Skip to Content

شیعر و هۆلۆکۆست …  ناڵە حەسەن

شیعر و هۆلۆکۆست … ناڵە حەسەن

Closed
by شوبات 15, 2017 General, Literature

هۆلۆکۆست بە مانای کوشتنی بە کۆمەڵ دێت یان هەوڵدان بۆ سڕینەوە و لەناوبردنی کۆمەڵگەیەک یان کەسانێک بەهۆی / جیاوازی ڕەگەز ، ئایین ، پێست ….یان هەر جیاوازییەکی تر . هۆلۆکۆست و گینۆساید ، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە زۆر شوێن و سەردەمدا ڕوویانداوە. هەروەک هۆلۆکۆستی جولەکەکان لەلایەن هیتلەر و ئەلمانیای نازی ، لە ساڵی ١٩٣٩ تا ساڵی ١٩٤٥ بەردەوامبوو ، ئاکامەکەش شەش ملیۆن مرۆڤی جولەکە بوونە قوربانی ، هۆکارەکەش بە پێی لێکدانەوە و بۆچوونی هیتلەر و نازییەکان ، گوایە یەکێک لە هۆکاری دۆڕانییان لە جەنگی یەکەمی جیهانی ، جولەکەکان بوون کەوا ، یارمەتی دوژمنییان داوە و لە پشتڕا خەنجەری ژەهراوییان لێداون . هەربۆیە هەوڵدەدەن تۆڵەیان لێ بسەنەوە ، ئەنجامەکەش بە هۆلۆکۆست کۆتایی هات .. لێرەدا مەبەستمانە بەدواداچوونێک بۆ شیعر و هۆلۆکۆست بکەین ، دەمانەوێ هەڵوێستە لەسەر ئەوە بکەین ، کەوا شیعر لە توانای دا هەیە ئەم جۆرە ڕووداو و کارەساتە مێژوویانە بنووسێتەوە ؟ یان لە نووسینەوەی کارەساتێکی تراژیدیای جەرگبڕی وەک هۆلۆکۆست یان ئەنفال ، کە هەزارەها یان ملیۆنەها مرۆڤ دەبنە قوربانی . ئایا زمانی شیعر چۆن ئیش دەکات ؟ یان لەم جۆرە دەقە شیعرییانە چۆن مامەڵە لەگەڵ زمان دەکرێت ؟ هەروەک دەزانین زمانی شیعر و ئەدەبیات وا پێویست دەکات زمانێکی جیاواز بێت لە زمانی قسە کردن بەمانای ، زمانێک بێت لادانی تیابێت و جیاواز بێ ، هەروەها ئیش لەسەر داهێنان بکات بەمەبەستی بەرهەمهێنانی جوانی .
یان لەمجۆرە دەقە شیعرییانەی کە ڕوودا و کارەساتە گەورە مێژووییەکان دەنووسنەوە ، چۆن ئیش لەسەر کۆد و هێماکان دەکرێت ؟ یان زمان لە نێو رووبەری مەرگ بە چ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ وشە و سیستەمە ڕێزمانییەکان دەکات ؟ یان خودی کەسەکان و شاعیرەکان ، ئەوانەی لە نێو ڕووداوەکان بوون و دواتر ڕزگارییان بووە ، جیاوازی زمان و ئاستی داهێنانی دەقە شیعرییەکانییان ، لەگەڵ ئەو کەس و شاعیرانەی کە لە دەرەوەی ڕووداوەکان بوون چۆنە ..؟ نازییەکان ئەو هێزە فاشیستە بوون پێش کوشتنی مرۆڤەکان ، کتێبەکانیان سووتاند ، ئاگرییان لە فەلسەفە و ئەدەب و زانست و مەعریفە بەردا .. هۆلۆکۆست کارەساتێک بوو ، ژیانی لە ملیۆنەها مرۆڤ سەندەوە ، خەون و ئومێدی ملیۆنەهای خنکاند ، مردنی بەوکەسانەش بەخشی کە لە ژیان مانەوە ، هەندێ کەس لە هۆلۆکۆست ڕزگارییان بوو بەڵام ، تا مردن لە گەڵ خەیاڵ و بیرکردنەوە ڕەشەکان و لەگەڵ یادگارییە تاڵەکان ژیانییان بەسەر برد .

ئەوانەی لە هۆلۆکۆست بەشدار بوون ، ڕۆژانە لەگەڵ برسییەتی و ترس و تۆقاندن و کاری قوڕس ڕووبەڕوو بوون ، کوشتن و سووتاندنی کەسە نزیکەکان و هاوڕیکانییان بە بەرچاویانەوە ، زۆرێک لە شاعیر و ڕۆماننووسەکان ، ئەوانەی شیعر و ڕۆمانەکانییان بۆ هۆلۆکۆست نووسیوە ، زێتر مەبەستییان خۆ بەتاڵکردنەوە بوو ، لەدەست بیرۆکە ڕەشەکان و خەون و خەیاڵە مەرگئامێزەکان ، هۆلۆکۆست بە مانای درێژبوونەوەی مەرگ بۆ نێو ژیان . هەروەک ( ماریان کامپینسکی ) شاعیر و نووسەری پۆلەندی ، یەکێک لە ڕزگاربووانی هۆلۆکۆست ، لە کتێبکدا بە ناوی ( منتان لە بیر بێ ) ، باسی ئەو ئازار و موعاناتەی خۆی دەکات ..
کتێبەکە باس لە بە هۆلۆکۆست بوونی خۆیی و کەسە پۆلەندییەکانی شارەکەی خۆی دەکات ، لە کاتی هاتنی نازییەکان و گواستنەوەیان بۆ کەمپەکان و تا ئازادبوون و ڕزگاربوونییان ، چیڕۆکی ژیانی نێو هۆلۆکۆست و دوای هۆلۆکۆستیش دەگێڕێتەوە . هەر لەم کتێبەدا باسی ئەو ئازار و خەیاڵە مەرگئامێزەی کە شەوانان ناهێڵی بخەون ، خەیاڵە ناخۆشەکان هەراسانی کردوون و بارێکی دەروونی شێواوی بۆ دروست کردوون . بۆ خۆ بەتاڵکردنەوە لەم خەیاڵە مەرگئامێزانە ، شەوانان لە تاو ئازار و فرمێسک دەستی دەدایە قەڵەم و هەست و ناخ و خۆی دەنووسییەوە ، لە سەرەتای کتێبەکە باس لەم ژان و میحنەتانەی خۆی دەکات ، هەر لەوکاتانە شیعری ( ناتوانین لەبیری کەین ) ی نووسیوە .

ئەم شیعرە و زۆرێک لە شیعرەکانی تری زادەی ئەم بیرکردنەوانە و ئەم چرکەساتانەن ، بۆ نموونە شیعرەکانی ( بەرائەت ، من کێم ، گەنجینەی ژیان و چەندانی تر …) ، نەک تەنها شیعری ئەم خانمە زۆربەی ئەو شاعیرانەی ، شیعرییان بۆ هۆلۆکۆست نووسیوە لە شیعرەکانیاندا ، باس لە مردنی بە کۆمەڵ و ئێشوئازارێکی بێوێنە و یادگارییە ڕەش و تاڵەکان دەکەن ، یان باس لە فاشییەت و مامەڵەی نامرۆییانەی نازییەکان دەکەن . شاعیرێکی تر بە ناوی ( مارتین نیمۆلەر ) لە شیعرێکدا بە ناوی ( یەکەمینجار کە هاتن ) .. ناوەڕۆکی شیعرەکە باس لە هاتنی نازییەکان دەکات ، یەکەمینجار کە دێن ، چۆن وەک رەشبگیرییەکی سەرتاپایی هەموو کەسێک دەبەن ، داواتر هەرخۆی بە تەنیا دەمێنێتەوە ، پاشان خۆشی دەبەن ، ڕەشبگیرییەک / لە کەس نابوورن و دەست لەکەس ناپارێزن ، زانا ، دانا ، شاعیر ، ڕۆماننووس ، فەیلەسوف ، کاسبکار ، هەرکەسێک تەنها جوولەکە بێت و بەس ، یان خانمە شاعیرێکی تر بە ناوی ( بەربارە سینۆک ) لە شیعرێکدا بە ناوی ( لە دێر زەمانەوە ) باس لە کارەساتی هۆلۆکۆست دەکات ، بە زمانێکی شیرین و جوان ، باس لە سادەیی خەڵک دەکات ، کە چۆن هەموویان لە ئامێزی خۆشەویستی بۆ یەکتری ، لە ئامێزی خەون و ئومێدەکانییان دەژیان ، بەڵام لە پڕێکا هۆلۆکۆست وەک ڕەشەبایەک دێت زۆر نامرۆڤانە و دڕندا ژیانی ملیۆنەها کەس کۆتایی پێ دەهێنێت . سەرەتای شیعرەکە وا دەست پێدەکات ( ئێمە یاریمان دەکرد و پێدەکەنین و خۆشەویست بووین ، لە باوەشی دایک و باوکمان دەریانهێناین و فڕێدراینە نێو ئاگر ، ئێمە تەنها منداڵ بووین و هیچیتر …. . ) ئەگەر سەیری شیعرەکانی هۆلۆکۆست بکەین دەبینین ، هەموویان لە ڕووی فۆرم و مانا و تەنانەت پێکهاتەی شیعریەوە لە یەکترییەوە نزیکن ، هەموویان زێتر مامەلە لەگەڵ مردن دەکەن ، مردن ڕووبەرێکی فراوانی داگیر کردووە ، هەموو باس لە بەرائەتی مرۆڤەکان دەکەن ، ئەوانەی بە بێ هۆ لە ژیان دوور خرانەوە و لە هەموو خۆشییەکان و جوانییەکان بێبەش کران ، هەر لەبەرئەوەی تەنها جولەکە بوون ، هەموو باسی دڕندەیی و ڕەفتارە نامرۆییەکانی نازییە فاشیستەکان دەکەن .. بەمانایەکی تر ، شیعری هۆلۆکۆست ، هێندەی مامەڵەکردنە لەگەڵ مردن و برسییەتی و ئێش و ئازار یان خەون و خەیاڵە ترسناکەکان ، هێندە مامەڵەکردن نییە لەگەڵ زمان و وشە و هێما و بنەما شیعرییەکان .. یاخود هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی فۆڕمی نوێ و جیاواز ، زیاتر ئیشییان لەسەر ناوەڕۆک و مانای شیعرەکان دەکرد .

ئەوەش بەمانای ئەوەی نییە کە شیعرییەت لە شیعرەکانی هۆلۆکۆست دا نییە ، بە شێوەیەکی گشتی لە شیعردا ، پەیوەندی نێوان فۆڕم و ناوەڕۆک پەیوەندییەکی هاوتەریب و توندوتۆڵ و لێکنەپچڕاوە ، هەریەکە و بە جۆرێک جوانی بەرهەمدەهێنن و پەخشی دەکەن بە نێو ڕووبەری دەقەکەدا ، لە هەندێ شیعر ، فۆڕمەکان زاڵ دەبن و زێتر لە نێو ڕووبەری جوانی دەق دەردەکەون ، لە هەندێکییان ناوەڕۆکەکە ، لە هەندێکییان هەردووک پێکەوە . لە شیعرەکانی هۆلۆکۆست زێتر ناوەڕۆکەکان دەبنە پنتی بەخشینی ئارامی و چێژ و جوانی ، یان دەبن بە سەرچاوەیەک بۆ وەبەرهەمهێنانی جوانی و چێژ . ئەویش بە هۆی دەستەبەربوونی ئەم مانا قووڵ و ئەم هەستە مرۆییانەی کە لە نێو شیعرەکان دەخرێنە ڕوو .. ئاخر ئاسان نییە ، مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوێک یان کارەساتێکی گەورە و جەرگبڕی وەک هۆلۆکۆست ، دیارە باوەڕمان بەوە هەیە کە شیعر ، دەتوانێ تەواوی ژیان بنووسێتەوە بە هۆلۆکۆستیشەوە ، یان بە هەموو کارەسات و دیاردەکان و بە هەموو رووبەرەکانییەوە .

لە نووسینەوەی هۆلۆکۆست و ڕووداوە تراژیدییەکان ، زۆرجاران شیعر دەبێتە هۆکار تا ئەوەی ئامانج بێت ، زۆربەی ئەو شاعیرانەی شیعرییان بۆ هۆلۆکۆست نووسیوە ، بەتایبەت ئەوانەی لە کارەساتەکە بەشدار بوون ، بە مانای ئەو کەسانەو تا کۆتایی ، لە نێو مردن و برسییەتی و ئازارەکاندا مابوونەوە ، دوای ڕزگاربوونیش ، مردن و خەون و خەیاڵە ناخۆش و تاڵەکان ، بەشێک بوون لە ژیان و بیرکردنەوەکانییان ، ئەوانە بۆ دوو مەبەست شیعرەکانییان دەنووسی ، یەکەم / بۆ خۆبەتاڵکردنەوە ، دووەم / بۆ گەیاندنی کارەساتی هۆلۆکۆست وەکو خۆی . ئەم ( خۆبەتاڵکردنەوە و گەیاندنە ) سێبەری کردبوو بەسەر هەموو شیعرەکاندا ، وایکردبوو هەموو شیعرەکان هۆکارێک بن بۆ ئەم دوو مەبەستە ، ئەوەتا ( ماریان کامپینسکی ) بە ڕوون و ئاشکرا لە شوێنێکی کتێبەکەی باسیکردووە کەوا ، هیچ شەوێک نەیتوانیوە بەئاسایی بخەوێ ، درەنگە شەوان ، گەورەترین ئازاری دەبینی بەدەست خەیاڵە ناخۆشەکان ، شەوانان لە جیاتی خەو کاری فرمێسک ڕشتن و گریان و ئازار چەشتن بووە ، گریان بۆ شەش ملیۆن قوربانی ، گریان بۆ ناسکترین و جوانترین تەمەنی لەدەستچووی ، چونکە کاتێک نازییەکان دەگەنە پۆلەند دوای سێ مانگ ( ماریان ) تەمەنی دەبێتە چواردە ساڵ ، واتە مێردمنداڵی و سەرەتای گەنجێتی ، کاتێک ڕزگارییان دەبێ و هۆلۆکۆست کۆتایی دێت ، ئەم تەمەنی دەبێتە نۆزدە ساڵ ، لە ڕاستیدا ڕزگاربوونییان هەرئەوەندە بوو ، لە کەمپەکان و لە دەست برسییەتی ڕزگارییان دەبێ ، ئازاد دەبن و دەگەڕێنەوە نێو ئاوەدانی ، ئەگینا ، مەرگ هەر لە گەڵیاندا دەمێنێتەوە و دەبێتە بەشێک لە بوون و ئایندەیان ..! بۆیە هەموو شەوێک خەیاڵە ناخۆشەکان و بیرکردنەوەکان ، بە جۆرێک فشاری ڕۆحی و دەروونییان بۆ دەهێنا ، تا ئاستی ئەوەی هەندێجار جەستەی ڕەق دەبوو وەک سەهۆڵ ، ناچار دەبوو ئەم هەستە خەمناك و مەرگاوییەی ، لە نووسین و شیعرەکانی خۆی دەرببڕێ و خۆی بەتاڵدەکردەوە ..! لەلایەکیتریش مەبەستییان بوو ، ئەم کارەساتە تراژییدیا و گەورەیەی هۆلۆکۆست وەکو خۆی بگەیەنن ، چ بۆ دنیا و چ بۆ نەوەکانی داهاتوو. ئەگەر لێرەوە لە ( گۆڕستانی چراکان ) ی شێرکۆ بێکەس ورد بینەوە ، کە وەک دەقێکی درێژ بۆ ( ئەنفال ) نووسراوە ، بە بەراورد لەگەڵ ئەو شیعرانەی بۆ هۆلۆکۆست ، دەبینین لایەنی زمانەوانی و ئیستاتیکا و شیعرییەت و داهێنان لە ئاستێکی بەرزدایە ، زێتر ئیش لەسەر تەکنیک و هونەری زمان کرایە لە هەمانکاتیش ناوەڕۆکێکی قووڵ و پڕ مانا و بەرزی هەیە .. پێکهاتە زمانییەکەی دەق بە تایبەت ، میتافۆر و ئاماژە و هیما و وشە و دەستەواژەکان زۆر سەرنجڕاکێش و پڕن لە ئیستاتیکای شیعری .

