Skip to Content

دیبەتێک لەگەڵ هاوڕییانی کۆمۆنیست لەسەر کۆمۆنیزم و سێکولاریزم

دیبەتێک لەگەڵ هاوڕییانی کۆمۆنیست لەسەر کۆمۆنیزم و سێکولاریزم

Closed
by شوبات 10, 2017 General, Opinion

دیدگای سۆشیالیستی:*

گرنگی سێكیولاریزم بۆ كۆمۆنیسته‌كان چییه‌؟ به‌ واتایه‌كی دی، ئایا به‌ده‌ستهێنانی سیستمێكی سێكیولاریستی كار و ئامانجی سه‌ره‌كی كۆمۆنیسته‌كانه‌ یاخود وه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك بۆ كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا و بۆ ڕێگاكردنه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد و یه‌كسان سه‌یری ئه‌كه‌ن؟

ئاسۆکمال:
ئاشکرایە ئامانجی کۆمۆنیستەکان گۆڕینی سەرجەم سیستەمی سەرمایەداریە کە لەسەر بنەمای موڵکایەتی تایبەتی بورژوازی بۆ هۆیەکانی بەرهەمهێنان دامەزراوە و کرێکاران و سەرجەم کۆمەڵگەی کردۆتە کۆیلەی سەرمایە. شاردنەوەی ئەم کۆیلایەتیە لەم سیستەمە سەرمایەداریەدا پێویستی بە پاساوی تیۆریە تاکو کرێکاران و چینە ژێردەستەکان قەناعەت بەمانەوە و ئەبەدیەتی ئەم ڕژێمە بهێنن. دین هەمیشە دەوری هه‌بووه‌ لەم بێباوەڕبونەی ئینسان بە‌هێزی خۆی و بەتایبەت بۆ کرێکاران و چینە ژێردەستەکان کە خاوەنی بەرهەمی کاری خۆیان نین و لەباری مادیەوە بەهرەمەندنین لە خاوەندارێتی هۆکانی بەرهەمهێنانی ژیانی خۆیان، ئاین دەتوانێ کوێرانە ئەم چارەنوسە درێژە پێبدا.

هەربۆیە پێویستی بە سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی ئەم باوەڕە دینیە و بەشێک لە داهاتی کۆمەڵگە دەکرێتە خەرجی ئەو دامودەزگا فکری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیانەی ئاین و خورافەی ئاینی دەهێڵنەوە. سێکولاریزم توانی دەزگای بەڕیوەبردنی دەوڵەت و خوێندن و یاساکان لە دەستێوەردانی دەزگا دینیەکان دوربخاتەوە و ئەمە هەنگاوێکی گرنگی مێژوویی بوو. بەڵام لەدەرەوەی دەزگا ڕەسمیەکانی دەوڵەت دین وەک دامەزراوەیەک لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا لەلایەن بورژوازیەوە بەرهەم دەهێنرێتەوە و بەشێک لە قازانجی سەرمایە دەخرێتە خزمەت ئەو بەشە لەکۆمەڵگا کە لە پیشەسازی بەرهەمهێنانی دیندا کاردەکەن و وەک بەشێکی دانپێدانراوی کار دابەشکردنی کۆمەڵایەتی لە سەرمایەداریدا کاردەکا. هەربۆیە کاریگەری دین و دامەزراوە دینیەکان تەنیا بە دوورکەوتنەوەیان لە دەزگا ڕەسمیەکانی دەوڵەت کۆتایی نایەت، هەرچەندە ئەم ڕەسمی نەبون و ڕێگرە ڕەسمیانەی ڕەوتی سێکولاریزم بۆ دامەزراوە دینەکانی دروست کردوە لە دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی دینی کەم کردۆتەوە لە چەوسانەوە و پێشێلکردنی مافەکانی کرێکاران و چینە کەم دەرامەتەکان.

ئەگەر بەراوردێک بکەین لە دەوری ڕەسمی دەزگا دینیەکان و حزب و ئۆرگان و یاسا ئیسلامیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەگەڵ سێکولاربونی دەسەڵاتی سیاسی و یاسایی و دادوەری و خوێندن لە ڕۆژئاوادا ،دەبینین کە چۆن سێکولاریزم دەورێکی گەورەی گێڕاوە لە بردنە سەرەوەی باوەڕبەخۆبون و چاوەڕوانی و دەستکەوتە ئابوری و سیاسیەکان و ئازادیەکان لە ڕۆژئاوادا و چۆن کۆنەپەرستی سیاسی و فکری و کۆمەڵایەتی ناتوانێ لە بەرگی پیرۆزیە دینیەکان خۆی بڕازێنێتەوە و چۆن هوشیاری و ئامادەیی بۆ خەبات دژی چەوسانەوە و نەهامەتیەکانی سەرمایەداری ئاسانترە بۆ کرێکاران وخەڵکی ستەملێکراو.
کۆمۆنیزم بریتیە لە بەرپەرچدانەوەی ستەمی سەرمایەداری و گۆڕینی بە سیستەمێکی کۆمۆنسیتی کە لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی ئینسانەکان دامەزراوە. بەدیلی ئیسلامی و سەپاندنی یاسا و شەریعەتی ئیسلامی کە دەیەوێ ئەم ستەمەی چینی بورژوازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە بەرگی دینیەوە پیادەبکا، پێویستی بە بەرپەرچدانەوەیە و سێکولاریزم، کە دەزگاکانی دەوڵەت و یاسا و خوێندن و پەروەردە لە دەست دامەزراوەی دینیەکان و بەدیلی ئیسلامی ڕزگاردەکا، ئەمڕۆ بەشێکی گرنگ لە خەبات دژی سیستەمی سەرمایەداری لەم ناوچەیەدا پێک دەهێنێ. کۆمۆنیزم لەم خەباتە زیندوەی کرێکاران لە بەرامبەر بەدیلە بورژوازیەکاندا، کە لە دەسەڵاتدان یان بەشێکن لە ململانێی دەسەڵاتدارێتی بەشە جیاجیاکانی بورژوازی، شکڵ دەگرێ و لەم شەڕانە لەگەڵ بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتی سەرمایەدا ئەرک و ئامانجەکانی دیاری دەکا و هوشیاری و ئامادەیی دروست دەبێ. کۆمۆنیزم چوارچێوە و ئایدیۆلۆژی ڕوت و ئەبستراکت نییە کە لە تێکست و نوسینەکاندا بەتەنیا هەبێ، بەڵکو کۆمۆنیزم بزوتنەوەی چینێکە کە لە شەڕ لەگەڵ چین و هێزی دەسەڵاتداردا زیندوە و هەست بە وجودی چینایەتی دەکرێ. کاتێک وەک هێزێک دەردەکەوێ کە تاکی کرێکار و زەحمەتکێش کۆدەکاتەوە لە کۆیەکی چینایەتی جیاوازدا لە بەرامبەر بورژوازیدا .
هەلومەرج و داواکاری و تایبەتمەندیەکانی ئەم خەباتەش لە پێشدا داڕێژراو و بەپێی دەقە نوسراوەکان نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی یاسا گشتیەکانی سەرمایەداریدا لەهەر شوێن و هەر سەردەمێکدا ئەم خەباتە خاوەنی تایبەتمەندی و دۆخ و ئەرکی دیاریکراوە، کە بریتیە لە تایبەتمەندیەکانی شێوازی چەوسانەوە و گرفتەکانی دەسەڵاتدارێتی بورژوازی لە وەڵامدانەوە بە خواستەکانی کرێکاران و چینە ناڕازیەکان. لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاتێک بورژوازی لە قاڵبی دین و ئیسلامدا بونەتە ئەو بەدیلەی دەیانەوێ ئەزمەی ئێستای سیستەمی سەرمایەداری بەرەو سەپاندنی کۆنەپەرستی و سەرکوت و بێ مافی زیاتری کرێکاران و چینە هەژارەکان بەرن، شەڕ دژی بەدیلی ئیسلامی و خەبات بۆ سێکولاریزم و جیاکردنەوەی دین لەدەوڵەت و خوێندن و یاساکان، خۆی بەشی جیانەکراوەی خەبات دژی سیستەمی سەرمایەداری و خەباتی کۆمۆنیستیە. جیاکردنەوەی مەیدانەکان و خواستەکانی خەباتی کرێکاران لە ژێرناوی سەرەکی و لاوەکی، ئێستا و ئایندە لە نەریتی کۆمۆنیزمی باودا دەتوانێ بەمانای بێڕۆح کردنی خەباتی واقعی کۆمۆنیستی بێ و لەقاڵبدانی ئایدیۆلۆژی خەباتی واقعی دژی بورژوازی و بەدیلەکانی بێ.

ئاشکرایە کۆمۆنیزم کاری کۆتایی هێنان بە دەزگای دەوڵەتە نەک تەنیا سێکولارکردنی، ئاشکرایە کاری کۆمۆنیزم کۆتایی هێنان بە خورافە و بازرگانی دینی و لەبەرامبەردا گەشەی زانست و فکری ئازادی ئینسانە نەک تەنیا کردنی دین بە کاری شەخسی، بەڵام خەبات دژی دەسەڵاتی دەزگا دینیەکان لە بەڕیوەبردن و یاساکاندا و سێکولاریزەکردنی دامودەزگا دەوڵەتیەکان خۆیان هەنگاوێکن لەپێناو ئامانجی ڕزگاری ئینسان لە دەست هەموو جۆرەکانی چەوسانەوەی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری، ئەگەر لەلایەن کرێکاران و کۆمۆنیستەکانەوە بەرپابکرێ و ڕێک بخرێ و بەسەرئەنجام بگەیەنرێ. هەرهەنگاوێک بۆ شکستی بەدیلی ئیسلامی و یاسا دینیەکان و خوێندن و پەروەردەی ئیسلامی کەڵەکەکردنی سەرمایەی فکری و ئاستی هوشیاری و ئامادەیی عەمەلیە بۆ شکستی سەرجەم بەرنامە و بەدیلی باڵەکانی بورژوازی و ڕێگاکردنەوەی ئەو هێزە سیاسی و کۆمەڵاتیەیە کە دەتوانێ کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان لەسەر کەلاوەی سیستەمی سەرمایەداری دامەزرێنێ. هێزێک کە شۆڕشی کۆمۆنیستی بەرپادەکا ئامادەیی فکری و سیاسی و ڕێکخراوەیی پەیداکردوە کە کۆمەڵگە لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبردن و باوەڕبەخۆبون و میحوەری بونی ڕزگاری ئینسان لەدەست هەموو دەسەڵات و ئوتۆریتەیەک باربهێنێ و ئینسان بکاتە سەروەری خۆی و بەواقعی بە توانای باڵا و هەمەلایەنەی “ئاسمانی” مرۆڤ بگات.
* ئەم بابەتە لە دیدگای سۆشیالیستی ژمارە ٥ دا بڵاوکراوەتەوە

Previous
Next
Kurdish