Skip to Content

ئابوریی هەرێم؛ ڕووبەرێک بۆ مەسرەفگەرایی .. دانا حەمید محمد

ئابوریی هەرێم؛ ڕووبەرێک بۆ مەسرەفگەرایی .. دانا حەمید محمد

Closed
by November 26, 2020 General, Opinion, Slider

گومانی تێدا نییە کە هەرێمی کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە بەرخۆری و مەسرەفگەرایی کۆڵەکە سەرەکییەکانی تەنیوە و بڕستی هەناسەدانی لێبڕیوە. وە بواری چاککردن و چاکسازی، گۆڕانکاریی و بنیادنانەوە  بۆ وەرچەرخان تێیاندا، بەرەو کایەکی باشتر و بوونی ڕووبەرێکی کەمتر لە مەسرەفکردن ئەستمە. ئەمەش دەرئەنجامی چەندین ساڵەی کەلتوری مەسرەفگەراییە لە هەرێمی کوردستان؛ کە بە پلەی یەکەم حیزب و ستەمکاریی حیزبی لێی بەرپرسیارە، کە هەموو شتێکیان کردوە بە مەسرەف و لەشکرێک لە ئینسانی مەسرەفگەرایان دروست کردوە، کە نیشانەی نەخۆشیین، یان دەردەئاماژەیەکن بۆ بوونی پانتاییەکی قوڵتر و ئاڵۆزکاویی تری دیارەی بەرخۆرییزم.

ئەوەی هەیە ژێرخانێکی ئابوریی وێران و کۆمەڵگایەکی شێوە تۆڕئاسایی بەناویەکداچووە، کە بەئاسانی جیاناکرێتەوە کە ئەم کۆمەڵەیەی کە دەسەڵاتی ئابوری و سیاسییان بەدەستەوەیە، دوور و نزیک پەیوەندییان بە ئابورییەوە نییە، بەڵکو قەیرانەکە لەوە مەزنترە کە کڵێشەیانە بیخوێنینەوە، بەڵکو سەرتاپا قەیرانێکی ستراکتۆری گشتگیرە و گرێدراوی بونیاد و درێژەپێدەری قۆناغە مەنگەکانی پێشووترە. وە کێشەی دەسەڵاتی کوردیی کە زیاتر لە ستەمکاریی حیزبیدا خۆی مانیفێست دەکات، مانەوە و بەردەوامیدان بەو دەسەڵاتە، کە شۆڕش و موقەدەسبوون بەشێکی دانەبڕاوە لێی بۆ ئەبەد مانەوە لەپێناو زیاتر مەسرەفکردنی بەرخۆریی. ئەزمونی حوکمڕانی کوردیی باشور، بە قەولی (بەختیار علی): “ئەم ئەزمونی حوکمڕانی کوردیی باشور، لە سەرتاسەری گۆی زەوی هیچ هاوشێوەیەکی تری نییە، هیچ پێناسە و مانایەک نییە بتوانێ تەفسیری بکات”. وە هیچ سیستەم و نیزامێکی جیهانی نییە ئینسان بتوانێت شێوازی حوکمڕانی حیزبی کوردیی باشور، لە چوارچێوەی ئەو سیستەمەدا تەئویل بکات. گومانی تێدانییە، کە نییە!

تاکە خاڵێکی زۆر گرنگ و جەوهەری کە حیزب بەردەوام کاری بۆ کردوە، هەیمەنەی ئابوریی ئەو هێزەی   لەدەستدابێ، ئابوری لە (٣٠)یی ساڵی ڕابردودا،

ئەوەی یەکەم وزەپێدەری مەسرەفگەرایی حیزبی کوردییە بۆ مانەوە، داگیرکردنی سەرتاپای ڕووبەری ئابوری و ئەو هێزە ئابورییە بووە کە بزوێنەرێتی بۆ مانەوەی مەسرەفکردنێکی ڕووت و کڵێشەیی.

