Skip to Content

تەوەرەی دەنگەکان سەبارەت بەکاری هەروەزی … نووسەر: هەژێن

تەوەرەی دەنگەکان سەبارەت بەکاری هەروەزی … نووسەر: هەژێن

Closed
by ئازار 4, 2017 dengekan, General, Opinion, Slider

کورتەیەك بۆ ناساندنی هەرەوەزی :

هەرەوەزی دیاردە و بوونێکی مێژوویی و جیهانیی هەیە، هەرچەندە زۆر جار ڕەنگ و دەنگی سەردەمی سەرهەڵدانەکەی خۆی گرتووە؛ هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی ئایینی گروپە ئایینی و ڕێڕەوییەکان دەرکەوتووە و هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی خێڵەکی و گوندەکان دەرکەوتووە و هەندێك جاریش وەك خۆبەسێی کۆمەڵە هاوچەرخەکان لە سەردەمی جەنگەکان و قاتوقڕیی وشکە ساڵەکان دەرکەوتووە، بەڵام لەنێو هەموو سەردەمەکان هەرەوەزی و بیرۆکە و ئاوەزی ژییانی هەرەوەزیی بەجۆرێك بوونی هەبووە .

لەنێو ئەم ڕۆژگارەش لە هەرێمی کوردستان خەریکە لەنێو دەروونی قەیرانە ئابووریی و کولتووریی و مۆڕاڵیی و ڕامیاریی و جەنگیی- سەربازییەکان بەجۆرێك هەروەزییەکان و بیرۆکەی هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی وەك ئەڵتەرناتیڤێك خۆی دەردەخاتەوە. سایتی دەنگەکان وەك بڵندگۆی دەنگە ڕۆشنبیر و ڕەخنەگر و ناڕازی و بەهەڵوێستەکان بۆ ڕۆشنایی خستنە سەر مێژووی بزووتنەوە و بیرۆکە هەرەوەزییەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ئەم تەوەرەیەی بۆ گفتۆگۆ و لێدوان لەو بارەوە کردووەتەوە، بە هیوای سەرهەڵدان و درووسبوون و دروستکردنی دیالۆگ و لێدوانیی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی لەبارەی هەرەوەزی و بزووتنەوەی هەرەوەزی وەك ئەڵتەرناتیڤ.

لێرەدا بە زنجیرە وەڵامی نووسەران و چالاکوانانی بواری هەرەوەزی بڵاو دەکەینەوە.4

بەڕێز: هەژێن

دەنگەکان- سەرەتا ئەگەر بکرێت کورتەیەك لەبارەی ڕابووردووی چالاکی خۆت و ئاراستەی بیرکردنەوەت بۆ خوێنەران بگێڕیتەوە؟

هەژێن : سەرەتا زۆر سوپاس بۆ ئێوە کە تەوەرەیەکتان بۆ هەرەوەزی و هەروەزییەکان تەرخانکردووە و بە دیاردەیەکی مێژوویی و کۆن و هەنووکەیی کۆمەڵی هەژێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین گرنگیتان داوە، دەستان خۆش بێت و ئومێدوارم سایت و ڕۆژنامە و کەناڵە میدیاییەکانی دیکەش لە ئێوە چاوبکەن و ئەم بابەتە بورووژێنن. هەر ئاوا سڵاو و ڕێز بۆ خوێنەرانی هێژای سایتی دەنگەکان، کە کاتی خۆیان بۆ خوێندنەوەی ئەم دیمانەیە تەرخاندەکەن.

من ناوم هەژێن و لە نێوەڕاستی دەهەی هەشتای سەدەی ڕابوردوو بەم ناوە دەنووسم و یەکەمین دەرکەوتنم لەنێو بڵاوکراوە و گۆڤارەکان بۆ ساڵی ١٩٨٩ دەگەڕێتەوە، ئەو کات لەنێو ئوردووگەکانی ئێران بۆ گۆڤاری سروە، بڵاوکراوەی ئاڵای شۆڕش و گۆڤاری ئاوێنە فرەتر لە بوار زمان بابەتم دەنووسی و هەرچەندە ئەگەر باش لەیادم مابێت، یەکەم جار ساڵی ١٩٨٦ بابەتێکم بۆ ڕۆژنامەی هاوکاری نارد. ساڵی ١٩٩٢ تاکو ١٩٩٣ لە هەولێر هەواڵنێری بڵاوکراوەی (بۆپێشەوە) بووم و دواتر ساڵی ١٩٩٧ بە دواوە لەنێو هەر دوو گۆڤاری (ژیلەمۆ) و (دالیان) و پاش ئەوان لەنێو سایتە کوردییەکان نووسینەکانم بڵاودەکەمەوە. ئاراستەی بیرکردنەوەم لە ڕابوردوودا بەم ڕیزبەندییە بوووە، ساڵی ١٩٨٣- ١٩٨٦ وەك کۆمەڵەی ڕەنجدەران و ساڵی ١٩٨٦ – ١٩٩١ وەك کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و ساڵی ١٩٩١-١٩٩٣ وەك کۆمونیزمی کرێکاری و ساڵی ١٩٩٣-١٩٩٩ وەك کۆمونیستێكی شورایی و ساڵی ٢٠٠٠ تاکو ئێستا وەك ئەنارکیستێك بیردەکەمەوە، بەڵام هیچ کات لەو سەردەمانەدا کتومت وەك هەمووان بیرمنەکردووەتەوە و هەمیشە جیاوازی بۆچوون و دیتنی تایبەت بەخۆمم هەبووە و لە هەموو سەردەمەکاندا بە “ئەنارشیست/ فەوقەوی” ناوزەدکراوم و هەردەم لەتەك دیسپلین و گوێڕایەڵیی ڕێکخراوەیی و بڕیارە هیرارشیی و نێوەندییەکان گرفتم هەبووە و بەرەنگاربووم. ڕاستی لەلای ئەوان بوو، من بە سروشت ئەنارکیست بووم، بەڵام هوشیاریی ئەوەم نەبووە، کە ئەنارکیستبوونی خۆم ببینم و دەرکبکەم و تەنانەت زۆر جار دژی ئەو ناوزەدکردانە لە نائەنارکیستبوونی خۆم پێداگرییمکردووە.

لەبارەی چالاکی مەیدانی خۆم لە بواری تێکۆشانی جەماوەریی، دەتوانم هەر بۆ نێوەڕاستی دەهەی هەشتای سەدەی ڕابوردوو بگەرێمەوە، ئەو کات لەژێر کارایی ڕادیۆ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئێران بەردەوام بۆ یەکسانی ژن و پیاو پاگەندەم دەکرد. دواتر لەنێو ئوردووگەکانی ئێران لەتەك کۆمەڵێك هاوڕێی دیکە کەوتینە پاگەندە بۆ پێداویستی شورای پەنابەران لە بەرانبەر شورایەك کە دەوڵەتی ئیسلامی ئێران لە کەسانی ڕیش سپی و ئیسلامگەرا دروستیکردبوو. دواتر لە ساڵی ١٩٩٢ تاکو ساڵی ١٩٩٥ ئەندام و چالاکی یەکێتی بێکاران و کۆمەڵەی ئاوارەکان لە هەوڵێر بووم. ساڵی ١٩٩٥ کاتێك کە گەییشتمە ئەوروپا سەرەتا بۆ ماوەی دوو ساڵ لەتەك شورای پەنابەرانی عیراقی چالاك بووم و پاش ئەوە هەوڵماندا ڕێکخراوێك وەك ئەڵتەرناتیڤ بۆ پەنابەران دروستبکەین، بەداخەوە ئەو هەوڵە لە کۆبوونەوە سەرەتاییەکانی واوەتر نەچوو، هۆکارەکەش ئاراستەی ناسیونالیستی هەندێك کەس بوو، کە بەتەمابوون زمانی کوردی تاکو دەوڵەتی کوردی بکەنە ئەرکی ئاوا ڕێکخراوێك؛ ئێستاش پێشنووسی پەیڕە و پرۆگرامەکەی لەلای من پارێزراوە، کە ئامادەکردنی بە من سپێردرابوو.

دەنگەکان – “بزووتنەوەی هەرەوەزی” ئەم دەستەواژەیە بۆ تۆ چی دەگەیێنێت ؟

هەژێن : بۆ منێك کە هەرەوەزی کۆمەڵایەتی بە بەردی بناخەی ئەڵتەرناتیڤی سیستەمی مشەخۆریی و تاڵان و گەندەڵی و کرێگرتەکردنی مرۆڤ دەزانم، واتە خاڵی دەستپێکی گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ بنەما سروشتییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی و مرۆییبوونەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و خاڵیبوونەوەمان لە ڕۆبۆتبوونی مرۆڤ بۆ سیستەمی ڕامیاریی، واتە دابڕانی مرۆڤ لە لەخۆنامۆییەك ، کە سیستەمی چینایەتی بە باڵای مرۆڤی بڕیوە.

دەنگەکان – بە بۆچوونی تۆ هەرەوەزییەکان ئامرازی ڕیفۆرمکردن یان ئەڵتەرناتیڤن؟

هەژێن : پێش ئەوەی لە تێڕوانینی خۆمەوە ڕیفۆرمیستبوون یان ئەڵتەرناتیڤبوون دیاریبکەم، لەوانەیە پێویست بێت، کە بە گوێرەی دیتنی خۆم لە چەمکی ڕیفۆرم بدوێم. بەدواخەوە لەنێوان دیتنی ئایدیۆلۆجیانەی چەپ و ڕاست چەمکی ڕیفۆرم لە خۆی خاڵیکراوەتەوە؛ ڕیفۆرم واتە داڕشتنەوەی بڕیار و ڕێکەوتنەکان، هەر داڕشتنەوەیەك دەکرێت نیگەتیڤ یان پۆزەتێڤ بێت و پۆزەتیڤبوون و نیگەتیڤبوون بە بەرژەوەندی و خواست و چاوەروانی و دیتنی چین و توێژە کۆمەـڵایەتییەکان و لەوانیش وردتر بە هوشیاریی هەر تاکەکەسێکەوە پەیوەندی هەیە. هەم باشترکردنی گوزەرانی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان ڕیفۆرمە و هەم بڕینی خزمەتگوزارییەکان و مووچەی خەڵك ڕیفۆرمە؛ یەکەم لە بەرژەوەندی نەداران و بێدەسەڵاتانی کۆمەڵ و دووەم لە بەرژەوەندی داراکان و دەسەڵاتدارانی کۆمەڵ، هەر ئەوەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات [بڕینی مووچەی خەڵك، هەوڵی تایبەتییکردنەوەی کەرتی تەندروستی و پەروەردە و خوێندن] ڕیفۆرمە لە بەرژەوەندی کۆمپانییەکان و دەسەڵاتداران.
بەڵام ئەوەی کە هەرەوەزییەکان ڕیفۆرمیستن یان ئەڵتەرناتیڤ، لێرەدا دەبێت ڕیفۆرم لەنێو تێڕوانینی چەپ بخوێنینەوە، کە هەرچی خەڵکی زەحمەتکێش بە توانا و تێکۆشانی ڕۆژانەی خۆی بەدەستیبهێنێت، لە مێژوودا چەپ بە ڕیفۆرم ناویبردووە و زۆر جاریش ڕەتکراوەتەوە، بەو بیانووەی کە تەمەنی سیستەمی چینایەتی درێژتردەکاتەوە، هەڵبەتە ئەو پاگەندەیەی دوایی زیاتر لە زگی تێری وردەبۆرجواییەوە دەردەچێت. بەڵام ئەوەی کە سەرەنجام بەدەسەڵاتگەییشتنی کۆمەڵێك جەنەڕاڵ، یان پارتییەك تەواوبووبێت، بە شۆڕش وێناکراوە .

بە دیتنی من ڕیفۆرمکردنەوە بۆ خۆی نیگەتیڤ نییە، بەڵکو ئەوە جۆری ڕیفۆرمکردنەکەیە کە نیگەتیڤبوونەکە دیاریدەکات. کەمکردنەوەی ماوەی کرێگرتەیی (ماوەی کار)، زیادکردنی بەشی بەکرێگریدراو لەنێو پرۆسێسی بەرهەمهێنان (کرێ و مووچە)، بە واتایەکی دیکە کەمکردنەوەی قازانج و سوودی مشەخۆران و سەرمایەداران و دابینکردنی خزمەتگوزاری و بیمە کۆمەڵایەتییەکان، کە هەر هەموویان چ لە ڕابوردوو و چ ئێستا تەنیا بە تێکۆشانی هەر ڕۆژەی جەماوەری و کۆمەڵایەتیی بەدەستهاتوون، ڕیفۆرمن و ڕیفۆرمی پۆزەتیڤ، هەر ئاوا هەنگاوێك لە شۆڕشی کۆمەڵایەتی، شۆڕشێك کە لە کۆی هەنگاوە ورد و بنەڕەتییەکانەوە سەروەری و سیستەمی چینایەتی دەخاتە ژێر پرسیار و ئەفسانەی هەمیشەییبوون و نەمربوون و پێداویستیبوونی ئاوا سیستەمێك کاڵ و پووچەڵدەکاتەوە.

لەبەرئەوە و لەسەر بنەمای ئەو دیتنانەی سەرەوە، من بزووتنەوەی هەرەوەزی بە ئەڵتەرناتیڤ دەزانم و بەبێ کولتووریبوونەوە و ڕەنگدانەوەی هەرەوەزی کۆمەڵایەتی لەنێو وردترین و سەرەتاییترین پەیوەندی و ژیان و بوونی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵ، هەر گۆڕانێکی پۆزەتیڤ ئەستەمە و هەر هەوڵێك چ بە پاگەندەی ڕیفۆرمیستی و چ بە پاگەندەی “شۆڕشگێڕیی” دەبێتە زەمینەیەکی لەبار و قۆزراوە بۆ جێکەوتەکردنی هەنگاوەکانی ڕەوتی نەزمی نوێی بازار/ نیئۆلیبرالیزم.

دەنگەکان – بە پشتبەستن بە کامە بنەما و ئەزموون هەرەوەزییەکان دەخرێنە خانەی ئامانجی بزووتنەوەی ڕیفۆرمیستی یان خزمەتکردن بە مانەوەی سیستەمە چینایەتییەکە ؟

هەژێن : پێشتر بە ڕیفۆرم و ئەڵتەرناتیڤبوون یان شۆڕشگێڕبوون ئاماژەمدا، ئەوە بوونە لە کەتواردا کە ڕیفۆرمیستبوون بە واتای خزمەتکردن بە سەروەری و سیستەمی چینایەتی یان شۆڕشگێڕبوون دیاریدەکات. لەو باوەرە پێویست بە لێکۆڵینەوە و گەڕانی زۆر لە دوای بەڵگە ناکات، سەردەمی پێش سیستەمی بۆرجوازی و تەنانەت تاکو سەدەی ڕابوردووش کە لە زۆربەی کۆمەڵە کەنارییەکان ئەوانەی کە ئەم ڕۆژانە لەنێو دەزگەکانی میدیای سەروەر و تەنانەت سەر زمانی زۆرێك لە چەپان بە “دواکەوتوو” و “ناپیشەسازیی” و “نامۆدێرن” ناودەبردرێن، هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی بەهێز و باو بوو، مشەخۆریی و سەرمایەداریی و گەندەڵی و تاڵانی و جیاوازی ئابوورییانە و کولتووریانەی چینایەتی زۆر کەم بوو، هەر بەو ڕادەی کە سیستەمی بۆرجوازی جێکەوتە بووە و توانیوویەتی کۆمەڵایەتیی ببێتەوە و ببێتە بەشێك لە کولتووری خەڵك، بە هەمان ڕادەش هەرەوەزی و خۆکۆمەكیی کۆمەڵایەتیی کاڵبووتەوە و ناکۆمەڵایەتیی بووەتەوە و بنەمای کولتووریبوونی خۆی لەدەستداوە. دیسانەوە بە گوێرەی هەمان هاوکێشە، کاڵبوونەوە و لەنێوچوونی ڕێکخستن و پەیوەندی و کولوتوور و بیرکردنەوە و ئاوەزی بۆرجوازی بە سەرهەڵدانەوە و هێزگرنەوە و کۆمەڵایەتییبوونەوە و کولتوورییبوونەوەی هەروەزی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی پەیوەستە.

دەنگەکان – کەسانێك ئاوای دەبینن، ئەم کارە هەرەوزییانەی کە لە ناوچەی خانەقین دەستی بۆ براوە، لە بنچینەدا کاری دەسەڵاتە و دەبێت فشار بۆ دەسەڵات ببرێت لە جیاتی کاری هەرەوەزی. ئەی ئێوە ئەوە چۆن دەبینن؟

هەژێن : لەوانەیە لە یەکەمین تەماشاکردن بەبێ وردبوونەوە و گەڕانەوە بۆ مێژووی هەرەوەزی و خۆکۆمەکیی و خۆبەسێی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی کە پێشینەی گشت کۆمەڵە مرۆییەکانە و بە سەرکەوتنی سیستەمی بۆرجوازی و جیهانگیریی ڕەوتی نوێی بازار پاشەکشێیکردووە و لەنێوبراوە، پرسەکە ئاوا دەربکەوێت؛ لەوانەیە تەنیا وەك چارەسەری نەدانی مووچە لە ئێستادا ئاوا دەربکەوێت، بەڵام چالاکیکردن و پەرەدان بە هەرەوەزییەکان بە ئامانجی زیندووکردنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە ئاسۆییەکان و ئاشتەوایی و تەبایی کۆمەڵایەتیی و گەڕانەوە بۆ سەر یاسا و ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییە زادەکانی سروشتی هاوخەمیی و هاوپشتی نێوان-مرۆیی مرۆڤەکان، ئیتر هەروەزیییەکان وەك هاریکاری سیستەمە ڕامیارییەکە دەرناکەون و نابیندرێن و بە دیتنی من لە هیچ بارێکدا هەرەوەزییەکان ناکەونە خزمەت ڕەوتی نەزمی نوێی بازار. ئەگەر لە سەردەمی سەرمایەداریی دەوڵەتی دەوڵەتانی وەك جەزائیری پاش ڕاماڵینی داگیرکەران و یوگۆسلاڤیای سەردەمی (تیتۆ) تاکو ڕادەیەك توانرابێت لەژێر هەژموونی دەسەڵاتی تاکپارتیی هەرەوەزییەکان بخرێنە خزمەت دەوڵەت، بەڵام لە ئەم سەردەمەی جیهانگیری ڕەوتی نەزمی نوێی بازار (نیئۆلیبرالیزم) نە لە ئەمەریکا و ئەوروپا نە لە هەرێمی کوردستان وەك فەرماندارییەکی پاشکۆی ئەوان، هەرگیز و چیدیکە هەروەزی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی ناکەوێتە خزمەتی سیستەمەکە و دەسەڵاتداران. بۆ کەسانێك کە سروشتی ڕەوتی پەرەسەندن و کارکردنی نەزمی نوێی بازار تێدەگەن، هۆکاری ئەوەش ئاشکرا و ئاسانە؛ جیهانگیریی ڕەوتی نەزمی نوێی بازار (نیئۆلیبرالیزم) تەنیا بەلاوازکردن و لەنێوبردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە ئاسۆییەکان و بنەما کولتوورییەکانی ئەو پەیوەندییانە و بە ئەفسانەکردنی هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی لەنێو ئاوەزی تاکی سەرەتای هەزارەی سێیەم دەتوانێت پەلبهاوێت و سەرکەوتوو بمێنێتەوە و بوونی خۆسەپێنەرانەی خۆی بپارێزێت، چونکە هەرەوەزی ئابووریی و کۆمەڵایەتی واتە لێدان لە بنەماکانی بازار، لەنێوبردنی زەمینەکانی مشەخۆریی و گەندەڵی و چەپاوڵ و ملهوڕی ڕامیاریی، کە شوناس و کڕۆکی نیئۆلیبرالیزم پێکدەهێنن.

