Skip to Content

‘ڕەچەڵەکی چەشن’ی داروین دەکرێت بە کوردی … بێریڤان جه‌مال حەمەسەعید

‘ڕەچەڵەکی چەشن’ی داروین دەکرێت بە کوردی … بێریڤان جه‌مال حەمەسەعید

Closed
by كانونی دووه‌م 29, 2017 Books, General, Slider

ئەمە خەوێک بوو، ئاواتی دەیان خوێنەری ڕۆشنبیری ساڵەکانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابوردو بوو، کە لەپاش خوێندنەوەی ئەم کتێبە، ڕەچەڵەکی چەشن ــ چارلز داروین On the Origin of Species – Charles Darwin، پڕ بەدڵ حەزیان دەکرد وەریگێڕنە سەر زمانی کوردی، تا خوێنەرانی کوردی زمان لێیبێبەش نەبن. هەندێکیان هەوڵیان دا، بەڵام بێئاکام بوون. نوری کەریم ئێستا خەریکی وەرگێڕانی ئەم کتێبەیە.

نوری که‌ریم یه‌کێکه له‌و وه‌ڕگێره سه‌رکه‌وتوانه‌ی که له‌ماوه‌یه‌کی کورتدا چه‌ندین کتێبی به‌ عیشق و بایه‌خی زۆره‌وه‌، وه‌رگێڕاوه‌تە سه‌ر زمانی کوردی. وه‌رگێڕ جیا له‌وه‌ی شاره‌زایییه‌کی باشی له زمانی عه‌ربی، فارسی، ئینگلیزی و سویدیدا هه‌یه، هه‌وڵی داوه به‌زمانێکی پوخت و ساده‌، خوێنه‌ر له‌کاره‌کانی نزیک بکاته‌وه و په‌لکێشی خوێندنه‌وه‌یان بکات، که ئەمه‌ش خۆی له‌خۆیدا رێخۆشکردنێکە بۆ خوێندنەوه‌ی به‌رهه‌می نوسه‌ران و ڕۆشنبیرانی گه‌لانی تر. که دیسانه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی زمان و گه‌شه‌سه‌ندنی ڕۆشنبیری کۆمه‌ڵگای کوردی ده‌گرێته‌خۆ. لەسەر وەرگێڕانی ئەم کتێبە پڕ بەهایە، پێمباشە لەگەڵ وەڕگێڕ ئەم دیمانەیە بکەم، تا لە نزیکەوە بیروبۆچوونی بزانین لەسەر کاری ئەم وەرگێڕانە تازەیەی.

پرسیار: دەکرێت زۆر بەکورتی پێمانبڵێیت ناوەڕۆکی ئەم کتێبە چییە؟

نوری کەریم: تەواوی ئەم کتێبە وەڵامە بە پرسیارێکی دیاریکراو، ئایا ئەم هەموو جۆراوجۆرییەی کە لە ناو زیندەوەراندا هەیە، لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت. وەڵامی داروین ڕۆشنە، بە بەڵگە و توێژینەوەیەکی قووڵ دەیسەلمێنێت، کە هەمەجۆریی تەواوی زیندەوەران، بە جیهانی ئاژەڵ و ڕووەکەوە، ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ پەیدابوونی یەکەم شانەی ئورگانی. هەر هەموومان وەک زیندەورانێک، سەرەڕای ئەوپەڕی جیاوازیمان، لە جیاوازی نێوان ئاژەڵ و ڕووەکەوە بگرە تا جیاوازی نێوان دایباب و ڕۆڵەکەی، نــەوەی ئەو زیندەوەرە یەکشانەیییەین. ئەم زیندەوەرە یەکشانەیییە نەک هەر ژیانی کردووە بەڵکو نەوەشی خستۆتەوە، ئەم نەوە تازەیە نەک هەر ژمارەی زۆر بووە، بەڵکو هەموو ئەو سیفەتە بۆماوەیییانەی لە دایبابەوە بۆ ماوەتەوە، کە پێویست بوون بۆ ژیان بەدەربردن و زاوزێکردن. لەم پەیوەندەدا، بەپێی هەلومەرجی ژیان، هەر سیفەتێکی بۆماوەیی کە زێتر یارمەتیدەری بووە، کەڵکە بووە و ئەوانی تر خراوەتە لاوە، بەو پێیە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، هەرچی زێتر جیاوازی کەوتۆتە نێوان تاکەکانی نەوە لەدوای نەوەوە. ئەمە پرۆسەیەکی بەردەوامی سرووشتییە، بەدەرە لە ویستی هەر زیندەوەرێک.

پرسیار : تایبەتمەندی ئەم کتێبە لە چیدایە، کە وای کردووە بە نەمری بمێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە لەمێژە نووسراوە؟

نوری کەریم: ئەم کتێبە لە ساڵی 1859دا لە بەریتانیا بڵابۆتەوە، لە هەلومەرجێکدا کە بیروبۆچوونی گشتی کۆمەڵگای نەک هەر بەریتانیا بەڵکو زۆربەی سەرتاسەری جیهانش، بیروبۆچوونی ئاینیی ‘کتێبی پیرۆز’ بووە لەسەر چۆنییەتی پەیدابوونی مرۆڤ و زیندەوەران. بۆ نموونە، بەپێی ئەم جیهانبینییە ئاینییە، خوا پیاوی لە سەر وێنەی خۆی لە خۆڵ دروستکردووە و پاشان فووی کردووە بە کونەلووتیدا و ڕۆحی بەبەردا هاتووە. پاشان کە ئەم پیاوە لە خەودا بووە، پەراسوویەکی دەرهێناوە و ئافرەتێکی لێدروستکردووە، بۆئەوەی ئەم پیاوە بەتەنیا نەبێت. داروین لەبەرامبەردا جیهانبینییەکی تەواو جیاوازی هێنایە کایەوە لەسەر پەیدابوونی زیندەوەران، کە هیچ جێگەیەکی بۆ بوونی خوا نەهێشتەوە. تائیمڕۆ هەر دەستکەوتێکی زانستی لە مەیدانی زیندەزانیدا هاتبێتە کایەوە، بۆچوونەکەی داروینی سەلماندووە. تائیمڕۆش کێشمەکێشی نێوان ئەم دوو جیهانبینییە بەردەوامە، لەناو گەلێک لە کۆمەڵگاکاندا شێوازێکی خوێناوی بە خۆیەوە گرتووە.

پرسیار: ئایا بۆ ناکرێت بیروبۆچوونی ئاینی لەگەڵ داروینزم وەکو بیردۆزێکی زانستی، پێکەوە هەڵبکەن؟

نوری کەریم: نەک هەر پێکەوە هەڵناکەن، بەڵکو تەواو بەدژی یەکترین. دوو جیهانبینیی جیاوازن، لە یەکەم بەردی بناغەوە. تەواوی بیروبۆچوونی ئاینی، کۆمەڵێک بانگەشەی بێبەڵگەی چەقبەستوون، هیچ لێکدانەوەیەک هەڵناگرن. خوا یەکە نابێت بە دوو؛ خوا تەواوی سرووشتی لە شەش ڕۆژدا درووستکردووە؛ بــۆچی؟ وەڵام نییە؛ یان ئەوەتا باوەڕەت پێیەتی یان نەء. بەڵام بیرباوەڕی زانستی لەسەر هەر دیاردەیەک، شتێکی نەگۆڕی نییە. لەسەر هەر شتێکی سرووشتی، زانیاری تەواو و کۆتایی نییە. یەک زاید دوو، هەر مەرج نییە دەبێت بکاتە سێ. ئیمڕۆ مرۆڤ لە پیتاندنی هێلکە بە تۆماوەوە لە منداڵدانی ئافرتدا دروستدەبێت، دەکرێت سبەینێ لە تاقیگەدا درووستبکرێت. چارلز داروین دەیزانی جیهانبینییەکەی تەواو دژی بیروبۆچوونی زاڵی کۆمەڵگایە، لێی ڕۆشن بوو کە چ کفرێکی گەورە دەکات و ئامادە بوو لەپێناوی بەرزڕاگرتنی ڕاستیدا، باجەکەی بدات. بۆیە بۆ ماوەی شەش حەوت ساڵ دەستی ڕاگرت لە چاپکردنی کتێبەکەی. کاتێکیش کە بڵاوی کردەوە، لە هەموو ‘ناز و نیعمەت’ێکی دەرباری پاشایەتی بەریتانیا بێبەش کرا، کە لەو کاتەدا نوێنەرایەتی سیاسی کڵێسای دەکرد و دەسەڵاتی تەواوی بەدەستەوە بوو. تا لەم ساڵانەی دواییدا، دەرباری پاشایەتی ئەم پەڵە ڕەشەی بە ناوچەوانی خۆیەوە کاڵ کردەوە و لە مەراسیمێکی گەورەدا، ئەو ڕێزلێنانەی کە شایەنی زانایەکی وەها مەزنە، بۆی گەڕاندەوە و بەڕەسمی داوای لێبوردنی لە نەوەکانی داروین کرد.

پرسیار : چۆن بوو وا ئەم کتێبەت هەڵبژارد بۆ وەرگێڕان؟

نوری کەریم: منیش وەکو یەکێک لە خوێنەرانی ئەو کتێبە، بەهۆی ئەو بەها زانستییەی کە هەیەتی، هەمیشە ئەو خەیاڵەم لەسەردا بووە، کە بیکەم بە کوردی. بەڵام کاتێک کە کتێبە بەناوبانگەکەی زانای زیندەزانی ڕیچارد دواکینزم بەناوی ‘وەهمێک’، وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی، کە ڕەخنەیەکی کەمەرشکێنە لە بیربۆچوونی ئاینی لە گۆشەنیگای داروینزمەوە، ئەم خەیاڵەمی دەمەزرد کردەوە و ئیتر لەوە زێتر نەمدەتوانی وەرگێڕانی دوابخەم.

پرسیار : گەلێک هەوڵیان دا ئەم کتێبە وەرگێڕنە سەر زمانی کوردی، بەڵام بێئاکام بوون. ئەم توانایییەی تۆ لە چیەوە سەرچاوە دەگرێت؟

نوری کەریم: بەڵێ گەلێک هەوڵیان دا و گەلێکیان بەو ئاواتەوە سەریاننایەوە. جێگەی داخە بۆ ئەوانە و مایەی خۆشحاڵییە بۆ من، کە دەتوانم ئەو ئاواتە بهێنمەدی. وەرگێڕانی کتێبێکی وەها زانستی، بەتایبەتی بۆ سەر زمانی کوردی، لە توانایی کەسی ئەو ڕۆشنبیرانەی ساڵەکانی حەفتاکان و هەشتاکان بەدەر بووە، بەڵام بۆ من هەلومەرجەکە تەواو جیاوازە و ئەمەش هێشتا بەواتای ئەوە نایەت کە کارێکی ئاسانە. ‘ڕەچەڵەکی چەشن’ یانزەهەمین کتێبە کە خەریکم وەریدەگیڕمە سەر زمانی کوردی. تاکو ئێستا نۆ کتێبم لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوە و یەک کتێبیشم لە زمانی سویدییەوە، کە بەشێکیان کتێبی زانستی بوون، بەتایبەتی ئەوەی ڕیچارد داوکینز، کە بەهای زانستی و ئاستی زمانە ئینگلیزییەکەی، ئەگەر لە کتێبەکەی داروین زۆر زێتر نەبێت بەدڵنیاییەوە کەمتر نییە. ئەم کارانە بۆ من هەمووی ئەزمونگەلێکی وەرگێڕانی گەورەن. هەروەها زمانی ئینگلیزییەکەی داروین، کە کتێبەکەی پێنووسیوە، زمانی ئینگلیزی ڤیکتۆریانییە، زمانی نووسینی تۆێژێکی دەرباری باڵای کۆمەڵگای ئەو سەردەمەیە، کە لەگەڵ زمانی ئینگلیزی ئێستادا جیاوازی زۆر هەیە، هەتا بۆ ئینگلیزیزمانێک ئاسان نییە. ئینجا بۆ وەرگێڕانیشی پێویستی بە تێگەیشتنێکی تەواو هەیە، لەم پەیوەندەدا زانینی زمانێکی ئەوروپی تر، کە هەموو بوارەکانی زانستی پێنووسراوە، پێویستییەکە کە ناکرێت چاوی لێبپۆشرێت. من زمانی سویدی دەزانم، ئەمە یارمەتیدەرێکی لەبننەهاتووە بۆ تێگەیشتنی تێکستە هەرە سەختەکانی ئەو کتێبە.

پرسیار: گرفتی وەرگێڕانی کتێبێکی وەها زانستی بۆ سەر زمانی کوردی لە چیدا دەبینیتەوە؟

نوری کەریم: زێتر لە 155 ساڵ بەسەر دەرچوونی ‘ڕەچەڵەکی چەشن’دا تێپەڕیوە، کەچی هێشتا هەر زۆر زووە بۆ زمانی کوردی کە بتوانێت خۆی لە قەرەی وەرگێڕانی کتێبێکی وەها بدات. وەرگێڕان لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر، بەشێوەیەک لە شێوەکان بەواتای بەراوردکردنی دوو زمانەکەیە، بەڵام دوو شت شایەنی بەراوردکردنن کە لەیەکەوە نزیک بن. بەداخەوە کە دەچیتە پای وەرگێڕانی کتێبێکی وەها زانستی، ئەوسا بەتەواوی دەزانیت، کە زمانی کوردی چەند بێخاوەنە، چەند لە کاروانی پێشکەوتنی زانستی لەدوایە، هەتا ئەوەشی کە بۆی کراوە زۆر پڕ کەموکورتین. بۆ نموونە، تەواوی ئەو فەرهەنگانەی کە بۆ بوارە زانستییەکان نووسراون و بە چاپ گەیەنراون، دەکرێت تا ئاستی خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی وەڵامدەرەوە بێت، بەڵام زۆر ئاستەمە بە پشتبەستن بەم فرهەنگانە دەستبدەیتە وەرگێڕانی کتێبێکی وەها زانستی. گرفتەکە لەوە دایە، کە زمانی کوردی نەکراوە بە زمانێکی زانستی، لە کۆمەڵگاکەماندا هیچ هەوڵێک بەدی ناکرێت، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان زانست جەماوەری بکرێتەوە، تا هەموو کەس بتوانێت لە هەر بوارێکی زانستیدا، ئەوەی هەیە بە زمانی کوردی بیخوێنێتەوە.
ئەوەندەی دەگەڕێتەوە بە باری زاراوەزانی وەرگێڕانی ئەم کتێبە، هەوڵدەدەم لە ڕێگای وشەداهێنان بۆ زاراوە بناغەیییەکان و پەڕاوێزنووسینەوە، واتاکان بگەیەنم. ئەوەندەی دەگەڕێتەوە بەناوی ئەو ڕووەک و ئاژەڵانە کە بۆ ئێمە نائاشنان، کە زۆربەیان دەگرێتەوە، بە ئینگلیز و عەربیش نووسیمن، بۆئەوەی ئەگەر خوێنەر ویستی، بەدوایاندا بگەڕێت. ئەگەر ئەم کارانە نەکەم، دەبێت دەست لە وەرگێڕانی هەڵگرم. بێهـۆ نییە، زمانی کوردی لەو زمانە هەرە دەگمەنانەیە کە تاکو ئێستا ئەم کتێبەی بۆ وەرنەگێڕدراوە.

پرسیار: گەورەترین ئاستەنگی وەرگێڕانی کتێب تا دەگات بە دەستی خوێنەر بەشێوەیەکی گشتی لە چیدایە؟

نوری کەریم: بەپێی ئەزمونی ئەو کتێبانەی کە وەرمگێڕاون و بە چاپم گەیاندون، گەورەترین ئاستەنگ بێمەیلی دامودەزگا پەیوەندیدارە حوکمییەکانە بەرامبەر بە کاری ڕۆشنبیری. دەچیت بۆ لای هەر دامودەزگایەک، چ حکومی بێت یان ناحکومی، ڕێنووسێکی زمانی کوردی تایبەت بە خۆی هەیە. زێتر لە سەدە و نیوێک بەسەر ڕۆژی مێژووییی بیست و پێنجی تشرینی دووەمی ساڵی 1859دا تێدەپەڕێت، ئەو ڕۆژەی کە لە کازێوەی بەرەبەیاندا ‘ڕەچەڵەکی چەشن’یان بە سەر کتێبفرۆشەکانی شاری لەندەندا دابەش کرد و بۆ ئێوارێکەی یەک دانەی لێنەمایەوە. ڕۆشنبیران و خەڵک وەڵامێکی ددانشکێنیان دایەوە بە دەرباری بنەماڵەی دەسەڵاتدار. لەپاش یەک سەدە و نیو، لەوە دەچێت هێشتا هەر زۆر زوو بێت، ئەو چاوەڕوانییەمان هەبێت لە ڕۆشنبیرانمان کە ئەوەندە ڕۆشنبیر بن و لە خەڵکەکەمان کە ئەوەندە تینوی زانست بن. ئەم ئاستەنگە ئاستەنگێکی کوشندەیە، ڕوو لە هەر کۆمەڵگایەک بکات، بەرەو داڕمانی دەبات.

Previous
Next
Kurdish