Skip to Content

کەپیتاڵیزمی ئەمڕۆ و بێئومێدی …   ڕزگار حەمە ڕەشید

کەپیتاڵیزمی ئەمڕۆ و بێئومێدی … ڕزگار حەمە ڕەشید

Closed
by ئازار 22, 2017 General, Opinion, Slider

ئاسانترین ڕێگا بۆ ئەوەی خۆت لە هەموو بارگەکانی ئاکتیڤ بوون و پلانی هەڵگەڕاندنەوەی سەراسەری بەتاڵ بکەیتەوە ئەوەیە خۆت ڕادەستی هەڵەشەیی و هەڵچوونە کاتیەکانت بکەیت. ئەمەش جگە لەوەی هیچ کاریگەری بەجێ ناهێڵێت و دەسەڵات ئاسوودەتر دەکات، دەبێتە پێگەیەکی پتەویش بۆ زیاتر مانەوەو گەشەکردنی نەخشەکانی دەسەڵات. ئەم نەوەیەی کەپیتالیزم کار لەسەر بێبەهاکردنی هەموو جۆرەکانی ڕەخنە دەکات، ئەوەش ڕێك لەناو دڵی ئەو فاکتەوە سەرچاوەی گرتووە کە ڕەشترین جۆری بێئومێدی ئەو جۆرەیە کە مرۆڤ جگە لەوەی لەبەرامبەر مرۆڤەکانیتر و جیهاندا هەیەتی، بێئومێدیەکەی دەگاتە قووڵایی ناخی خۆی. ئەوە ئەو جێگایەیە کە هیچ شۆڕشێك و هیچ بزوتنەوەیەکی چاکسازی و هیچ پرۆژەیەکی ڕەخنەیی ناتوانێت ساڕێژی بکات. بێبەهاکردنی ڕەخنە و بێبەهاکردنی زانیاری و هەڵڕشتنی چەندەها هەواڵی لاوەکی بەناوی گرنگترین هەواڵ و دروستکردنی سەدان ڕوداوی لەخشتەبەر لە چەند کاتژمێرێکدا، باسکردنی هەموو کارەساتەکان بەبێ پەردە لە کەناڵەکانەوە، دروستکردنی زۆرترین دڵەڕاوکێ و بڵاوکردنەوەی نەخۆشیەکانی دۆشدامان و تراوما و فۆبیا و بێئارامی؛ لە دیارترینی ئەو دەستدرێژیانەن کە ئەم نەوەیەی کەپیتاڵیزم لە ڕێگایانەوە ژیان و مانەوەو بەردەوامی و گەشەکردنی ئابووری خۆیی لێوە دەستەبەر دەکات.

ململانێی ئابووری و بەهۆیەوە ململانێ بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لەنێوان زلهێزەکاندا و دابەزاندنی ئەو ململانێیانە بۆ دەساڵاتە لۆکاڵیەکانی ووڵاتە پاشکۆکان و گەیاندنی دڕدۆنگی و بەدگومانی بە پەنهانترینی خانە کۆمەڵایەتیە دوور و نزیکەکان؛ بێ ڕیسكترین شاڕێگەکانی گەیشتنی ئەم نەوەیەی کەپیتاڵیزمە بە ئاسوودەیی ڕەها. لە نێو کۆمەڵگاکانیشدا بە یاساییکردنی هەموو جۆرەکانی بێ یاسایی و گواستنەوەی شەڕی بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتە لۆکاڵەکان بۆ نێو شەقامەکان و پێکدادانی خەڵک لەسەر مافە گشتی و ڕۆژانەییەکانی خۆیان، وەك بێمتمانەیی پەڕینەوە بەسەر شەقامەکاندا، سەرەگرتنی بەردەم بنکەکان، ڕاوەستانی عەرەبانەکان، سیستمی ترافیك و ڕاوەستانی ئۆتۆمبێلەکان و قۆرخکردنی شۆستەکان و پیسکردنی ژینگە بە هەموو جۆرەکانی شتومەك فڕێدان و دوکەڵ و گوێپێنەدان بە سەوزایی و تەندروستی و بەرباد بوون بەرامبەر هەموو پرەنسیپە سادەکانی مرۆڤ بوون، باشترین ڕێگاکانی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەو نەوەیەی کەپیتاڵیزمە.

سەرەتا مرۆڤ بیری لە دروستکردن و جێکەوتەکردن و فەلسەفاندن و پاشان نوسینەوەی یاساکان دەکردەوە، دەوڵەت دەرەنجام و دەرهاویشتەی ئەو بیرکردنەوانەی مرۆڤەکان بوو بۆ پاراستنی مافی هەموان لەناو سیستمێکی دادپەروەرانەدا. ئەوکات، خەباتە زەینیەکانی مرۆڤە دەربەستەکان بۆ فەراهەمکردنی گوزەرانێکی باشتر و هەڵچنینی پایەکانی کارەکتەرێکی ئازاد و بە ئاگا، پەلی دەهاویشت بۆ دەست تێوەردان لە ورد و درشتی پاشماوەکانی ژیانی بەربەری و شەڕانگێزیەکانی مرۆڤ بەرامبەر ئەوانیتر. لە دەورانێکدا لە ڕێگای تیۆریزەکردن و هەوڵدان بۆ خەبات لەپێناو پراکتیزە کردنی پەیمانی کۆمەڵایەتی تەندروست و شایستە بە هۆشیاریەکانی مرۆڤی پاش سەدەکانی ناوەڕاست، دواتر شیکردنەوەو ڕەخنە لێگرتن و هەوڵی بژاردەکردن و خەبات بۆ وەستانەوە بەرامبەر سیستمی ئابووری خڵتەی فیوداڵیزم و پاشان کەپیتاڵیزم لە سەرەتای شۆڕشی پیشەسازییەوە، پاشان تێڕامان و خوێندنەوەی شکستە دەروونی و ڕەوانییەکانی مرۆڤی پاش قۆناغی کۆڵانیاڵیزم و شەڕە جیهانیەکان، لە کۆتاییشدا ڕەخنە گرتن لە سیستمی پەرلەمانی دیموکراسییەت و دەزگا تەئدیبیەکان و میدیا و حیزب و هەموو دامەزراوە جۆراو جۆرەکانی تری مۆدێرنیزم. بە درێژایی ئەو مێژووە شانبەشانی هەر هەنگاوێکی ژیاندۆستانەی مرۆڤ، دەسەڵاتی سیاسی لە شکڵە جۆراو جۆرەکانی خۆیدا کاری لەسەر نوێکردنەوەو خۆ ماکیاژ کردنەوە و گەشەپێدانی خۆی کردووە، لە بەرامبەریشدا هەموو تواناکانی خۆیی تەرخان کردووە بۆ بە لاڕێدا بردن و سەرلێشێواندن و پاشەکشە پێکردنی هەر بزووتنەوەیەك کە کاروانەکەی ئەو دوا دەخات، یان ئەگەری پەکخستنی نزیك دەکاتەوە. ئەمەش تەنیا بە تیرۆری دەروونی و جەستەیی نا، بەڵکو بە بەکارهێنانی هەموو توانا سیخوڕیەکانی خۆی بۆ دەستگرتن بەسەر بزوتنەوە شۆڕشگێڕەکاندا، پاشان نیشاندانی خراپترینی شۆڕشگێڕە سەرکردە دروستکراوەکانی خۆی لە فۆرمی سەرکردەی بزوتنەوە شۆڕشگێڕیە سەرکەوتووەکاندا.

ئەگەر بە ڕەچەڵەکی شۆڕشەکاندا شۆرببینەوە بۆ ناو مێژووی سەرهەڵدانیان و بکەرە سەرەکیەکانیان، لە سەرتاسەری جیهاندا هەمان دیمەن دەبینینەوە کە بکەرە ڕەسەنەکانی شۆڕشەکان هەمیشە وەك سمبولی قوربانیدەر و وێنەیەکی پیرۆز پارێزراون، کەچی ئەوانەی دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست، هەمان پلانەکانی دەسەڵاتی پێشوویان جێبەجێ کردووە، بەڵام بە فۆرمێکی جیاوازتر و بە دروشمی جیاتر. هەر بۆیە نوسەرانێکی زۆری بێئاگا سەرهەڵدەدەن و باس لە دووبارە بوونەوەی ستەم و سەرکوتی ئەو سیستمە نوێیە دەکەن کە لە منداڵدانی شۆڕشەوە هەڵتۆقیوە. بەمەش نەك تەنیا سەرلێشێوانی زیاتر بڵاو دەکەنەوە، بەڵکو دەشبنە سەرچاوەی ئەو بێئومێدیەی ناو ناخی مرۆڤەکان بەرامبەر بە خودی خۆیان؛ کە لە هەموو جۆرەکانی تری بێئومێدی لەکارخەرتر و ڕوخێنەر ترە. ئەو جۆرە لە بێئومێدی کە ئەم نەوەیەی کەپیتاڵیزم ژیانی ئەبەدی خۆیی لێوە مسۆگەر دەکات.
ئەم بێئومێدیە بەرامبەر بە خود، مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سەرەتا، بۆ ئەو شوێنەی سەرەتا مرۆڤ بیری لە دروستکردن و جێکەوتەکردن و فەلسەفاندن و پاشان نوسینەوەی یاساکان دەکردەوە، بۆیە بە تێکوپێکشکاندنی ئەو یاسایانە مومارەسەی بێئومێدیەکانی خۆی دەکات؛ ئەمەش ڕێك ئەو شوێنەیە کە وەك لە سەرەتادا باسمکرد، ئەم نەوەیەی کەپیتاڵیزم بە چڕی ئیشی لەسەر دەکات و هەر ڕۆژێکی درێژ بوونەوەی ئەو بێئومێدییە، بەردەوامی بە کەڵەکە کردنی زیاتری سەرمایەکانی ئەو دەدات.

لێرەدا تەنیا جیاوازییەك لەنێوان ووڵاتانی سەنتەر یان ناوەکانی تری وەك( زلهێز، پێشکەوتوو…هتد) لەگەڵ ووڵاتانی پاشکۆ، بۆ ئەو مرۆڤانەی ئەم نەوە نوێیەی کەپیتاڵیزم تێکیشکاندوون، لە شێوازی مومارەسەکردنی ئەو بێئومێدیەدایە. لە ووڵاتە سەنتەرەکان، مرۆڤ بە جۆرێکی بێدەنگ لە خۆکوژی مومارەسەی بێئومێدیەکانی خۆی دەکات. مەبەست لە جۆرێکی بێدەنگ لە خۆکوژی، فەرامۆشکردنی ژیانی ڕاستەقینە و خۆدانە دەست ژیانێکی خوازراوە. تەسلیمبوونە بە جۆرەکانی گیرۆدەبوون، گیرۆدەبوون بە کار (workaholics) گیرۆدەبوون بە خوێندن(studyholic)، گیرۆدەبوون بە کاتی خۆش (Funaholics) ، دیوێکی تریشی بریتییە لە تێکوپێکشکاندنی یاساکانی ناوەوە، مەبەستم ژیانێکی ئاسایی ناو ماڵە، ئەگەر نەبێتە بێلانە ئەوا لە ماڵێکی ناڕێکخراوو شپرزەدا ژیان بەسەر دەبات، زۆرجار ئەم شپرزەیی و لادانانەی خۆی لەگەڵ دەرەوەشدا هاوبەشی پێدەکات، هەرچەندە دەشبێتە یاسا شکاندن و زۆرجاریش سزاکانی وەردەگرێت. واتە لە ووڵاتانی سەنتەردا یاساکان لە دەرەوە بە قورسی جێبەجێدەکرێن و تێکشکاندنەکان بە داپۆشراوی لە ناوەوە پیادە دەکرێن.

بەڵام لە ووڵاتە پاشکۆکاندا، مرۆڤەکان بێئومێدیەکانی ناو خۆیان دەبەنە ململانێکانیانەوە لەناو ژیانی گشتیدا و لەگەڵ یەکتریدا هاوبەشی دەکەن، ئەمەش وەك پێشتر باسم کرد، لە ڕێگای ڕەتکردنەوەو پێشێلکردنی ئەو پرەنسیپ و یاسایانەوە کە خۆیان لە بەدەستهێنانیاندا بەشدار بوون. سیستمە تۆتالیتارەکانی ئەو ووڵاتانەش کە گرێدراوی ڕێککەونتەکانی ئەم نەوەیەی کەپیتاڵیزمن، هەموو ئاسانکارییەك بۆ پراکتیزەکردنی ئەو جۆرە لە ژیانێکی لەبەریەك هەڵوەشاو دەکەن. بۆ نموونە عێراقی ڕژێمی پێشوو ژیانی خۆیی لە ڕێگای بەسەختی پیادەکردنی یاساکانەوە دەستەبەر دەکرد ( ئەوەی زۆرجار لە بێزاری هاونیشتمانیانەوە گوێمان لێدەبێت خۆزگە بۆ ڕژێمەکەی سەدام دەخوازن گوایە یاسای جێبەجێ کردووە) ئەوەی وایدەکرد ئەو ڕژێمە بەو توندڕەویە جێبەجێکردنی یاساکان بەسەر هەموو تاکێکی عێراقیدا بسەپێنێت، ئەوە بوو کە دڵنیا بێت لەوەی دەتوانێت لادەرەکان یان تێکدەرەکان ( بەو واتایەی خۆیان بەکاریان دەهێنا، مخربین) بە ئاسانی دەستنیشان بکات. ئەو هەموو جووڵانەوەیەکی ناڕەزایی دژی بە تێکدەر ناوزەد دەکرد، بۆیە پێویستی بە سیستمێکی یاسایی تۆکمە هەبوو تا بتوانێت ڕاوی نەیارەکانی خۆی بکات. لە بەرامبەریشدا، زۆربەی خۆپیشاندانەکان بە پێشێلکردنی یاساکان و وێرانکردنی خزمەتگوزاریەکان گوزارشتیان لە خۆیان دەکرد، تا کاتی ڕاپەڕینیش بینیمان چۆن هەموو جێگاکان دەسوتێنران و تاڵاندەکران و تەنانەت کوشتارگەکانی سزای دوژمنانیشیان دەهێنایە بەردەم ماڵەکان و مزگەوتەکان و قوتابخانەکانەوە. ئێستا عێراقی ڕژێمی نوێی پاشکۆی ئەم نەوەیەی کەپیتاڵیزم ژیانی خۆیی لە ڕێگەی ئەو بێ یاسایی و پێشێلکاریانەوە مسۆگەر کردووە. یەکێك لە چەکە گرنگەکانیشی بریتییە لە چاندنی گەرای ئەو بێئومێدییە قووڵەی ناو ناخی مرۆڤەکان بەرامبەر بە خودی خۆیان، بریتییە لە نەهێشتنی ڕێزی مرۆڤەکان بۆ خودی خۆیان، تێکوپێکشکاندنی کارەکتەری مرۆڤەکان و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و گومان لە یەکتر و دروستکردنی تارمایی هەزاران ڕاپۆرتنووس بەسەر کۆمەڵگاوە.

بۆیە یەکێك لە ڕێگاکانی چارەسەر و ڕزگاربوون لە کۆیلەیەتی ژێر دەستی ئەم نەوە نوێیەی کەپیتاڵیزم، لە گەڕاندنەوەی مرۆڤەکاندایە بۆ ناخی خۆیان. چارەسەری کۆمەڵایەتی ئەو فەسادە بەربڵاوەی لە ناوەوەی ئەو کۆمەڵگایەدا گەراکانی خۆیی داناوەو ڕۆژ بەڕۆژ گەورەتر دەبێت. خۆ دەربازکردن لەو پشێویەی میدیا لەناخی هەریەکێکماندا ڕۆژانە دەیچێنێت، گەڕانەوە بۆ دروستکردنەوەی کارەکتەرە ئاکتیڤ و هۆشیارەکەی خود، بەرپرسیارێتی تاك بەرامبەر بە ناخی خۆی و پاشان بەرپرسیارێتی بەرامبەر کۆمەڵگا و ژینگە و گیانی لەخۆبردوویی و بەتەنگەوەهاتن و خۆڕێکخستنەوە، خۆ دەربازکردن لە هەڵەشەیی و هەڵچوونە کاتیەکان و پاشان بەشداریکردن لە ڕێکخستنەوەی ژیان لەدەست ئەو هەموو فەوزایەی کە خۆمان لەژێر کاریگەری ئەم دەسەڵاتەو ئەم سیستمە فاشیستانەدا دروستمان کردوون.

Previous
Next
Kurdish