Skip to Content

شیعر و ( فرێدریک نێچە ) .. ناڵە حەسەن

شیعر و ( فرێدریک نێچە ) .. ناڵە حەسەن

Closed
by تشرینی دووه‌م 26, 2020 General, Literature

                                    

پەیوەندی نێوان شیعر و ( فرێدریک نێچە ) پەیوەندییەکی توندوتۆڵە ، هەروەک لە پێشتر نووسیومانە / نێچەیان بە فەیلەسوفێکی شاعیر ناوبردووە، بەڵام بەرلەوەی باسی ( شیعر و نێجە ) بکەین هەوڵدەدەین زۆر بە کورتی باسی پەیوەندی نێوان ( گیرکەگۆر و نێچە ) بکەین ، هاوکات کە شیعر لەنێوان ئەو دوو بیرمەند و فەیلەسوفە چ جێگایەکی بڵندی هەیە ، هەروەک لە کتێبی ( چەند فەیلەسووفێکی بوونگەرا ) دا دەڵێت ( کاتێک کە ( کیرکەگۆر ) کۆچیدواییکرد هێشتا ( نێچە ) قوتابی قوتابخانەی سەرەتایی بوو ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەری ( نێچە ) لەسەر بیری فەلسەفی لە کاریگەری ( کیرکەگۆر ) لە پێشتر بووە ، .. لە ڕاستیدا ( کیرکەگۆر ) هەر بەنادیار و لەبیرکراو مایەوە تا ئەوکاتەی ، کە بۆیەکەمجار وەرگێڕدرایە سەر زمانی ئەڵمانی و پاشان زمانی فەڕەنسی … تا ئەوەبوو کە توانی ببێتە سەرچاوەی تەوژمێکی نوێی ئاشکراو ڕۆشن لە مێژووی هاوچەرخی بیری مرۆڤایەتیدا ..! ) ، هاوکات هەر لەم کتێبەدا باسی شێواز و پەیوەندییەکانی ئەم دوو بیرمەندە بلیمەتەمان بۆ دەکات و دەڵێ / ( لە ڕاستیدا لانادەین ئەگەر بڵێین ئەو ئایدیا سەرەکییانەی کە لە مێشکی هەر یەکەیاندا خولاوەتەوە یەک ئایدیا بووە ، تەنانەت ئەو شێوازەیش کە تایبەتمەندییەکەی بریتییە / لە لاقرتێ و گاڵتەجاڕی توند ، هەروەها شاعیرێتی و شاعیرگەرایی گەرموگوڕ ، زۆرجار کۆک و تەبایان دەکات و یەکیاندەخات ..! ) . دەبینین یەکێک لە خاڵە هاوبەش و درەخشانەکەی نێوان شێوازی ئەم دوو بیرمەندە ، ( شاعیرێتی و شاعیرگەرایی ) بووە ، واتە لەپاڵ چەمکەکانیتر شیعریش یەکێک لەم چەمکانە بووە کە ئەم دووانەی لە یەکتری نزیک کردۆتەوە ، چونکە هەردووک ژیانی خۆیان کردبوو بە سەرچاوەی بیرکردنەوە و فەلسەفەکەیان ، کە ئەمەش زێتر ڕێگە خۆشدەکات کە شاعیرانە بڕوانن و شاعیرانەش بیربکەنەوە . چونکە ژیان و شیعریش وەک بوونێکی ئاوێتە و تێکەڵاو و یەکجەستەیی وایە .

دیوێکیتری پەیوەندی نێوان ئەم دوو بیرمەندە ، ( فەلسەفەی هەریەکەیان دۆزینەوەیەکی هەمیشە و بەردەوامی خودەکانییان بوو ، تا ئەوئاستەی ( کیرکەگۆر ) وتەیەکی هەیە دەڵێت ( من کتێبەکانمم بە خوێنی خۆم نووسیوە …! ) ، ئێمە پێشتر لە وتارەکانی ترمان ئەمەمان نووسیوە یەکێک لە جیاوازییەکانی قوتابخانە ئەدەبییەکانی مۆدێرنە هەر ئیشکردن لەسەر زمان و فۆرم نەبووە بەڵکو ، خاڵێکیتری گرینگ ئەوەبوو کە ئیشییان لەسەر خود کردووە ، لە وتاری ( شیعر و ناخودئاگایی ) لەسەر پەیوەندی ( شاعیر و خود ) یان پەیوەندییەکنی نێوان ( خود و دەرەوە ) هەڵوێستەی زێترمان کردووە ، بە تایبەت ( نێچە ) سەبارەت بە ( بوونی مرۆیی و خودی تاک ) زێتر چڕ دەبێتەوە بۆ نموونە ، ( نێچە بەنگەشە بۆ ئیرادەی هێز دەکات کەوا لە مرۆڤ دەکات / جەخت لە بوونی خۆی بکات و وابەستەی ژیان بێت ..! ) ، ئەم گوتنەی ( کیرکەگۆر)یش بۆ شیعر و داهێنان یان ، بۆ شاعیرێکی داهێنەر کە خەونی داهێنانی هەبێت ڕاستە ، چونکە ئەو شاعیرانەی خەونی گەورەی داهێنانییان هەیە و لە هەوڵی ئەوەدان بەرینترین ڕووبەری جوانی بە ژیان ببەخشن و وەک پەیامبەرێکی ڕێگای ژیان ئامادەن هەموو شتە تایبەتییەکانی خۆیان ببەخشن و ( ژیانییان بۆ شیعر و داهێنان ) بوێت ئەم قسەیەی گیرکەگۆر بۆ ئەم جۆرە شاعیرانەش راستە و ئەوانیش کتێبە شیعری و لێکۆڵینەوەکانییان بە خوێنی خۆیان دەنووسن .

دوای ئەم دەروازە و پیشەکییە ، لێرەوە رێرەوی قسەکانمان دەبەینەوە سەر پەیوەندی نێوان ( شیعر و نێچە) بە پشتبەستن بە کتابی ( ڕووبەروو لەگەڵ شیعر ) بە تایبەت وتاری ، ( شیعر و فەلسەفە یان فەلسەفە و شیعر ) بە کەمێک دەستکاری و ئیزافاتی نوێوە ، پەیوەندی نێوان شیعر و بیرمەندی گەورە ( نێچە ) دەخەینە ڕوو ، ( نێچە ) پاراستنی زات بە خراپترین شێوەی ویست دەزانێ ، واتە کەسێکی کەنارگیر و نامۆ ، ئەم زیاتر خوازیاری مرۆڤی باڵا و سوپەرمانی و یاخی و خودان ویستی هێزە .. تەنانەت لە ڕوانگەی ( زەردەشت )یش ، ڕێگەی ژیان بەسەربردن لایەنگری لە چوارچێوەی مەنتیقی و ژیرانە و عەقل نییە ، بەڵکو کەسەکان ئازادن بۆ هەڵبژاردنی ڕێگەی ژیانی خۆیان ، لە ڕاستیدا / ئازادی بەشێکە لە بوونی مرۆڤ ، واتە لەدەرەوەی بوون و مومارەسەکردنی ئازادانە ، وشەی ئازادیش وەک چەمکەکانیتر بێبەها و هیچ بەهایەکی بۆ نامێنێتەوە ، ئەمەش بە مانایەک / هەڵوەشاندنەوەی پاوەرەکان و سنوورەکانی عەقل و سیستەماتیکە . ( شیعر و داهێنان ) پێویستییان بە کرانەوە و پچڕاندنی هەموو کۆت و زنجیرەکانی بەها و نەریتە میراتییەکانە ، بۆ ئەوەی ببی بە کەسێکی داهێنەر ، دەبێت خۆت بەها و نەریت و ڕەفتار بۆ خۆت بتاشی کە پێچەوانەی ئەوانەی پێش خۆت بن …! بەمانایەک بە هەموو پێوەرەکان ( هەرخۆت بیت و هیچیتر ..! ) هەروەها لەم وتارەمان وردتر باسی ئەم فاکتانە دەکەین کە ئەم بیرکردنەوەیە نا دروستانەی ئەفلاتوون ڕەتدەکەنەوە ، بۆ نموونە باس لەوە دەکەین کەوا ، شیعریش وەک فەلسەفە لەسەر بنەمای بیرکردنەوە ئیش دەکات و ڕەهەندی فیکری و مەعریفی لە پشتە . زۆرن ئەو فەیلەسوفانەی کاریگەرییان لەسەر شیعردا هەبووە ، یان قسەیان لەسەر شیعر کردووەو باسی گرنگی و پەیوەندییەکانی فەلسەفە و شیعریان کردووە ، یان زمانی شیعرییان بەکارهێناوە بۆ دەربڕینی فەلسەفەکانییان ، ئەم فەیلەسوفانەش بە ( فەیلەسوفی شاعیر ) ناوبراون . یەکێک لەوانە ( فرێدریک نێچە )یە . لە پەیوەند بە شیعرەوە ، تایبەتمەندی (نێچە ) جیاوازە لەگەڵ فەیلەسوفەکانیتر ، چونکە هەندێک لە فەیلەسوفەکان هەم شاعیریش بوون هەم فەیلەسوف ، واتە لەپاڵ فەلسەفە شیعریشیان نووسیوە یان سەرەتا بە شیعر دەستییان پێکردووە ، لەوانە ( مارکس ، جان جاک ڕۆسۆ ، سامویل تەیلۆر کۆلیریچ …. ) بەڵام ( نێچە ) ، لەگەڵ ئەوەی شیعریشی نووسیوە بەڵکو کتێبە فەلسەفییەکانیشی بە زمانی شیعر نووسیون ، بۆیە بە بڕوای هەندێک کەس ( نێچە لە زکماکەوە شاعیر بووە ..! ) واتە ، هەر بە شاعیری لە دایک بووە . شیعر گەورەترین بەشی نووسینەکانی و تەنانەت بوون و ناخ و فەلسەفەکەشی داگیرکردووە . نێچە زۆر بە ڕۆشنی درکی بە بەها و ڕۆلی زمانی کردووە کە ، زمان چ سیحرێک و هێزێکی تیایە بە تایبەت زمانی شیعری ، وەک سەرچاوەی ( چێژ ) چ کاریگەرییەک لەسەر بیرکردنەوە و خەیاڵی مرۆڤەکان جێدەهێڵێت ، بۆیە لە شوێنێک دەربارەی زمانی شیعری دەڵێ ، ( زمان گەمەیەکی گەمژانەیە ، بەهۆی زمانەوە مرۆڤ دەتوانێ سەما بەسەر هەموو شتێکەوە بکات ) ، نێچە فەیلەسوفێکە ، ئامانجی بەرهەمهێنانی ( مرۆڤی باڵا ) بووە لە ڕێگەی ئیرادە و ویستی هێزەوە ، بۆیە لە زۆر شوێن پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ و دەڵێ ، ( من هاتووم هەواڵی مرۆڤی باڵاتان پێڕابگەیەنم ، مرۆڤی باڵا ئەو کەسەیە لە نەریتی باو یاخی دەبێت و خودان ئیرادە و هێزی کارای خۆی دەبێ ..) ئەمە ڕۆشن بووە لای ( نێچە ) کەوا داهێنان بە کەسی لاواز و بێ ئیرادە ناکرێت ، کەسەکانی دیلی بەندی کلتوور و ئایین و دیلی مرۆڤەکانیتر بن ، ئەوکەسانەی لەژێر کاریگەری هێزە دەرەکییەکانن لە سەرووی خۆیان ئیرادەیتریان بەسەردا دەسەپێندرێ ، ئەو کەسانە کەسانی کۆیلە و نامۆن ناتوانن داهێنان بکەن..! لای ( نێچە ) بۆ ئەوەی ببی بە کەسێکی داهێنەر وا پێویست دەکات هەموو کۆت و زنجیرەکان بپچڕێنیت ، ببی بە خۆت و تەعبیر لە ویستی خۆت بکەی ، هەموو شتێکی میراتی تووڕ هەڵبدەی ، خۆت بەها و نەریت و ڕەفتار بۆ خۆت دیاری بکەی ، خۆت هێزی جووڵێنەری خۆت بی ، جووڵە ڕەفتارەکانی خۆت پێچەوانەی ئەوانەی پێش خۆت بن ، بەمانایەک هەروەک دروشمێکی هەبوو کەوا ، ( تەنها خۆت بیت و ئەویتر نەبیت …! ) چونکە / داهێنان وا دەخوازێ کە دنیاو جیهانێکی نوێ بخوڵقێنی . ( نێچە ) لە کتێبی ( ئا ئەمەیە مرۆڤ ) دا دەڵێ ، ( من لە هیچ شتێک لاسایی کەس ناکەمەوە ، گاڵتە بە هەموو ئەو مامۆستایانە دەکەم کە هێشتا فێرنەبوونە گاڵتە بە خۆیان بکەن ، لەسەر دەرگای ماڵەکەم ئەمە نووسراوە …! ) .

نێجە وەک ( شوبنهاوەر ) ، کاری بە ( فەلسەفەی ویست ) کردووە بە تایبەت ویستی هێز .. چونکە ( شوبنهاوەر ) کتێبێکی هەیە بە ناوی ، ( جیهان وەک ویست فیکرە ) ، لەم کتێبەیدا پوختەی فەلسەفەکەی خۆی تیا باسکردووە ، باوەڕی وایە / کە عەقل ئامرازێکە بە دەستی ویستەوە ، لای ئەو / بوون لەسەر بنەمای حیکمەت و ئەزموون و مەبەستێک وەستاوە …! ) ، بۆیە نێچەش پێ لەسەر ئەم بیرۆکەی ویستە دادەگرێ و ئامانجیەتی ، تاکەکان خودان هێز و ئیرادەی خۆیان بن ، کە ناوی ناون ( مرۆڤی سوپەرمانی ) یان ( مرۆڤی باڵا ) ، بۆیە پێیوابوە ، دەسپێک و سەرچاوەی ویست و هێز لەسەر ویژدان و فیکردا شتێکی بنەڕەتی و جەوهەری شتەکانە .. یان بە بڕوای ( نێچە ) ،( گرنکترین دەرکەوتەی ژیان ، لە تیۆری داڕشتن لە ڕێگەی هێزی عەقڵ نییە ، بەڵکو ( ویستە ) ، ناوەڕۆکی ژیان ویستە ، ئەم ویستەش ویستی هێزە …! ) ( نێچە ) پاراستنی زات ( خود ) بە خراپترین شێوەی ویست دەزانێ ، ئەو پێیوایە ، کەسێک بەدوای پاراستنی زات بێ ، خۆی لە قەرەی مەترسییەکان نادات و ژیانی پارێزگارانە هەڵدەبژێرێت ، مەبەستی ئەوەیە کە مرۆڤ دەبێ ئامادەیی قوربانیدانی تیا بێت لەپێناو خەونە گەورەکاندا ، بە مانایەک / ئەو کەسانەی کە ، ناتوانن زنجیری کۆت و بەندەکان بشکێنن و بەهاکانی ئایین و کلتوور و ئەو بەهایانەی بەزۆر سەپێندراون بەسەریاندا ڕابماڵن ، لە هەمانکاتیش ناتوانن وەک مرۆڤێکی باڵا خودان ویست و هێزی خۆیان بن …! بە کورتی پوختەی فەلسەفەکەی نێچە ئەوەیە کە ، ( فەلسەفەی عەقلێکی ئازادە ، فەلسەفەی ئاوەژووکردنەوەی بەها چەسپیوە کۆنەکانە ، ئازادکردنی مرۆڤە لە هەموو کۆتوبەند و ئەخلاق و ئایین و مەعریفەی دەستاودەست ، فەلسەفەی نێچە بە دەنگێکی بەرز بانگەوازی ڕزگاربوون دەکات …! ) ، ئەمانەشی هەمووی بە زمانی شیعر لە نێو شیعرەکان و کتێبە فەلسەفییەکانی دەربڕیوە ، بۆیە نێچە ( فەیلەسوفی شاعیران و شاعیری فەیلەسوفان بووە …! ) .

کتێبی ( وەهای گوت زەردەشت ) یەکێکە لە بەناوبانگترین کتێبی نێچەیە ، کە لە ساڵی ١٨٨٣ چاپکراوە ، کتێبێکە بە شێوەیەکی ئەدەبی ڕەخنەیی نووسراوە ، بە زمانێکی شیعری ناسک و پاراو ، لەم کتێبەدا چەندین بیرۆکەی گرنگی داڕشتووە ، کە وێنەی مرۆڤی باڵا و هەڵکشاوی کێشاوە ، ئەو مرۆڤەی لە دەستی کۆت و زنجیری کۆمەڵایەتی و کلتووری و ئەخلاقی ڕزگاری بووە ، کتێبێکە نێچەی پێدەناسرێتەوە ، ( نێچە ) لەم کتێبەیدا هەروەک سەرچاوەکان دەڵێن ، خۆی وەک شاعیرێکی مەزن دەبینێت نەک وەک فەیلەسوفێک ، دەربارەی کتێبی ( وەهای گوت زەردەشت ) ، ئەدیبی گەورەی ئەڵمانیا ( تۆماس مان ) دەڵێ ، ( ئەم کتێبە باشترین کتێبە کە بە زمانی ئەڵمانی نووسرابێت ) ، نەک تەنها کتێبەکانی بەڵکو شیعرەکانیشی پڕن لە بیرۆکەی فەلسەفی و ئاوێنەیەکن بۆ ڕەنگدانەوەی تێز و بیرکردنەوەکانی خۆی ، بەڵام شتێکی گرینگ هەیە ، نێچە پرسیارە فەلسەفییەکان و ئایدیا و بیرۆکە شیعرییەکانی ، لە قووڵایی و هەناوی ژیان دەردێنێت و پەیوەستییان دەکاتەوە بە مرۆڤ و خۆشبەختی و بەختەوەرییەکانییەوە . دیارە نەک هەر لەلای ( نێچە ) بەڵکو ، لای زۆربەی فەیلەسوفەکانی سەردەمی مۆدێرنە ، مرۆڤ دەبێتە ناوەندی گرنگیدان ، هەوڵدانێکە بۆ بە بەرهەمهێنانی سەربەخۆیی بیرکردنەوە و عەقلی مرۆڤ . دەرکێشانی لەژێر هەموو کاریگەرە دەرەکییەکان ، دەکرێ ئەمەش بە یەکێک لە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان شیعر و فەلسەفە حیساب بکەین ، لێرەدا چەند نموونەیەکی شیعری نێچە دەخەینە ڕوو و قسەی لەسەر دەکەین ، هەروەک لە کتێبی ( نێچە فەیلەسوفێکی بەرزەفڕ ) دا ، لە بەشی ( پێنجەم ) ، بە ناوی ( نێچە ، شاعیرێکی جیاواز )دا ، کە لە سەرەتا باسی شاعیربوونی ( نێچە ) و بیرکردنەوەکانی و دواتر چەند نموونەیەکی شیعری هێناوەتەوە ، ئێمە لێرەدا قسە لەسەر هەندێکییان دەکەین . هەر لەوێدا باسی ئەوە کراوە کە ، ( نێچە ) شاعیرێکی جیاواز بووە و بە ستایلێکی جیاواز نووسیویەتی ، هەروەک مێژوونووسی فەڕەنسی ( ئەلیکسیس ڤیلۆنینکۆ ) پێیوایە ، ( نێچە ئیستاتیکای ڕووکەشی دەقی واتە فۆرم )ی پێش وردیی مانا خستووە ، چونکە نێچە بەرلەوەی فەیلەسوف بێت ، بە پلەی یەکەم شاعیر بووە ، لە نێو نووسینە پەخشانی و شیعرییەکانی داهێنانی سوریالییانەی کردووە ، بە تایبەت لە کتێبی ( وەهای گوت زەردەشت ) هێندە دوور دەڕوات ئەستەمە تێی بگەیت …! ( نێچە ) کەسێک بووە زۆر قووڵ بیری کردۆتەوە ، هەمیشەش بە زمانی ڕەخنەیەکی توند نووسیویەتی ، تا ئاستی ئەوەی مەرگ بۆ خوداوەند دەخوازێ و ئەخلاق و ئایین و کلتوورە دواکەوتووەکان ڕەتدەکاتەوە ، تا مردن لە نووسین ناکەوێت ، ( نێچە ) بە درێژایی ژیانی هەمیشە ئەوەی دووبارە کردۆتەوە کەوا ( هێشتا پێویستە بژیم ، چونکە هێشتا گەرەکمە بیربکەمەوە …! ) ، نێچە بیری لە هەموو سەکۆ و گۆشە و کەلێنەکانی ژیان و مرۆڤ کردۆتەوە ، ئەوەی بە فەلسەفە دەرەقەتی نەهاتووە بە شیعر قسەی لەسەر کردوون ، بۆیە شیعر و فەلسەفەکەی بە یەک ئاراستە ڕۆیشتوون . ( نێچە ) لە شیعری ( مرۆڤە بەرزەکان ) دا دەڵێت .
ئەوەی ڕادەپەڕێ ، پێویستە پێیدا هەڵدەین !
وەڵێ ئەو لە بەرزاییەوە ئەمە پەسەند دەکات ،
تاکو لە سەرووی پەسەندگرەوە بژیت ،
ئەو لە بەرزی دایە ئەو لەسەر دەرگای ماڵی منە ،
ئەو لە ماڵی من نیشتەجێیە ،
هەرگیز بە دوای کەس نەکەوتووم
لە سەرووی ئەمانەش ، قۆشمەم بە هەموو مامۆستایەک کرد .
ئەم شیعرە تا بڵێی شیعرێکی ناسکە ، ( نێچە ) بە زمانێکی شیعری ناسک و پڕ لە هارمۆنیا و ئیستاتیکایەکی جوان ، کرۆک و ئامانجی بیرکردنەوە و فەلسەفەکەی خۆی دەخاتە روو واتە ئەم شیعرە بیرکردنەوەیەکی ئامانجداری لە پشتە ، لێرەدا ( نێچە ) باس لە ( مرۆڤی باڵا ) دەکا ، ئەوانەی خودان هێز و ئیرادەی خۆیانن ، دەیانەوێت ڕاپەڕین بکەن و زنجیری دیلیەتی و ستەم بپسێنن کەسانێکی ڕاستگۆ و ئازاد بن ، ئەو پێیوایە ئەوانە لە شوێنێکی بەرزی ژیان وەستاون ، ئەوانە هێندە بەرز و خۆشەویستن ، بەشێکن لە ڕۆحی ئەو لە ماڵەکەی ئەو نیشتەجێن . ئەمان ئەو مرۆڤە بەرزانەن کە / خودان هێز و سەربەخۆیی و بیرکردنەوەی خۆیانن ، کە دوای هیچ کەسێک ناکەون و پاشکۆی هێزەکانی سەرووی خۆیان نین ، بەس خۆیانن و هیچیتر ، ئەمان ئەوکەسانەن لە مامۆستاکانییان فێردەبن ، سنوور و تخوبەکان دەبەزێنن و لە ئاستێکی بەرز لە مرۆڤایەتی و ژیان دەڕوانن .
هەروەها لە شیعری ( جەسوور ) دا دەڵێ ..
لە هەر کوێیەک بیت ، قووڵ هەڵکۆڵە
بنەوان لە ژێرەوەیە ،
وازبێنە لە پیاوانی ڕەشبین با بچریکێنن
” دۆزەخ بەردەوام لە ژێرەوەیە ” …!
لێرەشدا وێنەی مرۆڤێکی جەسوور و خاوەن هێز و توانایەکی لەبن نەهاتوومان .بۆ دەکێشێ ، ئەو مرۆڤانەی لە پێناو ئامانجە پیرۆزەکان مرۆڤی تێکۆشەر و کۆڵنەدەرن ، ئەو مرۆڤانە لە شەوە ئەنگوستە چاوەکان فوو لە پشکۆکان دەکەن ، ئەوانەی هەمیشە بە ورەیەکی پۆڵایین و بە دید و بەرچاو ڕۆشنییەوە بەرەو لوتکەی ئاسۆ و ئامانجەکانییان دەکەونە ڕێ ، خودان خەونی گەورەن ، بێوچان و نەسرەوتن هەردەڕۆن و هەر دەڕۆن ، ( نێچە ) ڕقی لە مرۆڤی لاواز و ڕەشبینە ، ڕقی لەو کەسانەیە کە هەمیشە بۆ پاروە نانێک دەکڕوزێنەوە ، ( نێچە ) لە شوێنێکدا دەڵێ ، ( مرۆڤە لاوازەکان ، ئەوانەن بۆ مردن باشن ، شایستە بە ژیان نین ..! ) بۆیە لەم شیعرەشدا دەڵێ ( واز بێنە لە پیاوانی ڕەشبین با بچریکێنن ) . دۆزەخ بەردەوام لە ژێرەوەیە..! ، مەبەستییەتی گەیشتن بە لوتکە و ئامانج ڕەنج و قوربانی دەوێت ، ئاگر و ڕووناکییەکان ، لە بنی بنەوەن ، قووڵن دەبێ لە هەڵکۆڵین بەردەوام بین ، دیارە وشەی دۆزەخ لێرەدا میتافۆرێکە یان هێمایەکە بۆ ئاگر ، ئاگریش هەمیشە هێما بووە بۆ گەرمبوونەوە و درەوشانەوە و گۆڕان ، لە ئەفسانە و داستانەکانیش گەیشتن بە ئاگر هێمایە بۆ گەیشتن بە ئامانج و سەرکەوتن …!
( نێچە ) لە شیعری ( ئەوەیە مرۆڤ ) دا دەڵێ …
بەڵێ ، دەزانم لە چ بنەچەیەکم ،
وەک بڵێسە تێنووم ،
هەڵپە دەکەم و خامۆش دەبمەوە ،
هەرچییەک دەستی بۆ دەبەم دەبێتە نوور ،
هەرچییەک جێیدەهێڵم پشکۆیە
بێ یەکودوو من بڵێسەم …!
بێگومان ، لە نێو بیری ( نێچە ) مرۆڤەکان دەبێ مرۆڤی بەرز و دیار بن ، خودان بنەچە و شوهرەتێک و ناوێکی پایەدار و بەرزییان هەبێ ، ئەمەش ئەو مرۆڤانەن هەمیشە هەڵپەی ژیانێکی بەرز و پڕاوپڕ لە بەختەوەری و دەستگەیشتن بە خۆزگە و ئومێدەکانییانن ، کەسانێک بەرز لە ژیان و بەهای مرۆڤ بڕوانن ، ئەوکەسانەی / وەک بڵێسە تێنوون بۆ ئەم جۆرە ژیانە ، وەک عاشق شەیدای ژیانێکی شایستە بە مرۆڤن ، ئەو مرۆڤانەی کە لەم شوێنە بەرزە بۆ ژیان و ئومێدە گەشەکان و ئارەزووە جوانەکانییان دەڕوانن ، ئەوانە دەست بۆ هەر چییەک دەبن دەبێتە نوور ، هەرچییەک جێدەهێڵن دەبێتە پشکۆ ، ژیان و دەوروبەر دەدرەشێننەوە ، چونکە وەک بڵێسە خاوەن نیگا و ڕوانین و دیدگایەکی ڕۆشنن بۆ ژیان . لێرەدا ، لە نێو بەرهەمە شیعری و فەلسەفییەکانی نێچە ، هاوئاهەنگییەک و ئاوێزانبوونێکی گرنگی نێوان فەلسەفە و شیعر دەبینین ، کە هەردووك بە یەک ئاراستە تا ئەندازەی تێکەڵاوبوون ، فەلسەفە بە بەرگ و ڕوخساری شیعرییەوە ، شیعریش بە ناوەڕۆکی فەلسەفییەوە ، وەک ئەوەی گیانێک بن لە دوو جەستەدا . ( نێچە ) بەم هەوڵانەی توانی شیعر و فەلسەفە زێتر لێکنزیک بکاتەوە …!

نۆڤەمبەری ٢٠٢٠

سەرچاوەکان :

  • کتێبی ( چەند فەیلەسووفێکی بوونگەرا ) .. نووسینی ( فوئاد کامیل عەبدولعەزیز ) وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە / ( سامان عەلی حامید )
  • کتێبی ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) .. نووسینی ( ناڵە حەسەن ) .آ

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish