Skip to Content

ڕۆشنایی ئێدنبرە لەژێر پەنچە درەوشاوەکانی پەیکەری دەیڤید هیوم … خەندە حەمید

ڕۆشنایی ئێدنبرە لەژێر پەنچە درەوشاوەکانی پەیکەری دەیڤید هیوم … خەندە حەمید

Closed
by ئازار 29, 2017 General, Opinion, Slider

بۆ لێڕامان و واتاکانی تێگەیشتن لە گرنگی و جوانی شارێک، پێویستە لە چەند ڕوانگەیەکەوە لێی بڕوانی. شار وەک چۆن پێویستی بە مێژوو هەیە بەهەمان شێوە پێویستی بە هونەر، تەلارسازی، فەلسەفە و هاڕمۆنی هەیە، چونکە هاڕمۆنی و هاوسەنگی بنەمای شارن. ئەمەش دەمگەیەنێ بەو پرسیارەی، بۆچی ئێدنبرە هێندە شارێکی مێژوویی و جوانە؟ لەبەرئەوەی هەریەک لەو ڕەگەزە پێکهێنەرانەی شار کە لە سەرەوە ئاماژەم پێدان، لە خاڵە زیندوو و جوانەکانی ئەم شارەن.

ئێدنبرە لە سەدەی پازدەیەمەوە پایتەختی سکۆتلەندە. سەرەڕای ئەوەی سکۆتلەندا بۆ ماوەیەکی درێژ لەلایەن ئینگلیزەکانەوە داگیرکراوە، بەڵام سکۆتلەندییەکان و خەڵکی ئەم شارە کولتوور و شارستانیەتی خۆیان پاراستووە. بە واتایەکی دیکە دەستیان بەوەوە گرتووە کە هەیانە. ئێمە لە فیلمی دڵەئازاکە Braveheart ویست و پەیامی هاوڵاتییە سکۆتییەکانمان بەباشی گوێ لێ دەبێ کاتێ کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە william wallaceدەڵێ: لەوانەیە ئەوان ژیانی ئێمە بەرن، بەڵام هەرگیز ناتوانن ئازادی ئێمە بەرن! کەوایە گەر تۆ ئازادیت نەبوو هەموو شتێکی دیکە بێمانا دەردەکەوێ، سکۆتییەکان هیچ شتێکیان نەکردبێ ئەوەیان کردووە کە نەیان هێشتووە داگیرکەرەکەیان دەست بەسەر ئازادی ئەواندا بگرێ. تەنانەت وینستۆن چەرچڵ سەبارەت بە ئەوان دەبێژێ: ”لە سەرجەم نەتەوە بچووکەکانی سەر ئەم زەوییە، ڕەنگە تەنیا گریکییەکانی ئەنتیکە لە بەخشین و هاریکاریکردنی مرۆڤایەتیدا بۆڕی سکۆتلەندییەکانیان دابێتەوە”. دەبێ داگیرکراو کاریگەرییەکی بەم شێوەیە لە داگیرکەرەکەی بکات. دەبێ سکۆتلەندییەکان چیان کردبێ، کاتێک داگیرکەرەیان بەم شێوەیە باسیان لێوە دەکات؟

هەروەها بەشێوەی ترادیسیۆنی جل و بەرگیان جیادەکرێنەوە، موزیکێکی ترادیسیۆنی تایبەت بەخۆیان هەیە، کە بە ئامێری (Bagpipe) دەژەنرێ، ئەوان هونەر و چێژی خۆیان بەیەکەوە و لەگەڵ گەشتیارەکانیاندا بەشدەکەن. تایبەتمەندییەکی دیکەیان خواردنەوەی وێسکییە، لەم بوارەدا ناوبانگی باشیان هەیە. هەروەها جۆرێک لە پسکیتیان هەیە کە لە هی هەموو شوێنەکانی تر جیاوازە. لە ئێدنبرەدا، ساڵانە ڤیستیڤاڵێک لە مانگی هەشتدا دەکرێ، ماوەی یەک مانگ دەخایەنێ تێیدا سەما، موزیک، کۆنسێرت، ئۆپێرا و شانۆ لە هۆڵ، شەقام و شوێنە گشتییەکاندا نمایش دەکرێن. کاتێک دەچیتە ئەم شارە چەندان دووکان و پێشانگا تایبەت کراون بۆ بەرهەمە ناوخۆیی و خۆماڵییەکانی ئەوێ، ئەوانەی کولتوور و شارستانیەتی ئەوانی پێ دەناسرێتەوە. هەندێ شار ماوەیەکی کەم تێیاندا دەمێنییەوە، بەڵام کاریگەرییەکی زۆر قوڵ لە لات بەجێدێڵن.

ئێدنبرە شارێکی تەواو مێژووییە بە تەلارسازی بیناکان و پەیکەرەکاندا دەرک بەوە دەکرێ، لە ڕاستیدا، پەیکەری چەندان کەسایەتی گرنگ لەنێو شەقام و سەر رێگەکاندا دەبینرێ، چونکە هونەری پەیکەرسازی بە هونەری گشتی، هونەری خەڵک ناسراوە. یەکێک لەو پەیکەرانە دەیڤید هیومی فەیلەسوفە. پەیکەری هیوم لەنێو شاردا ژێرپێکانی دەدرەوشێنەوە کەم کەس هەیە لەو شارەدا بەلایدا تێپەرێت و دەست لە پێیەکانی نەدا، بەتایبەت فێرخوازەکان چونکە گوایە کاتێ دەست لە پەنچە گەورەی پێی دەدەن! بەختێکی باشیان بۆ دەهەێنێ. من هەرکاتێ بەلایدا ڕەتبوایەم دەستم لە پەنچە درەوشاوەکانی دەدا و چێژم لە دیمەنە جوان و مێژووییەکانی ناو بازاڕەکە وەردەگرت. ئەمە بۆ بەختێکی باش نەبوو بۆ خۆم، لەبەرئەوەبوو هیوم یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی من خوێندوومە، چونکە چێژم لێوەرگرتووە و لێوەی فێربووم. پەیکەری هیوم بە شێوە گەنجییەکەیەوە پڕ وزە و هێزی هۆش دەردەکەوێ، ئەمەش پێمان دەڵێ سکۆتییەکان بەو شێوەیە وزەی هزرڤانەکانیان نمایش دەکەن، بە پێچەوانەی هونەرمەندانی لای خۆمان پەیکەری شاعیر و بیرمەند و نووسەرانمان بە شێوەیەکی پیر نمایش دەکرێن و نیشان دەدرێن، کە ئێمە زۆربەی کات هەر بەم شێوەیە بەریان دەکەوین. من دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە پیری واتا جوانی و پڕ ئەزموونی، بەڵام دیوی دووەمی پیری دەرخەری لاوازی تینی وزەی هۆش دەگەیەنێت.

گرنگی هیوم لە تیۆرییەکانیدا سەبارەت بە هونەر و جوانی دەردەکەوێ، سەبژێکتیڤێتی جوانی شوێنێکی گرنگی لەنێو ترادیسیۆنی فەلسەفەی خۆرئاوادا هەیە. هیومیش لەژێر کاریگەری ئەو هزرە بڕوای بە جوانی هەیە، جوانی وەک کێشەیەکی ناوەندیی لە ئیشەکانیدا دەردەکەوێ پێی وایە: جوانی ئەدگارێکی خۆیی شتەکان نییە، بەڵکو جوانی شتێکە لەنێو هۆشی لێڕوانەردایە، هەر لێڕوانەرێکیش تێگەیشتنی جیاوازی بۆ جوانی هەیە. پەیکەری هیوم لە شوێنێکی ئاسایی و سەرە ڕێیەکی نێو بازاری ئێدنبرەیە، وەک زۆربەی ئەو پەیکەرانەی کە لەنێو ئەو شارەدان بەهەمان شێوە لەنێو خەڵکەکەیدان، کە هەرکەسێک دەتوانێ بەلایدا تێپەڕ ببێت نەک بە تایبەت بچێ بۆ بینینی. هەرچەندە ئەمەش نەسازە لەگەڵ ئێستێتیکی هیوم خۆیدا ئەو پێی وابوو ئیشیە هونەرییەکانی وەک پەیکەر، تابلۆ، موزیک، دەبێ لە نێو پێشەنگاکان، مۆزەخانەکان و هۆڵی کۆنسێرتەکان نمایش بکرێ، واتا جیاکراوە بێت لە ژیانی جەنجاڵی و قەرەباڵغی ڕۆژانەییدا کە پڕە لە شێواوی. تەنیا فەزایەک بۆ هونەر شیاوە کە بەتەواوی لە ژیانی ڕۆژانە جیاکرابێتەوە یاخود هیومیانە بڵێین: مۆزەخانە تاقیگەیەکی مەزنە بۆ ئەزموونکردنی هونەر. چونکە تۆ لەوێ هێمنییەکی تەواوی هۆشت هەیە، بەسەرنجدانێکی ورد لە ئیشە هونەرییەکە چێژێکی ساغ و ڕەسەنت دەست دەکەوێت، هەر لەبەرئەوەیە تەنیا لە مۆزەخانەدا دەتوانین ئەو ئەزموونە بکەین.

دەمەوێ لەوەوە پرسیاری ئەوە بکەم بۆچی لێرە پەیکەری نووسەر، شاعیر، هونەرمەندان دەبێ لە نێو پارکێک یان دیواربەندی چوارچێوە بۆ کێشراودا دابنرێ؟ بەتێڕوانینی من وەڵامی ئەم پرسیارە دەمگەیەنێتە ئەو دەرەنجامەی بڵێم، ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە لێرە نوخبە نەیتوانیوە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر کۆمەڵگە هەبێ و بچێتە نێو خەڵکەوە. لە کاتێکدا ئەو کولتوورەی سکۆتلەندییەکان دەرخەری ئەوەیە کە ئەوان دەرک بەوە دەکەن و بەئاگان لە ناسینی کەسە گرنگەکانی نێو هزر و مێژوویان، شارستانیەتی شارەکەیان و سەرکردەکانیان.

لە ساڵی(١٧٢٤) شارەوانی ئێدنبرە گردی (Calton Hill)ی کردووە بە پارکی گشتی، دواتر لە ساڵی (١٧٦٠) دا مۆنۆمێنت و بیناکانی تێیدا بونیادنراوە، کە ئەمانە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ڕۆشنگەری سکۆتی. لەم کاتەدا سکۆتلەندا لە ڕووی زانست و فەلسەفەوە زۆر پێشکەوتوو بووە، یەکێک لە فیگورە دیارەکانی ڕۆشنگەری سکۆتلەندی دەیڤید هیومی فەیلەسوف بووە. لەبەرئەوە بەجوانی هۆشی هیوم و لەسەر بڕیاری خۆی، ڕێگەیەکی مێژوویی لەسەر (Calton Hill) واتا گردی کاڵتۆن دروستکراوە، کە دواجار هیوم خۆشی لەسەر ئەم گردە نێژراوە. ئێستاش ئەم گردە بەشێکی گرنگە لە شوێنەوارە ناوازە و نایابەکانی ئەو شارە، بۆتە میرات و شوناسی سکۆتلەندییەکان، هەروەها بۆتە شوێنی کۆکردنەوەی هەریەک لە ناسیۆنالیزم، فەلسەفە و زانستی سکۆتی. لە کاتێکدا پێش هیوم گردی کوشتن و لە سێدارەدان بووە، هەروەها شوێنی سرووتەکانی پاگانەکان بووە. ئەمە پێمان دەڵێ چۆن دەکرێ هزری فەیلەسوفێك هێندە کاریگەری لەسەر شارستانیەت و کولتووری شارێک هەبێت، لەبەرئەوە دەکرێ بڵێم ئەقڵی فەیلەسوف بونیادنەرە.

لە ئێستادا خەڵکی لە هەموو جیهانەوە دێن بۆ سەیرکردنی گردەکە و ڕێگەکەش ناونراوە (Hume walk) واتا پیادەڕەوی هیوم، زۆر لە هزرڤانە مەزنەکان لە کاتی پیاسەدا بیرۆکە و هزرەکانیان بۆ هاتووە. هیومیش بەهەمان شێوە پیاسەوان بووە، زۆربەی کاتەکان پیاسەی تێداکردووە و هزراندوویەتی لەبارەی تێورییە فەلسەفییەکانییەوە. هەروەک فرێدریک گرۆس لە کتێبی (فەلسەفەی پیاساندن)دا بەردەوام جەخت لەو هزرۆکەیە دەکاتەوە کە پیاساندن ئازادبوونە؛ هەر بۆیە مرۆڤ هێندە لەو شارەدا و بەتایبەت لە گردی کاڵتۆن هەست بە ئازادی و هێورییەکی ڕەسەنی شوێن و ژینگەکەی دەکات. بۆیە دەکرێ ئەقڵێکی شارستانیانە ژیانێکی شارستانیانە و بەختەوەرانە بەرهەم بهێنێ. دەشێت ڕۆڵی فەیلەسوفێک چ کاریگەرییەکی گەورە و قووڵ لەسەر وڵاتێک و بەتایبەت شارێک جێبهێڵێت. ئەمەش وادەکات بڵێم گەرچی ئێدنبرە جوانییەکی سەرسامکەری هەیە، بەڵام بەهیومەوە جوانتر بووە.

Previous
Next
Kurdish