Skip to Content

ئازاد صالح مۆزارتەکەی هەڵەبجە … درەو مهدی

ئازاد صالح مۆزارتەکەی هەڵەبجە … درەو مهدی

Closed
by كانونی دووه‌م 26, 2017 General

ساڵە هایە سەربازێکی ون بە ژەنینی کەمانچەکەی درەختی هونەر ئاو دەدات.

ئەو زیاد لە چل ساڵە ئاوازی ژیان ئەژەنێت،نزیکەی دوو چارەکە سەدەیە پانتایی گەردوونی پڕکردووە لە نۆتەی مۆسیقا و بە مۆسیقا ژیانی بۆ ڕەنگڕێژ کردووین.

ئەو،ئالەتی کەمانچی بۆ ژەنینی ئاوازەکانی هەڵبژاردووە.

ڕۆماننوسی فەڕەنسی”ماکس فێرمن” لە ڕۆمانی”کەمانچە ڕەشەکە”دا، ئەڵێت:”نەوای هیچ سازێک هێندەی کەمانچە لە دەنگی ئادە میزاد ناچێت”.

ڕەنگە هەر ئەمەش بێت وای لە”ئازاد صاڵح” کردبێت کە ئامێری کەمانچ بکاتە فڵچەی دەستی بۆ ڕەنگ کردنی ژیان بە ڕەنگە جیاوازەکانی نۆتەی مۆسیقا.

ئەگەر شاری سالسبۆرگ و کۆشکە شاهانەییەکەی ماڵەوەیان لەو شارە و هەبوونی ئامێرەکانی مۆسیقا لە ماڵەوەیاندا بۆ مۆسیقاری بە ناو بانگی نەمساوی”مۆزارت” بوو بێتە زەمینەیەکی گونجاو بۆ بڵاو بوونەوەی ناو بانگی ئەو مۆسیقارە نەمساویە بە جیهاندا، ئەوا لە بەرامبەردا هەڵەبجە و ژیانێکی ئاسایی لە چینێکی مام ناوەنددا بۆ ئازاد صاڵح بووە زەمینەیەکی گونجاو بۆ بڵاو بوونەوەی ناو بانگی ئەم مۆسیقارەی هەڵەبجە بە کوردستان و هەموو عێراقدا،ناوی ئەو توانی سنوری عێراق ببڕێت و وەک گەڕیدەیەکی هونەری لەڕێگەی کۆنسێرتە زۆرە کانیانەوە لە تیپی مۆسیقای شنروێ کە خۆی یەکێک بوو لە دەستەی دامەزرێنەری گروپەکە،سنوری وڵاتانی خۆر ئاوا ببڕێت.

ناو براو،دوای هەبوونی حەز و خولیایەکی بۆ مۆسیقا و لەسەر پێی خۆ ڕاوەستانی لە شارەزایی و کارامەیی ئەو لەو هونەرەدا سەرەنجام لە تافی لاویدا و لە تەمەنی 17 ساڵیدا،لە 26/4/1973 خۆی و سێ هاوڕێی تری تیپی مۆسیقای شنروێ لە هەڵەبجە دادەمەزرێنن.

نوسەری کورد”بەختیار علی”لە ڕۆمانی “شاری مۆسیقارە سپیەکان”دا دەنوسێت:”مۆسیقا سەفەرێکە لەو دیو دەنگەوە، سەفەرە بە بێدەنگیدا”.

هەر بۆیە مۆزارتەکەی هەڵەبجە،ئەیەوێت لە ڕێگەی مۆسیقاوە لە بێدەنگی تێبگەین و هەموو نەوتراوەکانی ناو جیهانی بێدەنگیمان بێنینە سەر زمان و بۆ ئەوانی تری گۆ بکەین. هەر بە هۆی مۆسیقاوە لەو بێدەنگیە بتوانین هەزاران ئاوازی نەبیستراو ب ئەفرێنین.

تیپی مۆسیقای شنروێ، کە ئازاد ساڵح،دامەزرێنەری بوو بۆ هەڵەبجەییەکانی نەوەی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو ناوێکی جێگیر و چەسپاوە لە بیرکردنەوەی هونەریاندا و پێیان وایە ئەم تیپە مۆسیقیە خزمەتێکی نا کۆتایی بە ڕازاندنەوەی باخچەی هونەری کوردی کردووە.

نموونەی ئەمەش لە جەخت لێکردنەوە بەردەوامەکانی خوا لێخۆشبووی باوکمدا دەخەمە ڕوو کە لەسەر توانا و لێهاتووی ئازاد ساڵح بۆ هونەری مۆسیقا کە هاوڕێی منداڵی باوکم بوو. زۆر باش شارەزابوو.

جارێکیان لە سەردەمی هەرزەکاریمدا، ئەوکاتەی حەزی جۆراوجۆر بۆ شتەکانی دەور و بەرمان هەر جارەی بەسەر شتێکەوە دەنیشێتەوە،ئەوکات شمشاڵێکم کڕی بوو جار جار لە ماڵەوە بۆ خۆشی و کات بەسەر بردن شمشاڵم دەژەند، لەو کاتانەدا باوکم پێی دەوتم بەردەوامبە دواتر ئەتنێرمە لای ئازاد صاڵح ی تیپی شنروێ بۆ ئەوەی فێری مۆسیقاتان بکات.

لەبەر گرنگی هونەر و مۆسیقا،ڕۆمانتیک خوازە ئەڵمانیەکان، هونەرمەندیان بە بەیانکەری مرۆڤایەتی ناسی و یەکێک لە ئەوان ووتی: “دەبێت وەها بنوسین وەک بڵێیت خەریکی دروستکردنی کۆپلەیەکی مۆسیقاین” پاشان ووتی:”گیانی ئێمە بۆ درکی مۆسیقا دەبێت ئەفسون ببێ”.

لەبەر ئەم گرنگیەی مۆسیقا و هەبوونی هەژمونێکی کاریگەر و فراوانی ئەم هونەرە بەسەر پانتاییەکانی ڕۆحی مرۆڤەوە،”ئازاد ساڵح”نزیکەی دوو چارەکە سەدەیە بێدەنگ بێدەنگ زۆر موحافیزکارانە[بەواتای پارێزگاری لە هونەرەکەی]دەستی بە هونەرەکەیەوە گرتووە و بە بێ هیچ هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی ناو بانگ و خۆنزیک کردنەوە لە دەسەڵاتداران و خۆ بەدەربار کردنیان بە کەمانچەکەیەوە ئاوازی نەوعاونەوع بۆ ژیان دەژەنێت.

ئەتوانم بڵێم ئازاد ساڵح،وەک نەخشی سەر بەرد ئەو وتەیەی”بەختیار علی” هێناوەتە دی کە لە ڕۆمانی شاری مۆسیقارە سپیەکاندا،دەڵێت:”مۆسیقا پێویستی بە پاشاکان و نۆکەرەکانیان نیە کە نەمر بێت، مۆزارت بە بێدەنگی وەک فەرهادێکی زامدار ئیش دەکات”.

نە خۆشی ڕێگەی بە مۆزارت مۆسیقاری بە ناو بانگی نەمساوی نەدا کە خزمەتێکی زۆر بە هونەری مۆسیقا بکات.
بەڵام خودا ئەو دەرفەتەی بە مۆزارتەکەی هەڵەبجە داوە کە هێشتا چەندین ئاوازی نەبیستراومان بۆ عەزف بکات.

ئەو بەردەوامە لە خزمەتی هونەری مۆسیقا ئێستاش بەنیازی دامەزراندنی ئەکادیمیایەکی مۆسیقایە لە هەڵەبجە.
بەهیواین بەرپرسانی حکومی و خەمخۆرانی هونەر هاوکاری بکەن بۆ دامەزراندنی ئەکادیمیاکەی.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish