Skip to Content

پاتریۆتیزمی ئابووریی و ناسیۆنالیزمی بیزنس لەنێوان، نەوشیروان موصطەفا و بارزانییدا

پاتریۆتیزمی ئابووریی و ناسیۆنالیزمی بیزنس لەنێوان، نەوشیروان موصطەفا و بارزانییدا

Closed
by ئه‌یلول 14, 2016 General, Opinion

کامیار سابیر

سەردەمانێک، لەناو زۆربەی کۆمەڵانی خەڵکدا، بەتایبەتیی، توێژی گەنجانی کوردستان، پارتییبوون، جۆرێک لەکەی (سیاسیی، مۆراڵیی و کولتووریی) بوو. ئێستا، پارتیی بەهۆی مۆنۆپۆلکردنی سێکتی نەوت و بازاڕی کوردستانەوە، بەهۆی کۆنترۆڵکردنی مەلەفە ئابووریی، سیاسیی و دیپلۆماسییەکانەوە، سەرەنجامیش بەهۆی ناسیۆنالیزمی بیزنس Business Nationalism بەگشتیی و ناسیۆنالیزمی پێترۆڵیۆم بەتایبەتیی، هەموو حیزبەکانی تر، سەرجەم نوخبەکان و سیاسییەکان، بگرە تەواوی خەڵکی کوردستان، بەچاوی رەعییەتەوە( بە مەغزا فارسییە-نێگەتیڤەکەی) سەیردەکات. جیاوازیی سەرەکیی پارتیی، لەگەڵ یەکێتیی، گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی( یەکگرتوو، هێزی یەدەکیی پارتیی و ئەردۆغانیزمن) ، ئەوەیە کە پارتیی، بەرنامەیەکی روون، مانیفێستێکی شەفاف و روئیایەکی جەریئانەی، بۆ بیزنسەکەی هەیە. پارتیی، شتی هەیە بۆی تێدەکۆشێ و رەپوڕاست، بەپێوە وەستاوە و پاسەوانیی لە بیزنسە دەیان بیلیۆن دۆلارییەکانی دەکات. ئەوەی بە ئینگلیزیی پێیدەگوترێ( Stand for something) ، لەبەرامبەریشدا، یەکێتیی، گۆڕان و کۆمەڵ لەگەڵ حیزبە قنجیلەکانی تردا، هیچ شتێکیان نییە لەسەری رابوەستن و هەوڵی بۆ بدەن( Stand for nothing). دیارە، یەکێتیی، دزێکی گەورەی تیجاڕەتی نەوتە و لە ناسیۆنالیزمی بیزنسدا شەریکە، بەوپەڕی جەبانیی و مێنتاڵیتیی مافیاییەوە، تەصدیقی پرۆژە دۆزەخییەکانی پارتیی کردووە.

پارتیی و بارزانیی، وەکو گرووپێک بیزنسمان کە خاوەنی پسپۆرایەتییەکی زۆر عەیارن، بە کەپسولی ریفراندۆم، بە گولاجی سەربەخۆیی، بە ئیستیحماری خۆماڵییکردنی نەوت، بە فشقیاتی جیابوونەوە لە عێراق، بە ریتۆریکی پۆست سایکس-پیکۆ و درۆودەلەسەکانی کەمپەین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، جوڕەیان لەهەموو حیزبە سیاسییەکان، زۆربەی هەرە زۆری نوخبەکان، رێکخراوە مەدەنیی و چالاکوانە جۆراوجۆرەکان بڕیوە. زۆرینەی کۆمەڵگەی کوردیی لە کوردستانی عێراقدا، بەهەرە نوخبە مونەوەرەکانیشەوە، لە پرۆسێسێکی ئیستیحماریی( کەراندن، یان کەرکردن) دوورودرێژدا، رێکوڕەوان، لە لایەن پارتییەوە، گێرەی بێگارییان پێدەکرێت. لەوە بگەڕێ کە مانیفێستی پارتیی و بارزانیی، مەرامە سیاسییە راستەقینەکانەکانیان، ئەجێندا ئایدیۆلۆژیی و ئابوورییەکەیان لە دوورونزیکەوە، پێوەندیی بە دەوڵەتی کوردستان، سەربەخۆیی کوردستان و ئازادی گەلی کوردەوە نییە. تۆ وەرە سەیری ئەوە بکە، پارتیی، چۆن هەموویانی لەکونی ژوورەوە ناوە؟ چۆن زراوی هەموویانی بردووە و بەهەرچوارلادا تەخوینیان دەکات و کەسیش جورئەت ناکات بەم ناسیۆنالیزمە قەشمەرە مورتەزیقەیەی تورکیا بڵێ، ئەم قیڕەقیڕەی کوردایەتییە، ئەم فاشیزمە کاژیک و پاسۆکییە، کەمێک خاو بکەنەوە؟ نا، بە پێچەوانەوە، هەمووان خۆیان لە نەڕەنەڕی ئەم ناسیۆنالیزمی بیزنسەی پارتیی دەدزنەوە و بگرە کەم تا زۆریش، بەمۆتیڤی ئیستیحماری کوردایەتیی و بە فاشیزمە سیاسیی و کولتوورییەکەی، هاوڕایی دەکەن.

زۆربەی ئەوانەی دەیانەوێ رەخنە لە ئەشکەوتە چۆڵەکانی کوردایەتیی، لە فاشیزمی کوردایەتیی و فەلسەفە بەتاڵەکانی بگرن، یان رەخنە لە دروستکردنی دەوڵەت، ئابووریی خێڵ، ناسیۆنالیزمە چەتەگەرییەکەی پارتیی بگرن، لەترساندا، وەکو ئەوەی زراویان چووبێت، پێشوەخت، بە کۆمەڵێ رستەی بریقەدار، دەمیان تەڕ دەکەن و شاهێدمان بە دەوڵەتی کوردیی و سودۆریفراندۆم دەهێنن و لە ئیستیحمارییە سیاسیی و فیکرییەکەی خۆیانەوە، دەڵێن دەوڵەتی کوردیی خەونی هەموو کوردێکە! بەڵام بەمشێوەیە نابێت و بە شێوازی تر دەبێت! راستییەکەی ئەمە گەورەترین فشە، درۆ و جەهلی سیاسەتی کوردییە کە دەگوترێ دەوڵەتی کوردیی، خەونی هەموو کوردێکە. تۆ لەباری فیکریی و عەقڵانییەوە لەوە بگەڕێ کە دەوڵەتی کوردیی، نەژادیی و طائیفییە و لەگەڵ دەوڵەتی کوردستاندا، جیاوازیی ئاسمان ورێسمانی هەیە، بەڵام وەکو داتا و ئاماریش، زۆرینەی رەهای کورد، لەو چل میلیۆن کوردەی دونیا، لەگەڵ ئاراستەی سیاسیی و فیکریی پەکەکەدان و ئەوانیش بەئاشکرا، بە جورئەت و عەقڵانییەتەوە، دەوڵەتی نەژادیی( دەوڵەتی کوردیی)، سروودی نەژادیی ئەی رەقیب و ناسیۆنالیزمی نەژادیی-کوردییان رەتکردووەتەوە و دەوڵەتی نیشتمانیی، ئازادیی و پێکەوەژیانیان، بۆ گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە، هەڵبژاردووە و کاریشی بۆ دەکەن.

کۆکتێلی ناسیۆنالیزمی پێترۆڵیۆم و ناسیۆنالیزمی بیزنس، خەڵکی کوردستان، برسیی دەکەن، ئابڵۆقەی ئابووریی لەسەر کەرامەتی ئینسانی کورد دادەنێن، صەدان هەزار گەنج بێکار دەکەن، لەگەڵ داعش و تورکیادا، صەفقەی سیاسیی و ئابووریی دەکەن، بۆ ئەجێندای قەطەر و پادشای سعودییە، مەئمورییەتی طائیفیی جێبەجێ دەکەن و بیر لە دامەزراندنی ستاتۆیەکی سوننیی-طائیفیی-عەشیرەتیی دەکەنەوە، شەنگال نەک هەر بە ئێثنۆساید دەدەن، بەڵکو بازاڕی کۆیلایەتیی و سەبایا فرۆشتنی سەردەمی خولەفاکانی راشیدین و ئەمەوییەکانیش، لەسەر خەڵکی شەنگال تاقیدەکەنەوە. بەناوی دەوڵەتی کوردییەوە، لە فاشیزمە پانتورکیی و دینییەکەی ئەردۆغان، زیاتر دژایەتیی کانتۆنەکانی کوردستانی سوریا دەکەن. پارتیی و بارزانیی، هەموو ئەمانەیان بۆچووەتە سەر، وێڕای ئەوەی کە کۆنتراکتە نەوتیی و ئابوورییەکانی ناسیۆنالیزمە دەڤەرییەکەی( territorial ) بارزانیی، صەدان بیلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، بەڵام ئەم چەتەگەریی و تاڵانچییەتییەی، هەرگیزاوهەرگیز بەبێ یەکێتیی ( ماڵی تاڵەبانیی بەتایبەتیی)، بۆ نەدەچووە سەر، بەبێ ئیستیحمارییە سیاسیی و فیکرییەکانی کادیرە هەرە باڵاکانی گۆڕانیش، نەیدەتوانی، بەو ئاسانییە، درێژەی پێبدات.

پلوراناسیۆنالیزم Plurinationalism یان فرە-ناسیۆنالیزم، سەری کۆمەڵێ ناسیۆنالیزمی بەیەکەوە گرێداوە. پلوراناسیۆنالیزمەکەی پارتیی و بارزانیی، لەگەڵ ناسیۆنالیزمی پانتورکیی و ناسیۆنالیزمە دینییەکەی ئەردۆغاندا، هەروەها لەگەڵ ناسیۆنالیزمە عەرەبییە مەذهەبییە-سونییەکە و سەرەنجامیش لەگەڵ ناسیۆنالیزمە طائیفییەکەی داعشدا، هەموویان، بۆ بەرژەوەندیی ئابووریی و ناسیۆنالیزمی بیزنس، پێکەوە دەگونجێن، بەڵام لەگەڵ پاتریۆتریزمەکەی پەیەدە و هەدەپەدا ناگونجێن و هەموویان بەخوێنی سەری کانتۆنەکان تینوون. لەبەرامبەریشدا، پارتیی و بارزانیی، ناسیۆنالیزمێکی تەصەوفیی و عیرفانی نەتەوەیی (National mysticism)، وەکو شەراب، بەقوڕگی زۆربەی حیزبەکاندا دەکات و هەموویانی بەم ناسیۆنالیزمە تیجاڕیی و چەتەگەرییەی کوردایەتیی، لای کەم لەباری سیاسیی و کولتوورییەوە، خەنیی کردووە.
هاوکات، پارتیی لە فەضای گشتییشدا Public sphere، بەهاوکاریی ئیستیحمارییەکانی ناسیۆنالیزمی دایاسپۆرا، ناسیۆنالیزمێکی سایبەری Cyber-nationalism دروست کردووە، لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا سێبەرەکانەوە، کەمپەین بەدوای کەمپەیندا دەکەن. دەیان و صەدان کادیر، ئەندام پارلەمان، راوێژکاری لەبرسا مردوو، ئوستاذ و ئەکادیمیستی نەفسبەرزی سەر بە گۆڕان و سەر بەیەکێتیی، لە چەپەکان و لە ئیسلامییەکان، ئاویان بە ئاشی ئەم ناسیۆنالیزمە سایبەرەدا کردووە و دەیکەن. لەسەر ئەرضی واقیعیش، پارتیی و ناسیۆنالیزمی بیزنسەکەی، لە کۆبوونەوە نهێنیی و موخابەراتییەکانی خۆیاندا، لەگەڵ دەسگا موخابەراتییەکانی تورکیا، قەطەر، سعودییە و تەنانەت ئیسرائیل و ئەمێریکاشدا، جگە لەوەی فشقیاتی عیرفانی نەتەوەیی و تەصەوفی نەژادیی، دەچڕن، شتێکی تر ناکەن. ئەوەی باسی کێشەی سیاسیی کورد و مەسەلە سیاسییەکەی بێت، نایکەن، بەڵکو تەنیا و تەنیا باسی ناسیۆنالیزمی بیزنس پارەپێکەوەنانی زیاتر و سەرمایەگوزاریی و بیزنس، دەکەن.

نەوشیروان موصطەفا و ناسیۆنالیزمی بیزنس

ئایا نەوشیروان موصطەفا، لەبەرامبەر هەژموون و دزییە دەیان بیلیۆن دۆلارییەکانی ناسیۆنالیزمە پێترۆڵیۆم و ناسیۆنالیزمە بیزنسەکەی پارتییدا، لەبەرامبەر، تیجاڕەتە بیلیۆن دۆلارییەکانی باڵەکانی یەكێتییدا، هیچی پێدەکرێ؟ لەکاتێکدا، بەشێکی زۆر لەو نوخبە سیاسیی، نووسەر و رشتە جۆراوجۆرانەی خۆیان بە تەنافی گۆڕاندا هەڵخستبوو، بۆ شیرینییەکانی نەوت، چەوراییەکانی پێترۆڵیوم، بۆ گیرفان و بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان بوو. هۆکارەکەی ئەوە بوو لە روویان نەدەهات لە سەنگەری پارتیی و یەکێتییەوە ئەم کارە بکەن، هاتن لە کەناڵی گۆڕانەوە ئەم کارە بکەن. ئەمانە هەمیشە دەروێشی ناسیۆنالیزمە نەوتییەکە بوونە و بەهۆی حەماقەتی کولتووریی و فیکرییشەوە، ئەم کارەیان لە رابردوودا لەئەستۆ گرتووە. بە زمانی شەعبیی بەمانە دەگوترێ پارتییەکانی ناو گۆڕان، زۆریشمان، لەم میرابۆیانەی گۆڕان ویەکێتیی، میرابۆی ئیسلامییەکان و چەپەکان بینی، ئاویان بە ئاشی ناسیۆنالیزمی بیزنسدا دەکرد و هەندێکیشیان بەردەوامن. ئەمانە زۆربەی هەرە زۆریان، ئەگەر لەترسی هەژموون، ویقاری سیاسیی و عەسکەریی نەوشیروان موصطەفا نەبێت، بە ئاشکرا رایدەگەیەنن، وەکو لق، دەگەڕێنەوە سەر رەچەڵەکی خۆیان( دەوڵەتی کوردیی ، صەنعەتە سەفیلەکەی و ناسیۆنالیزمە تاڵانییەکەی) .

بەڕاست، ئایا شەخصی نەوشیروان موصطەفا، خۆی باوەڕی بەو پاتریۆتیزمە دەستورییە Constitutional patriotism هەیە کە جاروبار، لەبەرامبەر لەعنەتییەکانی ناسیۆنالیزمی بیزنس و ناسیۆنالیزمی نەوتدا، باسی دەکات؟ مەبەستمان لە نیشتمانییبوونی دەستوریی، لە جوغزە فەلسەفییەکەی هابرمازJürgen Habermas و جاسپەرسیKarl Jaspers خویندکاری نییە، بەڵکو مەبەستمان لەو پۆپۆلیزمە کوردایەتییەی سیاسەتی کوردییە، ئەو پۆپۆلیزمەی گۆڕانی وەکو چێشتی مجێور لێکردووە لە راست و لە چەپ، لە دینیی و لە عەلمانیی، کۆبوونەتەوە کە لەباری فیکریی و ثیۆرییەوە، لەباری پراکتیک و مەیدانییەوە، هیچیتریان پێ نییە، تەنیا ئەوە نەبێ کە تەشێی بەدامودەسگاییکردن دەڕێسن. لەکوێشدا دەیڕێسن؟ لە زەقیتەی ناسیۆنالیزمە نەژادیی و خێڵەکییەکەی بارزانییدا، لە ژێر کەپری ناسیۆنالیزمە تیجاڕیی و بیزنسە دەیان بیلیۆن دۆلارییەکانی پارتییدا، دەیڕێسن. ئایا، لەنێو ئەم هەموو عەصابەیەی کوردایەتییدا، لەناو ئەم هەموو میلیاردێرەی نەوتدا، شەفافیی لە داهات و گەڕانەوەی شەرعییەت، دەستبەکاربوونەوەی پارلەمانتارە مودەلەل و کوڕوکچە پۆشتەو پەرداخەکانی گۆڕان و یەکێتیی، هیچ لە مەسەلەکان دەگۆڕێت؟ ئایا هەڵکردن لەگەڵ ئەم هەموو تاجیرە نیشتمانفرۆش و مۆراڵنزمانەدا، بەهیچ شوێنێک دەگات؟ گومانی تێدا نییە، شێتەکانیش، وەڵامی ئەم پرسیارانە دەزانن و لە عاقڵەکانی گۆڕان و یەکێتیی، لەسەر ئەم مەسەلانە، ساغترن.

ئەگەر پاتریۆتیزمی ئابووریی Economic patriotism، بەپێی ستانداردە لیبڕاڵییەکانیش، وەربگرین، ئەوە پاراستنی چینی مامناوەندی کۆمەڵگە، بە نیشتمانییکردنی ئابووریی و بەتایبەتیی سامانە سروشتییەکان، بە نیشتمانییکردنی دامودەسگا حیزبیی و ئایدیۆلۆژییەکان، بەگەڕخستنی بازاڕی کار بۆ گەنجان و دۆزینەوەی کار بۆیان، گەشەدان بەسەرمایەی نیشتمانیی، لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەم میثۆدە سیاسییەی پاترێۆتیزم دەبێت. لەماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا، گۆڕان، جگە لە کۆمەڵێ ریتۆریکی سیاسیی، چوار کادیر و نووسەری موعەزەزی دروست نەکردووە کە لە دەردەسەرییەکانی ناسیۆنالیزمی ئابووریی Economic Natioanlism بگەن و چوار حەرفی حیسابیی لەسەر بڵێن. لەبەرامبەردا، ناسیۆنالیزمی بیزنس و ناسیۆنالیزمی ئابووریی، وەکو دوو کۆڵەکەی سەرەکیی لە ئەجێندا سیاسیی و ئابوورییەکانی پارتیی، بەشێکی زۆری کادیر و نووسەرەکانی سەر بە یەكێتیی و گۆڕانی، لەباری سیاسیی و فیکرییەوە،تەواو خەساندووە و بە پاشماوە هەرە قڕەکانی شیرینییەکانی نەوت و غاز، مەغز و عەقڵ و ئاگاییانی کوناودەر کردووە و چەندین میرابۆی دەم هەراشی سەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکانی، لێ بەسیجکردوون.

پارتیی، بەهۆی کڕینی وەلائی هەزاران لەوانەی پێیان دەگوترێ نوخبەی ورگ زل و بەساڵاچووی بێ بەهرە، بازاڕێکی گەورەی لە ئیڵیتیزمی ( نوخبەگەریی) گەندەڵ، داوەشاو و چڵێس دروست کردووە، دەتوانێ وەکو رەعیەت لە بازاڕی سیاسیی و موناوەرەدا، مامەڵەیان پێوەبکات، کەمپەینیان پێ بکات و بەکاریان بهێنێت. ماڵی بارزانیی و ئەو هەموو نوخبەیەی بەیعەتیان داوەتێن، توانای جوڵاندنی هەموو جۆرە کارتێکیان هەیە و دەم و قەپۆسی نەیارانیشیان، بە ئیستیحمارییەکانی دەوڵەتی کوردیی و فاشیزمی کوردایەتیی، بەتەواویی بەستووە. شەرعییەتی ئەم پۆزلێدانە سیاسیی و ئەم عەنتەرییاتە ئابوورییەیان، لە مەرجەعییەت و موئەسەسەی فاشیزمی کوردایەتییەوە وەرگرتووە. تا فاشیزمی کوردایەتیی، تا ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی نەکوتیتەوە، بەهیچ جۆرێک ناتوانرێ شەرعییەتی بیزنسی دەیان بیلیۆن دۆلاریان لەدەست دەربهێنرێ. پارتیی، زۆر باش دەزانێت، شادەماری سەرەکیی ئەم خوێنبەر و خوێنهێنەرانەی دڵی بیزنسە زەبەلاحەکەی لە مەرجەعییەتی کوردایەتیی، دەوڵەتی کوردیی و سودۆ-ریفراندۆمەکەیەوە، خوێنی ئابوورییە چەتەگەرییەکەی، وەردەگرن، بۆیە ئەوەندە بە حەماسەوە، داکۆکیی لە ناسیۆنالیزم و کوردایەتیی دەکات. بەبێ پانکردنەوەی سەری ئەژدیهای کوردایەتیی، لەوێشەوە بەتاڵکردنەوەی درۆدەلەسەکانی ریفراندۆم و ویلایەتی کوردیی، ناتوانرێ و ناکرێ ناسیۆنالیزمی بیزنس و ناسیۆنالیزمە ئابوورییەکەی پارتیی، لە قەڵەوبوون و کەڵەگایی رابگیردرێن. ئەمە بە سیاسەت بە تەنیا ناکرێ، بەڵكو بە فیکری سیاسیی، روئیەی شەفاف، روئیای عەقڵانیی و سەرەنجامیش بە جورئەت و ئیرادەی سیاسیی لێبڕاو، دەکرێ.

نەوشیروان موصطەفا، لە دواهەمین ساڵەکانی تەمەنیدا، ئەگەر بەڕاستیی دەیەوێ ئابووریی کوردستان، لە دەستە نا ئەمینەکان وەربگرێتەوە و بەدەستی کۆمەڵێ گەنجی ئەمین و ئازای بسپێرێ، پێشئەوەی لە گەندەڵخانە و مافیاکانی یەكێتییەوە دەست پێبکات، دەبێ لە قاوەخانە و چایخانەکانی گردەکەی خۆیەوە دەست پێبکات. حیزب، وەکو گۆڕان کە کەمپەینی دژی گەندەڵیی وناعەدالەتیی دەکرد، بەڕێوە ناچێت. بەو سەرکردە میلیشیا عەسکەرییانەی جارانی یەکێتیی کە ژێربەژێر، خەریکی بیزنس و تیجاڕەتن، بەو فاشیلە سیاسییانەی کە بەرژەوەندیی ماددیی و ژیانی خۆیان و منداڵە مودەلەلەکانیان، لە بەرژەوەندیی گشتیی بۆ گرینگترە، بەڕێوە ناچێت. بەو کۆنە ئیخوانیی و ئیسلامییە تۆراوانەی، تەجاوزی عوقدەی سوننییبوون و فاشیزمی ئیخوانییان نەکردووە، بەڕێوە ناچێت. بە ئەکادیمیستی موغازەکانی کوردایەتیی، بە ناسیۆنالیستی زبڵخانەکانی کوردایەتیی، بەو نووسەر و کاندید و نوخبە پۆپۆلیستانەی بۆ پۆست و شیرینییەکانی نەوت، ملی خۆیان دەشکاند، یان ئەوانەی لە رێی حیزبەکانی ترەوە، بەرژەوەندییان دەست نەکەوت و خۆیان بە کۆڵانە بەرینەکانی گۆڕاندا کرد، بەڕێوە ناچێت. بەو کۆمۆنیستە مورتەدانەی بۆ بەرژەوەندیی شەخصیی لە گۆڕان نزیک بوونەوە، بە شیوعییە خاڵییەکان لە فیکر و بە چەپە هەلپەرستەکانی ناو گۆڕان بەڕێوە، ناچێت. گۆڕان ئەگەر میکانیزمی جوڵاندنی ناعەدالەتییە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکە لە کوردستانی عێراقدا، دەبێ پێش هەموو شتێ موئەسەسەیەکی فیکریی و سیاسیی، روئیە سیاسییەکان و هەنگاوە عەمەلییەکانی لەسەر ئەرضی واقیع جێکەوت بکات. ئەمانەش دەبێ زاخاودرابن بە نەهجێکی فیکریی جەریئانە کە توانای تەحەداکردنی چەتەگەرییەکانی کوردایەتیی، ناسیۆنالیزمی بیزنس و دەوڵەتە کوردییە مورتەزیقەکەی، بەکردەوە و بە فیکر، بە روئیە و بە روئیاوە هەبێت.

بەمردنی نەوشیروان، گۆڕان لە یەکێتیی خراپتری بەسەر دێت. هۆکارەکەیشی یەک شتە، گۆڕان خاوەنی نەهجێکی سیاسیی و فیکریی روون و شەفاف نییە. گۆڕان لەماوەی ئەم حەوت هەشت ساڵەدا، نەیتوانیوە، چەند کادیرێک، چەند سیاسییەک و چەند نووسەرێکی عەقڵانیی و خاوەن دید و پرۆژەی جەریئانە دروست بکات. زۆربەی هەرە زۆری ئەو هەموو ئەکادیمیست و سیاسیی و نوخبانەی لە گۆڕان، ئاڵاون، هێشتا تەجاوزی ناسیۆنالیزمەکەی مەلا موصطەفا، کاژیک و پاسۆکیان نەکردووە، هێشتا تەجاوزی وڕێنە نەژادییەکانی کۆمەڵەی دوای “ئارام”یان نەکردووە، تا بەناسیۆنالیزمە تیجاڕییەکەی ئێستا دەگات. ئەم هەژارییە، بە پلەی یەکەم لە هەژاریی فیکرییدایە. ئەگەر سەیری ئۆجەلان و زیندانییکردنەکەی بکەیت ( کە مردنێکی شێنەییە لەژێر زەبری زیندانی تەنیاییدا)، بەڵام ئەوەندەی نووسین و تێزی سیاسیی و فیکریی بۆ پەکەکە جێهێشتووە، بە مردنی ئۆجەلان، یان هەر سەرکردەیەکی تری ئەو حیزبە، پەکەکە، نەک تووشی شۆک و لەرینەوە نابێت، بەڵكو مکۆمتر دەبێت. مەبەستم لەو لایەنگرانەی پەکەکە نییە لە کوردستانی عێراقدا کە هێشتا کاژی کوردایەتییان فڕێ نەداوە، بەڵکو مەبەستم لەوانەیە کە لەناو ئەو هەموو فاشیزمە سیاسیی و مەذهەبییەی ناوچەکەدا، چەند کولتوورێکی باڵایان لە تۆلێرانسی فیکریی و سیاسیی داهێناوە؟ ئەو عەزم و جەزمە عەسکەرییانەی پەیەدەش لە کوردستانی سوریا، لەبەرامبەر وەحشییترین گرووپی تێرۆریستیی و سپۆنسەرەکانیدا( تورکیا، قەطەر، سعودییە و پارتیی)، جێکەوتی دەکەن، جەرائەتە عەسکەرییەکەی بۆ ئازایەتییە فیکرییەکەی و روئیا سیاسییەکەیان، دەگەڕێتەوە.

ئەوە، راست نییە کە سامانی نیشتمانیی خەڵکی کوردستان، تەنیا پارتیی دەیدزێ و لەگەڵ تورکیا و ئەردۆغاندا، بیزنسی گەورەیان لەسەر بنیاتناوە. ئەم مەئمورییەتەی بەم ویلایەتە نەوتییە تاڵانییە دراوە، وێڕای ئەوەی شەرعییەتی لە ناسیۆنالیزمی ئابوورییەوە وەرگرتووە، بەڵام شەرعییەتی سیاسیی، قانونیی و دەستوریشیی( ئەگەر شتێکی وا هەبێت)، لە میلیشیاکانی یەکێتیی و ماڵی تاڵەبانییەوە وەرگرتووە. هاوکات، بەشێکی کەمی ئەم شەرعییەتەش، لە خۆشخەیاڵیی و ناعەقڵانییەتی دیدو تێڕوانینی سیاسیی قیادەی گۆڕانەوە وەرگرتووە. ئەگەر سەیری رێککەوتنە سیاسییەکەی یەکێتیی وگۆڕان بکەیت، لە شوێنێکدا باسی ریفراندۆم دەکەن! ئەم باسکردنە، جگە لەوەی کە ترسێکی خورافییە لە ناسیۆنالیزمەکەی پارتیی و لە کوردایەتییەکەی پارتیی، لە دوورونزیکەوە پێوەندیی بە واقیعی سیاسیی کوردستان و عێراقەوە نییە. تەنیا و تەنیا، ترس و تۆقاندن لە کەمپەینەکانی موئەسەسەی فاشیزمی کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمی بیزنس، چەمکی ریفراندۆمیان، بە تۆبزیی خزاندووەتەوە ناو ئەو بەیاننامەیەوە.
ئەوە ئەگەر “عەما سەلەف” بنێردرێ بۆ نەوەکانی ئێستا، بۆ هەموو ئەوانەی رۆیشتن و بە ئاهی ساردەوە سەریان نایەوە، نە ئازادیی کوردستانیان بینی و نە خێریشیان لەو هەموو سامانە سروشتییەی کوردستان کرد، ئەی بۆچی دەبێ نەوەکانی ئاییندەش باجی ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی و ناسیۆنالیزمە ئابوورییەکەی پارتیی، شەریکایەتیی و دزییەکانی یەکێتیی، سەرسامیی، خۆشخەیاڵیی، بێدەربەستیی و واقوڕمانەکانی گۆڕان، خورافاتە سیاسییەکانی ئیسلامییەکان، دروشمە بێتام و ئایدیۆلۆژییەکانی چەپەکان و سەرەنجامیش باجی بێدەسەڵاتییەکانی ئێمە بدەنەوە؟ بۆچی دەبێ قوربانییدانی گەلێکی پێنج میلیۆنیی، لە درێژەی یەک چەرخی تەواودا، هەمووی بچێتە گیرفانی کۆمەڵێ تاجیری گەورە و ملیاردێری نەوتەوە؟ بۆچی دەبێ چەتەکانی کوردایەتیی، بنەماڵە سیاسییەکانی کوردایەتیی، خاوەنی دەیان بیلیۆن دۆلار بن و زۆرینەی رەهای خەڵکی کوردستانیش، لەوپەڕی هەژاریی و بێدەرامەتییدا بژیەن؟ ئەم ناعەدالەتییە گەورەیە، مێژووی لە هەموو جیهاندا نییە. نە نەیجیریا، نە باشووری سودان، نە گەندەڵترین وڵاتانی ئەفریقا و ئەمێریکای لاتین، تەنانەت نە سۆماڵ، نە یەمەن و نە ئەفغانستانیش، نموونەی تاڵانیی، چەتەگەریی و ناسیۆنالیزمی سەخیف، دز و مورتەزیقەی لەمشێوەیەیان نییە. ئەگەر بەرپرسانی یەکەم، بارزانیی و تاڵەبانیی بن، ئەوە نەوشیروان موصطەفاش، وەکو سەرکردەیەک کە خۆی بە نەیاری ئەم ناعەدالەتییانە دەزانیت، پشکی لەم بەرپرسیارییەتە بەردەکەوێ کە نەیتوانیوە، هاوکێشەکانی ئەم ناعەدالەتییانە، قڵپ بکاتەوە.

ئێستا بۆ کەسێک کە خوێنەوارییەکەی بە ئاستی “محوالامیة”ی سەردەمی بەعثیش هەبێت، لەوە تێدەگات کە پارتیی و ماڵی بارزانیی، لەژێر قاووقریوی ریفراندۆمدا، لەژێر قیڕەقیڕی دەوڵەتی کوردییدا، لەژێر ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی و مەئمورییەتە طائیفییەکانی کە لەلایەن حیلفی ئەهریمەنی سوننییەوە، پێیان سپێردراوە، ساڵانە چەندین بیلیۆن( میلیارد) دۆلاری کاش پاشەکەوت دەکەن. ئێستا گەلحۆترین کەس لەوە تێدەگات کە یەکێتیی وەکو کۆمەڵێ باندی مافیایی، بە نهێنیی لەژێرەوە بە صەفەقاتی تیجاڕیی صەدان میلیۆن دۆلاریی و بگرە بیلیۆن دۆلاریی، عیزەتی سیاسیی و مۆڕاڵی سیاسییان، لەلایەن کوردایەتیی ئۆریجناڵەوە کڕدراوە و ناتوانن خاوەنی بڕیارێکی سیاسیی یەکلاکەرەوە بن. لەبەرامبەر ئەو هەموو سەرگەردانی، چەقبەستنە سیاسیی، ئیستیحمارییە کولتووریی و ئابوورییەدا، ئەی گۆڕان و قیادە سیاسییەکەی لە کوێدا وەستاون؟ ئەی تا کەی گەنجانی کوردستان و نەوەکانی ئاییندە، یەخسیری ئەم کۆمەڵە مافیا سیاسیی و ئابوورییە بن؟ کارەسات ئەوەیە، بەشێکی زۆری ئەندام پارلەمان و راوێژکارەکانی گۆڕان، هێشتا چاویان لەوەیە پارتیی دڵی نەرم بێت و تۆرانەکەیان کۆتایی پێبهێنن و بە شیرینیی و غەزوبەزی تاڵانییەکانی ناسیۆنالیزمی نەوت و غاز، ئاشت ببنەوە. ئایا بەڕاستیی، ئەمانە ماڵێ گۆڕان و ئاڵوگۆڕی سیاسیین؟

قائیدی سیاسیی، بەتایبەتیی ئەگەر بەهۆی رووداوە سیاسیی و عەسکەرییەکانی کوردستانەوە، کاریزمایەکی سیاسیی و عەسکەریی پەیدا کردبێ، لەم کاتەدا نەتوانێ ئەم گۆمە بشڵەقێنێ، نەتوانێ پاش ئەو هەموو ستەم و ناعەدالەتییە کۆمەڵایەتیی و چینایەتییە، پاش ئەو هەموو چەتەگەرییەی ناسیۆنالیزمی کوردایەتیی، پاش برسییکردنی بەبەرنامەو بەئەنقەستی خەڵکی کوردستان، ئەگەر نەیەوێت شتێک بکات، ئەی کەی دەیکات؟ ئێستا، گۆڕان بووە بە لەمپەرێک لەبەردەم ناڕەزایەتییەکانی خەڵكی کوردستاندا و ناهێڵێت، جامی غەضەبی خەڵک لێی بڕژێتەوە. ئەم هەلومەرجە سەختە ئابوورییە، بە رێکخستنەوەی ناوماڵی کوردیی و خەونی شاعیرانەی کوردایەتیی و قسەی نەجیبزادە سیاسییەکانی کورد ناکرێت، درێژەی هەبێت؟ گۆڕان و نەوشیروان موصطەفا، بە خۆیان بزانن یان خۆیانی لێ نەبان بکەن، بوونەتە لەمپەرێک لەبەرامبەر پەنگخواردنەوە و پیشخواردنەوەی صەدان هەزار گەنجی کوردستان. گۆڕان، بە درێژەدانی بەم بێدەنگییە و بەم خۆگونجاندنە لەگەڵ بەشێک لە تاجیرەکانی نەوت، خەونی جەماوەرێکی بەرینی خەڵکی کوردستانی، بۆ گۆڕینی سیستەم و ناعەدالەتییە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکان، نەک هەر راگرتووە، بەڵکو بە شێنەیی دەینێژێت. هەموو ئەم بێدەنگیی و غەمساردییەی گۆڕان، پەیامێکی روون و ئاشکرای بۆ دەیان هەزار گەنج، پێیە. ئەویش ئەوەیە دەبێ بیر لە سەردەمی پۆست گۆڕان بکرێتەوە. سیاسەت، چەند بۆ ئێستا دەکرێ، دەبێ ئەوەندەش بۆ ئاییندەی دوور و نزیک بکرێت. ناکرێت تا دەیان ساڵی تر، چەتەکانی کوردایەتیی، حوتەکانی دەوڵەتی کوردیی، درێژە بە دزیینی دەیان بیلیۆن دۆلاری سامانی نیشتمانیی بدەن!

لە کۆتاییدا، گۆڕان و یەکێتیی، ئەگەر بەڕاستیی ئیرادەی سیاسییان هەیە، دەتوانن پتر لە نیوەی ئابووریی کوردستان، سیاسەتی کوردیی، مەلەفە دیپلۆماسیی و تیجاڕییەکانی کوردستان لەدەست پارتیی دەربکەن. دیارە پێش هەموو شتێ، ئەستەمە، ئەم قیادە تیجاڕیی و قیادە میلیاردێرانەی یەکێتیی، ئەم جەرائەتە سیاسییەیان هەبێت و ئەمە بکەن. هاوکات ئەستەمە بەو قیادانەی گۆڕان و ئەو کادیرانەی گۆڕان بکرێ کە دەوڵەتی کوردیی و ئابووریی سەربەخۆی خێڵ، مەرجەعی ئابووریی و سیاسییانە( تەنانەت ئەگەر شەخصی نەوشیروان، خۆیشی بێت). هەموو ئەوانەی باسکران، بەو کەسانە دەکرێ کە تەجاوزی ئیستیحمارییە سیاسیی، فیکریی و کولتوورییەکانی کوردایەتییان کردبێت، تەجاوزی ناسیۆنالیزمی بیزنسیان کردبێت. بە فیکر و روئیای گەشەوە، بانگەوازی پاترێۆتیزمی ئابووریی شەفاف، دوور لە هەژموونی حیزب و مافیاکانی بکەن. ئەگەر، هەرکەسێک، هەر کادیر و مونەوەرێکی ( یەکێتیی و گۆڕان)یش تەجاوزی ئەوانەیان نەکردبێ، باشترین، چاکترین و لێهاتووترین حیزب، بۆ کوردایەتیی، تەنیا و تەنیا پارتییە، بۆ ئەوەی بە یەکجاریی، سەنگەری بەرینی خەڵکی ناڕازیی کوردستان، لەسەنگەری مافیاکانی کوردایەتیی، جودا بێتەوە. ئەگەر هەر صەنعەتی کوردایەتیی بێت، ئەوە بە دەستی یەک و ئۆریجناڵ بیکەن( پارتیی)، زۆر باشترە بەدەستی دوو و سێ بکرێ. ئەوانەی دڵیان بە ئابووریی سەربەخۆ و دەوڵەتی رەیعیی خۆش بوو، یان هێشتا هەر لەو وڕێنانەدا دەژیەن، باشترە راستەوخۆ غوڵامی ئاغا بن، نەک بە دەستی دوو سێ، غوڵامی سەرکارەکانی ئاغا بن.

Previous
Next
Kurdish