لە ڕوانگەی (بۆدیار)ەوە کۆمەڵگای مەسرەفکار، ئەو کومەڵگایە کە سۆبێکتی خۆشبەخت بە ئەستورە دەکات”. کە هەوو شتێک لەنێو فێڵ و فریوی تەڵەکاوی دونیای مەسرەفگەراییدا نقوم دەبێ، شۆکێک بۆ کڕیار دروست دەکات کە بەخۆی نازانێ لەنێو هەیمەنەی مەسرەفکردندا سەرەولێژ دەبێتەوە بێئەوەی بەخۆی بزانێت. سۆبێکت لەنێو کەلتوری بەرخۆرییدا، ئەوەیە: خۆشبەخت بێ و بیر لە هیچ نەکاتەوە، پرسیار و گومان نەکات لە دەرئەنجامە ترسناکەکانی بەرخۆریزم.

دەبێ جیاوازی بکەین لە نێوان “کۆمەڵگای خۆشگوزەران/ مەسرەفی، کۆمەڵگای گەندەڵ/ مەسرەفی”، وە کوردستان لە نێوان ئەم دوو جۆرە لە کۆمەڵگا، زیاتر لە کامیانەوە نزیکە، گومانی تێدانییە کە کوردستان لە کۆمەڵگای (گەندەڵ/ مەسرەفی)ەوە زیاتر نزیکە و هەناسە وەردەگرێ. کە ئەمەش ستەمکارییەکی حیزبی سەرتاپا گەندەڵ و درێژمەودای دروست کردوە، کە نەوت و بەرخۆرییە، ئەم ئابوری نەوتە سوپایەک لە بەیعەتچی لە ئینسان ملکەچ و گوێڕایەڵ دروست کردوە کە لە خوێنەواری ئاستبەرزەوە بۆ نەخوێنەوار، لە ڕاستەوە بۆ چەپ، زورنای بۆ لێدەدەن و بەرگرییی لێ‌دەکەن، بەڵام بەرگرییەکی ناڕەوا لەو چەتەیی و تاڵانییەی ئابوریی مەسرەفگەرایی دەکەن. جۆری دووەمیان کۆمەڵگای (خۆشگوزەران/ مەسرەفی)یە نمونەی ئەم کۆمەڵگایە، وڵاتی ئیماراتە، خەڵکەکەی لە ئەوپەڕی خۆشگوزەرانی ئابورییدا دەژین، هەرچیان بووێ دەستیان دەکەوێ و هەر کوێیان بووێ گەشتی بۆ بکەن. بەڵام بەرهەمهێنەری ئەم خۆشبەختی و بەرهەمهێنانە خۆیان نین، بەڵکو ئەو سەرچاوانەیە لە نەوت و سامانی کانزایی تری ژێر زەوی، کە لە وڵاتەکەیاندا هەیە، واتە تاکی ئیماراتیش بەرهەمهێنەر نین بەڵکو مەسرەف دەکەن و بەشێکن لەو کەلتوری مەسرەفگەراییەی کە بە گشتگیری جیهانی گرتۆتەوە.

ئەوەی هەیە لە کوردستان بەمانا ئابورییەکەی، ئابوریی نییە، بەڵکو کەلتوری مەسرەفکردنە. لە بچوکترین بۆ گەورەترین شت لە ئاستی تەکنۆلوژیا خەریکی مەسرەفکردنی کاڵایین. ئەوەی هەیە و زۆرجار قسەی لەسەر ناکرێ، ئابوری مەسرەفگەراییە، کە وەک بابەتێکی گشتگیر و قوڵ و ئاڵۆز، تۆڕێکی جاڵجاڵۆکەئاسای دروست کردوە، کە سەرتاپای ئینسانەکان دەخۆن و مەسرەف دەکەن بێ‌ئەوەی بەرهەم بهێنن… کۆمەڵگای ئێمە بەهۆی ئەوەی خاوەنی کەلتورێکی خۆگرتوو نەبووە، ئەوەی هەیبووە لەرزۆک و فشەڵ بووە، ئەوەش هەبووە، وەک دوکەڵ بەهەوادا چووە. وە گۆڕان لە کەلتوری مەسرەفگەرایی ئاسان نییە و پێویستی بەکات و ڕیشەی درێژخایەن هەیە، بۆئەوەی بگەین بە قۆناغی گەشەکردنی بەرهەمهێنان و تارمایی بەرخۆریی کەم بکرێتەوە، چونکە سەرمایەدارەکان لە کوردستان کە حیزب خۆیان دروستیان دەکەن، هەوڵی ئەوە دەدەن بۆ بەلاوەخستن و پەراوێزخستنی کەرتەی ئابوریی. چونکە خەڵکی کوردستان لەسەر ئەم مەسرەفگەراییە ڕاهاتوون لەسەر ڕۆحیەتی ڕووتی مەسرەفگەرایی ئابوریی.

دەکرێ ئابوری کوردستان کە سەرچاوەکەی نەوتە بە پلەی یەکەم، لەڕووە سیاسییەکەیەوە بە ستەمکاریی حیزبی وێرانکەر و لەڕووە ئابورییەکەیەوە، بە ستەمکاریی مەسرەفگەرایی ڕووت، ناوزەد بکەین… کە هەردووکیان بەربەستن لە وێرانکردن و لەناوبردنی ئابورییەکەی، سەرچاوەی ئەم قەیرانانە بەگشتی، پارتیی و یەکێتیین. وە ئەم پرۆژەی ئابورییە کە لە نەوتدا کورتکراوەتەوە، ئابوری نەوتیش بەرپرسە لە ئەو لەشکرە مەسرەفگەرایە کە شەپۆلێکی تاریکی تۆڕئاسای دروست کردوە و گەندەڵیەکی فوتێکراو و ئاوساو کە نەوتی لە کاڵایەکی ئابوری بەرهەمهێنانەوە گۆڕیوە بۆ کاڵایەکی مەسرەفگەرایی چەتەیی مافیایی.

مەریوان وریا قانع، باوەڕی وایە: “کە پرۆسەی گۆڕین و کردەیی مەسرەف گۆڕدراوە بۆ ئایدۆلۆجیای مەسرەفی”. ئەمەش ترسناک و وێرانکەرە، بەو مانایەی کە مەسرەفگەرایی تەنها نەبووە بە ژیانی ئاسایی خەڵک بەڵکو بووە بە هۆکارێکی ڕووتی باوەڕپێکراو لە شوناسی خەڵکدا. دیسانەوە (بەختیارعلی) “دەربارەی مەسرەفگەرایی نمونەیەکی جوان و واقیعی دەهێنێتەوە لەسەر عەقڵیەتی خۆرهەڵاتی کە کوردستانیش بەشێکە لە پاشخانی ئەو عەقڵیەتە. کە لە عەقڵیەتی مەسرەفگەرایی خۆرهەڵاتیدا کە باس لە گەشە دەکرێ بە پلەی یەکەم باس پرد و شەقام و خانوبەرە و ئوتێل و ریستوێرانت و رووکارەکانی تری مەسرەفگەرایی دەکرێ، دوبەی مۆدێلی هەرە زەق و گەمژانەی ئەو جۆرە گەشەیە کە لە ڕاستییدا پەیوەندی بە گەشەی ژێرخانێکی بەهێزی بەرهەمهێنانەوە نییە”. وە لە کوردستان هەولێر نمونەی ئەو دوبەی‌زەدەیە کە بەشێکە لەو مەسرەفگەراییە، کە هیچ شتێکی هی خۆی نییە بەڵکو بەرپرسی مەسرەفکردنە، بەمانایەکی تر، هەولێر بەرهەمی ئابورییەکی ڕووتی مەسرەفگەرایە نەک بەرهەمهێنانی خۆماڵی.

 خاڵێکی تری مەسرەفگەرایی پەیوەندی بە فیڕۆدانەوە هەیە، کاراکتەری مەسرەفگەرا خۆی لەنێو بۆتەی کاڵا و وەهمی جادوئاسای نمایشی حەزی پڕ لە کاڵای مەسرەفی پەرت بووە و دونیای واقیعی و خەیاڵی مەسرەفکردنی بۆ لێکجیاناکرێتەوە. مەسرەفگەرایی هەروا ناتوانین قسەی لەسەر بکەین، چونکە مێژوویەکی نادیار و شاراوەی هەیە کە زۆربەی سیستەمە ستەمکار و دیکتاتۆرتەکان پەیوەندیان لەگەڵیدا هەیە، و لێشاوێک لە پارەی خەڵک لە پێناو ئامانجی نەگریسی خۆیاندا بەکاردەهێنن. وە ناتوانین لە کوردستاندا، ڕێژە یان تێکڕایی مەسرەفگەرایی دیاری بکەین؟ چونکە کۆمەڵگای ئێمە سەرتاپا لەنێو هەژموونی مەسرەفگەراییدا، وە بەشێکی بە شاراوەیی دەکرێ ناتوانین ڕێژەکەی دەستنیشان بکەین بەهۆی ئەوەی نوسراوێک یان دەقێکی باوەڕپێکراومان لەبەردەستدا نییە لەسەر مەسرەفگەرایی و پشتی پێببەستین وەک سەرچاوە بۆئەوەی دەرئەنجامێکمان دەستبکەوێت.

ئەو عەقڵیەتەی لە کوردستان هەیە لەمپەڕی ڕاستەوە بۆ ئەوپەڕی چەپ، بێ‌جیاوازی لەناو پاتۆلۆژیای مەسرەفگەراییدان، عەقڵیەتێک ئامێرئاسا قورمیش کراون و ئەوەی هەیە دووبارەی دەکەنەوە، بەبێ  تێگەیشتن لە دەرەوەی ئەو بازنەیەی بۆیان دیاریکراوە، ناتوانن لەوە زیاتر پەلبهاوێژن. وە ئەخلاقیەتی مەسرەفگەرایی لای حیزبی کوردیی؛ ملکەچ و گوێڕایەڵبوونە، بەخشینە لەپێناو ئایدۆلۆژیای ڕووتی مەسرەفگەرایی حیزبییدا، واتە خۆت پێشکەشی حیزب بکەیت بۆئەوەی ببیتە هەوێنەی زیاتر مانەوەی ئامانجەکانی حیزب لە مەسرەفگەراییدا. بۆئەوە پێویستیان بە جەستەی تۆ هەیە بۆئەوەی بۆ بەردەوامی و موقەدەسکردنی خۆیان بەکارتبهێنن.

لە دەرئەنجامدا دەگەین بەوەی کە مەسرەفگەرایی کەلتوری مەسرەفکردن لە کوردستان، کە حیزب بەرهەهێنەرێتی، گەشتۆتە قۆناغێکی مەترسیداری بێ‌چارەسەر. واتە بووە بە ڕێوڕەسمێکی ئایدۆلۆژیای ڕۆژانەی حیزبی بەشێکی خەڵک. وە ئەمڕۆ شێوازێکی نوێی “خودسازی” لە کۆمەڵگای ئێمەدا لە دروستبووندایە، خودسازییەک بە پلەی یەکەم دەستوپێوەندەکانی دەسەڵات لە ڕێگەی مەسرەفگەراییەوە کۆمەڵگا تێوەبگلێنن لەم دیاردە ترسناک و بێ‌چارەسەرە. وە پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئەم خودی مەسرەفگەراییە و لە ئامرازە سەرەکییەکانی دەسەڵات بەکاریدەهێنێ لەو پێناوەدا ئابوریی نەوتە،  ئابورییەک کە لەپێناو چەتەیی و تاڵانی حیزبییدا بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەکاردیدەهێنن… گومانی تێدانییە، ئابوریی نەوت ڕووکنێکی سەرەکی ستەمکاری حیزبی کوردیی و مەسرەفگەراییەتی. بۆیە وەک تاکێکی سەربەخۆ و ئازا، جەسور و ڕەخنەییانە بیربکەرەوە، بۆئەوەی بەشێک نەبیت لە کەلتوری مەسرەفگەرایی، لەپێناو خۆت و بەرژەوەندیی گشتی کۆمەڵگادا، چرای فیکرێکی بەرهەمهێنەر بە دژ بە کەلتوری مەسرەفگەرایی حیزبی کوردیی.

Previous
Next