Skip to Content

شیعر و ( مارتن هایدگەر ) ..  ناڵە حەسەن

شیعر و ( مارتن هایدگەر ) .. ناڵە حەسەن

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 3, 2020 General, Literature

با لە چەمکی نیگەرانییەوە دەستپێبکەم ، زۆرجاران گتومانە شاعیر بوونێکی نیگەرانە لەنیو کایە مەعریفییەکاندا ، نیگەرانی شاعیریش لەوێوەیە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە داهێنانەوە هەیە ، واتە شاعیر لە هەوڵی ئەوەدایە کە / بتوانێت تا ئاستێکی بڵند داهێنان بەرهەمبهێنێت .. دیارە لێرەدا مەبەستمان لەو شاعیرانەیە کە خەونی گەورەیان هەیە بۆ داهێنان و نیگەرانییەکەشیان هەر لە ڕاستای ئەو خەونە سەرچاوەی گرتووە . ئێمە لە کتێبی ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ، بەجۆرێکی تر باسمان لەو شاعیرە داهێنەرانە کردووە و گتومان ( شاعیربوون شوێنەکەی لە هەورازێکە هەموو شیعرنووسێک ناتوانێ بیگاتێ ..! ) ، شیعرنووس / لەلای ئێمە ئەو کەسانەن کە شیعر دەنووسن و شیعرەکانییان لە دەرەوەی رووبەری شیعر دەمێننەوە ، هاوکات خۆشییان ئەو کەسانەن کە خەونی گەورەیان نییە بۆ داهێنان یان توانای داهێنانییان لە ئاستێکی دیار و بەرچاودا نابێت ، لای ئەمجۆرە شیعرنووسانە ( چەمکی نیگەرانی )ش بەو شێوە تۆخە خۆی دەرناخات ، تەنها وەک کەسێکی ئاسایی ڕێژەیەک لە نیگەرانییان لەلا دەردەکەوێت ئەویش / لەبەرئەوەیە کە نیگەرانی خەسلەتێکی بوونە و لە هەموو کەسێکدا هەیە . لەباری فەلسەفییەوەش ( چەمکی نیگەرانی ) لەسەر هاوکێشەیەک ئیشدەکات ، کە لێکدژی یان ( هاودژی ) ئاشکرای لەبوون دەردەکەوێت ، واتە هێزگەلیک لەناوەوە کە جڵەوی تاک بە دەستەوە دەگرن و جووڵەی ئاراستەکانییان دیاری دەکەن ، ئەم هێزە ناوخۆییانەش ( غەریزەکان و خەون و حەز و ئارەزووەکانی تاکە ) ، یان باری ( ناخودئاگایی ) ، هاوکات کاریگەری هێزگەڵێکی دەرەکیش وەک کاریگەری ( کلتووری ، ئایینی ، سیاسی ، ئایدیۆلۆژی ، قوتابخانە ، خێزان … هتد ) کە زۆربەی کات ئەم دوو هێزگەلە ئاراستەی پێچەوانە وەردەگرن ، واتە هێزە ناوەکییەکان و دەرەکییەکان زۆربەی کات و هەمیشە ئاراستەی هاودژیی و پێچەوانەیی وەردەگرن ، لە ئەنجامی ئەم هاودژی و پێچەوانەییە ، کاریگەرییەک دروست دەبێ ئەم کاریگەرییە باری نیگەرانی لای تاک دروست دەکات ، لەباری ( دەروونزانییەوە )ش لەلای ( سیگمۆند فرۆید )یش هەر بەوجۆرەیە بەڵام ، ئەو بەشێوەیەکیتر تەعبیری لێکردووە ، کە مێشکی مرۆڤی دابەشکردووە بۆ سێبەش ( ئیگۆ ، سوپەر ئیگۆ ، ئێد ) بەمانای ( من ، منی باڵا ، ئێد ) ، واتە ململانێی نێوان ( من و ئێد ) ، ( ئێد ) ئەو بەشەیە تەواو لەژێر هەژموونی ناخودئاگایی دایە و نوێنەرایەتی ( غەریزەکان و ئارەزووەکانی خود ) دەکات ، ( ئیگۆ یان من )یش تەواو لەژێر هەژموونی واقیع دایە نوێنەرایەتی ( هێزە دەرەکییان ) دەکات ، زۆرجاران ئەم دووبەشەی مێشک بە ئاراستەی پێچەوانە دەڕۆن و هەمیشە هاودژ و ناتەبان ، لەباری ( بوونگەراییەوە )ش ، بەو پێیەی لای مارتن هایدگەر ( بوون بنەڕەتی هەموو هەبووەکانە ) هاوکات / بوونی ئاگامەندانەی مرۆڤی بە ( دازاین ) ناوبردووە ، ( دکتۆر محمەمەد کەمال ) لە کتێبی( نیشتیمانی فەلسەفە ) بە ڕۆشنی باس لە چەمکی نیگەرانی دەکات ، وەک ئەوەی مرۆڤ هەمیشە لە جەنگێکی بەردەوام دابێت چونکە / هەروەک دەڵێت ( ئەگەر من ڕێگە بدەم کەسانی دیکە بڕیار لەسەر پڕۆژەیەکی بوونی من بدەن ئەوا لەو حالەتەدا خۆم ناڕەسەن دەکەم و بە نامۆیی دەژیم ، لە کاتێکیشدا نامەوێت واز لە حەز و هەڵبژاردەی خۆم بهێنم تووشی بەرەنگاری دەبمەوە و دەکەومە جەنگی ڕەسەنایەتی و نارەسەنایەتی ..! ) .
( مارتن هایدگەر )یش لە کتێبی ( بوون وکات ) دا لە بەشی شەشەم / نیگەرانی وەکو بوونی دازاین دا ، ئەو پێیوایە ( نیگەرانی شێوازی بوونە لە جیهاندا ..! ) ، نیگەرانیی / لێرەوەیە کە مرۆڤ لە هەوڵی بەخشینی مانا و ناوەڕۆکێکە بە بوون لە نێو جیهاندا ، ئەم ناوەڕۆک و مانایەی بوون لە رێگەی داهێنانەوە بەدەست دێت ، یان مرۆڤ لە ڕێگەی داهێنانەوە تاکو بوونی خۆی بەشێوەی کامڵتر دەربخات . هەر لەو بەشەدا ( هایدگەر ) پێیوایە ( دازاین ئەو هەبووەیە ، کە لە بوونیدا بوون بۆی بووە بە کێشە …! ) ، ئێمە لەسەرەتاوە گوتمان / بوونی مرۆڤ لە نەبوونەوە دێتە بوون یان بوونێکی بێناوەڕۆکی هەیە ، مرۆڤ هەمیشە لە هەوڵداندایە بۆ بەخشینی ناوەڕۆکێک بۆ بوونی خۆی لەنێو جیهاندا ، لەم هەوڵدانە هەمیشە تووشی کێشە و ململانێ دەبێتەوە ، بوون بۆ ( دازاین ) بووە بە کێشە ، کێشەیەک سەرچاوەی ( نیگەرانیی)ە ، ئەوەتا ( مارتن هایدگەر ) بە ڕوونی باری ئەم نیگەرانییەمان بۆ دەردەخات و دەڵێ ( لە دوودڵیدا بوونی سەربەستانەی خۆی ڕووە و توانایی بۆ بوون . ڕەسەنانە و ناڕەسەنانە لەگەڵ توخمە کۆنکریتییەکانیدا دەردەکەوێت .. ) . هەروەها دکتۆر محەمەد کەمال لە کتێبی ( فەلسەفەی بوون ) لە بابەتی ( شێوازی داهێنەرانەی بوونی مرۆڤ ) ، بە ڕۆشنی باس لە چەمکی نیگەرانی دەکات دەڵێت ( بۆ ئێمە دوودڵی یان نیگەرانی ) نەخۆشی دەروونی نییە و پەیوەندی بە بونیادی ئۆنتۆلۆجی مرۆڤەوە هەیە ، مادام مرۆڤ بوونێکی ناتەواوی هەیە و بۆ تەواوکردنی بوونی سەربەستانە ڕوو لە داهاتوو دەکات ، پێویستە دوودڵ بێت ..! ) .

ئەم ڕوو لەداهاتووە بۆ تەواوکردنی بوون لەڕیگەی داهێنانەوە بەدەست دێت ، واتە داهێنان مەرج و جەختکردنەوەیە لە ڕۆلی سەرەکی بوونی مرۆڤ لە مێژوودا ، یان داهێنان / ویست و مەیلە ناڕازییەکانی هەبوو دەستنیشان دەکات بۆ تەواوکردنی بوونێکی نوێ لە نەبوونەوە ، لەم راستایەش دوو کێشە دێتە بەردەم داهێنان کە لە هەمانکات / دەبنە سەرچاوەی نیگەرانی لە مرۆڤدا ئەوانیش ( مردن و نامۆبوون ) ، ( مردن ) کۆتایی هاتنە بە داهێنان و بە هەموو پڕۆژەکانی بوون ، واتە مرۆڤ هەر لەسەرەتای بوونیەوە لەگەڵ نیگەرانی ڕووبەڕووە چونکە / بۆ ماوەیەکی کاتی دێتە نێو ژیانەوە ، واتە لە هەر چرکەو ساتێک ئامادەیە ڕووبەڕووی مردن بێتەوە ، نامۆبوونیش / جڵەوشلکردنە بۆ هێزە دەرەکییەکان و ڕازیبوونە بە ناڕەسەنایەتی بوون . مرۆڤە نامۆکان وەک ئەوە وایە ( هەمیشە لە دۆزەخدا بژین چونکە ( دۆزەخ ) لە ئاکامی نا سەربەستی و نا ئازادبوونی مرۆڤ دروست دەبێت ) . ئیتر لێرەوە دێینە سەر / پەیوەندی ( شیعر و مارتن هایدگەر ) ، یان گرینگیدانی ( هایدگەر ) بە شیعر بۆ بنەما ( فەلسەفییە بوونگەراییەکەی ) ، هەروەک زۆرێک لە بیرمەند و فەیلەسوفانیتر کە گرینگیان بە شیعر داوە بۆ نموونە ( جولیا کریستیڤا )ش لە پێناو هەوڵەکانی بۆ ( شیکردنەوە سیمۆلۆجییەکەی ) گرنگی زۆری بە شیکردنەوەی دەروونی داوە ، بۆ ئەم مەبەستەش ئیشی زۆری لەسەر شیعرەکانی ( مالارمێ ) و چەند شاعیرێکی تر کردووە ، ئەمەش لە کتێبەکانی ( لە پێناو شۆڕشێک بۆ زمانی شیعری ) و ( خۆری ڕەش ) و حیکایەتەکانی خۆشەویستی ) و چەند کتێبێکی تری ، ( مارتن هایدگەر ) یش یەکێکە لەو فەیلەسووفانەی ، قسەی زۆری لەسەر شیعر کردووە و گرنگی زۆری بە شیعر داوە . بایەخدانی ( مارتن هایدگەر ) بە شیعر و چاولێکردنی شیعر لەم ئاستە بەرزەدا ، لە ڕوانگە و تێڕوانینە بوونگەراییەکەی بووە بۆ بوونی مرۆڤ . چونکە لای ( هایدگەر ) ، شیعر / تەنها لایەن و پێکهاتەیەکی ئەدەبی و هونەری نییە بەڵکو ، شیعر ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە بوونی مرۆڤەوە ئەمەش بۆ هایدگەر گرنگییەکی زۆری هەبووە ، شیعر هونەرێکە زێتر مامەڵە لەگەڵ بوون و ناوەوەی مرۆڤ دەکات ، ( هایدگەر ) بۆ پڕۆژە فەلسەفی و ئەنتۆلۆژییەکەی خۆی لە زۆر شوێن هانای بۆ شیعر بردووە بە تایبەت شیعرەکانی ( هۆڵدەرلین ) .. تا ئەو ئاستەی پێیوابووە کە شیعر دەتوانێ ( ڕاستی بوون دەربخات ) .

پڕۆژە ئۆنتۆلۆژییەکەی هایدگەریش هەروەک لە کتێبی ( هایدگەر و ئۆنتۆلۆجی شیعر ) دا هاتووە ، ( پڕۆژەی ئۆنتۆلۆژی بنەڕەتی ، گەورەترین پڕۆژەی فەلسەفی هایدگەر بووە ، لە پەرتووکی ( بوون و کات ) دا ، کە ( هایدگەر ) بەدرێژایی تەمەنی ئیشی لەسەر کردووە . ئەم پڕۆژەیە لە شیکردنەوەی بوونگەرانەی مرۆڤەوە بە میتۆدێکی فینۆمینۆلۆجیانەی هێرمینیۆتیک دەستپێدەکات ، تاکو لەوێوە لە تێگەیشتن لە بوونی مرۆڤەوە بوون بە گشتی بگات ) ، شیعر ڕەنگدانەوەی یان ئاوێنەیەکە بۆ دەرخستنی ناوەوەی مرۆڤ .. شیعر لەنێو پانتایی خەیاڵی مرۆڤ لە ژێر کاریگەری غەریزەکان و هەستەکان و خەونەکان دێتە بوون ، غەریزەکان و هەستەکان و خەونەکانیش ، ڕەنگ و شێوەی مرۆڤ ڕەسم دەکەن ، مرۆڤێکی تێکشکاو یان بەرزەفڕ ، یان ڕووخاو ، واتە مرۆڤ خۆی لە چوارچێوەی زەمەنێکی دیاریکراو ، هەموو خەون و هەست و ئارەزووەکانی مرۆڤ ، پەیوەستن بە زەمەنێکی دیاریکراوەوە ، ئەم هاوکێشەیەش بۆ ( هایدگەر ) زۆر گرنگ بووە واتە ( دەرخستنی بوون لە زەمەنێکی دیاریکراوی تەمەن ..! ) ، واتە مرۆڤ ( خۆی لەنێو کات ) ، یان ( بوون و کات ) . بۆیە لای ( مارتن هایدگەر ) شیعر لە ڕیزبەندی هونەرەکاندا لە ئاستی هەرە سەرەوە بووە . چونکە لە توانای هەبووە ڕاستی بوون دەربخات .

بۆیە پێیوابووە ، شیعر وەک ( فەلسەفە بیرکردنەوەیەکی داهێنەرانەیە ) چونکە ، هەموو بیرکردنەوەیەکی فەلسەفی بەتایبەت بیرکردنەوە قووڵەکان ، لە نێوخۆیاندا شیعرین ، هەروەها بەرهەمە شیعرییەکانی پڕن لە داهێنان ، بەتایبەت ( سروودەکانی هۆڵدەرلین ) و شیعرەکانی ( دانتی و گۆتە ) و زۆرێک لە شاعیرانی تر ، خاوەنی ڕوانین و هزری بەرزن بەڵام فەلسەفە نین ..! هەموو ئەمانەش لە ڕێگەی زمانەوە دێنەبوون ، بۆیە هایدگەر دەیگوت ( زمان ماڵی بوونە ) . یان هەروەک لە کتێبی ( بوون و کات )دا هاتووە ( گوتار لە رێگەی گوتنەوە دەردەبرێت زمانە ، لەمحالەدا ، تێگەیشتن و ڕاڤەکردنەکە لەنیو خودی ئەوەدایە دەریدەبڕین ، تا ئەوەی دەڵێت (ئەمجۆرە وەکو زمان دەبێتە بە بابەتێکی دەرەکی ، بە پیجەوانەشەوە ، بوونی خەسلەتی دازاین هەڵدەگرێت ..! ) ، لێرەوە دەبینین کە زمان لە توانایدا هەیە تەعبیر لەبوون و یان خەسلەتی بوون دیاریبکات ، هەرچەندە لەسەردەمی مۆدێرنە و لە بەرئەنجامی گەشە و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا ، مرۆڤ تووشی نامۆبوون دەبێت ، نامۆبوونێک تا ئاستی ئەوەی مرۆڤ ڕەسەنایەتی خۆی لەدەست بدات ، بۆ ئەم ( نامۆبوونەی مرۆڤ ) هایدگەر کۆپلە شیعرێکی هۆڵدەرلین دەهێنێتەوە کە دەڵێ ..
ئێمە هەموو هێمایەکی نەخوێندراوەین
لە خاڵێکی بێگانەدا
زمانەکەی خۆشمان بیرچۆتەوە

دیارە هەر لەسەدەمی تەکنەلۆژیاوە مرۆڤ لە بەرئەنجای ئەم نامۆییە تووشی قەیران دەبێت ، قەیرانی فکر و داهێنان و کوشتنی پرسیار .. لەگەڵ هەموو ئەم قەیران و نامۆبوونەش هایدگەر پێیوایە ( مرۆڤ شاعیرانە نیشتەجێ دەبێ ) ، ( هایدگەر ) لەگەڵ ئەوە دایە ، هەموو کەس شاعیرانە بژی ، چونکە شیعر چاوساغی و ڕۆشناییمان دەداتێ بۆ ناسینی غەریزەکان و خەونەکانی خود ئەمەش یارمەتیدانە بۆ ناسینی ڕاستی بوون ، هەروەها ژیانی شاعیرانە ، تێکەڵبوونە بە ڕووبەری گەردوونییەت و مانەوەیە بۆ تاهەتا ، چونکە ( شیعر و زمانی شیعری ) بوون و پێکهاتەیەکی گەردوونییان هەیە . هەربۆیە لای ( هایدگەر ) و لای زۆرێک لە کەسانی بیرمەند ( شاعیران لە ڕیزی فەیلەسوفەکان ) دانراون چونکە هەروەک گوتمان ، ( شیعر وەک فەلسەفە بیرکردنەوەی داهێنەرانەیە ) ، لەلایەک ئیشکردنێکی تۆخە لەسەر ( خود ) لەلایەکیتر / ئیشکردنە لەسەر ( پرسیار و وڕوژاندنی پرسیار ) ئەمەش لەوە نزیکمان دەکاتەوە کە شیعر ئیشکردنە لەسەر دەرخستنی ڕاستی بوون . یان شیعریش ( ناوەڕۆکی فەلسەفیانە )ی هەیە ، هەروەک لە وتاری ،( هایدگەر و ئۆنتۆلۆگی شیعر ) دا بە ڕۆشنی باس لەوە کراوە کە ، دەربارەی بیرکردنەوەی داهێنەرانە تا ئەو ئاستەی ( شیعر و فەلسەفە ) لە زۆرباردا لە یەکترییەوە نزیکن ، ئەویش بە پشتبەستن بە فەلسەفەی یۆنانی کۆن بە تایبەت سەدەی پێنجەمی پێشزایین فەیلەسوفانی وەک ( پارمەنیس و هیراکلیتس ) یان شیعرەکانی ( سۆفۆکلیس ) کە ناوەڕۆکێکی فەلسەفی قووڵیان هەبوو ، ئەم ناوەڕکە فەلسەفەییەش بۆ ( مارتن هایدگەر ) و بۆ ڕوانگە بوونگەراییەکەی هۆکارێک بوو بۆ دەرخستنی راستی بوون ، بێگومان هەموو شیعرێک ئەم ناوەڕۆکە فەلسەفییە لەخۆناگرێت ئێمە مەبەستمان لەو شیعرانەیە کە هەروەک لە پێشدا باسمان کردووە / ئەو شیعرانەی لە نێو رووبەری شیعر دان و ئاستێکی بەرزی داهێنانیان تیایە .

                                                                 نۆڤەمبەری ٢٠٢٠

سەرچاوەکان :

  • کتێبی ( بوون و کات ) .. ( مارتن هایدگەر ) / وەرگێڕانی ( د.محەمەد کەمال )
  • کتێبی ( فەلسەفەی بوون ) .. نووسینی ( د. محەمەد کەمال )
  • کتێبی ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) .. نووسینی ( ناڵە حەسەن )

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish