Skip to Content

رالف پیترس، نەخشەی کوردستانی گەورەی کێشاوە، تورکیا و سەرانی باشوور دەیشێوێنن !

رالف پیترس، نەخشەی کوردستانی گەورەی کێشاوە، تورکیا و سەرانی باشوور دەیشێوێنن !

Closed
by نیسان 8, 2017 General, Opinion


ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

تورکیا مەترسی لە رزگاربوونی کوردستانی گەورە هەیە، نیگەرانی ئەنقەرە بە خۆڕایی نییە و لە کتوپڕێکدا دروست نەبووە. رووسیا، تورکیا، ئێران، عیراق تا دەگات بە سەرانی پارتە کوردییەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان ئەو ڕاستییە دەزانن. تەمەنی “کێشانی نەخشەی کوردستانی گەورە” و پرۆژەی” ژانی لە دایک بوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تازە” پرۆژەیەکی ئەمریکیی، بریتانی و ئیسرائیلییە تەمەنی دەگەرێتەوە بۆ یازدە ساڵ پێش ئێستا کە لە ساڵی ٢٠٠٦ دەستی پێکردووە. ئەمە بووە بە هۆکارێکی گرنگ، کە تورکیا لەو ساڵانەی دوایی بە تایبەتی دوای ساڵی ٢٠٠٦ رێگری نەکرد بە دانانی “ئاڵای کوردستان”ی لۆکاڵی لە بەشی باشووری کوردستان هەروها بە هەڵکردنی هەمان ئاڵا لە تورکیا لە کاتی پێشوازیان لە سەرانی هەرێم کە بە مەبەستی گرێبەستی بازرگانی میوانی رەجەب دەبوون.

گومانی تێدا نییە کە میدیای سەر بە پارتە کوردییەکان، پێنوسە خۆفرۆشەکان و خائینەکان کەوتونەتە چەواشە کردنی خەڵکی کوردستان، بەدانانی ئاڵای بەشی باشووری کوردستان لە لایەن رەجەب تەیب ئۆردوغان بە دەستکەوتی سیاسیی هەژمار دەکەن، گوایە لە ئەنجامی پەیرەوکردنی ڕاستی پڕ لە ئەزمونی سیاسەتە لە لایەن سەڕۆک و حکومەتی پەرتەوازە بووی هەرێم و کاردانەوەی هەبووە لەسەر بۆچوونی “رەجەب ئەردوغان”، کە ددان دەنێت بە “ئاڵای کوردستان”ی لۆکەڵی بەشی باشوور لە کاتی پێشوازی کردنی لە بارزانی.

لێپرسراوانی فەرمیی ئەمریکا، کاتێک کە بە دەنگی بەرز پروپاگەندە دەکەن بۆ هەر بیرۆکەیەک یان پلانێکی سەربازیی و سیاسیی ئەمریکی، مانای ئەوەیە کە پێش وەخت خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی زۆریان دەربارەی ئەو بیرۆکە و پلانە کردوە، کاتی ئەوەی هاتوە زەمینە سازی بۆ بکەن لە میدیاکان بیخەنە بەرچاوی رای گشتی، تا بە پراکتیک کاردانەوەی رای گشتی ببینن، دۆست و پشتیوانی بۆ پلان و ستراتیژەکەیان پەیدا بکەن، کە بێگومان بە پلەی یەکەم لە خزمەتی خۆیاندا بێت. بیرۆکە و تیرمۆنۆلۆگی (رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ) بۆ یەکەم جار لە لایەن (کۆندەڵیزە رایز) وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ساڵی ٢٠٠٦ لە تەلئەبینی پایتەختی(ئیسرائیل) لە رێگەی میدیا جیهانییەکان بە خەڵک ناسێندرا

زۆربەی شیکەرەوە سیاسیی، پسپۆر لە بواری سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕست پەنجەیان بۆ ئەوە درێژ کردووە کە پرۆژەی “رۆژهەڵاتی ناوەڕاسستی نوێ” پرۆژەیەکی ئیسرائیلی، بریتانی ئەمریکییە. کۆلونیل “رالف پیترس” کە عەقیدی خانەشینی سوپای ئەمریکییە هەستاوە بە کێشانی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، کە ئەو نەخشەیە لە میژوودا بە “نەخشەی رالف پیترس ٢٠٠٦” ناسراوە.

رالف پیترس لە سەر داوای لێپرسراوانی ئەمریکا نەخشەی رۆژهەڵاتی نوێ کێشاوە لە نەخشەکەدا سنووری جوگرافیایی کوردستانی گەورەی دیاری کردوە، هەر چەندە ئەو نەخشەیە لە لایەن پینتاگۆنەوە بە شێوەیەکی فەرمیی هەتا ئێستا ددانی پێدانەنراوە، تەنیا کرا بە بەرنامەی راهێنانی سەربازیی بۆ ئەفسەرە پلە بەرزەکان لە “کۆلیژی بەرەنگاری هاوپەیمانانی ناتۆ” لە ئیتالیا لە ساڵی ٢٠٠٦دا.

گومانی تێدا نییە کە هەر بابەتێک لەلایەن رالف پیترس دارێژرێت و بکرێت بە بەرنامە لە کۆلێژێکی لەو جۆرەدا بەبێ شێوەیەک لە رەزامەندی (ئەکادمیی نیشتمانیی جەنگ)ی ئەمریکی و لێپرسراوە پلە بەرزەکانی ئەمریکاییەکانەوە وبەبێ ئاماژەی نافەرمی پینتاگۆن نابێت.
ئەوەی گرنگە لە نەخشەی پیترس رالف ئەوەیە کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەخشەی “کوردستانی گەورە ” کێشراوە نەوەک دابەشکردن و بە هەرێم کردنی کوردستان، وەک ئەوەی کە لە نەخشەی خوارەوە دەرکەوتووە سنووری کوردستانی گەورە بە رەنگی مۆڕ کێشراوە.

تورکیا وەک ئەندامی ناتۆ، گەلێک ئەفسەری پلە بەرزی لە کۆلێژی سوپای پاراستنی ناتۆ دا هەیە. کاتی خستنە ڕووی نەخشەی “رالف پیترس” ئەفسەرە تورکەکان لەوێ ئامادە دەبن، کە چاویان بە نەخشەکە دەکەوێت بە بێ سێ ودوو لێکردن ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن وانەی ئەو رۆژە بەجێدەهێڵن. دواتر ئەفسەرە باڵاکانی تورکیا لە ئەنقەرەوە پەیوندی بە رالف پیترس دەکەن نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن بەرامبەر بەو مەسەلەیە، پێی رادەگەیەنن کە نابێت هەتا ئەگەر تەنیا مەبەست بۆ وانە ووتنەوە و راهێنانی سەربازیش بێت نەخشەیەکی لەو جۆرە بکێشرێت و بخرێتە بەردەم ئەفسەرانی ناتۆ. سەڕەرای پەیوەندیی تورکیا بە رالف و ئەمریکا ئەو نەخشەیە ناسرێتەوە و بنگوم ناکرێت.

وڵاتانی عەرەبی ئەو کات لە میدیا عەرەبیەکان کەوتنە پروپاگەندە کردن دژ بەو نەخشەیە، ناویان نابوو “نەخشەی خوێناوی”. ئێران و سوریا هەمان هەڵوێستی تورکیایان هەبوو بەرامبەر بەو نەخشەیە و بە زەنگی مەترسیان دانا دژ بە یەکپارچەیی سنووری دەسەڵاتیان.
ئەو جۆرە نەخشەیە، هەر کەسێک هەستابێت بە کێشانی، لە هەر شوێنێکی ئەو دنیایەدا پشتیوانی لێکرابێت پرۆژە و پلانی هەر زلهێزێک بێت، چەندێک لە بەرژەوەندی زلهێزەکانی دونیادا بێت، دوو ئەوەندە لە بەرژەوەندی دۆزی میللەتی کوردە. بە سەدان ساڵە میللەتی کورد قوربانی دەدا بۆ دیاری کردنی سنووری جوگرافیا و نەخشەیەکی لەو جۆرە.

هەڵویستی سەرانی کورد لە باشوور

سەرانی باشور بە هیچ شێوەیەک نەیانویستوە ئەو نەخشەیەی رالف بە میللەتی کورد بناسێنن، لە میدیا زەبەلاحەکانیان پروپاگەندەیان بۆ نەکردوە و هەوڵیان نەداوە بە خەڵک رابگەیەنن کە پرۆژەیەکی لەو جۆرە لەبەر دەست “ئەمریکا، بریتانیا و ئیسرائیل”دایە. بە تایبەتی پارتیی، کە بە پێچەوانەوە دژی کاریان کردووە و خۆیان بە بەرژەوەندییەکانی تورکیاوە گرێ داوە.
بە درێژایی ساڵانی دوو هەزارەکان هیچ کام لە میدیا حزبی و ئەهلییەکان نەمابوو کە باس لە دابەش کردنی عیراق نەکەن بە سەر سێ هەرێم و نەخشەی عیراق بە سێ پارچەیان دەخستە بەرچاوی خوێنەر، بیسەر و بینەر پارچەیەک شیعە، سونە، کورد!؟ سەرانی باشوور بە تایبەتی سەرانی یەکێتی و پارتی تەنیا پروپاگەندەیان بۆ ئەو جۆرە نەخشەیە کردوە گوایە لە ئایندەدا عیراق دابەش دەبێت تەنیا “هەرێم” سەربەخۆ دەبێت، ئاڵای لۆکەلێ لە پاڵ ئاڵای عیراق هەڵدەکەن!

kurdistan Map

نەخشەی کوردستانی گەورە بە رەنگی مۆر رالف پیترس ساڵی ٢٠٠٦

هەر لە سەرەتاوە سەرانی باشوور سەنگەریان گرتووە دژ بە سەرکەوتنی پرۆژە و نەخشەی “رالف پیترس ٢٠٠٦”، بە بوونیان بە جاشی ئێران و تورکیا بۆ پاراستنی بەرژەوندییە تایبەتیەکانی خۆیان، دزینی بیرە نەوتەکان، گیرفان پڕکردن و کار کردن دژ بە سەرکەوتنی ئەو جۆرە پرۆژە، پلان و نەخشەیە سیاسەتاکان و پەیوەندییە دەرەکییەکانیان پیادە کردوە.

کورد دەبێت چی بکات؟

واقعێکی تاڵ لە مێژووی مرۆڤاییەتیدا هاتووە، کە دەستکاریکردنی سنووری جوگرافیا و دەسەڵاتی سیاسیی، هەردەم پرۆژەیەکی خوێناوی بووە، هەموو کاتێک دوای جەنگی گەورە و خوێنرژانێکی زۆر ئینجا توانراوە دەستکاری بکرێت و دووبارە بە گوێرەی بەرژەوەندیی زلهێزەکان دابڕێژرێت، بۆ نمونە دارشتنەوەی نەخشەی جوگرافیا و دەسەڵاتی سیاسیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە سەرەتای سەدەی رابردوو دوای جەنگی یەکەمی جیهانی بوو، کە باجەکەی بە پلەی یەکەم بریتی بوو لە خوێنی ملیۆنان لە میللەتانی ئەو ناوچەیە و سوپا بەشداربووەکانی وڵاتان و میللەتانی تر، ئەنجامەکەشی سەرخستنی دەستەکەوت و بەرژەوەندیی زلهێز، نەتەوەیەک بەسەر نەتەوەیەکی تر بووە.

پێکهاتەی گەلانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوڕاست بریتیە لە کۆمەڵێک نەتەوەی نەگونجاو لە نێو سنوورێکدا کە جیاوازی نەتەوەیی، فیکری، مەزهەبی و ئاینیی هەردەم گرفتێکی بەردەوام بووە لە نێوانیاندا. لە هەمان کاتدا دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتانی ئەو ناوچەیە بریتی بووە لە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی هەڵگری بیروباوەری شۆڤێنی و مەزهەبی، کە تەنیا هاندەرێکی بچووکی پێویست بووە کە ئەو ناتەباییە بتەقێتەوە، گەلانی ئەو ناوچەیە بکەونە یەکتر کوشتن، پەلاماردانی دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتەکانیان. ئەو خاڵە لاوازەی گەلانی ئەو ناوچەیە لەلایەن زلهێزەکانی دنیا بەکار هاتووە، هەر کاتێک بەرژەوەندییەکانیان خوازیار بووبێت ئەوا بە ئاسانی فتیلەی جەنگ و دووبەرەکی لەنێوان ئەو گەلاندا تەقێندراوەتەوە.

بێگومان پرۆژەی “رۆژهەڵاتێکی نوێ بە نەخشەی رالف” پرۆژەیەکە وەک جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم ئاسا پێشوەخت ئامادەکارییەکی سەربازیی لە پشتەوە بووە. بۆ بە پراکتیک کردنی ئەو پرۆژەیەی ئەمریکا، بریتانیا و ئیسرائیل پێویستیان بەوە هەبووە کە خۆیان ئامادە بکەن بۆ جەنگ، لە زووترین کاتیشدا هەوڵبدەن بچووکترین رووداو بقۆزنەوە بۆ دەستپێکردنی جەنگ.

سەرەتای ئەو جەنگەش لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە لە ساڵی ٢٠٠٦دا حیزبوڵا دوو سەربازی ئیسرائیلی ڕفاند، ئەو جۆرە رووداوانە زۆر جار پێشتر روویاندابوو، بەڵام ئەوجارە تەلئەبیب ئەم رووداوەی قۆستەوەو دەستی کرد بە لێدانی لبنان و هەر زوو ئەمریکا پشتیوانی لێکرد، دواتر شەڕەکە گەیانرا نێو دڵی سووریا، کوردستان، عیراق لە دواتردا شەڕی داعش بەرپابوو تا ئیمرۆ.
لە شەڕەکانی سووریا، عیراق و کوردستان دا لە جەنگی دژ بە داعش دا، میللەتی کورد قوربانی زۆری دا، توشی نەهامەتی، ماڵویرانی و دەربەدەری هات، بە خوێنی خۆی سەرکەوتنی تۆمار کرد و پارێزگاری لە کوردستان کرد، دوای تەواو بوونی جەنگ دژ بە داعش نابێت میللەتی کورد سازش بکات لە دەستەکەوتە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان، لە ژێر ئاڵای لۆکەڵی و بە هەرێم کردن و پارچە پارچە کردنی کوردستان لە لایەن لێپرسراوە کوردە خۆفرۆشەکان بە پلانی تورکیا، ئیران، عیراق میللەتی کورد غافڵ بکرێت.
بارو دۆخێکی گونجاو هەلێکی میژووی زیرین بۆ چارەسەری دۆزی کورد هاتۆتە پێش، میللەتی کورد نابێت بە پلانی “رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ لە ژێر نەخشەی پارچە پارچە بوونی کوردستان” دا لە ژێر ناوی بەهەرێم کردن و هەڵکەردنی “ئاڵا” لۆکەڵی رازی بێت! لە کاتێکدا هەڵبژاردەیەکی باشتر لەبەردەستدایە کە ئەویش “پرۆژەی رۆژهەڵاتی نوێ لە ژێر نەخشەی رالف پیترس”ە. دەبێت میللەتی کورد هەوڵەکانی خۆی چڕ بکات بۆ سەرکەوتنی ئەو پرۆژەیە ئەویش بەوە دەکرێت کە پشت لە لێپرسراوانی کوردی خۆفرۆش بکات، هەوڵی یەکبوون بدات هێزێکی جەماوەریی پتەو پێکبهێنێت، هێزی شەرەڤان، گەریلا و پێشمەرگە لە یەک سوپای پەروەردە بوو بە گیانی نیشتمانیی رێک بخات، لە ژێر هەڵکردنی یەک ئاڵادا لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا پێداگرێت لە سەرخسستنی پلانی “رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ لە ژێر نەخشەی رالف پیترس”.

————————————–

سەرچاوە:

http://www.rferl.org/a/1070088.html
http://theconversation.com/russia-and-irans-growing-cooperation-hints-at-a-new-middle-east-75181
Secretary Condoleezza Rice stated during a press conference 2006 in teliviv new meddle east

http://www.zaman.com/?bl=international&alt=&hn=36919
“Cold War Shivers:” War Preparations in the Middle East and Central Asia 2006-10-06
http://www.al-monitor.com/pulse/politics/2014/10/turkey-iraq-syria-kurds-great-

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish