Skip to Content

کوردبوون لەمەنگەنەی حەتمیەتی مێژوویی و تەڵەزگەی جوگرافییدا … نەوزاد جەمال

کوردبوون لەمەنگەنەی حەتمیەتی مێژوویی و تەڵەزگەی جوگرافییدا … نەوزاد جەمال

Closed
by كانونی دووه‌م 29, 2017 General, Opinion, Slider

کوردبوون سەختە، ئەگەر هەندێکجاریش ئەستەم دەرنەکەوێت. ئەمە فاکتێکە رۆژانە بەئەزموونکردن درکی پێدەکەین. هەڵبەت، ناڵێم کوردبوون لەخۆیدا شکستێکی بوونەکییە(وجودی)، بەڵکو فاکتەرە شکستهێنەرەکان تەنگەژەکەیە. پرسیارە بنەڕەتیەکە ئەمەیە: ئاخۆ ئەم سەختییە دەرهاویشتەی حەتمیەتی (ناچاری)مێژووییە یا جوگرافیایە؟ جوگرافیا چارەنوسی ئێمەی دەستنیشانکردووە یا مێژوو؟ پرسیاریکی بونیادی، بەڵام گشتی.

هەڵبەت، لێرەدا ئامانجم وەڵامدانەوەیەکی پاکێجی و رەچەتەئاسا نییە، بەئەندازەی وروژاندنی پرسیارەکە. هەندێکجار پێویستدەکات، توێژەری ئەکادیمیست، روناکبیرو نوسەران پرسیاری گەورەو گرانی لەوجۆرە تاوتوێکەن. چونکە، ئاسۆی بیرکردنەوەو خۆناسی بەوجۆرە پرسیارانە فراوانتردەبێت. بەجۆرێکیش روونکردنەوەیەکیشە کە چۆن و بۆچی گەلی کوردو چارەنوسی کوردستان لەم وێستگەیەدایە.

ئێمە دەرگیری ئەو راستیەشین کە بۆ رەفتاری بیرکردنەوە، هەڵسوکەوتی سیاسی و زمانی و ئابوریمان بەجۆرێکە کە لەبەرژەوەندی خۆماندانییە. ئایا؛ ئەم رەفتارانە جوگرافیا(ژینگە)کردە یا مێژوو بۆی بڕوینەتەوە؟ بەسادەیی، بۆچی کوردوکوردستان بەم دەردە درێژخایەنە گەیشتووە؟ ئەم پرسیارانە، لەخۆیدا وەڵامدەرەوەی پێگەی ئێمەشە لەسەر نەخشەی سیاسی و ئابوری و هێزو زانست و شارستانیەت و فەلسەفەو هونەر. ئیتر، کوردستان وەک بکەرێکی سیاسی و ئابوری و کولتوری، پێدراوێکی سروشتی و دیاردەیەک نییە کە لەخۆڕابێتەدی.

لەکاتێکدا، وەک زۆربەی گەلانی خۆرهەڵات، زۆرجار کەموکورتیەکانی خۆمان دەبەینەوە سەر جوگرافیا یا مێژوو. یا دەیخەینە ئەستۆی زلهێزەکان و پیلانگێری نێودەوڵەتی. ئەی ئەوەی لەچوارچێوەی ماڵەکەی خۆماندا روودەدات، دەستی کێی تێدایەو کێ لێی بەرپرسیارە؟ کەواتە، گێڕانەوەی داستانی ‘بوونی ئێمە’ لەکوێوەو لەچییەوە شکستدەخوات؟ یەکێک لەتێزەگرنگەکان سەبارەت بەشکست و سەرکەوتنی گەلان، زەمینەسازی جەنگ و ململانێکان، هی نوسەری ناسراو ‘رۆبەرت کاپلان’ە کە لەکتێبی ‘تۆڵەی جوگرافیا’دا باسیکردووە. ئەو پێیوایە لەڕێگەی پاڵنەرە جوگرافیەکانەوە، نەک هەر دەتوانین هۆکاری جەنگوشەڕوشۆرەکانی میژوو راڤەکەین، بەڵکو پێشبینی سەرهەڵدانی جەنگەکانی داهاتوش بکەین.

بێگومان، بەڵگەنەویستە کە کارلێکی راستەوخۆ لەنێوان ژینگەو مرۆڤدایە. مرۆڤ کارکردی جوگرافیاو مێژووشە. بۆیە، نکولی لەوەناکریت کە جوگرافیاو ژینگە کاریگەربووە لەسەر شێوازی بەرهەم و ئابوریمان. شکستی ‘ئیکتیفای زاتی’ ئێمە لەسەردەمانێکداو لەبەرڕۆیشتنی ئابوری (لای مەسعود محەمەد)، هۆکارگەلێکی داگیرکردن بووە. ئیدی، جوگرافیا قەدەرێکە کەئێمەی رادەستی ژینگەکەمان کردووە. ئەمەش، لەشێوازی تەلارسازیدا ، لەپۆشینی جلوبەرگەوە تا رژێمی سیاسیش رەنگیداوەتەوە.

سیستمی سیاسی کراوە، لەژینگەی داخراودا نایەتەدی. جگەلەوەی ستەمکاری ودیکتاتۆریەتیش لەو وڵاتانەی سەرچاوەی سروشتیان زەبەندەیە، دیاردەیەکی بەرچاوە. بەرای من، کورد زیاتر بوونێکی جوگرافی هەیە تا مێژوویی. سەردەمانێکی زۆر، کوردگەل کۆتوبەندی ژینگەو جوگرافیاکەیەتی. بۆیە، ئەگەر بپرسین: تاچەند هەلومەرجی جوگرافی لەمپەرێکە لەسەر چارەنوسی گەلی کورد، خاپ ناکەین. هاوکات، گەورەیی و هەستیاری پرسی کورد لەئاستی ناوچەیی و نێودەوڵيتیش، بەدیوێکدا بەندە بەدیمۆگرافیاوە. زۆری رێژەی دانیشتوانەکەی، قەبەیی پرسەکەی دەستنیشاندەکات. جگەلەوەی، زیادبوونی دانیشتوان، بەجۆرێک میکانیزمی قەرەبووکردنەوەی ئەو قڕکەوتنە بووە کە بەهۆکاری پەتاو نەخۆشی و جەنگەوە لێیکەوتووە.

بەستنەوەی فاکتەرەجوگرافیەکان بەسیاسەت و شارستانیەتەوە، لەو سۆنگەیەوە: ئایا بۆ سەرهەڵدانی شارستانیەتێک، ژینگەیەکی پێرفێکت مەرجە یا لەبار پێویستە؟ چیدەبوو ئەگەر ‘نالی’ و ‘حاجی قادر’و ‘پیرەمێرد’و مەولانا روناکبیرانیتر لەباتی مانەوەیان لەئەستامبول، بڕۆیشتنایەتە پاریس یا پایتەختێکیتری ئەورپا؟ ئەگەر، مەولاناخالید لەسلێمانیدا بمایەتەوە، هەمان مەولانا دەبوو؟ ئەگەر، شەرەفخانی بەدلیسی کوری جوتیارێک بایە، دەبووە مێژوونوس؟ ئەی ئەو هەموو مەلاو خوێندەوارانەیتر کە پەرتەوازەی ناوەو دەرەوەی کوردستان بوون، بەچی دەگەیشتن؟ رەنگە، زۆربەیان کە زیرەکتربووبن لەناوەدیارەکانی دونیای ئەدەب و عیرفان، کەچی، خۆری ناوبانگیان هەڵنەهات؟

رەنگە، بیرمەندی فەرەنسی ‘فێردیناند بۆردێل’ (1985–1902)لێرەدا بەتەنگمانەوەبێت. نهێنی ئەو پەیوەندی دیالیکتیی کات/مێژووە بەجوگرافیایەوە. بەڕای ئەو، مرۆڤ ملکەچی جوگرافیایەو مێژوو بەتەنها دەستنیشانی چارەنوسی گەلان ناکات. زۆرجار مرۆڤەکان بەهۆی جوگرافیاوە لەگۆڕینی ئاراستەی مێژووەکەیان دەستەوسان دەبن. کەواتە، هەڵسوڕێنەری جوڵەی مێژوو جوگرافیایە، نەک بەتەنها مرۆڤ/کات. خاڵی جیاکەرەوەی ‘برۆدێل’ لەمێژوونوسەکانیتر، دۆزینەوەی سەرەداوەکانی فاکتەرەجوگرافیەکانە لەپرۆسەی مێژووییدا. گرێدانەوەی مێژوو بەفاکتە جوگرافیاکانەوە، زۆر روونکردنەوەمان پێدەدات. ئەگەر، سەردەم/کات نەخرێتە چێوەی جوگرافیاوە، دەبێتە بابەتێکی پەتی. مێژوو هەر مرۆڤ ناگریتەوە، بەڵکو کۆی سروشت و ژینگەش لەمێژووی مرۆڤایەتیدا رۆڵدەگێڕت. کەواتە، تەنها بکەرە تاکەکەسی و خودی روداوەکان کاریگەر نیین، بەڵکو چیا، دۆڵ، روبار، پێدەشت و ژینگە بەگشتی. لێرەوە، بەجۆرێک حەتمیەتی مێژوویی بۆتە حەتمیەتی جوگرافی.

باشە، مێژوو مرۆڤ دروستدەکات یا بەپێچەوانەوە؟ نیوەی راستیەکە ئەوەیە مرۆڤ مێژووسازە. بەڵام، جوگرافیا تاکەی تری شارستانیەتسازییە. شوێنگەی جوگرافی، هەناوی شارستانیەتە. لەبەرئەوەی، شارستانیەت بۆتەیەکی داخراونیییە، بەڵکو سروشتێکی دینامیکیی هەیەو لەسەر یەک هێڵی تەریبی پەرەسەندن گەشەناکات. دیالیکیتی شارستانیەت، کاروانێکە کە دووفرسەخ دەڕواتەپێش، فرسەخێکیش پاشەکشەدەکات! ئیدی، جوگرافیا ئامرازێکە کە پرۆسەی گەشەوپەرەسەندنی مێژوویی خاودەکاتەوە. چونکە، هەموو شارستانیەتێتک لەسەر پەیوندییەکی تێکچڕژاوی کات و شوێن برەودەسێنێت. لەبەرئەوە، رۆڵی دەریاو زەریاکان، کاریگەرە لە پێشکەوتنی کەشتیەوانی و سەرهەڵدانی ئەنگیزەی کۆلۆنیالیزمدا. ژینی شارنشینی، پێویستی بە رووبەرە نزم و پێدەشتەکانە، نەک دۆڵ و چیاکان.
دیارە، وەکچۆن چیاکان ئامێزی بزاڤی چەکداری کورد بوون، هاوکات لەمپەری شارستانیەت و ژینی شارنیشینیش بوون. پێویستە ئەوەش بووترێت؛ ئەگەر کورد لەکۆتبەندی جوگرافیاو مێژوودابووبیت. ئێسە بەسایەی تەکنەلۆجیای پەیوەندیو زانیاریەوە، ئاودیوی سنورەکان و رێگرە باوەکان بووە. بۆیە، ناکرێت بیرو ژیری ئێمە بۆ هەتا هەتایە خۆی قەتیسی کۆتوبەندی جوگرافیا یا مێژوو بکات. بێگومان، فاکتە جوگرافی و مێژووییەکان، رۆڵیان لەروونکردنەوە هۆکارە خۆکردو دەوروبەرکردەکاندا هەیە. بەڵام، کێ ئەوانە دەکاتە چارەنووس و ئایندەی ئێمە، ئەگەر کارلێکی زاتی ژیری و ئامادەیی سایکۆلۆجی خۆمان نەبێت؟

Previous
Next
Kurdish