Skip to Content

بە مورتەزەقەکردن و میلیشیاییکردنی گەلانی ناوچەکە بەردەوامە-2 … جیهاد موحەمەد

بە مورتەزەقەکردن و میلیشیاییکردنی گەلانی ناوچەکە بەردەوامە-2 … جیهاد موحەمەد

Closed
by نیسان 8, 2017 General, Opinion

بەشی دووهەم

مرۆڤ، بوونەوەرێکە بەردەوام حەز و ئارەزووی لە پێکەوەژیان و خۆشی و خۆشگوزەرانی و بەختەوەری و ئاسوودەیی و ئاسایشە. لە هەمانکاتیشدا حەزی لە هێز و نەنووشتانەوە و خۆ بە پاڵەوانکردن هەیە، لە بەرامبەر ترس و تۆقاندندا ڕۆحی بەرەنگاربوونەوەی تێدایە، بەڵام هەموو ئەوانە، چ (حەز و ئارەزووی بۆ پێکەوەژیان و خۆشی و خۆشگوزەرانی و بەخەتەوەری و ئاسوودەیی و ئاسایش) چ (حەز و ئارەزووی لە هێز و نەنووشتانەوە و خۆ بە پاڵەوانکردن)، چ (ڕۆحە تەحداکەی بۆ بەرەنگاربووەنەوە) پاڵنەرن بۆ ئەوەی مێگەلیانە پێکەوە بژین، لێرەدا مێگەل بە مانا نەگەتیڤەکەی بەکارناهێنم، بەڵکو بەو مانایەیی کە پێکەوە ژیان و لە ناو کۆمەڵی گەورەدا نەبێت، مرۆڤ ناتوانێت بە تەنها هەموو ئەو حەز و ئارەزووانەی بهێنێتە دی. بەڵام ئەگەر مرۆڤ ئاگای لە خۆی نەبێت و هۆشیار نەبێت کە چۆن ئەو مێگەلییە بە ئاراستەی بە هێزبوونێکی ئەرێنی بەکاردەهێنێت، ئەوە، مێگەلییەکەی و کۆکردنەوەی خۆی لە هێزێکدا، دەیخاتە بۆتەی حیزبگەلیک و ئایدۆلۆجیگەلێکی دۆگماوە بە ناوی خەبات و تێکۆشانەوە، و دەبێت بە ڕۆبۆتی ئەو حیزبەگەلەو ئەو ئایدۆلۆجیگەلە، ئیتر هەرچی پێی بڵێیت ئازدی و سەربەخۆیی و کەسایەتی خۆیەتی نامێنێت و هەموو هێز و تواناکانی خۆی ڕادەستی ئەو هێزە دەکات کە هەڵێدەسوڕێنێت، ئەمە کێشەیەکی گەورەی کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکانە.

لە ناو ئەم کۆمەڵە جیاوازانەی مرۆڤگەلێکی زۆر و زەوەند لەم جیهانەدا، بۆ خۆڕێکخستن و خۆبەڕێوەبردن، بۆ کۆکردنەوەی ئەو هێزە مێگەلییەی ئاماژەم پێدا، پێش ئەوەی هۆشیاریی و زانین و زانست دەوری خۆی ببینێت، هەروەها پێش ئەوەشی باری ژیان و ئابووری و داهات دەوری خۆی ببینێت، ئەوەی دەوری سەرەکی دەبینێت بۆ ڕێکخستنی هەرچ کۆمەڵێک لەم کۆمەڵانە بە ڕاستەوخۆ سیاسەت و پرۆسە سیاسییەکانە، کە حیزبە سیاسییەکان و دەوڵەتەکان و حکومەتەکان نوێرایەتی ئەو سیاسەتە دەکەن. بۆیە سیاسەتی حیزبەکان و دەوڵەتەکان و حکومەتەکان بە ئاسانی دتوانن نوێنەرایەتی حەز و ئارەزووەکانی مرۆڤەکانی ناو کۆمەڵەکانی خۆیان بکەن. بە ئاسانی دەتوانن هەڵیانبسوڕێنن. بە ئاسانی دەتوانن ئاراستەیان بکەن بە گوێرەی بەرژەوەندی و بەردەوامی حوکمڕانیی خۆیان.

ئەوەی کە ئێستا من وەک هاوڵاتییەکی کورد دەیبینم لە هەموو ناوچەکەدا و بە تایبەتی لە عێراق و کوردستاندا سیاسەتێکی بە عەسکەرتارییکردنی کۆمەڵگە، لە ئارادەیە. کۆمەڵی مەدەنی و سیستمی دیموکراتیەت و هەڵبژاردن و حوکمڕانییەکی دەستوری و یاسایی کە لە رۆژی روخاندنی ڕژێمی عێراقییەوە لە سەر دەستی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیدا ئیدعای بۆ دەکرێت بە یەکجاری دەبێت بە درۆیەکی شاخدار و بۆ دەیان ساڵی تریش کوردستان و عێراق بەرەو وێران بوون و ململانێ ناعەقلانییەکان ئاراستە دەکات.

لە ناو کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا، بەرژەوەندی حیزبەکان و دەوڵەت و حکومەت، تێکەڵ بووە لەگەڵ بەرژەوەندی گشتی خەڵکدا، بە جۆرێک تێکئاڵاون کە بە ئاسانی لێک جیاناکرێنەوە، بەرژەوەندی حوکمڕانەکان و بەرژەوەندی خەڵکی گشتی یەک مەسەلەیە، بەمەش دەگوترێت سیستمی دیموکراتی و پێکەوەژیانێکی دیموکراتی و سیستمی سێکۆلار. لەم کۆمەڵگە پێشکەوتوانەدا لەبەرئەوەی زانست و فەلسەفەی مرۆڤدۆستی و دادپەروەری و پێکەوژیان و یەکسانی بە دەستور و یاسا ڕێکخراوە، بۆیە نە حیزب، نە حکومەت، نە دەوڵەت بۆی نییە لەو سیستمە دیموکراتییە دەربچێت. ئەمەش پێی دەگوترێت حوکم و دەوڵەت و پێکەوەژیانی عەقڵانیانە، بەو واتایەی عەقڵ لە هەموو بوارێکدا بەکاردەهێنرێت و دەمێکە وازیان لە هەڵاوێردی و جیاکاری و نایەکسانی و نادادی هێناوە، کە ئەمانە هەموویان بەرهەمی ناعەقڵانین.

بەڵام لە کۆمەڵگە شەرقی و ئیسلامییەکاندا، لەو کۆمەڵگەیانەی کە ترادسوێنی و دینین، لەو کۆمەڵگەیانەی کە بەردەوام چاو لەسەر ڕابردووە نەک داهاتوو، هەروەها ناهۆشیاری و نەخوێندەواری بەربڵاوە لە نێو خەڵکی گشیدا، کە زۆرینە پێکدەهێنن. بەم هۆکارانە، حیزب و دەوڵەت و حکومەت بە ئاسانی دەتوانن هەموو حەز و ئارەزووەکانی مرۆڤەکان چ ئەوانەی ئەرێنین و چ ئەوانەی نەرێنین، داگیربکرێن بەناوی بەدیهێنانییان و گەیاندنیان بە ئامانج و ئاواتەکانیان. لە لایەکیتریشەوە ئەو حیزبگەل و بزووتنەوە دینیانەی ئەگەر لەگەڵ حکومەت و دەوڵەتیش نەبن، ئەوە بەشێکی گەورەی کۆمەڵگەی دینییان داگیرکردووە بە ناوی ئۆپۆزسوێنییەوە، بە ناوی ئەوەی دین و کولتوورە دینییەکان ترسیان لەسەرە و ئەمان دەخوازن بیانپارێزن.
ئیتر بەم شێوەیە. دەنگی حەق و مرۆڤدۆستی و دەنگ و ڕەنگی پێکەوژیان و پێکەوە هەڵکردن و تۆلێرانس، دەنگی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە جەنگ و ماڵوێرانی، دەنگی دیموکراتی و مافی مرۆڤ، دەنگی ئازادی و سەرفرازی، لە ژێری ژێڕەوەیە و نقەی دێت، دەنگی حیزب و حوکمەت و دین و ترادسوێن و کولتوورە دواکەوەتووەکانیش لەسەرەوەن و تاک و کۆمەڵگە ئاراستە دەکەن. هەموو ئەم دەنگ و ڕەنگانە لای ئەم هێزە شەڕخوازانە، داگیرکراوە. ئەم هێزانە بوون بە خاوەنی دەنگە ڕەواو حەقەکان و بە ناوی ئەم دەنگانەوە بە دەیان هەزار و سەتان هەزار کوڕی گەنجی ئەم وڵاتە و ئەم ناوچەیە ڕاپێچی بەرەکانی جەنگ دەکەن. نموونەکان زەق زەق دەبینرێت و کەسیش ناتوانێت باسیان بکات و ڕاگەیاندنەکانیش چونکە بوون بە مینبەری ئەم شەرخوازانە، نقەیان لێوە نایەت بەرامبەر بەم کارەسات و تاوانە گەورانەی کە بەڕێوەیە. هۆکاری ئەم بێدەنگیەش سڕبوونی بەشەکەی دیکەی کۆمەڵگەیە کە خۆیان ڕادەستی حوکمڕانە دەسترۆشتووەکان کردووە و بوون بە حیزبی.

کەواتە بە ناوی ڕەوایەتییەکانەوە، بە ناوی مافەکانەوە، بە ناوی خۆ پارستن و بەرژەوەندی گشتییەوە، بە ناوی دین و ئاینزاکانەوە، ئەم هێزانە شەڕێکی نەبڕاوەیان بەرپا کردووە. ئەگەر تەنها سەیری ئەو مەسەلانەی کە ڕەوا و حەق و ئەرێنین بکەین و ڕووتیان بکەینەوە لەوەی چۆن و بە چ ڕێگەیەک و کەی دەتوانین بەدییان بهێنین، ئەوە کەس ناتوانێت نکوڵی لەو ڕەوایەتیانە بکات. بەڵام لە ڕاستیدا مرۆڤی ژیر و هۆشمەند مەسەلە ڕەواکان و مافە ڕەواکان ناکات بە چەکێک بۆ درێژەپێدانی شەڕ و کوشتن و بڕین، ڕووتیان ناکاتەوە لە تێڕامان و وردبوونەوەی قوڵ، کۆمەڵێک میکانیزمی ئینساندۆستی و تێگەیشتن و زیرەکانە و هۆشیارانە بەکاردەهێنێت بۆ گەیشتن پێیان، ئەگەر بۆی بکرێت، وای دانانێت کە دەبێت تەنها بە شەڕ و ئاژاوەگێڕی بهێنرێنە دی. ئەگەر شەڕیشیان لەسەر کرا، ئەوە ڕوون و ئاشکرا بەرەی حەق و ناحەق، بەرەی پێشکەوتوو و دواکەوتوو، بەرەی دیمکوراتیەت و نادیمکوراتی دیار و ئاشکرا دەبن، ئەو کاتە شەڕ دەکرێت لەسەر ماف و حەقەکان بەرامبەر بە هێزە داگیرکەرەکانی مافەکان و حەقەکان. بۆیە جیاوازی عەقڵانیەت و ناعەقڵانیەت لێرەدایە، کە عەقڵانیەت ئەوەیە ژیانی هاوبەشی نێوان هەموو ئەو نەتەوە و دینە جیاوازەکان، هاوبەشی و پێکەوە هەڵکردنی و لێبوردەیی(تۆليرانس) نێوان کولتوورە جیاوازەکان، بدۆزرێتەوە و گەشەی پێبدرێت نەک زیاتر دووربخرێنەوە لە یەکتری و تەنها بە شەڕ و شەڕەنگێزی و بە هێز چارەسەربکرێن.

شیعەکانی عێراق هەر لە ڕوخانی ڕژێمە فاشییەکەی سەددام حسەینەوە، خەریکی وێرانکردنی عێراق و کۆکردنەوەی هەموو هێزەکانی شیعەن و دروستکردنی میلیشیایی سەدان هەزار کەس بۆ خۆیان و کردنییشیان بە مورتەزەقەیەکی شارەوە بۆ دەوڵەتی ئێران.
سوننەکان بە هەمان شێوە خەریکی خۆکۆکردنەوە و خۆ قایمکردنن، بە ناوی ئەوەی هەژموونی شیعەگرایی و ئێران هەموو ناوچەکەی داگیرکردووە و ترسێکی گەورەن بۆ سەر هەموو دینی ئیسلام و ئیخوانەکان و دەوڵەتە سونییگەراییەکانی وەک سعودیە و تورکیا و قەتر و ئەردەن و دەوڵەت و سەڵتەنەتەکانی خلیج. دەیان گروپی تیرۆرستی وەک داعشیان لە ناوچەکەدا دروستکردوە و ماددی و مەعنەوی پشتیوانیان دەکەن. هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران بە هەمان شێوە خەریک زیاتری خۆ قایمکردن و بەهێزکردنی سوپا شەرخوازەکانییانن بۆ هێڕش و پەلاماردان.
کورد لە باشوری کوردستاندا، بە سەرکردایەتی و حکومڕانی پارتی و یەکێتی بیست و شەش ساڵە بە ناوی سەربەخۆیی کوردەوە، هەرچەند ساڵ جارێک مەسەلەیەکی وەک فیدراڵیزم، دەوڵەتی کوردی، ئاڵای کوردستان لە کەرکوک، دەهێننە ئاراوە و خۆڵی پێدەکەنە چاوی خەڵکەوە و نەعرەتەی نەتەوەپەرستی پێ زیندوو دەکەنەوە، لە پێناوی درێژەدان بە سیاسەتە خراپ و گەندەڵەکەی خۆیاندا، خەڵکی کوردستان بە شەوارە دەخەن و تاریکی بەسەر چاویاندا دەهێنن.

لە ڕاستیدا ئەگەر بە وردی خوێندنەوە بۆ ئەم بارودۆخەی ڕۆژهەڵات و ئەم هێزە داگیرکارییانەی عەقڵ و بیرکردەنەوەی خەڵکی ئەم ناوچەیە بکەین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە هەرچ هێزێک لەم هێزانە ئەگەر بە ناوی دین و ئاینزاییەوە بێت، یان بە ناوی ڕزگاری و سەربەخۆیی نەتەوەوە بێت، یان بە ناوی پاراستنی سەروەری دەوڵەتی ئێران و تورکیا و سوریا و عێراقەوە بێت، ئەمانە هەر یەکەیان ئەوی تریان بەرهەم دەهێننەوە و برەو بە بەرامبەرەکەیان دەدەن.
بۆ نموونە ئەگەر هێزە دڕندەکانی داعش دروستنەبوایە و پەلاماری شاری موسڵ و هەولێر و شارەکانی تری عێراقیان نەدایە، بیانوویەک نەبوو بۆ دروسکردنی هێزەکانی (حەشدی شەعبی) کە لە دڕندەیی و شەڕەخوازییدا کەمتر نین لە هێزە دڕندەکەی داعش. لە هەمانکاتدا پارتی و یەکێتی و کوردیش بە گشی ئەو بیانوەی بۆ دروست نەدەبوو کە برەوی زیاتر بە هێزە میلیشییاییەکانی خۆی بدات بە ناوی پێشەمەرگایەتی و بەرگریکردن لە کوردستان و سەروەری کوردستانەوە. کە لە ڕاستیدا هیچ کەس بە خودی خۆشمەوە کە ئەم بابەتە دەنووسم نەیداتوانی بڵێت نابێت هێزە میلیشیاییەکانی پارتی و یەکێتی بەهێزتر بکرێت و لە ڕووی لۆجستی و چەکوچۆڵەوە زیاتر بەهێزبکرێن بۆ ئەوەی داعش داگیرمان نەکات. کە بە بەرچاوی هەموومانەوە بەهێزکردنی ئەم هێزە کوردییانە لەگەڵ ئەوەی بەرگریان لە کوردستان دەکرد و شەڕی داعشیان دەکرد، لە هەمان کاتدا سەروەت و سامانێکی زۆری کوردستان بە ناوی ئەم هێزانەوە بە هەدەر دەچوو.

بودجەیەکی زەبلاحی گەورەی بۆ خەرج دەکرا. ئەو بودجە گەورەیەی بۆ هێزە میلیشییاییەکانی عێراق و کوردستان خەرج دەکرا ئەگەر بۆ هەردوو بواری پەروەدە و تەندروستی خەرج بکرایە دەتوانم بڵێم ئێستا عێراق و کوردستان شانیان دەدا لە شانی دەوڵەتە پێشکەوتووەکان لەو دوو بوارەدا. ئەم بودجە زەبلاحە لە ساڵی ١٩٧٩ وە کە شەڕی ئێران/ عێراق دەستپێکرد دەکرێت بە قوڕگی دوو سوپای گەورەی ئێرانی و عێراقییدا، کە خۆی لە دەیان ملیار دۆلار دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دوو سوپا گەورە زبەلاحە زیانی دەیان و سەدان ملیار دۆلاریان لە گەلی ئێرانی و عێراقی دا، جگە لەوەی کە گەورەترین هێزی بەشەری بوون بە قوربانی ئەم شەڕە گڵاو و نەگریسە، کە نزیکەی دوو ملوێن مرۆڤی عێراقی و ئێرانی بوون، هەروەها دەیان لە زانا و کەسانی ئەکادیمی و مامۆستای زانکۆ بە خۆیان و زانکۆکانیانەوە تیاچوون. لەولاشەوە کورد لە خەباتی خۆیدا بەرامبە بەم دوو هێزە و هەندێک جار لایەنگرتنی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەتی ئیران و عێراق، تووشی شەڕێکی نەگریس و نەخوازرا و بوو کە بە هەزران پێشمەرگە گیانی لە دەستدا، بە هەزارن کەسی سڤیل لە سێدارە دران، بە سەدان هەزار کەس لە پرۆسەکانی ئەنفالی بەدنا و کیمیاباراندا بێسەروشوێنکران، بە هەزران گوند و دەیان ناوچە خاپورکران.

سەرەڕای ئەوەی ئاماژەمان پێدا لەو هەموو ماڵوێرانییەی کە تووشی گەلانی فارس و عەرەب و کورد بوون، ئەم هێزە شەڕخواز و ناعەقلانییانە بۆ دەیان ساڵی تر زۆر بە ئاسانی یەکتریان بەرهەمهێناوەتەوە، بوون بە بیانوو بۆ درێژە دان بەو سیاسەتە گڵاوەی ئەم شەڕانە دروستدەکات، هیچ جۆرە متمانەیەک لە نێوان شیعەکان و سوننەکاندا نەما کە سەدان ساڵە ئەم دوو ئاینزا سیکتاریزمە ماڵی خەڵک وێران دەکەن بە ناوی ئەوەی (عەلی) دەبوو جێگەی پەیامبەرەکەی ئیسلام بگرێتەوە یان (ئەبووبەکر).

گەلی کوردیش چۆن لە مێژوودا زوڵمی لێکراوە و داگیرکەرە زلهێزەکانی دنیای نزیکەی سەد ساڵ لەمەوبەر چۆن ئەم دەوڵەتانەی ناوچەکەیان دروستکرد و گەلی کوردیان دابەشکرد بەسەر ئەم دەوڵەتە داگیرکار و ڕەگەزپەرستانەدا، زیاتر و زیاتر ماڵی وێنرانکرا، تا لە دواجاردا و لە ساڵی ١٩٩١دا کورد ڕاپەرینی کرد و بەرەی کوردستانی و هەردوو هێزی پارتی و یەکێتی بە ناوی شەرعیەتی شۆڕشگێڕێتی هاتنە سەر حوکم، ئەم دوو هێزەی پارتی و یەکێتی بە هۆکاری ئەم درێژە پێدانی تووندووتیژی و زوڵمکردن لە کورد، جگە لە گەندەڵی و دزییەکانی خۆیان کە بە سەدان ملیار دۆلاری گەلی کوردی باشوریان بە فێرۆدا و دزیان و بانکەکانی جیهانییان لێ پرکرد و خۆیان بوون بە ملیاردێر و خەڵکی گشتیشیان برسی و ماڵوێرانکرد، بیانووی ئەوەشیان بۆ دروستبووە کە بە ناوی دەوڵەتی کوردی و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەکوک وا خەریکی نانەوەی شەڕێکی تری ماڵوێرانکەرن.

هەموو ئەم ململانێ سیاسییە ناعەقلانییە، درێژەپێدەری سیاسەتە چەوتەکانی ئەم هێزانەیە، کە تەنها بەرژەوەندنی خودی حیزبەگەلێک و حوکم و دەوڵەتگەلێک نەبێت، زیاتر بەرژەوەندی خەڵکی گشتی ئەم کۆمەڵگایانەی تێدا نییە. بۆ درێژەدان بەم شەڕەنگێزی و پەلامار و هێرشکردنانەش وا خەریکی ئەوەن دەیان هێزی تیرۆرستی، دەیان هێزی مورتەزەقە، دەیان هێزی میلیشیایی دروستدەکەن و بە جارێکی میللەت دەکەن بە میللەتێکی چەکدار و شەڕەنگێز.

جیهاد موحەمەد/ سلێمانی
٣/٤/٢٠١٧

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish