Skip to Content

“گوڵ نیسا” سێ خەڵاتی سەرەکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کۆزۆڤۆی بەدەستهێنا

“گوڵ نیسا” سێ خەڵاتی سەرەکی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کۆزۆڤۆی بەدەستهێنا

Closed
by تشرینی دووه‌م 8, 2020 Cinema, General

مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا” لە دەرهێنانی “سەتار چەمەنی گوڵ”، سێ خەڵاتی سەرەکی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان و باشترین ئەکتەریی لە سێزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی Goddess On The Throne لە وڵاتی کۆزۆڤۆ بەدەستهێنا.

فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا” Golnesa یەکەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد “سەتار چەمەنی گوڵ” و لە نووسینی سیناریۆی سینەماکاری کورد “ڤیدا ساڵحی”، بە بەڕێوەبەرایەتی وێنەگرتنی “محەمەد فەکووری” و بە ڕۆڵ بینینی سەعید داخ، عەلی محەمەد ڕادمەنێش، یەگانە رەجەبی، ساقی زینەتی، مەسعوود محەمەدی، ویدا عەموویی، کە تا ئێستا زیاتر لە 30 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە ئاستی جیهان بەشداریی کردووە و 18 خەڵاتی لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا بەدەستهێناوە، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سێزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی Goddess On The Throne لە شاری پریستینا لە وڵاتی کۆماری کۆزۆڤۆ نمایشکرا و لە بەشەکەکانی باشترین بەڕێوبەریی وێنەگرتن، باشترین سیناریۆ، باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان و باشترین ئەکتەر؛ کاندیدی وەرگرتنی خەڵات بوو کە لە دەرئەنجامدا سێ خەڵاتی سەرەکی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان بۆ “سەتار چەمەنی گوڵ” و هەروەها باشترین ئەکتەریی ئەم فێستیڤاڵە بە شێوەی هاوبەش بە “یەگانە رەجەبی” و “عەلی محەمەد ڕادمەنێش” ئەکتەرانی ئەم بەرهەمە سینەماییە بەخشرا.

ئەم خولەی فێستیڤاڵ، بە نمایشی کۆمەڵێک بەرهەم لە بەشە جۆراوجۆرەکان؛ بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە رۆژانی 30ی ئۆکتۆبەر تا 2ی نۆڤەمبەری 2020 بە شێوەی ئۆنلاین لە شاری پریستینا Pristina لە وڵاتی کۆماری کۆزۆڤۆ بەڕێوەچوو.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی کورتە فیلم و فیلمی دیکۆمێنتاریی و فیلمە بڵیندەکانی سێزدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی Goddess On The Throne بریتی بوون لە: خاتوو “مەریەم زەهیری مێهر” دەرهێنەری ئێرانی دانیشتووی وڵاتی ئەمەریکا، “کۆرای دەمیر” Koray Demir دەرهێنەر لە وڵاتی تورکیا و “کاورۆ کاجیتانی” Kaoru Kajitani دەرهێنەر لە وڵاتی بەریتانیا.

ئەم فێستیڤاڵە کە لە ساڵی 2002 لە لایەن “بێسیم ئاجیتی” Besim Ajeti دامەزراوە؛ لە خولەکانی رابردوودا خانەخێوی دەرهێنەرانی ناوداریی جیهان، لەوانە: “فاتیح ئاکین” Fatih Akin فیلمسازی تورکی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا، “میشێل لێکلێرک” Michel Leclerc فیلمسازی فەڕەنسی کە بە فیلمی “ناوی خەڵکی” و بە رۆڵ بینینی “لیوونێل ژۆزبین” Lionel Jospin سەرۆک وەزیری پێشووی فەڕەنسا ناوبانگی نێونەتەوەیی دەرکرد و هەروەها فیلمسازانی دیکەی دنیا کە بە بەرهەمەکانیان لەم رووداوە سینەماییەدا ئامادەبوون.

بێجگە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی Goddess On The Throne کۆزۆڤۆ، یەکێک لە بەشە گرینگەکانی ئەم رووداوە هونەرییە، نمایشی فیلمەکانی بەشی پێشبڕکێی لە شەمەندەفڕەکانی ناو شارەکانی وڵاتی کۆزۆڤۆیە کە بە مەبەستی پێکهێنان دەرفەت و پەرەپێدانی وێنەگرتن لە کۆزۆڤۆ لە سەرتاسەری جیهان، لە رێگای پەیوەندیی لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی فیلم لە وڵاتانی دنیا، بەڕپاکردنی رێوڕەسمی نمایشی فیلمەکان و سازدانی کارگەی فێرکاریی بە رەسەنترین شێوەکان، لە دەرئەنجامی کۆکردنەوەی دەرهێنەران، فیلمسازان و هونەرمەندان بە هاوبەشدانانی بایخەکان و هاندان و پشتیوانی لە کارەکانی دوایی ئەوان بەڕێوەدەچێت.

فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا” لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “عەشق” لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و “یەگانە رەجەبی” ئەکتەری سەرەکی ئەم فیلمە توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئەم فێستیڤاڵە بەدەستبێنێت.

بۆ زانیاریی زیاتر:
http://festfilmkosova.com

بەڕێوەبەرایه‌تی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی “گوڵ نیسا”.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish