Skip to Content

بۆچی هاوڵاتیەکی بەریتانی دەبێتە تیرۆریست؟ … ئاسۆ کەمال

بۆچی هاوڵاتیەکی بەریتانی دەبێتە تیرۆریست؟ … ئاسۆ کەمال

Closed
by نیسان 8, 2017 General

خالد مسعود ،کە ناوی ئەسڵی “ئەدریان ئەنجو”بوو، لە بەریتانیا نیوسەدەیە لەدایک بوە بۆچی بوە تیرۆریستێکی ئیسلامی،
پرسیارێکە مێشکی خەڵک و میدیای لەبەریتانیادا پێوە خەریکە. ئەم کەسە لە سەرەتای گەنجیەوە کێشەی فامیلی ، کار ، قەرز و مادەی هۆشبەری هەبوە و دواتر چەند تاوانێکی بە چەقۆ لێدان لە کەسە نزیکەکانی سزادراوە و زیندانی کراوە. پاشان هاتوچۆی مزگەوت دەکا و دەبێتە موسوڵمان و لە سعودیە دەبێ بە مامۆستا و دواتر لەلەندەن لە مەدرەسە ئیسلامیەکاندا دەرس دەڵێتەوە و لە دواجاریشدا تاوانی تیرۆریستی ٢٢مارسدا ئەنجام دەدا لە بەردەم پەرلەمانی بەریتانیا و چوارکەس دەکوژێ.
ڕیشەی ئەم تیرۆریزمە ئیسلامیە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا چیە وئیسلامی سیاسی چ پایەیەکی هەیە لە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوادا؟ ڕێگاچارەکانی بنبڕکڕدنی ئەم تیرۆریزمە ئیسلامیە چیە؟
ئایا گرفتەکانی پەنابەران لە خۆرئاوا بونەتە مایە و زەخیرەیەک بۆ ئیسلامییەکان؟
ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە دەتوانێ وەڵامی ئەوەمان بداتەوە کە بۆ لە لەندەن و پاریس ونێورک ووڵاتانی ڕۆژئاوادا کەسانی وەک خالد مسعود پەیدا دەبن؟
“کاتی ئەوە نەهاتووە لەڕووی کۆمەڵناسی و کولتورناسی و ئاینناسی و هزرییەوە خوێندنەوەی رژد و ئەکادیمی بکرێت لەسەر گەنجانی کۆمەڵگە موسڵمانەکانی خۆرئاواو و ناوەند و گروپەجیهادییە ئاشکرا و نهێنییەکان و وردبوونەوە لەو پاشخانە ئابوری و کۆمەڵایەتی و یاساییانەی لەپشت ئەم دیاردەیەوە کار لەسەر ئەو زەمینەسازیە ترسناکە دەکەن؟”*
سەبارەت بە سەرچاوەی گرفتەکانی ئەو کۆمەڵگە و کۆمینیتیە ڕۆژهەڵاتیانە لە وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژئاوادا ئەوەیە کە لە بەشی هەژار و حاشیەی کۆمەڵگەن ، نە کارێکی باشیان هەیە، نە ئاستی گوزەرانیان باشە و کێشەی بێکاری و مادەی هۆشبەر و تاوان لە ناویاندا بەرزترین ڕێژەیە بەبەراورد بە بەشەکانی تری کۆمەڵگە.

هاوکات ئەو جیاوازییە کولتورییە،کە لە شوێنی خۆیەوە وەک کەسێکی سەرکوتکراو و بێ ماف و ڕاگیراو لە سایەی دەسەڵات و نەریتی دینی هاتوە، لێرەش لەلایەن ئەم حکومەتانەی ڕۆژئاواوە وەک سیاسەتی فرەکەلتوری پارێزراوە. ئەم کۆمینیتیە هەروەک کۆمێنیتی ئەفریقی و کاریبی چاوی ڕاسیسیتی و میراتی دیدی کۆیلایەتی کۆلۆنیالیستی لە کۆمەڵگەدا پێیان دەڵێ ئێوە جیاواز و لە خوارەوەن.خالد مسعود و خالد مسعود وەک قوربانیەکی ئەم کێشە کۆمەڵایەتی و هەلومەرجە بۆیە پەنادەباتە بەر گواستنەوە لە جێگای هاوڵاتیەکی بەریتانی بەرەو کۆمینیتی ئیسلامەکان.
سەرباری ئەمە لە ڕۆژئاوا لە تەمەنی “ئەدریان ئەنجو”، خالد مسعودەوە، واتە لە پێش نیو سەدەوە حکومەتەکانی ڕۆژئاوا ئیسلامی سیاسیان دروستکردوە، کە ئەم ئیسلامییە سیاسییە سودی لەم هێزەی پەنابەر و کۆمینیتی ڕۆژەهەڵاتی وەرگرت لەئەوروپا؛ هەم سودی لەبێکارییەکەی و نامۆبونەکەیی و لەونکردنی شوناسە مرۆییەکەی خۆی، ئەمانە بوون بە مایە و زەخیرەیەک بۆ ئیسلامی سیاسی کە بتوانێت بنکەیەکی گەورە لەئەوروپادا دروستبکات.

لەبارەی مێژووی دروستبوونی جیهادییەدکانەوە ،دوای شکستی سۆڤێت لەئەفغانستان، جیهادییە عەرەب ئەفغانەکان درووستبوون کە زۆربەیان لەم وڵاتانە بوون، دواتریش کاتێک مەسەلەی جەزائیر و شوێنەکانی تریش دروستبوون، ئیسلامییە جیهادییەکان لەو شوێنانە دروستبوون و قاعیدەو ئەوانی دیکەش دروستبوون، لەئەوروپادا بنکەی گەورەیان هەبوو، باڵە سیاسییەکەیان لەلەندەن بوون، چەندین گۆڤاری ئیسلامی توندڕەویان دەردەکرد و کاریان لەسەر ئەوە دەکرد کە پەنابەرانی نیشتەجێ بوو ناونوس بکەن بۆ شەڕی ئەفغانستان و لە ئەڵمانیا و بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپیەوە کارئاسانیان بۆ دەکرا. هاوکات دەستی سعودیە ئاواڵاکرا تا لەناو ئەم کۆمینیتیانەدا لە ڕێگەی کردنەوەی مزگەوت و مەدرەسەی دینیەوە مناڵان و گەنجان بۆ جیهاد و خزمەتی پەرەپێدانی ئیسلامیزم ئامادەبکا.

بێگومان لە ئێستادا کە ئیسلامی سیاسی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شەڕی دەسەڵات دەکا ، ئەوروپا و ڕۆژئاوا بەرەیەکی شەڕ و فشارهێنانێتی کە لەڕێگەی تیرۆرەوە بەرنامەی خۆی تێدا دەباتە پێش. دەوڵەتانی ئەمریکا و بەریتانیا و هاوپەیمانەکانیشیان بە پیادەکردنی سیاسەتی ئیمپریالیستانە ودەستدرێژی و شەڕی بەردەوام لە ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستدا زەمینەی زیاتریان بۆ ئیسلامی سیاسی خۆش کردوە کە لەناوکۆمینیتیە ڕۆژهەڵاتیەکانی ئەم وڵاتانەدا گەشەبکا. بەتایبەت ئەم نەوە تازەیەی جالیەی ڕۆژەهەڵاتی لە ئەوروپا بەهۆی ئەو قەیرانە ئابورییەی ئێستاوە هەرچی زیاتر بێکار و بێئومێد بووە، ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی هەرچی زیاترە ئیسلامی سیاسی بتوانێت لەمە هێز وەربگرێت.

ڕوداوی خالد مسعود جارێکی تر پێمان دەڵێ حکومەتەکانی ڕۆژئاوا پێویستی بە ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لابردنی دوو دنیابونی کۆمەڵگە و کۆمینیتیەکان و لابردنی سیاسەتی ڕێژەیی کەلتوری و سیاسەتی ئیمپریالیستی شەڕ و دەستدرێژی ئێستایەتی. لەهەمان کاتدا ئەم ڕوداوە تیرۆریستیە ڕوبەڕوبونەوەی ئیسلامی سیاسی و شکست پێهێنانی بەرنامە کۆنەپەرستانە و دژی ئینسانیەکانی نەک تەنیا بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵکو بۆ سەرجەم خەڵکی ئازادیخوازی جیهان کردۆتە پێویستیەکی چارەنوساز. نمونەی “ئەدریان ئەنجو” پێمان دەڵێ چیتر تیرۆریزمی ئیسلامی خەتەرێکی دزەکردوی دەرەکی نیە بەڵکو خەتەری ناوخۆی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایە و چارەسەری لەدڵی هەلومەرج و کێشەکانی خودی ئەم کۆمەڵگەیانەدایە.

Previous
Next
Kurdish