Skip to Content

384 Views

ئه‌ده‌بی بێ باڵ … به‌ختیار محه‌مه‌د

ئه‌ده‌بی بێ باڵ … به‌ختیار محه‌مه‌د

Be First!
by April 4, 2017 General, Opinion
image_print

ده‌شێ بڵێین له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا سێ جۆره‌ كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی سیاسی و ڕۆشنبیریی هه‌ن: ئایدیۆلۆژیایی چه‌پ، ئایدیۆلۆژیایی ڕاست، بێ ئایدیۆلۆژیا؛ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ شێوه‌كانی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیستی. هه‌موومان ده‌زانین ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیستی له‌ بزووتنه‌وه‌ی – به‌لای كه‌می – سه‌د ساڵه‌ی ڕۆشنبیریی و سیاسی كوردایه‌تی (بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی كورد) دا به‌رجه‌سته‌ بووه‌. چه‌پ و دینداره‌كانیش (ئه‌وپه‌ڕی ڕاست) ده‌یانناسین. ئه‌م دووه‌یان (به‌ تایبه‌تی له‌ حاڵه‌ته‌ توندڕه‌وه‌كه‌یدا) به‌قه‌د یه‌ك دژی ئازادییه‌كانی مرۆڤ (تاك) ن (تیرۆری ستالین و به‌ربه‌ریه‌تی كۆریای باكوور و داعش هیچ جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆیان له‌گه‌ڵ یه‌كدا نییه‌: سیستمی كۆریای باكوور و داعش زۆر لێك ده‌چن). هه‌ڵبه‌ته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش چه‌پ (حاڵه‌تی ڕیزپه‌ڕی وه‌ك كۆریای باكووری لێ ده‌رچێ)، ئه‌گه‌ر دۆگما و توندڕه‌و و دژی ئازادی ڕای جیاوازیش بێ، به‌ڵام هه‌رگیز وه‌ك هێزه‌ سیاسییه‌ دینداره‌كان تاریكپه‌رست و كۆنه‌په‌رست نییه‌: چه‌پ له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا عه‌لمانییه‌ و له‌گه‌ڵ زۆر شتی ژیانی سه‌رده‌می مۆدێرنه‌دایه‌.

له‌ حاڵه‌تی بێ ئایدیۆلۆژیاكانیشدا، ئه‌مانه‌ پتر له‌ناو توێژی ڕۆشنبیراندا به‌دی ده‌كرێن: شاعیران و نووسه‌ران و ئه‌كادیمیاكاران و … تاد. ئه‌مانه‌ خۆیان گۆشه‌گیر ده‌كه‌ن له‌ دۆزه‌ مرۆڤایه‌تییه‌كان. به‌ نموونه‌: ئه‌ده‌ب ته‌نها به‌ پرسی جوانیی (ئیستاتیكا) ده‌به‌ستنه‌وه‌ و له‌ هه‌موو وه‌زیفه‌یه‌كی ئه‌خلاقیی و مرۆیی دایده‌ماڵن و به‌ ئاسمانی بۆشی هه‌ڵده‌واسن و وه‌ك بڵێی شاعیر و ئه‌دیب كاره‌كته‌رێكی مرۆیی ناو كۆمه‌ڵگه‌ و ئه‌ندامێكی ئۆرگانیكی ناو كۆمه‌ڵگه‌ نه‌بێ. له‌ ڕاستیشدا ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ی ئه‌وان له‌ بنه‌ڕه‌تدا درۆیه‌كی گه‌وره‌یه‌: ئه‌وان به‌ بێ ئه‌وه‌ی بزانن سه‌ربه‌ ئایدیۆلۆژیایه‌كی دیاریكراون، ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه‌ی خزمه‌ت به‌ ئایدیۆلۆژیای ده‌سه‌ڵات ده‌كا (هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵات موخاته‌به‌ی ئه‌م جۆره‌ ڕۆشنبیرانه‌ ده‌كا)؛ هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌ده‌بێكی ده‌وێ، كه‌ گۆشه‌گیر بێ و له‌سه‌ر هۆشیاریی كۆمه‌ڵایه‌تی تاكه‌كان و له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا ناكارا و بێ كاریگه‌ر بێ. له‌ باشترین حاڵه‌تیشدا ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیرییه‌كی ده‌وێ، كه‌ ده‌سته‌مۆی ئه‌وبێ و هیچ زیانێك به‌و نه‌گه‌یه‌نێ (واته‌ ڕه‌خنه‌ی لێ نه‌گرێ؛ شاعیران و نووسه‌رانی ئیستاتیكاخواز له‌م بابه‌ته‌ن).

هه‌ڵبه‌ته‌ ئێمه‌ لێره‌ بانگه‌شه‌ بۆ ئه‌ده‌بێكی سیاسی ئایدیۆلۆژیایی ئاڕاسته‌كراو ناكه‌ین، به‌ڵام هه‌موو ئه‌ده‌بێكی مه‌زن ناتوانێ خۆی له‌ دۆزه‌ مرۆڤایه‌تییه‌كان بدزێته‌وه‌. ئه‌ده‌ب، كه‌ پشت له‌م دۆزانه‌ ده‌كا، ئه‌وه‌ – پێمان وایه‌ – ته‌مه‌نی كورتی خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نێ. ئایا شیعرێكی ڕۆمانتیكی دۆزێكی هه‌ستیاری مه‌زنی مرۆڤایه‌تی نییه‌؟ ده‌سا بۆ ئه‌ده‌ب (شیعر) وه‌زیفه‌ و په‌یامی نییه‌؟ ئایا چ ناكۆكییه‌ك له‌ نێوان وه‌زیفه‌ (په‌یام) و ئیستاتیكا و چێژدا هه‌یه‌ له‌ ئه‌ده‌بدا؟ ئێمه‌ نابێ ئایدیۆلۆژیای سیاسی دۆگما و په‌یامی مرۆیی ئه‌ده‌بمان له‌گه‌ڵ یه‌ك لێ تێكه‌ڵ بێ: ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان ئه‌ده‌ب (داهێنان) ده‌كوژێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دووه‌میان بناغه‌یه‌كی گرنگی ئه‌ده‌ب و داهێنانه‌.

به‌ختیار محه‌مه‌د

Previous
Next

Leave a Reply