Skip to Content

بەدیلتان بۆ دیموكراسی چیە؟؟ …  هەندرێن شێخ راغب

بەدیلتان بۆ دیموكراسی چیە؟؟ … هەندرێن شێخ راغب

Closed
by شوبات 3, 2017 General, Opinion

سەرەتا با ئەوە روونبكەمەوە، كە دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان بوونی نیە، ئەوەی هەیە حیزبۆكراتیە نەوەكو دیموكراتی. بەڵام هەڵبژاردن دەكرێت‌و كراوەو پرۆسەیەك هەیە ناویان ناوە دیموكراسی.
خەباتی دیموكراسی رووی لە لێژووبونەوەیەكی زۆر مەترسیدار كردووە، پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان، پەیامی ئەوەی دایە دەنگدەری كورد كە دەنگ بدەیت یان نا، هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێت، چونكە ئەوە ئیرادەیەكی دیكەیە پرۆسەی حوكمڕانی بەڕێوەدەبات. ئەگەر هێزە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان لەوە زیاتر كات بەفیڕۆ بدەن، مانای وایە ئاگایان لە گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە نیە، ئیدارەی ئەمریكی گۆڕا، كۆنگرەی ئاستانە بەڕێوەچوو، ئێران‌و توركیا‌و روسیا پێكەوە كار دەكەن‌و بڕیار دەدەن. جەنگی ئازادكردنەوەی موصڵ داعشی شەكەت كرد‌و بەرەو نەمانی دەبات لە شارەكەدا. بۆیە هەموو ئەم گۆڕانكاریانە لەسەر پرۆسەی سیاسی ناوچەكە‌و كوردستان كاریگەری جێدەهێڵێت. ئێمەی كورد چەندە لەروی ئازادی‌و دیموكراسیەوە بەرەو پێشەوە بچین، ئەوەندە زیاتر دۆستی بەهێزمان بۆ دروست دەبێت، نابێت بە نەوت مەست بین، ئەوەی ئێستا هەستی پێدەكرێت ئەوەیە لەنێوان نەوت‌و دیموكراسی، ئێمە نەوتمان هەڵبژاردووە، وەك ئەوەی كانتۆنێكی حیزبی‌و دەسەڵاتداریەتی نەوتی دروست بكەین هاوشێوەی دەوڵەتە نەوتیەكانی ناوچەكە بە سپۆنسەری زلهێزەكان؟. یاخود لەبری ئەزمونی حیزبۆكراتی بەرەو كانتۆنی حیزبی دەڕۆین‌و دوو ئیدارەیی‌و هەرێمی كوردستان بەسەر زۆنەكانی پێشوو دابەشی سیاسی بوونە‌و ئێستا مۆدێلی كانتۆنی حیزبی بەرێوەدەچێت، چونكە ئەگەر پەرلەمان نەبوو، دەستور نەبوو، چاودێری نەبوو، مەكتەبی سیاسی لە پەرلەمان‌و حكومەت بەهێزتربوو، واتە ئەمە كانتۆنی حیزبیە نەوەكو دیموكراسی.

ئێمە ئەگەر خاوەنی دیموكراسی‌و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات بین‌و حكومەتێكی شەفافمان هەبێت، خاوەنی پاراستنی یاسا‌و خاوەنی كۆمسیۆنێكی هەڵبژاردنی پاك بین، وەك ئەوە وایە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی بین؟؟. چونكە بە كولتوری دەوڵەتداری ناوچەكە لەئاستی كۆمەڵی نێودەوڵەتی خاوەنی دۆستی باش‌و بەهێز نابین..ئەگەر لەبری دیموكراسی ئەم شێوازە دەسەڵاتداریەی حیزب بەردەوام بێت، مانای وایە كاری پەرلەمانی‌و دەستوری جێگای خۆی بەتەواوەتی دەداتە دەست چەند ئەندام مەكتەب سیاسیەك، ئەمەش مۆدێلی كانتۆنی حزبیە. حیزبەكان ئەندامانی خۆیان بۆ پەرلەمان دەنێرن بۆ ئەوەی كارنامە‌و بەرنامەی نیشتمانی‌و یاسایی‌و دەستوری خۆیان جێبەجێ بكەن، نەوەكو پەرلەمان وەكو گازینۆیەكی نێرگەلەكێشان هەر كاتێك ویستیان بە بیانویەك دایبخەن.

ئێمە بەدیلی دیموكراسی‌و ئازادی‌و هەڵبژاردنی ئازادمان نیە، ئەگەر هەشبێت بەدیلی خراپن، بۆیە ئێستا نەخشەی سیاسی دنیا‌و كۆمەڵی نێودەوڵەتی باش تەماشا بكەن، رونتر دەبینن پرۆسەی سیاسی چۆنە كە دەوڵەتی خراپی نا دیموكراسی‌و دژە ئازادی ‌و گەندەڵ جێگای قبوڵ نین،
نابێت بە سەركەوتنی هەندێ دیكتاتۆر‌و پۆپۆلیست نائومێد بین، پێمان وابێت دیموكراسی تەواو..وەك چۆن دەیانگوت سۆسیالیزم‌و روسیا تەواو بوون، فەرمون ملیارێك‌و نیوی وڵاتێكی وەكو چینی شیوعی چۆن بۆتە زەبەلاحێكی گەورەی ئابوری دنیا‌و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشە، لەبەر ئەوە مانای وانیە ئێمە زوو بڕیار بدەین‌و پێمان وابێت رژێمە خراپەكان دەتوانن تاسەر بەردەوام بن. ئێمە گەلێكی ستەمدیدەین هێشتا جەنگی تیرۆری داعش بەرۆكی بەرنەداوین بەتەواوی، ئەگەر ئازادی لەئەزمونی ئێمە پاشەكشە بكات، كێشەی رەوای ئێمە بەرە‌و پوكانەوەیەكی زۆر مەترسیدار دەڕوات‌و دەرفەتیش ئەگەر لەكیس چوو، سەد ساڵی دیكەی دەوێت تاوەكو بەسەر دەرفەتێكی دیكەدا دەكەوینەوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish