی بەهەرێمکردنی سلێمانیی، تەخویین دەکەن، بە ئەهریمەنی دەکەن و بە خورافاتە نەتەوەییە ئایدیالییەکانی خۆیان، بە خائین و خۆفرۆش و سلێمانییفرۆش، لە قەڵەمیان دەدەن.

یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی ئەم جەهلی نەتەوەییبوونەی کورد ئەوەیە کە ئەدەبییاتە سیاسییەکەی، رەنگدەرەوەی ئەو واقیعە فیکریی و سیاسییەیە کە زۆر کۆڵەوارە. بۆ نموونە بەردەوام، چەمکە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان، تێکەڵ دەکەن. ئەمە بۆ هەموو وڵاتان و گەلانی تر ببێت، بۆ کورد، نابێت. نەتەوەیی، بوعدێکی نەژادیی هەیە و کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان دەگرێتەوە و مامەڵە لەگەڵ، چوار وڵاتی جودادا دەکەیت کە پانکوردیی دەکات. نیشتمانییبوون، دەبێ لەچوارچێوەی ئەو وڵاتەدا بێت کە پارچەی کوردستانە جیاوازەکانی تێدایە. بۆ نموونە، خورافات و جەهلی قیادییە سیاسییەکانی کۆمەڵە و ئاشیش، ئەوەبوو دەیانگوت( قۆناغ، قۆناغی رزگاریی نیشتمانییە!). رزگار دەبیت لە کێ؟ واقیع ئەوەیە کە ئەو رزگارییە نیشتمانییە، رێک بە مانای جودابوونەوە و سەربەخۆیی دەهات و دێت. لە کاتێکدا، لە پێش و پاش ئاشبەتاڵەوە، نە کۆمەڵە، نە یەکێتیی و نە هیچ حیزبێکی سیاسیی کورد( بە پارتییشەوە)، جگە لە تەوەهومات و خەونەکانی پاسۆک و کاژیک و هەندێ ئەکادیمیستی شاخشکاوی نەتەوەیی نەبێت، هیچ حیزب و کەسێک ئەوەندە ناعەقڵانیی نەبووە، نیشتمانی ئەو بەشەی پێیدەگوترێ کوردستانی جنوبیی( ویلایەتی موصڵ) بە خەونیش لە عێراق،جودا بکاتەوە و سەربەخۆیی بۆ دەستەبەر بکات( مەگەر ریفراندۆمە موخابەراتییە پڕ لە هەیەجانە قوبرصییەکەی ناو مەغزی سەرۆکی پارتیی-بارزانیی، ناعەقڵانییەتی وای بۆ ئەجێنداکانی تورکیا، کردبێت) .

کەواتە، دروست ئەوەیە، پرۆژەی بەهەرێمکردنی سلێمانیی، پرۆژەیەکی نیشتمانیی، بێت. لێرەدا دەبێت بە کامیل لۆژیک و عەقڵانییەتەوە، مامەڵە لەگەڵ نیشتمانییبوون، بکەین. نیشتمانییبوون دەبێ لەچوارچێوەی دەستور و جیۆگرافیای دەوڵەتی ئێستای عێراقدا بێت. صەد ساڵ، غوبن و نامۆیی سلێمانیی بە عێراق، صەد صاڵ موقامەوتی بێ ثەمەر، صەد ساڵ شاخ کرۆشتن و شەڕەقۆچی نەتەوەیی و دەغدەغەی نەژادیی، صەد ساڵ تەسلیمنەبوونی!!! سلێمانیی و فشەفشی نەتەوەیی، ئەم چەتەگەرییە ئابوورییەی رائیدەکانی کوردایەتیی لێ بەرهەم هاتووە و ساڵ بە ساڵیش، سلێمانیی پەراوێزتر و بێنازتر و بێ خزمەتتر دەبێت. بەم پێودانگانە، ئەوانەی لە پشت ئەم پرۆژەیەوەن، دەبێ خورافەی نەتەوەیی، شیعاراتی بەڕاقی نەژادیی و حیقدی طائیفیی( ناسیۆنالیزمی سوننیی- بابانیی- موکریانیی) کوردایەتیی، تێپەڕێنن. لەم خاڵەی دوایی و بەشێک لە مێنتاڵیتیی سیاسیی رێکخەرانی ئەم پرۆژەیە، زۆر بە گومانم.

کۆمیدیاکە لەوەدایە، هەندێ لەوانەی لەناو ئەم پرۆژەیەدان، تا دوای ریفراندۆمە موخابەراتییەکەی بارزانییش، لە کادیرەکانی پارتیی، باشتر شیروتیریان لە کێلانە (نەتەوەیی و نەژادیی و طائیفییەکان) دەردەهێنا و بە رووی عێراقی عەرەبیی و شیعییدا( بە قەولی خۆیان) رایان دەوەشاند! بێ ئەوەی دان بەو هەڵە سیاسییە ستراتیژیی و ئەو غەڵەتە ناعەقڵانیی و نالۆژیکییەدا، بنێن و داوای لێبووردن لە خەڵک بکەن، کەچیی خۆیان ترینجاندووەتە ناو ئەم پرۆژەیەوە؟ دەی بەهەمان مێنتاڵیتییەوە، دەیانەوێ چیی بۆ سلێمانیی و گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ سلێمانیی، بۆ ناعەدالییەتییە ئابووریی، سیاسییی و کۆمەڵایەتییەکانی سلێمانیی و دەڤەرەکە بکەن؟ تەنانەت، تا ئەو کاتەی داوای لێبووردن لە بەشدارییکردن و پێداهەڵدان بە ریفراندۆمی پرۆکسییدا، نەکەن، نەک هەر جێگەی گومانن، بەڵکو زیاتر دەڕۆم و دەڵێم، ئەمانە بۆ ئەوە نێردراون کە پرۆژەی بەهەرێمکردنی سلێمانیی، وەکو ریفراندۆم و سەربەخۆیی، سووک و ریسوا، بکەن.
خاڵێکی تر کە لە باری فیکریی، کولتووریی( مەبەست لە ثەقافییە) و عەقڵانییەوە، زۆر بە خراپیی لە بییرکردنەوەی هەندێ لەوانەی لەناو ئەم پرۆژەیەدان، جێکەوت بووە. لە ریکڵامەکانیاندا، بە ئاشکرا دەڵێن، پرۆژەی بەهەرێمکردنی سلێمانیی، هەوڵێکە بۆ بونیاتنانی دەوڵەتی کوردیی، ئەم بۆچوونە لە باوبژە طائیفیی و نەژادییەکەی ریفراندۆم زۆر مەترسییدارترە. هاوکات، رێکخەرانی ئەم کەمپەینە کە دێنە سەر وەصفی سلێمانیی و سیاسییەکانی سلێمانیی، بە ” کوردپەروەر” لە قەڵەمیان دەدەن! ئەها، سەیری ئەم نەفەثە سیاسییە و ئەم نەفەخە ناعەقڵانییە نەتەوەییە بکە کە بییرکردنەوەی سییەکانی صەدەی رابردووە، گوایە سلێمانیی کورد بە خێو دەکات، کورد پەروەردە دەکات! ئایا بەڕاستیی ئەم تەعبیرە لاواز و شاعیرانەیە، بە مانای ئەوە نایەت کە شارەکانی تری کوردستان، جووجەڵە، قەل و کۆتر پەروەردە دەکەن و تەنیا سلێمانیی، کوردی بە ویقار دروست دەکات! یان لە باری سیاسییەوە، مەگەر شارەکانی تری کوردستان، تێرۆریست و ئایدیۆلۆژیست و خائین بەرهەم دەهێنن؟لە کاتێکدا، سلێمانیی، کوردی نەتەوەیی خاڵیص دروست دەکات کە لە حەلەزۆنی کوردایەتییدا، بە کامی دڵی هەموو سیاسییەک، دەخولێنرێنەوە.

سەرەنجام، خەڵکی کوردستان بە گشتیی و سلێمانیی بە تایبەتیی، ئەوەندە لە سیاسییە گەندەڵەکانی شاخ و دزەکانی کوردایەتیی، پڕن، خوازیارن سەر بە شەیطان بن، نەک سەر بە هەرێمی موخابەراتی تورکیا بن. تەوەقوعی خەڵک پێش تەوەقوعی نوخبە سیاسیی و رۆشنبییرییەکان کەوتووە و هەر ئێستا، لە بێ دەرەتانیی و بێ ئاسۆییدا، بۆ گەڕانەوەی کەرامەتی ئینسانی کورد، کاظمییان لە سیاسییەکان و حیزبەکانی سەر بە بارزانیی، تاڵەبانیی و نەوشیروان، پێ باشترە. بەهەرێمکردنی سلێمانیی، جورئەت دەدات بە کەرکوک و هەولێر و دهۆکیش لە ئاییندەی نزیک و دووردا، بییر لە بە هەرێمکردنی شارەکانیان بکەنەوە و تەنانەت من تا رادەی هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی دڵخوازی موخابەراتی ئێرانیی و تورکیا( حکومەتی هەرێم) دەڕۆم و فیدراڵیی لەسەر ئەساسی پارێزگاکانی عێراق، دابڕێژرێتەوە. هەر وەهمێکی نەتەوەیی و نەژادییش لە پشت ئەم پرۆژەیەوە بێت ئەوە فەشەلێکی ئەوەندە قورس دووچاری دەبێتەوە کە باجە سیاسیی و ئابوورییەکەی، خەڵکی سلێمانیی، بۆ دەیان ساڵی تریش دەبێت بیدەنەوە. بە پێچەوانەوە، دەبێ ئەم پرۆژەیە، زۆر بە جەرائەت و بەرچاوڕۆشنییەوە، روئییەی سیاسیی کورت مەودا و دوور مەودای بۆ ئینقاذی شاری سلێمانیی لە دەست دوژمنە سەرەکییەکانی کە دز و مافیا و شۆڕشگێڕەکانی کوردایەتیین، هەبێت.

کامیار سابیر

Previous
Next
Kurdish