دیارە لەلایەک ، ئەوە پەیوەندی بە توانا و ئەزموونی شاعیرەکەوە هەیە ، لەلایەکیتر / پەیوەندی بە خاڵێکی جەوهەری هەیە ئەویش ، لە ( گۆڕستانی چراکان ) دا / شیعر ئامانجە نەک هۆکار ، ( شێرکۆ بێکەس ) تەنها مەبەستی خۆبەتاڵکردنەوە و گەیاندن نەبووە ، ( شێرکۆ بێکەس ) مەبەستی بووە ( ئەنفال ) بکات بە شیعر ، بە مانایەکیتر بە زمانی شیعر ئەنفال بنووسێتەوە ، یان بەرگی شیعر بکاتە بەر ئەنفال ، بۆیە دەبینین لە نێو دەقەکەدا ، لەسەر زۆر ڕەهەند و چەمکی جیاواز ئیش دەکات وەک ( سەفەر ، عەشق ، مقاوەمەت ، مەرگ ، یادەوەری ، هەستی نەتەوەیی … زۆر چەمک و رەهەندی تر ) گۆڕستانی چراکان چ وەک ناونیشان چ وەک دەق پڕاوپڕە لە داهێنان و جوانکاری شیعری ، ئەم قەسیدەیە بە سەلیقە و توانا و هەناسەیەکی درێژەوە نووسراوە ، هەرچەندە لە زۆر شوێن گێڕانەوەیەکی ڕووت سایە دەکات بە سەر دەقەکە و زمانی شیعر لە زمانی چیڕۆک نزیک دەبێتەوە ، ئەمەش شاعیر بە مەبەستەوە ئەوەی کردووە ، هەر بۆیە دەقە درێژەکانی ناوناون ( دەقی ئاوەڵا ) ، شێرکۆ بێکەس بە دەربڕینێکی پڕ لە ئیستاتیکای شیعری لە ( گۆڕستانی چراکان ) دەڵێ ، (سەفەرێ بە سواری تراویلکە و بە سواری هەواڵی ناوەخت .. / سەفەرە بۆ مەملەکەتێ لە شارەکانی خۆڵەمێش … / یان سەفەرێک پڕ لە ئێسک و پروسکی هەتاو …! ) ئەم دەربڕینە شیعرییانە گۆتە و دەربڕینی جوان و ناسک و شیعریین ، تا ئاستێکی بەرز چێژ و ئارامیی بە ڕۆحی خوێنەرەکان دەبەخشن…! ، ( سەفەرێک پڕ لە ئێسک و پروسکی هەتاو ) بە مانای ، سەفەرێک پڕ لە مەرگی هەتاو ، یانی سەفەری مەرگ و نەگەڕانەوە / یانی ئەنفال …! ئێسک و پروسک ، ئاماژەیە بۆ مەرگ ، مەرگ دوا پنتی سەفەرەکەیە ، مەرگ مانایەک یان شوناسێک بە سەفەرەکە دەبەخشێ و دەبێتە ( سەفەری مەرگ ) .

ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەنفال ، ئیشکردن لەسەر وشەکان و ئاماژە و میتافۆرەکان و یان ئەمشێوە مامەڵەکردنە لەگەڵ زمان ، بڕستێکی قووڵی بە قەسیدەکە داوە ، دەبینین لە ( گۆڕستانی چراکان ) مەرگ تاکە چەمک و تاکە ڕووبەر نییە کە شیرکۆ بێکەس ئیشی لەسەر کردبێ ، ڕەنگە ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە ، شێرکۆ بێکەس ، یەکێک نەبووە لە ئەنفالبووەکان ، کەسێک نەبووە لە نێو بیابانەکان و لە نێو چاڵەکان ڕاکشابێ ، لە نێو قیژە و هاوارەکان ، مردنی بە چاوەکانی خۆی بینی بێ ، بە مانای شێرکۆ بێکەس لە دەرەوەی ڕووداوەکە شتەکانی بینیوە ، جیاوازە لەگەڵ بینینی کەسێک کە خۆی لە ناو ڕووداوەکە و یان بەشێک بێت لە ڕووداوەکە ، وەک ئەو شاعیرانەی شیعرییان بۆ هۆلۆکۆست نووسیوە ، کە زۆربەیان لە گیراوەکان بوون و لە نێو کەرەساتەکە و لە نێو ڕووداوەکان بوون ، هەموویان لە نێو کەمپەکانی مردن لە گەڵ مردندا دەژیان .

مەبەستمە ئەوە بڵێم ، ئەوانەی لە دەرەوە سەیری ڕووداوەکان دەکەن ، وەک ئەوانەی خۆیان لە ناو ڕووداوەکانن وەکو یەک / ڕەنگەکان و کاریگەرییەکان و ئازارەکان و مردنەکان نابینن ..! ئەو مردنەی لە نێو شەوەکان و لە نێو چاڵە بە کۆمەڵەکانی ئەنفال هەبوو ، هەرگیز شێرکۆ بێکەس یان هەر کەسێکی دەرەوەی ڕووداوەکە ناتوانێ وەکو خۆی بیبینێت . بەمانایەکی تر ، ئەوانەی لە دەرەوەن ، بە چاوی خەیاڵ سەیری کارلێک و پێکهاتە و کاریگەرییەکانی ڕووداوەکان دەکەن ، وە شتێکی ئاشکرا و دیاریشە لە نێوان چاوی خەیاڵ و چاوی واقیع ، زۆر پێکهاتە و ڕەهەند و کارلێک و هاوکێشەی جیاواز هەن ، شاعیرانی هۆلۆکۆست ئەوانەی لە کەمپەکانی مردن بەشداربوون ، مردنییان بە ڕووتی دەبینی ، بۆیە لە نێو شیعر و نووسینەکانییان باسییان لە مردنێکی ڕووت کردووە ، دەبینین / چ لە شیعر و نووسینەکانییان ، چ لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان خۆ بە دوورگرتن و لە بیرکردنی ئەم مردنە ، کارێکی نەکردە و ئەستەم بووە . بۆیە هەموو شاعیرەکان لە نێو ئەم ڕووبەرە ئیشییان کردووە ، یان هەریەکە و بە جۆرێک ئیشییان لەسەر دیوێکی مردن کردووە ، یان چەمکی هۆلۆکۆست بە گشتی ، خۆی لە مردن و قڕکردن و سڕینەوە دەبینێتەوە یان سەفەری مردنی بە کۆمەڵ …! وا لە خوارەوە چەند نموونەیەکی شیعری هۆلۆکۆستی دەخەینەڕوو .

– چەند شیعرێکی هۆلۆکۆستی

١ / ( یەکەمینجار کە هاتن )

شیعری / مارتین نیمۆلەر

یەکەمینجار بۆ کۆمۆنیستەکان هاتن
من هیچ قسەیەکم نەکرد
چونکە من کۆمۆنیست نەبووم
دواتر بۆ سوشیالیستەکان هاتن
من هیچ قسەیەکم نەکرد
چونکە من سۆشیالیست نەبووم
پاشان بۆ کرێکارەکان هاتن
من هیچ قسەیەکم نەکرد
چونکە من کرێکار نەبووم
پاشان بۆ جولەکەکان هاتن
منیش هیچ قسەیەکم نەکرد
چونکە من جولەکە نەبووم
دواتر بۆ منیش هاتن
بینیم هیچ کەسێک لەوێدا نەماوە
تا قسەیەک بۆ من بکات …!

——————————
٢ / ( لە دێر زەمانەوە )

شیعری / بەربارا سۆنیک

یاریمان دەکرد و پێدەکەنین
بەختەوەر و خۆشەویست بووین
لە نێو باوەشی دایک و باوکمان دەریان هێناین
فڕێدراینە نێو ئاگرەوە
تەنها منداڵ بووین و هیچیتر
ئێمەش ئایندەمان هەبوو ،
دەبووین بە پارێزەر ، خێزانمان پێکدەهێنا ،
دەبووین بە دایک ، بە مامۆستا
خەونی جوانمان هەبوو
دواتر ئومێدەکانمان درانە دەم با
لە پڕێکدا ،
دوور خراینەوە لە شەوێکی مردوودا
وەک شتە بێبەهاکان
فڕێیانداینە نێو ئوتومبێلەکان
تەنگ و تاریک ، نیگەران و هەناسەسوار
گریان ، برسییەتی ، مردن
لە ئاوەدانی لە دنیا دوورخراینەوە ، سڕاینەوە
بە ڕۆحیکی خۆڵەمێشییەوە هاوارمان دەکرد
با ئەمە بەسەر مرۆڤەکان دووبارە نەبێتەوە
ئێمەتان لە بیر بێ
ئێمە ئەو منداڵانە بووین
کە خەون و ژیانیان دزین و دوورخراینەوە …!

————————————-

٣ / ( من ناتوانم لە بیری کەم )

شیعری / ئەلیکساندەر کیمێل

ئایا من دەمەوێت بیرم بێتەوە ؟
ئارامی گێتۆ بەر لە داگیرکردنی
لەرزینی منداڵان وەک گەڵا لە نێو بادا
گەڕانی دایکان بۆ لەتە نانێک
تارمایی ئاوسانی ڕانەکان و جولانەوەیان لەگەڵ ترس
نا ، من نامەوێ بیرم بێتەوە ، بەڵام چۆن بتوانم لە بیری کەم ؟
ئایا من دەمەوێ بیرم بێتەوە ، دروستکردنەوەی دۆزەخ ؟
سەدای داگیرکارەکان و کەیف و سەفای ڕاوکردنییان
ناڵەی بریندارەکان و نزاکانییان بۆ ژیان
سیمای دایکەکان وەک پەیکەرێک پڕ ببێ لە ئازار
ڕژانی ترس لە نێو خەیاڵدانی ونبوونی منداڵەکان
نا ، من نامەوێ بیرم بێتەوە ، بەڵام چۆن بتوانم لە بیری کەم ؟
ئایا من دەمەوێت بیرم بێتەوە ، گەڕانەوەی ساتە تۆقێنەرەکان ؟
دیارنەمانی خێزانەکان بە ڕۆژی ڕووناک
هەستانی هەڵمی خوێناوی لە گۆرە بەکۆمەڵەکان
بێهوودەیی گەڕانی دایکان بۆ منداڵەکان
ئازارەکانی گێتۆ کە جەرگبڕبوون وەک چەقۆ
نا ، من نامەوێت بیرم بێتەوە ، بەڵام چۆن بتوانم لە بیری کەم ؟
ئایا من دەمەوێت بیرم بێتەوە ، هاوارەکانی شەوانم
کرانەوەی بە ئاستەمی دەرگاکان و بڵاوبوونەوەی پەرەموجەکان لە بادا
بۆنی خوێنی بەفرە تواوەکان لە شەودا
هاوسۆزی مانگ بەدەم ڕۆشنکردنەوەی ڕێگا و شوێنەکاندا
شێوانی ڕوخسار و بێبەهایی بوون ، بەبێ کەسەکانی خێزاندا
نا ، من نامەوێ بیرم بێتەوە ، بەڵام چۆن بتوانم لە بیری کەم ؟
ئایا من دەمەوێت بیرم بێتەوە ؟
کاتێک ئەوانەی ڕۆیشتوون خوداوەند مردنێکی کتوپری پێبەخشین
ئەوانەیش کە ماونەتەوە لەگەڵ ئازار و میحنەت دەتلێنەوە
گواستنەوە بۆ شوێنە نامۆ و نادیارەکان
گۆڕینی جەستە و ڕۆحەکان بۆ گاز و خۆڵەمێش
نا ، من دەبێ بە بیرم بێتەوە و هەرگیز نەهێڵم بیرم بچێتەوە … !

———————–
سەرچاوەکان :-
١/ کتێبی ( Fascism )
By Roger Eatwell
٢/ کتێبی ( Remember me )
A Holocaust SurvivorS Story
Marian Kampinski
٢/ چەند سایتێکی ئەنتەرنێت لەوانە ،
– Holocaust Poetry
– Poems For Holocaust , Poem Hunter

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish