Skip to Content

ڕەخنەی ڕەخنە …  حەمە مەنتك

ڕەخنەی ڕەخنە … حەمە مەنتك

Closed
by ئازار 14, 2017 General, Literature, Slider

سەرەتای سەتەی بیستەم، سەرەتای دەرکەوتنی مێتۆدەکانی ڕەخنەی ئەدەبی بوو، لەوێوە ڕەخنەی ئەدەبی چ لە ڕووی شێواز و چ لە ڕووی کارکردنەوە گۆڕانکاری تەواوی بەسەردا هات. چیدیکە ڕەخنە هەوڵی دیاریکردنی لایەنی باشە و خەراپەی دەقی نەدەدا، ڕەخنە لەوێوە هەوڵی کردنەوەی کۆدەکانی دەق، بەخشینی واتایەکی دیکەی بە دەق دەدا. ڕەخنەی ڕەخنە لە منداڵدانی ڕەخنەدا لە دایك بووە. ئاشکرایە ڕەخنەی ئەدەبی چالاکییەکی داهێنەرانەیە، واتە لەگەڵ دەقدا کارلێک دەکەن، هەوڵی دۆزینەوەی نەسەق و پێوەندییەکانی ناوەوە و دەرەوەی دەق دەدا، ئاسۆی دیکە بە ڕووی خوێنەردا دەکاتەوە.
زاراوەی ڕەخنەی ڕەخنە (Meta-Criticism) واتای دیکەیشی هەیە، ڕۆشنبیریی خوێنەر، خوێندنەوەی خوێندنەوە. وشەی یەکەم (Meta) بە واتای ئەودیو، یان دژ دێت، و وشەی دووەم بە واتای ڕەخنە دێت. کەواتە دەبێتە ئەودیو ڕەخنە، دژە ڕەخنە. کۆی توێژەرانی ئەم بوارە لەسەر ئەوە کۆکن، ڕەخنەی ڕەخنە وەکوو زاراوە تازەیە، دەنا وەکوو چەمك و کارکردن کۆنە. تەنانەت وەکوو چەمك لە ناو سێ ئاڕاستەی مەعریفیدا هەبووە، گرینگترینیان ((ئاڕاستەی فینۆمینۆلۆجیا، سیمیۆلۆجیا و دەروونیین.))١ لەناو ئەم ئاڕاستانەدا خۆی کاری کردوە، لەوێوە خۆی گەشەپیداوە. بۆیەیش نووسینی ڕەخنەی ڕەخنە زۆر بواری گرتەوە، تاکوو گەیشت بە بواری ڕەخنەی ئەدەبی.

ڕەخنەی ڕەخنە کارکردنە لەبارەی ڕەخنەوە، ڕاڤەکردنی دەقی ڕەخنەییە. ئەم چەمکە ((گوتارێکە بە دوای بنەماکانی ڕەخنە و زمان و چەمک و کەرەسە و هۆکارەکانی ڕاڤەکردنی دەقێك دەگەڕێت.))٢ لەم پێناسەیەوە دەردەکەوی ئەم چەمکە پەیڤین و توێژینەوەیە لەبارەی ڕەخنەوە، لێرەدا تەنێ مەبەست لە ڕووی تیۆرییەوە نییە، بەڵکوو قسەکردنیشە لەبارەی ئەو وتارە ڕەخنەییانەی لەبارەی دەقەوە دەنووسرێن. لێرەوە دەتوانین جوایەزی نێوان ڕەخنەی ئەدەبی و ڕەخنەی ڕەخنە بکەین. ڕەخنەی ئەدەبی یەك ئامانجی هەیە ئەویش توێژینەوەیە لە دەقی ئەدەبی، هەرچی ڕەخنەی ڕەخنەیە دوو ئامانج لە خۆیدا دەگرێت، ئەوانیش لەلایەك ڕەخنەی ئەدەبییە لە ڕووی تیۆریی و پراکتیکییەوە، لەلایەکی دیکەوە کارکردنە لەبارەی ڕەخنەی ڕەخنەی دەقی ئەدەبی و دەق بە گشتی. کەواتە بواری ئیشکردنی ڕەخنەی ڕەخنە لە ڕەخنەی ئەدەبی فراوانترە، هاوکات ڕەخنەی ئەدەبی دەبێتە بوارێک لە بوارەکانی ڕەخنەی ڕەخنە.

ڕەخنەی ڕەخنە ڕۆڵێکی گرینگ لە بەرەوپێشبردنی ڕەخنە و توێژینەوەی ئەدەبی دەبینێت. دەبێتە سەکۆیەك بۆ ئەوەی پاتە بە دەقی ڕەخنەییدا بچینەوە. واتە ئەوە تەنێ ڕەخنەی ئەدەبی نەبێت دەقمان بۆ ڕاڤە بکات، بەڵکوو شتێکیش هەیە ئەو ڕەخنەیە و دەقەکەیش ڕاڤە دەکاتەوە. بۆ نموونە ئەم چەمکە ((کرداری سەلماندن و هەڵبژاردنە، پاتە ڕێکخستنەوەی ڕەخنەی ئەدەبییەوە بەبێ ئەوەی گوێ بە هەر بانگەشەیەکی ڕەخنەی ئەدەبی بدات، لە ڕاستیدا ڕەخنەیەکی دیکەیە بۆ گەیشتن بە ئەدەب.))٣ کەواتە ئەرکی ڕەخنەی ڕەخنە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی بابەتەکانی ڕەخنەی ئەدەبییە. واتە دێت دەقە ئەدەبییەکە و بۆچوونەکانی ڕەخنەگر لەگەڵ یەکدی بەراورد دەکا و ڕێکیان دەخاتەوە، بۆ ئەوەی لە هەر بێ مێتۆدی و ئەنجامێکی نافیکری دووری بخاتەوە. ئەگەر ڕەخنەی ڕەخنەمان هەبێت، ڕەخنەی ئەدەبی و ڕەخنەگرەکانمان ناتوانن بەپێی بیرکردنەوەی کەسیی و بەبێ مێتۆد توێژینەوەی ڕەخنەیی بنووسن. کەواتە یەکێك لە ئەرکەکانی ئەم چەمکە هەڵوەشانەوەی نووسینی ڕەخنەییە بۆ ئەوەی هەموو ئەو کاریگەرییە لاوەکیانەی وەکوو ئایدیۆلۆجیا و باوەڕە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی ڕەخنەگر وەکوو پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی دەق پەنای وەبەر بردوون دەربخات. لەلایەکی دیکە دەبێتە هۆکارێك بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هووشیاریی خوێنەر، ئەویش لەپێناو ئەوەی خوێنەر یەکڕاست نەکەوێتە بەر کاریگەری بۆچوونەکانی ڕەخنەگر، بەڵکوو ئەو بۆچوونانە ‌هەڵسەنگێنێ و لێکدانەوەیان بۆ بکات. بەمەیش پێوەندییەکی تازە لەنێوان خوێنەر و دەق و ئەو نووسینە ڕەخنەییەی لەبارەی دەقەکەوە نووسراوە، دروست دەکات. ئەم پێمان دەڵێت دەبێ خوێندنەوەیەکی تازە بۆ چەمکە ڕەخنەیی و ئەو کەرەسانەی نووسینی ڕەخنەییان پێ دەنووسرێت بکەین.

لە کۆی هەموو ئەو قسانەدا، دەبێ لە ڕەخنەی کوردیدا هەوڵ بخرێتەگەڕ بۆ ئەوەی ڕەخنەی ڕەخنە وەسەرپێ بخرێت. ئەویش بە قازانجی بەرەوپێشبردنی ڕەخنەی ئەدەبی، هاوکات بۆ ئەوەی چیدیکە ئەو نووسینانەی بەناوی ڕەخنەی ئەدەبییەوە وەکوو ئالیك دەخرێنە بەردەم خوێنەر، نەنووسرێن، یان لانیکەم وایان لێ بکرێت باشتر بنووسرێن و هەرکەس نەیەت بەبێ ئەوەی هیچ مێتۆدێکی بۆ ڕاڤەکردنی دەقی ئەدەبی هەبێت، وشە ڕیز بکات. چۆن ڕەخنەی ئەدەبی کاریگەری گەورەی لەسەر بەرهەمهێنان و نووسینی دەقی هونەری باش هەیە، هەمان شێوە ڕەخنەی ڕەخنە کاریگەری لەسەر نووسین و توێژینەوەی ڕەخنەیی باش هەیە، چونکە ڕەخنەی ڕەخنە بەرهەمهێنەری مەعریفەیەکی قووڵە لەبارەی ڕەخنەی ئەدەبییەوە، کاریگەری لەسەر جوداکردنەوەی نووسینی ڕەخنەیی بە شێوەی زانستی و نووسینێك بەناوی ڕەخنەوە دەبێت.

—————————-
پەراوێز و سەرچاوەکان:
١. شكری عیاد، دائره‌ الابداع (مقدمه‌ فی اصول النقد)، القاهره‌، ١٩٨٧، ص٤٦.
٢. فی الوعی بمصگلح نقد النقد وعوامل ڤهوره ، د.نجوی الریاحی القسگنگینی مجله‌ عالم الفكر ، العدد1 ، المجلد 38 یولیو ـ سبتمبر 2009 ، ص٣٥.
٣. نقد النقد وتنڤیر النقد العربی المعاصر،محمد الدغمومی، منشورات كلیه‌ اڵاداب بالرباگ ، الرباگ:1999، ص١٦٦.

Previous
Next
Kurdish