Skip to Content

چیرۆکی تورکمانی دڵێك لە دوڕیان دا … نەسرەت مەردان

چیرۆکی تورکمانی دڵێك لە دوڕیان دا … نەسرەت مەردان

Closed
by شوبات 16, 2017 General, Literature


لە تورکمانییەوە: ئازاد ئەحمەد ئەسوەد

شاعیرو چیرۆکنووس و ڕۆماننووس و وەرگێڕی تورکمان نەسرەت مەردان ساڵی 1948 لە کەرکوك گەڕەکی بەگلەر لەدایك بووە. ساڵی 1973 بۆ خوێندن سەفەری تورکیای کردووەو بڕوانامەی ماستەری لە زانستی کارگێڕی و ئابووریدا بەدەست هێناوە. ساڵی 1982 گەڕایەوە وڵات و بوو بە مامۆستا لە زانکۆی سەڵاحەدین، هەولێر. لە سەرەتای ساڵانی نەوەتدا بۆ سویسرا کۆچی کردو تا ئێستا لە شاری جنێف دا ئەژی. ساڵی 2008 دکتۆرای لە ڕۆژنامەگەریدا هێنایەوە لە زانکۆی لاهای. خاوەنی دەیان کتێبە لە بواری شیعرو چیرۆك و ڕۆمان و وەرگێڕان و، بە هەردوو زمانی عەرەبی و تورکی ئەنووسێ. ئەم چیرۆکە (بیر یورەك دۆنەمەچتە) واتە دڵێك لە دوڕیاندا، لە کۆمەڵە چیرۆکی (گوین ئایدن گێجە) واتە: ڕۆژباش ئەی شەو – بەغدا 1986 وەرگیراوەو بۆ یەکەم جار ئەم وەرگێڕانە کوردییە لە هەفتەنامەی پاشکۆی عێراق 28/11/1993 دا بڵاو کرایەوە.

گەرچی ڕێگاکە کورتە بەڵام تێناگەم بۆچی ئەوەندە درێژ دێتە بەرچاوم. ساڵانێکە بە هەمان ڕێگەدا هاتوچۆ ئەکەم. بەیانیان لەو خەوە شیرینە هەڵسەو ڕێگەی دووز بگرەبەر، ئنجا قوتابخانە، هەمان قوتابیان و هەمان دەموچاو ببینە، وانەی خستنەسەر، دابەشکردن، لێدەرکردن..
– فریال خاتوون وادیارە ئەمڕۆ داڵغەت لێداوە خێرە؟
بە دەنگی شوفێرەکە بەئاگا دێم، لە کەرکوکین، بە بێدەنگیی لە ئۆتۆمبیلەکە دائەبەزم و ڕێی ماڵەوە ئەگرمە بەر. لە کۆڵانە پیس و بۆگەنیوەکاندا تێئەپەڕم، کەس سەیری ڕوخسارم ناکات، کەس توانجم تێ ناگرێ، بڵێی ئەوەندە ناشیرین بم؟

لە ماڵەوەم، گۆرانیی تەنیاییم ئەڵێمەوە. دایکم لە متبەقە. باوکم لە ڕادیۆ گوێ لە دەنگوباس ئەگرێ، با گوێ بگرێ چی هەیە؟
– کچی فریال وەرە چای بۆ باوکت بەرە؟
وەك هەموو جارێ هاواری دایکم، پاڵدانەوەی باوکم. خوشکە بچووکەکەم ماتماتیك شیکار ئەکات. دنیا ساردە، باشە دایکم زۆپاکەی داگیرساندووە. لە پەنجەرەوە ئەڕوانم، گەواڵە هەوری ڕەش و سپیی ئاسمان. ئاخۆ لە کەیەوە هەمان هەوا هەڵئەمژم؟ بێگومان لەمێژە، ئەڵێی ناچار کراوم هەمان کتێب هەزاران جار بخوێنمەوە.
سبەی دەنیز شوو ئەکات. دەنیزە ناشیرین. ئەو چڵکنی پیسەی هەموو لەشی مووە. ئاخری ئەویش مێردی خۆی ئەبێ، خۆشی ئەوێ، شەڕی لەگەڵدا ئەکات. لە ئاوینەدا بە حیرسەوە لە خۆم ئەڕوانم.. داچڵەکیم “لووتێکی زل و باڵایەکی کورت. ئەوە منم”.
– کچێ پرچبڕاو نابینی چێشتەکە ئەسووتێ، بڕۆ تەباخەکە بکوژێنەرەوە.
دەنگی بەگوڕی دایکم وەك بروسکە داڵغەو بێدەنگیمی کەرت کرد.
کاتی نانخواردنیش تەواو، لە پەنجەرەوە سەیری سیاناوی پیسی کۆڵانەکەمان ئەکەم. ژیانمان وەك ئەم چڵکاوە بێکۆتاییە ئەڕوات. سبەی دیسان ڕێگەی کەرکوك – دووز ئەگرمەبەر، ئەبێ پێش خۆرهەڵاتن، بەو تاریکییە خۆم ئامادە بکەم.
مناڵ بووم، جەژنان خاڵۆم ئەیگەڕاندم، سواری جەرخوفەلەکی ئەکردم، شەکەرلەمەو شەربەت و بابۆڵەی هێلکەی بۆ ئەکڕیم، پاشان ئەیبردم بۆ سینەمای پڕ لە خەڵك.. ئەو ڕۆژانە گەورەکانیش منال ئەبنەوە. خۆسترین شت بەلامەوە ئەوە بوو بە سواری عارەبانەی ئەسپ مسەڵلاو قۆریەو عەرەفە بگەڕێم.
ڕۆژانی جەژن خاڵۆم ئەکەویتەوە یادم، پیویکی گورجوگۆڵە، بەیانیانی جەژن زوو لەخەو هەڵئەسام و چاوەڕێم ئەکرد. گەلێ جار پێش ئەوەی باوکم بۆ نویژی جەژن بچێت من خۆم ئامادە ئەکرد. ئەویش سەرکۆنەی ئەکردم:
– کچێ بەم بەیانییە زووە هار بوویتە؟
بەڵام من گوێم نەئەدایە، بە وڕکەوە چاوەڕێی هاتنی خاڵۆم ئەکرد. ڕۆژانی جەژن چەند خۆش بوو..
بەیانییەکی جەژن خاڵۆم نەهات… منیش وەك هەموو جارێك چاوەڕێم ئەکرد. لەنێوان ئومیدو نائومێدیدا دۆش دامابووم. وەختێ هاتە ماڵمان کات ئێوارە بوو. بە تاسەوە باوەشم پیا کردو وتم:
– یاڵلا خاڵۆ با بڕۆین بۆ سینەما
خاڵۆم هەڵوەستەیەکی کرد:
– تۆ گەورە بووی فریال، مناڵ نیت تا بە جادەکانا بسوورێیتەوە…
لە ساتێکا دنیا لەبەرچاوم تاریك بوو، خۆری بەیانیم کوژایەوە، ڕامکردە ژوورەکەم بەکوڵ گریام بۆ مناڵیم، بۆ ئەو ڕۆژە خۆشانەی جەژن کە هەرگیز ناگەڕێنەوە.

باوکم دەستی بە کۆخین کرد. کۆخەی باوکم بەناوبانگە هەمیسە بە بەڵغەم کۆتایی دێ. دایکم سەیری تەلەڤزیۆن ئەکاو بانگم ئەکات:
– کچێ وەرە عادیل ئیمامە
– بینیومە
لەجێی خۆم نەجووڵامەوە. دەستم دایە ئەو گۆڤارەی ئەم بەیانییە کڕیبووم، بە نابەدڵییەوە لاپەرەکانیم هەڵئەدایەوە. لاپەڕەی “ئەوانەی ژن ئەهێنن و شوو ئەکەن”. ڕیزێك ناو، هەر کەسەو تایبەتمەندییەکانی خۆی نووسیوە.. منیش نامەیەك بۆ ئەم گۆڤارە بنێرم؟ بیریکی شەیتانیم بە مێشکدا هات. چی ئەبێ منیش نامەیەکیان بۆ بنێرم؟ باشە چییان بۆ بنووسم؟
لەبەرامبەر ئاوینەدا وەستاوم. دەنیز، دایکم، باوکم تەماشام ئەکەن. لە ئاوینەدا باجی هەیبەتی دراوسێمان ئەچرپێنیتە گوێی دایکم:
– کچەکەت ئاوی ڕووی تکاوە بەخوا کەس نایخوازێ
دەموچاوم ئەخەمە ناو سەرینەکەوە. تەمەن سی ساڵ. هیچ ئومێدێك لە ئاسۆدا بەدی ناکەم، کەسێ نییە خۆشی بوێم و شەڕم لەگەڵدا بکات.
خێرا هەڵئەسم و پرچم دائەهێنم، سووراو لە لێوم ئەدەم، بریار ئەدەم نامەیەك بۆ ئەو گۆڤارە بنووسم: “من کچێکی پێگەیشتووم، جوانییەکەم مامناوەندە، مامۆستام، حەز ئەکەم شوو بە لاوێك بکەم و لە هێلانەی بەختەوەریدا پێکەوە بژین”.. چەند جارێك ئەیخوێنمەوە.. نەخێر، نەخێر بەهەڵەدا چووم، ئەمە بەڵگەنامەیەکە بۆ فرۆشتن، کارێکی گێلانەیە…
بەبێدەنگیی ئەگریم. نامەکە پارچە پارچە ئەکەم. حەز ئەکەم هاوار بکەم، حەز ئەکەم بەردەوام بگریم. سەرم لەناو سەرینەکەمدا نوقم ئەکەم. دەنگی دایکم لە خەوێکی قووڵ خەبەرم ئەکاتەوە:
– کچێ فریال وەرە چای بۆ باوکت بەرە..

Previous
Next
Kurdish