Skip to Content

تیرۆریزمی ئیسلامی و ئازادی دەربرین .. وەرگێڕانی کاوە عومەر

تیرۆریزمی ئیسلامی و ئازادی دەربرین .. وەرگێڕانی کاوە عومەر

Closed
by تشرینی دووه‌م 26, 2020 General, Opinion

ئەم نوسینە لەسەر بنەمای دەقی چاوپێکەوتنێک ئامادەکراوە کە لەگەڵ تەلەفزیۆنی کەناڵ جەدید ئەنجامدراوە .


خەلیل کەیوان:هەواڵی سەربڕینی مامۆستای مێژوو،سامۆئیل پیتی،لەلایەن لاوێکی موسڵمانی بەبنەچە چیچانی وە لە دەوروبەری پاریس جهانی توشی شۆک کرد.ئەم مامۆستای مێژووە لە پۆلەکەیدا و لەدەرسێک سەبارەت بەئازادی دەربرین،ئەوکاریکاتێرەی پەیامبەری ئیسلام کەلە گۆڤاری چارلی ئیبدۆدا بڵاو کرابویەوە پیشانی قوتابیەکانی ئەدات.
هەر ئەمە بەس بوو بۆ ئەوەی بڕیاری سەربڕینی بدرێت و بەو شێوە دڵتەزێنە لەبەردەم قوتابخانەکەیدا جێبەجێ بکرێت.ئەم کوشتنە ئازار بەخشە،فەرەنساو جیهانی ڕاچڵەکاند وئەنجامیکی زۆری لێ کەوتەوەو بوەتە جێی باس.لەوانە هۆکارو ڕیشەی ئەم جۆرە ڕوداوانە ،تیرۆریسمی ئیسلامی و ئازادی دەربڕین و بابەتی بەرگری لە بەهاکانی کۆمەڵگەی سیکۆلار و هیتر سەبارەت بەم بابەتە وت وویژێک لەگەڵ حەمید تەقوایی ئەنجام ئەدەین.

دەوڵەت وبزوتنەوە ئیسلامیەکان ئیدیعای ئەوە دەکەن کە مامۆستا فەرەنسیەکە سوکایەتی بە پیرۆزیەکانی ئیسلام کردوەو بەو بیانوەوە ڕاشکاوانە بەرگری لەکوشتنی ئەو مامۆستایە دەکەن ، یان پاساوی بۆ دەهێننەوە.لەلایەکەوە دەوڵەتەکان وبزوتنەوە ئیسلامیەکان و لەلاکەی تریشەوە بەرگریکاران لە بەهاکانی سیکۆلاریزم لەبەرامبەریەکدا وەستاون.بێجگەلە کۆماری ئیسلامی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا،عومران خانی سەرۆک وەزیری پاکستان،وەزیری کاروباری دەرەوەی مەغریب لەناو ئەو کەسانەدا بوون کە ناڕەزایەتیان دژی ماکرۆن دەربڕی .لە وڵاتانی وەکو بەنگلادیش و پاکستانیش خۆپیشاندانیان بەڕێوەبرد،لە بەرەی بەرانبەریشدا خەڵکی فەرەنساش لەبەرامبەر ئەم کوشتنەدا ڕژانە سەر شەقامەکان،یەکێک لە خۆپیشاندەرانی فەرەنسا وتی پەیامەکەیان لەم بارەیەوە ئاشکرایە: سەردەبڕین هەتا هیچ کەس بوێری ئەوەی نەبێت لە دژی بیرکردنەوەی ئێمە دەم بکاتەوە.”بۆچی بابەتەکە هەتا ئەم ئاستە بۆتە جیگای سەرنج؟

حەمید تەقوایی:هۆکارەکەی ئاشکرایە.دڕندەیی و تاوانێک کەلەم بابەتە تایبەتەدا ئەیبینی لە مێژووی هاوچەرخدا بێ وێنەیە.مامۆستایەک بەعالەمی ئاشکرا سەردەبڕن بەهۆی ئەوەی کە کاریکاتێرێکی نیشانی خوێندکارەکانی داوە.ئەم تاوانە لەژێر هەر پاساو بیانویەکدا ئەنجامدرا بێت ئەو پەڕی ترسناکی ئیسلامی سیاسی نیشان ئەدات.ئەبێت بەتوندی مەحکوم بکرێت و لێبڕاوانە لەبەرامبەریدا بوەسترێتەوە..ئەم ڕوداوە بوە جێگەی سەرنجی خەڵکی دونیا چونکە هیچکەس چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد کە تاوانێکی لەو شێوەیە لەم سەردەمەی ئێمەدا ڕوبدات،هەروەک ئاماژەتان پێدا بابەتی دەرسی مامۆستای قوربانی ئەم تاوانە ئازادی دەربڕین بو و ئەو وەک نمونەیەک کاریکاتێری گۆڤاری شارلی ئیبدۆی نیشانی خوێندکارەکانی دابوو.ئەگەر یادتتان بیت بڵاو کردنەوەی یەکەمجاری ئەم کاریکاتێرانە ساڵی ٢٠١٥ بویەهۆی هێرشی هێزە ئیسلامیەکان بۆسەر نوسینەگەی گۆڤارەکەو تیرۆرکردنی ١٢کەس لە ئەندامانی دەستەی نوسەرانی و خەڵکی دونیا لەبەرامبەرئەوتاوانەدا وەستانەوە.لەبەرامبەر ئەم کارەدڕندانەیەدا خەڵکی فەرنسا وئەورپاو وڵاتانی تر هاتنەمەیدان وهێرشی سەر گۆڤاری شارلی ئیبدویان مەحکوم کرد.سامۆئیل پیتیش ئەوڕوداوەی بۆ خوێنکارەکانی ڕون دەکردبویەوەو بەرگری لە ئازادی بیروڕا دەربرین کردبوو.ئەمە بویە بیانویەک بۆ هێزە تاسەرئێسقان کۆنەپەرسەت وئینسان کوژە ئیسلامیەکان هەتا تاوانێکی ئاوا ئەنجام بدەن و لەئاکامدا، هەروەک ئاماژەتان پێدا،دەوڵەتە ئیسلامی ونیوە ئیسلامیەکان و هێزە وشک هەڵهاتوە ئیسلامیەکان دەست بکەنە هیرش کردنە سەر پێوەرەکانی سکۆلاریزم وهەرکەسێک کەبەرگری لەئازادی بیروڕا دەربڕین بکات.
لەلایەکی تری ئەم ڕوداوەوە بەرگریکاران لە سکۆلاریزم بەرگریکاران لە ئازادی دەربڕین و ئازاد بیرکردنەوە وەستاون و لایەکەی تریش هێزە کۆنەپەرست و ئینسان کوژە ئیسلامیەکانن کە دەیانەوێت بەزەبری شمشێرو سەربڕین و شتی ترەوە خەڵک بترسێنن. هەروەک ئەو مامۆستایە کەلە ناو خۆپیشاندانەکاندا وتی دەیانەوێت ئیتر هیچ کەس بوێری ئەوەی نەبێت کە بڵێت پشتی چاوی ئیسلام برۆیە.ئەبێت لەم شەڕەدا ئێمە بەتەواوی توانامانەوە بەرگری لە بەرەی سیکۆلارو ئازادی بیروڕا دەربڕین و ئاتەئیزم بکەین لەبەرامبەر ئەم دڕنەدە ئیسلامیانەدا کە هاتونەتە مەیدان.

خەلیل کەیوان:هەندێک لە هێزە لیبریاڵەکان وتەنانەت بەشێک لەو چەپانەش کە خۆیان بە سیکۆلار دەزانن لەو باوەڕەدان کە ئازادی ڕا دەبڕین سوکایەتی بە باوەڕو پیرۆزیەکانی تاکەکان ناگرێتەوەو بەدیاریکراویش نابێت سوکایەتی بە ئیسلام بکەیت. بۆچونی ئێوە لەم بارەیەوە چیە؟

حەمید تەقوایی: ئازادی بیروڕا دەربڕین مانای بەرگری کردن نیە لەهەر بیروڕایەک،نابێت سوکایەتی بەکەسەکان بکرێت بەڵام گۆشەیەکی گرنگی ئازادی دەربڕین ڕەخنەگرتنە لە باوەڕەکان.
ئێمە رێز لەهەر بیروباوەڕێک ناگرین.بیروباوەڕی خورافیەکان و ئەو پیرۆزیانەی کە بەبەناوی بەرگری کردن ئەوان مرۆڤەکان دەبنە قوربانی نەک هەر نابێت ڕیزیان لی بگیرێت بەڵکو ئەبێت ڕەخنەیان لی بگیرێت.
بەدرێژایی مێژوو هەموو ئاینەکان لەپێناو بەرگری لە پیرۆزیەکانیان تاوانیان ئەنجامداوە.لە سەدەکانی ناوەڕاستدا لە ئەوروپا مەسیحیەت هەڵگەڕاوەکان و”ئەوانەی سوکایەتیان دەکرد”بە مەسیح هەر بەزیندویی لەناو ئاگردا دەیان سوتاندن،ئەمرۆش ئیسلامیەکان نوینەرایەتی ئەم دڕندایەتیە دەکەن،ئەیانەوەێت هەمان کاری سەدەکانی ناوەڕاست لەسەدەی بیست ویەکدا درێژە پێبدەن.خۆی بنەمای ئازادی بیروڕا دەربڕین ڕیک بەمانای ئەوەیە کە هەموو کەس مافی ئەوەی هەیە کە ڕەخنە لە دواکەوتویی و وشک هەڵهاتویی و خورافات ودەمارگیری و پیرۆزیە ئاینیەکان بگرێت.بەهەر شێوەیەک کە پیی خۆشە ڕەخنە بگرێت،بە باسی فەلسەفی وزانستی یان بەڕۆمان وکاریکاتۆر و فلیم و شانۆگەری ومۆسیقا و هەجوو کۆمیدی.ئەوانە هەمویان بەشێکن لە ئازادی ڕادەربڕین بەمانای فراوانی وشەکە.
لەبنەڕەتدا خەبات لە پێناو ئازادی ڕادەربێن دا لەدژی ئاین دەستی پێکردوە.لەسەدەکانی ناوەڕاستدا دەسەڵات بە دەست کڵێسا وە بوو هەموو شتێکی خست بووە ژێر ڕکێفی خۆی و .وە نەک تەنها ڕێگای بەڕەخنەگرتن لە ئاین نەدەدا بەڵکو ڕێگایان بەهیچ شتێکی زانستی و ڕاستیە زانستیەکان نەدەدا کە دەرببڕدرێت و خۆی بگرێت، ئەگەر لەگەڵ باوەڕی کلێسەو ئاینی مەسیحیەتدا ناکۆک بوایە .کەنیسە بەشێوەیەکی دڕندانە هێرشی دەکردە سەر ئازادئەندێشەکان،و وەک هەڵگەڕاوەو جادوگەر وکافر ئەیکوشتن وئەی سوتاندن و تروسکاییان لەژیانی خەڵک بڕی بوو،بوبونە لەمپەر لەبەردەم زانست وهەر بەرەوپش چونیکی هزری و نوێخوازی و هەموو ئەم تاوانانە لەژێر ناوی ڕوبەڕو بونەوە لەگەڵ سوکایەتی بە پیرۆزیەکان وخوداو پێغەمبەردا ئەنجام ئەدران.

لەبەرانبەر ئەم بارودۆخەو لە بزوتنەوەی ڕینسانس و بزوتنەوەی ڕۆشنگەریدا ئازادی دەربڕین وەک بنەما خرایەڕوو.پێشڕەوەکانی ئەو سەردەمە ڕایانگەیاند کە هیچ کەس مافی ئەوەی نیە کە ڕاستی بەسوکایەتی تێبگات و سەرببڕێت و دارکاری بکات وبسوتێنێت.
نەک تەنها لە ڕوی مێژوییەوە بەڵکو ئەمڕۆش بەرگری لە ئازادی لەکردەوەدا بەمانای بەرگریە لە ڕەخنەگرتن لە ئاین.ئایندارەکان بەدرێژایی مێژوو ئازاد بوون کە لەسەر مینبەرو میحراب و کەنیسەو مزگەوت وهیتردا هەرچیان دەوێت لەدژی نەیارەکانی ئاین و ئاتەئیستەکان بیڵێن و نەک تەنها خورافاتی ئاینی بڵاوبکەنەوە بەڵکو لێبدەن وبکوژن و سەرببڕن.بەدرێژایی مێژوو ئەم کارانە ئەنجامدراون.
بەدەربرینێکی تر ئایندارەکان هەمیشە ئازادی دەربرینیان هەبوە.بەرگری کردن لە ئازادی ڕادەربڕین واتە بەرگری لە مافی دەربڕینی دژە ئاین و ڕەخنەگرانی ئاین.ڕەخنەگرانیش لە ئاین ئەبێت هەروەکو ئایندارەکان مافی ئەوەیان هەبێت کە بۆچونەکانی خۆیان ڕاگەیەنن و ڕۆمان بنوسن وفلیم دروست بکەن وشیعر بڵێن و کاریکاتێر بکیشن و کۆمیدی وهەجوو بکەن. ئەبێت مرۆڤایەتی مافی ئەوەی هەبێت کەلەدژی ئاین و لەدژی هەر جۆرە پیرۆزیەک-پرۆزی ودەمارگری و چەق بەستویی و تابۆ میللی و ڕەگەزی و نەتەوەیی وئاکاری وهیترەکان-بەهەر شێوەیەک کە خۆی دەیەوێت دەریبڕێت.ئەمە ناوەرۆکی ئازادی دەربڕینە.هیچ کەس دەمی ئایندارەکانی دانەخستوە.ئیسلام وئاینەکانی تریش بەردەوام خەریکن تەبلیغ بۆ بۆ بیروباوەڕەکانیان دەکەن وە تەنانەت لەزۆرێک لەوڵاتەکانیشدا لەلایەن حکومەتەکانەوە کۆمەکی مالی دەکرێن وە مینبەر دەخەنە بەردەستیان.مانای عەمەلی و ڕاستی ئازادی ڕادەربيین واتە مافی ڕەخنە گرتن و دژایەتی ئاینیەکان.

ئەو کەسانەی کە ئەمڕۆ دەڵێن ناوەرۆکی ئازادی ڕادەربڕین “سوکایەتی”بەئاینی تێدانیە لە ڕاستیدا ئازادی ڕادەربڕین لە ناوەرک وفەلسەفەی هەبونەکەی دادەماڵن.ئازادی دەربڕین بەبی ڕەخنەگرتن لە پیرۆزیەکان هیچ مانایەکی نیە.

خەلیل کەیوان:تیرۆریزمی ئیسلامی بەتەنها کێشەی فەرنسا نیە.وڵاتانیکی تریش لە ئەوروپا لەگەڵ ئەم گرفتە ڕوبەڕون.لەزۆرێک لەوڵاتانی ڕۆژئاواییدا گیتۆیەکی(ghettos) زۆر لە پەنابەران پێکهاتوە.هەڵاورادن وهەژاری لەم گیتۆیانەدا هاواردەکات.ئایا هیچ پەیوەندیەک هەیە لەنیوان هەژاری وبێ مافی پەنابەران وتیرۆریزمی ئیسلامیدا لەفەرەنسا و وڵاتانی تری ئەوروپا؟

حەمید تەقوایی:بەبڕوای من هەژاری وهەڵاواردن بارودۆخەکەی لەبارکردوە بەڵام تیرۆریزمی ئیسلامی ڕیشەکەی هەژاری و هەڵاواردن نیە.ئەو هەژاری وهەڵاوردنەی کە ئاماژەتان پێدا بەردەوام هەر هەبوە. زۆر پیش ئەوەی کە بزوتنەوە ئیسلامیەکان سەرهەڵدەن وزۆر پێش ئەوەی کە خومەینی وتالیبان وهیتر دونیا بیان ناسێ هەژاری وهەڵاواردن هەبوە وشۆڕوش و یاخی بونیش لەدژی ئەم هەژاری وهەڵاواردنە هەبوە.هەر لەم دەیەیەی دوایدا لەبەریتانیاو فەرەنسا،بزوتنەوەی هێلەک زەردەکان و ساڵەکانی پیشتریش ڕاپەڕینی دانیشتوانی قەراخ نیشینی شاری پاریس،خەڵکی شۆرشیان کرد لە دژی هەژاری وە سەرباری ئەوەی کە بەشێکی سەرکیان لە پەنابەرانی وڵاتانی لەئیسلام گیراو پێکهاتبون و ئەوکاتە ئیسلام وئیسلامیزم و سەربڕین هیچ باسی نەبوو. لە ولایەتەکانی ئەمریکاشدا چەند شۆڕشێکی یەک لەدوایەکمان بینیوە کە دیسان پەیوەندیان بەئیسلامی سیاسیەوە نەبوە.
ئەوهەوساربچڕاویەی ئەمڕۆی بزوتنەوە ئیسلامیەکان بنەماکەی هەژاری نیە.بەڵکو لەبنەڕەتدا وڵاتانی ڕۆژئاوا خۆیان بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسیان خستویە نیو گۆڕەپانەکە.تەنانەت هاتنەسەرکاری خومەینیش لە ئێران وتالیبان لەئەفغانسان لەبنەڕەتدا بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی وڵاتانی ڕۆژئاواو تەنانەت بە نەخشەسازی ئەوان بوە-تالیبان بەتەواوی دەستکردی پەنتاگۆن بوو-دەسەڵاتیان بەدەستەوەگرت.کاتی خۆی بۆ ڕوبەڕو بونەوەی کارتێکردنی سوڤیەت ئەم بزوتنەوانەیان گەورەکردنەوە؛لەئەفغانستان کارتێکردنی سۆڤیەت ولە ئێرانێکدا کە دەترسان پاش ڕوخانی ڕژێمی شا بکەوێتە ناو بازنەی کارتیکردنی سۆڤیەتیەوە.بەم پێیە هەردوو باڵەکەی ئیسلامی سیاسی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا هێنانیانە ناو سیاسەتەوە.پاش هەرەس هێنانی شورەوی ئەم بزوتنەوە ئیسلامیانە هەوسارەکانیان پارچە پارچەکردو ئەمڕۆ بونەتە مایەی دەردەسەری بۆ دەوڵەتەکان لە پایتەختەکانی ڕۆژئاوادا.
کەوابوو باسەکە بەتەنها لەسەر ئاین وەکو باوەڕی تاکەکان نیە.باسەکە لەسەر بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسیە.واتە بزوتنەوەیەک کە هەوڵ ئەدات ئیسلام ویاسا دڕندانەکەی ئیسلام بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێت،ئەیەوێت یاسای تۆڵە سەندنەوەو دارکاری(شەلاق) و یاسای کۆیلەی سێکسی بەسەر ژناندا جێ بەجێ بکات و لەهەر وڵاتێک وەک ئێران دەسەڵاتی بەدەستەوەگرتوە ڕۆژگاری خەڵکی “موسڵمانی”هەر ئەو وڵاتەی تاریک کردوە.ئەمڕۆش لە تورکیا ئەردۆغان هەوڵێ جێخستنی یاسا ئیسلامیەکان و خەیاڵی ژیاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لەسەریدا سەری هەڵداوە.
بەبڕوای من بنەمای ئەسڵی ئەم بزوتنەوە دژی ئینسانی ودڕندانەو تیرۆریستیە ئیسلامییە.بزوتنەوەیەک کەلە وڵاتانێکی وەک ئێران دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتوەو لە هەندێک شوێنی تر وەک حیزب وبزوتنەوە ئیسلامیەکانی وەک حیزبواڵلەی لە لوبنان خۆیان ڕادەگەیەنن وە یان لە شێوەی دارودەستەی چەکدار لە عێراق ویەمەن وسوریا سەرقاڵی کوشتارو خولقاندنی کارەساتن.
ئەمە کرۆکی مەسەلەکەیە.بەدڵنیایی ئەم هێزە ئیسلامیانە هەوڵەئەدەن کە لەناو پەنابەرانی وڵاتانی لەئیسلامگیراودا کەلە وڵاتانی ئەورپا لەپەراویزی شارەکاندا ژیان دەگوزەرێنن و هەژاری کاری تیکردون ولە مافەکۆمەڵایەتیەکان بێ بەشن هێز بگرن.بەڵام لەم لایەنەشەوە هیچ سەرکەوتنێکیان بەدەست نەهێناوە.من لەم کارە تیرۆرسیتیانەدا نەم بینیوە چ کۆماری ئیسلامی وە چ دەوڵەتی تورکیا وەیان وڵاتانی تری ئیسلامی ئیتر هەژاردۆستیە بکەن و بەردی پەنابەرانی هەژار بدەن لەسنگیان وەیان بەپێچەوانەوە لەلایەن ئەوانەوە پشتیوانی بکرێن.هێرشەکەیان لەبنەڕەتدا سەبارەت بە بێڕێزی بوە بە پەیامبەری ئیسلام وسوکایەتی بوەبە موسڵمانان .قسەیان ئەوەیە.واتە تەنانەت نە لەتیئۆری ونەتەبلغاتیشدا ئێمە هیج شتێک نابینین سەبارەت هەژاردۆستی لەلایەن ئەم بزوتنەوانەوە.لەڕاستیدا تێرۆریزمی ئیسلامی بزوتنەوەیەکی سیاسیە کە لەگەڵ بانگەشەی بەرگریکردنی لە ئیسلام داوادەکات کە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا دەست لە سکۆلاریزم هەڵبگرن و داوایان لی دەکەن کە پەیمانێکی تایبەتی لەگەڵ موسڵمانان ببەستن.

خەلیل کەیوان:ئێوە ئاماژەتان بەوەکرد کە خومەینی وتالیبان بە هاوکاری دەوڵەتانی ڕۆئاوا دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتوە.هەر لەم بارەیەوە بەڵگەنامەی زۆر بڵاوکراوەتەوە،ماوەیەک لەمەوبەر هیلاری کلنتۆن لەو کتێبەیدا کە بڵاوی کردوەتەوە ڕاشکاوانە ڕایدەگەیەنێت کە تالیبان دروستکراوی دەستی خۆمانە.لەم دوایانەشدا کارتەر ئاشکرای کردوە کە لەکاتی شۆڕشی ٧٩ ی ئێراندا،لەگەڵ بەریتانیا ڕاوێژیان کردوەو بەو ئاکامەگەیشتون کە لەبەرامبەر شۆڕشی ئێراندا پشتیوانی لە خۆمەینی و ئیسلامیەکان بکەن.لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆچی لەم چەند دەیەی ڕابردودا ئیسلام وتیرۆریزمی ئیسلامی لە ڕۆژئاوا گەشەیان کردوە؟دەوری سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاواوو دەوڵەت و وبزوتنەوە ئیسلامیەکان چیە لە گەشەی ئیسلامگەرایی وتیرۆریزمی ئیسلامیدا؟

حەمید تەقوایی:دەوری وڵاتانی ڕۆژئاوا تەنها لەو سنورەدا نەمایەوە کە خومەینی یان تالیبان زەقکەنەوە.ئەوانە بنەما سەرەکیەکانی دروست بونی تیرۆریزمی ئیسلامین بەڵام دەوری دەوڵەتەکان هەربەتەنها ئەوە نەبوو.جگەلەوە بەردەوامیش دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و هەربەوجۆرە لەگەڵ بزوتنەوە ئیسلامیەکانیەکان و بەتایبەتیش لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا ڕیککەوتون و لەناو سیاسەتەکانی خۆیاندا جێگایان پیداون.وڵاتانی ڕۆژئاوا نەک هیچ کاتێک بەرگریان لە سکۆلاریزم نەکردوە لەوڵاتانی بە ئیسلام گیراودا بەڵکو بۆ بەهێزکردنی خۆیان وبەرەوپیش بردنی سیاسەتەکانیان دەوڵەت وهێزە ئیسلامیەکانیان بەکار هێناوە.ئەڵبەتە سیکۆلاریزم لە ڕۆژئاوا خۆشیدا ، زۆر گرنگی پینادرێت جگلە فەرەنسا کە هەتا ئاستێک لەو بارەیەوە کارنامەیەکی باشتری هەیە.بەڵام هەرچۆن بێت وڵاتانی ڕۆئاوا ئەو سیکۆلارە نیوەوناچڵەش بە شایستەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نازانن.بەپێچەوانەوە هەموو هەوڵێکیان بۆ هێنانە پیشەوەی هێزە ئاینی-نەتەوەییەکان بوە عێراق نمونەیەکی بەرجەستەی ئەو سیاسەتانەیە.لە عێراقدا دەوڵەتیکی بەتەواوەتی نەتەوەیی-ئاینیان هێنایەسەرکار.تەنانەت پۆستەکانیشیان دابەشکرد سەرۆک کۆماریان داوەبەکوردەکان و سەرۆک وەزیرانیان داوەبە شیعەکان وسەرۆکی پەڕلەمانیان داوەبە سونیەکان.لە ئەفغانستانیش خەریکن لەگەڵ تالیبان ڕیک دەکەون،ئەیانەوێت دوبارە تالیبان بگەیەننەوە بەدەسەڵات.
ئەمەوێت بڵیم کە هێشتا وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ساسەتەکانیاندا بەردەوامن لەسەر حسابکردن لەسەر هێزە ئیسلامیەکان .وە هەر بەو شێوەیە لەپاش هەرەس هێنانی بلۆکی ڕۆژهەڵاتەوە بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی بەردەوامیان هەبوەو گەشەیان کردوەو لە فراوان بونەوەدابون.
لەلایەکی تریشەوە زۆریک لەو هێزانەی خۆیان ناوناوە چەپ بەڵام لەکردەوەدا لەپەنای ڕاسترین هێزەکاندا وەستاون لەژێر ناوی خەبات لە دژی ئیمپریالیزمدا بەرگری لە حەسەن نەسروڵاو کۆماری ئیسلامی دەکەن.ئەم بارودۆخانە هۆکار بون بۆ ئەوەی کە بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی هێشتا بتوانن چالاک بن و دەست بۆ ئەم تاوانانە بەرن.
ئەبێت تیرۆریزمی ئیسلامی لەسەرچاوەکەیەوە وشک بکرێت. ئەبێت دەوڵەتانی ڕۆژئاوا نەک هەر تەنها لەوڵاتەکانی خۆیاندا بەرگری لە سکۆلاریزم بکەن بەڵکو ئەبێت لەوڵاتانی بە ئیسلام گیراویش چالاکانە بەرگری لێبکەن؛تاوانی دەوڵەتە ئیسلامیەکانی هاوشێوەی کۆماری ئیسلامی نەک تەنها لە ڕۆژئاوا ،بەڵکو ئەبێت ئەوانەش کە لەدژی خەڵکی لەوڵاتانی ژێر دەسەڵاتی ئیسلامیەکان،یان ئەوانەی کەلەژێر چالاکی وهێزی ئەواندا ئەنجام ئەدرێت مەحکوم بکەن و داوای دادگایی کردنیان بکەن.ئێمە زۆر دەمێکە داوای بایکۆتی سیایسی کۆماری ئیسلامی دەکەین،ئەم بایکۆتی سیاسیە ئەبێت لە بەرامبەر هەموو ئەو دەوڵەتە ئیسلامیانەدا کاری پێبکرێت کە بە فەرمی وئاشکرا و تەنانەت بەکردەوەو ڕاستەخۆو ناڕاستەوخۆ بەرگری لە تیرۆریزمی ئیسلامی دەکەن.کۆماری ئیسلامی یەکێک لەبناغەکانی تیرۆریزمی ئیسلامیە لە ئێران وناوچەکەو جیهاندا و ئەبێت لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەیتدا بکرێتەدەرەوە.دڵنیابن ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوا لە جیاتی دڵ ڕاگرتن وخۆگونجاند لەگەڵ ودەوڵەتان و هێزە ئیسلامیەکاندا ڕێگای بەرگری کردن لە کۆمەڵگەی سکۆلاریان بگرتایەتە بەر کارەکان نەدەگەشتە ئێرە.کاتێک وڵاتانی ڕۆژئاوا سازشیان کرد،دڵیان ڕاگرت وخۆیان گونجاند، لەلایەکی تریشەوە ئەوبزوتنەوانەی کەوابیر دەکەنەوە کە بەبەرگری لە “کلتوری ئیسلامی” وهێرشکردنە سەر”ئیسلامۆ فۆبیا” شەڕ لەگەڵ ئیمپریالیزم دەکەن بەداخەوە ئەنجامەکەی ئەوەیە کە ئەمڕۆ ئەبینین.
خەلیل کەیوان:ماکرۆن بۆ بەرگری لە بەهاکانی کۆماری فەرنسا ڕایگەیان کە لەبەرامبەرئیسلامی سیاسیدا پاشەکشە ناکەین ئەو جەختیشی لەوە کردەوە کە زنجیرەیەک ڕیکاری سیاسی ،دادوەری و حقوقی و ئاسایشی وپەروەردەیی لە دەستوریدا دادەنیت وەک کاری دژە تیرۆریستی،ئامادەکردنی لیستی گومان لیکراوانی کاری تیرۆریستی،کۆنترۆڵی مزگەوتەکان و ئەوانەی پیش نوێژی هەینی هاوردەکراوەکان دەکەن وداهات وبودجەکانیان و لەلایەکی تریشەوە فێرکردنی منداڵان لە سێ ساڵییەوەو چاودێری پۆلەکانی فێرکردنی عەرەبی وهیتر.ئایا ئەم ڕێکارانە بەسن لەبەرامبەر ئیسلامی سیاسیدا؟

حەمید تەقوایی:ئەم ڕێکارانە باشن بەڵام وەڵامیک نین بۆ ئیسلامی سیاسی.

پەنابەرانی وڵاتانی لە ئیسلامگراوەوە بۆ فەرەنسا زۆر دەمێکە لەو وڵاتە نیشتەجێن لەکاتێکدا دەرکەوتنی تیرۆریزمی ئیسلامی لەم دوو سێ دەیەی دوایدا دەکەوێتەدوای هاتنەپێشەوەی ئیسلامی سیاسی لەڕۆژهەلاتی ناوین.ئەبێت کێشەکە بەسیاسی وفراوانتر لەئاستی وڵاتێکی دیاریکراو ببینین.سەرچاوەی کێشەکە لەسیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا خۆیاندایە.ئەو دەوڵەتانە نەک هەر تەنها هۆکاری بردنە پێشەوەی بزوتنەوە ئیسلامیەکان بون لە چوار دەیەی ڕابردودا بەڵکو هەوەک ئاماژەم پێدا هەتا ئەمڕۆش بە شێوەی جوراو جۆر درێژە بەهەمان سیاسەتی هاوکاری کردن ئەدەن لەگەڵ دەوڵەتان و هێزە ئیسلامیەکامدا.ڕویەکی تری مەسەلەکە پاشەکشەی هەموو بۆرژوازی جیهانیە لە پێوەرەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ودەرگا ئاوەڵاکردنیان بوە لەبەردەم ئاین و نەتەوەچێتی لە کۆمەڵگەی موزائیکیدا.لەدوای کۆتایی هاتنی جەنگی ساردەوە دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی ئەم هەڵوێستگیریە گشتیەیان گرتەبەر.لەکاتێکدا بەپێی سەرەتایی ترین ڕیساکانی مەدەنیەت و سکۆلاریزم وکۆمەڵگەی مەدەنی کە سەردەمێک شۆڕشی گەورەی فەرەنسی نۆێنەرایەتی دەکرد نە ئەبوو هێزو دەوڵەتە ئیسلامیەکان لە دونیایی ئەمڕۆدا جێگایەکیان هەبوایە.
ئەبێت لە بەڕێز ماکرۆن بپرسیت ئایا هێشتا کاتی ئەوە نەهاتوە کە بایکۆتی کۆماری ئیسلامی بکەن؟وە داوای ئەوەبکەن کەلە روی سیاسی ودیپلۆماسی و کلتوری و وەرزشیەوە لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکرێتە دەرەوە؟ئایا کاتی ئەوەنیە کە لەڕیکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بڕیارنامەیەک پەسەند بکەن بۆ کردنەدەرەوەی کۆماری ئیسلامی لەو ڕێکخراوەدا؟ئایا نەدەبوو کە کۆماری ئیسلامی لە ڕیکخراوی جیهانی کار ئای ئێل ئۆ، بکرێتە دەرەوە؛ئایا ناکرێت ڕیگای بەشداریکردنی لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکانی سینەماو پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب و بۆنە کلتوری و هونەریەکانی تری پێنەدرێت؟بەڵێ، پێوستە پەروەردەو فێرکردن بکرێت لەڕویی بەهاکانی لائیک و سکۆلار و بەهاکانی ئاتەئیزمە وە ئەبێت لەگەڵ خوارافاتی ئاینی ڕوبەڕو بونەوەی کلتوری وڕۆشنگەری بکەیت بەڵام کێشەکە ئەوەنیە کە لەناکاو موسڵمانەکان خەونیان دیوەو ئیتر بەرگەی بێرێزی کردن بە باوەڕەکەیان ناگرن و سەردەبڕن.نابێت ئەمە لەسەرحسابی خەڵکی موسڵمان و ئەوانەی بە موسڵمان ناسراون بنوسرێت ئەمە دەبێت بەناوی بزوتنەوە ئیسلامیەکان وئەو دەوڵەتە ئیسلامیانەوە بنوسرێت کە ئاڵای ئیسلامی سیاسیان بەرزکردوەتەوە. بۆ نمونە لەو ڵاتانی ڕۆژئاوادا ئەمڕۆ زیاتر لە ڕابردو حیجاب وبەرقەع دەبینرێ.پێشتریش ژنانی موسوڵمان حیجابیان پۆشیوە بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ بوەتە باو سەرچاوەکەی لە باوەڕی ژنانی موسوڵمانەوە نیە،بەڵکو ئاڵای بزوتنەوەیەکی سیاسیە کە دەیەوێت بە یاساو ئەخلاقیاتی کەڕوهەڵهێناوی ئیسلامی و تیرۆرو تۆقاندن ئەیەوێت خۆی بەسەر دونیادا بسەپێنێت.
ئەمە جۆرێک بانگەشەیە،ئەمە جۆرێکە لە هێرش، جۆرە هێرشێکە بۆسەر بەها شارستانیەکانی سەدەی بیست ویەک بەپشت بەستن بە ئیسلامی ١٤٠٠ساڵ لەمەوبەر و قورئان و میشک وشکی و دواکەوتوی هاوشێوەی.ئەمە ڕەوت و بزوتنەوەیەکی سیاسیە و ئەبێت هەر دەوڵەت وهێزێک کە خۆی بەبەرگریکاری سکۆلاریزم و مەدەنیەت دەزانێت لەبەرامبەر ئەمەدا بوەستێتەوە.ئەبێت دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا بەرگری لە سکۆلاریزم بکەن ئەبێت وڵاتانی ئیسلامی هاوشێوەی کۆماری ئیسلامی،ئەو تاوانانەی کەهەر چەند مانگ جارێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕوئەدەن هەموو ڕۆۆژێک لەوڵاتەکانی خۆیاندا ئەنجام ئەدرێن،لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بکرێتە دەرەوە. ئیمە زۆر دەمێکە ئەوەمان ڕاگەیاندوە کە کۆماری ئیسلامی نوێنەری خەڵکی ئێران نیە،بکوژی ئەوانە،نابێت بە فەرمی بناسرێت.ئەبێت وەک تاوانبارێکی دژی مرۆڤایەتی لەگەڵ ڕژێمی ئیسلامی ئیڕاندا مامەڵە بکرێت. ئەبیت هەمان سیاسەتیان لەبەرانبەر دەوڵەت وهێزە ئیسلامیەکانی تریشدا هەبێت. ئەڵبەت دەوڵەتانی ڕۆژئاوا نایانەوێت وبەرژەوەندیەکانیان لەگەڵ دەوڵەت وهێزە ئیسلامیەکاندا رێگایان پینادات کەبەرانبەریاندا بوەستنەوە بەڵام من لەسەر ئەوباوەڕەم لەگەڵ پشت بەستن بە هێزی خەڵک لە وڵاتانی بە ئیسلامگیراو خۆیاندا وەکو هێزی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی ئێران وخەڵکی عێراق ولوبنان لە دژی هێزە ئیسلامیەکان و هەروەها بەپشت بەستن بە سکۆلارو ئازادیخوازان و بیروڕای گشتی خەڵک لەوڵاتانی ڕۆژئاوا دەتوانرێت دەوڵەتەکان وناوەندە نێو دەوڵەتیەکان ناچار بکرێن کە هەڵوێستی مەحکەم ولێبڕاو بگرنەبەر لەبەرانبەر دەوڵەتە ئیسلامیەکاندا. لایەنێکی ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ هێزە ئیسلامیەکاندا لایەنی دادوەری وحقوقیە.ئەبێت هەر دەوڵەت ودامەزراوەیەک کە خۆی بە بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ دەزانیت خوازیاری دادگایی کردنی هێزو دەوڵەتە ئیسلامیەکان بێت.ئاشکرا نیە کە ئیسلامیەکان ئیتر ئەبێت چ تاوانێکی تر ئەنجام بدەن هەتا سکاڵا لەدژیان تۆمار بکەیت. سەیرکەن کۆماری ئیسلامی تەنها لەم ساڵەی دوایدا چ تاوانێکی سامناکی ئەنجامداوە.بێ ئابڕویی ئەم ڕژێمە لەدونیا دەنگی داوەتەوە هەموان ئاگاداری تاوانی ئەم حکومەتەن،هەر لە کوشتاری ١٥٠٠ کەس لە خەزەڵوەری٩٨(ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) هەتا تەقەکردن لە فڕۆکەی نەفەر هەڵگرو هەتا لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی کە دواین بابەتی لە سێدارەدانی نەوید ئەفکاری بوو،ئاگادارن بەڵام هیچ دەوڵەتێک داوای دادگایی کردنی سەرانی کۆماری ئیسلامی ناکات. هیچ کەس ناڵێت کەسانێکی وەک خامنەیی وڕۆحانی و سەرانی ڕژێمی تیرۆرو کوشتار لە ئێران دەبێت بدرێنە دادگا. ڕیگا چارە لێرەدایە.ئەبێت سەری ئەژدیهاکە پانکەیتەوە ئەژدیهاکەش کۆماری ئیسلامیە.
تەنها لەگەڵ پەلاماری سیاسی ودادوەریە دەتوانیت کێشەکە چارەسەر بکەیت.باوەڕی ئیسلامی و ئەوەی کە بۆ نمونە لەپۆلی عەرەبیەکاندا لە فەرەنسا چی فێری قوتابیەکان دەکەن و هیتر بابەتێکی ترە ئەبێت پەوەردەو فێرکردن سکۆلار بێت،نابێت هیچ ئاینێک،مەسیحیەت یان ئیسلام یان هەر ئاینێکی تر بچیتەناو خۆیندنگاکانەوە.ئەبیت لە ئاستی کۆمەڵگەدا لەڕوی ڕۆشنبیریەوە لەگەڵ خورافاتی ئاینی ڕوبەڕو ببیتەوە وهیتر.بەڵام ئەم ستانداردو یاسای لائیک و پیشکەوتوانە ئەبێت لە کۆمەڵگاکانی وەک ئێران و یان عەرەبستانی سعودی و تورکیاو سۆمال وڵاتانی تری بە ئیسلام گیراودا پیادە بکرین وە ئەم کارە تەنها لە ڕیگەی پەلاماری سیاسی و حقوقی-دادوەری بە دەوڵەت وهیزە ئیسلامیەکان مەیسەر دەبیت.

خەلیل کەیوان: بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە قسەکانی ماکرۆن،سەرۆکی فەرنسا،کە بۆ بەرگری لە ئازادی دەربڕین و بڵاوکردنەوەی کاریکاتێرەکانی پەیامبەری موسڵمانان،کردبوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بانگهێشتی نوینەری کاروباری فەرەنسایان لەتاران کردبوو کە ئامادەبێت.سوپای پاسداران ماکرۆنیان بە <<سەرۆک کۆماری نەفام و سەرکیشی فەرەنسا>>ناوبرد.کیهان شەریعەتمەداری،شەمعخانی وهیتریش هاتنە ناو مەیدانەکەوە.سەرۆکی دیاریکردنی بەرژەوەندیەکانی ڕژێم عەلی لاریجانیش ماکرۆنی مەحکوم کردو تەئکیدی لە هاوریی موسڵمانانی جیهان لە ڕوبەڕوبونەوەیان لەگەڵ ئەم دوژمنایەتیەی ئیسلامە کردەوە. بەبۆچونی ئێوە ئایا کۆماری ئیسلامی دەتوانێت سود لەم بارودۆخە وەرگرێت بەقازانجی پێگەی خۆی لەناو هیزە ئیسلامیەکاندا ؟

حەمید تەقوایی:بە بڕوای من کۆماری ئیسلامی لەوە لاوازترە کەبەم جۆرە تەبلیغات وهات وهاوارە بیەوێت پیگەیەک بۆخۆی بەدست بهێنێت.ئەمە سەردەمی خومەینی و فتوادان لە دژی سەلمان ڕوشدی نیە.کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ لە هەموو ڕویەکەوە لاواز بوە.ڕژێم لە ناوخۆی ئێراندا لەگەڵ جوڵانەوەیەکی گەورەی خەڵکدا بەرەوڕو بوە.ئێمە هەر یەک دووساڵ جارێک ڕاپەڕین وناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی شارەکان دەبینین کەڕوئەدەن،کۆمەڵگە لەمەیدانی جۆراو جۆردا لە دژی حکومەت کەوتوەتە جوڵە،لەناوچەکەدا پێگەی حکومەت زۆر لاواز بوە بەهۆی بزوتنەوەی جەماوەری خەڵکی لە عێراق و لە لوبنانەوە کەخواستی دەرکردنی کۆماری ئیسلامیان بەرزکردوەتەوە و داوای دەسکۆتا کردنی هێزە ئیسلامیەکان دەکەن لە وڵاتەکەیاندا ،لەڕوی ئابوریەوە حکومەت بەتەواوەتی تێکشکاوە،دزی و گەندەڵی دەسەڵاتداران وئایەتوڵا ملیاردێرەکان لە کۆمەڵگەدا بێداد دەکەن و هیتر وهیتر.کۆی ئەم بارودۆخە مۆڵەت و بواری ئەوە ناداتە ڕژێم هەتا بە ئاڵای ڕەنگ پەڕیوی پاریزگاری لە پیرۆزیە ئیسلامیەکانەوە پێگەی خۆی دروست بکات.بەبڕوای من ئەم خاڵانەی کە ئاماژەت پێدا بۆ بەتاڵ نەبونی عەرزەوحاڵەکەیە.
بەشێوەیەکی گشتی هێزو دەوڵەتە ئیسلامیەکان ناتوانن بەم جۆرە ئیسلام دۆستیە پیگەی خۆیان بەهێزبکەن.ئیستا بۆنمونە ئەردۆغان هەڵوێستی توندری لەدژی ماکرۆن وەرگرتوە بەڵام ناگات بەهیچ کوێ.گرفتی بنەڕەتی ئەم دەوڵەت وهێزە ئیسلامیانە بارودۆخ و پێگەی لەرزۆکیانە لە وڵاتەکانی خۆیاندا.هەوڵ ئەدەن بەم شێوە تەبلیغاتانە پێگەی خۆیان جێگیر بکەن.هەوڵ ئەدەن بە پشت بەستن بە دەمارگیری و خورافات وپیرۆزیەکانی ئیسلام پەردەپۆشی ئەو هەژاری وبێ مافی وتەنگژە سیاسی وئابوریەی بکەن کە ڕوبەڕویبونەتەوە بەڵام بە پیچەوانەوە زیاتر لەلایەن خەڵکەکەی خۆیانەوە ڕوبەڕوی بەرەنگاری دەبنەوە. لە عێراق و لوبنان ئەوە دەبینین و ناڕەزایەتیەکانی کۆمەڵگەی ئێرانیش وەک نمونەی بەرجەستەی ئەم بەچۆکداهاتنەی حکومەتە ئیسلامیەکانە. زیاتر لە چوار دەیەیە کە خەڵکی ئێران مانای ڕاستەقینەی پیرۆزی و یاسا و ئەخلاقیاتی کەڕوهاوردوی ئیسلامیان ئەزمون کردوە وە هەر بەوهۆیەوە هیچ کۆمەڵگەیەک ئەوەندەی کۆمەڵگەی ئێران دژی ئاین نین وخوازیاری مەدەنیەت ومۆدێرنیزم و پێچانەوەی دەزگاودوکانی هێزە ئیسلامیەکان نین لەکۆمەڵگەدا.
لەهەلومەرجێکدا پاساو هێنانەوە بۆ کوشتنی ئازاربەخشی مامۆستا فەرەنسیەکە بەبیانوی ئەوەی کە بیڕێزی بەئیسلام کردوە تەنها لەگەڵ تورەی وبیزاری خەڵکدا بەرەوڕودەبێتەوە.بەبۆچونی من ڕژێم ناتوانێت هیچ سودێک لەم بارودۆخە وەرگرێت و شەپۆلێکی گەڕانەوە بەهۆی ئەم ڕوداوەوە دیتەوە کە بەپیچەوانەوەپێگەی دەوڵەتە ئیسلامیەکان لاوازتر دەکات.


٢٨\١٠\٢٠٢٠
وەرگێڕانی کاوە عومەر

Previous
Next
Kurdish