Skip to Content

دیموکراسی و واقیعى ئەمڕۆى کوردستان نمایشێکى مەیدانى … نووسینی: ستیڤان شەمزینی..

دیموکراسی و واقیعى ئەمڕۆى کوردستان نمایشێکى مەیدانى … نووسینی: ستیڤان شەمزینی..

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 24, 2020 General, Opinion

دواى کۆتایى هاتن بە جەنگى سارد و لە ئاکامدا سەرکەوتنى ئەمەریکا و کامپى کاپیتالیزمى خۆرئاوا بەسەر یەکێتى سۆڤێت و ئۆردوگاى سۆشیالیستى رۆژهەڵاتدا، هیچ چەمک و دەستەواژە و مەقولەیەکى سیاسیى نییە هێندەى دیموکراسییەت قسەى لەبارەوە کرابێ و بووبێتە جێگەى مشتومڕ و توێژینەوە و شیتەڵکاریى لەلایەن ناوەندە فیکریى و ئەکادیمییەکانەوە، ئەمەش هاوکات بوو لەگەل دەستپێکردنى دنیاى تاک جەمسەریى خۆرئاوایى “ئەمەریکیی”. بەڵام بیرمەندى ناسراوى ئەمەریکیى بە رەگەز ژاپۆنى (فرانسیس فۆکۆیاما) لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (کۆتایى مێژوو و دواین مرۆڤ- النهایە التاریخ و خاتم البشر) زیاد لە هەمووان پێداگریى لەسەر دیموکراتییەت کرد تا ئەو راددەیەى مژدەى ئەزەلیبوونى دیموکراسییەتى دا و واى تێبینى کرد بە رووخانى کۆمۆنیزم مێژوو پێ دەنێتە خاڵى پایان و کۆتایى خۆى و دیموکراتییەت و لیبرالیزمى خۆرئاواش تاکە سیستمى سیاسییە یاخۆ دواهەمینیانە کۆمەڵى مرۆڤایەتى پێى گەیشتووە.
دیموکراسییەت چ وەک چەمک وەک زەمینەیەکى کولتووریى و کۆمەڵایەتی هێشتا قسەى جیددى لەبارەوە دەکرێ و چەندین فەیلەسوف و بیرمەندى جیا جیا بە تێڕوانین و ئایدۆلۆژیاى جیا جیاوە کاریان لەسەر دیموکراسییەت کردووە و شیتەڵکاریى و راڤەى جیاوازیان بۆ کردووە، بەڵام هیچکامیان نەگەیشتونەتە پێناسەیەکى رەها و تەواو بۆ ئەم چەمکە چوونکە بە تێپەڕبوونى زەمەن گۆڕانى بەسەردا دێت و لە یەک چوارچێوە و قاڵبى دیاریکراو قەتیس ناکرێت. ئەمڕۆش لە کوردستان یەکێک لەو چەمکانەى تەواوى هێزە سیاسیی و پارتە کوردییەکان ئیدعاى بۆ دەکەن دیموکراسییە. زۆربەى پارت و رێکخراوە کوردییەکان دیموکراسییان کردۆتە دروشمى خۆیان لە پال دروشمەکانى ترى وەک مافى مرۆڤ و دادپەروەریى و ئازادیى کە دەکرێ هەموو ئەوانى دوایى لەنێو دیموکراسییەتدا کۆ بکرێنەوە. ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانى کورد زیاد لە هەموو شتێک بە دیموکراسییەتدا هەڵدەدەن و ئەم ئەزموونە پڕ کەموکورتییەى باشوورى کوردستان بە ئەزموونێکى نوێى دیموکراسى نەک هەر لە عێراقدا بەڵکو لە هەموو ناوچەکە ئەژمار دەکەن! هەر ئێستاش کورد خۆى بە دۆست و تەواوکار و هاوپەیمانى وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا دەزانێت کە نموونەیترین جۆرى دیموکراسییەت لەلاى ئەوان گەشەى سەندووە.
بۆیە بەشێک لە چاودێرانى سیاسیى وای دەبینن کاریگەریى دیموکراسییەتى ئەمەریکا دەگاتە کوردستان و تیشک و شەبەنگى ئەم دیموکراسییەتە عێراقێکى نوێ دروست دەکات کە عێراقێکى جیاوازە لە رابردوو و دەبێتە نموونەى دیموکراسییەت لە رۆژهەڵاتى نێویندا. بەڵام هێشتا نازانرێت ئایا جەمسەرى دیموکراتى بە خاترى بەرژەوەندییەکانى خۆى لە عێراقدا دیموکراسی پشتگوێ دەخات یان نا؟، ئەوەى ئێستا هەستى پێ دەکەین ئەوەیە ئەمەریکا مساوەمە و سازش دەکات لەگەل مەرجەعە ئاینییەکان و سەرەک خێل و کۆنە بەعسییەکان، بێ شک ئەم سێ گروپە دوژمنى پاشەڕۆژى دیموکراسین لە عێراقدا. رەنگە لەم حاڵەتەدا کورد نەتوانێت سوودمەند بێ لە و پڕۆژە دیموکراسییەى ئەمەریکا بەناوییەوە هاتۆتە ناوچەکەوەـ ئەویش پڕۆژەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى گەورەیە. جارێکى تر ئەمە وانەیەکمان فێرمان دەکات کە پێویستە لە نێوخۆ بەرەو دیموکراسی هەنگاو بنێین نەک چاوەڕوانى هێزێکى دەرەکى بین کە بۆ پاراستنى بەرژەوەندییە تایبەتەکانى خۆى چاو لە هەموو جۆرە دیکتاتۆریەتێک دەپۆشێت.
دیموکراسی چییە؟
لە حەقیقەتدا هەر هەوڵێک بۆ پێناسەکردنى شتێک یان چەمکێک هەوڵێکە بۆ لە قاڵبدان و لە چوارچێوەنانى ئەو چەمکە لە یەک رەهەند و سیاقى دیاریکراودا، ئەگەر پێناسەمان بۆ هەموو شتێک هەبێت ئەوا هەڵەیەکى کوشندەیە ئەگەر بمانەوێت دیموکراسییەت لە پێناسەیەکى دیاریکراودا لە قاڵب بدەین، چوونکە لە بنەماوە یەکێک لە ماناکان و کارکردەکانى دیموکراسییەت بریتییە لە تێکشکاندنى قاڵب و چوارچێوە دروستکراوەکان. بەڵام ئەگەر بمانەوێت لە چەند گۆشەنیگا و رەهەندێکەوە لە دیموکراسییەت بڕوانین و تا راددەیەکیش پێى ئاشنا بین ئەوا:
ا- لە رووى زاراوەوە دیموکراسییەت وشەیەکى لێکدراوە و لە دوو بڕگەى سەرەکى پێکهاتووە: (Demos)+ (Kratia) کە بە مانا گریکییەکەى بە دەسەڵاتى گەل هاتووە. لەم بارەیەوە (د.ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام) دەڵێت” دیموکراسییەت لە لاى یۆنانییەکان دەستى پێکردووە و وشەکە لە رووى زمانەوە بنەچەکەى خۆى لە دەستنەداوە (Demos) واتە گەل و (Kratia) واتە فەرمانڕەواییە، وشەکە بە ماناى فەرمانڕەوایى هەموو گەل نەک فەرمانڕەوایى توێژێک یان چینێک یان کەرتێک دێت”، بەڵام ئەو جۆرە دیموکراسییەتەی لە ئەسیناى بەر لە زاین سەرىهەڵداوە بێ خەوش و کەموکورتى نەبووە و بە پێى پێوانە دیموکراسییەکانى ئەمڕۆ جێگەى رەخنە و لەسەر وەستان و هەڵوێستەکردنە، (د.ئیمام عەبدولفەتاح ئیمام) کەموکوڕییەکانى دیموکراسیەتى کۆمەڵگاى ئەسینا لەم خاڵانەدا دەستنیشان دەکات.
1-چەمکى گەل بەشێوەیەکى راست دیارینەکراوە، بەڵکو مەبەست لە گەل تەنیا ئەسیناییەکان بووە و بیانییەکان و کۆیلەکان و ژنانى لـێ هەڵاوێر کراوە، دواتر دەبینین مرۆڤایەتى پێویستى بە چەند سەدە هەبووە بۆ راستکردنەوەى ئەم هەڵە تێگەیشتنە.
2-ئازادیى کەسایەتى (ئازادیى هاتوچۆ- مافى ئاسایش) دەستەبەر نەکراوە، پێشتریش باسمان لەوە کرد چۆن هاووڵاتى دوور خراوە لەبەر ئەوەى خزمەتى باشى پێشکەش بە گەل کردووە و خەڵکیش هۆگریى خۆیان بۆ نیشان داوە تەنیا لەبەر ئەگەرى زۆرداربوونى لە کاتى گرتنە دەستى فەرمانڕەوایدا.
3-ئازادیى تاک بە ماناى وردى (ئازادیى بیروڕا- خاوەندارێتى) بوونى نەبووە، چوونکە دەوڵەت بە تەواوەتى دەسەڵاتى بەسەر تاکەکاندا سەپاندبوو، دەبوایە تاک بڕوا بە ئاینى دەوڵەت بێنێت، هەروەها دەبوایە موڵکەکان و سامانى تاک لە ژێر دەسەڵاتى دەوڵەتدا بووایە.
بۆیە دەبینین دواى تێپەڕبوونى چەند سەدە لە گەشەکردنى فەلسەفە و ژیار، کۆمەڵى مرۆڤایەتى هەنگاوى نا بەرەو راستکردنەوەى هەڵەکانى ئەو جۆرە دیموکراسیەتە و توانى بەرەو تێپەڕاندنى کەموکوڕییەکانى پێشڕەویى بکات. زۆرێک لە تۆژەران و بیرمەندان لەو بڕوایەدان ئەو شێوە کرانەوە و دیموکراسییەى لە کۆمەڵگاى یۆنانى ئەو کات هەبووە بە پێودانگە دیموکراسییەکانى ئەمڕۆ جۆرێک نەبووە لە دیموکراسییەت. لەلایەکی تریش زاراوە و چەمکی دیموکراسی رەگوڕیشاڵى بۆ مێژووییەکى زۆر کۆن دەگەڕێتەوە، بەڵام دەتوانین بڵێین دیموکراسی هەڵقوڵاو و لە دایکبووى منداڵدانى مۆدێرنێتەیە. هەروەک بیرمەندى ناسراوى عەرەبى (جۆرج تەرابیشى) دەڵێت “دیموکراسیەت وەک چەمک چەمکێکى کۆنە، بەڵام وەک فیکرە، فیکرێکى نوێیە کە مۆدێرنێتى خولقاندوویەتى و دەبێت بە رۆشنبیرێتى سیاسیى مۆدێرنێتى لە قەڵەمى بدەین”. فۆکۆیاماش لەو قەناعەتەدایە تا ساڵى 1776 دیموکراسیەت لە هیچ شوێنێکى دنیادا بوونى نەبووە.
هەروەها نابێت رۆل و کاریگەریى شۆڕشى 1789ى فەڕەنسامان لە بیر بچێت کە کاریگەریى و قورسایى ئەم شۆڕشە سنوورەکانى فەڕەنساى تێپەڕاند و بووە سەرەتایەکى نوێ بۆ توڕهەڵدانى سیستمى چەوسێنەر و ئیستبدادیى دەرەبەگایەتى و کردنەوەى دەرگا لە بەردەم دیموکراسی و هاووڵاتیبوون و مافەکانى مرۆڤدا. (د.سەعد بەشیر ئەسکەندەر) دەربارەى شۆڕشى فەڕەنسى دەڵێت “شۆڕش بۆ یەکەمین جار لە وڵاتێکى پان و بەرینى پڕ دانیشتواندا -نزیکەى 23 ملیۆن فەڕەنسى- بناغەى رژێمێکى کۆماریى دامەزراند و پرۆسەى دیموکراتیزەکردن بەخێرایى بەڕێوە چوو، بەشێکى بەرچاوى دانیشتوان بە جۆرێکى وا لە توانا و مافە سیاسییەکان بەهرەمەند بوون لە مێژوودا وێنەى نەبینرا بوو”.! هەرچەند شۆڕشى فەڕەنساش بێ خەوش و بێگەرد نەبوو، بەڵکو تژى بوو لە توندوتیژیى و تیرۆر، یاکۆبییەکان وەک گروپێکى توندوتیژ و توندڕۆ بەها جوانەکان و دەسکەوتە دیموکراسییەکانى شۆڕشەکەیان لەکەدار کرد، بە راددەیەک زۆرێک لە کوڕە چالاک و پێشەنگەکانى شۆڕش برانە بەردەم میقسەڵەکەى شۆڕش!!، لە کاتێکدا هەر بەو میقسەڵەیە سەرى لویس و مارى ئەنتوانێت پەڕێندرابوو، هەر لێرەوە تێزى شۆڕش کوڕەکانى خۆى دەخوات سەر دەردەهێنێت و دەردەکەوێت.
خودى (رۆبسپێر) یەکێک بووە لە شۆڕشگێڕەکان و سەرکردەکانى شۆڕش، لە هەمان کاتدا سەدان کەسى لە شۆڕشگێڕان بەناوى بەرگریکردن لە بەهاکانى شۆڕش خستە بەردەم میقسەڵەکەى شۆڕش کەچى هەر خۆى بە هەمان میقسەڵە سەرى لە لاشەى جوێ کرایەوە. سەربارى هەموو ئەم کەموکورتییانە کەچى شۆڕشى فەڕەنسا دەروازەیەکى گرنگى گەشەکردن و پەخشبوون و جێکەوتەبوونى دیموکراسى و هاووڵاتیبوون بوو. لێرەوە دەگەینە ئەو قەناعەتەى دیموکراسی بە تێپەڕبوونى کاتێکى زۆر و گەشەکردنى شارستانێتى و لایەنە جۆرا و جۆرەکانى مەعریفە گۆڕانى بنەڕەتى و ریشەیى بەسەردا هاتووە و رەهەندى فراوانترى وەرگرتووە لەو سیاقە بەرتەسکەدا نەماوەتەوە سەرەتا هەیبووە. “جارێکى تر بڕوانن بۆ کاروانى گەشەکردن و گۆڕانکارییەکانى دیموکراسى لە شۆڕشى فەڕەنساوە هەتاوەکو ئێستا”.
ب- دیموکراسییەت زەمینەیەکە بۆ قسەکردن و خۆ تەرحکردنى هەموو ئاڕاستە جیاوازەکان. سیستمێکە هەموو دید و بۆچوونە هاودژەکان بەشێوەیەکى ئاشتەواییانە لە کۆمەڵگەدا کاردەکەن و پڕۆژە و ئەجیندا و پلاتفۆرمى سیاسیی و فیکریی خۆیان پێشکەش دەکەن. لێرەدا هەر کەس و گروپ و ئاڕاستەیەک بەبێ ئەوەى هیچ دامەزراوە و دەزگایەک هەڕەشەیان لـێ بکات یان چاویان لـێ سوور بکاتەوە کارەکانى خۆیان ئەنجام دەدەن و لە زەمینەى دیموکراسیەتدا درێژە بە بوون و پڕۆژەکانیان دەدەن، بە مانایەکى تر کۆمەڵگەى دیموکراسى، کۆمەڵگەی جیاوازییە و لە کۆمەڵگەیەک جیاوازیى و فرە ئاڕاستەیى بوونى نەبێ ئەوا بێ سێ و دوو لێکردن کۆمەڵێکە لە ئۆقیانووسى دیکتاتۆریەتدا غەرق بووە. جیاوازبوونیش بەشێوەیەک ئازادیى هەبێت بۆ تەعبیرکردن لە خۆ و لە بۆچوونەکانى خۆ، بەو جۆرەی ڤۆڵتێرى فەیلەسوفى مەزنى فەڕەنسا دەڵێت “رەنگە من جیاواز بم بە را و بۆچوونەکەت، بەڵام ئامادەم گیانم بەخت بکەم لە پێناوى دەربڕینى راکەت”. ئەمەیە رۆحى دیموکراسیەتى راستەقینە کە لە دەرەوەى شێوە بیرکردنەوەى خۆت مەودا و پانتایى بکەیتەوە یان بە رەوای بینینى لەبەردەم هەموو ئەوانى تردا خۆیان تەرح بکەن و ئازادانە گوزارشت لە بیر و بۆچوون و راکانیان بکەن و لە هەناوى کۆمەڵگەدا کار بۆ ئامانجەکانیان بکەن.
ج- دیموکراسییەت زەمینەیەکە ئازادیى و ماف بۆ کۆى شەریحە و چینە کۆمەڵایەتییەکان دابین دەکات ئەمەش لە رێگەى رێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنییەوە، لە واقیعیشدا بەبێ بوونى رێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى دیموکراتی بەتال دەبێتەوە لە مانا رەسەنەکەى خۆى و دەبێتە دیکتاتۆریەتى زۆرینە بەسەر کەمینەدا. لە کۆمەڵگەیەکدا رێکخراوە مەدەنى و دیموکراتییەکان رۆڵ و ئەرکیان نەبێ یان رێیان لێ بگیرێ کار بکەن و ببنە گروپى فشار و نەواتى کۆمەڵى مەدەنى ئەوا کۆمەڵگەیەکە لە دەریاى دیکتاتۆریەتدا مەلە دەکات و هەموو پەنجەرەکانى ئازادیى تێیدا داخراون. لە کوردستانیش هەرچەندە رێکخراوەکان بوونیان هەیە، بەڵام لە بارى رۆڵ و کاریگەرییان لە کۆمەڵگەدا هیچیان پێ نەکراوە و گرێدراوى دەستى حزبەکانن و لە قەیرانى پاشکۆبوون دەرنەچوون، ئەمەش بەڵگەیەکە بۆ وەهمیبوونى دیموکراسیەت لە کوردستاندا.
بۆچى دیموکراسی؟
پرسیارێکى گرنگ دەکرێ لێمان بکرێ ئەوەیە بۆچى دیموکراسی؟ ئایا بۆ دەبێت دیموکراسیەت بکەینە ئامانج؟ لەبەرئەوەى سەرکەوتنى بەدەستهێناوە؟ یانژی لەبەر ئەوەى سیستمێکە دەتوانین لە سایەیدا زۆرترین ماف و ئازادیى بەدەستبهێنین؟ بەڵام ئێمەى کورد بۆ دیموکراسیەت قبوڵ دەکەین یان تا چ ئەندازەیەک دەرەنجامى ئەرێنى لە ژیانى ئێمەى کورددا هەیە؟.
ا- دیموکراسی توانى سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بەسەر هەموو مۆدێلە کۆماریى و سۆسیالیستى و ئاینیى و تۆتالیتارییەکانى تردا ئەمەش لە رێگەى ئەو ئازادییە بەربڵاوەى لەم سیستمەدا بۆ مرۆڤ دەستەبەر کراوە و بوارى لەبەر دەم دەکاتەوە ئازادانە گوزارشت لە مرۆڤبوون و ممارەسەى ئارەزوو و مافەکانى خۆى بکات. هەروەک (فۆکۆیاما) دەڵێت “بەڵام سەرکەوتنى دیموکراسیەت و بڵاوبوونەوەى بەخێرایى پێشبینى ئەوە دەکات بنەماکانى ئازادیى و یەکسانى کە لەسەرى دروست دەبێت رووداوى هەڕەمەکى یان بەرهەمى لاسەنگى و توندڕەویى نییە، بەڵکو لە واقیعدا ئاشکراکردنى سروشتى مرۆڤە وەک مرۆڤ کە تێکڕاى راستگۆیى و یەکڕوویى لەگەل خۆیدا زیاتر دەبێت بە هاووڵاتییەکى جیهانى…). دیموکراسیەت توانى زۆرترین ماف و دەستکەوت بۆ مرۆڤ دەست بخات و ئەو ئازادییە بەرچاوەى خولقاندوویەتى هۆکارێکى بنەڕەتى و گرنگى مانەوە و سەرکەوتنەکانییەتى.
عەبدولڵا ئۆجەلان لە کتێبى (مانیفێستۆى چارەسەرى دیموکراتییانە بۆ کێشەى کورد) ئاماژە بۆ ئەمە دەکات و دەنووسێت (سەرکەوتنى سیستمى دیموکراتى لەگەل کۆتایى هاتن بە سەدەى بیستەم، بە تایبەتى لەو سەردەمەى تەکنۆلۆژیا و ئامڕازەکانى بەرهەمهێنان گەیشتوونەتە ئاستێکى بەرز، ئەمەش هەر لە خۆڕا نەبوو، بەڵکو وابەستەیە بە میکانیزمى دیموکراتییەوە چوونکە هیچ سیستمێک نەبووە کۆمەڵگە و تاکە کەس بە گوێرەى سروشتیان ئاوها بخاتە گەڕ و خولقکارییان تێدا دروست بکات، ئەمەش ماناى ئەوە دەگەیەنێت سەرچاوەى دیموکراسیەت ئازادییە، ئەمە وەکو شتێکى سادە خۆى نیشانە دەدات، بەڵام بە زەحمەت پێش دەکەوێت و لەم رۆژانەدا ئەوە بە ئاشکرا دەرکەوتووە ئەم سیستمە خێراتر و بەهێزتر پێش دەکەوێت).
ب- لەبەرئەوەى کێشەى کورد لە عێراقدا و لە هەموو پارچەکانى تریش سەربارى ئەوەى کێشەیەکى مێژوویى و نەتەوەییە، لە هەمان کاتدا کێشەیەکى دیموکراسیشە، بۆ نموونە ئەگەر کورد بەسەر دەوڵەتێک یان چەند دەوڵەتێکى دیموکراسیدا دابەش بکرایە ئەوسا دەیتوانى بە سانایى و بە رێگا دیموکراتییەکان بڕیار لە چارەنووسى خۆى بدات، لە ئاوها حاڵەتێکدا نە پێویستى بە خوێنڕشتن هەبوو، نە پێویستى بە خەباتى شاخ و چەکداریى هەبوو، بەڵکو ئەمە تەنیا رژانە سەر شەقامى هاووڵاتیانى پێویست بوو، ئەویش بەشێوەیەکى هێمن و ئاشتیخوازانە، یان ئەگەر کورد لەنێو چەند دەوڵەتێکى دیموکراسیدا بژیایە نە دەچەوسایەوە و نە تووشى ئازار دەبوو نە ئەنفال و جینۆساید دەکرا. ئەمە لەلایەک و لە لایەکى تریشەوە لە هەلومەرجى ئێستا سیاسەتى نێونەتەوەیى و هاوپەیمانان لە عێراقدا ئەوەیە کوردى باشوور لە چوارچێوەى ئەو دەوڵەتەدا بمێنێتەوە، بۆیە بە دیموکراسیکردنى عێراق (بە باوەڕى من ئەگەرێکى دوورە) بۆ کورد دەبێتە سەرکەوتنێکى گەورە و بەشێکە لە خەبات و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنى مافەکانمان.
بەپێچەوانەشەوە ئەگەر عێراق هەمان عێراقى دیکتاتۆریى پێشوو بێت یان ئەگەر چەند گۆڕانێکى رواڵەتى تیادا بکرێت، کێشەى کوردستان لە بازنە بۆشەکەدا دەخولێتەوە و مێژووش دووبارە دەبێتەوە، هەروەها بە واقیعى بینیمان کورد لە رێگاى کەمترین و بچووکترین ممارەسەرکردنى دیموکراسییەوە زۆرترین سوودى وەرگرتووە و بگرە بەهێزترین چەکى دەستێتى لە خەباتى ئەمڕۆى بزووتنەوەى رزگاریخوازى گەلی کوردستاندا، بۆ نموونە خەبات و هەوڵدانى دیپلۆماتى کە رەگەزێکى گرنگى دیموکراسیەتە بۆ ئەم قۆناغە زۆر بەهێزتر و کاریگەرترە لە خەباتى چەکداریى. لێرەوە وەڵامى پرسیارەکەى پێشوو بەو شێوەیەیە: ئێمە بۆیە خوازیارى دیموکراسین چوونکە سیستمێکى گونجاوە بۆ واقیعى ئەمڕۆى کۆمەڵى مرۆڤایەتى و سوودى گەورەش دەگەیەنێت بە بەرزکردنەوەى دۆزى نەتەوەیى کورد لە روو بە چارەسەربووندا.
پۆلێنى دیموکراسی
دیموکراسیەتى خۆرئاوا و خۆرهەڵات. زۆر جار گوێمان لەو جۆرە جیاکارییە دەبێت فۆرمى دیموکراسى لە خۆرئاوا جیاوازترە لە فۆرمى دیموکراسى رۆژهەڵات و بە پێى ئەم تێڕوانینە هەر کۆمەڵگایە و جۆرە دیموکراسیەتێکى تایبەت بە خۆى بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە راستیدا دیموکراسی بەرهەمى کولتوور و گەشەسەندنى ژیارى کۆمەڵگە خۆرئاواییەکانە، وەک (جۆرج کەنان) دەڵێت “دیموکراسی بریتییە لە شێوازێکى دەسەڵات لە سەدەى هەژدە و نۆزدەدا لە ئەوروپاى باکوور واتە سەرەتا لەناو وڵاتانى کەنارى دەریاى مانس و دەریاى باکووردا بەرجەستە بوو، دواتریش بەرەو ئەوروپاى ناوەند کشا و پاشان لەو شوێنانەى خەڵکى ئەوروپا زۆر جار لە وێنەى داگیرکەر پێکهێنەرى سەرەکى دانیشتوانى ئەو وڵاتە بوون، کۆمەڵێک نموونەى سەرتاپاگیرمان لە حکومەتى مەدەنیدا جێگیر کرد”، بەڵام:
ا-بێجگە لەوەى دیموکراسى سیستمێکى یونیڤێرساڵە، بەڵام بەپێى تایبەتمەندیى هەر کۆمەڵگایەک جیاوازە، بۆ نموونە ئەوروپا مۆدێرنە و رۆشنگەریی و رێنسانس و شۆڕشى فەڕەنساى بەخۆوە دیوە و بۆ ماوەى 25 سەدە زیاتر لە خۆ خوێندنەوەى بەردەوامدایە، هەر خودى چەمکى دیموکراسى چەندین سەدە بەر لە زایین مشتومڕ و توێژینەوەى لەمەڕ کراوە، هەروەها کۆمەڵگە خۆرئاواییەکان بە درێژایى هەزاران سال خاوەنى ژمارەیەک فەیلەسوف و بیرمەند بووە کە خوێندنەوەیان هەبووە و هەیە بۆ هەموو چەمک و لایەنە جۆراوجۆرەکانى هەبوون بە بەرجەستە و نابەرجەستەشەوە، خۆرئاوا چەندان فەیلەسوفى وەک (کانت و هیگل و رۆسۆ و لۆک و مارکس و نیتچە و فویرباخ و هایدگەر و فوکۆ و درێدا و لیوتار هتد..) لە هەناویدا سەریان دەرهێناوە و تێزەکانى خۆیان ئاڕاستە کردووە، بەڵام جێگەى خۆیەتى ئاماژە بۆ ئەوە بکەین ئەمە بەو مانایە نییە نموونەى دیموکراسى خۆرئاوا رەت بکەینەوە بە پاساوى ئەوەى نامۆ و نەگونجاوە لەگەل سروشت و پێکهاتەى کۆمەڵایەتی و کولتووریى کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکان.
هەروەک (د. فالح عبدالجبار) لە وەڵامى پرسیارێکدا کە دیموکراسیەت پارادایمێکى خۆرئاواییە و بۆ خۆرهەڵات نابێت، بەم جۆرە وەڵام دەداتەوە (ئەوە گووتارێکى زۆر کۆنە، زۆر دەمێکە دیکتاتۆرەکان بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن، راستییەکەشى ئەوەیە ئەوان بۆ دیموکراسى نابن نەک دیموکراسى بۆ خۆرهەڵات نابێت. دیموکراسی راستە لە رووى بابەتی و سەرهەڵدانەوە هەڵقوڵاوى خۆرئاوایە، بەڵام جیهانییە و چەمکێکە هەموو مرۆڤایەتى دەتوانێت سوودمەند بێت لێى). لە دەرەنجامدا دەگەینە ئەو بڕوایەى دیموکراسی چەمکێکى یونیڤێرساڵە هەر چەندە لە پراکتیزەکردنیدا لە کۆمەڵگەکاندا جیاواز دەکەوێتەوە، ئەویش پابەندە بە سروشتى کۆمەڵایەتی و گەشەسەندنى ژیاریى و ئەپستمۆلۆژیى و تەکنۆلۆژیى و پیشەسازیى، لە واقیعدا تەکنۆلۆژیا و پیشەسازیى دوو فاکتەرى گرنگى دیموکراسیبوونن، تەنانەت ئەمە وای لە (فۆکۆیاما) کردووە، بڵێ (دیموکراسیبوون بەستراوە بە پیشەسازییبوونەوە).
ب-فۆتۆکۆپیکردن و وەرگرتنى رواڵەتیی دیموکراسى لەگەلێک جێگەدا دەبێتە هۆى زیان گەیاندن بە کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکان و لە زۆر شوێنیشدا بە زیانى کێشەى نەتەوەیى تەواو دەبێ یان لە قازانجى ئابووری و سیاسیى نەتەوەیەک نییە لە کاتێکدا دیموکراسی بە فۆرمە رواڵەتییەکەی نەک خۆرئاواییەکەى لە نێویدا پراکتیزە بکرێت، بۆ نموونە ئەگەر لە رێگەى پرۆسێسى دەنگدانەوە کە یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانى دیموکراسى هەموو عێراقییەکان بچنە بەردەم سندوقەکانى دەنگدان بۆ دیاریکردنى چارەنووسى کێشەى کورد لە عێراق یان بۆ دیاریکردنى شێوەى دەسەڵاتى فەرمانڕەوایى لە وڵاتەکەدا زۆر سلبیى دەشکێتەوە بە تایبەتى بۆ گەلی کورد، چوونکە زۆرینە بە پێچەوانەى خواستى نەتەوەى کوردەوە دەنگ دەدەن بە عێراقى یەکگرتووى ناوەندیى دیکتاتۆریی. بۆیە دەبێت دیموکراسى بەهەموو تان و پۆیەکەوە پیادە بکرێت نەک بەپێى هەلومەرج و ژینگە کۆمەڵایەتییەکان و حاڵەتە ئیستسنائییەکان گۆڕانى بەسەردا بێت.
ج-ئەو دیموکراسیەتەى لە خۆرئاوادا سەریهەڵداوە و هەیە بەشێوەیەکى هارمۆنى ئاوێتە بووە لەگەل کەسێتى و ژیانى ئابوورى و کۆمەڵایەتی سەرجەم تاکە رۆژئاواییەکان، لەم روانگەیەوە پێویستە لە خۆرهەڵاتیش جۆر و مۆدیلێک لە دیموکراسی بەرهەم بهێنرێت و گەشە بکات سەرەڕاى سوود وەرگرتن لەبنەما ستاندارەکانى دیموکراسى رەچاوى سروشتى کۆمەڵگە و تاکەکانى ناوى بکات و بەشێوەیەکى هاوگونجاو لەگەل ئەو ستایلە لە دیموکراسی بە یەکیان بگەیەنێت، ئێمە لە کوردستان بۆ ئەوەى پڕۆژەیەکى دیموکراسیمان هەبێت بۆ کۆمەڵگە پێویستە تەنیا بنەما و هێڵە گشتییەکانى دیموکراسى خۆرئاوایی وەربگرین نەک نموونە پراکتیککراوەکەى.
رەخنەگرتن و دیموکراسی
هەمیشە وا فێربووین بە دیوە نێگەتیڤەکەدا لە رەخنەگرتن بڕوانین و وا سەیرى بکەین کاتێک رەخنەگرێک راڤەیەکى رەخنەییانە بۆ تێکستێک دەکات مەبەستى تەنیا دەرخستنى کەموکورتى و رووە لاوازەکانى کارەکەیە، رەنگە ئەمەش پەیوەندییەکى سایکۆلۆژیى بەو حاڵەتە کوردییەوە هەبێت هەردەم رەخنە بەو دیوەدا کارى کردووە، بەڵام لە بیرمان چووە رەخنە چەکێکى دووسەرە و بێجگە لەوەش هەوڵێکە بۆ درێژەدان بە ئاخاوتن و جۆرێکە لە جۆرەکانى ئەپستمۆلۆژیا (مەعریفە). هەروەها من باوەڕم وایە رەخنەگرتن ژانر و عونسورێکى زۆر گرنگى دیموکراسییە و لە هەر جێگەیەک دیموکراسی هەبێت لە پاڵیدا رەخنە وەک چەکێکى راڤەکارانە بە مەبەستى بەردەوامیدان بە ئاخاوتن و پڕۆژەکان ئامادەیى هەیە، بەڵام دیارە مەبەستمان لەو جۆرە رەخنەکارییە کلاسیکیى و نازانستییانە نییە بە تایبەتى لە ناوەندى رۆشنبیریى و سیاسیى ئێستادا بوونى هەیە. بەڵام هەروەک وتمان رەخنە چەکێکى دووسەرە و بەسەر ئەم دوو جۆردا دابەشبووە:
ڕ-رەخنەى بونیادنەر و گەشەپێدەر: ئەم جۆرە لە رەخنە لەسەر بنەمایەکى لۆژیکی و بە شێوەیەکى بابەتییانە و زانستیانە فۆرمۆڵە کراوە و ئاڕاستە دەکرێت، ئەم جۆرە لە رەخنە نەک هەر زیان ناگەیەنێت بەڵکو پێویستییەکى بەردەوام و زیندووێتى کۆمەڵگا و رەوڕەوەى پێشکەوتنى پڕۆژەکانە. بنەماى ئەم رەخنەیە وەک باسمان کرد بنەمایەکى مەعریفى و عەقڵانییە و تیایدا رەچاوى سترۆکتۆرە دیموکراسییەکان کراوە.
ب- رەخنەى رووخێنەر و رووشێنەر: ئەم جۆرە لە رەخنە، رەخنەیەکى نابابەتى و نائەکادیمییە و دوورە لە عورف و بنەماکانى رەخنە و ژیربێژیى دیموکراسییەوە. ئەم شێوەیە لە رەخنەگرتن ئیفرازاتێکى خراپ بەکارهێنان و خراپ تێگەیشتنە لە چەمکى دیموکراسی و ئازادیى بیروڕا، رۆڵە نێگەتیڤەکەى کار دەکاتە سەر دیموکراسی بە ئاقارى شێواندنیدا، ئەمەش بەو مانایەى لە فەزا و زەمینەیەکى دیموکراتیکدا بیرى نامۆ و دژە سیستم سەر دەردەهێنێت کە دوور نییە ئایندەى دیموکراسى بخاتە بەردەم هەڕەشە و مەترسییەوە.
رۆشنبیران پشکى شێرى رەخنەگرانیان بەردەکەوێت یان بە مانایەکى تر داینەمۆى بەرهەمهێنانى ترادیسیۆنى رەخنەن، بەڵام ئەوانیش لە رەخنەکانیاندا بەدەر نەبوون لە کەموکورتى و بەزاندنى سنورەکانى دیموکراسییدا، بۆیە دەشێت بڵێین پێویستە رەخنەى رۆشنبیر لەسەر دوو میحوەر بێت یان بە دوو جۆر بێت کە هەر جۆرێکیان شێوازێکى جیاواز لە رەخنەیان گەرەکە :
ا-ئاستى نەتەوەیى: پێویستە رەخنەکانى رۆشنبیر بە جۆرێک نەبێت بە زیان بشکێتەوە بۆ کێشەى نەتەوەیى یاخۆ ببێتە مەترسیى لەسەر ئاسایشى نەتەوەیى، بە تایبەتى لە رۆژگارى ئەمڕۆى کوردستاندا بارودۆخەکە بە حاڵەتێکى هەستیار و ناسکدا گوزەر دەکات، نابێ رۆشنبیر یان رەخنەگر بەو ئاڕاستەدا کار بکات یان رەخنە بگرێت کاریگەریى خراپى هەبێت لەسەر بارودۆخى سیاسیى کوردستان، ئەمە بەو مانایە نییە ئەزموونە عەرەبییەکە لە کوردستاندا دووبارە بکرێتەوە چوونکە ئەوەى ناویان ناوە نیشتمانى عەرەبیی و سنوورەکەى لە کەنداوەوە بۆ ئۆقیانووس درێژ بۆتەوە و کۆى دەوڵەتەکانیشى (22) دەوڵەتە، هەر جۆرە دیموکراسی و پرۆسەیەکى دیموکراسییانەیان دواخستووە بۆ دواى رزگاربوونى قودس و راگەیاندنى دەوڵەتى فەلەستین. ئەمڕۆ نەخوێندەواریى و بێکاریى و هەژاریى و تۆڕ و گروپى توندڕەویى سەرتاپاى کۆمەڵگە عەرەبییەکانى بەرەو پاش گەڕاندۆتەوە یان لە خراپترین بارودۆخدا رایگرتووە، کاتێکیش پێیان دەوترێت بۆ هەول نادەن بۆ دیموکراتیزەى کۆمەڵگاکانتان؟ لە وەڵامدا دەڵێن با قودس رزگار بکرێت!!. بۆیە نابێت کورد بە ناوى پاراستنى ئاسایشى نەتەوەییەوە زمانى رەخنە بدورێ و بیسپێرێت بۆ دواى رزگاربوونى تەواوەتى کوردستان.
ب-ئاستى دیموکراسى: لێرەدا دەبێت رۆشنبیر هەوڵ بدات و کار بکات تاکو رەخنەکانى خۆى شەفاف و ئاشکرا بەیان بکات لە بەرامبەر هەر پێشێلکردنێکى پرنسیپەکانى دیموکراسی، ئەمە هەم بەبێ زیان گەیاندن بە ئاسایشى نەتەوەیی و هەم دوورکەوتنەوە لە هەمان ئیشکالییەت کە لە دنیاى عەرەبیدا هەیە. رۆشنبیریش وەکو ئەرکێکى ئەخلاقیى لەسەر شانییەتى داکۆکیى بکات لە کێشەکانى کۆمەڵگە و تاکەکان. بە تایبەتى دواى ئەوەى سەدەیەک و چوار ساڵ لەمەوبەر (ئەمیل زۆلا) وتارى (من تاوانبار دەکەم)ى نووسى بۆ بەرگریکردن لە ئەفسەرى جوو (درایفۆس) و ئەرکێکى قورسى ئەخلاقیى خستە ئەستۆى رۆشنبیر. ئیدى چیتر رۆشنبیر کەسێک نییە لە دنیاى یۆتۆپیا و بورجى عاجدا بژى بەڵکو رۆشنبیر کەسێکە بەرگریى دەکات لە مافى هەموو هاووڵاتیان بێ لە بەرچاوگرتنى هەر جیاوازییەک، ئەمەش بە پێچەوانەى تێڕوانینە نەریتییەکەوە کە واى دەبینێ رۆشنبیر کەسێکى نائاسایى و دابڕاوە لە کۆمەڵەکەى و لە شوێنێکى تایبەت و باڵاتردا ژیان دەباتە سەر. بە کورتى رۆشنبیر بێجگە لەوەى لە کۆمەڵگەدا مەعریفە بەرهەم دەهێنێت، بەڵام بەرپرسیاریشە لە بەردەم پێشێلکاریى و تاوان و جینایەت لە کۆمەڵدا، دەبێت بە توندترین شێوە دەنگ هەڵببڕێ و بەشداریى بکات لە پەرچەکردارەکاندا دژى ئەو تاوانانە.
دیموکراسی چۆن گەشە دەکات؟
دیموکراسی چەمک و هەبووەیەکە گەشە دەکات و بەرەو هەڵکشان و داکشان دەچێت، دەشێ لە زەمینە و جێگایەکەوە بگوازرێتەوە بۆ زەمینە و شوێنێکى تر، بەڵام کۆمەڵێک فاکتۆر هەن لە رێگەیانەوە دیموکراسی گەشە دەکات، من لێرەدا ئاماژە بۆ سیانیان دەکەم:
ا-دەسەڵاتى سیاسیى: دەسەڵاتى سیاسیى وەک ئەرکێکی سەرشانی دەبێت کۆمەڵێک بنەما دابمەزرێنێ تا لەسەر ئەو بنەمایانە دیموکراسی گەشە بکات و شۆڕبێتەوە بۆ ئاستى جەماوەریى و میللیی، ئەمەش بەو مانایە دەسەڵاتى سیاسیى خۆى پڕۆژەى عەقڵانى و پلان بۆ داڕێژراوى سەربەخۆى هەبێت بە ئاقارى دیموکراتیزەى وڵاتدا. هەرچەند دیموکراسی شتێکى فەوقى نییە و لە خوارەوە لە شانە بچوکەکان دەست پێدەکات بۆ سەرەوە تا دەگات بە سیستمى سیاسیى، بەڵام ئەمە شەرعییەت نادات بە دەسەڵات خۆى بدزێتەوە لە پڕۆژەیەکى سەربەخۆ بۆ دیموکراتیزەى کۆمەڵگە.
ب-رۆشنبیر: یەکێک لە ئەرکەکانى رۆشنبیر بەرهەمهێنانى مەعریفەیە، بەدڵنییاییەوە ئەم مەعریفەیە تەنیا لە خەیاڵدانى تیۆریسۆن و خودى رۆشنبیردا قەتیس نابێت، بەڵکو پێچەوانە دەبێتەوە بۆ ئاستى کۆمەڵایەتی، ئەمە هەروەک (ریژێ دۆبرێ) دەڵێ (رۆشنبیر ئەو کەسەیە لە ژوورەکەى خۆیدا دانیشتووە و سەرقاڵى بەرهەمهێنانى مەعریفەیە). بۆیە رۆڵ و پێگەى رۆشنبیر لە پەخشکردن و وەشانى کولتوورى دیموکراتیدا گرنگى خۆى هەیە و بەهەند وەردەگیرێت.
ج-جیهانگیریى: شۆڕشى زانیاریى و پەیوەندیی گرتن و بچووکبوونەوەى جیهان بۆ ئاستى گوندێکى بچووک رۆڵى هەیە لەسەر رێگاى بە جیهانیبوون و گەشەکردنى دیموکراسیدا. ئەمەش بەهۆى بەر یەک کەوتن و لێک نزیکبوونەوەى ژیارەکان لەگەل یەکترى، بێگومان نزیکبوونەوە و بەر یەک کەوتنى شارستانى رۆژهەڵاتی پەڕاوێز لەگەڵ شارستانى رۆژئاوایى سێنتەر دەبێتە هۆکارى گەشەکردنى دیموکراسی لە خۆرهەڵاتدا! ئەمە لە کاتێکدا ناسنامەى سیستمى سیاسیى و ئاینیى رۆژهەڵات لە توانایدا نییە کێبڕکێ لەگەل شارستانێتى خۆرئاوا بکات.
شۆڕشى چەکداریى کورد و دیموکراسی
بە درێژایى سەدەى بیستەم کورد بەردەوام بووە لە خەبات و بەرپاکردنى شۆڕشە یەک لە دواى یەکەکان کە هەر یەکێکیان دواى کۆتاى پێهێنان و لەناوبردنى بە سیاسەتى ئاگر و ئاسن و تیرۆر زەمینەیان بۆ شۆڕشێکى نوێ خۆش کردووە، لەو باوەڕەدام لە سەدەى رابردوودا هیچ نەتەوە و گروپێکى ئیتنى نەبووە هێندەى کورد خەبات و شۆڕشى کردبێت، بەڵام تاکە نەتەوەیەک ئێستاشى لەسەر بێت خاوەنى دەوڵەتى نەتەوەیى نییە دیسان ئەویش هەر کوردە. بە سروشتى خۆیشى شۆڕش بە تایبەتى شۆڕشى چەکداریى خەسڵەتێکى توندوتیژ و ئەنتی دیموکراسیانەى هەیە، هەر لەو گۆشەنیگایەوە شۆڕشەکانى کورد بەم جۆرە هەڵدەسەنگێنین:
ا –خودى خەبات و شۆڕشەکان دژى دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان بووە لەو وڵاتانەى کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، پێشتر وا بیرم دەکردەوە دەشێ و گونجاوە لە پەنا شۆڕشى نەتەوەییدا بە شۆڕشێکى دیموکراتخوازانە حیسابیان بۆ بکەین، ئەگەر نمونەى عێراق وەربگرین ئەم دەوڵەتە هەر لە سەرەتاى دامەزراندنییەوە (ساڵى 1922) تا ئێستا هیچ رژێمێکى فەرمانڕەوا، دیموکراسى نەبوون، بەڵکو لە خراپترین و توندوتیژترین و کۆنەپەرسترین دیکتاتۆرەکانى ناوچەکە بوون. لەگەڵ ئەوەشدا شۆڕشکردن دژی دیکتاتۆریی مەرج نییە بە شۆڕشی دیموکراتی حیساب بکرێت.
ب-کورد نەتەوەیەک بووە بە بەردەوامى جینۆساید و پاکتاو و قڕ کراوە و هەموو دەرگاکانى دیالۆگى لەبەردەم داخراوە، تاکە کەناڵێک دیفاعى پێکردوە لە بوونى خۆى بریتى بووە لە خەباتى چەکداریى و هەڵگیرساندنى شۆڕش، هەرچەندە توندوتیژیى لەم خەباتەدا بەرجەستە بووە و هەبووە، بەڵام دیسان ئەمیش لە ژێر بارى ناچاریدا بووە، بە پێچەوانەشەوە کورد ویستویەتى بە رێگاى ئاشتى و لێک تێگەیشتن مافەکانى خۆى بەدەست بهێنێت، هەرگیزیش خوازیارى جەنگ و کاولکاریى نەبووە. بۆ وێنە ژەنەرال بارزانى بە تەواویى لە نیەتەکانى دەوڵەتى ناوەند تێدەگەیشت و کۆتایى یارییەکانى لا ئاشکرا بوو، نەک هەرگیز رێى ئاشتى و مفاوەزاتى رەت نەکردۆتەوە بەڵکو دەستپێشخەربووە بۆ دیالۆگ و رێگاچارەى ئاشتیانە بۆ کێشەى کورد. بۆ ئەم مەبەستە بڕوانن بۆ چوار ئاگربەست و دانوستان لە کۆى چواردە ساڵى شۆڕشى ئەیلول.
ج-کورد لە گەرمە و هەناوى خەبات و شۆڕشى چەکداریدا کۆمەڵکوژیى و کوشتنى دیل و لە ناوبردنى خەڵکى سڤیلى ئەنجام نەداوە، ئەگەریش حاڵەتێکى وا روویدا بێت زۆر شاز بووە و پەیوەندیى هەبووە بە هەستى تۆڵەسەندنەوەى کەسەکانەوە نەک بە ستراتیژ و مەبدەئەکانى شۆڕشەوە، دەبینین خەباتکارانى کورد هیچ کات تیرۆر و کارى کوێرانەى کوشتنیان بە ئەنجام نەگەیاندووە، تەنانەت لە بەرامبەر گەورەترین تاوانبار و داگیرکەردا کە هیچ درێغییەکى نەکردووە لە لەناوبردنى هاووڵاتیانى کورد. هەر بۆ نموونە لە دواى پرۆسەى ئازادیى عێراقەوە کورد لە قوربانییەوە نەبوو بە جەلاد و دەستى تۆڵە و تیرۆرى درێژ نەکردووە بۆ هیچ کەسێک ئەم سیاسەتەش ئەوەندە نەرمونیانى تیایە زۆرێک لە تاوانبارانى ئەنفالچى و کوردکوژ لە دادگا دەربازیان بوو و کەوتنە بەر بارانى غوفران، رەوشى ئەمڕۆى کەرکوک نموونەیەکى ترى زیندووە کە کورد لەسەر خاکى خۆى زیاد لە هەموو ئەوانى تر پەرۆشى برایەتى گەلەکانى ناویەتى کە لە راستیدا ئەم هەڵوێستەى کورد زۆر خراپ بەکاردەهێنرێ، تەنانەت مافى کوردى پێ زەوت دەکرێت.
ئەزمونى دیموکراسی لە کوردستان
لە دواى راپەڕینى ساڵى (1991) و هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە مایسى (1992)دا بانگەشەکردن بۆ دیموکراسی و کۆمەڵگەى مەدەنى بۆتە وێردى سەر زمانى دەسەڵاتداران و هێزە کوردییەکان بێجگە لە چەند گروپێکى رادیکاڵی چەپ و ئیسلامى. بەڵام ئەو پرسیارە لە خۆمان دەکەین تا چەند ئەزموونى کوردستان نزیکایەتى هەیە لەگەڵ دیموکراسی و هاوتەریبە لەگەل بنەماکانى دیموکراسى؟ ئاخۆ دیموکراسی تا چەند لە دیکۆر یان بە مانایەکى تر لە دروشمەوە گواستراوەتەوە بۆ واقیع و گۆڕەپانى جێبەجێکردن؟ تا چەند توانیومانە بەشێوەیەکى تەندروست و ئەقڵانى ئەم مەفهومە وەربگرین و هەر بەو شێوە عەقڵانییە زەمینەسازیى بکەین بۆ خستنە بوارى جێبەجێکردنییەوە، بۆ رۆشنایى خستنە سەر ئەم پرسیارانە ئەم خاڵانە دەوروژێنین:
ا-شەڕى ناوخۆ: شەڕى ناوخۆ یان ئەوەى بە مانا میللى و باوەکەى کە پێى دەوترێت شەڕى براکوژیى، ریشە و باکگراواندێکى مێژوویى هەیە لە نێو کورددا، ئەوى سەدان ساڵ لەمەوبەر ئەمارەت و دەوڵەتۆچکە کوردییەکان لە یەکتر کوشتندا تۆماریان کرد ئەوا لە سەردەمى نوێدا پارتەکانى کوردایەتى رەشتر و تووندتر دووبارەیان کردەوە. بۆیە ئەم شەرە تا چەند ململانێ و ناکۆکى سیاسیى بووە بە قەد ئەوەش ریشەیەکى کولتووریى هەیە، بە تایبەتى لە ناوەڕاستى سەدەى بیست بە دواوە نەوەیەک هاتۆتە بوون و بە شێوەیەک پەروەردە بووە بوونى خۆى دەبەستێتەوە بە سڕینەوەى هەموو ئەوانیترى دەرەوەى بیرکردنەوە و روئیا و دنیابینى خۆى. نەوەیەک تەنیا لە توانایدا بوو لە رێى بەکارهێنانى توندوتیژییەوە کەناڵیزەى ململانى و جیاوازییەکانى خۆى بکات، ئەمەش راستەوخۆ دەمانباتەوە سەر ئەو هەقیقەتەى دیموکراسى و کولتوورى دیموکراسى کە تیایدا یەکتر قبوڵکردن و یەکترناسین هەیە لەلاى پارتە کوردییەکان و تاکى کوردى شتێکى نامۆ و نەناسراوە.
ب-هەڵبژاردن: یەکێک لە فینۆمینەکانى کۆمەڵگە دیموکراسییەکان هەڵبژاردنە، ئەمەش بەوەى هەر چین و توێژێک تا دەگات بە کۆى جەماوەرى گەل بەشێوەیەکى ئازادانە و دوور لە سانسۆر لە رێگەى سندوقەکانى دەنگدانەوە نوێنەرى خۆیان لە سەندیکا یان پەرلەمان هەڵدەبژێرن. ئێمە لە کوردستان چەندان نموونەى هەڵبژاردنمان هەیە لە نێوانیاندا هەڵبژاردنى پەرلەمان، بەڵام هیچکام لەو هەڵبژاردنانە دوور لە سانسۆر و چاوسوورکردنەوە نەبوون و هاوکات بە شێوەیەکى ناپاکژ و پڕ لە خوروقات و پێشێلکردن و لادان لە پرنسیپە دیموکراتییەکان بەڕێوە چوون. هەڵبژاردنى شارەوانییەکان کە چوار سال لەمەوبەر ئەنجامدرا نموونەیەکە، ئەو هەڵبژاردنە بەدەر لەوەى چەندین تەزویراتى جۆراوجۆرى تێدا کرا، جۆرێکیش لە فشارى مەعنەویى خرایە سەر هاووڵاتیان و ئەمەش بووە هۆى دروستکردنى دڵەڕاوکێ بۆ تاکەکان. هەڵبژاردنى نوێنەرایەتى قوتابیان و خوێندکاران کە لە سەرەتاى ئەمساڵدا ئەنجامدرا ئەوەى بۆ سەلماندین هێشتا تارمایى دیکتاتۆریی ئاسمانى ئێمەى بەر نەداوە و هێشتاش رگارمان نەبووە لە تەڵزگەکانى تۆتالیتاریزم.
بەڕێز (مام جلال) لە راپۆرتى گشتیى بۆ کۆنگرەى دووەمى یەکێتى نیشتمانى کوردستان دەنووسێت (بۆ دابینکردنى دیموکراسى راستەقینە کە لە ناوەڕۆکیدا ماناى حوکمى خەڵکە، پێویستە ئازادیى و سەربەستى هەڵبژاردن دابین بکەین هەر لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى گوندەوە بیگرە تا ئەنجوومەنى شارەوانى و ئینجا ئەنجوومەنى نیشتمانى، چوونکە ئەمانەنە بنەماى دیموکراسى راستەقینە و سەربەستى دیموکراتییەکانن کە باسمان کردن، هەم بەشێکن لەو دیموکراسییە هەم وەسیلە و هۆى بەکارهێنانى مافى دیموکراتیکن، بۆ خەڵک لە حوکمڕانى خۆیدا لە هەموو پلەکانى ژیانیدا و لە دیاریکردنى چارەنووس و ژیانى سیاسیى و ئابوورى و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگى خەڵک خۆیدا). بەڵام دەپرسین تاچەند ئەم رایانە پێچەوانە کراونەتەوە ناو واقیع و تا چەند هێزە کوردییەکان مافى هەڵبژاردنیان پێشێل نەکردووە و نایکەن؟ جا نەخاسمە گەڕانەوە بۆ راى خەڵک و بەهەند وەرگرتنى بۆچوونەکانیان لەمەڕ چارەنووسى خۆیان و وڵاتەکەیان.
ج-فرە پارتى و ئازادیى بیروڕا: دیموکراسى تەنیا بریتى نییە لە هەڵبژاردن و پرۆسەى دەستا و دەستکردنى دەسەڵاتى سیاسیى لە نێوان پارتە سیاسییەکاندا بەڵکو ئەمە تەنیا لایەنێک و روویەکى دیموکراسییە، بەڵکو دیموکراسی بەشێوە گشتییەکەى بریتییە لە زەمینە و فەزایەکى ئازاد و کراوە و دوور لە سانسۆرى سیاسیى و کۆمەڵایەتی و چوارچێوەکانى حزب و خێڵ و بنەماڵە و قوتابخانە و خێزان. لە دیموکراسیدا هەر مرۆڤێک ئازادە چۆن و بە چ شێوەیەک ممارەسەى ژیان دەکات و خاوەنى چ بیروباوەڕێکى سیاسیی و چ ئاینێکە، کەسیش مافى ئەوەى نییە رێگریى لە بەردەم بیر و باوەڕەکانى کەسانى تردا دروست بکات، هەروەک (جۆن ستیوارت میل) لە کتێبەکەى خۆیدا بە ناوى (ئازادیى) دەڵێت (تەواوى مرۆڤایەتیش مافى ئەوەى نییە دەمى کەسێکى ناڕەزامەند و نەیار ببەستێت و رێگەى دەربڕینى بیروباوەڕەکانى لێ بگرن) هەر چەندە ئەم ئازادییە بەرفراوانە فاکتۆرێکى بەهێزە بۆ سەرهەڵدانى چەندان نەریت و تێڕوانینى مەترسیدار و کوشندە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت سنوورەکانى ئازادیى بەر تەسک بکرێتەوە و دیموکراسی لە بنەما سەرەکییەکانى خۆى ئازادیى و سەربەخۆییە دابماڵرێت.
ئەگەر کۆمەڵگەیەکى وەک سوێد بە نموونە بهێنمەوە، سوێد کۆمەڵگەیەکى دیموکراسى فرە کولتوورە و هەر کەسێک ئازادە بە شێوەى ئاسایى و بێ گیروگرفت بە پێى نەریت و کولتوورى خۆى ممارەسەى ژیان بکات کە رەنگە ئەم سیاسەتى فرە کولتوورییە رەنگدانەوەى خراپى هەبێت لە لاى پەنابەران! چوونکە لەوانەیە پەنابەرێک سەرپێچى یاسا بکات و چوارچێوە دیموکراسییەکان ببەزێنێت بە پاساوى جیاوازیى کولتوورەوە. بۆ نموونە چەندان ئافرەت لە ناو جەرگەى ئەوروپادا بە بیانووى ناموسپەرستییەوە دەکوژرێن و جیاوازیى کولتووریى و سیاسەتى هەر کەسەو بە پێی کولتوورى خۆى کراوەتە پاساو و بەهانە بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانانە. بەڵام هێشتا ئەمە بە ماناى ئەوە نییە ئازادیى بۆ خەڵک دەستەبەر نەکرێت، ئەگەر لە رووى دیموکراسیشەوە کوردستان بەراورد بکەین بە ئەوروپا دەبینین، نموونەیەکى خراپ بەرجەستە بووە و هەردەم مافى را دەربڕین و ئازادیى بیر و بۆچوون یاساغ کراوە و هەر کەسێک هێڵى سوورى دەسەڵاتى شکاندبێت یان سەرکوتکراوە یان ئاوارەى هەندەران بووە.
هەر ئەو نموونە فرە پارتییەى لە ئارادایە بەهۆى هەلومەرجێکى تایبەت و ئەمرى واقیع هاتبووە بوون، هەمووان لە بیرمان نەچووە لە سەرەتاى راپەڕیندا دوو پارتە سەرەکییەکە بە چ شێوازێک هەوڵیاندا پارتەکانى دیکە ئەوانەى لە رووى نفوسى جەماوەریى و تواناى سەربازیى و ماددییەوە لەوان بچووکتر بوون، قووت بدەن و شەڕەکانى یەکێتى و بزووتنەوەى ئیسلامى و پارتى و سۆسیالیست سەرەتاى ئەو ئۆپەراسیۆنانە بوون بۆ ئەو ئامانجە، بەڵام کاتێک ئەم کارە دەبێتە کارێکى قورس و زەحمەت، سیاسەتى تواندنەوە و لەناوبردن دەگۆڕن بە سیاسەتى بە پاشکۆکردن، ئەمەش لە بەر ئەوەى هەموو ژێدەرە ئابوورییەکانى کوردستان لەلاى ئەوان بوو، ئەو پارتانەیان ناچار کرد لە حاڵەتى ئۆپۆزسیۆنبوونەوە بچنە حاڵەتى پاشکۆبوون، هەروەک لە کاتى شەڕى ناوخۆدا بینیمان چۆن پارتە بچووکەکان بێجگە لە یەکگرتووى ئیسلامى بوونە پاشکۆى سیاسەتەکانى پارتى و یەکێتى.
د-مافە سەرەتایى و مەدەنییەکان: هەر مرۆڤێک لە ژیاندا ئازادە چۆن و بە چ شێوەیەک دەیەوێت، بەو شێوەیە لە ژیاندا درێژە بە بوونى خۆی بدات و هیچ کەس و دەسەڵات و دامەزراوەیەک مافى ئەوەى پێ نەدراوە دەست بهێنێتە رێى ئەو شێوە ئازادانەیەى مرۆڤێک خۆى باوەڕى پێ هێناوە لە ممارەسەکردنى ژیان و ممارەسەکردنى ئازادییە سەرەتایى و مەدەنییەکانى. هەر مرۆڤێک بەبێ لەبەرچاوگرتنى رەگەز و تەمەن و رەنگ و پلە و پایە و ئۆتۆرێتى سەربەستە لەوەى چى دەپۆشێت و چى دەخوات و چۆن ژیانى خۆى دابەش دەکات، لەو کاتەی سەرمایەداریى گەشە دەکات مرۆڤ دەرباز دەبێت لە تابۆکانى کڵێسە و کۆت و پێوەندەکانى سیستمى فیوداڵى و بەشێوەیەکى ئازادانەتر لە جاران ژیان دەباتە سەر و ئازادییەکانى خۆى بەدەست دەهێنێت و سەرمایەگوزاریى دەکات، هەر بۆیە بوونى دیموکراسى بەستراوەتەوە بە سەرمایەدارییەوە، هەر لەم رووەوەیە کۆمۆنیزم لەگەل دیکتاتۆرییدا ئاوێتە دەبێت، چوونکە کۆمۆنیزم جەخت دەکاتەوە لەسەر هەڵوەشاندنەوەى خاوەندارێتى تایبەت کە رەگەزێکى گرنگى دیموکراسییە.
دیسان لەم رووەوە لە کوردستان ئەزمونێکى تاڵمان هەیە و هێشتا تاکى کورد وابەستەى کولتوورى کۆنەپەرستانەى مەزهەب و خێڵە، دەسەڵاتى سیاسیش زیاتر قوڕەکەى خەست کردۆتەوە و نایەوێت خەڵک بە مافەکانى ئاشنا بێ و فێرى داواکردنى مافەکانى خۆى بێت! چوونکە ئەمانە لە بەرژەوەندیى دەسەڵاتى کوردیى نین کە دەسەڵاتێکى حزبییە و بەم پێیەش زیانى دەبێت بۆ ستراتیژى گەوجکردن. هەردەم دەسەڵاتداران نەیانویستووە جەماوەر فێرى نەریتى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى دەربڕین و کارى دەستەجەمعى سەربەخۆ بێت لە دەرەوەى بازنەى حزب تەنیا لە کاتێکدا نەبێت خۆى پێویستى پێیەتى، ئێمە کۆمەڵگا و سیستمێکى سیاسیمان هەیە بە هاوبەشى تاکەکانى ناو کۆمەڵ دەچەوسێننەوە و ئازادییەکانى سەرکوت دەکەن و غەریزەکانى دەچەپێنن. زیادەڕۆیش نییە ئەگەر بڵێین کۆمەڵگەى کوردیى کۆمەڵگەیەکى پاشکەوتووى چەپێنراوە و تیایدا مرۆڤ تەجرید کراوە لە هەموو مافە سەرەتایى و مەدەنییەکانى خۆى، بۆ بەدبەختیش تاکەکانى هەستیان بە چەوساندنەوە و سەرکوتى خۆى نەکردووە و ئاشنا نین بە مافەکانى خۆیان چ وەک مرۆڤ چ وەک هاووڵاتییەک لە وڵاتدا.
بەو پێیەی مرۆڤى کورد هەڵهێنجراوى کولتوورە چەپێنەرەکەى بووە و چەوساندنەوەى ژنان و منداڵان باشترین نموونەى ئەم سەرکوتکردنەیە بە تایبەتى کە کۆمەڵى کوردیى بەردەوامە لە تیرۆر و هەتکردنى ژنان و بە کۆیلەکردنیان لە چوار دیوارى ماڵدا، لەم کاتەدا ئەوەم بەبیر دێتەوە لەم ماوەیەى رابردوودا رۆژنامەى (سلێمانى نوێ) چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ مامۆستایەکى بەریتانیدا بە ناوى (ستیڤ هارڤى) کە مامۆستاى زمانە لە شارى سلێمانى سازداوە و پرسیارى دەربارەى ئافرەتى کورد لێکراوە ئەو لە وەڵامدا دەڵێ “ژنى کورد پابەندى نەریتى کوردەوارییە، بۆ نموونە ئەگەر دواى کاتژمێر هەشتى شەو کۆڕێک بۆ شیعر خوێندنەوە ساز بدەم بە دەگمەن ژنان تیایدا ئامادە دەبن” ئەمە چەپاندن و سوکایەتیکردن بە لاوان و کپکردنى هیوا و خواستەکانیان لەو لاوە وەستابێ، کە من رێگە بە خۆم دەدەم بێژم مرۆڤى کورد مرۆڤێکى داڕنراوە لە هەموو جۆرە مافێکى سەرەتایى و مرۆڤانەى خۆى.
ه-نموونەى کوردستان: زۆرجار ئەوەمان بەر گوێ دەکەوێت ئەزمونى سیانزە ساڵى رابردووى باشوورى کوردستان نموونەیەکى سەرکەوتووى دەسەڵاتى دیموکراتییانە بووە و تەنانەت زۆرێک لە ناوەندە سیاسییەکان پێشنیارى گواستنەوەى ئەم نموونەیە دەکەن بۆ هەرێمى عەرەبستانى عیراق، دەسەڵاتدارانى کوردستانیش شانازیى بەمەوە دەکەن و بەردەوام لەبەردەم زومى کامێراى تیڤییەکانەوە شانى پێوە با دەدەن و پێیانوایە لە کوردستان وەرچەرخان روویداوە بەرەو دیموکراتی و نموونەکەیان تاقانەترین نموونەى دیموکراسییە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ناوچەکەدا. بۆ سەلماندنى ئەمەش دنیاى عەرەبى بە نموونە دەهێننەوە و دەڵێن جیاوازیگەلێکى زۆر هەیە لەنێوان کوردستان و دەوڵەتە عەرەبییەکان، لەوى َچەوساندنەوەى کەمایەتییەکانى وەک ئەمازیخى و بەربەر و قیبتى و دارفورییەکان هەیە، شێوەى دەسەڵات پشتاوپشت و شاهنشاهى دیکتاتۆرییە و لە کۆى 250 ملیۆن عەرەب 70 ملیۆن نەخوێندەوار هەیە و دەیان تۆڕى ئیسلامى ئسوڵى سەریان دەرهێناوە و ئوسامە و زەرقاوى و زەواهیرى بەرهەمى کولتوورى عەرەبین، بەڵام ئەگەر لە دنیاى عەرەبیدا نەتەوە و ئیتنیکە غەیرە عەرەبییەکانی چەشنى ئەمازیغى و کوردەکان بچەوسێنەوە ئەوا لە ژێر سایەى دەسەڵاتى کوردیدا، خودى هاووڵاتى کورد دەچەوسێتەوە و مافەکانى زەوت دەکرێ و تەنانەت ژیانیشى دەکەوێتە بەردەم هەڕەشەى مەرگەوە.
لەلایەکى تریشەوە دەسەڵات لەلاى ئێمە بەهەمان شێوەى نموونە عەرەبییەکەیە، جۆرێکە لە دیکتاتۆرییەتى رەها و سکرتێرى حزبەکانى لاى خۆمان لەوەتەى بوونەتە سکرتێر و سەرۆکى حزب ئەو پۆستەیان بەرنەداوە و هەر یەکێکیشیان شازادەیەکى بچووکى بۆ سبەینێ ئامادە کردووە تا دەسەڵاتى حزب بەو بسپێرێ، یان بۆ تەنیا جارێک پەرلەمان هەڵبژێردرا و دەنگ درا بە لیستى کەسک و زەرد، کەچى پارتى و یەکێتى بەشێوەیەکى ناشەرعى دەسەڵاتى خۆیان درێژ کردۆتەوە بۆ ماوەى زیاتر لە دوانزە ساڵ. هاوکاتیش لێرە نەخوێندەواریى هەیە و ژمارەیەکى بەرچاو لە خەڵکى نەخوێندەوارن و لەنێو کوردیشدا ئەنساروئیسلام و تۆڕى هاوچەشن سەریان دەرهێنا و لە هێلکەکانیان تروکان، مەلا کرێکار و چەندان مەلاى ترى هاوشێوەى ئەو لە گوند و شارەکانى کوردستانەوە و بە کورتەک و شەرواڵى کوردییە ئامادەییان هەیە. من نامەوێ پاکانە بۆ عەرەب بکەم، بەڵام ناشکرێ خۆمان لەو راستییە لابدەین ئەگەر وەزعى دیموکراسى لە کوردستان خراپتر نەبێت لە وەزعى دیموکراسى لە دنیای عەرەبیدا بێ شک هیچ باشتر نییە.
ئەگەر ئێمە بمانەوێت سەنگ و قورسایى دیموکراتی لاى خۆمان بکێشین، پێویستە دیموکراتی بە بارۆمەترى خودى دیموکراتیەت بپوێین، چوونکە دیموکراتی لەگەڵ دیموکراتیەت بەراوورد دەکرێت و عەرەب وتەنى پێچەوانەکەشى هەر راستە (والعکس الصحيح). ئەگەر دەمانەوێت ئەزموونى کوردستان بە دیموکراسى پێناسە بکەین بەڵام، دەسکەوتەکانى بەراوورد بکەین بە دیکتاتۆرییەتى سەدام لە راستیدا دەکەوینە هەڵەیەکى کوشندە و خنکێنەرەوە. ئەوەش راستە کۆمەڵگە دیموکراتییە رۆژئاواییەکان خاوەنى خەلفیەت و مێژوویەکى درێژن لە تێپەڕبوون بە چەندین جۆر و ئەزموونى لێک جیاوازى دیموکراسیدا، بەڵام ناشێ بە بیانووى کەم ئەزموونى و نەبوونى ئەو مێژووە لە تێپەڕین بە ناو دیموکراسیدا هەموو مافە دیموکراتییەکان پێشێل بکەین، هەروەک چۆن ناشێ بە جەستە لە چاخى بیست و یەک و سەردەمى ئینتەرنێت و تەکنۆلۆژیای نوێدا بین و بە رۆح لە زەمەنى فیوداڵیى و چاخەکانى ناوەڕاستدا. بە کورتى و بە کوردیى ئێمە پێویستمان بە پرۆسەیەکى مێژوویى هەیە تا دیموکراسى لە کۆمەڵگەدا جێکەوت دەبێت بەبێ ئەوەى تا دەگەینە ئەو ساتە مێژووى خۆمان پڕ بکەین لە تاوان و پێشێل و زەوتکردنى مافەکانى تاک.

دواسەرنج
لە زەمەنێکدا هەموو هەبووەکانى دەوروبەرمان بەشێوەیەکى دینامیکى و تیژپەڕ لە گۆڕاندان هێشتا کۆمەڵگەى کوردیى کۆمەڵێکى چەقبەستوو و وەستاوە، لە زەمەنێکدا (سۆزان سۆنتاگ) لە بەرامبەر وێنەیەک دەوەستێت و دەڵێت هەموو ئەوانەى لە نێو ئەو وێنەیەدان مردوون، ئەمە لە کاتێکدا خۆى یەکێکیانە!! چوونکە ئەو بڕواى وایە لەو لەحزەیەى ئەوان وەستاون بۆ گرتنى وێنەکە زەمەن لە دەرەوەى ئەوان لە جووڵە و بەرەو پێشڤەچوونى خۆیدا بووە. لە سەردەمێکدا لە خۆرئاوا و کۆمەڵگە مودێرنەکاندا هەموو شتە کۆنەکان بەرەو خاڵى پایانى خۆیان دەچن و لە جێگایاندا چەمک و شتگەلێکى تر جێیان دەگرنەوە، لە سەردەمێکدا گۆڕانکارییەکان لە هەموو بوارە جیاجیاکاندا بە شێوەیەکى تیژپەڕ بەڕێوە دەچن، لە ئاوها ساتێکدا کۆمەڵى کوردەواریى بە جێماوە لە هەموو ئەو گۆڕان و شتانەى ئەم جیهانە گۆڕاوە، یەکێک لەو شتانەشى هێشتا پێى نەگەیشتووە و هەنگاوى جیددیشى بۆ نەهاویشتووە دیموکراسییە.

نووسینی: ستیڤان شەمزینی..
سوێد – ستۆکهۆڵم

24-8-2004
19-9-2004
هەولێر- عەینکاوە
سوێد – ستۆکهۆڵم

*پوختەی ئەم وتارە بە دوو بەش لە ژمارەکانی (33-34)ی رۆژنامەی (نێوەند) لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2006 بڵاوکراوەتەوە.

Previous
Next
Kurdish