دەنگەکان – چۆن دەتوانین هەرەوەزییەکان بە ئەڵتەرناتیڤ ببینین، ئەو گۆڕانە پۆزەتیڤانە چین، کە هەرەوەزییەکان وەك ڕەتکەرەوەی کردەوەیی سیستەمە چینایەتییەکە نیشاندەدەن، چ کاراییەکیان لەسەر خێراکردن و بەهێزکردنی ڕەوتی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و کولتووریی و ڕۆشنبیریی گشتی دەبێت ؟

هەژێن : بۆ ئەوەی بتوانین پۆزەتیڤبوونی هەروەزییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان ببینین، پێویستە لە بەرانبەرکێی ئەوان لەتەك ڕەوتی جیهانگیری نەزمی نوێی بازار و ئەو ڕێگرییە ئابوورییی و کولتوورییانە سەنجبدەین، کە بوونی هەروەزەییەکان بۆ سیستەمەکە لەنێو هەر کۆمەڵێك دروستیدەکەن. وەك پێشتر ئاماژەمدا، هەرەوەزی و نەزمی نوێی بازار دوو لای هاوکێشەیەکی پێچەوانەن و بوونی یەکێکیان ڕەتکردنەوەی ئەوی دیکەیانە. وەك گوتم هەرەوەزییەکان بڕوابەخۆبوون و ڕزگاربوونی تاکی نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراو لە لەخۆنامۆیی ڕزگاردەکەن، لە بنەماکانی بازار واتە کڕین و فرۆشتن دەدەن، زەمینەکانی گەندەڵی ئابووریی و ملهوڕیی و دەسەڵاتخوازیی ڕامیاران لەنێودەبەن، قەیرانە مۆڕاڵیی و کولوتوورییەکان چارەسەردەکەن، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی و تەبایی جەماوەریی دەگێڕنەوە، کە گەڕانەوەی ئەو بوونە کۆمەڵایەتییانە، واتە پووچەڵکردنەوەی هەوڵ و پەلوپۆهاویشتنەکانی نەزمی نوێی بازار، واتە پووچەڵکردنەوەی پاگەندەی “جەنگی کولتوورەکان”، کە ڕۆڵ و نەخشی بیلدرۆزەرێك بۆ خۆشکردنی ڕێگەکانی کۆمەڵایەتییبوونەوە و کولتووریبوونەوەی نیئۆلیبرالیزم دەبینێت. وەك پێشتر گوتم بەو ڕادەی کە هەرەوەزی و خۆکۆمەکیی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی پەرەدەسێنێتەوە و دەگەڕێتەوە و دەبێتەوە بە کولتووری تاکی چین و توێژە نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراوەکان، بە هەمان ڕادەش گۆڕانی کۆمەڵایەتیی پۆزەتیڤ لە بەرژەوەندی چین و توێژە زەحمەتکێشەکان ڕوودەدات و بەو ڕادەیەش کە گۆڕانی کۆمەڵایەتی پۆزەتیڤ ڕووبدات، گۆڕانی کولتووریی پۆزەتیڤ ڕوودەدات و وەك دەزانین هەر گۆڕانێکی پۆزەتیڤی کولتووریی دەبێتە بەهێزکەری ڕەوتی ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیربوونەوەی تاکەکانی کۆمەڵ، ڕۆشنبیر بە واتای دەرخکردنی دەقی نووسینی ئەم و ئەو نا، بەڵکو بە واتای خۆبیرکردنەوە و وردکاری تاك لەنێو کایە هزرییەکان؛ بە خۆبیرکردنەوە. لێرەدا دەتوانم هەرەوەزی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی بە لۆکۆمۆتیڤی شەمەندەفەرێك، فارگۆنەکانی شەمەندەفەرەکە بە کولتوور، گەشت و ئامانجی سواربوونی گەشتکەرەکان بە ڕۆشنبیری بچوێنم، کە بە بەگەڕکەوتنی لۆکۆمۆتیڤەکە فارگۆنەکان لە سوێنی خۆیان دەجووڵێن و بە جوڵانی فارگۆنەکان لە جێی خۆیان سەرنشینەکان/ گەشتیارەکان لەو شوێنە نزیکدەبنەوە، کە ئامانجیانە؛ ڕۆشنبیری و خۆبوونەوە.

دەنگەکان – چ ئاسۆ و ئامانجێك لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی هەرەوەزی لە هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین دەبینیت ؟

هەژێن : وەك گوتم، ئەگەر بڕیاربێت ئێمە ئامانجێکی پۆزەتیڤمان لەبەردەم خۆمان دانابێت و خوازیاری بەدیهاتنی بین و پێویست بێت چالاکی بۆ بکەین، ئەوا هەنگاوی یەکەم دروستکردنی هەرەوەزییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییە جەماوەرییە سەربەخۆکان دەبنە پێداویستی گەیشتن بەو ئامانجە. بێجگە لەوەش من بە گەڕانەوەی هەرەوەزی کۆمەڵایەتی و بە کولتووریبوونەوەی گەشبینم، چونکە ڕەگێکی زیندووی لەنێو قوڵایی کولتوور و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵە خۆرهەڵاتییەکان هەیە و هێشتا بە ڕادەی ئەمەریکای باکووریی و ئەوروپا نەزمی نوێی بازار (نیئۆلیبرالیزم) لەنێو کولتوور و کەسایەتی تاکەکان بە تەواوەتی ڕەگی خۆی دانەکوتاوە و هێشتا ئەزموون و یاداوەریی هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی چەند دەهە و چەند ساڵی پێشووتر لەنێو هۆش و ئاوەزی خەڵك نەسڕدراوەتەوە و وەك ژیلەمۆی ژێر خۆشەمێش بە فوویەك دەگەشێتەوە و ئاگردانی بزووتنەوە و بەرەنگاریی کۆمەڵایەتیی بەرانبەر ملهوڕیی و چەپاوڵگەریی نەزمی نوێی بازار گەرمدکاتەوە و بڵێسە دەسێنیتەوە.

لەم بارەوە دەتوانم بڵێم، زیاتر لە هەرێمی کوردستان هێشتا هەروەزی وەك دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی لەنێو کۆمەڵە گەورەکانی خۆرهەڵات لەوانە چاین و هیندوستان و پاکستان و بەنگلادیش و ئێران و وڵاتانی جیاوەبووی ڕوسیە و ئێران و تورکیە و لە هەموویان زیاتر لە سایەی خۆبەڕێوەبەریی “ڕۆژاوا” بوونی هەیە و زۆر جار هوشیارانە ئاراستەدەکرێت و هێشتا بەشێکە لە بزووتنەوەی هوشیارانەی کۆمەڵایەتیی.

دەنگەکان – لە ڕووی مێژووییەوە، ئایا بزووتنەوەی هەرەوەزی لە ناوچەی لەدایکبوون و ژیانی خۆت هەبووە یان بەخۆت تاکو ئێستا لەنێو هەرەوەزییەك ژیاوی ؟

هەژێن : بەڵێ، بەوپەڕی خۆشی یاداوەرییەکان، سەردەمی منداڵیی و هەرزەکاریی من لەنێو شێوەیەك لە هەرەوەزی گوزەراوە، هەڵبەتە هەرەوەزیی سروشتییانە و تاکو ڕادەیەکیش ناچارییانە. بۆچی سروشتییانە و ناچارییانە؟
بە بۆچوونی من، وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئاسۆیەکی ڕۆشنتر دەخاتە بەرچاوی ئێمە و ئەرك و شێوازی کار و ڕێکخستن و هەنگاونانی چالاکانی ئەو بزووتنەوە ڕۆشنتر دەکاتەوە. وەك دەزانین کۆمەڵە خۆرهەڵاتییەکان بە کۆمەڵی هەروەزی ناسراون و تاکو ئێستاش هەر ئاوا پێناسەدەکرێن و بەداخەوە زۆر جار لەلایەن بەناو دژانی ڕەوتی جیهانگیری نەزمی نوێی بازار ئەو هەرەوەزبوونە نیگەتیڤ وێنادەکرێت.

ئێمە زادەی کۆمەڵ و پەیوەندییە هەرەوەزییەکانین، هێشتا بەخشینەوەی بەروبوومە کشتکارییەکان و میوە لەنێو ئاوەزی گوندییانەی ئێمە، هێشتا (کاسە هاوسێ)ی کۆڵانەکانی شار لەنێو یاداوەریی منداڵیی ئێمە زیندوو ماوە. ڕاستە هەرەوەزی لەنێو کۆمەڵی ئێمە بنەمایەکی سروشتی هەیە، واتە جۆرێکە لە گەشەکردوویی ناچارییانەی خۆکۆمەکییە ئاژەڵییەکەی پێشینەمان و لە هەندێك ناوچەی خێڵەکی بوون و تایبەتمەندییەکی خێڵەکی لەخۆگرتووە، یان بەگشتی بوونێکی ئایینی و پیرۆزی ئایینی لەخۆگرتووە، کە ئەوەش ئاساییترین کاردانەوەی کولتووریی هەر کۆمەڵێکە بۆ پاراستنی نەریتەکانی، کە بۆ مانەوەیان پیرۆزیان دەکات و بەرگێکی ئایینی بە باڵایان دەبرێت.

بەڵام هاوکات وەك بیستوومانە لە دەهەکانی پێش و پاشی نێوڕاستی سەدەی ڕابوروودروو لە هەندێك ناوچەی هەرێمی کوردستانی ئێستا وەك ناوچەی دوکان، قەرەداخ و بازیان و گەرمیان بزووتنەوەی ئامانجدارانە و هوشیارانەی هەرەوەزی هەبوون و سەریانهەڵداوە. لێرەدا من ناوهێنان و لێدوان لەبارەی ئەو هەرەوەزییانە بۆ هاوڕێیانێك بەجێدەێڵم، کە زیاتر شارەزا و ئاگادار و تەنانەت لەو بارەوە یاداوەیی کەسیی خۆیان هەیە. بەڵام دەتوانم ئاماژە بە چەند نموونەیەکی دیکە بدەم .

کاتێك کە خەڵکی گوندەکانی ناوچەی هۆرامان ئەو گوندانەی کە هێشتا ڕانەگوێزرابوون و سەرەتای جەنگی عیراق-ئێران بووە هۆی کۆچکردن و ئاوارەبوون و پەنابەربوونی خەڵکەکەیان، زۆربەی خێزانەکان لە شار و شارۆچکە و ئوردووگەکانی نزیك ناوچەی هۆرامان نیشتەجێبوون. وەك دەزانین خەڵکی هۆرامان لەسەر سێ بنەمای ئابووریی ژیاون و دەژین، پیشەوەریی دەستی، باخداریی و کشتکاریی، کە بەداخەوە بەهۆی جەنگ و ئاوارەبوون دوو دانەی دواییان لەدەستچوون و ئەو لەدەستچوونە بوو بە هۆی هەژاریی و کەم دەرەتانی خەڵکی هۆرامان بەتایبەت لەنێو شار و شارۆچکەکان. وەك دەزانین لە عیراقی ئەو کات و ئێستاش بیمەی کۆمەڵایەتیی بوونی نییە، کۆمەك و دەسگیرۆیی بۆ کرێی سەرپەنا بوونی نەبووە و نییە. لە بارێکی ئاوادا خێزانە بێکار و بێدەرامەتەکان ڕووبەڕووی سەختییەکی زۆر دەبنەوە.

بۆ ئەو مەبەستە خەڵکی گوندی تەوێڵە بە گەڕانەوە و درێژەدان بە کولتووری هەرەوەزیی هەر لە سەرەتای ئەو دەهەی هەشتای سەدەی ڕابوردوو واتە سەرەتای ئاوارەبوونەکە، کۆبوونەوە و بەخۆکەوتن و لەسەر ئەوە ڕێککەوتن، کە سندووقی کۆمەکی کۆمەڵایەتیی دروستبکەن و هەموو خێزانێك بەگوێرەی داهات و ئامادەیی و خۆبەخشانە ساڵانە بڕێك پارە بەو سندووقە بدات، تاکو هەر کات کەسێکی هەژار پێویستی بە دەرمان و نەشتەریکردن هەبوو، یان تووشی پرسە و لێقەومان بوو، لەو سندووقە فریای بکەون و کۆمەکیبکەن. تاکو ئێستا ئەو سندووقە کۆمەکییە ماوە و ئارەزوومەندانە کەسانێك بەشداریدەکەن و سەرپەڕستیکردنیشی هەر ئارەوومەندانە و بە ڕەزامەندی هەمووانە. ئەگەر سەرنجبدەین، وێرای ئاوارەیی و کرێچیبوونی زۆرینەی ئاوارەکان و بێکاربوون و نەبوونی سەرچاوەی مسۆگەریی داهات، تاکو ئێستا دیاردەی گەدایی و سێکسفرۆشی و دزی و .. لەنێو ئەو کەسانە نییە و بواری سەرهەڵدانی نەدراوە.

لەبارەی ئەزموونی خۆمەوە، بەڵێ بەخۆشم کۆتایی ١٩٩١ تاکو ١٩٩٥ لە سلێمانی و هەوڵێر لەنێو هەرەوەزییەك ژیاوم، ڕاستە کۆبوونەوەی ئێمە کۆمەڵێك هاوڕێ لەنێو ئاوا هەرەوەزییەك ئامانج و ناچاریی ڕێکخراوەیی بوو. بەڵام هاوکات ئێمە پێکەوە هەموومان پەرتووکفرۆشیمان دەکرد و هەر ئاوا کار و باری نێو ماڵیشمان هەر بە هەرەوەزی بوو و تەنانەت پۆشاك و کەوش و شمەکەکانشیمان (هەڵبەتە پۆشاکی سەرەوە) هەر بەشێك بوون لە بوونە هەرەوەزییەکەمان. ئێمە کۆمەڵێك کەس بووین، زۆربەمان ئاوارەی کەرکووك بووین، پێشینەی کۆمەڵایەتیی و کولتووری و ئایینی و .. جیاوازمان هەبوو، بەڵام کۆمەڵێك گیان و خەون و ئارەزووی سۆشیالیستی بووین لەنێو جەستەیەکی هەرەوەزی و لە ئاپارتمانێکی هەژارانەی گەڕەکی تەیراوای تەنیشت (باخچەی کورد و عەرەب) دەژیاین. لەوە خۆشتر ئەوە بوو، هاوڕێیەکمان (هاوڕێ سیروان عەلی) یان ئێمەی بۆ ماڵی خۆیان میوانی دەکرد یان بەشە خواردنەکەی خۆی دەهێنا و لەتەك ئێمە بەشیدەکرد، چونکە داهاتی ئێمە زۆر کەم و مەمرەومەژی بوو و لەوانە لەو کاتەی ئابڵۆقەی ئابووریدا یەکێك لە هەژارترین خێزانەکانی ئەو گەڕەکە بووبین. بەڵام ئەگەر هەرەوەزی کارکردن و ژیانمان پێکەوە نەبووایە، لەوانە بوو، ئەو ئەو حەوت کەسە ژیانێکی زۆر سەختر و تەنانەت تووشی دەریسەری بوویانەیە.

دەنگەکان – ئایا هەروەزییەکان تەنیا ئاڵووێرکردنی کۆمەکی کۆمەڵایەتین، یان واوەتر لەوە دەتوانن ببنە ئەڵتەرناتیڤی بەرهەمهێنان و بەکاربردنی باوی بۆرجوازییانەی ئێستا؟

هەژێن : وەك دەزانین و بینومانە و بیستوومانە، هەرەوەزییەکان لە هەنگاوی یەکەمدا وەك سەرهەڵدانێکی سروشتی و پێشینەی ئاژەڵیانەی ئێمەی مرۆڤ خۆکۆمەکیی و فریاگوزاری و هاودەردی کۆمەڵایەتین، لە هەنگاوی دووەمدا پرۆژەی بەرهەمهێنەرانەی ئابووری و دوا جار ڕەوتێکی ئامانجدارانەی کۆمەڵایەتیی و ئابووریین. تاکو ئەوێندەرێ کە من ئاگاداربم، نەك یەقین، لە سەردەمی مۆدێرنە و وەك کاردانەوەی هوشیارانە بۆ بەرگرتن بە ڕەوتی کۆمەڵایەتییبوونەوە و جیهانگیریی نەزمی بازار، پییەر جۆزیف پڕۆدۆن یەکێکە لە تیئۆریسییانی دیاری بزووتنەوەی هەرەوەزیی و سیستەمی ئاڵووێری بەرانبەرانەی کۆمەك و بانگەوازکەری هەرەوەزییە ئابوورییەکان.

ھەر ئاوا، لەم ڕۆژگارەدا چەندین ھەوڵی تیئۆریی لە بارەی ھەرەوەزی و بزووتنەوەی ھەرەوەزی ھەن و لێرە و لەوێی گۆشەکانی جیھان لەو بارەوە لێکۆڵینەوە و شیکاریی دەکرێت و دەنووسرێت. لەوانەیە خراپ نەبێت، ئەگەر لێرەدا سەرنجی خوێنەرانی کوردی-زمان بەهۆی زانینی زمانی عەرەبی و هەر ئاوا نزیکایەتی و لێکچوونی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵەکانی خۆرهەڵاتی ناوین بۆ پەرتووکێك لە بارەی ھەرەوەزییەکان ڕابکێشم، کە نووسەرەکەی کەسێکی عەرەبی-زمانی میسرییە و لە ساڵانی پاش ڕاپەڕینی خەڵکی میسر یەکێك لەو بوارانەی کە لەسەریان کاریکردووە، بواری ھەرەوەزییەکانە وەك ئەڵتەرناتیڤ. التعاونیات أداة للتحرر والتقدم، تألیف : سامح سعید عبود*

بە بۆچوونی من، هەرەوەزییەکان و بەرهەمهێنانی هەرەوەزیی بناخەی ئابووریی سۆشیالیستیین و بەبێ پەرەدان بە پەیوەندی و بەرهەمهێنانی هەرەوەزیی، ئەستەمە بتواندرێت کەرتەکانی بەرهەمهێنان کۆمەڵایەتیی / سۆشیالیزە بکرێنەوە و ئەگەر بنەما و کولتووریی هوشیارانە و ڕۆشنبیریی هەرەوەزی نەبێت، سەرەنجام هەر هەوڵێك بۆ کۆمەڵایەتییکردنەوەی بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردن سەری لە دەوڵەت و ڕێکخستنی ئابووری سەرمایەداریی دەوڵەتی دەردەجێتەوە.

بەڵێ، بەبێ سڵکردنەوە، دەتوانم بڵێم بەبێ ئەڵتەرناتیڤکردنی هەرەوەزییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان، هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی بازار و سەروەریی مشەخۆری ئەستەمە و ڕێگەیەکی دیکە لەبەردەم مرۆڤی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و دادپەریخواز نەماوەتەوە. لێرەدا پێویستە و دەخوازم ئاماژە بەوەش بدەم، پێداگریی من و ئاوا تێڕوانینێك کە لەنێو ئاوەزی من دروستبووە، بۆ دیتنەوەی لۆجیکی سروشتی گۆڕانی قۆناخەکانی کۆمەڵی چینایەتی دەگەڕێتەوە، کە هەموو گۆڕانەکان لە کۆمونەی سەرەتایی بۆ کۆیلایەتی و کۆیلایەتی بۆ فیئۆدالیزم و لەوێوە بۆ سەرمایەداریی، سەرەتا هەنگاو و گۆڕانێکی ئابووریی بووە، کە بووە بە کولتوور و کۆمەڵایەتیی بووەتەوە، ئینجا توانیویەتی سیستەمی ڕامیاریی خۆی جێگیربکات، هەر لەبەرئەوەیە کە گۆڕانی قۆناخەکانی سیستەمی چینایەتی یەك شەو و ڕۆژە نەبوون و ئەو گۆڕانە لە خاڵی سفر بۆ پێنج و پێنج بۆ دە و دە بۆ پازدە و ..تد ڕووینداواوە، بەڵکو بۆ نموونە قۆناخی کۆیلایەتی لە خاڵی پاش سفر (کۆمونە) بۆ خاڵی حەوت یان هەشت (فیئۆدالیزم) سەریهەڵداوە و درێژبووەتەوە، هەر ئاوا (فیئۆدالیزم) لە خاڵی شەش پاش خاڵی پێنج سەریهەڵنەداوە، بەڵکو لە خاڵی دوو یان سێی (سەردەمی کۆیلایەتی) سەریهەڵداوە و درێژبووەتەوە و بەو جۆرە بە ئەم قۆناخە گەشەکردووەی بۆرجوازی/ سەرمایەداری (واتە نیئۆلیبرالیزم) گەیشتووە. لەسەر هەمان بنەمای گەشە و پەرەسەندنی ئابووری و گۆڕانی کولتووریی هەر ئێستا و لەنێو جەرگەی سیستەمی سەروەریی چینایەتی، کۆمەڵی ناچینایەتی سەرهەڵدەدات و ئەوەش بە سەرهەڵدانی ئابوورییانە و کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵی داهاتوو [ئیتر ئێمە بە هەر ناوێك وێنایبکەین] لەنێو منداڵدانی ئەم کۆمەڵەی ئێستا و بە کولتووربوون و جێکەوتەبوونی دەتوانێت سیستەمی چینایەتی ئێستا بگۆڕدرێت، بە واتایەکی دیکە سەرەتا گۆڕانی ئابووریی و کولتووریی و ڕۆشنبیریی پێویستە و بەردی بناخەن، ئەگەرنا بەبێ ئەوە هەر هەوڵێك سەری لە شکستی ڕاپەڕینەکانی کۆمونەی پاریس و ئۆکتۆبەری ١٩١٧ی ڕوسیە و ١٩٧٩ی ئێران و ١٩٩١ عێراق دەردەچێتەوە و بێجگە لە نائومیدی هیچی دیکە بەرهەمناهێنێت و هەر ئەو شکستانەن، کە ئەم ڕۆژگارە ئێمە باجیان دەدەین و بوونەتە هۆی نائومێدبوون و نامۆبوونی گشتی بەرهەمهێنەرانی ژیان لەسەر گۆی زەمین لە گۆڕانی سیستەمی چینایەتی. بەڵێ لێرەوە من هەرەوەزییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان بە مۆتۆڕ و بەردی بناخەی ئەڵتەرناتیڤی سەروەری و مشەخۆری و دڕندایەتی سیستەمی ئەم ڕۆژگارە دەبینم. هەڵبەتە کاتێك کە ئامانجدارانە و هوشیارانە دەچینەوە نێو ژیان و بەرهەمهێنانی هەرەوەزی و ئاوا هەوڵێك بەبێ هەنگاوە کولتوورییەکانی ئەستەمە بتوانێت گشتگیر ببێت و ببێتە بەشێك لە ئاوەزی نەوەی ئەم سەردەمە تاریکە. بەواتایەکی دیکە پێویستە شان بە شانی پێکهێنانی هەرەوەزییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان، لە مەیدان و بواری کولتوور هۆنراوە و شانۆیی گەڕۆك و چیرۆك و تەنز و پەند و گۆڕانی و سروودەکان دەنگهەڵبڕن.

دەنگەکان – ئایا هەر ئێستا هیچ ئەزموونێکی کردەیی و جێکەوتوو یان پەرەسەندوو لە هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین دەبینیت ؟

هەژێن : بەڵێ، هەر لەو بارەوە، هەم لە هەرێمی کوردستان ئێستا نموونەی هەرەوەزییەکانی خانەقین و هەم لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، وەك پێشتر ئاماژەمدا لەنێو کۆمەڵەکانی دیکە هەرەوەزیی ئابووریی و کۆمەڵایەتی چ وەك کولتووری بۆماوە و هەم پرۆژەی ئامانجدارانەی کۆمەڵایەتیی بوونی هەیە؛ ئەوەی من ئاگاداربم و بیستبێتم لە هیندوستان و تورکیە جۆرێك بانکی ئاڵووێر و کۆمەك و قەرزی بەبێ سوود لەسەر بنەمای ( کۆمەکی ئاڵووێرانەی بەرانبەر Mutualism) هەن، سەدان هەرەوەزی و پرۆژەی هەروەزی کۆمەڵایەتیی و بەرهەمێنەرانە هەن، لە سایەی خۆبەڕێوەبەریی “ڕۆژاوا”ش پرۆژە و هەوڵی هەرەوەزیی ئامانجدانە و ئەڵتەرناتیڤانە هەن، کە لە بوونە کولتووریی و پێشیینەییەکەی هەروەزی لە سوریە و بەشە کوردنشینەکەی واوەترن. دەکرێت ئێمە وەك پاگەندە و ڕۆشنگەریی ڕۆشنایی زیاتر بخەینە سەر ئەو بزووتنەوە و هەوڵانە. لەو بارەوە دەتوانن سەرنجی ئەو ھەرەوەزییە لە ئیستانبول (KOLEKTİF 26A)** بدەین، کە نموونەیەکی درەوشاوەیە لە سەدان و ھەزاران ھەرەوەزی لە تورکیە چ لە بەشە تورکنشین و چ لە بەشە کوردنشینەکەی (باکوور).
بە کورتی بە بۆچوونی من، ئەوەی دوو دەھە و نیوە بە “جەنگی کولتوورەکان” پاگەندەدەرکرێت، لە کڕۆکدا جەنگی نەزمی نوێی بازارە دژی نەزمی کۆمەڵایەتیی و کولتووریانەی هەرەوەزی، بە واتایەکی دیکە لەنێوبردنی بنەما هەرەوەزییەکانی هەر کولتوورێك، واتە جەنگی بازار دژی هەرەوەزی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و هەڵوەشاندنەوەی و لێکدانی ھەر کۆمەڵێك کە بنەمای ھەرەوەزی تێیدا پەرەبسێنێت وەك یوگۆسلاڤیا و ئەوانی دیکە هەر لەبەرئەوە و بۆ ئەوە بووە و دروستکردنی ھێزێکی دڕندەی وەك (داعش) لەنێو کەلاوەکانی جەنگی نێوخۆی سوریە بۆ لێدانی ئەو ھەرەوەزییانە بوو، کە لە سەرەتای ڕاپەڕینی خەڵکی سوریە چالاکانی وەك (عومەر عەزیز)ی گیانبەختکردوو*** دروستیانکردن و هەوڵیان بۆ دان و هەر ئاوا لە سەرووی هەموویەوە لەنێوبردنی بزووتنەوەی هەرەوەزیی و ئابووریی ژینگەپارێز لەنێو خۆبەرێوەبەریی “ڕۆژاوا” .
هەر ئاوا لە شارێك کە ئێستا من لەوێ دەژیم، سێ هەرەوەزی گەورە هەن، کە هەم خانووەکانیان سەندراوەی **** (کۆمەڵایەتیکراوی) پاش جەنگی جیهانی دووەم بەتایبەت دەهەی حەفتا و هەشتای سەدەی ڕابوروون و هەم بەخۆیان بە کاری هەروەزی پشتدەبەستن و ئەندامانیان شێوەیەك لە ژیانی نا-فەرماندارییانە و نا-باوکسالارانە و نا-مشەخۆرانە و نا-بەکاربەرانەی چاولێگەران و ناسەروەرانە و نا- قووچکەییانە دەژین و بوونەتە بنکەی کولتووری و ڕۆشنبیریی بۆ بەشەکانی دیکەی کۆمەڵ. هەر ئاوا لە سەرتاسەری ئەمەریکا و ئەوروپا لەم جۆرە هەرەوەزییانە زۆرن و لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان بوونیان هەیە.

دەنگەکان – چ پێشنیار و وانەیەك، ئەزموونێكت هەیە کە بیخەیتە سەر ئەزموونی تاکو ئێستای ئەو هەرەوەزییانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەن؟

هەژێن : ڕاستی من ناتوانم لەم دوورەوە هیچ پێشنیارێك بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەم، تەنیا شتێك کە دەتوانم بیڵێم ئەوەیە، ئەگەر هەر کەس لەنێو یاداوەری خۆی و دایك و باوکی و داپیر و باپیرانی بگەڕێت، دەیان نموونەی جوانی خۆکۆمەکیی و هەرەوەزی کۆمەڵایەتی دەبینێتەوە و دەتوانێت هوشیارانە و ئامانجدانە لەنێو ئەم ساتەی ژیانی خۆی بیانژێنێتەوە و ئاراستەیان بکات و بیانکاتە بەردی بناخەی ژیانی خۆی بۆ ڕزگاربوون لە نەهامەتییەکانی نەزمی نوێی بازار / نیئۆلیبرالیزم و سەرەتایەك بۆ بەخۆبوونەوە و خۆڕزگارکردن لە لەخۆنامۆیی وەك نەخۆشییەکی کەسایەتی و کۆمەڵایەتیی و ئاوەزیی تاکەکانی سەردەمی مۆدێرنە تاکو ئێستا.


دەنگەکان – دوا پرسیاری ئەم جارە، چ پەیام و ڕێنوێنییەکت بۆ چالاکانی هەرەوەزییەکان هەیە ؟

هەژێن : تەنیا شتێك کە لێرەدا دەخوازم و بە گرنگ و چارەنووسسازی دەبینم، دوورڕاگرتنی هەرەوەزییەکانە لە دوو هەوڵ و دیاردە، ….
یەکەم: بوارنەدان بە کەسانی ناوبانگخواز و هەڵپەکەر، کە هەموو شتێك دەخەنە خزمەت و بەرژەوەندی حەزە کەسییە ملهوڕییەکانی خۆیان؛ بۆ ئەو مەبەستە پێویستە بە هەموو شێوەیەك هەرەوەزییەکان لە ڕێکخستنی باوی قووچکەیی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان دوو ڕابگیردرێن و ئەو میکانیزم و شێوازانەی چالاکی و پەیوەندی و ڕێکخستن پەیڕەوبکەن، کە دەتوانن وەك فیلتەر و لەمپەرێکی ئازادیخوازانە لە خۆسەپاندن و کنەکردن و هەڵپەی کەسانی ناوبانگواز و مشەخۆر ڕێگرییبکەن.

دووەم : بە هیچ شێوەیەك بوارنەدەن هەرەوەزییەکان ببنە مەیدانی ڕامیاران بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ گەییشتن بە پارلەمان و هەر ئاوا بە هیچ شێوەیەك نابێت بواری دەسەڵاتدارانی سەرتاسەری و ناوچەیی بدەن، کە ئامانجدارانە دەخوازن لە ڕێگەی کۆمەککردنی پارەیی هەرەوەزییەکان دەستەمۆبکەن و ئاراستەبکەن و بیانکەن بە ئامرازێك بۆ سپیکردنەوەی سەرمایە ڕەشەکانیان، ئەوەی بە دانی بڕێك پارە، بە دزی و تاڵانی و مشەخۆریی خۆیان ڕەوایی ببەخشن و لەبەرانبەر بڕێك کۆمەك بە هەرەوەزییەکان خەڵکی نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراو شەرمن بکەن .

————————————————-
* بۆ خوێندنەوەی بابەتەکانی نووسەر لە بارەی ھەرەوەزییەکان، سەردانی ئەم بەستەرە بکەن : http://www.ahewar.org/m.asp?i=12
مركز المحروسة للنشر والخدمات الصحفية والمعلومات
فريد زهران
قطعة رقم 7399 ش28 من ش 9 – المقطم – القاهرة
ت، ف : 25075917-02-002
e.mail : mahrosacenter@gmail.com

** http://kolektif26a.org/category/languages/page/2

*** https://www.facebook.com/note.php?note_id=143690742461532
https://tahriricn.wordpress.com/2013/08/23

**** بە پێچەوانەی وەرگێڕدراوی واژەی ” Occupy” دەستبەسەرداگرتن، ئامانجی ئەو بزووتنەوە سەندنەوەی دارایی و کەرتەکانی بەرھەمھێنانە لە دەسەڵاتداران و سەرمایەداران، بەو جۆرە بۆ وەرگێرانی کوردی ئەو واژەیە (سەندنەوە) گونجراوترینە.

Previous
Next
Kurdish