Skip to Content

884 Views

چەمکی ئایدیۆلۆجیا لای باختین … حەمە مەنتك

چەمکی ئایدیۆلۆجیا لای باختین … حەمە مەنتك

Be First!
by April 5, 2017 General, Literature, Slider
image_print

ئایدیۆلۆجیا چەمکێکی فراوان و قووڵە، ڕیشەکەی بۆ فەلسەفەی یۆنانی دەگەڕێتەوە، خۆی گەشە پێداوە لە کۆنەوە تا ئەم سەردەمەیش. ئەم چەمکە خۆی خزاندۆتە ناو زۆربەی بوارە مەعریفییەکانی وەکوو: فەلسەفە، کۆمەڵناسی، ڕەخنەی ئەدەبی و سیاسەت…تاد. ئەم چەمکە سروشتێکی کێویانەی هەیە، زوو خۆی بە دەستەوە نادات، ئەویش بە هۆی گرینگیەکەی لە گواستنەوەی بیری نێوان تاکەکان، چونکە تاکەکان لە بیرکردنەوە و تێڕوانیان بۆ ژیان جوایەزن. زاراوەی ئایدیۆلۆجیا ((وشەیەکی یۆنانییە لە دوو بەش پێکدێ، بەشی یەکەم ئایدیا Idea بە واتەی بیر و بەشی دووەم logos بە واتەی زانست دێت، وەرگێڕانە وشەیییەکی دەبێتە زانستی بیرەکان.))١ کەواتە ئایدیۆلۆجیا ڕاستەوخۆ پێوەندی بە تاکەکانەوە هەیە. ئەوەی دەمەوێ لێرەدا لەبارەیەوە بپەیڤیم بوونی ئەم چەمکەیە لای تیۆرزان و ڕەخنەگر “میخائیل باختین”.

ئاشکرایە ئەم ڕەخنەگرە لەبارەی ڕۆمانەکانی “دۆستۆیڤسکی”یەوە کاری کردوە. لەوێوە کۆمەڵێ بۆچوونی تازەی هێنایە ناو بواری لێکۆڵینەوە لە ژانری ڕۆماندا. بەتایبەتی لە هەردوو کتێبەکەی: مارکسیەت و فەلسەفەی زمان-١٩٢٩، شیعرییەتی دۆستۆیڤسکی- ١٩٢٩دا. بە بڕوای من کەس هێندەی ئەم ڕەخنەگرە بە قووڵی لەبارەی پێوەندی ئایدیۆلۆجیا و ڕۆمان بەگشتی و کارەکتەری ناو ڕۆمان بەتایبەتی بەرباس نەداوە.
لای باختین ئایدیۆلۆجیا لە چوارچێوەی ئاخاوتنی کارەکتەرەکان خۆی دەردەخات، ئەویش کاتێك بیری کارەکتەرەکان لە کاتی دیالۆگدا بەریەك دەکەون. لێرەدا فرەیی بیرەکان دەبێتە نیشانەی بەردەوامیی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی بە گشتی و هووشیاریی تاك بەتایبەتی. لە ڕۆماندا ئایدیۆلۆجیاکان بە هۆی بوونی ئازادی و دیالۆگ خۆیان پێشکەش دەکەن. دەمەوێ بڵێم بە هۆی فرەیی لە ئایدیۆلۆجیاکاندا، تاکە هەڵوێستێکی ئایدیۆلۆجی لە ڕەوتی گێڕانەوەدا نابێت، بەڵکوو هەر کارەکتەرە ئایدیۆلۆجیای خۆی پێشکەش دەکات.

لێرەدا چەمکی نیشانەی زمان لەگەڵ چەمکی نیشانەی ئایدۆلۆجیا یەکسان دەبن، واتە زمان دەبێتە نەسەقێکی تێکەڵاوە، کەواتە نیشانە زمانییەکان هاوکات ئایدیۆلۆجیان. واتە ئایدیۆلۆجیا زمانێکە، ئەزموونێکی ئاخاوتنییە بۆ ئاگایی تاك، لە مەیدانی دیالۆگدا بەریەك دەکەون، ڕێیان پێدەدرێت بەردەوام پێشبکەون بە گوێرەی بارە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان. “باختین” بۆ ئەمە دەڵێت: ((هەموو کارەکتەرێك لەنێو جیهانە ئایدیۆلۆجییەکەی دەژی و کار دەکات.))٢ واتە هەموو کارەکتەرێک ڕێی پێدەدرێت چیرۆکی خۆی بگێڕێتەوە، لە چوارچێوەی چیرۆکەکەیدا ئایدیۆلۆجیاکەی خۆی دەردەبڕێت.

“باختین” لە کتێبی (مارکسییەت و فەلسەفەی زمان)دا، پێوەندی نێوان زمان و ئایدیۆلۆجیا بە پێوەندیی دەقی دادەنێت. زمان بەوەی کۆمەڵێ دەلالەتە، ئەرکی گەیاندنی بیرکردنەوەکانە، بەوەی ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات. کارکتەرەکانی ناو ڕۆمان لە ڕێی پەیڤەکانیانەوە، گوزارشت لە بیرکردنەوەکانیان دەکەن، ئاستی کۆمەڵایەتی خۆیان کەشف دەکەن، تەنانەت خوێنەر دەزانێت ئەم کارەکتەرە لە چ چینێکی ناو کۆمەڵە. بەمەیش زمان دەبێتە یەکێک لەو ڕێیانەی ئایدیۆلۆجیا گوزارشتی پێ لە خۆی بکات. لەم بارەیەوە “باختین” دەڵێت: ((ناتوانین ڕاڤەیەکی قووڵ بۆ وشە وەکوو دەلالەتێکی کۆمەڵایەتی بکەین، مەگەر کاتێ وەکوو ئامرازێکی هووشیاریی بەکار دێت. بەمەیش وشە بەم ڕۆڵەی وەکوو ئامرازێکی هووشیاریی دەبێتە ڕەگەزێکی سەرەکیی بۆ داهێنانی هەموو ئایدیۆلۆجیایەك.))٣ ئەم ڕەخنەگرە گرینگی زۆر بە زمان دەدات، بەتایبەت، کە وەکوو کەشفکەری ئایدیۆلۆجیا دەردەکەوێت، لە چوارچێوەی کاری ئاخاوتندا خۆی نمایش دەکات. کەواتە مادام کارەکتەرەکان لە ڕێی دیالۆگەوە ئایدیۆلۆجیا و چیرۆکی خۆیان پێشکەش دەکەن.
لای “باختین” بنیادی ڕۆمان دیالۆگەکەیەتی، لە دیالۆگەکاندا ئایدیۆلۆجیاکان بەریەك دەکەون. کەواتە ئایدیۆلۆجیاکان وەکوو پێکهاتەیەکی هونەری خۆیان دەخزێننە ناو جیهانی دەقی ڕۆمان. لێرەوە دژیەك لە بەریەککەوتنی ئایدیۆلۆجیاکاندا ڕوودەدات، بەمەیش واتا بەرهەم دێت.

ئەم ڕەخنەگرە ڕۆمان بۆ دوو جۆر دابەش دەکات: ڕۆمانی فرەدەنگی (دیالۆگی) و ڕۆمانی تالدەنگی (مەنەلۆگی). لە ڕۆمانی فرەدەنگدا ((ئەو گێڕانەوە فرە کارەکتەرەیە لە ڕۆماندا، کە لە دیالۆگدان و فرەگۆشەنیگایە. تێڕوانینی ئایدیۆلۆجیای جیاوازی تێدایە.))٤ لەم جۆرە ڕۆمانەدا دیالۆگ ئامادەییەکی هەمیشەیی هەیە. لێرەدا هیچ ئایدیۆلۆجیایەك خۆی بەسەر ئایدیۆلۆجیایەکی دیکەدا ناسەپێنێت، هاوکات هیچ ئایدیۆلۆجیایەک خوێنەر ئاراستە ناکات، چونکە ڕووداوەکان بە شێوەیەکی درامی بەرەو پێشەوە دەچن، ئەمەیش دەروازە بە ڕووی کۆی ئایدیۆلۆجیاکاندا دەکاتەوە، کە وەکوو شێوازێکی هووشیاریی جوایەز خۆیان دەرخەن. لێرەدایە فرەیی لە زمان و شێوازدا دێتەبوون. هەرچی ڕۆمانی تاکدەنگە، یەك دەنگ، یەك بیر تێیدا زاڵە، دەسەڵاتی بەسەر کۆی دەنگ و ئایدیۆلۆجیاکانی دیکەدا هەیە. ڕێ بە هیچ کامیان نادات خۆیان دەرخەن، هەموان دەبێ لەبن دەستی ئەودا کار بکەن. پێوەندی نێوان ڕۆماننووس و دەقەکەی لەسەر یەك جیهانبینییەوە بەندە. هەموو دەنگ و ئایدیۆلۆجیا دژەکانی خۆی کپ دەکات.

بوونی ململانێی کۆمەڵایەتی بە بڕوای “باختین” نیشانەی بارگاویبوونی زمانە بە ئایدیۆلۆجیا، چونکە ڕۆمان لە بنەڕەتدا فرەشێوازە و تێکەڵەیەکە لە سێستەمێك لە دەلالەتەکان. ((هەموو کارەکتەرێك لە ڕۆماندا دەنگ و زمان و ئایدیۆلۆجی تایبەت بە خۆی هەیە، لەبەرئەوەشە ڕۆمان پێویستی بە واقیع نییە، چونکە واقیع لەسەر ئاستی زمانیدا هەیە.))٥ لێرەوەیە “باختین” چوارچێوەی دیالۆگی بۆ ڕۆمان دانا، چونکە هەر ئایدیۆلۆجیایەك لە گۆشەیەکی ڕۆمانەکەدا هەبێت، بەرانبەری ئایدیۆلۆجیایەکی دیکە هەیە. بەمەیش دەنگەکان، گوتارە فرەکان بەریەك دەکەون، لێرەدا هێزی چینایەتی هەریەك لەوانە دەردەکەوێت. دیالۆگ لەنێوان ئەو جۆرە هووشیارییەی تاکەکان دروست دەبێت، بەتایبەت لەنێوان دەنگە دژەکان، هەریەکەیان هەوڵێ سەلماندنی خۆی دەدات، بەبێ ئەوەی هیچیان هەوڵی سڕینەوەی ئەوی دیکەیان بدات، لێرەدا بەرەی ئایدیۆلۆجیاکان دروست دەبێت.

دیالۆگی “باختین”ی دیالۆگی بیرەکانە، بە کۆمەکی وشە ئایدیۆلۆجییەکان. ئەمەیش تەنێ لە ڕۆمانە فرەدەنگەکان وەکوو ڕۆمانەکانی “دۆستۆیڤسکی”دا نییە، بەڵکوو لە ڕۆمانە تاکدەنگەکانی وەکوو ڕۆمانەکانی “تۆڵستۆی”یشدا هەن، چونکە ئەم تاكدەنگییە ناتوانێ دیالۆگی ناوەوە، یان دەروون ڕەت بکاتەوە. کەواتە ئایدیۆلۆجیاکان وەکوو ڕەگەزی جوانیناسی خۆیان دەخزێننە ناو ڕۆمان، وەکوو کەرەسەیەکی داڕشتنی لایەنی هونەری ڕۆمان، ڕۆماننووس پەنای وەبەر دەبات. لەگەڵ بۆچوونەکانی “باختین” توێژینەوەی ڕۆمان چووە ئاستێکی دیکە، دەرگا بۆ زۆر لایەنی دیکەی ڕۆمان کرایەوە. چیدیکە ئایدیۆلۆجیا ئەو دەسەڵاتە ڕەهایەی لەناو ڕۆماندا نەما، کە تەواوی ڕەگەز و توخمەکانی بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، بەڵکوو ئایدیۆلۆجیا بووە کەرەسەیەکی هونەری بۆ لایەنی هونەری دەقی ڕۆمان.

——————————
پەراوێز و سەرچاوەکان:

١. احمد انور، النظرية والمنهج في العلم الاجتماع، كلية التربية، جامعة عين الشمس، مصر، ص٦.
٢. ميخائيل باختين، الكلمة في الرواية، ترجمة:يوسف حلاق،منشورات وزارة الثقافة، دمشق،١٩٨٨، ص١١٣.
٣. ميخائيل باختين، الماركسية و فلسفةاللغة، ت: محمد بكري و يمني العيد، دار توبقال للنشر، دار البيضاء، ص٢٩-٣٠.
٤. حةمة مةنتك، تةكنيكي فرةدةنطي لة رِؤماني كورديدا، بةرِيَوةبةريَتيي ضاث و بلَاوكردنةوةي سليَماني، سليَماني، ٢٠١٣، ل٢٦.
٥. حميد لحمداني، النقد الروائي والايديولوجيا، المركز الثقافي العربي، دار البيضاء، بيروت، ١٩٩٠، ص٣٣.

Previous
Next

Leave a Reply