Skip to Content

ڕاکردن لە جەستەوە بۆ ڕۆح  .. محەمەد بەرزان

ڕاکردن لە جەستەوە بۆ ڕۆح .. محەمەد بەرزان

Closed
by تشرینی دووه‌م 17, 2020 General, Poems

دەستت بێنە
با لە دیمەنی
تانکو تۆپی شکاوی
..ئەم کاولستانا ڕاکەین…

وەرە لەگەڵم،
من لە چاوەکانی باپیرەم و
دەفتەری یادگاری باوکم و
لە پشت ئێشەی
دایکمەوە فێربووم،
دەبێ هەر ساڵ نا ساڵێ ڕاکەین،

دەبێ هەر چەند
ساڵێ جارێ
بارەگامان لە کۆڵ نێین و
ڕوو لە دەشتو
دۆڵ و چیاکەین،

دەستت بێنە
گەر بڕوا ناکەی
با ئەلبومی ژیانی
هەرچی کوردە
هەڵبەینەوە و تەماشاکەین.

دەستت بێنە
ئەمجارەیان بەشی
خێمە هەڵدان و،
سەرما و سۆڵەی
نەوەتو یەک و
شانزەی ئۆکتۆبەرێکی تر ناکەین..

دەستت بێنە
با ڕۆینێک بڕۆین
بێ ئاوڕ دانەوە، بێ گەڕانەوە
بە شێوەیەک کە
تەماشای دواوە ناکەین…

دەستت بێنە
من نامەوێ کوڕەکەشمان
بە دیکتاتۆرێکی ترو،
جەنگێکی ترو
ڕێکەوتێکی قێزەونی
تری وەک و ئەنفاڵ ئاشناکەین..

دەست بێنە
با لەم ژینە سەدبارەیە
با لەم مێژوو ڕەشە پڕ لە
خوێن و ژمارەیە
جەنگی کۆتایی لەگەڵ ئەم
هەموو جەنگەیا بەرپاکەین…

دەستت بێنە،
وەرەز نەبووی؟!
لە لەرزەی پەنجەرەو
لە درۆی سەیرو سەمەرەو
لەوەی لەگەڵ هەر گرمەیەک
دەبوو شووشەی پەنجەرە چاکەین؟!

وەڕەز نەبووی؟!
لەوەی لە هەر ژوانێ
ئەکەر کەسێک بهاتایا
دەبوو دەستی یەکتر بەردەین
تەماشای ئەملاو ئەولاکەین؟!

وەرەز نەبووی؟!
لەوەی لە ژێر بارینی گولەو
بۆنی باروت و بۆنی سێو
پارویەک نان پەیداکەین؟!

ئەدی بە نیازی هەتا کەی
من لە سوچێکی ژوورەکەم
تۆ لە پشتی دایکتەوە
بۆ بۆیەکبوونمان نزاکەین؟!

وەرە ئازیز
وەرە بابڕۆین
ئەم کاولستانە پڕە لە ئاغا،
وەرە بانەفرەت لە ئاغا و
لە بەگ و شا کەین..

دەستت بێنە،
من لە ئاگر زۆر ئەترسم
با هێندێکیش ڕوو لە شەپۆل و
تۆفان و با کەین..

شەرم مەکە
ڕوو زەرد نابین
خۆ ئێمە وەک فڵان و فیسار
لە کورد بوون ڕاناکەین!

لە هەر قوژبنێکی
ئەم دنیایە بین
هەر کورد ئەبین
هەم خۆراک و هەم
لە دایکبووی ئەم خاکەین!

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish