Skip to Content

738 Views

پێشه‌كی قه‌سیده‌\ كتێبی ” گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌رده‌شت ” و چه‌ند تێبینیه‌ك له‌ ڕوانگه‌ی  زه‌رده‌شتیه‌تناسیه‌وه‌

پێشه‌كی قه‌سیده‌\ كتێبی ” گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌رده‌شت ” و چه‌ند تێبینیه‌ك له‌ ڕوانگه‌ی زه‌رده‌شتیه‌تناسیه‌وه‌

Be First!
by February 3, 2017 General, Literature, Slider
image_print

سه‌لام ناوخۆش \مامۆستای زانكۆ


” قسه‌كردن له‌ سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی دین یا مه‌عریفه‌ به‌خشینه‌ یا مه‌عریفه‌ جوینه‌”

ناوه‌ندی ڕۆشنبیری و هونه‌ریی ئه‌ندێشه‌ له‌ زنجیره‌ كتێبی فیكر و ئه‌ده‌ب قه‌سیده‌\كتێبێكی بۆ ( ئه‌حمه‌د مه‌لا ) به‌ ناوی ( گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌رده‌شت) بڵاوكردۆته‌وه‌. ئه‌م كتێبه‌ ( 353)ی زنجیره‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌یه‌ و پێشه‌كی و ده‌قه‌ شیعریه‌كه‌ 164لاپه‌ڕه‌ی داگرتووه‌.
پێشه‌كی كتێبه‌كه‌ لاپه‌ڕه‌ ( 7) تا (12)ی داگیركردووه‌ . ئه‌حمه‌دی مه‌لا له‌ چه‌ند دێڕی سه‌ره‌تایی دا ئامانجی خۆی له‌م كتێبه‌ی خۆی ده‌خاته‌ڕوو و ده‌نووسێت :” ئه‌م قه‌سیده‌\كتێبه‌ به‌ یه‌ك نه‌فه‌س نووسراوه‌ته‌وه‌ له‌ ده‌وری یه‌ك ” بابه‌ت ” ده‌خولێته‌وه‌، ده‌بێت بابه‌ت له‌ مانا هه‌ره‌ فراوه‌نه‌كه‌ی بخوێندرێته‌وه‌ . په‌لوپۆ بۆ چه‌مكه‌گه‌لێك ده‌هاوێژێ له‌ گاته‌كانی زه‌رده‌شتدا وه‌رمگرتوون و كاری شیعریم له‌ سه‌ریان كردووه‌…” شاعیر له‌م كتێبه‌دا هه‌وڵده‌دا جۆره‌( رۆحانیه‌تیه‌كی ماركسی یا عه‌لمانی) بۆ خۆی و خوێنه‌ری خۆی له‌ جیهانبینی زه‌رده‌شتییه‌ت بدۆزێته‌وه‌ ، بۆیه‌ كتێبه‌كه‌ی له‌ شه‌ش “گزینگی ” زه‌رده‌شتی فۆرمه‌له‌كردووه‌: گزنگی ڕاستی –ل13-42 ، گزنگی بیری پاك43 -68،زاڵبوون به‌سه‌ر خۆتدا 69-94 ، گزنگی ئارامیی -95-116 ، پێگه‌یشتن و به‌خته‌وه‌ربوون -117-142، دوا گزنگ گزنگی نه‌مری -143-164.
دیارده‌ی ئاشته‌وایی له‌ نێوان( ڕۆحانیه‌ت )و (عه‌لمانیه‌ت) له‌ ئه‌وروپا مێژووێكی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ نێو كورددا تازه‌یه‌ به‌وه‌ی ئیسلام ، ئیسلامه‌وه‌ و عه‌لمانیه‌ت ، عه‌لمانیه‌ت . له‌ ئه‌وروپا شكستی عه‌لمانیه‌ت له‌ وه‌رامدانه‌وه‌ی پرسیار و گومانه‌كانی مرۆڤ ، وه‌یكرد چه‌ندان بیرمه‌ند له‌ منداڵدانی ماركسیه‌تی ڕۆژئاوا یا عه‌لمانیه‌تی ڕۆژئاوا سه‌رهه‌ڵبده‌ن و داوای ” جێكردنه‌وه‌”ی ئایین\رۆحانیه‌ت له‌م عه‌لمانیه‌ته‌ بكه‌ن و فۆرمێك له‌ كۆكردنه‌وه‌ی ئایینێكی نا-عه‌قیده‌یی و عه‌لمانیه‌ت له‌ فه‌زای عه‌لمانیه‌تی ئه‌وروپا دروست بكه‌ن ، به‌وه‌ش پۆست سیكیولاریه‌ك \روست بوو . ئه‌و پۆستسیكیوله‌رییه‌( پاش عه‌لمانییه‌ت )-ه‌ له‌ دوو شه‌نگست سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ :
1.شكستی سیكیولاریزم به‌رانبه‌ری حه‌زی مرۆڤ
2.هه‌ژموونی ڕۆح و ڕۆحانیه‌ت له‌ سه‌ر فیتره‌ی مرۆڤ
هه‌ر ئه‌مه‌ش وه‌یكرد چه‌ندان بیرمه‌ندی چه‌پی ئه‌وروپی به‌ دیدێكی تر شه‌نوكه‌وی سیكیولاریزمی رۆژئاوا بكه‌ن ، له‌وانه‌( گارودی )و (هربرت ماركیوز)…ئه‌فسووس چه‌پی ڕۆژهه‌ڵاتی ، كوردیش یه‌كێك له‌وانه‌ به‌و پرۆسه‌ موراجه‌عاته‌ هزریه‌ دانه‌چوون.
دكتۆر قه‌یس هادی 1980 له‌ ل33یكتێبی( الانسان المعاصر-مرۆڤی هاوچه‌رخ) نكۆلی له‌وه‌ ناكات كه‌( هێربت ماركیوز) نه‌ك هه‌ر سۆشیالیست به‌ڵكو ماركسیش بوو ، به‌ڵام ئه‌و سۆشیالیستی و ماركسیه‌ی ئه‌و له‌( حوكمڕانی سۆڤیه‌ت) زایه‌ڵه‌ی خۆیان نه‌بوو ، بۆیه‌ له‌ ل138 دكتۆر قه‌یس له‌ ل59 ( ماركسیه‌تی سۆڤیه‌ت) ده‌گوازێته‌وه‌ كه‌ هێربت ماركیوز له‌م كتێبه‌ یه‌دا وتویه‌تی ئه‌و عه‌قڵانیه‌ته‌ چه‌وسێنه‌ره‌ی ستالین له‌ قۆناغی ستالینیه‌ت یا حوكمڕانی ستالین گه‌یشته‌ لوتكه‌!”
ئه‌و به‌ ده‌نگ هاتنه‌ی (ماركیوز) له‌ پێناوی مرۆڤ بوو چۆن به‌ ده‌نگ هاتنه‌كه‌ی ( گارودی ) له‌ پێناو ته‌لیسمی جادوویی جووله‌كه‌ و ده‌سه‌ڵاتی ڕۆژئاوا بوو .
ماركسی كورد نه‌ گوێی بۆ ( گارودی ) شل كرد نه‌ بۆ ( ماركیوز) ، به‌ڵكو یا خه‌ریكی ڕه‌وتی ماركسی( ئیلحادی و ئه‌ده‌بیاتی ئیلحادی وه‌ك گروپی دابڕان بوو ) یا خه‌ریكی ته‌وزیفكردن و شیعراندنی ئایینێكی تر بوو له‌ ده‌قدا .
ئه‌حمه‌دی مه‌لا له‌ به‌ره‌ی دووه‌مه‌ به‌ واتای خه‌ریكی ته‌وزیفكردنی پرانسیپه‌كانی ئایینێكی وه‌ك ئایینی زه‌رده‌شتیی.
له‌ پێشه‌كی كتێبی ( گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌رده‌شت ) و دیداری رۆژنامه‌ی ( چاودێر ) و ( وشه‌ ) چه‌ند پرسێك ده‌وروژێنێت ، كه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی زه‌رده‌شتی جێگای نابێته‌وه‌ ، له‌وانه‌
یه‌كه‌م ، چه‌مكی خودا
چه‌مكی دیتنی خودا نه‌ك هه‌ر لای ئه‌حمه‌دی مه‌لا ، به‌ڵكو زۆربه‌ی شاعیرانی دوور فه‌زای ئیسلام گه‌مه‌ له‌ نێوان ( تاك ) و (كۆ ) ده‌كات . ئه‌و تێكه‌ڵكردنه‌ی هه‌ردوو وشه‌ی ( خوا ) و ( خواوه‌ند) له‌ بیر و یاده‌وه‌ری شاعیر زۆر به‌ ئاسانی ده‌ركی پێ ده‌كرێت ، بۆ نموونه‌ له‌ ( ڕه‌خنه‌ی چاودێر ، ژ.265) ده‌رباره‌ی به‌ یه‌ك دیتنی ئه‌م دوو وشه‌یه‌ ده‌ڵێت :”
هه‌روه‌ها له‌ لای فه‌یلووسه‌فانی یۆنانی کۆن کاتێک باس له‌ خودا له‌ دیدی چه‌مکی فه‌یله‌سووفانه‌وه‌ ده‌که‌ن، به‌ نیسبه‌ت ئه‌وانه‌وه‌ گه‌ردوون لێواولێوی خودایه‌، واته‌ له‌ هه‌موو کونوکه‌له‌به‌رێک خوداوه‌ندێک هه‌یه‌. لای ئه‌‌نیمسیته‌ ئه‌فریقاییه‌کان، خواد تێکه‌ڵی سروشت بووه‌ و له‌ هه‌موو به‌رجه‌سته‌یه‌ک دا ته‌جه‌للی ده‌کات..”
هه‌ر له‌ هه‌مان ژماره‌دا دیتنی شاعیر بۆ خودا و دیتنی عه‌وام بۆ خودا جیاده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت : “خودای شاعیر مه‌رج نییه‌ له‌ گه‌ڵ خودای یه‌کێکی دی هاوته‌ریب بێت. ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر شاعیر راکێشێته‌وه‌ نێو بواری عه‌قائیدییه‌وه‌، ئه‌وه‌ زوڵم له‌ خۆی و له‌ شاعیر و له‌ شیعره‌که‌ ده‌کات، چونکه‌ بواری شیعر ئه‌وه‌ نییه‌. شاعیر له‌ بواری کوفر و برواهێنان ئیش ناکات.”
خودای ئه‌حمه‌دی مه‌لا نه‌ خودای ناو قورئانه‌ نه‌ ئاهورامه‌زدای ناو ئاڤێستایه‌ ، خودایه‌كه‌ بووكه‌له‌ و هه‌ویری ده‌ست مرۆڤ چۆنی حه‌ز بكات ئه‌وها به‌رگی بۆ ده‌بڕێت . له‌ سایتی (وشه‌-9-6-2015 ) ده‌رباره‌ی خودای خۆی ده‌ڵێت : ”
زه‌رده‌شت به‌ها ئه‌زه‌لییه‌كان زیندوو ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام به‌ بێ هه‌ژموونی یه‌زدان. له‌م ده‌قه‌دا یه‌زدان و ئینسان ده‌بنه‌ دوو رووی یه‌ك دراو. واته‌ یه‌زدانێك نییه‌ فه‌رمان ده‌ربكات و ئینسانێكیش ئه‌م فه‌رمانانه‌ جێبه‌جێ بكات، ئه‌مه‌ یارییه‌كی ته‌ندروست نییه‌ نه‌ بۆ یه‌زدان نه‌ بۆ ئینسان، یه‌زدان ده‌بێ خۆی له‌ ناو ئینسانه‌كاندا به‌رجه‌سته‌ بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ی نه‌كرد، واته‌ ئافراندن تووشی چه‌واشه‌كاریی دێت.”
له‌ ل9ی پێشه‌كی گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌رده‌شت هه‌مان دیدگا فیوبارخییه‌ له‌ باره‌ی خوداوه‌ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ و ده‌نووسێت :” …یه‌زدان و ئینسان پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن ، نه‌ك یه‌كێكیان له‌ خزمه‌تی ئه‌وی دیكه‌یان بێ ، له‌ ڕێگای هه‌ڵبژاردنێكی ئازادانه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێ .یه‌زدان ئه‌و وێنه‌یه‌ بێ كه‌ ئینسانه‌كه‌ خۆی دروستی ده‌كات .” ئه‌و دیتنه‌ ماركسیه‌ بۆ زاتی خودا حه‌فتا و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی پێشووی گرته‌وه‌. ئه‌و نكۆلی و ئیسپاته‌ له‌ هاوكێشه‌ی خودا و مرۆڤ به‌شێك له‌ ئه‌جێندای ماركسی كوردی گرتبۆوه‌.
لێره‌دا پرسیارێك دروست ده‌بێت : به‌ ڕاستی زه‌رده‌شتیه‌ت ئایینێكی بێ خودا بوو؟ خودا له‌ ده‌ره‌وه‌ی زه‌رده‌شتیه‌ت بوو؟
• ئه‌و دیتنه‌ی ئه‌حمه‌دی مه‌لا زۆر نامۆیه‌ به‌ زه‌رده‌شتییه‌ت. داریوش پاشا (550-486 پ.م) له‌ نووسینه‌كانی شاخی بێستوون به‌ جۆرێك باسی ده‌سه‌ڵاتی ئاهورامه‌زدا ده‌كات كه‌ ئه‌و یارمه‌تی داوه‌ به‌ سه‌ر ( گه‌وماته‌)ی سه‌ركوتكه‌ری خه‌ڵك زاڵ بێت :” “. كه‌س نه‌بوو بوێرێت دژی گه‌وماته‌ی موغ بجوولێته‌وه‌ هه‌تا من هاتم
• من له‌ ئاهورامه‌زدا پارامه‌وه‌ ، ئاهورامه‌زدا به‌ هانام هات . له‌ (ده‌)ی مانگی باگه‌یادیش( 29ی ئه‌یلولی 522 پ.م) من له‌گه‌ڵ چه‌ند پیاوێكی كه‌م سه‌ری گه‌وماته‌ و كاربه‌ده‌سته‌ یاوه‌ره‌كانی بڕی. له‌ قه‌ڵای (سكه‌یه‌وڤاتیش له‌ هه‌رێمی (نیسایه‌) له‌ میدیا كوشتم.”
ده‌سه‌ڵاتی مه‌مله‌كه‌تم لێ سه‌نده‌وه‌ . به‌ به‌ره‌كه‌تی ئاهورامه‌زدا من بوومه‌ پاشا و ئاهورامه‌زدا ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ی پێ خه‌ڵات كردم.” دكتۆر دڵشاد زاموا له‌ نووسینێكی گۆڤاری ( خاڵ ) ، ژماره‌ 3 یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌یه‌ باوه‌ڕی وایه‌ زه‌رده‌شتییه‌ت له‌ سه‌رده‌می ئه‌خمینی سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و داریوش یه‌كه‌م ئاهورامه‌زدا په‌رسته‌.” كه‌واته‌ ئه‌و پۆست سیكیولاریه‌ی ئه‌حمه‌دی مه‌لا بۆ ئاهورامه‌زدای زه‌رده‌شتییه‌ت ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئایینی زه‌رده‌شتییه‌ته‌.

دووه‌م ، پێگه‌ی ئافره‌ت له‌ زه‌رده‌شتی
له‌ به‌شێكی دی ( پێشه‌كی )ه‌كه‌ ، وێنه‌یه‌كی دی ڕیالیستی ئه‌ویش وێنه‌ی ئافره‌ته‌ ته‌واو ده‌شێوێنێت. له‌ ل9 دا ده‌نووسێت :” ده‌بێ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌یش بكرێ كه‌ ژن له‌ سه‌رده‌می زه‌رده‌شتی مێژوویی ، له‌ چاو ژنانی ناوچه‌كانی دی ، خاوه‌ن سه‌ربه‌ستییه‌كی بێهاوتا بووه‌.” ئه‌وه‌ی شاره‌زای زه‌رده‌شتییه‌ت نه‌بێت به‌و قسه‌ هه‌نگوینیانه‌ ته‌واو فریو ده‌خوا.
چه‌وساندنه‌وه‌ی ئافره‌ت په‌یوه‌ست نه‌بووه‌ به‌ ڕه‌گه‌زه‌وه‌ ، به‌ڵكو به‌ چینی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌.ئه‌و ڕاستییه‌ ماركسی كوردی نه‌یده‌ویست هه‌زمی بكات . ماوه‌یه‌ك ئه‌و ماركسیانه‌ به‌و چاوه‌ پڕ ململانێیه‌ ده‌یانڕوانییه‌ دۆزی ئافره‌ت . ئه‌و دیتنه‌ش له‌ دیتنی ئینگلز سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ له‌ ( اصل العائله‌) . ئه‌گینا ئێمه‌ی كورد كه‌سانی وه‌ك ( خانزادی میری سۆران ) و ( عادیله‌ خانم ) و ( حه‌پسه‌ خانی نه‌قیب ) هه‌موو ئافره‌تی ناو ماڵباتی ده‌سه‌ڵات بوون كه‌ چه‌ندان پیاویان له‌ ژێر ده‌سه‌ڵات بوو هه‌روه‌ها هه‌موو پیاوێكیش نه‌یانده‌وێرا قسه‌ له‌ قسه‌یان بكه‌ن ، بۆنموونه‌ ( شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی) هه‌جووی زۆر پیاوی ده‌سه‌ڵاتی رۆحی و سیاسی كردووه‌ ، به‌ڵام نه‌وێراوه‌ به‌ ئاشكرا قسه‌ له‌به‌رده‌م ( عادیله‌ خانم ) بكات! له‌وه‌ زیاتر (عادیله‌ خانم ) دژ به‌ حوكمرانیه‌كه‌ی شێخ مه‌حموود بوو! كه‌واته‌ چه‌وساندنه‌وه‌ واتای چی ده‌گه‌یه‌نێت؟
ئه‌حمه‌دی مه‌لا ئه‌و قسانه‌ی سه‌ره‌وه‌ له‌ دوو ڕوانگه‌وه‌ ده‌كات :
1.ڕه‌خنه‌ی له‌ ڕه‌وشی ئافره‌ت ده‌گرێت
2.ئافره‌تی زه‌رده‌شتی به‌رز ده‌كاته‌وه‌ !
چۆن ئه‌و ناوانه‌ لای كورد هه‌بوو ، لای عه‌ره‌بیش ئافره‌تی وه‌ك ( هیند) هه‌بوو شه‌ڕی پێغه‌مبه‌ری ده‌كرد ، چونكه‌ ژنی ئه‌بو سفیان بوو .
سه‌باره‌ت به‌ پێگه‌ی ئافره‌ت له‌ زه‌رده‌شتییه‌ت ئه‌حمه‌دی مه‌لا زۆر سه‌رچیغ چووه‌ ، ئه‌وانیش وه‌ك كۆمه‌ڵكای كورد و عه‌ره‌ب ته‌نیا ڕێزی ئافره‌تی چینی سه‌رووی ناو ده‌سه‌ڵات و ماڵبات ده‌گرن ، جا نازانم چۆن ( زه‌رده‌شت ) تاقانه‌ په‌یامبه‌ر بووه‌ بیری له‌ به‌خته‌وه‌ركردنی ژن و پیاو كردبێته‌وه‌ ،ل9. با له‌ سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌ به‌ پێگه‌ی جۆره‌كانی ئافره‌ت بكه‌ینه‌وه‌:
له‌ كۆمه‌ڵگای زه‌رده‌شتی جۆری ئافره‌ت هه‌بوو ، به‌ واتای ئافره‌ت به‌ پێگه‌ی چین و ماڵباتی ده‌سه‌ڵات پێگه‌ی دیار ده‌كرا ، نه‌ك ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی .
له‌ توێژینه‌وه‌ی ( جێنده‌ر له‌ مێژووی
حوكمڕانیه‌تی ده‌وڵه‌تی ساسانیدا
628ز _ 632ز)دا كه‌لسومه‌ جه‌میل به‌مجۆره‌ پێگه‌ی ئافره‌ت له‌ كۆمه‌ڵگای زه‌رده‌شتی ده‌خاته‌ڕوو :

1. ماڵداری ئافره‌ت : له‌ الڤێندیداد هاتووه‌:” دووه‌م به‌خته‌وه‌رترین شوێن له‌ زه‌وی دا ئه‌و ماڵه‌یه‌ ئافره‌تی تێدا بێ.(الابستاه ,اربیل,201 ,ص50).ئه‌حمه‌دی مه‌لا دژی بیرۆكه‌ی ماڵداری ئافره‌ته‌!
2.كه‌نیزه‌ك هه‌بوون یا ئافره‌ت به‌ كه‌نیزه‌ك دیتن له‌گه‌ڵ دیتنی زه‌رده‌شتی ئه‌حمه‌دی مه‌لا تێك ناكاته‌وه‌ ، به‌ڵام له‌ حوكمرانی زه‌رده‌شتیدا كه‌نیزه‌ك جمه‌ی ده‌هات ، پاشایه‌كی وه‌كو ” (خوسره‌و په‌رویزی) شای ساسانی كه‌ 3000 ژنی هه‌بووه‌.. كریستنسن 2006 ، ل 572″
3.نێرسالاری ئاته‌شگای موغانی زه‌رده‌شت هیچ ڕه‌گه‌زێكی مێی تێدا نه‌بوو . سه‌ره‌ڕای ئه‌و داخراویه‌ی زه‌رده‌شتی مۆغه‌كان وا ده‌ستووری وڵاتیان داڕشت بوو كه‌ چه‌ند مافێكی یاسایی ده‌رباره‌ی ژنی ناو ماڵباتی له‌ خۆگرت بوو .نه‌شئه‌ت 2003 ,ل36 ).
4.
له‌ سیسته‌می حوكمرانی ساسانیدا سێ جۆری هاڤژین هه‌بوو , ئه‌و سێ جۆره‌ ژنه‌ش په‌یوه‌ست بوون به‌ ده‌ستووری ئاته‌شگا( كه‌نیسه‌)ی زه‌رده‌شتی .( ڕۆز , 1998 , ل50 ) وه‌رگیراو له‌ شه‌هبازی 2005): ئاماژه‌ به‌ هه‌ر سێ جۆری پێگه‌ی ئافره‌ت له‌ هاوسه‌رگیری ده‌كات : پاتیخساهی , چاگار , خواسرای .” به‌ڵام له‌ یاسای ساسانی دا ته‌نها باسی دوو له‌و جۆره‌ هاوسه‌رگیرانه‌ كراوه‌(العابد ,1999 ,ص130 ) .(نه‌شئه‌ت , 2003 , ل36 وه‌رگیراو له‌ شه‌هبازی 2005 )له‌ پێناسه‌ی ئافره‌تی چینی سه‌ره‌وه‌ یا ئافره‌تی خاوه‌ن ئیمتیاز(پاتیخساهی ) دا ده‌ڵێت : ” ئه‌و ئافره‌ته‌ بوو كه‌ بۆندی هه‌بوو , بۆیه‌ به‌ هاڤژینی پاتیخساهی داده‌ندرا . ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین پێگه‌ بوو ژن هه‌یبوو , چونكه‌ دامه‌زرابوو له‌ سه‌ر پێویستی هاوكوفی و وردی نێوان ژن و مێرد , هه‌روه‌ها ئه‌م ژنه‌ و منداڵه‌كانی مافی میراتیان هه‌بوو .” له‌ لایه‌كی دی ژنی پاتیخساهی , خاوه‌ن ئیمتیاز بوو چونكه‌ به‌ پێی پرانسیپ و فه‌رمایشته‌كانی زه‌رده‌شتی پیاو بۆی هه‌بوو ته‌نیا یه‌ك ژنی پاتیخساهی بێنێت , ژنی دی به‌ چاگار داده‌نرا, وه‌ك (ڕۆز 1998 ,ل44 ) ده‌ڵێت : “ده‌سه‌ڵاتی كامیڵی هه‌بوو به‌ سه‌ر كاروباری ماڵه‌وه‌ و په‌روه‌رده‌ و ئۆرگانیزكردنی كاری دی ماڵه‌وه‌”. ژنی دووه‌م كه‌ ناسراو بوو به‌ ژنی چاگار(زن ئی چگاریا) , ئه‌و ژنه‌ ژنی پاشكۆ بوو ,به‌ گوێره‌ی مافی یاسایی ئه‌م دوو ژنه‌ جیاواز بوون وادیاره‌ كه‌نیزان و ژنانی به‌ دیل گیراو له‌ گه‌ڵ ئه‌م چینه‌ هه‌ژماركراوه‌ .ئه‌م ژنانه‌ی له‌و چینه‌ بوونه‌ ته‌نیا مناڵانی نێرینه‌یان له‌ بنه‌ماڵه‌ی باوكی دا وه‌رگیراوه‌ .( كریستنسن ,2006 ,ل409)
5. له‌ نێوان ساڵانی 628ز-632ز ڕه‌وشه‌كه‌ ، ڕه‌وشی حوكمداری بنه‌ماڵه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌ك داچوو ، ڕه‌گه‌زی نێر له‌ بنه‌ماڵه‌دا نه‌ما ، بۆیه‌ كورسی حوكمڕانی بۆ دوو كچی خوسره‌وی دووه‌م( په‌رویز) چۆڵ بوو ،ئه‌و دوو كچه‌ش ( بۆران و ئازه‌رمیدۆخت )بوون , كه‌واته‌ ده‌ركه‌وتنی (بۆران شا) و (ئازه‌رمیدوخت شا) بۆ ڕه‌وشی باڵاده‌ستی تیرۆر له‌ كۆشك و خراپی ڕه‌وشی سیاسی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ، ئه‌گه‌رنا خودی ئاوێستا باوه‌ڕی به‌وه‌ نه‌بوو كه‌ ئافره‌تی چینی سه‌رووش بگاته‌ پۆستی پاشای وڵات ، به‌ڵام به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی هه‌ردوو كچ كچی خه‌سره‌و پاشا بوون ، موغه‌كان ناچاربوون ده‌قی ئاوێستا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كچه‌كانی ماڵباتی ده‌سه‌ڵات بگۆڕن!!!
6.هاوسه‌گیری ئینسێست (محارم)
كریستنسن 2006 له‌ ل410-411 شتێكی هه‌ند سه‌یر تۆمار ده‌كات مرۆ شه‌رم له‌ خۆ ده‌كات : ” جۆره‌ هاوسه‌رگیریه‌ك له‌ نێوان ئافره‌تانی كۆشك یا ماڵباتی شاهانه‌ هه‌بوو ، ناسراو بوو به‌ هاوسه‌رگیری خویدوده‌ یا (محارم ) واتا هێنانی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ یه‌یكتر نه‌ده‌شیان ( كه‌سه‌ نزبكه‌كان وه‌ك خوشك و دایك و كچ). ئه‌م جۆره‌ هاوسه‌رگیریه‌ له‌ یاسای ساسانی دا هه‌بووه‌,دیاره‌ مه‌به‌ستی لێی پاراستنی پاكی ڕه‌چه‌ڵاك وخوێنی خانه‌واده‌ بووه‌!!
كریستنسن له‌ هه‌مان لاپه‌ڕه‌دا نموونه‌ بۆ ئه‌و جۆره‌ هاوسه‌رگیرییه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ وه‌ك وه‌هرام چووبین ( گوردیه‌)ی خوشكی خۆی خواست و مێهران هه‌مان شتی پێ په‌سه‌ند بوو : پیاو بۆی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ دایك و خوشك و كیژی ژن و مێردایه‌تی بكا .”
ئه‌مه‌ پێگه‌ی ئافره‌ته‌ ؟! ئافره‌ت به‌مه‌ به‌خته‌وه‌ر ده‌بی؟!
سێیه‌م ، كۆڕش له‌ نێوبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی میدی
كۆڕش ڕوخێنه‌ری ئیمپراتۆریه‌تی ماد بوو . كوده‌تای كۆرش-هارپاك كۆتایی به‌ حوكمرانی میدی هێنا .له‌باربردنی خه‌ونی میدی ، كه‌ مینۆرسكی به‌ باوكی كوردیان ده‌زانێ ، جارێكی تر له‌ مێژوو دووباره‌ نه‌بۆوه‌ . قسه‌ی ئه‌حمه‌دی مه‌لا ، شیعری ئه‌ی ڕه‌قیب –ی دڵدار به‌تاڵ ده‌كه‌نه‌وه‌ !دڵدار له‌ ئه‌ی ره‌قیب ده‌ڵێت :
ئێمه‌ ڕۆڵه‌ی میدیا و كه‌یخه‌سره‌وین
ئه‌حمه‌دی مه‌لاش شانازی به‌ ڕوخێنه‌ری میدیا ، كۆرش ده‌كات ، له‌ ل10 ی گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌رده‌شت ده‌نووسێت :” ..هه‌موو تاكێك ئازاده‌ چ خودایه‌ك ده‌په‌رستێ و فرمان ده‌ده‌م له‌م ڕووه‌وه‌ نابێ كه‌س تووشی گێچه‌ڵ بێت…”
زه‌رده‌شتی له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانی ئه‌خمینی و ساسانیدا باوه‌ڕی به‌ ئاماده‌گی دینی تر نه‌بوو له‌ ده‌وڵه‌ت …چه‌وساندنه‌وه‌ی 40 ساڵی مه‌سیحییه‌كان له‌ سه‌رده‌می شاپووری دووه‌م باشترین به‌ڵگه‌یه‌ ، كۆرشیش هه‌ر به‌ داگیركردنی میدیا نه‌وه‌ستاوه‌ ، به‌ڵكو بابلی نوێش كه‌ هاوپه‌یمانی میدی بوو له‌ ساڵی 539 پ.م له‌ سه‌رده‌می ئه‌بونائید (556-539 پ.م) كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی بابلی نوێش هێنا . ئه‌و مه‌مله‌كه‌یه‌ له‌ سه‌ر دینی ( سین ) و ( مه‌ردۆخ) بوو كه‌ جیا بوون له‌ دینی زه‌رده‌شتی!
له‌ لایه‌ك ئه‌م قسانه‌ی كۆڕش بێ سه‌رچاوه‌ن ، له‌ لایه‌كی تریش واقعی میدیا و بابلی نوێ قسه‌كانی پووچ ده‌كه‌نه‌وه‌!

چواره‌م ، كه‌لتووری زه‌رده‌شتی كاریگه‌ری له‌ كه‌لتووری یۆنانی كردووه‌ یا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌؟
ئه‌حمه‌دی مه‌لا له‌ ل10 باس له‌ شتێكی زۆر نامۆ ده‌كات و پارادۆكسیه‌ك له‌ نێوان واقیع و زه‌رده‌شتییه‌ت هه‌یه‌ ، له‌ ڕاستیدا كه‌لتووری یۆنانی زۆر كاریگه‌ری له‌ كه‌لتووری زه‌رده‌شتییه‌ت كردووه‌ ، به‌ڵام ئه‌حمه‌دی مه‌لا پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌ڵێت و ده‌نووسێت :”هه‌موو فه‌یله‌سووفه‌ به‌ناوبانگه‌كانی یۆنانی دێرین ده‌رچووی قوتابخانه‌ی زه‌رده‌شتن.”

له‌ ماوه‌ی حوكمڕانی هه‌ریه‌ك له‌ كۆرشی دووه‌م (558-529 به‌ر له‌ میلاد) و خه‌سره‌و ئه‌نوشێروان ده‌وڵه‌تی ئه‌خمینی ئاشنابوو به‌ ماریفه‌یه‌كی نامۆ به‌ وڵاتی ئاریان ئه‌ویش شارستانی هیلێنی و فه‌لسه‌فه‌ی بتپه‌رستی یۆنانی بوو ، بۆ نموونه‌ پاش ئه‌وه‌ی كۆرشی دووه‌م چه‌ند ویلایه‌تێكی له‌ ئاسیای بچووك وه‌ك (لۆنیا ) ، ( لیدیا ) و چه‌ند ده‌ڤه‌رێكی تری گرت،ئاشنا بوو به‌ په‌یوه‌ندی نزیك له‌گه‌ڵ شارستانی دامه‌زراو له‌ سه‌ر (هێلینی) هه‌روه‌ها له‌ سه‌رده‌می خه‌سره‌و ئه‌نوشێرڤان یه‌كه‌م قوتابخانه‌ی فه‌لسه‌فی وه‌ك ئه‌وه‌ی جه‌ستینی یۆنانی كرده‌وه‌( ئیبن نه‌دیم ، ل300
ئه‌و ده‌سپێكه‌ له‌ دوای هه‌ره‌سی ئه‌خمینی به‌ ده‌ست ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌كدۆنی له‌ 331 پ.م ( ته‌ها باقر 1980،ل) زۆر زیاتر بوو. پلوتارك له‌ ل329 مۆرالیا ده‌ڵێت: ئه‌سكه‌نده‌ر به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌رستۆی مامۆستای بوو ، ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌كی جیهانی بوو، ده‌یویست جیهانێكی یه‌كگرتوو دروست بكات به‌له‌ناوبردنی نه‌یارانی و ده‌رگاكردنه‌وه‌ بۆ خانه‌دانانی گوێڕایه‌ڵ غه‌یری یۆنانی به‌شداربن له‌ ده‌سه‌ڵات ، ئه‌ویش به‌ :
1.ڕێكخستنی هاوسه‌رگیری له‌ نێوان یۆنانی و فارسه‌كان،
2.دروستكردنی شاری نوێ و نیشته‌جێكردنی دانیشتوانی هه‌مه‌لایه‌ن .”
له‌ دوای كه‌وتنی ئیمپراتۆریه‌تی ئه‌خمینی به‌ ده‌ست ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌كدۆنی دا دوو جۆر له‌ رۆشنبیری دنیایی و دینداریی تێكه‌ڵ یه‌ك بوون .

زانست و رۆشنبیرییه‌كه‌ دوای ئه‌م داگیركردن و سه‌پاندنه‌ ، دوو جۆری لێدروستكردن ئه‌ویش زانست و رۆشنبیری دنیایی و ئاسمانیی بوو . ( تازۆلی ،ل1 ) له‌ ل باوه‌ڕی خۆی ده‌رده‌بڕێ كه‌ رۆشنبیرییه‌كه‌ی فارسه‌كان زیاتر زه‌رده‌شتی بوو ، هه‌رچی ئه‌وه‌ی یۆنانییه‌كان بوو ، رۆشنبیریه‌كی دنیایی بوو .
تازۆلی و خرۆمۆف له‌ ل82 ده‌نووسن كه‌ ” نووسینی ئایینی هه‌تا سه‌رده‌می ساسانی نه‌نووسرابوونه‌وه‌ ، هه‌رچی نووسینی دنیایین ئه‌وه‌ ته‌نیا لای ” گۆسان ” ( شایه‌ر ) و خونیاگار” ( حه‌كایه‌تبێژ ) ته‌نیا له‌ سینگ پارێزرابوون .”
جگه‌ له‌ مانه‌ هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ ئاماژه‌ به‌ كاریگه‌ری كه‌لتووری یۆنانی به‌ سه‌ر نووسینه‌كانی داریۆش له‌ شاخی بێستوون ده‌كه‌ن وه‌ك رالف نۆرمان شارپ له‌ كتێبی
The inscriptions in old Persian cuneiform of the achaemenian empires

كه‌واته‌ كه‌لتووری یۆنانی له‌ دوو قۆناغه‌وه‌ كاریگه‌ری به‌ سه‌ر كه‌لتووری زه‌رده‌شتی هه‌بووه‌ :
1.له‌ كاتی حوكمڕانی كۆڕشی دووه‌مه‌وه‌ تا ڕوخانی ئیمپراتۆریه‌ت
2.له‌ كاتی كه‌وتنی ئیمپراتۆریه‌تی ئه‌خمینییه‌وه‌ به‌ ده‌ست ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌كدۆنیه‌وه‌.
له‌و دوو قۆناغه‌ش هه‌ردوو كه‌لتوور به‌ یه‌ك گه‌یشتن .
ئه‌و چوار خاڵه‌ ته‌نیا قسه‌كردنن له‌ سه‌ر پێشه‌كی گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌رده‌شت …ده‌پرسم زه‌رده‌شت ئه‌وها دێته‌وه‌؟؟!

Previous
Next

Leave a Reply