Skip to Content

چۆن دایکم بریندار بوو؟ … شوان حەسەن

چۆن دایکم بریندار بوو؟ … شوان حەسەن

Closed
by شوبات 3, 2017 General, Literature

لە خۆپیشاندانەکانی سەرەتای هەشتایەکاندا، دەنگێک جەرگی شەقامی دەبڕی و دەیگوت:
-ناکرێ بە بێ چەک خۆپیشاندان بکەین و دوژمنیش بە هەوەسی خۆی تێمان هەڵبدات، پێویستە وەڵامی ئێمەش لە ئاستی ئەشکەنجەکانی دەسەڵاتدا بێ؛ گوتیان شی گیڤارە وای گوتوە. لە ڕاستیدا بەشێک بوولە دروستکردنی فەرهەنگێکی ڕق کە ناویان لێنابوو ڕقی پیرۆز. لە کاتێکدا نەمان دەزانی ڕق هەر ڕقە و پیرۆز و ناپیرۆزی نیە ، دەکرا ئیش لەسەر ڕەوایەتی ماف بکرابا، کە ئەو هزرە کۆمەڵگەی لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکی باشتر دەبرد، نەک زیندووکردنەوەی ئەو فەرهەنگە ناشیرنەی حەمۆرابی*. ئەو کات بارودۆخەکە بەو شێوەیە نەبوو ، خۆپیشاندانەکان بە شێوەیەکی چاک گەشەیاندەکرد ، دەکرێ بگوترێت کە باشترین وەڵامی بوێرانە بوو.
ئەو کاتە تەمەنم ١٥ ساڵ دەبوو، خۆپیشاندانەکانی شار دڵیان ئارام نەدەکردمەوە، پێشمەرگایەتی وەک گەیشتن بە خەونێک بوو بۆم، بڕیارماندا لەگەڵ مزەفەر و خالید بڕۆین. ڕۆژی هەینیمان هەڵبژارد، بێگومان یەکێک لە شتە مەحالەکان بوو ئەو کاتە بە ماڵ بڵێم، بۆیە هەر کەسە و شێوەیەکی بەکارهێنا. بۆیە بە بیرم دێ کە هەینی بوو، چونکە برایە گەورەکەم ئەو کات تەنیا ڕۆژانی هەینی ڕیشی دەتاشی دەوروبەری دەمژێری ٩ ، لەوانەشە ئەو تێبینیەم پەیوەندی بەوەوە هەبێ کە خەونی هاتنی ڕیش و سمێڵم هەبوو، کە بەداخەوە زۆر بەدرەنگی هات و کە پڕیش بوو، نیوەی سپی بوو، قوتیەکمان هەبوو تاخمی ڕیش تاشینەکەی باوکم و براگەورەکەمی تێدابوو، نامەی ڕۆیشتنەکەم خستە ناو ئەو قوتیە، ئەوەی لە بیرم مابێ، لە نامەکەدا جگە لەوەی نوسیبووم، دەبم بە پێشمەرگە، تێبینیەکی سەیریشم نوسی بوو، خانووە کرێیەکەمان بەر زبوو، قادرمەیەکی هەبوو پێویستی بە چاکردنەوە هەبوو، ئەو ڕۆژەش باوکم هەندێک پێویستی کڕی بوو، بۆ ئەوەی دەستێک بە پەیژەکەدابێنێ، بۆیە نوسیبووم، داوای لێبوردن دەکەم کە نەمتوانی یارمەتیتان بدەم. هۆی چی بوو ئەو تێبینیەم نوسی بوو، نازانم و ناشمەوێ کۆی گریمانەکان شی بکەمەوە، بەڵام هەر هێندە دەڵیم: بۆ بەدبەختی من ئەو ڕۆژە برایەکەم ڕیشی لە ماڵێ نەتاشی بوو، چوبوە لایی سەرتاش ، زۆر جار ئەو ڕیکەوتە سەیرانە لە هێزی ئەقل دەردەچن و خەڵکێک پێ دەڵێن: قەدەر.
ڕۆیشتین، با ئەوەش بڵێم خالید چەند ساڵیک لە من و لەمزەفەر گەورەترە و هەر ئەویش هەندێک زانیاری هەبوو. بەرەو سیدەکان ڕۆیشتین؛ پاش ڕۆیشتنێکی زۆر و پرسیارکردنمان لە چەند ئاوەدانیەک، لە ئاوەدانیەکدا گوتیان:
– ئەگەر بەختتان هەبێ، ئەوە چاوەڕوان بن لەوانەیە پێشمەرگە بێن و دەتوانن لەگەڵ ئەواندا بڕۆن!
باش بوو شەو چەند پێشمەرگەیەک هاتن و قسەیان لەگەڵ کردین و گوتمان:
– دەمانەوێت ببین بە پێشمەرگە
ئەوان تراکتۆرەکیان پێ بوو، سوار بوین و لەگەڵیان ڕۆیشتین، گەیشتینە بارەگەیەک گوتیان:
– ئێرە خواکورکە!
لە ڕاستیدا قەت بەدواداچونم لەسەرئەو ڕێگە و گوندانە نەکردوە. وەک فیلمی ئەلیسم لێهات کە دەکەوێتە ژێر زەوی و ژیان لە گەڵ خەلکانێکیتر بەسەر دەبات( ئەلیس ئین وەندرلاند).ئەگەر کەمێک ئاسانکاری بۆ زەمەنەکەی خۆم بکەم ، ئەو زەمەنە بوو کە لە ئەدەب بە قانیعی شاعیریان دەگوت:
-شاعیرە گەڕۆکەکە( پاش ئەوەی چاوم بۆوە و کەمێک گەڕام، جوگرافیە بچوکەکەی قانیعم دیت، ئینجا زانیم ئیمە چەند هەژارین لە گەڕان).

پەیوەندیەکی خۆشمان لەگەڵ پێشمەرگەکان دروستکرد، ئەوان تامەزرۆی هەواڵی شاربوون و ئێمەش تامەزرۆی زانیاری لەسەر ژیانی پێشمەرگایەتی؛ ئەوەشم بەوردی لە بیرە کە یەکێک لە هاوڕێیان گوتی:
-دوای چەند ڕٶژێکیتر کەس و کارتان دێن و دەتان بەنەوە.
یەکێکیان باسی ئەوەی بۆ کردین کە دایکی هاتوە و گوتویەتی :
– یا دێیتەوە یا ئەمنیش لێرە دەمینێمەوە
هاوڕێیەکە گوتی:
-چووم چەک و ڕەختەکم هێنا و بەدایکمم گوت :
-فەرموو
دایکم گوتی:
-ئەوە چیە؟
-نا ڵێیت ناچمەوە، خۆ نابێت بێ چەک بیت
چەند ڕۆژێک ماوە و پاشان بێزاربوو و چۆوە.
ئەو گریمانەیەم (شیمانە) دانا؛ لە دڵی خۆمدا گوتم: کەس و کارم هەرچی بکەن ناچمەوە.
لە خواکورک بە ڕێ کوتین بۆ ڕوستێ، لەگەڵ هاوڕێیان مام عەزیز و شەهید تۆفیق هەریری( لە ڕێگە تەنیا دەیانگوت، خۆشناو) و ئەبو جنان، هەر جەندە ئێمە منداڵی شاربوین و لەگەڵ ڕێگە و ناخۆشیەکان ڕانەهاتبوین، بەس ئەوەندە شیرن بوون، نەیانهێشت نەماندو بین و نە بێزار! چێژی زۆرمان لە هاودەمیان وەرگرت.
ئەو بەیانیەی ئێمە گەیشتینە ڕوستێ، هێشتا نیوەڕۆ دانەهاتبوو کە هەلیکۆپتەر دەستی بە بوردمانێک کرد، پێشمەرگە کۆنەکان و خەڵکی گوندیش پێیان سەیربوو، سەرەتا گوتیان:
– خێزانێکی زۆری شیوعیەکان هاتینە بۆیێ.
دوای چەند ساڵ ڕاستیەکەم زانی، کە پارتی پاسداری لەگەڵ خۆی هێنابوە ئەو ناوچەیە و حوکمەتیش زانیبوی.
لە گەرمەی بوردمانەکەدا، گوتیان:
-شوان داکت لێرەیە و برینداریشە.
نەک هەرسەیرم پێهات، بەڵکو باوەڕیشم نەدەکرد، ئەمن بۆ خۆم نازانم لە کێمە؟باشە دایکم چۆن گەیشتوتە ئیرە؟ خۆ ئێمە هیچ لە قوتابخانە دەربارەی جوگرافیای وڵاتەکەمان فێرنابین.
لە ناو گوندی ئەشکەفتەکی لێبوو، ژنێک لە پێش دەرگەی ئەشکەفتەکە دانیشتبوو، دایکیشم بینی کە یەکێک لە فافی لە قاچی دەبەستاوە، هەر کەمنی دیت ، فرمێسکی لە چاو هاتنەخوارێ، بەڵام ئەمن زۆر ناشیرنبووم یەکسەر قیژاندم و گوتم:
-خۆزگە تەیارە پارچە، پارچەی دەکردیت، لۆ دەهاتیت؟
ئەویش هیچی نەدەگوت، بەس بە چەفیەکەی فرمێسکەکانی دەسڕیەوە، بڕوام پێبکەن ئێستاش شەرم لەخۆم دەکەمەوە.**
بوردمان ڕاوەستا، دوو پێشمەرگەش هاتنە ئەوێندەرێ، بەڵام ئەمن هەر لە وتافدانەکانم ساردنەببومەوە، پێشمەرگەکان و چەند نەفەرەکی گوندی و دایکم و دایکی خالید و برایە گەورەکەم، پێشمەرگەکان گوتیان:
-ئەگەر دەتانەوێت خەبات بکەن، ئەوە باش بزانن ئێوە لە شار پێویسترن وەک لە چیا، پاشان تەمەنتان بچوکە و کەسیش نازانێ کە ئێوە بوونە بە پێشمەرگە! زۆر گرنگیان بە برینداربونەکەی دایکیشمدا ، بە کورتیەکەی گەڕاینەوە و تەمەنی پێشمەرگایەتیەکەمان هێندە کورت بوو کەلکی گێڕانەوەشی نەبوو.
جا چۆن لەو خێراییە ئافرەتێکی بریندار دەگەینی بە سمێلان و لەو نشێویە چۆن دەیهێنیتە خوارێ، دایکم گوتی:
-ئەنگۆ وەرن خەمی منتان نەبێ!
ئیستاش لە پێش چاومە دایکم بە چ ئازارێک ڕێگای نێوان سمێلان و ڕۆستێی بڕی، بە پێیان و بە برینداریش ، دەبا بە خێراش بڕۆین ، چونکە نەماندەزانی ئایە کۆپتەرەکان دێنەوە یا نا؟ بەقسەی هاوڕێیانم ڕێگەکە لە ڕوستێ بۆ سمیلان ٣٠ دەقیقە زیاتر بێ، کەمتر نیە، بۆ ئافرەتێکی بریندار ئەو ڕێگەیەی بەچەند بڕیوە نازانم؟! ئەو ڕستەیەی دایکم لە ڕێگەدا چەندان جار گوتیەوە هەر ئەوەبوو دەیگوت:
-خێری تێدابوو، ئەگەر بریندار نەبامایە، شوان نەدەهاتەوە
باسی باوکم و حال شڕیەکەی ناکەم.

ئەمن تەسمیل نەبومە و هەندێک دۆست و خزم دەیانزانی و قسەیان نەکرد و لە لایی ئەوانیتریش گوتوبویان چومەتە دەشتێ ، زۆربەی برادەر و درواسییەکانمان ئەوەیان دەزانی لە پشووی هاوینە دەچومە گوندی، زۆرم حەز لەو ژیانە دەکرد.
دەبا دایکم ببەینە لای دکتۆرێک، بە هۆی ئەوەی ماڵمان لەگەڕەکی عەرەبان بووکە دەکەوێتە ناوەڕاستی بازاڕ، عیادەیەکی زۆر لەنزیکمان هەبوو، خزمەکانی گوندیشمان کە نەخۆش دەکەوتن، بێگومان مەبەستم ئەوانەی بەبەر ئێمە دەکەوتن ، دەبا بچوباین لە عیادە نۆرەمان بۆ وەربگرتبان، ئەگەر پیاو بهاتبا، باوکم لەگەڵی دەچوو، ئەگەر ژنیش بوایە، دایکم. جا پەیوەندیەکی باش لە نێوان ماڵی ئیمە و دکتۆرەکان دروست ببوو. باوکم چوبوە لای دکتۆر سەلاح کۆیی و ئیستاش نازانم چی پێی گوتبوو، ئەو ڕۆژە لەدایکیشم پرسی، بە هۆی ئەوەی ١١ ساڵ زیاترە باوکم لە ژیاندا نەماوە، دایکیشم گوتی :
-هەر ئەو کاتیش نەمزانی ، چی پێگوتوە
لەگەڵ ئەوەی برینەکەیان بۆ درویەوە، بەڵام ساچمەکەیان دەرنەکرد، بۆیە گومان دەکەم کە باوکم گوتبێتی ساچمەی پێ کەوتوە
هەتا لە کوردستان بووم ، چەند جارێکم لە دایکم پرسی: ئایە هەست بەو ساچمەیە دەکات، کە لە ناو رانی ماوەتەوە، دەیگوت:
-جار جارە هەست بەگەرمیەک دەکەم
بەر لەوەی ئەو نوسینە تەواو بکەم، لێم پرسی ئایە هەست بەمانی، ساچمەکە دەکەیت ؟
گوتی :نا، لە بیرخۆت ببەوە، دری خۆت لۆ بەو شتانە توند دەکەیت؟!
خوشکەکانم دەیانگوت:
-ئەو ماوەیەی ئەتو ڕۆیشتبوویت، داکم گێی لە گۆرانی کەریم کابانی ڕادەگرت، دەیگوت:
-براتان حەزی لەو گۆرانیبێژەیە.
جاری دووەم کە ڕۆیشتم و ئیتر تا دوایی ڕاپەڕین نەگەڕامەوە. ئەوکات کە ماڵئاوایم لێکرد، چاوەکانی پڕ فرمێسک بوون و دەستی بەرنەدەدام گوتی:
-شتەکت لێبێت ئەمنیش دەمرم!
.
*بۆ ئاگاداریتان دوای ڕاپەڕین بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتدارانی کوردستان،لە قوتابخانەی ئەو ڕقە پیرۆزە دەرچووبون و ئەو شەرعیەتەیان بەکارهێنا بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی ئەو هەرێم و تا ئیستاش ئەو تۆڵەیە لەو خەڵکە دەکەنەوە، لە لایەنی کۆمەڵناسیشەوە سەیری بکەیت مرۆڤی ڕقهەڵگر، بە نەخۆش هەژمێردەکرێ.
** ناتوانم قسە لەسەر ئەو دڵ ڕەقیەم نەکەم کە سوید، هاوسەرەکەم، منداڵەکانمان، دۆست و ئازیزانم یارمەتیەکی زۆریان دام تا ببم بە کەسێکی دڵ نەرم، دەمەوێ ئەو نهێنیەش بدرکێنم، جگە لەو فرمێسکانە بەڵیدان ڕشتومن، زۆر کەمم بە بیردێ کە گریابم ، هەتا ئەو کاتانەی چەندان ئازیزم لە دەستدا، چ لە ژیانی پێشمەرگایەتیم و چ لە ژیانە تایبەتەکەم دا، تا لە شەوی ٢٧-١١-٩٨ کچەکەمان هاتە دنیا و لە خۆشیان فرمێسکەکانم ڕانەدەوەستان،لەو شەوەوە پێم نا قۆناغێکیتر، ئیستا بە دیار فیلمیشەوە دەگریم، چەندان جار منداڵەکانمان فرمێسکیان سڕیومەتەوە، لە ڕووی دەرونیەوە هەست بە ئاسودەیی دەکەم و مرۆڤایەتی خۆم لە فرمێسکەکاندا دەدۆزمەوە.
نەفرەت لەو ئایدلۆژیایەی دڵی مرۆڤەکان دەکات بە بەرد و کانی فرمێسکەنانیان لێ ووشک دەکات.

ببورن ئەو ڕونکردنەوەیە تەنیا لە ناچاریەوە دەدەم، لە ترسی کلتوری ناشیرنکردن، ئەمن داوای خانەنشینم و نەکردوە و دڵنیابن ناشیکەم، ئەوانەی دەشمناسن شاهیدی هەردوو ڕاستین، یەکەم کە پێشمەرگەیەی دانەىڕاوبووم و دووەمیش داوای خانەنشینم نەکردوە، هەڵەبم یا ڕاست گرنگ ئەوەیە لە بڕیارەکەم ئاسودەم، ئەو دەسەڵاتەی باشووریشم قەەت بەدەسەلات و نوێنەری خۆم نەزانیوە، نە پێشمەرگاتیەکەی خۆم و نە دەردەسەریەکەی خێزانەکەشم ناکەم بە منەت بەسەر خەڵکیەوە، ژیان گەشتێکەوە هەر کەسە بە شیوەیەک ئەو گەشتە دەکات، ئەمنیش وام دەست پێکرد.
وێنەکە گوندی (ڕوستێ) یە

Previous
Next
Kurdish