Skip to Content

کێ سالە شێتی کوشت؟ .. نووسینی: یوسف عزەدین

کێ سالە شێتی کوشت؟ .. نووسینی: یوسف عزەدین

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 3, 2020 General, Literature


گێڕانەوەیەکی نیمچە بێکۆتا لەجوگرافیای گێڕانەوەی کوردیدا

[ مەنووسن؛ بەنووسین دەچنە نێو دنیایەکی پڕلەنەهامەتی و تەنهاییەوە، هەروەها جۆرێکیش لەخۆشاردنەوە لەدنیا.. کردەی نووسین وەک ئەوە وایە لەگروپێکی ئایینییەوە فەرمان وەربگریت.. بەکورتی و پوختی نووسین دەردە…!؟] پۆڵ ئۆستەر

عەلی کەریم دانەری ڕۆمانی ‘کێ سالە شێتی کوشت’، لەدواییەکانی تەمەنیدا بەقەولی پۆڵ ئۆستەر، دەچێتە نێو دنیا پڕ لەنەهامەتی و دەرد ئامێزەکەی نووسینەوەو لەپەنجاو نۆ ساڵیدا لەمۆسکۆ دەبێتە هاوڕێی عومەر بابەکر سەلیم و هەر ئەویش لەپێشەکی بەرگی یەکەمی ڕۆمانەکەدا نووسیویەتی:
{ بەهۆی تامەزرۆیم لەخوێندنەوەی کوردی و کۆڕی شیعری لەو کاتانەدا باسەکان هێنایانە سەر ڕۆمانەکەی دکتۆر عەلی و پێیوتم کەبێتاقەتی شتێکی نووسیوەو حەز دەکات بیخوێنمەوەو بزانم چۆنە، هەر لەم خاڵەوە تا ٢٠١١ ئەگەر بڵێم ئەم ڕۆمانە زیاتر لە ٣٠ جار نووسراوەتەوەو گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە لەلایەن خودی دکتۆر عەلی-یەوەو بۆ خۆشم دەیان جار تۆماری دەنگیم بۆ کردووە تا لەڕستەکان و دەربڕینەکان دڵنیاببمەوەو دەربڕینەکان سادەو بێ کێشەبن. هەر کاتێک تێبینییەکم دەدایە، ئەو نەدەهات ئەو خاڵە ڕاست بکاتەوە یان بیگۆڕێت، بەڵکو لەسەرەتاوە ڕۆمانەکەی دەنووسییەوە، تا هەستم پێکرد، ئیتر وازم لەتێبینییەکان هێناو تا تەواوی نەکرد پێیدا نەچوومەوەو تەنها وشە عەرەبییەکانم کەهەندێک جار هەبوون، لەڕستەکاندا دەگۆڕینەوە بەوشە کوردییەکان}
جێگەی ئاماژە پێدانیشە، کەنامەیەکی عەلی کەمال بۆ عومەر بابەکر سەلیم، لەپێشەکی بەرگی یەکەمدا بڵاوکراوەتەوەو تێیدا هاتووە:
{ یەکەم.. باسی کوشتنی سالە شێت؛ لەکۆتایی بەرگی دووهەمدا تەواو دەبێت.. لەبەرگی سێهەمدا سالە لەئاسمانەو بووە بەمەلائیکەت لەبەهەشت، لەهەموو تەنگ و چەڵەمەیەکدا ڕۆحی سالە پەیا ئەبێت، بۆ یارمەتی دانیشتوانی سلێمانی…. کاک عومەر، بڕوام پێبکە بەرگی سێهەم ئەمەندە بەرزە خۆم سەرم لێدەرناچێ، چۆن شتی واخۆش و پڕ لەنوکتەو پێکەنینم بەخەیاڵدا هاتووە}
لەم سەرەتایەوە، ئەگەر منی نووسەری ئەم کورتە خوێندنەوەیەش شتێکی ئەوتۆ نەدرکێنم؛ ئەوە خوێنەری زیرەک دەتوانێت هێدی هێدی لەپەنهان و نهێنی کۆدەکانی ئەم دانەرەو هاوڕێکەی بگات و کەمێک لەماجەراکانی پشت کەوالیسی کردەی گێڕانەوەی’کێ سالە شێتی کوشت’ حاڵی ببێت!؟
هەروەها دەشێت خوێنەر، چەندین پرسیاری تریشی لا دروست ببێت و ئیدی ئەوەی ئێمەش لێرەدا مەبەستمانە وەک خوێنەرێکی ئەم گێڕانەوە تولانییە، وروژاندنی چەشنە پرسیارێکە؛ دووربێت لەشارچێتی و بەرزکردنەوەو پێداهەڵدانی کوێرانە، یان لێدان و دژایەتی کردنێکی بێمانا!؟
حەقیقەتی ئەم گێڕانەوەیە؛ دواجار قابیل بەهەموو جۆرە خوێندنەوەو تێڕوانین و بگرەو بەردەو قووڵ بوونەوەو گرتنەخۆو ڕەتکردنەوەو هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم چەمکە ئەبستمۆلۆژیی و تەفکیکییەکانە.. سەرباری پێویست بوون بەهەڵسەنگاندێکی جدی و کاریگەر.. چونکە ناکرێت ماندووبوون و هەوڵدانی بەردەوامی دانەرەکەی لەدواییەکانی تەمەنیدا بەهەند وەرنەگیرێت و زۆر بەوردی لەوە تێنەگەین بۆ ئەم پیاوە، لەو کاتەوە کەدەزانێت کەسێک گوێگریەتی یان بابڵیین خوێنەرێتی، بەفیعلی هەوڵی نووسینەوەی گێڕانەوەیەکی نیمچەبێکۆتا دەدات وەک عومەر بابەکر سەلیم-ی هاوڕێی ئاماژەی پێدەدات:
(هەر کاتێک تێبینییەکم دەدایە، ئەو نەدەهات ئەو خاڵە ڕاست بکاتەوە یان بیگۆڕێت، بەڵکو لەسەرەتاوە ڕۆمانەکەی دەنووسییەوە، تا هەستم پێکرد، ئیتر وازم لەتێبینییەکان هێناو تا تەواوی نەکرد پێیدا نەچوومەوەو….)
کەواتە دانەر لەتەمەنێکدا کەزۆرێک لەخەڵکی لەو تەمەندا، تووشی لەبیرچوونەوەو ئەزهایمەر دەبن، کەچی ئەم بەپێچەوانەوە لەبەرزترین ئاستی گەنجێتی یادەوەرییەکانیدا بووەو بەزیادەوە هەموو ئەوەی ساڵانێک لەزاکیرەی خۆیدا پاراستوونی؛ لەمیانی گێڕانەوەی بەسەرهات و ڕووداوەکاندا هەڵیڕشتوون!؟ بەڵام ئاخۆ ئەم هەڵڕشتنە، لەو جۆرە تێکستانەی هێناوەتەبوون کەتەنها لەقاڵبێکدا ڕادەوەستن؛ ئیتر ناشێت دەستکاریان بکەیت و دەبێت لەو فۆرمەدا پارێزراو بن و گونجاو نییە بەشێوەیەکی تر ئەندێشەیان بکەیت.. یان پێچەوانەکەیەتی و ئاشکراشە هەر لەپێشەکی ڕۆمانەکەوە دیارە کەپێچەوانەکەیەتی!؟
دەکرێت ئەم ڕۆمانە وەک تێکستێکی دەرەوەی گێڕانەوەی تائێستا بڵاوکراوەی نێو ئەدەبیاتی کوردی، بخوێنرێتەوەو بەجۆرێک لەجۆرەکان، لەجۆری چەشنی تەنز و گاڵتەوگەپ و قۆشمەچێتییەکی هاوشێوەی ‘ڕشتەی مرواری’ و ‘قووتووی عەتار’ و زۆرێک لەشیعرەکانی ‘شێخ ڕەزا’و کۆمەڵێک لەنوکتەو قسەو باسە نووسراو و نەنووسراوە سێکسییەکانە.. وەک پۆلێنکردنیش هەن ئەم جۆرە تێسکتانە دەخەنە نێو کایەی ئەدەبیاتی میللییەوە؛ ئەگەر دروست بێت وای ناو بنرێت یان…؟!
‘پۆڵ ئۆستەر’ دەڵێت کەمجار خۆم وەک نۆڤێللانووس دێتە پێشچاو و زیاتر خۆم بەگێڕەڕەوەی حیکایەتەکان و خۆم بەحیکایەتخوان دەزانم!؟
دەشێت بەسانایی لەم تێڕوانینەی پۆڵ ئۆستەر-ەوە بگەینە گرنگی و بەرزی توانستی گێڕانەوەو بوون بەگێڕەڕەوە، کەواتە ناو هێنانی ئەم تێکست و ئەو تێکست بە هەر ناوبراوێک، لەکورتە نێرەیتیڤNarrative –سەرد- ەوە تا نۆڤێڵ و نۆڤێللا و ڕۆمان.. هیچ نین، ئەگەر توانای گێڕانەوەو ڕاکێشانی خوێنەر نەگاتە پلەیەکی باڵا، ئەلحەقی ئەمەش بەتەواویی و بەتایبەتیش لەبەرگی یەکەمی کێ سالە شێتی کوشت-دا، بەئاشکرا زاڵەو دەزانیت؛ گێڕەڕەوەکەی بەفیترەت گێڕەڕەوەیەو ئیدی ئامادەیە هەموو کەرستەکانی جەزبکردنی خوێنەر بەکار بهێنێت، ئەگەر بەمەش زمان بهێنێتەوە ئاست زمانی بازاڕ و لگاوخانەو مەلهاو گوزەری نێربازان و چەقۆکێشەکان و خوێڕی و نامەردو ناکەس بەچەکانیش.. بەم ئاماژەیەشمان؛ نەمەبەستمانە ئەم دوو بەرگی ڕۆمانە حەوا بدەین و نەگەرەکیشمانە لەهەڵدێر هەڵیدەینە خوارەوە!؟ بەڵکو دەشێت بڵێین ئەوەی عەلی کەریم کردوویەتی، وەک نووسەرێکی دەرەوەی نووسەرە پرۆفیشناڵ و تەقلیدییەکان، بەتەواویی نووسینەوەیە بەزمانی خەڵکی ئاسایی ڕەشۆک و نەخوێندەوار و سادەو ساکارەوە، بەڕیتمی “ڕشتەی مرواری” و هاوچەشنەکانی کەبەمەش بەناچاری لەزۆربەی جومگەکانی ڕۆمانەکەدا لەپێناو نەدۆڕاندنی ئاستی بازاڕێتی ئاخافتن و دیالۆگەکاندا، قوربانی بەتەکنیک و بەهای ڕۆمانەکەی داوە.. چونکە هەر لەسەرەتاوە مەبەستی نووسەر خستنەپێکەنینی خوێنەر-ەو وەک لەپێشەکییە ئاماژە پێدراوەکەماندا هاتووە:
( کاک عومەر، بڕوام پێبکە بەرگی سێهەم ئەمەندە بەرزە خۆم سەرم لێدەرناچێ، چۆن وا شتی خۆش و پڕ لەنوکتەو پێکەنینم بەخەیاڵدا هاتووە)
باشە ڕەنگە یەکێک بپرسێت؟ ئەی ناشێت ئێمەش ڕۆمانی هەزەلی و کۆمێدی هاوشێوەی گێڕانەوە میللیەکانی هەندێک لەمیللەتانمان هەبێت!؟ بێگومان دنیای نووسین فراوان و دەرکەی نووسینیش واڵایە. ئەم زاتە دانەرە؛ لەکاتی نووسینەوەی ڕۆمانەکەیدا و بەهەڵهێنجان لەبینینی فیلم و خوێندنەوەی گێڕانەوە پۆلیسییەکانی سەردەمانی گەنجێتی خۆی؛ هەر لە شێڕلۆک هۆڵمز-ەوە بۆ ئەجاسا کریستی و ئەوانەی تر، بەتایبەتیش ماجەرەکانی شێڕڵۆک هۆڵمز-ی نووسەری ئۆسکۆتلەندی –ئارسەر کۆنان دوێل- کەبەئاشکراو شاراوە، بەشێوازێکی تر و ئیشپێکردنێکی خۆماڵییەوە هێناویەتە نێو ڕۆمانەکەیەوەو هەرچەندە مەبەستی ئێمە لێرەدا ئەوە نییە کەبڵێین ئەم جۆرە ئەدەبە کەمایەسییە لەچاو ژانرەکانی دیکەی دنیای گێڕانەوەو نووسینی کورتە نەرەیتیڤ-سەرد- و نۆڤێڵ و نۆڤێللا و ڕۆماندا؟! بەڵکو مەبەستمان ئەوەیە بڵێین، ساڵانێکی دوور و درێژی ئەم زاتە لەیەکێتی سۆڤێتی جاران، ئەگەر خوێنەرێکی جدی بووایە، ئەوە بێگومان دەیتوانی لەڕێی خوێندنەوەو دیراسەکردنی هەندێک نموونەی ئەدەبیاتی تەنزئامێزی نووسەرانی ڕووسەوە، بەتایبەتیش گۆگۆڵ-ەوە؛ هەمان بەسەرهات و سەرگوزشتەی سالە شێت و خەڵکەکانی ترمان لەنێو ئەندازەسازییەکی دیکەی تەکنیکە گێڕانەوەیەکی ئەدەبیانەی باڵادا بخاتە پێشچاو!؟
نووسەری ڕۆمانی ناوبراو، زۆر خۆ ڕسکانەو لەتەمەنێکی هەڵکشاوی نزیکە کۆتایدا، دەکەوێتە جۆرە گێڕانەوەیەکی جیاواز و جودا لەگەڵ چەشن و شێوازی گێڕانەوەی باوی ئەدەبیاتداو لەهەمووشی گرنگتر توانای تەواویەتی لەبەکارهێنان و دروستکردنی دیالۆگی بەردەوامدا! باڵانەبوون و پتەونەبوونی دیالۆگ؛ کەموکوڕییەکی زۆربەی گێڕانەوەکانی پێشووتری ئەدەبیاتی کوردی بووە.. واتە ئەدەبیاتی سەردی- نێرەیتیڤ-ی کوردی زیاتر وەسفی بووەو کەمجار توانیویەتی لەڕێی دیالۆگی لۆژیکی و جالیبەوە خوێنەر کەمەندکێش بکات.. ئەم جۆرە دیالۆگەی کەنووسەر لەدوو بەرگی بەردەستی ڕۆمانەکەیدا بەکاری هێناوە، زیاتر لەسیناریۆ دەچێت و زێدەتریش هەر لەو ڕێیەوە دنیایەک بەسەرهاتی بێکۆتاو لەبن نەهاتووت بۆ دەگێڕێتەوەو ئەمەش ڕاستییەکەو ناکرێت نکووڵی لێبکرێت، ئەگەر زۆر هەڵەو کەموکوڕیش لەخۆبگرێت؟! بەڵام دواجار زیندوویەتی دەق لەوەدایە قابیل بەجەدەل و بگرەو بەردە بێت، بەجیا لەپێداهەڵدان و لێدان و بەرزکردنەوەی، شتێکی تر بێت!؟
بەڕاستی ڕۆمانی کێ سالە شێتی کوشت؟! بەهەموو ئەو بێزارییەی کەوەک خوێنەرێک لەخوێندنەوەیەدا ڕووبەڕووی بوومەوە، یاخود لەگەڵ زۆر دیمەن و بەسەرهاتی کاڵوکرچ و نەشاز و بێمانای تێکترنجاوی نێو ڕۆمانەکە نامۆ و تەریک مامەوە!؟ بەڵام ناشێت توانای گێڕانەوەی نیمچە بێکۆتای دانەرەکەی نەبینین.. دانەر؛ لەتوخمی ئەو حیکایەتخوانانەیە، کەبەمنداڵی لەبەساڵاچووەکانەوە بیستبووم، کەچۆن چۆنی لێرەو لەوێی هەندێک لەشوێنەکاندا هەبوون و تەنانەت هەندێکیان لەفڵانە قاوەخانەو فیسارە مەجلیسدا بوونی نیمچە بەردەوامیان هەبووە.. ئیتر وەک بۆیان دەگێرامەوە، هەبوون ئەوەندە ڕۆچوونەتە نێو دنیای گێڕانەوەکان و هێندە بەرجەستەی کەسایەتییەکانیان کردووە.. کەجار جارە گێڕانەوەو نواندنیان تێکەڵ کردووەو جار هەبووە دارعەساکەی دەستیان لێبۆتەوە شمشێر و لەکاتی وەشاندنیاندا گۆزەو شەربەئاوێکی نزیکەدەستیان شکاندووە!؟

ئێمە لێرەدا خوێنەرین و ڕەنگە بتوانین بەپێی ئەم خوێندنەوەی ئێستامان ئەمەی ئێستای لەبارەوە بڵێین و دەشێت لەخوێندنەوەکانی تریشماندا بۆ هەمان ڕۆمان ئەگەر کاتمان بۆ ڕەخسا، شتی نوێ و جیاوازتر بڵێین.. کەواتە ئەوەی خوێنەر دەیڵێت، ناشێت وەستاو بێت و وەک سوێندی خواردبێت؛ تاسەر و دوای چەندین خوێندنەوە هەر ئەوە بێت؟! چونکە ئەم جۆرە دەمارگیرییە لەسەپاندنی ڕاوبۆچوونێکی دیاریکراودا، دۆگمایەو هەر ئەمەشە حاڵی ئەدەبیاتی میلۆدرامییانەی کوردی.. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە؛ بۆ دەبێت لەدنیای گێڕانەوەدا، هەر ئەوانە هەبن کەهەن و هەر ئەوانەش بخوێنرێنەوەو ناویشیان وەک بەسامترین و جوانترین و گەورەترین گێڕەڕەوەی کورد بهێنرێت و چەند دام و دەزگایەکیش کار بۆ ناساندن و ڕیکلام کردن بۆ ئەو جۆرە نووسەرە پێشتر هەڵبژێردراوو دیاریکراوانە بکەن!؟
ئەوەتا عەلی کەریم؛ ئەم نەخشەیە دەشێوێنێت و بەتەمەنێکی گەورەو لەدەرەوەی ئەم دنیای ڕیکڵام و گەورەکردنەی ئێستای واقیعی چاپوبڵاوکردنەوەی کوردییەوە، دێت و بەچەشن و شێوازێکی جودا، جۆرە گێڕانەوەیەکی تر دەهێنێتە نێو دنیای ئەدەبیاتی گێڕانەوەی کوردییەوە!؟ هەرچەند ئێمەی خوێنەر ناتوانین، هیچ زیاد و کەمێک بخەینە سەر ئەم تێکستە نووسراوە ناوبراوە.. بەڵام دەشێت هەندێک تەمەننامان هەبێت و بتوانین بڵێین خۆزگە دانەر، بەچەشنی گۆگۆڵ، بابەتێکی زۆر سانای وەک پێداویستی کاراکتەری تێکستی پاڵتۆ-ئەکاکی ئەکاکیڤیچ-ی بۆ پاڵتۆیەک کردبایەتە بابەتێکی تەفکیکی زۆر کاریگەر…!؟

بێگومان بمانەوێت و نەمانەوێت کۆمێدیا تەڵخەکەی گۆگۆڵ؛ دیوەکەی ئەودیوی شتەکانمان پیشان دەدات و ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پرسیاری ویژدانی و ئەخلاقی زۆر کاریگەرمان دەکاتەوە.. بەڵام لە ڕۆمانی کێ سالە شێتی کوشت؛ وەک نووسەرەکەشی ئاماژەی پێدەدات و بۆ خستنەپێکەنینی خوێنەرە.. باشە خۆ دەشێت خوێنەر، بەخوێندنەوەی تێکستە گێڕانەوەکانی عەزیز نەسین-یش پێبکەنێت.. بەڵام ئاخۆ ئەو تێکستانەی ئەو تا چەند لەکۆمەڵە جومگەیەکدا دەبنەوە بەیەکپارچە گێڕانەوەی سەرزارەکی کاڵوکرچ!؟ بێگومان نابن و هیچ زیادو کەمییەک لەبەکار‌هێنانی وشەو دەستەواژەو دیمەن و درێژکردنەوەو یان کورتکردنەوەی گێڕانەوەکاندا نییە، گێلەپیاو-ەکەی عەزیزنەسین و زووربەی تێکستەکانی تریشی.. کاتێک دەتخەنە پێکەنین و وات لێدەکەن لەپێکەنیندا دەست بکەیتە گریان، پێویستیان بەوە نییە، ئەدەب دابەزێنە ئاست نوکتەبازاڕییە سێکسییەکان، یاخود زمانی نووسین پڕ بکەن لەجوێن و جۆرێک لەبەکەم زانین و سووک سەیرکردنی ئەوانی تر!؟ ڕاستە؛ گەر ئەم ڕۆمانەی ‘عەلی کەریم’ یادەوەریی بووایە، ئەوە لەڕووی مێژووییەوە، گواستنەوەی ئەو هەموو جوێن و دزێوی و شزوز و ناشیرینییە، بەجۆرێکی تر مامەڵەی لەگەڵ دەکرا، بەڵام مەسەلەکە لێرەدا، ناو‌هێنانی هەزار و دوسەدو قسوور لاپەڕەی ئەم دوو بەرگەیە بەڕۆمان و دیارە بەرگی سێیەمی تەواوکراو یان نەکراویش؛ درێژەی هەمان گێڕانەوەی دانەرە؟!
لەکۆتایی ئەم کورتەخوێندنەوە سادەیەشماندا دەڵێین؛ ئەوەی لێرەدا وتومانە، نەبۆهێنانە خوارەوەی ئاستی ڕۆمانی کێ سالە شێتی کوشت-و نەبۆ بەرزکردنەوەی بێ زەمینەو لەخۆڕاشیەتی؟! یان با بڵێین، ناشێت خوێندنەوەی ڕاستەقینەو جدی بۆ هیچ کام لەم دوو مەرامە بێت؛ بەڵکو خوێندنەوە هەر ئەوەیە کەتۆی خوێنەر لەماوەیەکی دیاریکراوی خوێندنەوەی خۆتدا پێی دەگەیت و نەڕاستەو نەهەڵەشە، نە عەلی کەریم-یش لەنووسینەوەی زنجیرە گێڕانەوەکانیدا بەهەڵەدا چووە.. بەڵکو ئەوەی ئەو نووسیویەتی، جۆرە گێڕانەوەیەکی نیمچە بێکۆتای نێو جوگرافیای گێڕانەوەی کوردییە و وەک پۆڵ ئۆستەر-یش دەڵێت؛ ئەگەر پاڵنەرێکی توندو پتەوت بۆ نووسین نەبێت، ئەو دەم پێویست ناکات بنووسیت؟!

——————————————
ژێدەر: کێ سالە شێتی کوشت/ ڕۆمان ٢بەرگ/ لەبڵاوکراوەکانی کتێبخانەی وشە/٢٠١٩
تێبینی: لەئەدەب و هونەری کوردستانی نوێ ژمارە ٨٢١١ی ٢٩/١٠/٢٠٢٠ بڵاوبۆتەوە
E.mail/izadyusf@gamil.com

Previous
Next
Kurdish