Skip to Content

ھەر بە رێگاوە، رۆمانی (بەرێگا..) دەنوسرێتەوە…شوان عوسمان

ھەر بە رێگاوە، رۆمانی (بەرێگا..) دەنوسرێتەوە…شوان عوسمان

Closed
by تشرینی دووه‌م 2, 2020 General, Literature

نوسین جگە لە گەیشتن بە ئارامبوونەوەیەکی رۆحی، دەربازبوونێکیشە لە دوو دڵیەکانی نائارامی لە نێوان قسە و وشەدا، تۆ دەبێت خۆت لە دوودڵیەکانی خۆت رزگار بکەیت، ئەوەش بە نوسینی دەقێک یان تێکستێک دوایی دێت.
ئەوکاتە رێ بە خۆت دەدەیت تا بنوسیت، بەرلەوەی بەو حالەتی نوسینە ھیچ کەسێک لە خوێنەرانت بگەن بە ئارامبوونەویەکی دەروونیی تۆ خۆت بەوە دەگەیت، کەوابوو نوسین لەزەت وەرگرتن و چێژ بەخشینە بە ئەوانی دیکە، پە تایبەتی پەیامی ئەدەبی خۆی لەو چێژی دووسەرە دەبینێتەوە.
کاکی نوسەر لەبەرئەوەی لە کاوانیانی سەر بە شاری شەقڵاوەوە دەژیت ئەو بە دیالێکتێک قسە دەکات کە تایبەتە بەو دەوربەرەی لێی ژیاوە دەبێت بە زمانێکیش بنوسێت کە دڵی ھەردوو خوێنەرەکانی رازی بکات..
ئاسان نیە دەبێت تۆ بێی زمانی قسەکانت بگۆڕیە سەر زمانی رێنوس تا نوسینێکی رەسمی دەربچێت، ئەوە دوودڵی و دڵەڕاوکێیەکی نوسینە سەرەتایەکە رووبەروو زۆربەمان دەبێتەوە، بەڵام نوسەر لەو رۆمانەدا هەولی داوە بە هەردوو حالەتی نوسین بنوسێت دیالێکتی ئاخاوتنەکەی خۆی پشتگوێ نەخستووە جارجار ھەست بە ھەبوونی دەکەیت، بەڕای منیش شتێکی باشە لەبەرئەوەی چێژ و تامێکی تایبەتی بۆ ھاوزێدەکانی خۆت ھەیە، ھەروەھا زور زاراوەو فەرھەنگی دێرینیش ھەیە لە فەوتانیان دەپارێزی.

ناو لە ناو رۆمان شوێنکی بە بایەخ و دیاری ھەیە، لێرە نوسەر ھەمیشە لە ناوێک دەگەڕێت ناوێکی نوێ بێت و دەگمەن و دووبارە نەبێت، یان نوسەر ھاتووە ناوێکی نوێی داتاشیوە بۆئەوەی مۆرکێکی تایبەت بە خۆی پێوە بێت، ئەوەش دیسان بەهای رۆمانەکە گەورەتر دەکات، وەکو شێمراز، ملا خدری بەخورتی،عەدەگرینۆک،جیقۆ فشە،بێزۆی سیاناوخۆر، عەفلەق و ئۆدیب، ئانو بانی نی، ئەلیکترا.
ناویش وەکو پێکهێنەرێکی سەرەکی چیرۆک و رۆمان رۆلێکی تایبەتی هەیە، رۆمان هەیە بە ناوێک دەناسرێتەوە، لە کۆمەڵگار رۆژهەڵاتیش ناو ناوەو جێگەی بایەخێکی زیاترە لە شوێنێ دیکەش.
رۆمانەکە پڕە لە ناوی نادیار و دەگمان، ئەوش کە دەبێتە هۆی ناودار بوونی زیاتری پاڵەوانەکە، هاوکات نوسەر کۆمەڵێک ناو هەیە کە لەناو هزری ئێمەدا هەبوون بەڵام دووبارە نابنەوە و بەکار نابدرێن، ئەو هاتووە سەرلەنوێ نوێی کردوونەتەوە و لە قالبێک لە پالەوانێک تەوزیفی کروون، بە تایبەتی ئێمە لە دەڤەرێک دەژین کە کریستیانی و موسڵمانی پێکەوە دەژین و گەلێک ناو و زاراوەی هاوبەش و ناهاوبەشییان پێکەوە هەیە، هەروەها ناوی شوێننەکانیش بە هەمان حالەت لەناو رۆمانەکە دەردەکەون ..
لەوانە حەنچە و قریاقۆس، قۆیتاس، ماخە، کریکۆرو سیمۆن، زەیا، میخۆ، گۆڕی نێرگزان، قەپڵاغ، قۆیتۆ، شاپڵاغ، ئەو ھەموو ناوانە کە مۆرکێکی ناوەخۆییان ھەڵگرتووە بەڵام چێژێکی تایبەتیش دەبەخشن، ھەروەھا ئاماژەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان ھەیە، ھەموومان پڕین لە ناو بەڵام کەی و لە کوێ ئەو ناوانە بەکار دەبەین ئەوە گرنگە، نوسەر ناوەکانی بە باشی بەکاربردووە.

بنەچە و بنەڕۆکی رۆمانەکە رێوڕێ بەدەم رێگاوە دەگۆڕێت سەرەتا بە سادەییەکی زۆر سادە و دواییش هێور هێور لەناو ئالۆزیەکی جواندا دەکەوێتە رێ، هەمیشە وابووە دەقی باش و نوسینی باش پەیوەندی بە پاشخان و پێشینەی رۆشنبیری و هزری نوسەرەکەیە، ئەویش بڕیار دەدات کە بەرهەمەکە شتێکی باشە یان دووبارەیە.
زانین پەیوەندی بە تەمەن نیە بەلکو دەگەڕێتەوە بۆکاری شەونخونی و خوێندنەوەو بەدەنگ هاتن و دواچوونی پەیامەکانی خۆت، ئەوەش دەبێتە خاڵی جیاواز لە نێوان نوسەرێک و نوسەرێکی دیکە، بۆیە هەمیشە نوسین رەنگدانەوەی رەنگ و بیرکردنەوەکانی ئەو کەسەیە کە دەینوسێت.

نوسەر ئاگایەکی باشی لە فەلسەفەکانی نەتەوەکانە بۆیە نوسەر لەسەر زمانی پالەوانێک شێمراز کۆمەڵێک پرسیاری فەلسەفی دەکات، چینێک دژ و دژەکاری هزری دەخاتە روو، زەمەن رایەڵێکی گرنگە لە راگرتنی کاتەکانی درێژەدان بە رۆمان، بەلام لەو رۆمانەی بە رێگادا، ئەو رۆلەی نیە هەر چیرۆکێکە زەمەنێکەو زەمەن لەناو زەمەن قسە دەکات، کات لە خزمەتی شوێن و سەربوردەی پاڵەوانەکانە،لە پێناو ئەوانیش کات دەستەمۆ دەکات.
رۆمان خۆی لە خۆی چیرۆکێکی درێژە ،تا رۆمانیش چیرۆکی زۆر بێت گۆمەکە قووڵتر دەبێت بۆ مەلەوانی تا رۆمان بە بەسەرهات و سەربوردە و رووداو دەوڵەمەند بێت، خوێندنەوەی خۆشتر و بەتامتر دەبێت، کاک دڵشاد توانایەکی بێرادەی باشی هەیە لە دانانی چیرۆک، چیرۆکیش دیارە ئەرکی زۆرە کە بەسەرھات و سەربوردەش زۆر بوون ئەرکەکان و خواستەکانی زیاتر دەبن، ئەو هەمیشە چیرۆکی لەناو چیرۆکی دروست کردووە.

شەیتان وەکو واقیعێک لە ناو ھزری نوسەر و پاڵەوانەکان زۆر دووبارە دەبێتەوە، ھەستم کرد دووبارە دەبێتەوە ئەوەش پەیوەندی بە پاشخانی فەرھەنگی نەک ھزری نوسەر ھەیە ، وەکو ئەوەی شەیتانێک ھەبێت لە سەرووی ئەوان ژیانیان بەڕێوە ببات، بەڵام من پێموایە شەیتان وەکو ئەجندە و خێو و شەوە دوایی ھاتووە، ئەوەی ھەبوو و ھەیە ئەو شەیتانەیە کە ھەریەکەمان لە ناوەوەی خۆی حەشاری داوە لەبڕی ئەویش بڕیار دەدات.
پێموایە ئەرکی رۆشنبیرو نوسەری نوێخوازو ھاوچەرخە ئەو شەیتانە ئاشکرا بکات و وەکو نھێنیەک یان شتێکی شاراوەو پیرۆز بەجێی نەھێڵێت تا ریسوایان بکەین و نەھێڵین رۆلیان ھەبێت.
ئەو سەرنج و تێبینیانەم لە کاتێک ئەنوسم کە ھێشتا لە خوێندنەوەی کتێبەکە تەواو نەبووم ھەول دەدەم ئەگەر شتێکی دیکەم ھەست پێکرد بینوسمەوە.
بەڵام بەگشتی رۆمانێک بەتام و نوێ و فەرھەنگێکی نوێ و بە زمانێکی نوێش نوسراوە کە پڕە لە دیاردەی کۆن و نوێ، لە دوورەوە دەستت ئەگوشم ھاوڕێی ھاوشاریم، شتێکی جوانت نوسیوە خۆشبەختت کردم و
ھەر بژیت.

٣١⁄١٠⁄٢٠٢٠
ھۆلەندە

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish