Skip to Content

پەرلەمانی عێڕاق، یاسای قەرزکردن و کێشەی مووچە لە هەرێم

پەرلەمانی عێڕاق، یاسای قەرزکردن و کێشەی مووچە لە هەرێم

Closed
by تشرینی دووه‌م 30, 2020 General


پەسندکردنی یاسای قەرزوەرگرتن لەلایەن پەرلەمانی عێڕاقەوە، بەو مەرجانەوە بۆ حکومەتی هەرێم کە بێ پابەندبوون پێیانەوە حکومەتی کازمی نابێت بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات، بەهانە و بیانوی دایەدەست ناسیونالیزمی کورد بەگشتی و بەتایبەت حزبەکانی دەسەڵاتدار لە هەرێم کە بکەونە وروژاندنی هەستونەستی نەتەوەپەرستی و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەیەکی ژەهراوی، ئەمەش بە مەبەستی خامۆشکردنی ناڕەزایەتیە ڕوو لەسەرەکانی جەماوەر دژ بەم دەسەڵاتە گەندەڵە.
ئەم دەسەڵاتە کە درێغی ناکات لە تەنگپێهەڵچنین و گرتن و شکەنجەدانی هەڵسوڕاوانی ناڕەزایەتیەکان بە مەبەستی چاوترسێنکردنی جەماوەری ناڕازی، ئێستا بەم بیانوەوە دەکەوێتە خۆڵپڕژاندنە چاوی جەماوەر و هەوڵدان بۆ ڕاگرتنیان لە خامۆشی و دانیشتن بەدیار ناردنی شاندێک بۆ حکومەتی ناوەندی و دانوسان لەسەر بودجە و موچە.
ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی و ناسیونال – ئیسلامیستی عەرەبی و حزبەکانیان بەهەردوو باڵی سوننی و شیعیانەوە لە پەرلەمانی عێڕاق، لە دریژەی ڕۆڵی دژە شۆڕشیاندا لە هێرشکردنەسەر (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر) و پاشەکشەپێکردنی، وە بە مەبەستی پەردەپۆشی برسیەتی و بێکاری و بێ خزمەتگوزاری جەماوەری زەحمەتکێشی ناوەڕاست و خواری عێڕاق و قوتارکردنی ئەم ڕژێمە کۆنەپەرستانەی ئێستایان و بردنەپێشی ئەجەندا سیاسیەکانی خۆیان لە ڕێگەی پەرەپێدانی دووبەرەکی نەتەوەییەوە، ئەم بڕگەیان لە یاسای قەرزوەرگرتنەکەدا جێگیرکردوە.
بەمەش ئەو ڕێککەوتنەیان پەکخست کە حکومەتی کازمی لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا هەیبوو کە تا کۆتایی ئەمساڵ بودجە و موچە بۆ هەرێم بنێرێت. بەم پێیە موچەخۆرانی هەرێمەکە و جەماوەری زەحمەتکێش و بەگشتی هاوڵاتیانی کوردستان، بونەتە بارمتەی کێشمەکێشی نێوان هەردوو دەسەڵاتی ناوەندی و هەرێم و هەردوو بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی و ناسیونالیستی عەرەبی لە لایەک، و بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردی لە لایەکی ترەوە.
چارەسەر نە گەڕانەوەیە بۆ بەغدایەک، کە خۆی ڕژیمیکی گەندەڵ و میلیشیاییە و بۆ چاوەشەکاری جەماوەر و تێپەڕاندنی سیاسەتی نیولیبرالیزمی ئابووری دابینکردنی موچەکانی پەیوەست کردۆتەوە بە بڕیاردان لەسەر یاسای قەرزوەرگرتن، وە نە فریوخواردنە بە پڕوپاگەندەکانی حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی خەباتی جەماوەر خۆی. ئەمە هاتنەمەیدانی جەماوەری کریکاران و کارمەندان و زەحمەتکێشانی کوردستانە بە ڕیزێکی ڕێکخراوی یەکگرتووەوە کە دەتوانێ جەمسەرێکی بەهێز بێت بۆ خۆهێنانەدەرەوە لە بارمتەیی نێوان هەرسێ بزوتنەوەکە و هەردوو دەسەڵاتەکەی ناوەند و هەرێم، و لایەنێکی دانوسان و چاودێر بێت بەسەر بودجە و موچە و دابەشکردنیدا.
دابین نەکردنی موچە هۆکارەکەی کەمی سەروەت و سامان نیە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، کەمی داهاتە ناوخۆیەکانیش نیە لە خزمەتگوزاریەکان و داهاتی دەروازە سنوریەکان و باج و بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی نەوەت و گاز، بەپێچەوانەوە ئاکامی زۆروزەوەندی ئەم داهات و سەروەت و سامانەیە کە لەلای سەرانی ڕژیم و کۆمپانیەکانی دەوروبەریان و سەرمایەدارانی خاوەن کۆمپانیا گەورەکانی کەرتی تایبەت کەڵەکە بووە و قۆرخکراوە.
ئەم بارودۆخە لە قۆرخکاری، وە ئەم سیستمە ئابووری و سیاسیە، دەبێت لە ڕیشەوە گۆڕانکاری بەسەردا بێت، ئەمەش تەنها یەکگرتوویی کرێکاران و زەحمەتکێشانە بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستیەوە کە دەتوانێ تەواوی ئەم سەروەت و سامانە، ئەو دەیان و دەیەها ملیار دۆلارەی بەرپرسانی حکومی و حزبی و سەرمایەداران و کۆمپانیاکانیان بگەڕێنێتەوە بۆ کۆمەڵگە، لەپێناو دابین کردنی موچە و خزمەتگوزاریەکان و هێنانەدی خۆشگوزەرانی لە ژیانی هاوڵاتیاندا.
 نا بۆ پەرلەمانی عێڕاق و سیاسەتی ئابڵوقەی ئابووری هەرێم.
 نا بۆ سیاسەتی نیولیبرالیزمی ئابووری حکومەتی هەرێم و گەندەڵی و فریوکاریەکانی.
 موچەکان دەبی دەسبەجێ و بە تەواوی بدرێت.
 بەڵێ بۆ چاودێری بودجە و موچە و دابەشکردنی لەلایەن نوێنەرانی هەڵبژێردراوی کریکاران و کارمەندانەوە.


ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
٢٥ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٠

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish